ژنەفتن ژنەفتن
توێژینەوە سینەما

لە دۆخی سنوورییەوە تا یاخیبوون:

خوێندنەوەیەکی بوونگەرایانە لە فیلمی «سپای سێبەرەکان»ـی ژان پیێر مێلڤیل

نووسەر شۆڕش فەرامەرزی
داگرتنی PDF

پوختە

فیلمی سپای سێبەرەکانی ژان پیێر مێلڤیل[1]، یەکێکە لە فیلمە بەرچاوەکانی سینەمای بەرخۆدان، بەڵام بەرخۆدان و خەبات لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لێک دەداتەوە: لە فیلمەکانی تردا دەرهێنەر زۆرتر دەمانباتە مەیدانی شەڕەوە و ئێمە خەبات و ململانێ بە شێوەی بەرچاوەکی و لە مەیدانی شەڕدا دەبینین، بەڵام لەم فیلمەدا دەچینە ژیانی ئاساییی کەسایەتییەکانەوە و دەبینین کە چۆن لەگەڵ گرنگترین و مەترسیدارترین هەڵبژاردنەکانی ژیانیان ڕووبەڕوو دەبنەوە و تووشی دۆخیک هاتوون کە بە هیچ لایەکدا دەربازبوونی «خاوێن»ـیان دەست ناکەوێت و نییە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە شێوەی شیکاری و تەفسیری دەق، کۆی فیلمی سپای سێبەرەکان، واتە ڕووداو و بریار و دیمەنەکانی لەگەڵ بیردۆزەکانی سێ بیرمەندی ناوداری فەلسەفەی بوونگەرایی، یاسپێرس و سارتر و کامۆ، لێک بداتەوە. ئەنجامی توێژینەوەکە دەریدەخات کە ئەم فیلمە بەگشتی جیهانێکی بوونگەرایانە دەخاتە ڕوو و تێیدا کەسایەتییەکان بەردەوام لە دۆخی سنووریی یاسپێرسیدان و ناچارن لەگەڵ مەرگ، بەرخۆدان و خەبات، ڕەنج و ئازار و دواتر گوناح، ڕووبەڕوو ببنەوە و لەوێدا بگەنە سنووری هەبوونی خۆیان و بڕیاری هەبوونی دەربکەن؛ هەروەها لەم فیلمەدا دەبینین کە مرۆڤەکان تەنانەت لە ئەستەمترین هەلومەرجیشدا ئیمکانی هەڵبژاردنیان هەیە، ئەگەرچی بژاردەکانیان زۆر بەرتەسک و کەمیش بێت؛ کەوابوو بەم پێیە دەبێت بەرپرسیارێتیی بڕیار و هەڵبژرادنەکانیشیان بگرنە ئەستۆ. دوای ئەمانەش دەرکەوت کە تاکەکان لەگەڵ ئەمەشدا کە دەزانن بەرخۆدانەکەیان ئەگەری زۆرە تووشی تێکشکان بێت، دیسانیش دەست لە تەقەلا هەڵناگرن و دژی ئەم پووچی و بێئەنجامییە سەر هەڵدەدەن و یاخی دەبن.

وشە سەرەکییەکان: سپای سێبەرەکان، دۆخی سنووریی یاسپێرس، ئازادی و بەرپرسیارێتیی سارتر، یاخیبوونی کامۆ

blank
فیلمی سپای سێبەرەکانی ژان پیێر مێلڤیل
  1. پێشەکی

1-1 سەرەتا و خسنەڕووی باس

سینەما بەهێزترین گەیێنەری هونەریی سەدەی بیستەمە و بەردەوام ئامرازێکی کارامە بووە بۆ نواندنەوە و توێژینەوە سەبارەت بە قووڵترین کەڵکەڵەکانی زەینی مرۆڤی سەردەم. لەناو سینەماکارە ناودارەکانیشدا ژان پیێر مێلڤیل بەتایبەت بەم شاکارەی دواتری بە ناوی «سپای سێبەرەکان[2]»، پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە. ئەم فیلمە ساڵی ١٩٦٩ و تا ڕادەیەک بەپێی نیمچەژیاننامەیەکی ژۆزێف کێسێڵ[3] و ئەزموونەکانی ژیانی خودی دەرهێنەر، واتە مێڵڤیل، دروست کراوە. بابەتی سەرەکیی ئەم فیلمە بەرخۆدانی خەڵکی فەڕانسە لەبەرامبەر داگیرکاریی ئاڵمانیای نازییە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا بۆ نواندنی ئەو کات و شوێن و ڕووداوە چێ نەکراوە، بەڵکوو دەچێتە ناخی هەبوونی مرۆڤەوە و کۆمەڵێک پرسی هەبوونیی زۆر بنەڕەتی دەخاتە بەر نواندن و توێژینەوە کە بینەر ناچار دەکات بیریان لێ بکاتەوە. لە هەلومەرجێکدا کە مرۆڤ بەئاشکرا نەک وڵاتەکەی، بەڵکوو هەبوونی خۆشی داگیر دەکرێت و بچووکترین دەنگهەڵبرین، دەرەنجامەکەی دەبێتە گوللەباران و کوشتنی بێئەملاوئەولا، ئیتر هیچ شتێک هەبوونی مرۆڤ ناپارێزێت و مرۆڤ دەکەوێتە دۆخێکەوە کە نە درێژەدان بە ژیان بۆی ئیمکانی دەبێت و نە بەرخۆدان ئەگەری سەرکەوتنێکی بەرچاوی هەیە؛ لێرەدا مرۆڤ دەبێت چی بکات؟ قارەمانانی ئەم فیلمە لە دۆخی هەڵبژاردنی قورسترین بژاردەکاندان و فیلم بە شێوەیەکی زەق و ڕووت پێمان دەڵێت کە قارەمانێتییەکی ڕۆمانتیک لە ئاردا نییە، بەڵکوو تەنیا سەرهەڵدانێکی بێچارەنووسە و هیچی تر. لە ڕاستیدا لێرەدا هەموو ئەو توێژە پارێزەرانەی فەرهەنگ و ڕەوشتی باو، لەناو چوونە و هیوایەکی ئەوتۆ بوونی نییە. لەم فیلمەدا هیچ نیشانە و وێنەیەکی ڕۆمانتیک لە بەرخۆدان نابینین و بە پێچەوانە، خەباتکاران کەسانێکی مرچومۆن و تەریک و مەحکووم بە تێکشکانن.

سەبارەت بە شێوازی کاری سینەماییی مێلڤیل، هەر وەک جۆنز (٢٠٢٤) دەڵێت، سینەمای مێلڤیل بە هێنانی ڕەنج و ئازاری مرۆڤ بۆ سەر پەردەی سینەما، وامان لێ دەکات سەبارەت بە ڕەنج و ئازاری ئەوی تر، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین؛ واتە بینەر وەک شاهید دەگیرێت بۆ ئەوەی تەمەشاچیی ئەو کارەساتە دەروونی و هەبوونییانە بێت کە بەسەر دیتران دێت، هەرچەند هیچ وڵامێکیش باشاری ئەم ڕەنج و ئازارە ناکات؛ جیا لەو، وڵۆدێک باس لەمە دەکات کە سینەمای مێلڤیل زیاتر وەک ئەزموونێکی دەروونی و ڕەوشتی دەردەکەوێت، تاکوو نمایشێکی مێژوویی و سەربازی. ئەو بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئیدعاکەی ئاماژە بە شێوازی یەکجاز سارد و بێڕووح و مینیماڵ  و تاڵ و دوور لە هەست و سۆزی مێلڤیل لە فیلمەکانیدا دەکات. (Patrycja Wlodek, 2008)

ئەگەر بمانەوێت بزانین فەلسەفە لەم بارەیەوە چیی کوتووە و چ نواندنەوەیەکی لەم دۆخەی بەشەر هەبووە، دەستمان بەتاڵ نامێنێتەوە و ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندمان لەلایەن بوونگەراکانەوە[4] دەکەوێتە بەر دەست. بە شێوەی تایبەت فیلسووفانێکی وەک یاسپێرس، سارتر و کامۆ، توێژینەیەکی زۆریان لەسەر ئەم دۆخە هەبوونییانە کردووە و کۆمەڵێک بیردۆزی زۆر ڕوونکەرەوە و بەنرخیان لەم بابەتەدا خستووەتە ڕوو. کارڵ یاسپێرس[5] (1883ـ1969) بە خستنەڕووی چەمکی «دۆخە سنوورییەکان[6]» دەلاقەیەکی نوێی بۆ تێگەیشتن لە هەبوونی مرۆڤ لە هەلومەرجی مەترسیدار و گرنگ و دیاریکەردا کردەوە. یاسپێرس دەڵێت مرۆڤ لە حاڵەتی ئاساییدا نوقمی ئەزموونی ژیانە و هیچ ئاگای لە هەبوون نییە؛ بەتایبەت عەقڵانییەتی ئامرازی و دەمامکە کۆمەڵایەتییەکان، کارێک دەکەن مرۆڤ خۆ لە پرسە بنەڕەتییەکانی ژیان لا دەدات؛ بەڵام دۆخە سنوورییەکان، واتە کۆمەڵێک هەلومەرجی ناچار کە مرۆڤ تووشیان دەبێت، وەک مەرگ، ئازار، خەبات و بەرخۆدان و هەروەها گوناح، ئەم دەمامکانە لا دەدەن و مرۆڤ لەگەڵ هەبوونی خۆی بەرەوڕوو دەکەنەوە. مرۆڤ لەم بەرەوڕووبوونەوەیەدایە کە دەتوانێت بەرەو سەر بچێت و بگاتە کاکڵەی هەبوونی خۆی.

1-2. ئامانج و پرسیارەکان

لەم توێژینەوەیەدا دەمانەوێت دۆخە سنوورییەکانی فیلم بدۆزینەوە و بەم جۆرە پێوەندییەکی سیستەماتیک لەنێوان فەلسەفەی یاسپێرس و سینەمای مێلڤیل پێک بێنین و دواتریش بۆ دەوڵەمەندترکردنی بابەتەکە، لەگەڵ بیردۆزەکانی ئاڵبێر کامۆ و ژان پۆڵ سارتر بەرواردی بکەین. بەم جۆرە دیالێکتیکێک لەنێوان بیردۆزەکانی یاسپێرس و کامۆ و سارتر لە دەلاقەی ئەم فیلمەوە پێک دێنرێت و ئەندێشەیەکی ڕەخنەیی دروست دەبێت کە دەتوانێت بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە فیلمەکە یەکجار بەسوود بێت. وەک دەزانین چەمکە سەرەکییەکانی سارتر ئەمەیە کە هەبوون بەر لە چییەتییە و مرۆڤ لە بنەڕەتدا ئازادە و هەروەها خاوەنی ئیمکانی هەڵبژاردنی بنەڕەتییە، بەڵام سەبارەت بەو هەڵبژاردنانە بەرپرسیارێتیی لەئەستۆیە؛ چەمکە بنەڕەتییەکانی کامۆش بریتین لە مەسەلەی ئابزۆرد و پووچی و سەرهەڵدان و یاخیبوونی مێتافیزیکی. ئەم دوو بیرمەندە، دوو دانە لە جەمسەرە سەرەکییەکانی فەلسەفەی فەڕانسەن کە سینەمای مێلڤیلیش لەم بەستێنەدا هەڵقوڵاوە و سەری هەڵداوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا گریمانەی سەرەکیی توێژینەوەکە چەمکی دۆخی سنووریی یاسپێرسە، چونکە بە ڕای توێژەر، ئەمە زیاتر لەگەڵ بابەتەکە و دیمەن و بڕیارەکانی فیلمەکە دەیخوێنێتەوە، تاکوو بوونگەراییی سارتری. بوونگەراییی سارتر لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مرۆڤ خاوەنی ئازادیی هەڵبژاردنی هەمیشەیییە کە هەڵبەت دەروەستی هەلومەرجیشە، بەڵام کەسایەتییەکانی ئەم فیلمە تووشی دۆخێکی ناچار و تۆقێنەر هاتوون کە لەوێدا هەڵبژاردن ئیتر نیشاندەری ئازادی نییە، بەڵکوو وەک پێویستییەکی تڕاژیک دەردەکەوێت؛ پێویستییەک کە دەیانخاتە گەرووی مەرگ و گوناحەوە و لەم ڕێگەوەیە کە بەرەوڕووی هەبوون و بەرزەشوێن دەکرێنەوە. جیا لەمەش، سەرهەڵدانی ئەم قارەمانانە دژی دۆخەکە کە چارەنووسی کۆتایییەکەی شتێک نییە جگە لە مەرگ و کوژرانی بێئەملاوئەولا، دەکرێت وەک سەرهەڵدانی مرۆڤی یاخیی کامۆ چاو لێ بکرێت و لێک بدرێتەوە. ئەم چارەنووسە بێگومان مەرگ و نەمانە، بەڵام قارەمانەکانی مێلڤیل بۆ پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤیی خۆیان، هەر ئەو هەڵدەبژێرن.

بەم جۆرە گرنگترین پرسیارەکانی ئەو توێژینەوەیە بریتین لە:

1.        دۆخە سنوورییەکانی یاسپێرس لە کام دیمەن، ڕووداو یان بڕیارگەلێکی فیلمەکەدا دەبینرێن؟

2.        چەمکی ئازادیی هەڵبژاردن و قبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی لە کردەوەکانی کەسایەتییەکاندا چ پێوەندییەکی لەگەڵ ڕوانگەکانی سارتر هەیە و لەگەڵیان دەگونجێت یان نا؟

3.        ئایا دەتوانین بەرخۆدانی کەسایەتییەکانی فیلمەکە وەک نموونەیەک لە یاخیبوونی کامۆیی بناسین و بزانین؟

4.        تێکەڵکردنی ئەم سێ چەمکەی «دۆخی سنووری» و «ئازادی و بەرپرسیارێتی» و «یاخیبوون» چۆن دەتوانێت مەنتقی ڕەوشتیی بەرخۆدان لە سپای سێبەرەکاندا ڕوون بکاتەوە؟

2.        پاشخانی توێژینەوە

2ـ1. پێداچوونەوە بە کارەکانی پێشوو

گەڕانی توێژەر بۆ دۆزینەوەی وتار یان توێژینەوەیەک سەبارەت بەم فیلمە لە وێژەی کوردیدا بە ئەنجام نەگەیشت؛ هەروەها لە زمانی فارسییشدا تەنیا یەک توێژینەوە لەبەر دەستە کە تێیدا نیابت محمد زادە بەراوردی فیلمەکە و ڕۆمانەکەی ژۆزێف کێسێل دەکات و پێی وایە مێلڤیل لە ڕاگواستنی چیرۆکی ڕۆمانەکەدا، ڕیزبەندیی کاتیی ڕووداوەکان دەگۆڕێت و ئەو ڕووداو و دیمەنانە هەڵدەبژێرێت کە پێی باشترن و لەگەڵ تێگەیشتنی خۆی لەو بەرخۆدانە زیاتر دەگونجێن؛ (نیابت محمد زاده، 1402الف) بەڵام لە زمانەکانی دیکەدا چەند توێژینەوەیەک لەسەر فیلمەکە دەست دەکەوێت؛ بۆ نموونە گیگۆنۆ (2001) لەسەر ئەم باوەڕەیە کە فیلمەکە سەرەڕای ئەمەی تا ڕادەیەک بە ڕۆمانەکەی کێسێل وەفادارە، ئاماژە سیاسییەکانی سڕیوەتەوە و بەرخۆدان لە فرەچەشنیی ئەندامەکانی گرووپەکەدا نیشان دەدات، لە حاڵێکدا مەرگی نزیک و بێئەملاوئەولا ئەم ئەندامانە پێکەوە گرێ دەدات؛ هەروەها باس لەمەش دەکات کە مێلڤیل پتر لەوەی کەسایەتییەکان لە حاڵی بەرخۆدان پیشان بدات، لە کاتی تێفکرین و ڕاماندا دەیانخاتە ڕوو. جیا لەو، باورێنهاس (2016) لە توێژینەوەکەیدا باس دەکات کە گێڕانەوە مێژوویییەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بیرگە و یادەوەریی گشتیی جەماوەر بێت؛ ئەنجا ژێنڕاڵ دۆگۆل وەک ئوستوورە و هێمای بەرخۆدانی خەڵکی فەڕەنسا (وەک نەتەوەیەکی یەکدەست)، دژی داگیرکاری دەناسێنێت و دەوری ڕژێمی ویشی بە کەم و سووک دادەنێت. جیا لەمەش دیمەنەکانی فیلم لەگەڵ ڕۆمانەکەی کێسێل و ڕاستیی مێژووییدا، بەراورد دەکات. نێتۆ (2019) دەڵێت مێلڤیل لە بەرهەمە پیشەیییەکەی خۆیدا لە سەرچەشنی قارەمانسازیی ڕۆمانتیک دووری دەکات و بەجێی ئەمە بەرخۆدان لە سێ حاڵەتی بەرخۆدانی خەسیو، نەکردنی بەرخۆدان و بەرخۆدانی چالاکدا تاوتوێ دەکات. لی دەڵێت ئەم فیلمە لەپاڵ دوو فیلمی شەڕی ڕێگەئاسنەکان (1946) و سپای جینایەت (2009) سێ بەرهەمی گرنگن کە سەبارەت بە بەرخۆدان دروست کراون و ئەنجا ڕوونی دەکاتەوە کە فیلمی سپای سێبەرەکان لە سەردەمێکدا دروست کرا کە «ئوستوورەی بەرخۆدانخوازی» بەرەو پووکانەوە دەچوو. (Yong-Woo Lee: 2018) لە کۆتاییشدا پەکستۆن (2011) سەبارەت بەم فیلمە هاتووە لەسەر سازکردنی پێوەندیی لەنێوان ئەم گێڕانەوەیە و واقعییەتی بەرخۆدانی فەڕانسە لە ساڵانی 1940 تاکوو 1944 کاری کردووە و پێی وایە گێڕانەوەی ئەم فیلمە سەبارەت بە بەرخۆدانی فەڕانسە زۆرتر بەلای گێڕانەوەی وەفاداران بە ژێنڕاڵ دۆگۆلدا لار دەبێتەوە و دەیەوێت نەتەوەی فەڕانسە وەک نەتەوەیەکی یەکدەست و پشتیوانی بەرخۆدان پیشان بدات، بەڵام لە واقیعدا بەشێک لە کۆمەڵگەی فەڕانسە بوونە هاودەستی داگیرکەران.

وەک سەرنج درا توێژینەکان لەسەر ئەم فیلمە زۆر نین و ئەمانەش کە هەن، هیچیان نەهاتوونەتە سەر لێکدانەوەی فیلمەکە بەپێی بیردۆزە بوونگەرایییەکان و زۆرتر فیلمەکە و ڕۆمانەکە یان فیلمەکە و واقعییەتی مێژوویییان بەراورد کردووە؛ تەنیا کارەکەی گیگۆنۆیە تا ڕادەیەک هاتووەتە سەر کاکڵەی بابەتەکە و گومان لەوەدا دەکات کە ئایا بەڕاستی بەرخۆدان دەکرێت نمایش بکرێت یان نا؛ هەروەها پێی وایە ئەم فیلمە تەنیا فیلمێکی مێژوویی سەبارەت بە بەرخۆدان نییە.

لە بەرامبەردا ئەم کارەی بەردەست هاتووە فیلمەکە بەپێی دۆخە سنوورییەکانی یاسپێرس و ئیمکانی هەڵبژاردن و ئازادی و بەرپرسیارێتیی سارتر و مرۆڤی یاخی و ئابزۆردی کامۆ لێک دەداتەوە و دیالێکتیکێک لەنێوان ئەم سێ بیردۆزە گرنگە دروست دەکات تاکوو خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی فرەڕەهەند و چڕوپڕ بخاتە ڕوو.

2ـ2. پاشخانی تیۆری

2ـ2ـ1 کاڕڵ یاسپێرس و دۆخە سنوورییەکان

بەگشتی فەلسەفەی کاڕڵ یاسپێرس، هەوڵ و تێکۆشانێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمەی کە مرۆڤ لە کام ڕێگەوە دەتوانێت لە دۆخی ئەزموونیی ژیانی ئاسایی و زەیندەوەریی خۆی (کە یاسپێرس پێی دەڵێت دازاین Dasein ، بەڵام زۆر جیاوازە لە دازاینەکەی هایدێگێر) تێ پەڕێت و سەرتر بچێت و بگاتە ئێگزیستانس یان دۆخی هەبوونی ڕەسەنی خۆی. (ثقفی و اردشیری نیا، 1400) ئەو لە کتێبی فەلسەفەی خۆیدا  (Philosophie, 1932) پێکهاتەی هەبوونی مرۆڤ لە سێ قۆناخدا تاوتوێ دەکات: یەکەم، بوونی ئەزموونی یا دازاین کە هەمان هەبوونی جەستەییی ئێمەیە لە جێهاندا وەک زیندەوەرێکی کۆمەڵایەتی و بەرهەستی. دووەم، ئاگایی بە شێوەی گشتی کە بریتییە لە بەستێنی عەقڵانییەتی ئەوپەڕکەسی و زانستیی ئێمە. سێیەمیش ڕۆح (Geist) کە بەستێنی مانا، فەرهەنگ و چەمکە گشتییە ئایدیالەکانە؛ بەڵام ئێگزیستانس یان هەبوونی ڕەسەنی ئێمە لە هیچ کام لەم بەستێنانەدا کورت نابێتەوە. ئەم دۆخە تەنیا لەو ئانوساتانەدا دەست دەکەوێت کە مرۆڤ لەگەڵ بەرزەشوێن (Transzendenz) کە دۆخێکی سەروویی و گشتگیرە، ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

دۆخە سنوورییەکان لە ڕاستیدا پردێکن بۆ تێپەڕین لە هەبوونی ئەزموونییەوە بەرەو ئێگزیستانسی سەروویی. یاسپێرس خۆی دەڵێت: «دۆخگەلێکی وەک ئەوەی کە من هەمیشە لە هەلومەرجگەلێکی تایبەتدام، ناتوانم بەبێ ئازار و بەرخۆدان و خەبات بژیم، ناچارم گوناح لەئەستۆ بگرم و ناچارم دەبێت بمرم، ئەمانە دۆخی سنوورین. ئەم دۆخانە تەنیا چۆنیەتیی دەرکەوتنیان فەرق دەکات، دەنا هیچ ئاڵوگۆڕێکیان بەسەردا نایەت… ئەمانە وەک دیوارێک وان کە لەسەر ڕێمانن و تووشیان دێین، دیوارێک کە هەرگیز دەرەقەتی نایەین.» (jaspers, 1932: 203) گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دۆخی سنووری ئەمانەن:

ـ ناچاری: ئێمە هەرگیز ناتوانین لەدەست ئەم دۆخە سنوورییانە دەرباز بین: مەرگ کۆتاییی ناچار و بێئەملاوئەولایە؛ ڕەنج و ئازار بەشێکە لە هەبوونی ئێمە؛ ئێمە لە ژیاندا بەردەوام خەریکی بەرخۆدان و خەبات و ململانێین و هەروەها پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، تووشی گوناح دێین.

ـ داپۆشراوبوون لە ژیانی ڕۆژانەدا: ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە حاڵەتی ئاسایی ئاگاداری ئەم دۆخانە نیین و بیریان لێ ناکەینەوە. ئێمە بە جۆرێک سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەین کە ئەم دۆخانە یان نابینین یان بەئەنقەست خۆیان لێ دەدزینەوە و حاشایان لێ دەکەین. مەرگ وەک ڕووداوێک دەبینین کە تەنیا بۆ خەڵک ڕوو دەدات؛ حەول دەدەین پاساوی زانستی بۆ ڕەنج و ئازار بدۆزینەوە و وەک دۆخێکی نائاسایی چاوی لێ دەکەین کە گوایە دەتوانین لە ژیاندا بیسڕینەوە؛ بەرخۆدان و خەبات و ململانێی ژیان، سووک دەکەینەوە و وەک ڕکابەرییەکی ئاسایی و نازەروور باسی دەکەین و گوناحیش وەک هەڵەیەک دادەنێین کە دەکرێت چاوپۆشیی لێ بکەین.

ـ وێرانگەری و ڕوونکەرەوەیی: کاتێک ڕووبەڕووی دۆخێکی سنووری دەبینەوە، لەناکاو قەڵای ژیانی ڕۆژانەمان دادەڕمێت و چاومان بەرەو واقعییەتێک دەکرێتەوە کە هەمیشە حەولمان دابوو خۆی لێ ببوێرین. ئەو مانا دەسکردانەی پێشتر بۆ ئەم دۆخانەمان داڕشتبوون، لەناکاو بێمانا دەبن و ئەو شوناس و پێناسە درۆیینە لەناو دەچێت؛ بەڵام تا تووشی ئەم داڕمان و وێرانییە نەبین، ناتوانین ڕوون بینەوە و چاومان بەرەو حەقیقەت و ڕاستیی هەبوون ناکرێتەوە.

یاسپێرس داکۆکی لەسەر چوار دۆخی سنووری دەکات: مەرگ، ئازار، ململانێ و گوناح. لەم ناوەدا مەرگ دۆخی سنووریی کۆتایییە. مەرگ تەنیا کۆتاییی ژیانی جەستە نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی هەمیشەیییە دژی هەبوونی مانا بۆ ژیان. کاتێک یەکێک لە ئازیزانمان دەمرێت، تووشی هەستی واقعیی نەبوون و لەدەستچوون دەبین و لەوێدایە کە بیر لە مەرگی خۆمان دەکەینەوە و دەزانین کە درەنگ یان زوو، تۆماری ژیانی خۆشمان دەپێچرێتەوە و ئێمەش بەرەو نەبوون و نەمان دەچین.

ڕەنج و ئازار، ئەزموونی تێکشکان و داڕمانی کۆیەتیی جەستەیی و دەروونی و هەبوونیی ئێمەیە. لەوێدایە کە لەناکاو لەم وەهمە درۆیینە وەخەبەر دێین کە گوایە هەموو شتێکی خۆمان و دنیای دەوروبەرمان، لەژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتماندایە؛ تێ دەگەین کە بەشێکی زۆر لە ڕەنج و ئازارەکان دەتوانن بەهاسانی تێکمان بشکێنن و هیچمان لەدەست نایەت؛ ڕێک ئالەم ساتەدایە کە هەست بەوپەڕی بێدەسەڵاتی دەکەین و دەردەکەوێت جیهان زۆر بەهێزترە لە ئێمەی وردەڵە و بچووک و ئەوە کە ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکات، نەک پێچەوانەکەی.

خەبات و بەرخۆدان و ململانێش، واقعییەتێکی هەبوونییە. ململانێ تەنیا فیزیکی و جەستەیی نییە، بەڵکوو ململانێیە بۆ قبووڵکران و بەفەرمیناسران، بۆ ئەوین، بۆ دەسەڵات و لە کۆتاییدا بۆ پاراستنی شوناسی خۆت. لەو خەبات و بەرخۆدانەدایە کە بۆمان دەردەکەوێت جیهان پڕە لەو دژبەرانەی کە ڕێگرمانن لە گەیشتن بە حەز و ئاواتەکانمان و زۆر جار ئێمە لە دژی ئەم دژبەرانە بەتەواوی بێدەسەڵاتین و هیچمان لەدەست نایەت.

لە کۆتایییشدا بابەتی گوناح دێتە ئاراوە: هەڵبەت گوناحێک کە مەبەستی یاسپێرسە، جیاوازە لەو گوناحە یاسایی یان ئاکارییەی کە ئێمە لە دۆخی ئاساییدا بیری لێ دەکەینەوە: ئەمە گوناحێکی هەبوونییە. مانای ئەم چەمکە ئەوەیە کە ئێمە وەک بکەرێکی زانا و کارتێکەر، ناتوانین هەموو ئیمکانەکان کردەکی بکەین و کاتێک ئیمکانێک هەڵدەبژێرین، لە ڕاستیدا تووشی گوناح بووین دەرحەق بە ئیمکان و بژاردەکانی دیکە کە هەڵمان نەبژاردوون؛ کەوابوو ئێمە هەرگیز بێگوناح و بێتاوان نابین. هەڵبژاردن و کردەوەی من، کاریگەریی هۆکارانەی لەسەر دنیای دەوروبەرم دەبێت و کۆمەڵێک لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی هەیە.

بەلای یاسپێرسەوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە سنوورییانە، دەبێتە هۆی سەرترچوونی هەبوونی و وجوودی، نەک بێهیوایییەکی خەسیو. مرۆڤ کاتێک تووشی سنووری نەبوون دێت، جا لە ئیمکانە ڕەسەنەکانی خۆی تێ دەگات و بە قبووڵکردنی تڕاژێدییی چارەنووسی خۆی، دەگاتە ئازادیی دەروونی و ئاشتیی هەبوونی. هەڵبەت وەک نۆڤاک (2018) دەڵێت ئەم دۆخە سنوورییانە لەگەڵ «قەیرانی دەروونی» فەرقیان هەیە و جیاوازن و باس لە نەخۆشی یان قەیرانێکی دەروونیی تایبەت نین.

2ـ2ـ2. ژان پۆڵ سارتر: مەحکوومبوون بە ئازادی و هەڵبژاردنی بەرپرسیارانە

لە ڕوانگەی سارترەوە ئازادیی مرۆڤ بە واتای ڕزگاربوون لەدەست هەموو بەربەستەکان نییە؛ مرۆڤ هەمیشە لە هەلومەرجێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ماددیدا هەڵکەوتووە، بەڵام هەر لەو هەلومەرجەشدا ناچارە پێگە و هەڵوێستی خۆی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ڕوون بکاتەوە؛ هەر بۆیە سارتر ئازادی و ئیمکانی هەڵبژاردن لە بەرپرسیارێتی جیا ناکاتەوە. مرۆڤ تەنیا کردەوەیەک ئەنجام نادا، بەڵکوو بەم هەڵبژاردنەی خۆی، نیشانی دەدا کە پێی وایە دەبێت چی ئەنجام بدرێت و خۆی دەیەوێت چ جۆرە مرۆڤێک بێت. لەم مانایەدا ئازادی، ئیمتیازێک نییە کە ئاسوودەییت پێ ببەخشێت، بەڵکوو بار و قورسایییەکە کە هەبوونت پێی بەخشیویت، چونکە هیچ هەلومەرجێکی دەرەکی ناتوانێت بەرپرسیارێتیی بڕیارەکانت لەسەر لا ببات. (Biswas, 2017)

سارتر لە «بوون و نەبوون»ـدا (Sartre, 1956: 65-69) چەمکی دڵەڕاوکێ  لەبەرامبەر ترس دادەنێت و پێی وایە ترس کاردانەوەیەکە لەهەمبەر مەترسییەکی دەرەکی، بەڵام دڵەڕاوکێ بریتییە لەوەی کە من ئاگادارم خۆم سەرچاوەی کارەکانی خۆمم و داهاتوو تەنیا کۆمەڵێک ئیمکانە کە دەبێت خۆم بڕیاریان لەسەر بدەم و کردەکییان بکەم. ئەم ئازادییە چڕوپڕە، بەرپرسیارێتییەکی تەواویشی بەدواوەیە. مرۆڤ تەنیا بەرپرسی خۆی وەک تاک نییە، بەڵکوو لەهەمبەر هەموو مرۆڤایەتییشدا بەرپرسە، چونکە بە هەر هەڵبژاردنێکی، وێنەیەک دروست دەکات سەبارەت بەمەی کە مرۆڤ دەبێت چۆن بێت. قارەمانی سارتر کەسێکە کە بە ئاگامەندیی تەواو لەم دڵەڕاوکێ و بەرپرسیارێتییە، «پڕۆژە»ی خۆی هەڵدەبژێرێت. ئەو لەڕێی کردەوەکانییەوە، کۆمەڵێک بەها دەخوڵقێنێت. لە «ئێگزیستانسیاڵیزم مرۆڤگەراییە»ـدا (Sartre, 2007) باسی خوێندکارێک دەکات کە نازانێت لەنێوان مانەوە و ئاگاداری لە دایکە پیر و نەخۆشەکەی و چوون بۆ شەڕ و بەرگری لە نیشتمانی، کامیان هەڵبژێرێت. لێرەدا باس دەکات کە لە جیهاندا هیچ نیشانەیەکی بەرهەستی، هیچ ڕەوشتێکی پیشینی یاخود سەرچاوەیەکی تایبەت بوونی نییە کە پێت بڵێت دەبێت چی بکەیت. هەڵبژاردن کردەوەیەکی داهێنەرانە و بە جۆرێک تەقینەوەی ئازادیی بێسنووری مرۆڤە. ئەم ڕوانگەیە قارەمانێکی چالاک و پڕۆژەتەوەر لە مرۆڤ دروست دەکات کە دەتوانێت بە ویستی خۆی، مانا بە مێژوو ببەخشێت. سارتر هەروەها پێی وایە مرۆڤ لەبەرامبەر جیهانی دەرەوەدا کراوەیە و پێشتردیاریکراو نییە و هەر وەک گرایدێر (2010) دەڵێت: «مرۆڤ بەو کرانەوەیەی دەناسرێتەوە و لە خۆیدا کەلەبەری هەیە».

2ـ2ـ3. ئاڵبێر کامۆ: ئابزۆرد، سەرهەڵدان و مرۆڤی مەحکووم بە لەناوچوون

کامۆ بە پێچەوانەی سارتر لە ئابزۆردەوە  دەست پێ دەکات. هەڵبەت ئەم پووچی و ئابزۆردە بە واتای پووچیی جیهان یان مرۆڤ نییە، بەڵکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ حەز و تینوێتیی ئەو بۆ مانا لەلایەک و بێباکی و بێدەنگیی جیهان لە لایەکی ترەوە، دێتە ئاراوە. بە زمانی سادە، مرۆڤ دەیەوێت جیهان مانای هەبێت و تێیدا هەست بە دڵنیایی بکات، بەڵام جیهان هیچ وڵامێک بەو ویستەی مرۆڤ ناداتەوە و هیچ گوێی لێ نییە و ڕەوتی بێباکانەی خۆی درێژە پێ دەدات. ئەم بابەتە «بێهیوایی»ـی سارتری بە دوادا نایە، بەڵکوو خاڵی دەسپێکە بۆ حەوڵدان و یاخیبوون دژی ئەم پووچییە. لە ئەفسانەی سیسیفوسدا باس لە کەسێک دەکرێت کە سەرەڕای ئەمەی دەزانێت تلدانی بەردەکە بۆ سەر کێو، هیچی تێدا بەستە نییە و بە دڵنیایییەوە خلۆر دەبێتەوە خوارێ، بەڵام کۆڵنەدەرانە و ئاگادارانە چارەنووسی خۆی قبووڵ دەکات و هەتا ماوە و هەیە، حەول دەدات و تێ دەکۆشێت.

چەمکی گرنگتری کامۆ بۆ ئێمە، چەمکی سەرهەڵدان و یاخیبوونە دژی بێمانایی. کامۆ لە کتێبی مرۆڤی یاخیدا باس لەمە دەکات کە سەرهەڵدان بە «نا»گوتن دەست پێ دەکات. مرۆڤی ژێر ستەم تا ئاستێک بەرگە دەگرێت و کاردانەوەی نابێت، بەڵام لە خاڵێک و شوێنێکەوە ئیتر لە هێڵی سوور تێ دەپەڕێت و دەڵێت «ئیدی لەمە زیاتر، نا!» ئەم «نا»یە هەم ملبادانە و هەم داکۆکی: ملبادانە لە ژێرپێنانی بەهایەک و داکۆکیکردنە لەسەر گرنگی و بایەخی ئەم بەهایە. هەڵبەت سەرهەڵدانی کامۆ، کردەوەیەکی بەکۆمەڵە: «من سەر هەڵدەدەم، کەوابوو ئێمە هەین.» (هیڵمەن، وێینگێر، 2020)کەسی یاخی، بۆ ئەمە سەر هەڵدەدات کە پێی وایە بەهایەکی هاوبەش لەنێوان ئەو و خەڵکانی تردا هەیە. ڕەنگە لەم ڕێیەدا گیانیشی لەدەست بدات و بیسەلمێنێت کە بابەخی ئەم بەهایە تەنانەت لە گیانی تاکێکی وەک ئەویش، زیاترە. لێرەدایە کە تووشی لێکدژییەک دێین: ڕەنگە ئەو یاخییە بۆ بەهایەک گیانی بەخت بکات کە هەر بوونیشی نەبێت، بەڵام بە مردنی خۆی ئەم بەهایە وەدی بێنێت. (تانگ، 2024) قارەمانی سەرهەڵدانی کامۆیی، ڕێک وەک دوکتور ڕیۆ لە ڕۆمانی تاعووندا، بێ ئەوەی هیچ هیوایەکی بە هێزێکی سەرووسروشتی هەبێت، تەنیا بەپێی هەستی مشوورخۆری و ئەرکداربوونێکی مرۆڤانە، خەباتێکی بێکۆتایی دەکات، لە حاڵێکدا دەزانێت سەرکەوتنێک لە ئارادا نییە و بە دڵنیایییەوە تووشی تێکشکان دێت.

ئەم سێ بیرمەندە هەموویان باس لە قەیرانی مانا لە ژیانی مرۆڤدا دەکەن و دەیانەوێت بزانن مرۆڤ کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیران چ کاردانەوەیەکی دەبێت یان دەبێت بیبێت. قارەمانی سارتر کەسێکی خۆداڕێژەر و خۆبنیاتنەرە کە خۆی بە خاوەنی هەڵبژاردن دەزانێت و لە بەرامبەردا شان وەبەر بەرپرسیارێتیی ئەم هەڵبژاردنەش دەدات. کردەوەکانی نیشانەی ئازادبوونی داهێنەرانە و خوڵقێنەرانەن. قارەمانی کامۆش لەسەر ئەم باوەڕەیە کە جیهان لە خۆیدا مانایەکی نییە و هیچ وڵامێک بە داوای مرۆڤ بۆ مانا ناداتەوە، بەڵام ئەو بۆ پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤانەی خۆی، لە دڵی ئەم ئابزۆرد و پووچییەدا مانا دەردەکێشێت و دەخوڵقێنێت، هەرچەند بە هیچ کوێش نەگات؛ بەڵام قارەمانی یاسپێرسی کەسێکە کە ڕێک لە کاتی تووشبوون بە دۆخی سنووریدا دەست دەداتە بڕیار و کردەوە. کردەوەی ئەو بەهۆی هەبوونی ئازادیی هەڵبژاردنێکی داهێنەرانە (وەک سارتر دەڵێت) نییە، بەڵکوو وڵامێکە بە پێویستیی هەبوون کە ناچارە بیداتەوە. ئەو خۆی پێی خۆش نییە و هەڵی نابژێرێت کە قارەمان بێت، بەڵکوو هەلومەرجی ژیان و جیهان دەیخاتە دۆخێکەوە کە تەنیا ڕێگەی مومکین بۆ پاراستنی خودی هەبوونی، ئەمەیە کە هەڵبژێرێت و دەست بداتە کردەوە، تەنانەت ئەگەر ئەم کردەوەیە ببێتە هۆی مردن و گوناح یان پووکانەوە و لەناوچوونی؛ بەم کارە ئەو دەبێتە مرۆڤێکی بەرزەشوێن و ئیتر لە چوارچێوەی ژیانی بەرهەستی و خاکیدا نامێنێت. ئەم جیاوازییە وردبینانەیە، هەمان کلیلی تێگەیشتنە لە فیلمەکەی مێلڤیل. پرسیار ئەمەیە کە «ئایا ژێربیە (قارەمانی سەرەکیی فیلمەکە) خۆی هەڵی دەبژێرێت ببێتە شۆڕشگێڕ و خەباتکار؟» فیلمەکە ئەم ساتەوەختە پیشان نادات؛ ئەو هەر لە سەرەتاوە خەریکی خەبات و بەرخۆدانە و «لەم دۆخە»دایە. کردەوەکانی ژێربیە (بۆ نموونە کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانی ئەندامێکی خەیانەتکاریان دەخنکێنن) نیشانەی ئەم ئازادییە نین کە سارتر باسی دەکات، بەڵکوو نموونەیەکن لە دۆخی سنووریی گوناحی یاسپێرس. لە دواییشدا هەڵبژاردنی بەرخۆدان لەلایەن ئەوانەوە، لەگەڵ ئەمەشدا کە دەزانن هەموویان دەکوژرێن و لەناو دەبرێن، نموونەیەکن لە مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ کە سەرەڕای ئاگاداربوون لە بێئەنجامی و بێمانایی، دیسانیش تا دوا چرکەی تەمەن حەول دەدات. ئەم توێژینەوەیە بە تێکەڵکردنی ئەم سێ ڕوانگەیە، دەیەوێت پیشانی بدات کە جیهانی سپای سێبەرەکان پتر لە هەموو شت، تراژێدییەکی یاسپێرسییە کە قارەمانەکەی (بەگوێرەی کامۆ) سەر هەڵدەدات و یاخی دەبێت و لەم ڕێگەیەدا بەرپرسیارێتیی سارترییش قبووڵ دەکات و خۆی لێ نابوێرێت.

