پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەوە کێیە لە بری “تۆ” دەژی؟ ئایا ئەو وێنە ڕازێنراوە، وێنەی ڕاستەقینەی خۆتە، یان پاڵەوانی خەونەکان و پێشبینیی خەیاڵیکراوەی منداڵییە لە گۆشەیەکی هۆشتدا پایەدارە؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ ئێمە ژیانی خۆمان ناژین، بەڵکوو ڕۆڵێک لە شانۆگەرییەکی “کاتی ئەلکترۆنی” دەگێڕین، کە لە ڕێی شاشەکان و ڕۆشنبیریی بەکاربەرەوە نووسراوە؛ ئەمڕۆ چێژیان ئەندازەسازی کردووە، ترسەکانیان داڕشتۆتەوە و سنووری ئاواتەکانیان دیاری کردووە تا ئەوەی وەکـ بوونەوەرێک کە بە پەتە نەبینراوەکان بەستراوەتەوە و جووڵە دەکات و کەچی خۆی پێ ئازادە، تەنها لەبەر ئەوەی بەندیخانەکە نابینێت.
ئەگەر هەموو ئەو وێنە ڕازێنراوە و کۆپیکراوانە بسووتێنین، ئایا لە بنەڕەتدا هیچ بە ناوی “ئەسڵ” وجودی هەیە؟ یان بۆت دەردەکەوێت کە هەر بۆشایییەکی ڕههایت؟ ئایا تۆ لە پێکهاتەی ئەم بوونەدا بیرۆکەیەکی ڕەسەنی، یان تەنها زێدە- بەرهەمێکی و ئەرکی لۆگاریتمەکان بەجێ دەهێنی؟ واتە (بچووککردنەوە و ئاسانکردنی ژمارە و پەیوەندییە توانییە ئاڵۆزەکان بۆ کردارە بنەڕەتییەکان، داڕشتنەوەیان بە شێوەی پێوەری گونجاو، دەستنیشانکردنی تێکڕای گەشە و گۆڕانکارییە سروشتی و زانستییەکان.)
هەڵبەتە بڕوابوون بەوەی ژیان و گەردوون هیچ مانایەکی ڕەها، ئامانج یان بەهایەکی بنەڕەتی نییە، وەک لە تێڕوانینە ناسراوەکانی “ئارتور شۆپنهاوەر” دەردەکەوێت، کە پێی وایە بنەمای گەردوون “ئیرادە”یەکی کوێرانە و بێئامانج بەڕێوەی دەبات، هەمیشە جیهان بەرەو ئازارمان دەکاتەوە، یان وەک ” پیتەر وەسل زاپفە”ی فەیلەسوفی بوونگەرا، یاساناس و نووسەر و شاخەوانی نەرویجی و بێڕەحمترین بیرمەندی سەدەی بیستەم لە پێشەنگەکانی دژە-نەسلگەراییی ئەخلاقی، کە هەمیشە مرۆڤ وەک “هەڵەیەکی بایۆلۆجی” دەبینێ و پێی وایە باشترین و ئەخلاقیترین بڕیارێک کە مرۆڤایەتی بتوانێت بیدات، ڕاگرتنی ڕەگەزی خۆیەتی بە ویستی خۆی، تاوەکوو کۆتایی بەو زنجیرە ئازار و بێماناییە بهێنرێت.
پوختەی بیرکردنەوەکانی زاپفە کە بشێ لەگەڵ ئەو وتارەدا بگونجێ، ئەوەیە کە پێی وایە هۆشیاریی مرۆڤ گەشەیەکی بێسنووری بەخۆیەوە بینیوە، کە لەگەڵ سروشت و تواناکانی گەردووندا ناگونجێت. بەم جۆرە بەراوردی مرۆڤ بە جۆرە ئاسکێکی ئیرلەندی دەکات، کە قۆچەکانی هێندە گەورە دەبن، لە بری ئەوەی ببنە هۆی پاراستنی، بوونەتە ڕێگر بۆ جووڵەی ژیان و جووڵەی ناو دارستان و دابینکردنی وزەی پێویست. پیتەر زاپفە بارگرانی بوونی ئەو قۆچانە وەک (زێدە-هۆشیاری) لە بەرامبەر تێفکرینی قووڵ، درککردن و ڕامان و گەڕان بەدوای مانا و سروشتدا، دەبینێ، کە ئەمڕۆ لە جیهانی بێ دەرەوەست و بێمانادا بووەتە بارێکی دەروونیی هێندە قورس کە مرۆڤ پێی هەڵناگیرێت، یان کاتی بۆ هەڵگرتنی نییە؛ نەک هەر هێندەش بەڵکوو هۆی مەرگەسات و ئازاری بەردەوامی مرۆڤایەتییە.
پیتەر زاپفە پێی وایە زێدە-هۆشیاری: (ئایین، ئایدیۆلۆژیا، نەتەوە، خێزان…) بۆ ئەوەیە لە جیهانێکدا کە هیچی لەم شتانە بۆ هەستکردن بە ئاسایش و مانا تێدا نییە، جیهانێکـ دروست دەکات. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو جیهانە بێتە هۆی پاراستنی ئاسایش و حەز و خولیا و خەونەکانی مرۆڤ، وەک قۆچەکانی ئاسکە ئیرلەندییەکە تەواوی جوولەی ژیان و ئازادی ئابڵوقە دەدات. بە هەمان شێوەش زێدە-هۆشیاریی “تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی” گەڕانەوە بۆ فکر و واقیع، بە گەڕانەوە بۆ دواوە و کۆنەپەرستی- دەبینێ!. بۆیە بە هەمان میکانیزم زێدە-هۆشیاریی (شاشە) دووبارە زیندانێکی ڕازاوەی ڕووتی هونەری لە خێرایی و فرە-زانیاری و فرە-چێژ بۆ مانا قووڵ و خەون و خەیاڵە مرۆیییەکان لە (وێنەیەکی کۆپیکراودا) دروست دەکاتەوە، زیندانێکـی کۆپیکراوی دیجیتاڵی، زیندانێکـی میتا- واقیعی، زیندانی زێدە- هۆشیاریی شاشە. ئەمڕۆ دنیای تەکنەلۆژیا، بە دنیای زێدە- دیجیتاڵییەکانەوە دەنازێت، وەک نوسخەی دیکەی زیندانەکانی پێشوو.

(1)
کاتی ئەلکتڕۆنی، لە زیندانی زێدە- هۆشیاریی شاشەدا چییە؟ هەڵبەتە ئەو کاتەیە کە خێراییی زانیاری و زێدە-زانیاری و ڕووداوەکان لە کاتێکی یەکساندا بە هەمووان دەگەیەنێت. مەبەست لەوەیە کە (ڕابردوو/ئێستا/داهاتوو) تێکەڵ بەیەک دەبن. ئەو بیرۆکەیەش نزیکە لە جیهانی سیمولاکرا (simulation) کە تێیدا ڕاستی و وێنە تێکەڵ دەبن. کەواتە ئەگەر پۆستمۆدێرنە شکاندنی مانای یەکگرتوو بێت، ئەوە کاتی ئەلکتڕۆنی لە شکاندنی (کات و ناوەند)دا خۆی دەبینێتەوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی بونیادی هێڵیی کاتی. هەڵبەتە لە سەردەمی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، شکاندنی کات و ناوەند لە چەمکێکی تیۆریی شانۆیی و فەلسەفییەوە بەرەو واقیعی ڕۆژانەی دیجیتاڵی گوازراوەتەوە. چونکە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی سەرلەبەری ئەو سنوورانەی سڕییەوە کە پێشتر ڕەهەندەکانی ڕووبەر و کاتیان ڕێک دەخستەوە. تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی واقیعی ژیانی کردۆتە جۆرێک لە “شانۆگەریی وێنەییی بەردەوام” کە تێیدا چەمکە کلاسیکییەکانی وەک سەرەتای ڕووداو، ئامادەییی جەستەیی و سنووری ناوچەیی هیچ ڕۆڵێکی تێیدا وازی ناکەن.
ئیتر لە کۆمەڵگای دیجیتاڵیدا خێرایی، زێدە-پەستێنراو، تێکەڵ بە بوونی ڕاستی و میدیایی دەبێت؛ بەم جۆرە ڕۆژانە دەکەوینە لادانی بێسنووری شوێن و کات، چونکە نە هیچ مانایەکی جێگیر هەیە، نە مانا دەگوازرێتەوە، نە ڕاستییەک لە ئارادایە، جگە لە دروستکردنی «مانای فلاش»، دروستکردنی مانایەکی بەپەلە، دەستبەجێ و چرکەیی بۆ مێشکی وەرگر- بەکاربەر. بەو مانایە دەتوانین بڵێین کاتی ئەلکتڕۆنی گواستنەوەی مانایە لە جێگیربوونەوە بۆ ئاستی سفر-مانا، یان بۆشایی!. چیتر مانا وەک هۆشیاری سەیر ناکرێت، بەڵکوو دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوامی کۆپیکراو، دەبێتە گواستنەوەی بێکۆتایی لەنێوان (نمایش/دیمەن) و (وەرگری بەکاربەر)دا.
(2)
چەمکی میدیۆلۆژیا (Médiologie) یان (ناوەندناسی) قسەکردنە لە بوارێکی فکری و ڕەخنەیی کە لەلایەن فەیلەسووف و بیرمەندی فەرەنسی (ڕێژی دۆبرێ) لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەمدا داڕێژراوە و لە کتێبی (حياة الصورة وموتها، تأليف ريجيس دوبري، ترجمة فريد الزاهي- ط ١٩٩٢، عن مؤسسة هنداوي) خراوەتەڕوو؛ لەوێدا دۆبرێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بیرۆکەیەک -چ ئایینی بێت یان سیاسی- بەبێ هەبوونی دامەزراوەکان، تەکنەلۆژیا و ئامرازی ماددییەوە کە پێی دەڵێن (میدیۆم) ناتوانێت لە مێژوودا بە تەواوی قسەی لێبکرێ و بێتە دی.
ئاماژەکردن بە چەمکی “وێنە” لەو کتێبەدا تەنها ڕستەسازی نییە، بەڵکوو چەمکێکی سەرەکی و بابەتی لێکۆڵینەوەیە کە دەکەوێتە بەر نەشتەرگەریی فکرییەوە؛ کتێبی “حیاة الصورة وموتها” یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی بواری دیراساتی وێنە و ڕاگەیاندن، کە تێیدا مێژووی بینین و گەشەسەندنی وێنە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا شی دەکاتەوە. لەو کتێبەدا سێ سەردەمە سەرەکییەکەی وێنە دەناسێنێت. یەکەم، سەردەمی دەست و نەخشکاری کە تێیدا وێنە وەک “هێمای پیرۆزی”ی ئایینی سەیر دەکرێت، چونکە خۆی خاوەنی ڕۆح یان هێزێکی ڕۆحییە و بۆ پەرستش یان ڕێوڕەسمە ئایینییەکان، وەک پەیکەری خوداوەندەکان یان ئایکۆنە ئایینییەکان. دووەم، سەردەمی هونەری- چاپخانە، وێنەکێشان- گواستنەوەی هێمای پیرۆزییە بۆ “هونەری” یان شێوازێک کە هەوڵ دەدات واقیع یان ڕۆحی ڕەسەنی شتەکان وەک خۆیان بە تەواوکراو دروست بکاتەوە/ بژێنێتەوە، و دواتر فۆتۆگراف؛ بەم جۆرە وێنەی لە ڕەهەندە ئایینییەکەی دەکرێتەوە و وەک شێوازێکی هونەری تەماشا دەکرێت؛ بەو مانایەش ڕازاندنەوە و جوانی، داهێنانی هونەرمەند و نوێنەرایەتیکردنی واقیع، دەبێتە پێوەر و وێنە دەبێتە شتێک بۆ سەیرکردن و هەڵسەنگاندنی جوانکاری. سێیەم، سەردەمی بینراو- تەلەڤزیۆن، شاشە و میدیا دیجیتاڵییەکان- کە لێرەدا بە (زێدە- هۆشیاریی شاشە) ناومان بردووە.
لە سەردەمی بینراو یان لە زێدە- هۆشیاریی شاشەدا وێنە لە هونەرەوە بۆ «پەیام» دەگۆڕێت یان بۆ زانیاریی زێدە-خێرا. بەو مانایەش وێنە لە ڕێگای پەیام و زانیارییەکانەوە واقیعێکی دیکە دروست دەکاتەوە نەک تەنها کۆپی بکات. سەردەمی بینراو (زێدە- هۆشیاریی شاشە) هەمیشە جەخت لەسەر کاتیبوون، لەخۆوەبوون و چێژ و سەرنجڕاکێشانی بینەری بەکاربەر دەکاتەوە.
ڕێژی دۆبرێ لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە وێنە لە سەردەمی شاشەدا بەهای ئایینی و هونەری خۆی لەدەست دەدات؛ چونکە وێنە زیاد لە پێویست دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەمەش جۆرێک لە «مردنی وێنە» ڕادەگەیەنێت، واتە سەردەمی شاشە بە قۆناغی «مەرگی وێنە» دادەنێت، چونکە کاتێک هەموو شتێک دەبێتە وێنە، وێنە مانای قووڵی خۆی لەدەست دەدات. بەڵام بیرکردنەوەی ژان بۆدریار بۆ وێنە، بەو مانایە دێت کە وێنە نەک هەر دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەڵکوو چیتر نوێنەرایەتیی ڕاستی ناکات، بەڵکوو دەبێتە جێگرەوەیەکی ساختەی ڕاستی.
(3)
ژان بۆدریار ڕەخنەی توند لە کۆمەڵگای پۆستمۆدێرنە و ڕاگەیاندن و کۆمەڵگای بەکاربەر دەگرێت، لە کتێبی (ژان بۆدریار- وەرگێڕانی، هاوارمحەمەد، ڕەزوان حەسەن- لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا بۆ فکرو لیکۆڵینەوە- 2019.) و نووسینەکانی دیکەیدا زیاتر دەربارەی کۆمەڵگای بەکاربەر، سیاسەتی فریودان، لەبەرگرتنەوە، زێدە-واقیعی دەنووسێت. ئەو پێی وایە لە تێگەیشتنی کلاسیکدا، وێنە «نوێنەرایەتی»ی شتێکی ڕاستەقینەی دەکرد، تابلۆیەک، وێنەیەکی فۆتۆگرافی، فیلمێک، بەڵام ئەمڕۆ وێنە چیتر ڕەنگدانەوەی ڕاستی نییە!. بەڵکوو «واقیعێکی جێگرەوە» دروست دەکات، ئەو واقیعە جێگرەوەیە وادەردەکەوێت کە «لە واقیعی ڕاستەقینە، واقیعیترە».
کەواتە لەمڕۆی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا وێنە بە زمانێک «دەدوێت» کە دیزاین کراوە بۆ چێژ و کاریگەری دروستکردن، نەک تەنها بۆ گەیاندنی زانیاری، بەو مانایەش وێنە ئامێرێکی بەرهەمهێنانی واتایە بۆ واقیعێکی وەهمی، کە لەنێو میدیا و بەکاربەرێتیدا، لەنێو (زێدە- هۆشیاریی شاشە)دا کار دەکات و جارێکی دیکە هۆشیاریی مرۆڤ بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، دایدەڕێژێتەوە… واتە وێنە تەنها ئامرازێکی سیاسیی درۆزن نییە، بەڵکوو ئامرازێکی فەلسەفییە کە واقیعی بەتەواوی سڕیوەتەوە، بەتەواوی خۆی لە « واقیع» دابڕیوە و بووەتە جێگرەوەی واقیع، نەک هەر هێندەش بەڵکوو بووەتە جێگرەوەی واقیعێکی دەستکرد، کە لە خودی واقیع سەرنجڕاکێشتر و «واقیعیتر» دەبینرێت، وەک ڕووداوە میدیایییەکان و جیهانی دیجیتاڵ. کەواتە لە سەردەمی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و کۆمەڵگای بەکاربەردا واقیع کوژراوە و نەماوە؛ تەنها میتا-واقیع بوونی هەیە.

(4)
پەیامی مێژوویی و فەلسەفیی کتێبی “حیاة الصورة وموتها”ی ڕێژی دۆبرێ، ڕەخنەکردنی ئەو وەهمەیە کە پێی وایە «وێنە» دیاردەیەکی جێگیر و بێ تەمەنە. بەڵام لای دۆبرێ ئامرازی بەرهەمهێنانی وێنە (تەکنەلۆژیا) تەمەنی هەیە و دەگۆڕێت، وەک چۆن خودی تێگەیشتنمان بۆ “وێنە”ش تەمەنی هەیە و کۆن دەبێت. ڕێجیس دۆبرێ دەیەوێت بسەلمێنێت کە وێنە خاوەنی مێژوو، جەستە، و سووڕی ژیانە (لەدایکبوون، گەشەکردن و مردن)، کەواتە شێوازی سەیرکردنی ئێمە بۆ وێنە ڕاستەوخۆ بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و ڕێژەی گواستنەوەیان لە کۆمەڵگاوە بەندە.
بەڵام ئەگەر بەراوردی تێزی ڕێژی دۆبرێ لەسەر «مەرگی وێنە» لەگەڵ تێزی ژان بۆدریار لەسەر «مەرگی واقیع» بکەین، وەکـ بەراوردکردنی دوو ڕوانگەی ڕەخنەیی بەرامبەر پەیامی زێدە-ڕۆشنبیریی شاشەی هاوچەرخ دەردەکەون؛ واتە سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان درکیان بە قەیرانێک لە جیهانی وێنەدا کردووە، بەڵام ئاراستەی تێڕوانینان لە میتۆدۆلۆژیا و ئەنجامگیریدا جیاواز دەکەوێتەوە.
ئەگەر لای ڕێژی دۆبرێ پەیامی وێنە، سەنگ و مانای فکری و ئایینیی خۆی لەدەست دابێت! لای بۆدریار ئەوە واقیعە لەژێر هەڕەشەی پەیامی وێنەی سیمیولکراودا ون دەبێت و ڕەش دەچێتەوە. بەو مانایەش میتۆدی شیکردنەوە دۆبرێ میدیۆلۆژیایە، واتە مێژووی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی گواستنەوەیە. بەڵام لای بۆدریار سیمیۆتیکی و پۆستمۆدێرنەیە، واتە میتۆدی نیشانەناسی و کۆمەڵناسییە.
دواجار لای ڕێژێ دۆبرێ وێنە بووەتە زانیارییەکی خێرا و کاڵایەک بۆ بەکاربردن. بەڵام لای ژان بۆدریار وێنە چووەتە سەرووی-واقیع و ڕێگا نادات دەستمان بە واقیعی ڕاستەقینە بگات. دۆبرێ دەڵێت، وێنە هێندە زۆر بووە هەیبەتی خۆی دۆڕاندووە. بەڵام بۆدریار دەڵێت، وێنە هێندە بەهێز بووە واقیعی کوشتووە. کەواتە ئەوە کێیە دەژی: مێژووی بینین و گەشەسەندنی خەونەکان، یان وێنەی پڕ لە زانیاری و ڕەشبردنەوەی ڕاستی؟!
هەولێر 22/8/2026