ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

هێڵێک بە ژێر (تێپەڕین)دا

چەند دەقێکی براتیگان

١

كاتی کەمتر  

……………..

کاتێکی کەمتری پێویستە بۆ وتن، کەمتر لەو فرمێسکەی پێیدەچێت  بۆ مردن؛

 من حسابم بۆ هەموو شتێك کردووە، لەوانەی تۆ هەتە.

 سەرژمێریی بەردەکانم کردووە، ئەوان ژمارەیان هەیە، وەک پەنجەکانی من و هەندێکی تر؛

هەندێک نامیلکەم بەسەر ڕووەکەکاندا دابەش کرد، بەڵام هەموویان ئامادە نەبوون قەبوڵی بکەن،

تەنیا یەک چرکە هاوەڵیی مۆسیقام کرد و ئێستا من چیتر نازانم بیر لە چی خۆکوشتن بکەمەوە،

 چونکە هەرکات گەر بمەوێت لە خۆم جیا ببمەوە، دەرچوونەکە لەم لایەوەیە، بەدئاکام بۆی زیاد دەکەم،

 دەرگای چوونە ژوورەوە، دووبارە چوونە ژوورەوە لە لایەکی ترەوەیە.

 دەبینی چیتر دەبێ بکەیت، کاژێرەکان، خەمناکی، حسابێکی ماقوڵیان بۆ ناکەم،

من تەنیام، لە پەنجەرەکەوە تەماشای دەرێ دەکەم؛ ڕێبوارێك نییە، یان باشتر وایە بڵێین کەس تێناپەڕێت،

 (هێنانی هێڵ بە ژێر تێپەڕین). تۆ ئەم پیاوە دەناسی؟ ئەوە کاک هەمان شتە

ئەی ئایا دەتوانم خانم خاتوونت پێ بناسێنم؟ وهەروەها منداڵەکانیان.

 پاشان دەگەڕێمەوە سەر هەنگاوەکانم، هەنگاوەکانم، هەروا گەڕانەوە دواوە،

 بەڵام تەواو نازانم دەگەڕێنەوە سەر چی؟ ڕاوێژ بە خشتەیەك دەکەم؛ کە

ناوی شارۆچکەکان گۆڕدراوە بە ناوی ئەو کەسانەی ڕادەیەك لە منەوە نزیک بوون،

ئایا بچم بۆ (ئەی)، پاشان بگەڕێمەوە بۆ (بی)، لە (ئێکس) بیگۆڕم، بەڵێ، بەدڵنیایییەوە، من لە (ئێکس) دەیگۆڕم.

فەراهەم هێنراوە، من پەیوەندی بە بێزارییەوە لەدەست نادەم! ئێمە لەوێین: بێزاری، ئەی هاوتەریبی جوان،

چەندە هاوتەریبەکان جوانن لە ژێر گومبەزی ئاسماندا.

***

٢

مۆنۆمێنتی تا

………………….

پیادە بە  پارکەکەدا چووم بۆ مۆنۆمێنتی تا.

لە ناوەندی چوارگۆشەیەکی شووشەییدا بوو  

 دەورە درابوو بە گوڵ و نافورەی سوور.

مۆنۆمێنت لە شێوەی ئەسپی دەریاییدا بوو،

تابلۆیەکیش نووسرابوو:

گەرم بووین و مردین..

***

٣

شەپقەی کافکا

………………

لەگەڵ بارینی بارانەکەدا

بە نەشتەرگەری لەسەر سەقفەکە،

قاپێ ئایسکرێمم خوارد

کە لە کڵاوی کافکا دەچوو.

قاپێ  ئایسکرێمی ئاوها بوو

تامی مێزی نەشتەرگەری دەدا

کاتێك نەخۆشەکە نیگا دەکات

  لە بنمیچەکە.

***

بایۆگرافی و ستایڵ:

ڕیچارد گاری بڕاتیگان ( ٣٠/١/١٩٣٥ – ١٤ /٩/ ١٩٨٤) نووسەری ئەمریکی، خاوەنی ١٠ پەڕتووکی هۆنراوەو ١١ ڕۆمان و ١ پەڕتووکی کورتە چیرۆكە، هەروەها پەخشانیشی نووسیوە. لە تاکۆمای واشینگتۆن لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٥٦ چووتە سانفراسیسکۆ، هەر لەو ساڵانەشدا خۆی لە دنیای نووسین و داهێناندا بینیوەتەوە و بەرەو جیهانیبوون هەنگاوی نا، مه‌خابن ناوی لە لیستی ١٠٠ نووسیارو بیرمه‌ندی دیدایە کە لە سەدەی بیست و لە ١٤ی سیبتەمبەری ١٩٨٤ بە ڕووداوی خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
وێڕای ئەوەی سەر بە ڕێبازی پۆستمۆدێرنیزم ناوزەد دەکرێت؛ ئەمڕۆ نووسەران، خوێنەران، هونەرمەندان، میوسیکژەنان …. ئیلهام لە کارەکانی  وەردەگرن و پەرچڤەی سەر زیاد لە بیست و پێنج زمان کراون. دوا ڕۆمانی (ژنێکی بێ بەخت) لەساڵی ٢٠٠٠دا لە چاپدرا.

هەر لەسەرەتای لاوی و گەشەکردنیەوە ژیانی زبرو برسێتی حزوری بەردەوامیان هەبوو لای براتیگان ، بۆ نموونە لە تەمەنی بیست ساڵیدا ئەو دەسگیرکرا چونکە بەردێکی گرتبووە پەنجەرەی پۆلیسخانەیەك. تا بچێتە زیندان و لەوێ بواری نان خوارنی بۆ دەرەخسێت ، بەڵام لەبری زیندان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی ئۆریگۆن کرا.   بیانوی توشبوونی حاڵه‌تی شیزۆفرینیای به‌دگومانیی.

دیکنسن و ولیەم کارۆلس ویلیەمس کاریگەریان لەسەر بەرهەمەکانی  بووە، پەخشانەکانی زۆر جار بەلای شێتۆکەیی و سەمەرەدا دەچن، بەسەرهاتە سوریالیەکان، یان ئەو تێبینی و وێکچواندنانەی لەگەڵ یەکدا بەرەنگاردەبنەوەو نەگونجان و دوورکەوتنەوەیەکی گەورەیان لەخۆ دەگرت، لە کارەکانیدا تێبینی دەکرێن بەڵام جارانێکی تریش سادەوئاسان بوون. ئەو حەزی دەکرد ڕۆمانەکان لەگەڵیەکدا بدورێت، پەرەگرافی بەشەکان به‌جۆرێك درێژدەبوونەوە لە نێوان هاتن و چووندا، لە نێوان داڕشتنە لەناکاوەکان و ئاڵۆسکاندنی سۆزداری و وێناکردنی سادەی تێبینیکراوی ژیانی ڕۆژانە.
چەندڕەگەزێکی دیاری کراو لە بوونەوەران و شمەك لە نووسینەکانیدا دووبارە دەبوونەوە، وەك تەختەدارەکان، ماسییە خاتوونەکان، ڕووبارەکان .. چیرۆکەکانیشی پڕ بوون لە گۆڕانکاریە سەیرەکان: ناوەکان دەبوون بە کردار، مرۆڤەکان دەبوونە بیرۆکەکان، ناونیشانی پەڕتووکەکان دەبوونە پیت.

blank
ڕیچارد گاری بڕاتیگان ( ٣٠/١/١٩٣٥ – ١٤ /٩/ ١٩٨٤) نووسەری ئەمریکی

  (ئەبۆت کیت )ی ڕەخنەنووس دەڵێت: شیکاری ڕەخنەیی بۆ شێوازی بڕاتیگان وای ڕاڤەدەکەن کە برەوی بڕاتیگان وەك نووسەر لە شێوازی کاریگەری بەکارهێنانی زۆرانبازی و گرژی نێوان واقیع و خەیاڵدایە.
باشترین ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٦٧دا چاپکرد بە ناوی ( ڕاوکردنی ماسیەخاتوونە لە ئەمریکا).
جێگۆڕکێیه‌کی سه‌یر له‌ زاراوه‌و وشه‌کاندا هه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تاو ناوه‌ندو کۆتایی ده‌قه‌کاندا، جارانێك گوێ به‌ هیچ یاسایه‌ك نه‌دراوه‌ له‌ ناویاندا، جارانێکیش ساتیرو گاڵته‌کردنه‌ به‌ عه‌قڵی مرۆڤگه‌لێك، جارانێك سیفه‌ته‌ دژه‌کان پێکه‌وه‌ ده‌گونجێنێت، تیایاندا  ئایرۆنیکییه‌کی جوان و بێ ئازار ده‌بینرێته‌وه‌.. هه‌ڵقوڵاو له‌ نامه‌عقولی ژینی که‌ڵه‌ نووسه‌رێکی به‌دبه‌خت و ناکام..

سەرچاوەکان:

   1- Poetry Book, Richard Brautigan, Atlas  Pack, October 1969

2- richardbrautigan.net ,  poems and Biography,

لە ئینگلیزییەوە: سۆران محەمەد
دەربارەی نووسەر
لە ئینگلیزییەوە: سۆران محەمەد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە