بە یەک قەپ دەیتوانی ملم بقرتێنێت و سەرم لووش بدات، بەڵام چاوەڕێی کردووە تا بەئاگا هاتوومەوە. پێش خۆراوا بوونە، لە خوار قەڵا پیاسەم دەکەم، عولە دەمانچە و عوسە تاقانە سەروسەکوتیان بە دیار دەکەوێت. عولە لە دوورەوە دیارە، لەژێر بلوزەکەی و لەبن باڵی شتێکی شاردووەتەوە، عوسمان ڕووخساری دەگەشێتەوە، ئەگەر بیاناسی دەزانی، شتێکی باشیان دزیوە و نەگیراون. دەگەینە یەک، تاقانە دەڵێت: ئەفەندی، ئەگەر گەلە ئیزنت دەدا پاش عیشایە دیار بە.
دەزانم مەبەستی چییە. پێدەکەنم و دەڵێم: لە نیوەڕۆوە گەلە دەریکردووم. (پێدەکەنین)
درێژەی پێ نادەین، دەچمە چایخانە و ئەوانیش هەری یەکەی بەلایەکدا دەڕوا. دەزانم دەبێ دواتر هەر یەکەمان چی بکەین و بچینە کوێ، لە دوای ڕاپەڕینەوە زۆر شەو لە پشت سەیتەرەی دادەنیشین، زۆر جار من دوو بیرە دەبەم، دەزانم لەوە زیاترم پێ ناخورێتەوە، بەڵام عوسە و عولە و خولە هەتا پێی دەکەون دەخۆنەوە.
بەر لە هەموویان دەگەمە وێ و جێیەکی باش دەگرم، ئێوارە لە شێخەڵای لایتێکی ستیلی باشم کڕیوە، ئەگەرچی مانگەشەوە، دەتوانی بەباشی هەموو شتێک ببینیت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لایتێک لە دەوروبەرم دەدەم و بەوردی چاوم دەگێڕم، هەموو کون و کەلەبەرێک دەپشکنم، نەکات شتێکی نامۆ هەبێت، یان لە شوێنێکی پیس دابنیشم. ئەم کەڕەتە بوتڵە ئارەقێکی فەل و قاپێک جاجیکی پڕ لە سیر و شبیتم هێناوە، خولە دەێت و ئەمانە دەبینێت، لە حریتەی پێکەنین دەدات؛
– بەخوا ئەمشەو دەبینە فلیم. ئەتۆمان هەبوو بمان بەیەوە، قاپە عارەقێکی بخۆیەوە دەبیە عارەبانە و ماڵەوە پێنازانییەوە، ئەوجا کێ بمان باتەوە؟ هاهاها
عولە ئەوەی ئێوارە لەبن باڵی شاردبووییەوە دەیهێنێتە دەرەوە، دوو چارێک وێسکی و نیو کیلۆ برێشکە.
دەڵێم: دەزانم گولەبەرۆژەکەت کڕیوە بەس هەبی و نەبی ئەو وێسکییەت دزیوە.
دەڵێت: دزی باشترە لەو کوپەزێڕانەی ئەتۆ بە دوایاندا دەگەڕێیت و هەتا ئێستا تەڕەماشیشت نەدۆزیوەتەوە.
لە دەوری یەک دانیشین و دەخۆینەوە، پێک بە پێکی دەکەوێتەوە، هێدی هێدی شەو تێدەپەڕێت و سەرمان گەرم دەبێت. بەردەوامین تا ئەوەی چیتر توانای دانیشتنم نامێنێت، پاڵ دەکەوم و لە ئەستێران دەنواڕم، جار جارە وەک یاری لایتە ستیلەکەم پێ دەکەم و دەکوژێنمەوە، عولە لەبەرخۆیەوە گۆرانی دەڵێت، منیش بە دوایدا مینگە مینگم لێوە دێت و پێم وایە لە دوای دەڵێمەوە، ئەوە دوایین شتە بەبیرم مابێت، نازانم خەوم لێ کەوتبوو یان بۆ چەند چرکەیەک چاوم داخست بوو، بەڵام کاتێک چاوم هەڵێنا، بە باشی پێشی خۆمم نەدەبینی، هەستم بە قورسایییەک کرد لەسەر شانم، دەستم گێڕا تا لایتەکەم دۆزییەوە، دام گیرساند، بینیم جانەوەرێک بە خێرایی پڕی دامێ و دەمی خستە سەر ملم. دەستم شل بوو و هێز لە گیانم نەما، لایتەکەم لێ بەربووەوە و زەندەقم چوو. سەرەتا نەمزانی چ ئاژەڵێکە، دەمی لابرد و کەمێک دوور کەوتەوە، لایتەکەم هەڵگرتەوە و ڕووناکییەکەم خستە سەری، مووچڕک بە گیانمدا هات. بە هەموو تەمەنم مێرووی وەها گەورەم نەبینیبوو، لە ژیانمدا نەمبیستووە مێرووی وا هەبێت. لە بەر دەمم دەهات و دەچوو، بەخێرایی جووڵەی دەکرد، دەتگوت سەری لێ شێواوە و نازانێت چی بکات. هەستامە سەر پێ و ویستم ڕا بکەم، چاوێکم لە دەوروبەری خۆم کرد، نە عوسە لەوێ مابوو، نە خولە و عولە. وام بە خەیاڵدا هات، هەر سێیانی قووتداوە و نۆرەی منە. مێرووە گەورەکە ڕووی لێم بوو، بەخێرایی هاتە پێشم. دوو پەلی پێشەوەی خستە سەر کەتافی چەپ و ڕاستم، دوو پەلی دیکەی لە هەوادا مانەوە، دووانیشی لەسەر زەوی چەقاند بوو، شتێک جار جارە لە ڕانەکانی چەپم یان ڕاست دەخشا، هەندێک جاریش بە قونم دەکەوت، وام بە خەیاڵدا هات ئەوە سمێڵەکانیەتی. دەمی لە گەردەنم نزیک کردەووە. لە جێگەی خۆم چەقیم، نەمدەزانی چۆن خۆم ڕزگار بکەم، چۆن سەرم لەنێوان دوو داسی دەوری ملم دەربهێنم. شێوەی دەمی وەک دوو داسی گەورە وا بوو، دەیتوانی لێکیان بدا و ملم قووت بکات.
– ئێستە چی بکەین شاژنەکەم؟
نەمزانی ئەو دەنگە لە کوێوە هات، دەنگەکە لە دەنگی کچێکی منگن دەچوو، بەڵام ڕوون بوو قسەی لەگەڵ مێرووە گەورەکە دەکرد، مێرووە گەورەکە بەریدام، نەمتوانی جڵەوی خۆم بکەم و بە پشتدا کەوتم. لە دەورووبەرم ڕووانی، ئاراستەی لایتەکەم لە بنج و بناوانی ناوچەکە دا، هیچ کەس دیار نەبوو. بە خۆم دەڵێم: ( ئەو کچە لە کوێ دەنگی دەهات؟)
مێرووی گەورە بە پەشۆکاوی دەهات و دەچوو، لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد، دەمتوانی گوێم لە دەنگی بێت، بێ ئەوەی تێبگەم باسی چی دەکات. ئەو وشانەی دەری دەبڕین هیچیان پیتی (ر) ی تێدا نەبوو، یان من نەمدەتوانی هەست بکەم تێیدایە، لەبری ئەوە هەندێک جار پیتی (غ)ێکی لاواز لە جیاتی (ر) دەردەبڕێت.
کەمێک کشامە دواوە، لایتەکەم ئاراستەی قوونی تا تەوقی سەری کرد، قوونی لە ئیستکانە چایەکی گەورە دەچوو، بەرزییەکەی نزیکەی مەترێک بیت، ئیستکانێک چای بە ڕەنگ. ناوەڕاست و سەریشی ڕەشی قەترانی بوو.
مێرووە گەورەکە وەستا و ڕووی بە لای ڕاستدا سووڕاند، ئاراستەی لایتکەم لەگەڵ سووڕانی سەر و بەدەنی مێرووەکە سووڕاند بۆ ئەو شوێنەی لێی دەڕوانی، بینیم سەیری تەپۆڵکەیەک دەکات، کە هێندەی بوتڵە ئارەقێک بەرز دەبوو، سەرنجم دا مێرووی بچووک بە ڕیز دێنە دەر و دەچنە ناو کونی سەر تەپۆڵکەکە. لە دوای عێشاوە لێر دەخۆینەوە کەچی ئەم تەپۆلکەیەم نەبینیووە، لەوەش ناچێت نوێ بێت و تازە چێ کرا بێت، گڵە دەردراوەکە تەواو وشک ڕەق بوو.
مێرووە گەورە، وەک ئەوەی لەگەڵ یەکێ قسە بکات گوتی: دڵنیای ئەوە ناو قەڵات شاغەزایە. (مەبەستی مێرووەکە ئەوە بوو کە ئایا دڵنیایە کە من ناو قەڵات شارەزام. بەڵام لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی پیتی (ر) بەباشی دەرببرێت، لەبری ئەوە (غ)ی لاوازی بەم شێوەیە دەری بڕی کە لێرە وەک خۆی نووسیومەتەوە، بەڵام لە قسەکانی دواتری وشە دروستەکان دەنووسمەوە تا لە کاتی خوێندنەوە تووشی هەڵە نەبن.)
دەنگی کچە منگنەکە هاتەوە، ئەو کات من تەواو نزیک بوومەوە لە کونە مێرووەکە و سەیرم دەکردن.
– بەڵێ خاتوون، ئەوە دزی ئاسارە و چەند مانگێکە زۆرینەی شەوان لەناو قەڵات بە خۆی و پاچێک، بە دوای ئاساردا دەگەڕێت.
سەیرێکی مێرووەکانم کرد نەمزانی کامیان بوو ئەو قسەیەی کرد، دەتگوت جیوەن، عەجمانیان نەبوو، بۆ ساتێکیش نەدەوەستان، یەک دەهات و یەک دەڕۆیشت، ئەوەی سەیر بوو، قسەکەی ڕاست بوو.
– شاژنەکەم متمانەم پێ بکە. سەیری خۆت بکە چەند لاواز بوویت، وا بڕوا هیچت تێدا نامێنێتەوە.
ئەوە دەیگوت چی؟ یانی شاژن هێشتا گەورەتر بووە لەوە و ئێستە بچووک بووتەوە!
– زۆرە بەخوا زۆرە شاژنەکەم، هەر کاتژمێرەی چەند کیلۆیەک لە کێشت داببەزێت.
ئەم دەنگەیان هی مێروویەکی دردۆنگ بوو. ئەگەرچی بە هەمان شێوەی کچە منگنەکە دەنگی ناسک بوو و دڵنیاش نەبووم کام مێروویە دەدوێ، بەڵام بۆ کەسێکی وەک من کە دەیان شەو گوێم لە زرینگەی قوڵینگەکەم گرتووە، ئاخۆ بەر زێڕ دەکەوێت یان ئاسن و تاشەبەرد، جیاکردنەوەی دەنگەکان لە یەکتری ئاسان بوو.
– سەیرکە کوڕە، من شاژنی مێرووستانم، ساڵە و ساڵ لەسەر هێلکانم، سێسەد ساڵە حوکمڕانم، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا وان لەژێر پەلانم. چەند شەوێکە لە ژێر زەوی هاتوومەتە دەرەوە، بەهۆی پیلانگێڕییەکەوە هەموو دەروازەکانی چوونەوە کۆشکیان لێ گرتووم. تاکە ڕێگەیەک بتوانم بچمەوە ناو کۆشکەکەم، ڕێگەیەکی نهێنییە لەناو قەڵات ئەویش پڕ مەترسییە و ئەگەری تیاچوونمان سەد لە سەدە، تەواوی ڕێگاکانی دیکە گیراوە و کیژە بچووکەکەم خوشکە گەوەرەکەی خۆی کووشتووە، هەرچی هێلکەیە شکاندوویەتی و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. ئێستەش وا لە کێشی من کەم دەکات و لە کێشی ئەو زیاد دەبێت. ئەگەر لە ماوەیەکی نزیک نەگەمەوە کۆشک ئیتر کێشم نامێنێت و تەواوی دەسەڵاتم لەدەست دەدەم. لە دوێنێ شەوەوە سەربازەکانم ڕاسپاردووە کەسێکی شارەزا بدۆزنەوە ڕێبەریمان بکات بۆ ناو قەڵات، ئەوانیش پێشنیاری تۆیان کردووە.
– بەڵام چۆن وا بەئاسانی توانیویەتی دەسەڵات بگرێتە دەست، لە کاتێکدا تۆ شاژنی؟
– داپیرە گەورەم دوای خۆی دایکم و دایکم دوای خۆی من بەم شێوەیە فەرمانڕەوایمان گرتووەتە دەست. دواتر دەبوو دەسەڵات لە منەوە بگوازرێتەوە بۆ کچە گەورەکەم.
هەر کەسێک هەوڵی دا با دەسەڵات بگرێتە دەست، بەئاسانی نەیدەتوانی. هەر کرێکارێک نیازی پیسی هەبووایە، سەربازەکانم زوو هەستیان پێ دەکرد، بە زووترین کات کەسی هەڵگەڕاوەیان دەستگیر دەکرد هەر شەش پەلیان دەردەهێنا و وردوخاش دەکرد. هەرگیز کەس گومانی لە کچە بچووکەکەم نەکردووە، متمانەی زۆم پێی هەبوو، دەسەڵاتم پێی دا، نەم دەپرسی چۆن و بۆچی بەکاری دەهێنێت. تازە زانیوومە دەیان ساڵە بەنهێنی خەریکی کاری ڕێخستن و ڕێخراوەیییە، بەشێوەیەک سێیەکی کرێکارانی مێرووستان چوونەتە ناو ڕێخراوەکانی لە من هەڵگەڕاونەتەوە. ڕەگ و ڕیشەی لە تەواوی بنج و بناوانی مێرووستان داکووتیوە. هەواڵدەرەکەم گوتی: بیرکردنەوەی سەربازەکانی گۆڕیووە بەشێوەیەک، کە حەز بکەن کرێکار بن، لەبری ئەوەی بە هەمیشەیی سەرباز بن. جگە لەمە ڕێککەوتنی لەگەڵ سوپای مێرووخۆرکەدا کردووە، ئەوانەی لە سەرەتای بوونیانەوە دوژمنی ئێمەن و لێمان دەخۆن، ئێستە ئەوانی هێناوەتە سەر شاری مێرووان تا بە دەرمان بنێن، حەزی چونە سەر تەخت بەرچاوی ڕەش کردووە. دوای دەرچوونم لە کۆشک، هاتم شانە و خانەکانی ژێر دەسەڵاتم بپشکنم، شازادەی بچووک ئەو دەرفەتەی بەکار هێناوە و ئەم کودەتایەی کردووە. تا دەسەڵاتم زیاتر لەدەست بدەم کێشم کەمتر دەبێتەوە، جا تا کێشم تەواو کەمی نەکردووە دەبێت بگەڕێمەوە کۆشک و سەری لە ملی جیا بکەمەوە. تۆ ناو قەڵات شارەزای؟
گوتم: بەڵێ
ناوونیشانێکی پێ گوتم، شەوی پێشوو لە نزیک ئەوێ بە دوای ئاساردا دەگەڕام، خانووی ماڵە جوویەک بوو، پەنجا بۆ شەست ساڵێک دەبێت چۆڵ کراوە.
شاژن گوتی: خێراکە تا نەبووە بە باران.
سەرم بڵند کرد، ئاسمان ساماڵ بوو، پێ نەدەچوو ببێتە باران، ئەگەرچی ئێستا پاییزە، دەکرێ لە هەر خولەکێک بێت کەشەکە بگۆڕێ، بەڵام ئەمشەو وا هەست ناکەم.
پێم گوت: ئەی هاوڕێکانم؟ خواردنت؟
گوتی: کە هاتم کەسی لێ نەبوو جگە لە تۆ.
بە پێش شاژن کەوتم، لایتێکم لە دواوە دا، بینیم یەک ڕێز مێروو تا چاو بڕ دەکات لە دواوە دێن.
چەند مانگێکە یونسکۆ بڕیاری داوە پاسەوانی لە قەڵا بکات و نەهێڵێت دەستکاری بکرێت. هەموو دەرگەکانی چوونە ناو قەڵا داخراون، تاکە شوێنێک، بتوانێت لێوەی بچێتە ناو قەڵا ئەو دیوارەی بەرانبەر منارەیە، ساڵی پار بە هۆی بارانەوە بەشێکی لێ ڕماوە.
سەرکەوتن بەسەری ئاسان نییە، تا دەگەمە سەر دیوارەکە زۆر جار سەر ئەژنۆکانم هێندەی لە خشتەکان بخشێن دەڕووشێن، ئانیشکەکانم بە خۆهەڵواسین بریندار دەبن. چەند جارێکیش پێم خلیسکاوە و خەریک بووە بەر ببمەوە ملم بشکێت. ڕەنگە بۆ ئەم مێرووانە ئاسانتر بێت و پەلەکانیان لە خشتەکان گیر بکەن و سەر بکەون.
کە دەڕۆیشتین بە ڕێگەدا، مێرووی گەورە هێندە شڵەژاوانە هەنگاوی دەنا جار جارە بە لای چەپم یان ڕاستم سەری دەهاتە پێشم و دەیکشاندە دواوە، بەر لەوەی بگەینە قەڵات بیرۆکەیەک بە مێشکمدا هات، وەستام؛
– بوەستن. لەگەڵتان نایەم.
ئەو دەم کە ئاراستەی لایتەکەم لە سەری شاژنم کرد و نەمدەزانی چاوەکانی لە کوێن تا چاو ببڕمە چاوی، بەڵام دڵنیام ئەو چاوی بڕیبووە ناو چاوم.
– پاداشتی من بۆ ئەم کارە چییە؟
شاژن هاتە پێش و پەلی ڕاستی لای پێشەوەی بەرز کردەوە، تا بیدات لە ناو دەمم. چاوم داخست و خۆم چیڕ کردەوە، چاوەڕێ بووم بە ناو دەمم بکەوێت، بەڵام وەکوو ئەوەی بیری لە مردنی من کردبێتەوە و شکست هێنانی گەڕانەوەی خۆی لەبەر چاو گرتبێت، لە لێدانم پەشیمان بووەوە.
– چیت دەوێت، زوو بیڵێ.
– مێرووەکانت شوێنی کوپە زێڕەکانم پێ بڵێن. ئەوان بە هەموو کون و کەلێنێکدا دێن و دەچن دەبێت تا ئێستە کوپەی زێڕیشیان بینیبێت.
کەمێک هاتووچۆی کرد و هاتەوە بەردەمم.
– یەک کوپە زیاتر نا!
گوتم ڕازیم، دەمزانی لە ناچاریان ڕەزامەندی داوە، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نەبوو، بەڵام ئەوە بۆ من خراپ نەبوو. ئەمجارە بە جۆش و خرۆشەوە بە پێشیان کەوتم. ئەگەر کوپەیەک بدۆزمەوە و بیبەمەوە، بۆڵە بۆڵی گەلە دەبرێتەوە. هەر هێندە لە دەرگە بچمە ژوورەوە بڵێم گەلەکەم، گەلاوێژێ. ئەویش بەرەو لام بێت و بڵێت ها ئەفەندی. لە بەژن و بەڵای بڕوانم، کە هێندە و نیوێکی من دەبێت و لەچکێکی ڕەشی لەنێو چاوی بەستووە و کەمەری مەکسیەکەی کۆ کردۆتەوە و خستووتە ناو دەرپێکەی. بەرانبەرم ڕاوەستاوە وەک ئەوەی بیەوێت یەخەم بگرێت و بڵێت: نەمگوت نەیەیتەوە ماڵ؟ لۆ هاتییەوە؟ لۆ خۆت بە دوای زێڕیدا گەڕابای، بزانە گەنجی قاروونت نەدەدیتەوە، بزانە قاسەی سلێمانت نەدەکردەوە؟
ئەمنیش پێی بڵێم گەلە گیان، ئەوەتە دۆزیومەتەوە!
ڕەنگی زێڕی لە چاوی بچەقێت، چاوی زەق دەبێت، توند لە باوەشم دەگرێت و بە خۆیم دەنووسێنێت، دەڵێم: بەرم دە ژنەکە بەرم دە، خنکام.
– لێرە سەر دەکەوین؟
شاژن لەو خەیاڵانەی پچڕاندم، ئاوڕم دایەوە تا وەڵامی بدەمەوە. چاوم نەی بینی، بە لایتەکەم بە ڕووناکی ئاراستەی چەند لایەک کرد، تا بیدۆزمەوە، چەند مەترێک لە دواوەی من وەستا بوو، بینیم شاژن بچووک بووەتەوە، ئێستە بەژنی کەمێک لە من کورترە، ملانەی لەگەڵ بگرم لە عەردی دەدەم.
ئاماژەی پێ دام خێرا بم، دوای ماوەیەک زۆر لە ڕێکردن، گەیشتبووینە بەر دەمی قەڵا و بە هەورازەکەی پێشی خۆم هەڵگەڕام. نزیک بووینە لە دیواری قەڵا، هێندەمان زانی دونیا یەک پارچە بووە ڕۆژی ڕووناک، بروسک تەزووی نارد و هەور گرماندی. سەرم بڵند کرد، تا سەیری لا دیوارە ڕوخاوەکەی قەڵا بکەم، بینم ڕەش دەنوێنێت، مێرووەکان وا خەریکن پێیدا هەڵدەگەڕێن، تەنیا شاژن تا وەکات لە دوای من مابووەوە. پەلێکی گەیاندە پشتم و گوتی: خێرا کە.
وەک شەوانی پێشوو، بە دیواری قەڵا هەڵزەنام و هەوڵم دەدا بچمە سەری. لەپڕ دای کردە ڕێژنە باران، دوودڵی کردم، نەمدەزانی ئاخۆ سەر بکەوم یان بگەڕێمەوە.
لایتێکم لای خوارەوەم دا، شاژن چاوەڕێی من بوو، بە سەری ئاماژەی پێدام بەردەوام بم. هەوڵێکی ترم دا و دەستی چەپم خستە سەر دیوارەکە و توند گرتم، بە دەستی ڕاستم کە لایتەکەم گرتبوو، هەوڵم دەدا مەچەکی ئەو دەستە بخەمە سەر دیوارەکە. خۆم کۆ کردەوە تا بەرز ببمەوە سەر دیوارەکە، لەپڕ کۆمەڵێک مێروو بەسەر دەستم هەڵگەڕان، دەستم لەسەر دیوارەکە کەمێک ترازا و پێی ڕاستم خلیسکا. پێڵاو لە پێم کەوت و پەنجەی گەورەم ئازاری پێگەیی. بە خێرایی خۆم ڕێکخستەوە، توند خۆم گرتبوو بەرنەبمەوە. سەرەتا وامزانی تەنیا هێرش کراوەتە سەر من وەک ڕێبەری مێرووەکان، بەڵام کە سەیری خوارەوەم کرد، شاژن لە شوێنی خۆی نەما بوو، کەمێک لەولاتر لەگەڵ کۆمەڵێک مێرووی دیکە شەڕ دەکرد و سەریانی قووت دەکرد. کە بەلایتەکەم سەیری مێرووەکانی ترم دەکرد، کۆمەڵ کۆمەڵ دەورە درا بوون.
یەکێک لە مێرووەکان هاواری دەکرد: مێرووخۆرەکان هاتن! کە ئاراستەی لایتەکەم لێ کردن، بینیم مێرووخۆرەکان بریتی بوون لە خمخۆک و پیسپیۆک، کە هێرشیان دەکردە سەر مێرووەکان، کاتێک دەگەیشتنە نزیک مێرووەکان، زمانێکی درێژیان دەردەهێنا و مێرووەکانیان لول دەدا و دەیانخستە دەمییان. دەنگی گوللە و زرینگەی شمشێر نەدەهات، بەڵکوو دەنگی نامۆترم دەژنەڤت، لە دەنگی شکانی شووشە دەچوو، یان دەنگەکە هی ئەوە بێت، کە منداڵێک لە تەنیشتت دانیشتبێت و شەکرۆکە بکرۆژێت. ئەوەی جەنگەکەی نابەرانبەر کرد بوو، مێرووخۆرەکان بوون. هەر چۆنێک بوو خۆم گەیاندە سەر دیوارەکە، بانگی شاژنم کرد، بە خێرایی بەناو نەیارەکانی هەنگاوی دەنا و بە دەم ڕێگەوە پێی لێ دەنان. بە دیوارەکە هەڵگەڕا و دەستێکم بۆ درێژ کرد تا پەلی بگرم و ڕایبکێشمە سەرەوە. گەیشتە سەر دیوارەکە لەلای منەوە وەستا، پەنجە گەورەی قاچم زۆر ئازاری هەبوو، لایتێکم لێدا، بینیم خوێنی لێ دەهات، لە ناوەڕاستی نیۆنەکە و تا کۆتاییی پەنجەم تەقی بوو. شاژن بانگی هەندێک مێرووی کرد، کە هێندە نەبوو گەیشتبوونە سەر دیوارەکە، پێی گوتن: تیماری کەن.
گوتم: جارێ نا دوایی.
لەسەر دیوارەکە مابووینەوە، ڕێژنەبارانەکە وەستا، بە لایتەکەم ناو قەڵام پشکنی، دیوی قەڵا پڕ بوو لە سوپای مێرووەکان و مێرووخۆرکەکان، دەبوو یان بڕیاری بەردەوامی جەنگ بدەین یانیش بکێشینەوە. شاژن هێندەی تر کێشی کەمی کرد بوو. کەلایتەکەم ئاراستەی دوورترین مەودای ناو قەڵات کرد، بینیم مێروویەکی دیکەی گەورە لە دوای هەمووان وەستا بوو، بەژنی بە قەد بەژنی ئێستای شاژن دەبوو. هاواری کرد: خۆت بەدەستەوە بدە پیرێژن، بەهێزتر دەبم و گەورە تر دەبم. زانیم لەگەڵ شاژنیەتی. هێشتا ئێمە بڕیارمان نەدا بوو ئاخۆ بەردەوام بین یان نا، ئەوان هێرشێکی تریان دەست پێ کرد، لە ڕێگەی مێرووی باڵدار پەلاماریان داین، مێروو بە هەموو گیانمدا هەڵدەگەڕا، گازیان لێدەگرتم. مێرووی باڵدار خۆیان بە دەموچاومدا دەدا. تا دەهات ژمارەی هێرشبەران زیاتر دەبوو، وای لێ هات تەواوی لەشیان دا پۆشیم. هاوسەنگی خۆمم لە دەستدا و بە دیوی قەڵاتدا بەر بوومەوە، بێهۆش کەوتم، ئیتر نەمزانی مێرووەکان چیان بەسەر هات.
هێشتا چاوم نەکرابووەوە، دەنگی گەلە دەهاتە گوێم، خۆی لە عوسمان و عولە و خولەی تووڕە دەکرد. چاوم هەڵگوفت، وردە وردە کردمەوە، بە دەوەری خومدا ڕوانیم، بینیم لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە کەوتووم، خولە دەیگوت: ئێمە زووتر گەڕاینەوە ماڵەوە، ئەو بێتاقەت بوو، دەیویست زیاتر بمێنێتەوە، نەمانزانی دەچێتە قەڵا و لە دوای کوپەی دەگەڕێت و وای بەسەر دێت، دەنا بەجێمان نەدەهێشت.
گەلە دەیگوت: تەواوی ئەمڕۆ بە دوایدا گەڕاوین، کە دۆزیمانەوە، لەناو قەڵای کەوتبووە ناو قوڕ و لیتە. مێروو لێیدا بوو.
عولە دەیگوت: هەر باشە ماوە. کوپەی زێڕ مێشکی ئەو کوڕەی تێکداوە.
هەموو گیانم ئازاری هەبوو، هەستم دەکرد پێستم بەتەواوی سووتاوە. نەمدەتوانی هیچ قسەیەک بکەم، پەرستارێک هات پەنجەی پێی تەداوی کردم، کەمێک خۆم قیت کردەوە، بەڵام نەمتوانی زۆر سەرم بەرز بکەمەوە، ڕوانیمە پەنجەی گەورەم، خاڵی بچووکم دەبینی لەسەر برینەکەم، نەمزانی سەری مێروو بوو، یان بە داو تەقەڵیان لە برینەکەمدا بوو.
پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە، دوای پێدانی ڕێنماییی دکتۆر دەبوو بگەڕێینەوە ماڵەوە. گەلە لە دەرەوە لەگەڵ دکتۆرەکان دەدوا و ڕێنمایی وەردەگرت، منیش لە پەنجەرەوە دەمڕوانییە دەرەوە. پێش ئەوەی پەنجەرەکە جێ بێڵم، لەسەر دەلاقەکەی مێروویەکی بچووکم بینی ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد، وەک ئەوەی شتێکی لەبیر چووبێتەوە و هەوڵ بدات بیری بێتەوە.
بە خۆمم گوت: دەبێت ئەوە شاژن بێت، دوای ئەو هەموو ماوەیە تەواوێک کێشی لەدەست داوە و ئێستا مێروویەکی ئاسایییە، چاوی لە دەستی منە، کارێکی بۆ بکەم. سەیرێکی دەوروبەرم کرد، کەس دیار نەبوو، بە پارچە کاغەزێک کە لەوێ کەوتبوو، مێرووەکەم پێی هەڵگرت و خستمە گیرفانی کراسەکەم، دەمم لە گێرفانەکەم نزیک کردوە و چرپاندم: دەتگەیەنمەوە سەر تەختی خۆت، خاتوونەکەم، جارێکی دیکە هەوڵ دەدەینەوە.