3.        ڕێبازی توێینەوە

ئەم توێژینەوەیە، توێژینەوەیەکی چۆنایەتییە و بە شێوەی شیکاری و تەفسیری دەقی فیلم ئەنجام دراوە. یەکەی توێژینەوە، کۆی فیلمی سپای سێبەرەکانە و وەک دەقێکی سینەماییی یەکگرتوو ڕاڤە کراوە. شێوازی سەرەکیی توێژینەوە، خوێندنەوە و بینینی ورد و شیکردنەوەی دیمەنەکان، دۆخەکان یان بڕیاری کەسایەتییەکانە بەپێی چەمکە فەلسەفییەکان کە لە ڕاستیدا چەمکی دۆخە سنوورییەکانی یاسپێرس، چوارچێوەی سەرەکیی شیکارییەکەیە و چەمکی ئازادی و بەرپرسیارێتیی فەلسەفەی سارتر و یاخیبوونی کامۆ وەک تەواوکەری ئەم بیرۆدزە کەڵکیان لێ وەرگیراوە، کەوابوو یەکەی شیکاری، دۆخ، دیمەن یان بڕیارە هەبوونییەکانن. بەم پێیە دۆخ و دیمەنەکانی شیکردنەوە، بە شێوەی مەبەستدار و بەپێی پێوەندییان لەگەڵ مەرگ، هەڵبژاردن، گوناح، بەرپرسیارێتی و سەرهەڵدان هەڵبژێردراون و لە چەندین جێگا ئاماژە بە کاتی داتاکان (خولەک و چرکەی ئەم بابەتانە لە فیلمدا) کراوە تاکوو داتاکان و چەمکەکانی دەسکەوت، پێوەندییان بەرهەستی و واقعی بێت. دواتر دەسکەوتەکان بەپێی سێ ڕوانگەکەی یاسپێرس و سارتر و کامۆ پێکەوە بەراورد کراون تاکوو ڕوون بێتەوە چۆن فیلمەکە بەرخۆدان، نەک وەک کردەوەیەکی سیاسی، بەڵکوو وەک ئەزموونێکی هەبوونی و ئەخلاقی دەنوێنێت.

4.        ئەنجامەکان

لێرەدا گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەخرێنە ڕوو و هاوکات باس و لێکدانەوەشیان لەسەر ئەنجام دەدرێت، واتە هەوڵ دەدرێت گرنگترین چەمکەکان دەرکێشرێن و لەگەڵ ئەم تیۆری و بیردۆزانەی کە باس کران، بەراورد بکرێن. گرنگترینی ئەم چەمکانە بریتین لە:

4ـ1. کۆی جیهانی فیلمەکە وەک دۆخی سنووری

بەر لە هەموو شت، کاتێک تەماشای ئەم فیلمە دەکەیت و دواتر بیر لە کۆی فیلمەکە دەکەیتەوە، هەست ناکەیت ڕووداو و وردەکارییە مێژوویییەکانت دیتووە، بەڵکوو زۆر زیاتر لەمە، بیر دەکەیتەوە ئەم مرۆڤانە لەو جیهانە ڕەش و تاریکەدا چۆن دەژین و بەرگە دەگرن. ئەگەر تۆزێک ورد بینەوە، گیڕانەوەی فیلمەکە بە جۆرێکە کە پتر لەوەی باس لە کات و شوێنی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان بکات، کەسایەتییەکانی فیلمەکە و هەڵوێست و کاردانەوەیانمان لە دۆخە ئەستەم و دژوارەکاندا پێ نیشان دەدات. ئێمە دەبینین کە ئیمکانی ژیانی ئاسایی نییە و بەتایبەت چەمکگەلێکی وەک مەرگ و گوناح و بەرخۆدان دەبنە گرنگترین پێکهێنەرەکانی هەبوونی ئەو تاکانە. ئەگەر فیلمێک بیەوێت مێژووی بەرخۆدان بگێڕێتەوە باس لە شەڕەکان و بڕیارە سیاسییەکان دەکات و هەوڵ دەدات گرنگترین ساتەوەختە سیاسییەکان بێنێتە بەر چاوی بینەر، بەڵام لەم فیلمەدا ئێمە بەجێی ئەمانە، بۆ نموونە لە ژوورێکی تاریک و تۆقێنەردا بینەری چاوەڕوانیی گیراوەکانین بۆ ئەوەی بیانبەنە داڵانێک و لەوێ ڕاویان بنێن و ئەمانیش «وەک کەروێشکێکی تۆقاو» ڕا بکەن و لە پشتەوە وەبەر ڕەشاشەیان بدەن [01:54:10ـ01:58:20]، ئەویش بەبێ ئەوەی هیچ دادگاییکردنێک و بەرگرییەک و مەنتقێک لە ئارادا بێت یان باس بکرێت؛ واتە هەر لە سەرەتاوە هەر کەسێک بگیرێت (ئیتر بە هەر بیانوویەک بێت) مەحکوومە بە کوژران و لەناوچوون؛ هەروەها دیمەنی گیرانی ژان فڕانسوا [01:09:00ـ01:09:51]، کوشتنی خاینەکە [00:35:00ـ00:40:00]، دیمەنی ژێربیە لەناو فڕۆکەکەدا کە دەیەوێت بە چەتر بێتە خوارەوە و هەر ساتێک ئەگەری هەیە فڕۆکەکەیان بکەوێتە بەر گوللە و لەو لاشەوە ترسی بەربوونەوە بە چەتر [01:13:00ـ01:18:20]، دیمەنی ژێربیە لە کاتی ڕاکردن لە گرتووخانەکە و خۆکردن بە سەلمانییەکەدا [00:25:05ـ00:27:00]، دیمەنی چوونی ماتیلدا و هاوڕێکانی بۆ ڕزگارکردنی هاوڕێ گیراوەکەیان کە هەردەم ئەگەری ناسرانەوە و کوژرانیان هەیە [01:34:52ـ01:46:30] و دەیان دیمەنی تر لەم فیلمەدا کە سەرجەم مرۆڤ لە دۆخی سنووریدا دەخەنە ڕوو. کەسایەتییەکانی ئەم فیلمە بەردەوام لە حاڵی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ، گوناح، بەرخۆدان و خەبات یان ئازارکێشاندان و هەرگیز لێی ڕزگار نابن؛ بەگشتی و پتر لە هەموو شت، لەم فیلمەدا ئەوەی مانۆڕی لەسەر دەدرێت، چاوەڕوانیی مەرگە، نەک شەڕی سەربازیی سپای نهێنیی سێبەرەکان.

لە هەموو ئەم دیمەنانەدا کەسایەتییەکان خەریکی ڕامان و بیرکردنەوەن لە دۆخەکەیان و هەڵبژاردنی قورسترین بژاردەکانی ژیانیانن. کاتێک هاوڕێکانی ژێربیە دەیانەوێت سەبارەت بە تیرۆرکردن یان نەکردنی ماتیلد، ڕێک بکەون، [02:13:50ـ02:19:52] جیا لەوەی خەریکە پێکەوە بەشەڕ بێن و تەنانەت یەکتر لەناو بەرن، هەر کامیان لە ناخی خۆیدا خەریکی ململانێیە کە ئایا ئەم بڕیارەی دەیدەم دروستە یان نا؛ لەم جۆرە دۆخانەدا بڕیاردان بە هەردوو لادا قورسە و باسی مەرگ و ژیانە. تاکەکان قورسترین ئازاری ژیانیان دەکێشن و لە هەموو حاڵێکدا هەست بە گوناحباری دەکەن. تەنانەت هەر لە نزیک سەرەتای ئەم فیلمە دوورودرێژەدا، بڕیار دەدرێت کە هەموویان هەمیشە دەبێت حەبی سیانووریان پێ بێت[00:41:00ـ00:41:15]، چونکە هەموو کات ئەگەری هەیە تووشی هەڵبژاردنی مەرگ بن و هەمیشە لەپەنا گوێیانە. ئەمە خۆی نموونەیەکی زۆر بەرچاو و زەقە کە چۆن دۆخی سنووریی مەرگ باڵی وەسەر کۆی فیلمەکەدا کێشاوە و هەموو کەسایەتییەکانی داستان، هەردەم ڕەنگە ناچار بن پێش ئەوەی بە زەجر و ئازارەوە بیانکوژن، خۆیان خۆیان بکوژن. بەگشتی مەرگ و گوناح و ئازار، بەشی دانەبڕاوی خەباتی ڕەش و تاریکی کەسایەتییەکانی سپای سێبەرەکانە و خۆیان قبووڵیان کردووە کە دەرچوون لەم دۆخە و لەم بڕیارانە بە ساخی و خاوێنی، ئیمکانی نییە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری فیلمەکە ئێمە بینەری بێدەنگی و بیرکردنەوە و دڕدۆنگیی کەسایەتییەکانین لە فەزایەکی ڕەش و تاریک و تەنیا و تۆقێنەردا [01:28:35ـ01:30:00]. تەنانەت کەسایەتییەکان لەناو جەمعیشدا زۆر جار وەک تەنیا پیشان دەدرێن، چونکە بەردەوام بێدەنگن و بیر دەکەنەوە چی بکەن [01:28:03ـ01:28:33]. دیالۆگ لەم فیلمەدا زۆر کەمە و ئەوەندەشی کە هەیە لە خزمەت ڕاگواستنی ئەم پەیامانەدایە.

کۆی جیهانی فیلمی سپای سێبەرەکان دیمەنی مرۆڤی ناچارە کە دەبێت لەنێوان ئەستەمترین بڕیارەکاندا هەڵبژێرێت و بەرپرسیارێتیی قورسی ئەم هەڵبژاردنانە و هەڵنەبژاردنی بژاردەکانی تریشی لەسەر شانە. ئەم فیلمە بەگشتی فیلمی بەرخۆدانە؛ بەرخۆدانێک کە ڕاستە پێشتر هەڵبژێردراوە، بەڵام بژاردەیەکی باشتریش لەبەر دەست نەبووە کە ژیانی کەسایەتییەکان بپارێزێت. مرۆڤەکان کەوتوونەتە جیهانی بەرخۆدانەوە کە پڕە لە دڵەڕاوکێ، هەستی هەڵواسراوی و هەڵپەسێراوی، هەڵبژاردنی قورسترین و دڕندانەترین بژاردەکان، بێمتمانەیی، بێدەرەتانی، بێڕەحمی، سووکایەتی، ڕووبەڕووبوونەوەی هەمیشەیی لەگەڵ مەرگ و هتد. هەڵبەت فەزای فیلمەکەش بەتەواوی لەگەڵ ئەمانە گونجاوە و بە تاریکیی زەمینە، سەرما، قوڕوچڵپاو، مووزیکی خەمناک یان بەرهەمهێنەری دڵەڕاوکێ و تۆقان، داڵانی تاریک، ڕەنگی سارد و بەگشتی زۆر ڕەش و سپی، مرۆڤگەلێک کە هەموو سەریان ناوەتە کۆشیانەوە و دەڵێی لە شتێک تۆقاون و ناوێرن سریوەیان بێ یاخود نەخۆشن، دیالۆگی دەگمەن، تەقەی بێپسانەوە و زۆر بابەتی تری لەم چەشنە ئەم دۆخە بەهێزتر دەکاتەوە.

4ـ2. مەرگ لە ئیمکانێکەوە بۆ ئاسۆیەکی هەمیشەیی

مەرگ بۆ مرۆڤ لە حاڵەتی ئاساییدا، هەمیشە مەرگی ئەوی ترە و مرۆڤ خۆی وەک بینەری ئەو دەبینێت، نەک وەک ئەزموونێکی کەسی، بەڵام هەروەک پێشتریش ئامەژەی پێ کرا، لەم فیلمەدا مەرگ ئەگەرێکی ڕێتێچوو و بەهەڵکەوت نییە، بەڵکوو لە هەموو ئانوسات و بڕیارکاندا باڵی وەسەر ژیان و بوون و مانی کەسایەتییەکاندا کێشاوە، هەر بۆیە هەموو کەسایەتییەکان حەبێکی سیانووریان لە گیرفاندایە و ئامادەی مەرگن. هەروەها لە فیلمەکەدا ئیمکانی سەرکەوتنی بەرخۆدان  بە هیچ شێوەیەک زەق ناکرێتەوە و کەسایەتییەکان بە جۆرێک دەنوێنرێن کە هەردەم ڕێی تێ دەچێت بکوژرێن.

جگە لەمە، ئەگەر سەرنج بدەین کەسایەتییەکان بە جۆرێک و لە دۆخێکدا نانوێندرێن کە ئیمکانی هەڵبژاردنیان لەنێوان بەشداریکردن یان نەکردن لە بەرخۆداندا هەبێت، بەڵکوو فیلمەکە ئەم حاڵەتە و ئەم بوونە لە بەرخۆداندا، وەک بابەتێکی پێشینی دەنوێنێت کە هەر لە سەرەتاوە تێیدان و ئیمکانی هەڵبژاردن یان نەبووە، یان ئەگەریش بووبێت، ئەم بژاردەیەیان باشتر هاتووە بەرچاو؛ هۆکارەکەش ئەمەیە کە مەرگ پێش بڕیاری ئەوان لە پێکهاتەی دۆخەکەدا ئامادەیە و توانا و ئیمکانی هەڵبژاردنی دەربازبوونی سەندووە. بەپێی یاسپێرس تاک کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ، بوون و نەبوونی دەبێتە پرسیار و بڕیار و ئەمە هەمان دۆخی هەبوونی و وجوودییە؛ لێرەدایە کە تاک دەزانێت دەبێت بیر لە چییەتی و چۆنیەتیی ژیانی بنێتە ئەولاوە و خودی هەبوون یان نەبوونی مەسەلەیە. مەرگ گرنگترین ڕووداوی ژیانی تاکە و دیوارێکە کە مان و نەمان لێک جیا دەکاتەوە. لەم دۆخی سنوورییەدا ئیتر مانای ژیان هەڵدەپڕووکێت و ڕووداوێک کە لە حاڵەتی ئاساییدا هەمیشە داپۆشراوە و خۆمانی لێ دەبوێرین بیری لێ بکەینەوە، دێت ئێخەمان دەگرێت و قەڵای ئاوات و هیواکانمان دادەڕمێت.

وەک باس کرا، ئەم فیلمە پڕە لە دۆخی مەرگی نزیک و بیرکردنەوە لەوەی کە هەردەم ئەگەری هەیە بمگرن و بە ئەشکەنجە و ئازار بمکوژن، یاخود هەڵم واسن، یان گوللەبارانم کەن. (نیابت محمد زاده، 1402ب) یەکێک لە سەرنجڕاکێشترینی ئەم ساتانە، ئەم ساتەیە کە بە ژێربیە و هاوڕێکانی دەڵێن ڕا بکەن تا لە پشتەوە وەبەر ڕەشاشەیان دەن. ژێربیە سەرەتا هەڵنایە و بە جۆرێک مەرگ و ترس لە مەرگ لە لایەک و تەماح بۆ قۆستنەوەی دەرفەت و ئیمکانی تۆزێک ژیانی زیاتر لە لایەکی تر، دەکەونە بەرامبەر یەک. هەروەک فیلمەکە پیشانی دەدات، جاری یەکەم ژێربیە دوای تۆزێک تێڕامان، بڕیار دەدات ئەم دەرفەتە کەمەش تاقی بکاتەوە و هەڵبەت بەهەڵکەوت وەبەر گوللەی سەخت نایەت و تەنیا تۆزێک بریندار دەبێت و بە نەخشەی ماتیلد دەتوانێت ڕزگاری بێت، بەڵام لە کۆتاییی فیلمەکەدا باس لەمە دەکات کە بۆ جاری دووەم کە دەیگرن و دەکەوێتە هەمان دۆخەوە، ئەمجار ڕا ناکات و مەرگ هەڵدەبژێرێت بەسەر ترس و تۆقاندا. ئەگەر بەپێی سارتر بڕوانین بابەتێک کە لێرەدا جێی سەرنجە، هەڵبژاردنە لەنێوان ئەوەی کە ڕا بکات و ئەگەری لاوازی تۆزێک ژیانی زیاتر بەڵام ترسەنۆکانە تاقی بکاتەوە، یان ڕا نەکات و بوێرانە چاو لە چاوی مەرگ ببڕێت؛ بەڵام جێی سەرنجە کە بەپێی سارتر لە هەردوو حاڵدا خۆی بەرپرسیاری بڕیارەکەیەتی. لە دۆخە سنوورییەکانی تریشدا هەر وایە. مرۆڤ لە هەموو ئەو دۆخانەدا دەتوانێت هەڵبژێرێت، بەڵام بەرپرسیاری ئەو هەڵبژاردنەیە و دەبێت «گوناح»ـی ئەو هەڵبژاردنەش لەئەستۆ بگرێت. بەگشتی لەم فیلمەدا مەرگ دۆخی سنووریی هەمیشەیییە و لە حاڵەتی تایبەت و تاکوتەرا دەرچووە و ئیتر ئیمکانێکی ئاوارتە نییە، بەڵکوو ئیمکانێکی تا ڕادەیەکی زۆر بێئەملاوئەولایە.

4ـ3. گوناح: ئەو شوێنەی ڕەوشت تێیدا دادەڕمێت

لەم فیلمەدا چەمکی گوناح و هەستی گوناحباری، هەستێکی زاڵە بەسەر بەشێکی زۆر لە بڕیارە سەرەکییەکاندا کە وەک نموونە دەتوانین باس لە سێکانسی کوشتنی خاینەکە [00:35:00ـ00:40:00]، سێکانسی بڕیار لەسەر تیرۆرکردن و کوشتنی ماتیلد و خودی ساتەوەختی کوشتنەکەی [02:13:50ـ02:19:52]، سێکانسی بڕیاردان لەسەر ڕزگارکردنی فیلیکس کە ژێربیە دەڵێت نامەوێ کەسانی تریش تێدا بچن [01:26:58ـ01:29:25] و زۆر سێکانسی تر بکەین کە هەڵبەت ڕەنگە گرنگترینیان هەر ئەو دوو سێکانسەی کوشتنی خاینەکە و ماتیلد بێت. لە سێکانسی کوشتنی خاینەکەدا ئەندامان لەبەرامبەر دوو بژاردەی تاڵدان: یان هاوڕێ خاینەکەیان نەکوژن و چاوەڕێ بن هاوڕێکانی تریشیان ئاشکرا بن و بەکوشت بچن، یان ئەوەی ئەو هاوڕێ دێرینەیان ـ کە هەڵەی کردووە ـ بە دەستی خۆیان بکوژن و گوناحی ئەو کارە بۆ هەتا هەتایە لەئەستۆیان بێت و ببنە بکوژ و قاتڵێکی هەمیشەیی؛ ئەمە ڕێک دۆخێکە کە یاسپێرس پێی دەڵێت دۆخی سنووریی گوناح، چونکە لە هەردوو حاڵدا ژێربیە و هاوڕێکانی هەست بە گوناحباری دەکەن و ناتوانن لەم هەستە دەرباز بن. ئەو ساتانەی کە لە خانووەکەدا کۆ بوونەتەوە و دەیانەوێت بڕیار بدەن هاوڕێکەیان چۆن بکوژن، بینەریش وەک ئەوان دەکەوێتە دڵەکوتە و دڵەڕاوکێوە و نیگەرانە چی بکرێت باشترە، بەڵام هەرچی دەکات هیچ ڕێگەیەکی پێ شک نایە کە بە «خاوێنی» دەرچێت و گوناحێک ڕوو نەدات؛ هەروەها دۆخی تاوانبارە خاینەکەش یەکجار دڵتەزێنە و لە هەموو ڕوخسار و جەستە و هەڵسوکەوتییەوە، ئەم دڵەڕاوکێ و ئازارە بەدی دەکرێت و بینەر دەکەوێتە ئەم فکرەوە کە ڕەنگە خودی ئەویش کاتێک تووشی ئەم خیانەتە بووە، لەنێوان دوو گوناحدا گرفتار بووبێت و تووشی ئەم گوناحەیان هاتبێت کە ئێستا دەبێت بە دانی گیانی، تێچووەکەی بداتەوە؛ بەڵام ئەمەی کە لێرەدا خودی کردەوەکەشی پڕئازارتر کردووە ئەمەیە کە هاوڕێکانی ناتوانن بڕیار بدەن بە چ شێوازێک بیکوژن کە تووشی دەردیسەر و گیران و ئاشکرابوون نەبن. لەو ماوەیەدا کە ئەندامان لەسەر شێوازی کوشتنی خاینەکە خەریکی ڕاوێژن و هیچ کامیان ئامادە نین بۆ وەئەستۆگرتنی گوناحی کوشتنی پێشقەدەم بن، تاوانبارەکە بەوپەڕی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەوە چاویان لێ دەکات و چاوەڕێیە لەسەر چۆنیەتیی کوشتنی بڕیار بدەن. ئەمەی کە جێی سەرنجە ئەمەیە کە تاوان و گوناحەکەشی قبووڵ کردووە و هیچ دەنگ و هەرا و پەلەقاژەیەک بۆ ڕزگارکردنی خۆی ناکات و تەنانەت لەو حاڵەشدا وا دیارە بەزەییی بە هاوڕێ دێرینەکانیدا دێت؛ ئەمە ئیتر ئەوپەڕی دۆخی سنووریی گوناحێکە کە یاسپێرس ئاماژەی پێ دەکات و ڕەنگدانەوەی ئەم گوناحە بەسەر ڕوخساری هەموویانەوە دیارە و تەنانەت خودی بینەرەکانیش بەتەواوی هەستی پێ دەکەن و لە نیگا و کردەوە و ڕاوێژ و قسەی کەسایەتییەکاندا، هەموو ئەو هەستە هەبوونییە وەردەگرن. دەسکەوتەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریدەخەن کە بەرخۆدان لەم فیلمەدا تەنیا کردەوەیەکی پاک و بێ لێکدژی نییە، بەڵکوو کردەوەیەکی تراژیکە کە بکەرەکەی ناچارە لێکەوتە ڕەوشتی و ئەخلاقییەکانی بڕیارەکانی خۆی قبووڵ بکات.

سارتر لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مرۆڤ ناتوانێت بەرپرسیارێتیی هەڵبژاردن و بڕیاردانی خۆی بخاتە ئەستۆی هەلومەرجی دەرەکی و لە ملی خۆی دای ماڵێت. ئەگەر ئەم بۆچوونە لەگەڵ ئەم دۆخە بگۆنجێنین و بەراوردی بکەین دەبینین کە هاوڕێیانی خاینەکە ناچارن لە قبووڵکردنی لێکەوتەی بڕیارەکەیان و هەر ئەمەش تووشی دڕدۆنگی و دڵەڕاوکێ و هەستی گوناحبارییەکی لەڕادەبەدەری کردوون. ڕەنگە هەلومەرجی دەرەکی و داگیرکاریی ئاڵمان و ناچاربوونی بەرخۆدان و… هەلومەرجێکی واقعی بن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە تۆی تاکی کە بڕیار دەدەیت کە هاوڕێیەکی دێرینت ـ کە بە هەر هۆیەک خیانەتی کردووە ـ سزا بدەیت و دەشزانیت کە هیچ کام لەم هەلومەرجانە ناتوانن پاساو بن بۆ ئەمەی لەژێر بەرپرسیارێتیی کردەوە و گوناحەکەت، دەرباز بیت و خاوێن دەرچیت؛ بەڵام لەولاوە کامۆ لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئەگەر بەرخۆدان و خەبات بۆ بەرگری لە بەهایەکی مرۆڤییش بێت، نابێت ببێتە هۆی لەناوبردن و کوشتنی بێسنووری خەڵک و ئەمەش خۆی بێئەخلاقییەکی زۆر گەورەیە. لێرەدایە کە ئەم لێکدژییە ئەخلاقییانە، بڕیاردانەکە دەگەیەننە ئەوپەڕی دژواری و ئەستەمبوون و بکەرانی ئەم بڕیارانە لە وەئەستۆگرتنی ئەم گوناحە ناچارە کە بە هەردوو لادا هەر گوناح و تاوانە، تووشی دوایین ئاستی دڵەڕاوکێ و تۆقان دەبن.

ئەم پرسیارانە کە لە ڕوانگەی هەر سێک فیلسووفەوە دێنە ئاراوە و دەروون و ناخی بکەرانی گوناحەکە دەکۆڵن ئەمانەن: کام یەک لەم بڕیارانە بدەین، بیکوژین و تاوان و گوناحی کوشتن بخەینە ئەستۆی خۆمان و هەتا هەتایە بە ئازاری ویژدانیی ئەم تاوانەوە بژین و هەمیشە وەک بکوژێک خۆمان ببینین، یاخود نەیکوژین و گیانی ئەندامانی ترمان بخەینە مەترسییەوە و بەگشتی هەموو ڕەوتی بەرخۆدان و خەباتەکە تووشی داڕمان و لەناوچوون بکەین؟ ئایا هەر من وەک تاک بەرپرسی ئەم کوشتنەم ئەگەر ناچارم کەن بیکوژم، یان ئەوانی تریش کە ناچاریان کردووم ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرم؟ ئایا ئەوانیش بن، ئەمە دەتوانێت هەستی تاوانباربوونەکەم کەم بکاتەوە؟ ئایا بەگشتی ئەم بەرخۆدان و بەرگرییە بایەخی ئەمەی هەیە تا کۆتاییی ژیانم وەک قاتڵ و بکوژ بمبینن و خۆشم خۆم وا ببینم؟ ئێستا فەرقی من لەگەڵ بکوژەکانی نازی چییە؟ مەگەر ئەوانیش هەر مرۆڤ ناکوژن؟

ئەگەر لێرەدا بمانەوێت بەراوردێکی ڕای ئەم سێ فیلسووفە لەسەر ئەم دۆخە بکەین، دەتوانین بڵێین یاسپێرس پێی وایە ئەمە دۆخی سنووریی گوناحە و لە هەردوو حاڵەتدا تاک هەست بە تاوانباری دەکات و ناتوانێت لەم هەستە دەرباز بێت و لێرەدایە کە سنوورداربوونی وجوودیی مرۆڤ دەردەکەوێت و ئاشکرا دەبێت کە ئەم بڕیارانە بڕیارێکی ئاسایی نین و خودی هەبوونمان وەک مرۆڤ لێرەدا بەربەست و سنوورەکانی دەردەکەوێت. یاسپێرس دەڵێت کاتێک مرۆڤ لەگەڵ ئەم دۆخە سنوورییە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ناچار دەبێت بڕیاری هەبوونی دەربکات، دەبێتە مرۆڤێکی بەرزەشوێن، بەڵام ئەمەی لێرەدا ئێمەی بینەر ئەزموونی دەکەین، ڕەنگە ئەمە نەبێت، بەڵکوو هەستی گوناحبارییەکی بێسنوورە کە ناخی کەسایەتییەکان دەکۆڵێت و دەڕووخێنێت. سارتر پێی وایە جیا لەمەی لە دەرەوە چی بووەتە هۆی ئەوەی تووشی ئەم هەڵبژاردنە تاڵە بین، دیسانیش ناتوانین خۆمان بە بەرپرس نەزانین و هەتا هەین بەرپرسی ئەو بڕیارەین کە دەریدەکەین و دەبێت وڵام بدەینەوە؛ ئەم بۆچوونەی سارتر لێرەدا زۆر گونجاوە و خۆمان بە چاو دەیبینین کە کەسایەتییەکان تا چ ڕادەیەک هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و ناتوانن هیچ پاساوێک بۆ کارەکەیان بخەنە ڕوو کە تێیدا خۆیان بێتاوان دەرخەن. کامۆش دەڵێت ڕاستە کە لە ڕەوتی بەرخۆدان و خەبات بۆ بەرگری لە ئەخلاقدا ڕەنگە تووشی هەڵبژاردنی تاوانی ئاوا بین، بەڵام دیسانیش بۆمان نییە بە شێوەیەکی بێسنوور تووشی بێئەخلاقی دەرحەق بە مرۆڤایەتی ببین و ئەمە ئیتر پاساوهەڵگر نییە، بەڵام پرسیار ئەمەیە کە ئەو سنوورە لە کوێیە و کێ دیاریی دەکات؛ واتە سەبارەت بە ڕوانگەی کامۆ، مرۆڤ ناتوانێت بە وڵامێکی یەکلاکەرەوە بگات کە ئایا ئەو سنوورە ئەو کوشتنە دەگرێتەوە یان نا. لێرەدایە کە بیردۆزی سارتر بە جۆرێک بەهێزتر دەردەکەوێت و نیشان دەدرێت کە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی ئەخلاقی لێرەدا دەست ناکەوێت و مرۆڤ لەم حاڵەتی هەڵواسرانە ڕزگاری نابێت. لێرەدایە کە تاک خۆیەتی و خۆی؛ خۆیەتی و هەستی گوناحباریی تاوانێک کە کردن و نەکردنی تووشی ئازارێکی بێسنوورت دەکات.

4ـ4. ئازادی: هەڵبژاردن یان زۆرەمل؟

وەک پێشتر باسمان کرد یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەمە بوو کە چەمکی ئازادیی هەڵبژاردن و قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی لە کارەکانی کەسایەتییەکاندا چ پێوەندییەکی لەگەڵ ڕوانگەکانی سارتر هەیە و لەگەڵی دەگونجێن یان نا. کاتێک دەڕوانینە فەزای گشتیی فیلمەکە، هەر لە سەرەتاوە دەبینین کە کەسایەتییەکانی فیلم وەک بڕیارێکی پێشینی لە دۆخی بەرخۆدان و خەباتدان و هەڵبژاردنی پێشتر لەنێوان ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی بەرخۆدان بە هیچ شێوەیەک بابەتی بەر باسی فیلمەکە نییە؛ واتە بەرخۆدانکردن بابەتێکی پێشنی نواندراوە و جێی پرسیار نییە، بەڵام ئایا لە کۆی فیلمەکەدا کەسایەتییەکان هیچ ئازادیی هەڵبژاردنێکیان نییە و هەموو بڕیارەکانیان لەڕووی ناچارییەوەیە؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە هەندێک زیاتر سەرنج بدەینە دیمەن و ڕووداوەکانی فیلمەکە. لەم فیلمە لە چەندین شوێندا تێڕامان و دڕدۆنگی بۆ هەڵبژاردن دێتە ئاراوە، بەڵام بژاردەکان هەم یەکجار کەمن و هەم زۆر دژوار. ڕاستە کە هاوڕێکانی ماتیلد لەنێوان کوشتن یان نەکوشتنی ماتیلددا تووشی باس و چەلەحانە و دڕدۆنگین، بەڵام هیچ بڕیارێکیان ناتوانێت ڕەزامەندییان پێک بێنێت و لە هەردوو لادا خۆیان وەک دۆڕاو و تێکشکاو دەبینن. بەگشتی فەزای فیلمەکە بە جۆرێک نییە کە هیوایەکی ئەوتۆ بۆ سەرکەوتن بخاتە ڕوو و کەسایەتییەکان بەردەوام تووشی هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتردان و دڵنیاش نین لەوەی کام یەک لە بژاردەکانیان خراپترە. بژاردەکانی بەردەستیش ئەوەندە کەم و خراپن کە بینەر تووشی ئەم پرسیارە دەکەن «ئایا ئەمە بەڕاستی هەڵبژاردن و ئازادییە؟» ڕاستە کە هەڵبژاردن بوونی هەیە، بەڵام بژاردەکان هەم زۆر کەمن و هەم زۆر نەرێنی و خراپ، تا ڕادەیەک کە ڕەنگە وەک بژاردە نەیەنە بەرچاو و زۆرتر وەک ناچاری و زۆرەملیان ببینین. ڕاستە کە هاوڕێیانی ژێربیە کاتی کوشتنی خاینەکە دڕدۆنگن و خۆیان لەنێوان دوو بژاردەدا دەبیننەوە: سزای بدەن و هەمیشە خۆیان وەک بکوژ ببینن، یان سزای نەدەن و هەموویان بکەونە مەترسیی کوژران و لەناوچوونەوە، بەڵام ئەم ئازادیی هەڵبژاردنە فڕی بەسەر ئەو ئازادییەوە نییە کە ڕەنگە زۆربەمان لەم چەمکەوە دێتە نێو مێشکمان. ئەم ئازادییە هەڵگری هەڵبژاردنێکی زۆرەملە لەنێوان دوو خراپەدا کە مرۆڤ تێدا دۆش دادەمێنێت کامیان خەساری کەمترە؛ هەڵبەت هەرگیزیش بە بڕیار و ئەنجامێکی دڵنیاکەرەوە ناگات. ئیمکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم فیلمە، دەرخەری مانای ئازادی بەو واتایەی لە مێشکی جەماوەردایە، نییە؛ ئەم ئیمکانانە کۆمەڵێک ئیمکانی زۆرەملن کە تاک هەرگیز نایەوێت هیچیان هەڵبژێرێت، بەڵام ناچارە هەڵبژاردنێکی هەبێت و لەپێناو لێکەوتە تاڵەکانیشیدا ڕاوەستێت. ئەمە ئازادیی هەڵبژاردنێکی زۆرەملە بە خراپترین و تاڵترین لێکەوتەوە کە تاک لەترسی بەرپرسیارێتییەکەی و لێکەوتەکەی تووشی دڵەڕاوکێ و دڕدۆنگییەکی بێسنوور دەبێت؛ هەر بۆیە دەبێتە دۆخی سنووری و وەک یاسپێرس دەڵێت مرۆڤ دەگاتە سنووری هەبوونی خۆی و ناچارە بڕیاری هەبوونی دەربکات.

4ـ5. بەرخۆدان: قارەمانێتی یان یاخیبوون؟

ئەگەر کەسێک بەرخۆدانی کەسایەتییەکانی فیلمەکە ببینێت و تێ بگات کە هیوای سەرکەوتن چەندە کەمە و خۆشیان لەمە ئاگادارن، ڕەنگە بۆی ببێتە پرسیار «کەوایە بۆچی خۆڕاگری و بەرخۆدان دەکەن؟!». کاتێک ژێربیە لە داڵانەکەدا دوودڵە ڕا بکات یان لەجێی خۆی بوەستێت، ئەم پرسیارە مێشکی مرۆڤ دادەگرێت، ئایا تەسلیمبوون باشتر نییە لە ڕاکردن و بەرخۆدانێک کە هیچ ئەنجامێکی بۆ وێنا ناکرێت؛ ئەگەریش تەسلیمبوون هەڵبژێرێت، ئایا ئەمە تەسلیمبوونێکی خوێڕییانەیە لە بەرامبەر هەڕەشەی مەرگ، یان قارەمانێتی و یاخیبوونە دژی ئەم هەڕەشەیە و ئەوپەڕی بوێرییە! کاتێک هاوڕێیانی ژێربیە دەگیرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و هەموو ئازای ئەندامیان بریندار و شکاو و کوتراوە، دیسانیش ئەم پرسیارە دێتە مێشکەوە کە کاتێک مەرگ و کوژران هەمیشە لەبەر چاوە، بەڕاستی بەرخۆدان لەپێناو چی! ئایا هیچ هیوایەک هەیە؟! ئایا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی دەبێت؟! و گرینگترین پرسیاریش ئەمەیە کە: «ئایا ئەم کەسانە کە لەم دۆخە کارەساتاوییەدان و مەرگیان تا ڕادەیەکی زۆر مسۆگەرە، خۆیان وەک قارەمان دەبینن و بۆ ئەوە بەرخۆدان دەکەن کە وەک قارەمانێک چاویان لێ بکرێت، یاخود دژی ئەم دۆخە پڕکارەسات و کۆیلەسازەی کە تێیدان و هیچ دەرەتانێک نابینن، گیانیان خستووەتە بەری دەستیان و یاخی بووگن؟» ئەگەر بڕوانینە قسە و هەڵسوکەوتی کەسایەتییەکانی فیلمەکە هیچ نیشانەیەک نابینین کە بیانەوێت وەک قارەمان دەرکەون و تەنانەت بیر لە شتی واش بکەنەوە، بەڵکوو پتر دەردەکەوێت کە چارەیەک جگە لەم هەڵسوکەوتە نادۆزنەوە و ڕەنگە ویژدانیان بەرەو ئەم هەڵوێستەی بردبن کە ئیتر ئەم سووکایەتییانە قبووڵ نەکەن و بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان تێ بکۆشن، هەرچەند تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیا بن کە تێیدا دەکوژرێن و هەمیشە حەبێکی سیانووریش هاوڕێیان بێت. ئەمە پتر لەوەی خواستی قارەمانێتی بێت، سەرهەڵدان و شۆڕشێکە دژی بێمانایی و بێدەرەتانی. لێرەدایە کە ئەندێشەی کامۆ زۆر بەجوانی دێتە ئاراوە و بۆمان دەردەخات یاخیبوون دژی دۆخی بێمانا و ناچارکەر چەندە گرنگە، بەڵام ئایا هەموو بەرخۆدانێک یاخیبوونە؟

بۆ ئەوەی بەرخۆدان وەک یاخیبوون بناسرێت پێویستە چەند تایبەتمەندیی هەبێت: بەر لە هەموو شت پێویستە بەرخۆدان لە بەرامبەر دۆخێک بێت کە تاکەکان سووک دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە: ئێمە لەم فیلمەدا دەبینین کە نازییەکان زیاتر وەک کەرەستە و ئۆبژە چاو لە فەڕەنسییەکان دەکەن و جگە لەوەی وڵاتەکەیان داگیر کردوون، بەڕاستی سووکیان تماشا دەکەن. وەک ژێربیە دەڵێت ناچاریان دەکەن وەک کەروێشک لە ترسی مردن و کوژران بەدەست نازییەکان ڕا بکەن. تایبەتمەندیی دواتر ئەمەیە کە تاک بۆ پاراستنی بەهایەک بەرخۆدان بکات کە سەرووتر لە بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بێت. لەم فیلمەدا ئەم تایبەتمەندییە زۆر بەڕوونی دیارە و سپای سێبەرەکان خۆیان لەپێناو پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤی و وڵات و ئازادییان بەخت دەکەن کە ئەمانە هیچیان ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی تاکیی ئەوان نین. تایبەتمەندیی تر ئەمەیە کە تاک سەرەڕای ئەمەی دەزانێت ڕەنگە سەر نەکەوێت و تێک بشکێت و بکوژرێت، دیسانیش دەست لە هەوڵ و تێکۆشان نەکێشێتەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە بێگومان کەسایەتییەکانی فیلمەکە بەڕوونی دەزانن ئەگەری کوژران و تێکشکانیان یەکجار زۆرە، بەڵام دیسانیش دەست لە تێکۆشان و خەبات ناکێشنەوە.

بەگشتی ئەگەر ئەم تایبەتمەندییانە وەک تایبەتمەندیی کەسایەتیی یاخیی کامۆیی بناسین و بزانین، کەسایەتییەکانی فیلمی سپای سێبەرەکان خەریکی ئەوپەڕی یاخیگەرێتین و نموونەی تەواوی ئەم چەمکەن، نەک قارەمانی نەریتیی بەرخۆدان؛ هەڵبەت ڕەنگە دواتر خەڵک وەک قارەمانی بەرخۆدان چاویان لێ بکەن، بەڵام لە فیلمەکەدا ڕوونە کە خودی ئەوان هیچ بیر لە شتی وا ناکەنەوە و تەنانەت کاتێک بۆ ڕزگارکردنی هاوڕێ گیراوەکەیان خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، هیچ بیر لە قارەمانسازی لە خۆیان ناکەنەوە، بەڵکوو تەنیا دەیانەوێت دروستترین بڕیاریان دابێت.

4ـ6. سنووری بەرخۆدان و پووچی

ئەم فیلمە لەنێوان «سەرکەوتن» و «ماناداربوون» و پێچەوانەکەی، واتە «تێکشکان و دۆڕان» و «بێمانایی و پووچی» جیاوازی دەخات؛ ڕەنگە بەرخۆدانەکەی لە کۆتاییدا و بە شێوەی کردەکی تێک بشکێت و بە ئەنجامی خوازراو نەگات، بەڵام ئەم تێکشکان و دۆڕانە مەرج نییە کارەکە بێبایەخ و بێمانا بکات. لە فیلمەکەدا زۆر جێگا دەبینین کە کەسایەتییەکان خەریکن ڕادەمێنن و بیر دەکەنەوە ئاخۆ چی بکەن: درێژە بە بەرخۆدان بدەن، یان نا. نموونەی بەرچاوی ئەم بابەتە ئەو کاتەیە کە ژێربیە لە داڵانەکەدا ڕادەوەستێت و تەنانەت گوللەشی لەبەر پێی دەتەقێننەوە ڕا ناکات. [01:54:10ـ01:58:20] ئەو تێ ماوە کە درێژە بە بەرخۆدانەکە بدات یان نا.

هەر وەک کامۆ لەسەر ئەم باوەڕەیە، ڕەنگە جیهان بۆ بانگەوازی ماناخوازیی ئێمە هیچ وڵامێک نەداتەوە، بەڵام دیسانیش هەوڵدان و تێکۆشان، وەک جۆرێک یاخیبوون لەهەمبەر ئەم بێمانایییە، بە ژیان مانا دەبەخشێت و کارێکی بەنرخە. ڕەنگە لە کۆتاییی فیلمەکەدا بڵێین باشە خۆ ژێربیە و هاوڕێکانی هەر هەموویان هەر کامەی بە شێوەیەک کوژران و لەناو چوون، دەی ئێستا ئەم هەموو هەوڵە بەکاری چی هات. لە ڕاستیدا خودی ژێربیە و هاوڕێکانیشی دەیانزانی هەر ئانوسات ڕەنگە بگیرێن و ئەشکەنجە بدرێن یان بکوژرێن، بەڵام بەڕوونی دیارە کە بە چاوی کراوەوە بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە بەسەر خۆشاردنەوە و خۆدزینەوە لە هەڵوێستگرتن. لە ڕاستیدا ئەم فیلمە نموونەیەکی تەواوە لەمەی کە تێکشکان و تەنانەت ئاگاداربوون لەویش، نیشانەی پووچی و بێمانایی نییە؛ ئەمەی مانا دەبەخشێت بە ژیان، یاخیبوونە لە بەرامبەر ئەم دۆخە و ئەنجامدانی کردەوەیەک کە هەست دەکەیت دروستە؛ هەر بەم هۆیەیە کە دوای دیتنی فیلمەکە، سەرەڕای ئەوەی خەمێکی قووڵ دامان دەگرێت، لەناخی خۆماندا لەگەڵ بەرخۆدانی ئەوان هاوڕاین و پێمان وایە لەگەڵ تێکشکان و دۆڕانەکەشدا، هەر ژیانێکی پڕمانایان هەبووە و دەبنە قارەمانی زەینمان. لێرەدایە کە چەمکی قارەمان تۆزێک لە مانای نەریتی و کۆنی دوور دەکەوێتەوە و تێ دەگەین کە قارەمانێتی بەر لەوەی یەکسان بێت بە سەرکەوتن، یەکسانە بە هەوڵدان و تێکۆشان و یاخیبوون لە بەرامبەر بێمانایی و پووچیدا.

4ـ7. ژێربیە: کەسایەتییەکی یاسپێرسی، سارتری یان کامۆیی؟

ئەگەر بڕوانینە چۆنیەتیی داڕشتنی کەسایەتیی ژێربیە و ڕەهەندە جیاوازەکانی شی بکەینەوە، دەتوانین ئەم کەسایەتییە لەگەڵ بیردۆزەکانی هەرسێک فیلسووفی بەر باسی ئەم وتارە بگونجێنین و هەڵسەنگێنین، بەڵام لە ڕەهەندی جیاوازەوە.

لە سەرەتای فیلمەکەدا و دوای ڕێژەی سەربازەکان، دەبینین کە خەریکن بە ماشێن ژێربیە بۆ زیندانێک ڕادەگوێزن؛ کە دەڕوانینە چۆنیەتیی دانیشتن و چاولێکردن و هەڵسوکەوتەکانی، ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەمەیە کە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزانێت گیراوە و ئەگەری هەیە هەر بەڵایەکی بەسەر بێنن، بەوپەڕی لێبڕاوی و ورە و ئیرادەوە دانیشتووە و چاو لە هەڵسوکەوتی فاشیستەکان دەکات و هەوڵ دەدات هەڵسوکەوتی گونجاو لە خۆی نیشان بدات؛ ئەمەش بەو هۆیەیە کە ژێربیە هەر لە سەرەتاوە لە دۆخی سنووریی بەرخۆدان و خەباتدایە و ئەگەری مەرگ و کوژران، ڕەنج و ئازاری زیندانیکران و ڕاگوێزران بۆ شوێنێکی تر بێ ئەوەی بتوانێ هیچ کارتێکەرییەکی هەبێت، دۆخی بەرخۆدان و خەباتی بەردەوام و تەنانەت گوناحیش هەموویان هاوکات بۆ ئەم کەسایەتییە لە ئارادان؛ کەوابوو ژیانی ژێربیە ژیانێکە تژی لە دۆخی سنووری و تێیدا ڕەوشی ئاساییی زۆر کەم دەبینرێت، یان لانی کەم لە فیلمەکەدا بەشی ژیانی ئاساییی ئەو پیشان نادرێت؛ ژێربیە لە تەواوی ئەم فیلمەدا لە دۆخی سنووری تێ ناپەڕێت، بەڵکوو تێیدا دەژیێت. ئەم دۆخە، ناچاری دەکات لەگەڵ ئیمکانە هەبوونییەکانی خۆی ڕووبەڕوو بێتەوە و بەرپرسایەتیی هەڵبژاردنەکانی لەئەستۆ بگرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەمەی کە لە ژێربیەدا دەیبینین، «زاڵبوون بەسەر دۆخی سنووریدا» نییە، بەڵکوو کرانەوەیەکی ئێگزیستانسییە لە دڵی دۆخی سنووریدا. (ثقفی و اردشیری نیا، 1400) لێرەدایە کە مەسەلەی هەڵبژاردن و بەرپرسیارێتیی سارتر دێتە ئاراوە. ژێربیە وەک سەرۆکێک لەم فیلمەدا بەردەوام ناچارە ئەستەمترین بڕیارەکان دەربکات و هەڵبەت بەرپرسیش بێت لە بەرامبەر ئەم بڕیارانەیدا. لووتکەی ئەم دۆخە ئەو کاتەیە کە دەیانەوێت بڕیار بدەن لەسەر کۆشتن یان نەکوشتنی ماتیلد. لەوێدا ژێربیە دەکەوێتە دۆخێکی یەکجار ئەستەمەوە و ناچارە بڕیارێکی زۆر قورس دەربکات: یان دەبێت لێ گەڕێت هاوڕێیانی تریشی پێوە بن و گیانیان بکەوێتە مەترسییەوە، یان دەستووری کوشتنی ماتیلد بدات کە ڕەنگە دوای خۆی، قورسترین وەزنەی گرووپەکەیەتی. دەرکردنی بڕیاری کوشتنی ماتیلد دەبێتە هۆی هەڵبەزینەوەی هاوڕێکانی و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکەن و بە بەرپرسیاری دەزانن: ئەمەیە دۆخی تاڵی ئازادیی هەڵبژاردن و قبووڵکردنی بەرپرسیارێتییەک کە ژێربیە تێدایە. ژێربیە ناچارە یەکیان هەڵبژێرێت، بەڵام بۆ هەر کامیان قورسترین بەرپرسیارێتیی سەبارەت بە ژیان و گیانی ئەوانی تر دەکەوێتە سەر شان. ئەم دۆخە کە ئەو تێیدایە و ناچارە سەبارەت بە ژیانی ئەوانی تر بڕیار بدات ڕێک ئەمەمان بیر دەخاتەوە کە سارتر دەڵێت «ئەوی تر دۆزەخە». (سارتر: 1327: 15) واتە قبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی ئەوی تر و پێملبوون بەوەی کە ئەوی تر هەمیشە چاوی لە هەڵسوکەوت و بڕیارەکانمانە و هەڵی دەسەنگێنێت، ژیانمان لێ دەکات بە دۆزەخ. لووتکەی ئەم وێنەیە ئەو کاتەیە کە لە زیندانەکەدا پاکەتی سیگارەکەی دەردێنێت و ڕادەستی هاوڕێکانی دەکات و دەست بە دەست دەیگێڕن و هەر کامەی دانەیەک دەردێنێت و کاتێک دەگاتەوە خۆی، هیچی تێدا نەماوە. [01:50:05ـ01:51:10] لێرەدا وێرانگەربوونی ئەم هەستی بەرپرسیارێتییە بەڕوونی دەبینین. کاتێک چەند خولەکی تر دەکوژرێن و تەنیا هێورکەرەوەی ئەم دنیایەیان ڕەنگە کێشانی سیگارێک بێت، بەڵام ژێربیە بەهۆی هەستی بەرپرسیارێتییەک کە سەبارەت بەوانی تر هەیەتی لەم بژاردەیەش بێبەش دەبێت و ئەوانی تر و بەرپرسیارێتییان لێی دەبنە دۆزەخێکی ڕاستەقینە و سنووردارکەری ژیان.

ئەگەر لە دەلاقەی بیردۆزەکانی کامۆشەوە بڕوانینە ژێربیە و کردەوەکانی، لە ڕاستیدا ژێربیە نموونەی تەواوی ئەو یاخییەیە کە لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاگاداری ئەگەری زۆر بەقەوتی کوژرانی خۆی و لەناوچوونی کۆی سپاکەیەتی، دیسانیش درێژە بە بەرخۆدان دەدات و هەرگیز بێهیوا نابێت و پەسیڤبوون هەڵنابژێرێت. ژێربیە یاخییەکی کامۆیییە کە لەوپەڕی بێمانایی و بێدەرەتانیدا دیسانیش سەر هەڵدەبڕێت و یاخی دەبێت و مانا دەخوڵقێنێت؛ کەوابوو ژێربیە پتر لە هەمووان یاخییەکە دژی بێمانایی و پووچی سەر هەڵدەبڕێت و لە ئەستەمترین دۆخەکانی ژیاندا بڕیاری هەبوونی دەردەکات و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆ دەگرێت.

4ـ8. کۆتاییی فیلم: تێکشکان، مەرگ و مانای بەرخۆدان

کۆتاییی فیلمەکە بە کۆمەڵێک نووسراوە تەواو دەبێت کە تێیدا باسی چارەنووسی کۆتاییی هەموو کەسایەتییە سەرەکییەکانی فیلمەکە دەکرێت: یەک تیرۆر دەکرێت، یەک لەژێر ئەشکەنجەدا دەکوژرێت، یەک هەڵدەواسرێت و خودی ژێربیەش ئەمجارەیان لە داڵانەکەدا ڕا ناکات و هەر لە جێدا دەکوژرێت. [02:19:55ـ02:20:48] پرسیار ئەمەیە ئایا ئەم کوژران و لەناوچوونە واتە بێماناییی بەرخۆدان؟ ئایا کردن و نەکردنی بەرخۆدان بەهۆی ئەم بەئامانجنەگەیشتنە هەر وەک یەک وا بووە؟ لێرەدا وەک کۆکردنەوەی دەسکەوتەکان و شیکردنەکەوەی کۆتاییی فیلمەکە و وڵامی ئەم پرسیارانە پێویستە ڕوانگەی هەرسێکی ئەم بیرمەندانە پێک بگرین و پێکەوە باسیان بکەین.

ئەگەر یاسپێرس لەبەر چاو بگرین دەڵێین ئەم کەسانە لە دۆخی سنووریی هەمیشەییدا بوون و ناچار لەگەڵ سنوورە کۆتایییەکانی هەبوونیان ڕووبەڕوو ببوونەوە، بۆیە دەبوو بڕیار بدەن و دەست بدەنە کردەوە؛ ئیتر ئەنجامی کردەوەکە هەر شتێک بووبێت بەهەر حاڵ دەریخستووە کە مرۆڤ لێرە بەولاوەتر ناتوانێت هەنگاو بنێت و ئەمە ئیتر دوا سنووری توانای مرۆڤە کە بە هەبوونی خودی مرۆڤەوە گرێ دراوە. ئەم سنوورانە دەریدەخەن کە هەبوونی مرۆڤ سنووردارە و تا ئێستا ژیانی ڕۆژانە لەبەر چاوی ونی کردبوو، بەڵام ئیتر ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە.

لە ڕوانگەی سارتریشەوە ئەگەر کەسایەتییەکان لە ئەستەمترین دۆخیشدا بووبن و کەمترین بژاردەشیان لەبەر دەست بووبێت، دیسانیش هەر توانای هەڵبژاردنیان بووە و ناتوانن بە هیچ بیانوویەک خۆیان لە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەم هەڵبژاردنانە بدزنەوە. ئەگەر وەک کامۆش چاوی لێ بکەین، تەنانەت ئەگەر تاکەکان ئاگاداریش بووبن کە بەرخۆدانەکەیان بە ئەنجام ناگات و تێک دەشکێت، دیسانیش درێژەیان بە بەرخۆدانەکەیان داوە و ئەمە هەمان یاخیبوونە دژی بێمانایی.

بەگشتی لە دنیای فیلمی سپای سێبەرەکاندا بەرخۆدان تەنیا لەبەر ئەمە بەنرخ نییە کە بێئەملاوئەولا سەر بکەوێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە کەسایەتییەکان کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخێک کە ئیمکانی ژیانی لێ سەندوون، سەر هەڵدەبڕن و ناهێڵن کەڕامەتی ئینسانییان بکەوێتە ژێر پێوە و وەک ئۆبژە و کەرەستە چاویان لێ بکرێت؛ ئەم کەسانە دەیانەوێت سووژەیەکی بکەر بمێننەوە، نەک سووژەیەکی پەسیڤ یان ئۆبژە. لە فیلمەکەدا جوانترین دیمەن بۆ سەلماندنی ئەم ئیدعایە، ئەو کاتەیە کە ژێربیە ڕا ناکات [01:54:50ـ01:58:20]. ژێربیە خۆی دەڵێت من نەمدەویست وەک ئاژەڵێک (کەروێشکێک) لەترسی مەرگ ڕا بکەم و بۆ پاراستنی چەند چرکە زیاتری گیانم، خۆم دابەزێنم. وەک لە کۆتاییی فیلمەکەش باس دەکرێت، دواجار کە ژێربیە قۆڵبەست دەکرێتەوە و دیسان دەیبەنەوە داڵانەکە، ئەمجار ڕا ناکات و خۆی دانابەزێنێت و هەر لەوێ گیانی بەختی ئازادی دەکات. ژێربیە و هاوڕێکانی دەزانن ئەگەری کوشتنیان زۆرە، بۆیە هەمیشە چەند حەبی سیانووریان پێیە لە کاتی گیراندا بیخۆن و خۆیان ڕزگار بکەن. واتای گشتیی ئەمانە ئەوەیە کە مەرگ دۆخێکە کە باڵی وەسەر کۆی فیلمەکە و بەرخۆدانەکەدا کێشاوە و کەسایەتییەکان دەزانن و «ئاگادارن» کە ئیمکانی زۆرە بکوژرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەرخۆدان و خەبات هەڵدەبژێرن و دژی ئەم چارەنووسە سەرهەڵدەبڕن و یاخی دەبن.

5. دەرەنجام و پێشنیار

ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی چۆنایەتی و بە بەکارهێنانی شیکاری و تەفسیری فیلم هەوڵی داوە جیهانی فیلمی «سپای سێبەرەکان» لەسەر بنەمای دۆخە سنوورییەکانی یاسپێرس و چەمکی ئازادی و بەرپرسیارێتیی سارتر و یاخیبوونی کامۆ بخوێنێتەوە و لێک بداتەوە؛ دەسکەوتەکان و لێکدانەوەیان دەریدەخەن فیلمەکە بەرخۆدان تەنیا وەک ڕووداوێکی سیاسی و سەربازی ناخاتە ڕوو، بەڵکوو ئەمەی دەیبینین بوونی بەردەوام و هەمیشەیییە لە دۆخێکی سنووریدا. ئەگەر بەگشتی و لە لێنزێکی دوورەوە بڕوانین، کۆی جیهانی فیلمەکە جیهانی دۆخی سنوورییە و مەرگ، ئازار، گوناح و بڕیاردان بەردەوام لە ژیانی کەسایەتییەکاندا ئامادەن و کەسایەتییەکان بۆ تەنیا ساتێکیش لەدەست ئەم دۆخە ڕزگاریان نابێت؛ هەڵبەت مەرگ لە فیلمەکەدا تەنیا کۆتاییی ژیان نییە، بەڵکوو ئاسۆیەکی بەردەوامە کە هەڵوێست و بڕیارەکانی تاکەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە؛ هەروەها بەرخۆدانیش لەم فیلمەدا کردەوەیەکی بێ کێشە و لێکدژی نییە و دەتوانێت تاک بخاتە دۆخی گوناح و بەرپرسیارێتیی ڕەوشتیی قورسەوە.

جیا لەمانەش، لە فیلمەکەدا ئازادیی هەڵبژاردن بەتەواوی لەناو ناچێت، بەڵکوو بژاردەکانی تاک زۆر سنووردار دەبنەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی سارتر هێشتا بەسوودە، بەڵام دەبێت لە هەلومەرجەکەدا بخوێندرێتەوە، واتە سنوورە مێژوویی و مادییەکان لەبەر چاو بگیرێن. ئەم ئازادیی هەڵبژاردنە، پێگەمەندە و بەپێی هەلومەرج دەبێت لەبەر چاو بگیرێت؛ کەواتە ئازادییەکە ئەو ئازادییە نییە کە بە شێوەی ئاسایی بیری لێ دەکەینەوە، بەڵکوو ئازادیی هەڵبژاردن لەنێوان چەند بژاردەی کەمدایە کە هەر هەموویان پڕن لە ئازار و بەرپرسیارێتیی تاڵ و هەستی هەمیشەییی تاوانباری و گوناحکاری.

بەرخۆدان لەم فیلمەدا لە یاخیبوونی کامۆیی نزیکە، چونکە کەسایەتییەکان  لە حاڵێکدا هەڵوێست دەگرن کە ئاگادارن ڕەنگە بگیرێن و بکوژرێن و هەموو کارەکەیان تووشی شکست بێت؛ بەڵام بەپێی کامۆ، تێکشکان و مەرگ، بەرخۆدانەکە پووچەڵ ناکاتەوە، بەڵکوو مانای بەرخۆدان لە خودی هەڵوێستگرتن، ڕەتکردنەوەی سووکایەتی و وەئەستۆگرتنی بڕیارەکەدا دەبینرێت؛ بەم پێیە دەکرێت ژێربیە وەک کەسایەتییەکی چەندڕەهەندی و لە هەرسێک ڕەهەندی یاسپێرسی، سارتری و کامۆیی بخوێندرێتەوە؛ هەڵبەت کۆتاییی تڕاژیکی فیلمەکەش ئەم ئەنجامە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە جیهانی سپای سێبەرەکاندا قارەمانێتی بە واتای سەرکەوتنی بێئەملاوئەولا نییە، بەڵکوو پێوەندیی بەمەوەیە ئایا مرۆڤ توانای هەڵوێستگرتن و وەئەستۆگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خۆی هەیە یان نا.

هەڵبەت ئەم فیلمە هەڵگری توێژینەوە باسی زۆر زیاتر لەمەیە و گرنگترین بابەتگەلێک توێژەر پێی وایە دەکرێت توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت، بریتین لە:

  1. توێژینەوە فۆڕمیک لەسەر فیلمەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ ناوەڕۆکەکەی.
  2. پێکگرتن لەگەڵ مێژووی ڕاستەقینە و هەڵسەنگاندنی ئاستی یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی.
  3. توێژینەوەی تەنیا لەسەر قارەمان لەم فیلمەدا و بەراوردکردنی لەگەڵ بەرهەمەکانی تری خودی ئەم دەرهێنەرە یاخود دەرهێنەرانی تر.
  4. شیکردنەوەی فیلمەکە لەسەر بنەمای ئاستی پەسیڤبوون یاخود چالاکبوونی سووژە لە دۆخی بەرخۆداندا و…

«ئەم توێژینەوەیە هیچ پاڵپشتییەکی دارایی یان ماددیی دەرەکی وەرنەگرتووە».

6. سەرچاوەکان

سارتر، ژان پل. 1327. دوزخ. ترجمه مصطفی فرزانه. تهران: نقش جهان، ص 15

ثقفی، مریم؛ اردشیری‌نیا، تورج (۱۴۰۰). موقعیت‌های مرزی و هستی اصیل انسان در فلسفه‌ی یاسپرس. نشریه‌ی کلام و فلسفه، دوره‌ی ۱، شماره‌ی ۱

کسل، ژوزف. (1382). ارتس سایه ها. ترجمه قاسم صنعوی. تهران: گل‌آذین.

نیابت محمدزاده، مهران (۱۴۰۲الف). ادبیات و سینما- بررسی تطبیقی رمان و فیلم ارتش سایه‌ها. اولین همایش بین‌المللی ادبیات، زبان‌شناسی و علوم انسانی، همدان. https://civilica.com/doc/1716819

ملویل، ژان‌پیر، کارگردان. ارتش سایه‌ها [L’Armée des ombres / Army of Shadows]. فرانسه و ایتالیا: Les Films Corona و Fono Roma، ۱۹۶۹، ۱۴۵ دقیقه.

نیابت محمدزاده، مهران (۱۴۰۲ب). بازنمایی مقاومت فرانسه در سینمای ژان-پیر ملویل با بررسی موردی سه اثر: سکوت دریا، لئون مورن کشیش و ارتش سایه‌ها. اولین کنفرانس ملی مطالعات میان‌رشته‌ای در ادبیات و هنرهای کاربردی، موسیقی، نمایش و سینما، تهران.

Baurenhas, K. (2016). Die Résistance im Kino Melvilles.

Biswas, P. C. (2017). Choice, responsibility and bad faith in Jean-Paul Sartre’s philosophy.

Grieder, A. (2010). Further Remarks on Boundary Conditions, Boundary Situations and Jaspersian Grenzsituationen.

Guigueno, V. (2001). Le visage de l’histoire. L’armée des ombres et la figuration de la résistance au cinéma. Vingtième Siècle. Revue d’histoire, 72, 79–88. https://doi.org/10.3406/xxs.2001.1414

Hillmann, G., & Wehinger, B. (2020). Camus, Albert: L’homme révolté.

Jaspers, K. (1932). Philosophie: Zweiter Band: Existenzerhellung. Berlin: Julius Springer.

Jones, A. (2024). Ethical cinematic memory: Responsibility and suffering in Le silence de la mer.

Lee, Y.-W. (2018). Representation of the Resistance in the French films: The Battle of the Rails, Army of Shadows and The Army of Crime. Korean Review of French History, (38), 239–286. https://doi.org/10.51786/RCHF.2018.02.38.239⁠

Neto, W. D. (2019). O cinema de resistência de Jean-Pierre Melville. ArtCultura, 21(38), 149–162. https://doi.org/10.14393/artc-v21-n38-2019-50167

Novák, M. (2018). Karl Jaspers a jeho filosofie existence.

Paxton, R. O. (2011). Melville’s French Resistance. The Criterion Collection.

Sartre, Jean-Paul. (1956). Being and Nothingness: Essat on Phenomenilogical Ontology. Translated by Hazel E. Barnes. New York: Philosophical Libratry

Sartre, Jean-Paul. (2007) Existantialism Is a Humanism. Translated by Philip Mairet. London: Methuen.

Tang, M. (2024). Research on Camus’ Philosophy of Rebellion. Journal of Education, Humanities and Social Sciences, 38, 286–291. https://doi.org/10.54097/bd73dt48

Włodek, P. (2008). Trauma wojenna w filmach Jean-Pierre’a Melville’a. Kwartalnik Filmowy, 61, 88–100. https://doi.org/10.36744/kf.3277


[1] Jean-pierre Melville

[2] L’Armée des ombres

[3] Joseph Kessel

[4] Existantialists

[5] Karl Jaspers

[6] Grenzsituationen

blank
blank
دەربارەی نووسەر
شۆڕش فەرامەرزی

ماستەری کۆمەڵناسی

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە