ژنەفتن ژنەفتن
وتار

ڕێئالیزم، بوون و دۆزینەوەی واقیعی ونبوو

دە کۆچیرۆکی "پەیڤی ڕەنگاڵەکان"دا، لە نووسینی ڕزگار ئەمین نژاد

دە مێژووی ئەدەبیاتدا، ڕێئالیزم تەنیا شێوازێکی هونەری نییە؛ جۆرێک هەڵوێستە دە بەرابەر جیهان و بووندا. ڕێئالیزم بەرلەوەی خەونەکان بنووسێ، ڕاستییەکان دەخوێنێتەوە. پێش ئەوەی پاڵەوان درووست بکا، مرۆڤی ئاسایی دەبینێ. بۆیە ڕێئالیزم لە بنەڕەتەوە هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەدەبیات بۆ ژیانی ڕۆژانە؛ بۆ ئەو شوێنانەی کە زۆرجار لەبەر بێدەنگییان لە بیر دەچن. ڕێئالیزم لەو سووچەوە، سەنتێز و دەرهاویشتەی ئەدەب و واقیع و شوێنــ/کاتە. فەلسەفەی ڕێئالیزم لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێ کە جیهان بەر لە بوونی وشیاریی ئێمە، هەیە. واتە ڕاستییەکان بەرهەمی مەیل، ئارەزوو یان خەیاڵی ئێمە نین. هەژاری، نادادی، کۆچ، چاوەڕوانی، شکست و ئومێد هەموویان بوونگەلێکی سەربەخۆیان هەیە، بۆیە نووسەری ڕێئالیستیش هەوڵ دەدا ئەم بوونانە وەک خۆیان نیشان بدا، نە وەک ئەوەی دەیەوێت بیانبینێ. دە چیرۆکی کوردیدا، ڕێئالیزم زیاتر لە هەر شتێک بە ئەزموونی مێژوویی کوردەوە گرێ دراوە. کاتێک مێژووی پڕە لە ڕاپەڕین، کۆچ، چەوسانەوە و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، چیرۆکیش ناچارە ببێتە ئاوێنەی ئەم واقیعە. لێرەدا چیرۆکنووس تەنها گێڕەرەوەی ڕووداو نییە؛ بەڵکوو شایەتێکی سەردەمەکەی خۆیەتی. ئەرکی وشەکانیش کە دیارە. جێگرکردنی بەڵگەمەندی مرۆڤ و کاراکتێر و سۆبێکتەکانە دە مێژوویەکی کاتمەند و ڕووتین و ڕووماڵدا، بە تایبەت کاتێ دەنگ و ئاسەواریان بزر بووە دە نێو ئاپۆڕەی قەرەباڵغی واقیعەکاندا. کۆمەڵە چیرۆکی” پەیڤی ڕەنگاڵەکان” لە نووسینی چیرۆکنووس “ڕزگار ئەمین نژاد”یش دە هەمان ئاسۆدا خەریکی جم و جووڵە.

blank

کارەکتەرەکان دە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا، پاڵەوانی ئەفسانەیی نین؛ مرۆڤی ئاسایین. مرۆڤگەلێ کە بارودۆخ درووستیان دەکا و هەمان کات بارودۆخیش ئەو هەڵچنینە وەک واقیع دەگۆڕێ. گرینگ ئەوەیە: لە ژێر سەیتەرەی ڕووداوەکاندا، خوێنەر بەرامبەر پرسیارێکی فەلسەفی دادەنرێ: مرۆڤ تا چەندە ئازادە دە جیهانێدا کە هێزە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکان بەردەوام چارەنووسی دەنووسن؟ گرینگیی ئەم کۆچیرۆکە دەوەدایە کە واقیع تەنیا وەک دیمەنێکی دەرەکی ناناسێنن. هەوڵ دەدەن ناوەوەی واقیعیش ئاشکرا بکەن؛ ئەو ترس و تەنیایی و ئارەزووانەی کە لە ژێر ڕووی ژیانی ڕۆژانەدا خۆیان شاردووەتەوە. بەو مانایە، ڕێئالیزم لێرەدا تەنها وێنەکردنی ژیان نییە، بەڵکوو ئاشکراکردنی ئەو واقیعانەیە کە دە ژیاندا ون بوون یا بەو جۆرەی کە شیاوە، لێیان نەڕواندراوە. بەو پێیە، ڕێئالیزمی چیرۆکی کوردی پێمان دەڵێ کە هونەر نابێ هەمیشە لە دەرگای خەونەوە بچێتە ژوورەوە. هەندێ جار دەبێ لە پەنجەرەی ڕاستییەوە سەیری جیهان بکا. چونکە لە ناو هەمان ئەو ڕاستییە تاڵەدا، چیرۆک دەتوانێ نەک واتای نوێی مرۆڤبوون بەڵکوو مرۆڤ وەک جیاوازییەک دە بەستێنی واقیعی بووندا بدۆزێتەوە. هەر بەو پێودانگە، چیرۆک لە بنەڕەتەوە تەنیا هونەری گێڕانەوەی ڕووداوە سەرپێیەکان نییە؛ بەڵکوو شێوازێکە بۆ دەرخستنی شێوازی بوون. هەر دەقێکی ئەدەبی، پێش ئەوەی بەرهەمی خەیاڵ بێ، وڵامێکە بۆ پرسیارێکی ئێگزیستانسیالیستی و هەڵوێستگەرایانە دە بەرابەر گشتییەتی واقیعدا. بۆیە کاتێ خوێنەر، سەرانسۆیەکی ئاساییی کۆمەڵە چیرۆکێکی وەک “پەیڤی ڕەنگاڵەکان” بکا، بۆی دەردەکەوێ کە تەنیا بەرامبەر ڕووداو و کاراکتێر دانانیشێ؛ بەڵکوو بەرامبەر بە جۆرێک لە تێگەیشتن لە جیهان و مرۆڤ و واقیع لەنگەر دەگرێ. ئەگەرچی ڕێئالیزم دە گشتییەتی ئەدەبیاتدا زۆرجار بە هەڵە تەنیا وەک وێناکردنی واقیع ناسێندراوە بەڵام، لە ئاستێکی قووڵتردا، ئەو هەڵوێستە دە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە نهێنیی واقیع. ئەوەی دە واقیعدا نابیندرێ بەڵام واقعییەت دەگۆڕێ. ئەوەش پاساوی ئەوە دەکا کە دەو کۆچیرۆکەی “ڕزگار”دا لەبەر واقیع هەمیشە ئەوە نییە کە دەبینرێ بەڵکوو زۆرجار ئەوەی دەبینرێ، دەمامکێکە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە نابینرێن نەک لەبەر بێ بایەیخیان بەڵکوو بەهۆی ئەوەی واقیع ڕوخساری گۆڕیون و بزریشی کردوون. ئەرکی نووسەری ڕێئالیست دەوەها هەلومەرجێکی بارمتەکراودا ئەوەیە کە لە پشت دیاردەکانەوە بڕوانێ و ئەو هێزانە بدۆزێتەوە کە ژیانی مرۆڤ درووست دەکەن. بۆ ئەوەش پێویستە لە دەرەوەی نووسەردا لە واقیع بڕوانێ. چیرۆکەکانی “ڕزگار” لەو ئاسۆیەدا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ. لێرەدا مرۆڤی ئاسایی بووەتە ناوەندی گێڕانەوە. نە پاڵەوانی مێژوو، نە کاراکتێری ئەفسانەیی، بەڵکوو تاکی ئاسایی کە بارودۆخی ژیان بەردەوام لە نێوان ئومێد و شکست، ئارەزوو و سنوور، بوون و نەبووندا دەیجووڵێنێ. ئەو هەڵبژاردنە خۆی هەڵوێستێکی فەلسەفییە. چونکە نووسەر لەوێوە دەست پێ دەکا کە واتای مرۆڤ بوون دە ناو ژیانی ڕۆژانەدا بدۆزێتەوە، نە لە ناو میتۆلۆژیا و قەبە ڕەوایەتەکاندا. لە ڕوانگەی دەرکەوتەناسییەوە، جیهانی ئەو چیرۆکانە جیهانێکی ئەزموونکراوە. ڕووداوەکان ئەوەندەی ئاسایین ئەوەندەش دوورەپەرێزن لە نیشاندرانیان وەک بابەتی دەرەکی، بەڵکوو وەک ئەوەی لە وشیاریی کارەکتێرەکاندا دەردەکەون. گوند، شار، کۆچ، بێکاری، چاوەڕوانی و تەنیایی تەنیا ڕووداو نین؛ شێوازگەلێکن لە ئەزموون کردنی جیهان. بە واتایەکی هۆسێرلی، واقیع لێرەدا لە ڕێگەی ئەزموونی ژیاودا واتا وەردەگرێ. دە هەمان کاتدا، دەکرێ چیرۆکەکان لە ڕوانگەی لوکاچیشەوە بخوێندرێنەوە. چونکە ڕێئالیزم لە مانای قووڵی خۆیدا تەنیا باس کردنی تاک نییە؛ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی تاک و گشتییەتی واقیعە. کارەکتێرەکان دە چیرۆکەکانی “ڕزگار ئەمین نژاد”دا هەمیشە دەنێو تۆڕێکی پێوەندیییە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکاندا دەژین. چارەنووسیان تایبەتە، بەڵام هۆکارەکانی گشتییە. لەبەر ئەوە شکستەکانیان تەنیا شکستێکی تاکی نین؛ نیشانەی قەیرانێکی فراوانتری کۆمەڵایەتین. گرنگترین لایەنی کۆمەڵە چیرۆکی “پەیڤی ڕەنگاڵەکان” دەوەدایە کە زمانی گێڕانەوە تەواو دە خزمەتی ساحەی واقیعی مرۆڤایەتیدا بەکار گیراوە. زمان لێرەدا ئامرازێکی جوانکاری نییە؛ شوێن و شێوازی دەرکەوتنی بوونە. هەر وشەیەک هەوڵێکە بۆ ئەوەی شتێک لە ونبوون بپارێزرێ. هەر چیرۆکێکیش تۆمارکردنی ساتێکە کە ئەگەر نەنووسرابا، دە نەهامەتیی پشتگوێ خراندا دەبوایە سوراغی بگیرێ. “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، خۆی مانایەکی سیمبۆلی هەڵدەگرێ. ڕەنگاڵەکان ئەو دەنگانەن کە زۆرجار لە دەرەوەی ناوەند دەژین. دەنگی ئەوانەی کە مێژوو کەمتر گوێی لێ گرتوون. بەو مانایە، کتێبەکە تەنها کۆمەڵە چیرۆکێک نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی مافی قسەکردن بۆ ئەوانەی دە پەراوێزی ژیاندا هەڵپەسێراون. “پەیڤی ڕەنگاڵەکان” خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ بیرکردنەوە لە مرۆڤ و ئەو واقیعەی مرۆڤی ئاسایی هەڵدەپەسێرێ. ئەو مرۆڤەی کە لە ژێر بارگراوەندی بارودۆخەکاندا دەژی، بەڵام هەرگیز تەواو نابێتە بەرهەمی بارودۆخەکان. “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، دە واقعییەتی خۆیدا، خوێنەر وشیار دەکاتەوە کە واقیع، پێش ئەوەی بابەتێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێت، پرسیارێکی بوونـ/ ــە. پرسیاری ئەوەی کە چ شوێنــ/کاتێ مرۆڤ فڕێ دەداتە ناو دۆخێکی هایدگەری کە دەنێو جیهانێکی پڕ لە ناڕوونی و ناکۆکی و پرسیاردا، وڵام نەک تەنیا بۆ ژیان بەڵکوو بۆ بوونێتی و فەزا بدۆزێتەوە. ئەو ختۆکەیە کە لەلایەکەوە، ئەدەبیات پەلکێشی قۆناخی فەلسەفە دەکا و لەلایەکیش، چیرۆک دەکاتە شێوازێک هەم بۆ دۆزینەوەی واقیعە نەدیتراوەکان، هەم بۆ دەربڕینی شێوازەکانی بوون دە نویساردا. ڕوانینێکی قووڵتر لە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، ئەوە دەردەخا کە بابەتی سەرەکیی دەودا تەنیا مرۆڤ و کاراکتێر نییە، بەڵکوو پێوەندیی نێوان مرۆڤ و کات و بوونیشە. هەرکام لە چیرۆکەکان دە کێشەیەکی کاتییەوە سەرچاوە دەگرن. کاراکتێرەکان زۆرجار لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا پەلەقاژەیانە. بیرەوەرییەکان وەک هێزێکی شاراوە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی ئێستا هەیە. بەم شێوەیە، کات لە چیرۆکەکاندا تەنیا پاشخان و پاشکۆی ڕووداوەکان نییە؛ بەڵکوو پاڵنەری سەرەکیی گێڕانەوەشن… ئەو ڕەهەندە دەمانباتە نزیک ڕوانگەی هایدگەر. دە فەلسەفەی هایدگەردا، مرۆڤ بوونێکە کە هەمیشە لەناو کاتدا دەژی. ئێستا بەبێ ڕابردوو و داهاتوو مانای نییە. کاراکتێرەکانی کۆمەڵە چیرۆکی” پەیڤی ڕەنگاڵەکان”، زۆرجار لەژێر سێبەری ئەو شتانەدا دەژین کە ڕوویان داوە. واتە بوونیان هەمیشە بەرامبەر شتێکە کە لە دەرەوەی ساتی ئێستادا هەیە. لێرەوە چیرۆک، نەتەنیا گێڕانەوەی ڕووداوەکانە، بەڵکوو گێڕانەوەی کاتیشە. ئەوەیکە کاراکتێر و کەسایەتییەکان هەندێ جار لە نێوان ئارەزووەکانی خۆیان و جیهانی دەوروبەرییاندا هەڵپەسێراون و ناتوانن هاوسەنگی درووست بکەن، بەر و پتر لەوەیکە وەک ماک و توخمی چیرۆک بێنە ئاراوە، نیشاندەری ئەوەن کە مرۆڤ دە شوێن و شوێنــ/کاتدا پرسیار لە بوونی خۆی دەکا. “ڕزگار” دە “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا، ئەو بوونێتییە ئاسایی و ڕووتەڵە و بایۆلۆژیکەی خستۆتە ژێر پرسیار و هەروەها واقیعە سەرسەرەکییەکانی لە کردەیەکی بێ بارگراوەندی ڕۆژانەوە خستۆتە ناو ڕادیکالیزمی بیرکردنەوە لە ڕەهەندی ڕەوایەت و گێڕانەوەدا. ڕێئالیزم بەو مەرجەی بتوانێ دەبەینی بوون و کات و فەزا و واقیع و گێڕانەوەدا، باڵانسێک درووست بکا، دەتوانێ خۆی دەدووتوێی “پەیڤی ڕەنگاڵەکان”دا بدۆزێتەوە بەو جۆرەی کە ڕێئالە…

blank
دەربارەی نووسەر
عەبدولقادر نیازی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە