ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد به مەبەستی بووژاندنەوەی کەلەپووری کولتووری

ئەمڕۆکه ناوەڕۆکی سازکراو به ژیریی دەستکرد سەرانسەری سۆشیاڵ میدیای تەنیوە. لەوانەیە به دەگمەن هەڵبکەوێت چەند خولەکێک لەسەر ئینستاگرام یا تیک تۆک سکرۆڵینگ بکەیت و یەکێک یا کۆمەڵێک لەو چەندان ڤیدیۆیەی دەیانبینیت، چێکراوی ژیریی دەستکرد نەبن– مەگەر ئەوەی ئەلگۆریتمێکی تۆکمەی دژە ژیریی دەستکردت «خشت به خشت» سەر یەک نابێت. ناوەڕۆکی دەستکرد هەم شێوە و هەم کارکردی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانیان گۆڕیوە. له ڕێگای بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانه (misinformation) له قاڵبی ناوەڕۆکی دەستکرددا، هەوڵ بۆ گۆڕینی زەوقی هونەری و بۆچوونی سیاسیی تاکەکان دەدرێت. بۆیه هەندێک کەس باس لە بەجێهێشتنی یەکجارەکیی سۆشیال میدیا و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ دونیای ئیمەیل دەکەن (Riksantikvarieämbetet, 2025). ئەمە لە کاتێکدایه که ژمارەی خوازیارانی ناوەڕۆکی بەرهەمهاتوو به ژیریی دەستکرد ڕۆژ له دوای ڕۆژ زۆرتر دەبێت. کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ئەی. ئای. (AI) لەوانه داهێنەری، وردبینی و خێراییی سەرسوڕهێنەری له بەرهەمهێناندا وای کردووە ئەم دیاردە نوێیه جێ به شێوازە کۆنەکانی ئافرێنەریی مرۆڤ تەنگ بکات. ئەم ئاسانکارییانه ڕێگەیان بۆ چالاکتربوونی ناوەڕۆکسازان (content creator)ی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆش کردووە. ئێستاکه به مەبەستی بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی، تابلۆی هونەری یا هەر چەشنە میوزیکێک، چیتر پێویست به ڕاهێنانی سەختی پێشوەخته ناکات؛ بەڵکوو هەموو کەسێک دەتوانێت بهسانایی له ڕێی نووسینی چەند فەرمان (prompt)ی سادەوە لەسەر هەرکام له پلاتفۆرمەکانی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەر (generative AI)، ناوەڕۆکی «تازە»ی داهێنەرانه درووست بکات.

ژیریی دەستکرد هەروەها له بواری گەشە و پاراستنی کەلەپووری کولتووری‌دا بەکار دێت. بەهۆی خێرایییەکەیەوە، ئەی. ئای. دەتوانێت کۆمەڵێک ئەرکی تاقەتپڕووکێن له ماوەی چەند چرکەدا جێبەجێ بکات، که ئەگەر مرۆڤ ئەم ئەرکانه ئەنجام بدات، درێژ دەخایەنێت. حکوومەتی سوید ساڵی ٢٠١٧ بەڕاشکاوی ڕایگەیاند که ئەو وڵاته پێویسته له بواری دیجیتالیسێرینگ (digitalisering) واته بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، له هەموو جیهاندا «یەکەمی بێ‌ڕکابەر» بێت (Regeringskansliet, 2017, s. 1). ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لهپێناوی پاراستن و نواندنەوەی کەلەپووری نیشتمانیدا پێشوازیی گەرم له بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ژیریی دەستکرد بکرێت. ئەگەرچی، ئەم دڵئاوەڵاییه کاردانەوەی نەرێنییشی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە، ساڵی ٢٠٢٥ له پێشانگایەکی مۆزەخانەی گشتیی شاری مالمۆ، وێنە ئارشیڤیەکانی کەمپەکانی قڕکردنی جووەکان (förintelseläger) بووژێنرابوونەوە -لەڕێگای ژیریی دەستکردەوە جوانکاریی بۆ وێنەکان کرابوو- که سەرنج و ڕەخنەی توندی بۆ لای خۆی ڕاکێشا (Sydsvenskan, 2025). لە پێشانگاکەدا وێنەی قوربانییەکانی کەمپەکانی قڕکردن به شێوازێکی جیاواز تازه کرابوونەوە؛ ڕوخساری کەسەکان زیندووتر و ماکیاژیان بۆ کرابوو. وێنە دەستێوەردراوەکان تا ئاستێکی زۆر له ڕاستییەوە نزیکن، بەڵام بەدیکرانی کۆمەڵێک جیاوازیی ورد، سنووری نێوان ڕاستی و قەڵسیی دەستنیشان دەکات؛ ئەمەش پرسی خەرەفاوی (hallucination) و متمانەپێنەکراوی (otillförlitlighet)ی ژیریی دەستکرد دێنێته ئاراوە (Cox, 2024) و (Bjuréus & Johansson, 2026). ژیریی دەستکرد لەسەر شێوەی داتا بەردەستەکان زانیاریی نوێ و خەیاڵکرد دەئافرێنێت، له ڕێگای ئەو زانیارییانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی هاوکێشەکان دەدات و ئەنجامێکی کۆتایی دەخاته بەر دەست، که هەمیشه جێی متمانە نییه.

blank
مۆزەخانەی گشتیی شاری مالمۆ، سوید، ٢٠٢٥، وێنه: Malin Palm

بەم دوایییانه هونەرمەندێکی لاو که به مەبەستی «زیندووکردنەوە»ی کەلەپووری کولتووری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی له بواری شیعر و مۆسیقادا، ژیریی دەستکرد بەکار دەهێنێت، له ڕێگای ئارشیڤی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی هونەرمەندی نەتەوەییی مەرزیە فەریقی‌یەوە ریڵێکی ئینستاگرامی بەرهەم هێنابوو که تێیدا بە دووقۆڵی لەگەڵ مەرزیه گۆرانییان پێشکەش دەکرد. وێنە و جووڵەکانی مەرزیە فەریقی لەم گرته ڤیدیۆییە دەستکردەدا ئەگەرچی تا ڕادەیەکی زۆر له ڕاستییەوە نزیکن بەڵام به دوو هۆکار نواندنەوە بۆ قەڵسیی کارکردی ئەی. ئای. دەکەن. یەکەم، ئەم ڤیدیۆیە تەعبیر له ساتەوەختێکی ئەزموونکراوی ڕاستەقینە ناکات. واته هونەرمەند مەرزیه نه لەو شوێنە بووه، نه لەگەڵ هونەرمەندە لاوەکە ئەو سترانەی گوتووەتەوە. ڤیدیۆکە تۆماری ساتەوەختێکی ژیانی ڕاستەقینە نییه، بەڵکوو له پێکەوە لکاندنی تایبەتمەندییە دیتبارییەکانی هونەرمەند مەرزیەوە بەرهەم هێنراوە. دووهەم، زۆرینەی شوێنکەوتووانی لاپەڕەکەی ئەو هونەرمەندە لاوە هەم مەرزیه و هەم بەرهەمه هونەرییەکانی به موڵکی گشتی و کەلەپووری نەتەوەیی دەزانن– ئەوان بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ریڵەکەوە دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن و لەسەر ئەو خاڵە کۆکن که بەرهەمهێنانی وەها ناوەڕۆکێک پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگره. لە کاتێکدا وەکچۆن توێژینەوەکان دەریدەخەن، ئەی. ئای. بە ئاشکرا مافی بڵاوکردنەوە پێشێل دەکات، واته بەبێ خواستنی ئیزن له تاک یا کۆمپانیای بەرهەمهێنەر، به مەبەستی بەدەستخستنی داتای پێویست دزە دەکاته ناو پێگە دیجیتاڵییەکان و له ڕێگەی دەستێوەردانەوە (manipulation) ناوەڕۆکی نوێ بەرهەم دەهێنێت. مانگی جوڵای ٢٠٢٦ کۆمپانیای ئۆپێن ئەی. ئای. (OpenAI) ڕایگەیاند که باتەکانی ئەو کۆمپانیایە خۆسەر هەڵیانکوتاوەتە سەر کتێبخانەیەکی دیجیتاڵ و داتایان لێ بە تاڵان بردووە (Conger, 2026). ئەم داتایانه دواتر بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی داهێنەرانه وەک دەقی زانستی و ئەدەبی و جۆرەکانی‌تری نووسین دەکار دەکرێن. ئارشیڤە دیتبارییەکان، بەتایبەتی ئەگەر کراوە و نەپارێزراو بن، له هەمبەر هێرشی بەردەوامی باتەکانی ژیریی دەستکرددان. ئەو باتانه زانیارییەکان، به مەبەستی بەکارهێنانی دواتر، له ژێرخانەکانی ئەی. ئای. دا کۆ دەکەنەوە. هاوکات بەکارهێنەران خۆیان، زۆربەی جارەکان بەبێ‌ ڕەزامەندیی خاوەن بەرهەمەکان، مەتریاڵ دادەبەزێننە سەر پلاتفۆرمەکانی ئەی. ئای. بۆ ئەوەی لە ڕوویانەوە ناوەڕۆکی نوێ ساز بکەن.

تەنانەت ئەگەر ڕەزامەندیی خاوەنی بەرهەمێک وەربگیرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێکی چێکراو له ڕووی مەتریاڵە ڕەسەنەکەوە، پێویسته چاوپۆشی لەو خاڵە نەکرێت که هەڵگرتن و بەکارهێنانی داتاکانی بەرهەمە سەرەکییەکه بەبێ ئیزنی خاوەنی بەرهەمەکه ئەنجام دەدرێت. جگه لەمە، ژێرخان (databas)ەکانی ئەی. ئای. به هەوڵی هەزاران کرێکاری هەژار له وڵاته کەمتر گەشەسەندووەکان درووست بوون. کرێکارەکان به مەبەستی پێکهێنانی ژێرخانێکی بەرفراوان له داتاکان، هەژمارێکی زۆر وێنه، گرتەی ڤیدیۆیی و تۆماری دەنگیی بۆ سیستەمی ژیریی دەستکرد ڕاڤه دەکەن، بۆ ئەوەی ماکینەکان فێری بەرهەمهێنان ببن (Cox, 2024). لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەرکی فێرکاریی سیستەمەکانیان سپاردووەته کرێکارانی کەم داهات له سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی له وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا؛ که ئەم دیاردەیە وەک چەوساندنەوەی وڵاته هەژارەکان و بەکۆیلەکردنی کرێکاره خەسارگرەکان له سەردەمی دیجیتاڵدا پێناسه دەکرێت.

بەرهەمەکانی هونەرمەند مەرزیه فەریقی، وەک ئارشیڤی دەنگ و ڤیدیۆی تۆمارکراو دەشێت بەشێک بن له کولتووری گشتی؛ واته هاونیشتمانیان خۆیان به خاوەنی ئەو ژێرخانە بەنرخه نەتەوەیییە بزانن، دووبارە و چەند بارە گوێ له گۆرانییەکان بگرن و سەیری گرته ڤیدیۆییەکان بکەنەوە، یاخود وەک مافی تاکەکەسی، ئەو بەرهەمه ئارشیڤکراوانه بۆ مەبەستی دڵخواز به شێوەی جۆربەجۆر بەکار بهێننەوە. هاوکات، پرسیارێکی گرینگ ئەوەیه ئاخۆ دووبارە ژیاندنەوەی دەنگ و جووڵەی هونەرمەندێکی کۆچکردوو به شێوەیەک که ئەم تایبەتمەندییانه له ناوەڕۆکە دەستکردەکەدا دەقاودەق و یەکانگیر نین لەگەڵ ڕاستی و کەموکووڕیی دیتبارییان هەیە و سەرەڕای ئەمه، له پێکهاتەی مەتریاڵە ڕەسەنەکەدا دەستێوەردان کراوه، چۆنه بەم ڕێژەیە لایەنگری بەتاووتینی هەیە. دوای داواکاریی ڕاستەوخۆی هونەرمەند ناسر ڕەزازی، که تا ڕۆژی کۆچی دواییی مەرزیه فەریقی هاوڕێ و هاوژینی بوو، ئێستاش مافی خاوەندارییەتیی بەرهەمە هونەرییەکانی لهئەستۆ گرتووه، ناوەڕۆکە دەستکردەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سڕدرایەوە. ئەمەش کاردانەوەی لایەنگرانی ریڵەکەی لێکەوتەوە؛ هەندێک کەس هێرشی توندیان کرده سەر هونەرمەند ناسر ڕەزازی و بەهۆی ڕەزامەند نەبوونی له بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکه دەستکردەکە، تەنانەت تۆمەتی «پیاوسالار»بوونیان خسته پاڵ.

جیا له سرووشتی تامەزرۆییی مرۆڤ بۆ دیتنی مەتریاڵەکان له شێوەی نوێدا و هەروەها کارامەییی بێ‌وێنەی ئەی. ئای. له تازەگەریی ناوەڕۆکەکاندا، ڕەنگه کۆمەڵێک پاڵنەری دەروونی-کۆمەڵایەتیی دیکە هۆکار بن بۆ خولیای لەبڕان‌نەهاتووی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرخۆرکردنی ناوەڕۆکی دەستکرد. جیا لەمە، گەشەی خێرای جیهانی دیجیتاڵ بووەته هۆی لێک دوورتربوونەوەی ڕۆژ له دوای ڕۆژی نەوەی نوێ له جیلی پێش خۆی. به جۆرێک کە جیهانبینیی ئەم دوو نەوه و مامەڵەکردنیان لەگەڵ مەتریاڵەکان و نامەتریاڵەکان تا ڕادەیەکی بنەڕەتیی لێک جیاواز دەنوێنێت. بۆ نموونە، نەوەی سەردەمی دیجیتاڵ بەهۆی ئامادەییی بەردەوامی ژیریی دەستکردەوە، ڕوانینێکی جیاوازی بۆ «ڕاستی» هەیه. ئەی. ئای. نەک بەتەنها ئامرازێکی نوێ بۆ نواندنەوەی ڕاستیی ژیانی سەردەم، بەڵکوو دەشێت خۆی بەشێک بێت له ڕاستی. لە کاتێکدا بۆ نەوەی بەر له جیهانی ئەی. ئای. ڕەنگه قەبووڵکردنی جیهانی ناوەڕۆکه دەستکردەکان دژوار و تەنانەت لەباری دەروونییەوە ئازاردەر بێت. له نموونەکەی هونەرمەندی کۆچکردوو مەرزیه فەریقی‌دا، جیا له پێشێلکرانی مافی بڵاوکردنەوەی بەرهەم، ڕەنگه بەرهەمهێنانی کۆپییەکی زۆر لە ڕاستی نزیک بەڵام قەڵسی دیجیتاڵی لە ڕووی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی مەرزیەوە، ئەوەندەی لای هۆگرانی ناوەڕۆکە نوێیەکان سەرنجڕاکێشه، له دڵی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا نەبێته مایەی دڵخۆشی. لێدوان له هەردوو ئەم بابەتانە له شارەزاییی من دوورە. ئەوەی ئاشکرایه، ئیتر ژیریی دەستکرد بووەته بەشێکی دانەبڕاو له ژیانی ئێمه و بەرەنگاربوونەوە و هەوڵی ڕاگرتنی شەپۆلی ناوەڕۆکە دەستکردەکان ڕێتێچوو نییه. ئێستا ڕەنگه زیاتر له هەموو شتێک پێویسته بابەتی وەک چۆنیەتی و تا چ ئاستێک بەکارهێنانی ئەی. ئای. و پرسەکانی پەیوەست به ڕەوشت (etik) له بووژاندنەوەی کەلەپووری کولتووریدا، بخرێنه بەر لێدوان و، لێکۆڵینەوەی زانستییان لەسەر بکرێت.

سەرچاوەکان

Bjuréus, U. & Johansson, J. (2026). AI i sociala medier: Hur påverkar förekomsten av AI-genererat innehåll kvinnor och mäns tillit till sociala medier? [Kandidatuppsats, Linnéuniversitetet].

Conger, K. (2026). OpenAI says its A.I. models went rogue and attacked a digital library. The New York Times, 21 juli.Tillgänglig: https://www.nytimes.com/2026/07/21/technology/openai-attack-hugging-face.html [Hämtad 2026-11-19].

Cox, A. (2024). Algorithmic literacy, AI literacy and responsible generative AI literacy. Journal of Web Librarianship, 18(3), s. 93–110. https://doi.org/10.1080/19322909.2024.2395341

Regeringskansliet (2017). Hur Sverige blir bäst i världen på att använda digitaliseringens möjligheter – en skrivelse om politikens inriktning (Skr. 2017/18:47). Stockholm: Näringsdepartementet. Tillgänglig:https://www.regeringen.se/contentassets/95f8ed6239b84d9d86702bcaebe391b7/hur-sverige-blir-bast-i-varlden-pa-att-anvanda-digitaliseringens-mojligheter–en-skrivelse-om-politikens-inriktning-skr/ [Hämtad 2026-11-19].

Riksantikvarieämbetet (2025). Nytt oberoende nätverk för digitalt kulturarv. Tillgänglig: https://www.raa.se/omvarld-och-insikt/nytt-oberoende-natverk-for-digitalt-kulturarv/ [Hämtad 2026-11-19].

Sydsvenskan (2025). Undersök hur AI-förbättrade bilder på Förintelseoffer blev till. Sydsvenskan, 8 maj. Tillgänglig:https://www.sydsvenskan.se/malmo/undersok-hur-ai-forbattrade-bilder-pa-forintelseoffer-blev-till/ [Hämtad 2026-11-19].

Riksantikvarieämbetet (2025). Det är viktigt att klargöra hur AI används för att bearbeta historiskt material. Tillgänglig: https://www.raa.se/omvarld-och-insikt/det-ar-viktigt-att-klargora-hur-ai-anvands-for-att-bearbeta-historiskt-material/ [Hämtad 2026-11-19].

مۆزەخانەی گشتیی شاری مالمۆ، سوید، ٢٠٢٥، وێنه: Malin Palm

blank
دەربارەی نووسەر
باوەڕ مەعرووفی

وەرگێڕ و وانەبێژی زمان دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی کوردستان، سنە خوێندکاری ماستەر لە بەشی مێژووی مۆدێرندا لە زانکۆ ئەستەمبۆڵ، تورکیا ئەندامی گرووپی وەرگێڕانی بێسنوور TWB زمانەکان: کوردی (سۆرانی و کورمانجی)، ئینگلیزی، فارسی، تورکی

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە