ژنەفتن ژنەفتن
وتار

ئەو دەستپێکانەی قەوامیان هەیە!

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانەکانی شارام قەوامی

   شارام قەوامی ساڵانێکی دوور و درێژە خەریکی نووسینی کورتە چیرۆک، ھۆنراوە، ڕۆمان و ڕەخنەی ئەدەبییە و دەرەنجامی ئەم چالاکییانەش کۆمەڵێک بەرھەمی بەپێزە (ویکیپیدیا). ڕۆمانەکانی سوەیلا، بیربا (٢٠٠٦)، پاڵتاوشۆڕ، پردی دیلان و دوایین بەرهەمیشی واتە ڕۆژئاوا (٢٠٢١) ئەگەرچی لە ڕووی ئەدەبییەوە لە ئاستێکی بەرزدان بەڵام ڕەخنەیەکی جیددیان لەسەر نەنووسراوە. ئەم وتارە بەتەمایە ئاوڕێک لە  «دەستپێک»ـی ڕۆمانەکانی شارام قەوامی بداتەوە.

   لای خوێنەر، ڕۆمان هەمیشە لەڕێگەی هەمان ڕستەی یەکەمەوە دەست پێ دەکرێت (هنر داستان نویسی، دیوید لاج، ترجمه‌ی رضا رضایی، نشر نی، لاپەرەی ٢٦) شێوازی جیاواز بۆ دەستپێکردنی ڕۆمان لەئارادایە. ڕۆمان دەتوانێت بە گەورەکردنەوەی بەشێک لە دیمەنی شار وەکوو پرێسپێکتیڤێک یان وەکوو کتێبێکی ڕێبەری گەشتیاری سەبارەت بە شوێنەوارەکان دەست پێ بکات. زۆر جار ڕۆمان لە نێوەڕاستی گفتوگۆی دوو کەسەوە دەست پێ دەکات، هەندێک جاریش گێڕەرەوە خۆی دەناسێنێت (هەمان، ل ٣٠) زۆربەی ڕۆمانەکان لەڕێگەی «چیرۆک لە چیرۆکدا» دەست پێ دەکرێن، کە یان ڕوونی دەکەنەوە کە چیرۆکی سەرەکی چۆن درووست بووە یان ئەوەیکە دەیکاتە دووبارە گێڕانەوەیەک بۆ خوێنەرێکی خەیاڵی. (هەمان، ل ٣١ ). لە ڕۆمانی دڵی تاریکیی جۆزێف کۆنراددا، گێرەرەوەیەکی نەناسراو دەڵێت کە مارلۆ خەریکە ئەزموونەکانی خۆی لە کۆنگۆ بۆ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە کە لەسەر سەکۆی کەشتییەکی بچووکی سەیرانکردن لە ڕووبەری ڕووباری تەیمز دانیشتوون و مارلۆ ئاوها دەست بە قسەکردن دەکات: ئەمەش یەکێک لە شوێنە تاریکەکانی زەوی بوو. ژمارەیەک ڕۆمان لەڕێگەی ڕوونکردنەوە دەست پێ دەکرێن. «ئەفسانەی چیای ئاگری»ی یەشار کەماڵ لەمیانی وەسفکردنی گۆلێکەوە دەست پێ دەکرێت. «گۆلێک بەسەر دوندی چیای ئاگرییەوەیە چوار هەزار و دووسەت مەتر بڵندە. نێوی گۆلی کووپەیە، هەر هێندەی شوێن جۆخینێک دەبێ، تا بڵێی قووڵە. گۆل نییە بیرێکە بۆ خۆی. بەردی سووری لووسی بریقەدار، ڕک، ڕژد، تیژ وەکوو دەمی تیغ و سیکارد بە هەر چوار نکاڵیدا زەق و زۆپ، دەنە دەنە، شمش شمش هەڵزەقیون»(ئەفسانەی چیای ئاگری، یاشار کەماڵ، وەرگێڕانی شوکور مستەفا، چاپەمەنی مانگ، چاپی یەکەم، ٢٠١٧، لاپەرەی ٥) ژمارەیەک ڕۆمان لەمیانی پێناساندنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەوە یاخود گێڕەرەوە دەست پێ دەکرێن. «مۆبی دیک»ـی هێرمان مێلڤیل یەکێک لەم جۆرە ڕۆمانانەیە. ڕۆمانی «هوتێل ئەوروپا»ـی فەرهاد پیرباڵ بەم شێوەیە دەست پێ دەکرێت: «محەمەدی حاجی زادە، مەلایەکی خەڵکی تاران، تەمەن دەوروبەری چل و پێنج ساڵ، هاتبووە پاریس داوای مافی پەناهەندەیی بکا». (هوتێل ئەوروپا، فەرهاد پیرباڵ، چاپەمەنی ئاراس، ٢٠١٠، هەولێر، لاپەرەی ٥)

   کۆتاییی بەرهەمە ئەدەبییەکان، نەگۆڕ و واقیعین (هنر داستان نویسی، ل ٢٣). بە واتایەکی دیکە دەستپێکی بەرهەمەکانیش هەر بەم شێوەیەیە. زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکان بە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەوە دەست پێ دەکرێن کە لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا گوێبیسیان بووین بەڵام ئاوا لە پەنای یەک ڕێک نەخراون. تێری ئیگڵتەن لە کتێبی «چۆن ئەدەبیات بخوێنینەوە»ـدا دەڵێت هەر کات بمانەوێت دەستبەجێ ئامانجی بەرهەمێکی ئەدەبی بزانین، ئەوە لە ئەدەبیبوون دەیسڕینەوە (چگونه ادبیات بخوانیم، تری ایگلتون، مشیت علایی، نشر لاهیتا، ۱۳۹۴ لاپەرەی ١٦) ئەدەبیبوون واتا لەگەڵ دەقەکە وەکو دەقێکی ئەدەبی مامەڵە بکەین و هەروەها پێویستە بە ئاگامەندییەوە لێی بڕوانین. شێوازی دەربرینی کاراکتێرەکان، کەشوهەوای چیرۆکە، ژانر، ڕێزمان، ناوەرۆک، باکگراوند، و هەموو ئەو شتانەی پێی دەڵێن فۆڕم، گرنگن (هەمان ، ل ١٦). دەستپێکەکان بەرەو جیهانیی فانتازیای نووسەر پەلکێشمان دەکەن. دەستپێکی «یەکێک هەبوو، یەکێک نەبوو» ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چیرۆک لە ژیانی واقیعەوە دەچێتە نێو جیهانیی خەیاڵی و دەستکردەوە و دواجار بۆمان نییە بپرسین ئایا ئەوەی دەیخوێنینەوە ڕاستە یان نا؟ یاخود بمانەوێت بپرسین ڕووداوەکان لە کوێ قەوماون؟ هەر بەو جۆرەی کە دەستەواژەی «یەکێک هەبوو، یەکێک نەبوو» جیهانیی چیرۆکی خەیاڵی دادەڕێژێت، دەستپێکی کتێبە ئایینییەکانیش ڕێسای تایبەتی خۆیانیان هەیە. ئینجیلی یۆحەنا ئاوا دەست پێ دەکات: «لە سەرەتاوە وشە بوو، وشەکە لای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو» (ئینجیلی پیرۆز، لێژنەی وەرگێڕان، ١٩٩٩) وشەی «سەرەتا» دەقەکە لە بواری چیرۆکەوە بەرەو دونیای ئەفسانە و ئایینی دەبات. هەروەها بە بینینی وشەی «سەرەتا» نابێت بپرسین کە «سەرەتا» مەبەست کەنجێیە کە وشە لای خودا بووە؟ «سەرەتا» واتا ئەو کاتەی خودا جیهانیی خوڵقاندووە. ئەم ڕستەیە کاریگەرێکی بەرچاوی هەیە و نموونەیەکی باڵای شێوازێکی ئەدەبییە کە لە ڕێگای ئامرازی لێکدەرەوە (Conjunction) دەناسرێت، واتا نووسەر چەندین ڕستە بە دوای یەکتردا ڕیز دەکات تا لە یەک ئاستدا دەربکەون (ل ٣٧). ئەم شێوازە دەبێت بە هەستیارییەوە بەکاربهێندرێت چونکە لەوانەیە شێوازی دەقەکە یەک کەشوهەوا و قەتیسماو پیشان بدات. ئینجیلی یۆحەنا بە سوودوەرگرتن لەو وشانە چیرۆکێکی ناوازە دەگێڕێتەوە بە جۆرێک کە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. خوێنەر بەردەوام دەیەوێت بزانێت دواتر چ دەقەومێت. لەبەر ئەم هۆکارانە وشەکانی ئینجیل دوچاری قەتیسمان نابن. لە کۆتاییی گێڕانەوەکەی یۆحەنادا وەکوو هەموو چیرۆکە باڵکێشەکانی دیکە، شتێکی سەرسووڕهێنەر چاوەنواڕمان دەکات. دەزانین کە لە بەرایییەوە «وشە» بوو و ئەو «وشە»یە لای خودا مایەوە و بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر وشەکە خودا بوو. وەک ئەوەی پێت وابێت: «ئاراد لە لای مامی بوو و ئاراد مامیی بوو». چۆن دەبێت وشە لە لای خودا بێت و خۆی خودا بێت؟ شێوازی کۆتاییهێنانی ڕستەکە زۆر جیاوازی دەکات (ل ٣٨).

   ڕۆمانی «بیربا» کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایان چاپەمەنی دیلانەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: «بای دەوران گەیاندمیە لای دیجلە. بایێ کە دیار نییە لە کامە کونەبای نەبوونەوە هەڵیکردووە و لە کامە دواڕۆژا دائەمرکێ. تا ماوین لە بیابانەکانی سەرگەردانیا سووڕمان ئەدات. ڕاپێچمان ئەکات بۆ سەر بەرزترین لووتکەکانی وەهم. پاڵمان پێوە ئەنێ بۆ ناو دۆزەخەکانی دەرد. سەرمان ئەکات بە ناو ئاگری شەڕە گەورەکانا تا لەگەڵ ملیۆنەها کەسی ترا بکوژرێین. تووڕمان ئەداتە نێو سەردەمانی قات و قڕی تا تیکە لە دەمی خۆشەویستترین کەسەکانمان دەربێنین. ئەمانباتە نێو ساڵەکانی گولی و سێوەڕۆ تا نزیکترین کەسەکان ڕاومان بنێن. لە ئاکامدا بە گوللە بێ یان گولی، دەم لە ناو دەمی خۆشەویستێ بێت یان سەر لە ژێر پۆستاڵی دوژمن، هەر ئەبێ بکوژرێین؛ ببین بە بۆگەنی سەر ئەرز یان تورمی تورشاوی ژێر خاک. بای دەوران گەیاندیە لای دیجلە. پاش تێپەڕاندنی تووناوتوونەکانی ژیان، پاش تاقیکردنەوەی هەموو ئەو ڕێگایانەی سی ساڵ ژیان مەودای ئەدات سەری لە بەغاوە دەرهێنا.» (لاپەرەی ٢). دوو وشەی سەرەکی لەم دەستپێکەدا بریتیە لە «با» و شوێنەکەی کە بگێڕەوە لێی دانیشتووە واتە «دیجلە». «با» لە ئەدەبیاتدا هێمای لاساری و ژیانێکی ناخۆشە. «بای دەوران»ـیش، کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە بۆ هەر لایەک پێی خۆش بێت پەلکێش دەکات و لەگەڵ خۆی دەیبات. «با» هێزێکی دەرەکییە و چارەنووسیش بە شتێک لە دەرەوەی ویستی مرۆڤ وێنا دەکات. بەکارهێنانی وشەی «با» دواتر لە درێژەی ڕۆمانەکەدا بەدی ناکرێت بەڵام بەردەوام هەست بە دەرکەوتەکانی دەکرێت. کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە بەدەست «با»ی چارەنووسەوە پەرتەوازە دەبێت و خۆی پێ سەقامگیر نابێت. بەکارهێنانی دوو وشەی «با» و «دیجلە» وەک دوو دیاردەی کەشناسی و جوگرافیایی کە کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە وشەکان بە ئاگایییەوە لە پەنای یەک داندراون. گێڕەرەوە بەردەوام بۆ «دیجلە» دەگەڕێتەوە «زەردەی خۆر سەر دیجلەی داگرتووە و ئاسمانیش سوورباوە» (ل ١٠٧). «دیجلە» لەم ڕۆمانەدا ئاماژەیەکە بۆ هەڵوەدایی و گەڕانەوە بۆ ژیانی واقیعی. ئەو «با»یەی کە هەڵیکردووە و «دانامرکێ»، لە ژیانی بگێڕەوەدا هەست بە گڤەگڤەکەی دەکرێت.

   ڕۆمانی «پردی دیلان» سەرەتا بە زمانی ئاڵمانیی نووسراوە و دەستپێکەکەی بەم شێوەیە: «لە پشت ڕوومەتی نادیاری ژنەکەوە، بە سەر چراخانی شاردا، بازنەیێکی گەورەی نێئۆن، لە سووڕانەوەی بەردەوامدایە. لە ناوەڕاستیدا سێ ڕمبی سپی وریشەدار، هەر کامە لە ئاراستەیێکەوە بەربەستکراو، هێمای ئەم شار و وڵاتە زەنگینەیە. هەر چەن ئەم پیاوە، بیست و چوار ساڵی ڕەبەقە لەم شارەدا ئەژیت و ئەم بازنەیە هەموو شەو و ڕۆژەکان، بێ پسانەوە سووڕاوەتەوە، قەت نەکەوتبووە بەر چاوی. ئەو کاتەی بەرەو ئەم وڵاتە هەڵات، تەمتوومانی ناو مێشکی نیشتبووە سەر جیهانیی دەرەوەی. لەگەڵ تێپەربوونی زەمەنا، ئەم بازنەیەی لەبەرچاو کاڵ بووەوە. وەک دووکانێ وا هەموو ڕۆژێ بە بەر دەم تابلۆیەکدا تێپەر ئەبین، کەچی ئەگەر کەسێ ناونیشانیمان لێ بپرسێ، دائەمێنین. لە وڵاتی خۆیدا، ئەم بازنەیە وەک ماشێنێکی شین، پلەوپایەی جیاوازی بنەماڵەی ئەسەلماند. بەڵام لەم ساتەوەختەدا پرسیارێکی ئاڵۆزکاوە و دایگرتووە.» (لاپەرەی ٥) کەسایەتییەکانی «پردی دیلان» کاتێک تووشی پشێوی دەبن سەردانی دەروونناس دەکەن. یەکێک لە کاراکتێرەکان خۆی دەروونناسە و باسەکانی دەروونناسی چ وەک زانست و چ وەک زڕەزانست تا سەر مێزی قاوەخانەکانیش شۆڕ دەکاتەوە. تەنیا ئەو کەسانەی کە بۆ هەندەران کۆچیان کردوە سەردانی دەروونناس ناکەن بەڵکوو ئەو ژنە مێرددارەی کە لە ناوخۆی وڵات، ئەوینی کوڕێکی لاو دەیبزوێنێت و دواتر دەیگرێنێت و تووشی خەمۆکی دەکات، ناچارە بۆ چارەسەریی دەروونی سەردانی دەروونناس بکات. هەر چەند ئێمە داتایەکی (Data) باوەڕپێکراومان  بە دەستەوە نییە کە پێمان بڵێت لە شوێنی ڕوودانی ڕۆمانەکە واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک بە چ ڕێژەیەک سەردانی دەروونناس دەکەن، بەڵام لەمیانی پێشنیاری دەروونناسەکە بۆمان دەردەکەوێت کە دەروونناسی لەوپەڕی خۆیدا  زیاتر لە «چارەسەری ڕەفتاری» پەرەناستێنێت. «پرد» ڕۆمانێکی تۆکمەیە و ڕیزپەربوونی تەنیا بە وردەکارییەکانییەوە بەند نیە. کەسایەتیی سەرەکیی «پرد» زۆراوە و «کاورایەکی تەواب»ـە. نووسین دەربارەی کەسێکی ئاوا لە دونیای ڕۆمانی کوردیدا ئازایەتییە و دەسخۆشانەی پێویستە. بەڵام هەمووی ئەو زانیارییانە، شتێکی ئەوتۆمان لەمەڕ دەستپێکی ڕۆمانەکەوە بۆ ناخەنەڕوو. بە باسکردنی «سووڕانەوەی بەردەوام» هەر لە یەکەم ڕستەی بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەسووڕێتەوە بەرەو دەستپێکی بەشی دووهەم و دەڕواتەوە بەرەو ئاسینا و دەمەتەقەی نێوان ئەفلاتون و هێراکلیتۆس. «مرۆڤ قەت ناتوانێ دوو جار پێی خۆی لە ئاوی چەمێکدا ڕۆ بکات» (ل ٩٣). فەلسەفەی ئەفلاتوون لەم ڕۆمانەدا جەخت لەسەر لایەنە کۆیلەپارێزییەکەی دەکاتەوە و داشداری بەرچاوی بۆ هێراکلیتۆس تێدایە. ڕووکەشترین مانای «سووڕانەوەی بەردەوام» ئەوەیە کە هەموو شتێک لە ئاڵوگۆڕدایە. دێت و دەچێت و وەستانی نییە. ئەو بازنەیەی لە دێڕە سەرەتایییەکاندا بەردەوام دەسووڕێتەوە لە دوو شوێنی کتێبەکەدا بە زەقی بەدی دەکرێن: یەکەمیان لە دەستپێکی بەشی دووەمی ڕۆمانەکە کە بەرەو فەلسەفەی یۆنان دەگەڕێتەوە و ئەوەی دیکەشیان لە داشداری بەرچاوی کەسایەتی/بگێڕەوە لە فەلسەفەی گۆڕانی هێراکلیتۆسدا. کتێبەکە ڕاپۆرتێکە دەربارەی «سووڕانەوە». ئەو سووڕانەوەی لە بەشبەندی ڕۆمانەکە و لە ناوەرۆک و تەنانەت لە داڕشتنی کەسایەتییەکاندا بەدی دەکرێت. هەموویان تووشی گۆڕان دەبن. واتە بە شێوەیەک هەر وەک بازنەکان بە دێڕەکانی سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەسووڕێنەوە. «ئەگەر ئەم بازنەیە لە دەقەدا سێ جار بسووڕێتەوە…» (ل ١٦) «تەواب» هەر وەکوو «بازنەکان» سووڕاوەتەوە و لە سووڕانەوەدایە. «سووڕان» ئاماژەیەکی گرنگە و بە شارەزایییەوە لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا بەکار هاتووە. ئێستا لە جگای خۆیدایە کە بپرسین بۆ چی کاراکتێرەکانی ئەم ڕۆمانە کە لە وڵاتێکی ڕۆژئاواییدا دەژین، هەموویان بە شێوەزاری ئەردەڵانی دەدوێن؟ ئایا شێوەزارەکەیان تووشی «سووڕان» بووە؟ وردەکارییەکانی دەستپێکی ڕۆمانەکە وامان لێ دەکات کاتێک سیمبۆلێکی دونیای سەرمایەداری بۆ نموونە لۆگۆی ئۆتۆمبیلێک لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە دەبینین، تێمی سەرەکیی تاوتوێکانمان بەرەو ئاوڕدانەوە لە فەلسەفەی سەرمایەداری یاخود بەرجەستەکردنەوەی خراپییەکانی سەرمایەداری بچێت. بەڵام دەتوانین بە لەبەرچاونەگرتنی ئەم ڕێسایە ڕەخنە لە «پرد» بگرین ئەگەرچی وردەکارییەکانی درێژەی «پرد» باڵ بەسەر کەموکوڕییەکانیدا دەکێشن.

   «دەمێکە پوخڵەی سەر ئەردم. دوای جەمامکەوتنی قاچەکانم، هەموو بوونم ئەزریکێنێ. من پێشتر شتی وام نەبینیوە؛ بەڵام هەر هەموو دەستەکە حەپەساون. ئەمجارە لە هەڵسانی ئاگادار نەکراینەوە و ژیانی خێرامان وەستا؛ بە هۆی باڵندەیێکەوە، کە لە هیچ کوێوە دیار نییە و لە دوورەوە ئەگیزێنێ؛ دەنگێ کە لە ڕۆژی یەکەمدا وەک هێمای مەترسیی و تاقەت پێمیان ناساند» (ڕۆژئاوا، چاپی یەکەم، کوردستان ٢٠٢١ لاپەرەی٧). ئەم دێڕانەی سەرەوە دەستپێکی ڕۆمانی ڕۆژئاوایە کە دوواین ڕۆمانی نووسەرە و لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کراوەتەوە. نووسەر لەپێناو سەرنجڕاکێشانی خوێنەر، هەر لە یەکەم دێڕەکانەوە هەوڵی تایبەتی خۆی دەخاتەگەڕ. قەوامی شارەزایانە پاراگرافی بەرایی دادەڕێژێت. بەکارهێنانی  وشەی «دەستە» لەجیاتی ناوهێنانی بزووتنەوەیەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەیە کە خوێنەر هەر لە سەرەتاوە لە دەقەکە نەپرینگێتەوە و بەرەو خوێندنەوەی بچێت. دواتر لەڕێگەی ئاماژەکردن بە «باڵندەیەک»، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو باڵندەیە لەڕاستیدا دەستکردە و بۆ بوردومان هێرشی هێناوە. باڵندەکە باڵندە نییە، «باڵەفڕ»ـە. قەوامی هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکە دەری دەخات کە وشەکانی بە هەستیارییەوە گوڵبژێر کردوون و قەوامیان هەیە. ڕستەی وەکوو «هەموو بوونم ئەزریکێنێ» یان «هێمای مەترسی و تاقەت» (هەمان سەرچاوە) ئەو بەرچاوڕوونییە بە خوێنەر دەبەخشن کە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانێکی لە نێوان جەستە و رووحدا بەڕەوڕوو دەبێتەوە. هێمای مەترسی و تاقەت هەر لە یەکەم دێڕەکانی کتێبەکەدا دەردەکەوێت و باڵ بەسەر تەواوی ڕۆمانەکەدا دەکێشێت و بەردەوام دەبێت.

   هەڵبەت لە هەموو ڕۆمانەکانی قەوامیدا، دەستپێک وەک ئامرازی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر ئیش ناکات. بۆ وێنە ڕۆمانی «سوەیلا» ئاوا دەست پێ دەکات: «پێش ئەوەی بانگبێژی تەکیە خۆی بگەینێتە مایکرۆفۆنەکە و بانگی بەیانی بدات، هاژەی چۆمێکی لەناکاو گەڕەکی شڵەژاندبوو. هروژمی ئاو بەردیواری ماڵان دەکەوت. پەنگی دەخواردەوە و بە کۆڵانەکاندا تێپەر ئەبوو.» (لاپەرەی ٥). دەستپێکی ڕۆمانی «سوەیلا» کە بەدواداچوونێکە دەربارەی ژیانی کەسێکی ئالوودە بە ماددە هۆشبەرەکان، لەگەڵ کۆی ڕۆمانەکە ناتەبایە. 

 لە لای ڕۆڵان باڕت هەڵبژاردنی دەستپێک گرفتێکی گەورەیە. بارت پێی وایە «ئەو هەموو بژاردەیە، ئەو هەموو سەرەتایە» گرفتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، لەڕاستیدا دەکاتە گرفتی دۆزینەوەی دەستپێکەکان. بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێکی دیاریکراو دەتوانرێت چەندین دەستپێکی جیاواز و دوور لە یەک دەستنیشان بکرێت کە هەر کامیان بەرەو هەقیقەتێکی جیا ئاڕاستە بکرێن. بژاردە و دەستپێکە جیاوازەکان، بەرەو هەقیقەتە جیاوازەکان ئاڕاستەمان دەکەن. شارام قەوامی لەڕێگەی دەستپێکە جیاوازەکانیەوە، دەرگای ڕاڤەی هەقیقەتە جیاوازەکانی بۆ خستووینە سەرپشت. ژمارەیەک لە دەستپێکی ڕۆمانەکانی قەوامی، بۆ تاوتوێکردنی بابەتێکی تایبەت گونجاوترن.

سەچاوەکان:

هنر داستان نویسی، دیوید لاج، ترجمه‌ی رضا رضایی، نشر نی

چگونه ادبیات بخوانیم، تری ایگلتون، مشیت علایی، نشر لاهیتا، ۱۳۹۴

ئەمیر عەبدوڵاپوور
دەربارەی نووسەر
ئەمیر عەبدوڵاپوور
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە