ژنەفتن ژنەفتن
چیرۆک

 پشیلەی ژێر باران

نووسەر ئێرنێست هێمینگوەی
وەرگێر وەرگێرانی: دانا حەکیم

لە‌و هۆتێلە‌دا، تە‌نیا دوو ئە‌مەریکایی مابوونە‌وە‌. کاتێ بە پلیکانە‌کاندا بۆ ژوورە‌کە‌یان سە‌ردە‌کە‌وتن و دەهاتنە خوار، هیچ کام لە‌وانە‌یان نە‌دە‌ناسی کە بە لایاندا تێدە‌پە‌ڕین. ژوورە‌کە‌یان لە نهۆمی دووە‌م، ڕووی لە دە‌ریادا بوو. هاوکات دیمەنی باخچە گشتییەکە و مۆنۆمێنتی جەنگەکەشی لێوە دیار بوو. لە ناو باخچە گشتییە‌کە دارخورمای قە‌دبە‌رز و کورسیی سە‌وزباو بەرچاو دەکەوتن.

لە‌و ڕۆژانەی هە‌تاو بە دە‌رە‌وە‌ بوو، هە‌میشە وێنە‌کێشێک بە سێ‌پاکە‌یە‌وە‌ لە‌وێ دە‌ردە‌کە‌وت. هونە‌رمە‌ندان حە‌زیان لە شێوازی باڵاکردنی دارخورماکان و ڕە‌نگە گە‌شە‌کانی ئە‌و هۆتێلانە بوو کە دە‌یانڕوانییە سە‌ر باخچە و دە‌ریاکە. ئیتاڵیایییە‌کان ڕێی دوور و درێژیان دە‌بڕی بۆ بینینی مۆنۆمێنتەکەی جە‌نگ؛ لە برۆنز درووست کرابوو و لە ژێر باراندا دە‌درە‌وشایە‌وە. باران دە‌باری. دڵۆپ دڵۆپ لە گە‌ڵای دارخورماکانە‌وە‌ دە‌تکایە خوار، ئاو لەسەر ڕێڕەوە چەوڕێژەکاندا گۆماوی درووست کردبوو. دە‌ریاش، وەک هێڵێکی درێژ خۆی بە کەنارەکەدا دەدا و جا شۆڕ دەبووەوە خوارێ، تا دیسانەوە هەڵکشێت و وەک هێڵێکی درێژ لەناو باراندا خۆی بکێشێتەوە بە کەنارەکەدا. ئۆتۆمبێلە‌کان گۆڕە‌پانە‌کە‌ی تە‌نیشت مۆنۆمێنتە‌کە‌ی جە‌نگیان چۆڵ کردبوو. لە‌وبە‌ری گۆڕە‌پانە‌کە‌وە‌، لە‌ بە‌ر دە‌رگای قاوە‌خانە‌کە‌دا، گارسۆنێک ڕاوە‌ستابوو، چاوی بڕیبووە گۆڕە‌پانە چۆڵە‌کە.

خانمە ئەمەریکایییەکە لە لای پەنجەرەکە ڕاوەستابوو، چاوی بڕیبووە دەرەوە. لە دەرەوە، ڕێک لە بن پەنجەرەکەیان، پشیلەیەک لەژێر یەکێ لە مێزە سەوزە دڵۆپەکردووەکاندا خۆی مات دابوو. پشیلەکە هەوڵی دەدا خۆی هێندە گرژ بکاتەوە تا دڵۆپەکانی بەرنەکەوێت.

 ژنە ئەمەریکیایییەکە وتی، «دەچمە خوارێ ئەو پشیلۆکەیە دەهێنم.»

 مێردەکەی لەسەر جێگاکەوە پێشنیاری کرد، «من دەیهێنم.»

 «نەخێر، خۆم دەیهێنم. ئەو پشیلۆکە داماوە لە دەرەوەیە، لەژێر مێزێکدا هەوڵ دەدات تەڕ نەبێت.»

 مێردەکەی بەردەوام بوو لە خوێندنەوە؛ لە خوارووی جێ‌خەوەکەیدا پاڵکەوتبوو و بە دوو سەرین پشتی دابووەوە.

وتی، «تەڕ نەبیت.»

ژنەکە چووە خوارەوە، وەختێ بە لای ئۆفیسەکەدا تێپەڕی، خاوەن هۆتێلەکە هەستا و سەری بۆ دانەواند. مێزەکەی لەوسەری ئۆفیسەکە بوو. پیاوێکی بەتەمەن و زۆر باڵابەرز بوو.

ژنەکە وتی، «ئیل پیۆڤی.» [1]خاوە‌ن هۆتێلەکەی بەدڵ بوو.

«سی، سی، سینیۆرا، برووتۆ تیمپۆ.[2] کەشوهەوایەکی نالەبارە.»

پیاوەکە لە پشت مێزە‌کە‌یە‌وە‌، لە‌و سە‌ری ژوورە کە‌مڕووناکە‌کە‌دا ڕاوەستابوو. ژنە‌کە پیاوە‌کە‌ی بە‌دڵ بوو. ئەو شێوازەی پێ جوان بوو کە بەوپەڕی ڕژدییەوە بەدەم گازاندەکانەوە دەهات. ئە‌و سە‌نگینییە‌ی لێی دە‌باری، ئە‌و پە‌رۆشییە‌ی بۆ  خزمە‌تکردنی هە‌یبوو، لە‌گە‌ڵ ئە‌و شانازییەی بە پیشە‌کە‌یەوە دەیکرد وە‌ک بە‌ڕێوە‌بە‌ری هۆتێل، هە‌مووی بەدڵ بوون. حەزی لە ڕووخسارە بە‌تە‌مە‌ن  و پڕ لە هە‌یبە‌تە‌کە‌ی و دە‌ستە گە‌ورە‌کانیشی بوو.

هەر بەو هەستە خۆشەیەوە، دە‌رگاکە‌ی کردە‌وە‌ و سە‌یری دە‌رە‌وە‌ی کرد. باران بە‌خوڕتر دە‌باری. پیاوێک بارانییە‌کی پلاستیکی لە‌بە‌ر بوو، لە گۆڕە‌پانە چۆڵە‌کە‌وە‌ بە‌رە‌و قاوە‌خانە‌کە‌ دەپەڕیەوە. پشیلە‌کە‌ش دەبوو لە لای ڕاستە‌وە‌ بێت. بیری لەوە دەکردەوە ڕەنگە بتوانێت بە پەنای دیوارەکە و بە ژێر گوێ‌سوانەکاندا بڕواتە لای. کاتێ لە چوارچێوەی دەرگاکە وەستابوو، لە پشت سەرییەوە چەترێک کرایەوە. خزمەتکارەکە بوو، هەمان ئەو کچەی کە خزمەتی ژوورەکەیانی دەکرد.

بە زە‌ردە‌خە‌نە‌یە‌کە‌وە‌ و بە زمانی ئیتاڵی گوتی، «نابێت تەڕ ببیت.» دیار بوو خاوە‌نی هۆتێلە‌کە ناردبووی. لە کاتێکدا خزمە‌تکارە‌کە چە‌ترە‌کە‌ی بۆ ڕاگرتبوو، ئە‌ویش بە ڕێڕە‌وە چە‌وڕێژە‌کە‌دا ڕۆیشت هە‌تا گە‌یشتە ژێر پە‌نجە‌رە‌کە‌ی خۆیان. مێزە‌کە لە‌وێ بوو، بارانە‌کە شوشتبوویە‌وە‌ و ڕە‌نگێکی سە‌وزی بریسکە‌داری پێ دابوو، بە‌ڵام پشیلە‌کە دیار نە‌بوو. دەمودەست هە‌ستی بە ناهومێدی کرد. خزمە‌تکارە‌کە‌ش چاوی تێ بڕی.

ژنە خزمە‌تکارە‌کە پرسیی، «ئا پێردوتۆ کوالکێ کۆزا، سینیۆرا؟»[3]

کچە ئە‌مەریکایییە‌کە وتی، «ئەرێ، پشیلە‌یە‌کی لێ بوو.»

«پشیلە؟»

«سی، ئیل گاتۆ.»[4]

«پشیلە؟» خزمە‌تکارە‌کە پێکە‌نی، «پشیلە لە ژێر باراندا؟»

ژنە‌کە وتی، «بە‌ڵێ، لە ژێر مێزە‌کە بوو.» جا درێژەی دایێ، «ئای، چە‌ندم حە‌ز لێ بوو. ئە‌و پشیلۆکە‌یە‌م دە‌ویست.»

کاتێ ژنە‌کە بە ئینگلیزی قسە‌ی کرد، ڕوخساری خزمە‌تکارە‌کە گرژ بوو.

«وە‌رە، خاتوون. دە‌بێ بچینە‌وە ژوورە‌وە. دەنا تە‌ڕ دە‌بیت.»

کچە ئە‌مەریکایییە‌کە وتی، «وا دیارە.»

بە ڕێڕە‌وە چە‌وڕێژە‌کە‌دا گە‌ڕانە‌وە و لە دە‌رگاکە‌وە چوونە ژوورێ. خزمە‌تکارە‌کە لە دە‌رە‌وە‌ مایە‌وە بۆ ئە‌وە‌ی چە‌ترە‌کە دابخات. وەختێ کچە ئە‌مەریکایییە‌کە بە‌لای ئۆفیسە‌کە‌دا تێپە‌ڕی، خاوە‌ن ‌هۆتێلە‌کە لە‌پشت مێزە‌کە‌یە‌وە سە‌ری بۆ دانە‌واند؛ وای لێ کرد لە یەک کاتدا هەم خۆی زۆر بە بچووک بێتە بەرچاو، هەم زۆریش هەست بە گرنگیی خۆی بکات. بۆ چرکەساتێک، هەستی کرد ژنێکی لەوپەڕی شکۆ و گرنگیدایە. بە پلیکانە‌کاندا سە‌رکە‌وت. دە‌رگای ژوورە‌کە‌ی کردە‌وە‌. جۆرج لە‌سە‌ر جێگاکە بوو. خە‌ریکی خوێندنە‌وە بوو.

جۆرج پە‌رتووکە‌کە‌ی دانا و پرسیی، «پشیلە‌کە‌ت هێنا؟»

«لەوێ نەمابوو.»

چاوە‌کانی لە خوێندنە‌وە‌ دوورخستە‌وە‌ و وتی، «دە‌بێ بۆ کوێ چووبێت؟»

ژنە‌کە لە‌سە‌ر جێگاکە دانیشت. وتی، «زۆر حە‌زم لێی بوو. نازانم بۆچی ئە‌وە‌ندە دە‌مە‌ویست. ئە‌و پشیلۆکە بێچارە‌یە‌م دە‌ویست. هیچ خۆش نییە پشیلە‌یە‌کی بێچارە بیت لە ژێر باراندا.»

جۆرج دیسان دە‌ستی کردە‌وە‌ بە خوێندنە‌وە‌.

کچە‌کە چووە بە‌ردە‌م ئاوێنە‌ی مێزی ئارایشتەکە دانیشت و لە ئاوێنەیەکی دە‌ستییە‌وە ورد سەرنجی ڕووخساری دەدا، سە‌رە‌تا لایە‌کی و جا لایە‌کە‌ی تری. دواتر تەماشای پشتە‌سە‌ر و ملی کرد.

دیسانە‌وە‌ سە‌یری لادیمە‌نی خۆی کرد و پرسیی، «پێت وا نییە باشتر بێت پرچم درێژ بکە‌مە‌وە‌؟»

جۆرج سە‌ری هە‌ڵبڕی و پشتی ملی بینی، کە وە‌ک هیی کوڕان کورت کرابووەوە.

«من هەر ئاوا پێم جوانە.»

ژنە‌کە گوتی، «زۆر بێزارم لێی. بێزارم لە‌وە‌ی شێوە‌م لە کوڕ بچێ.»

جۆرج لە‌سە‌ر جێگاکە خۆی جووڵاند. هە‌ر لە‌و کاتە‌وە‌ی دە‌ستی بە قسە‌کردن کردبوو، چاوی لێ لانە‌دابوو.

پیاوە‌کە وتی، «تۆ زۆر جوان دیاریت.»

ژنە‌کە ئاوێنە‌کە‌ی لە‌سە‌ر مێزی ئارایشتە‌کە دانا و چوو بۆ لای پە‌نجە‌رە‌کە و سە‌یری دە‌رە‌وە‌ی کرد. دنیا خە‌ریک بوو تاریک داد‌ەهات.

وتی، «حەز دەکەم قژم تووند و ساف بەرەو دواوە دابهێنم و لە پشتی سەرمەوە گرێیەکی گەورەی لێ بدەم و هەستی پێ بکەم. حەزیش دەکەم بێچووە پشیلەیەکم هەبێت، لەسەر کۆشم دایبنێم و کاتێک دەستی بەسەردا دەهێنم، خرپەخرپ بکات.»

جۆرج لە‌سە‌ر جێگاکە‌وە وتی، «بە‌ڕاست؟»

«جا حە‌ز دە‌کە‌م لە‌سە‌ر مێزێک بە کە‌وچک و چە‌تاڵی زیوینی تایبە‌ت بە خۆم نان بخۆم و مۆمیش داگیرسێنم. دە‌مە‌وێت وە‌رزی بە‌هار بێت، لە بە‌ردە‌م ئاوێنە‌یە‌کدا قژم شانە بکە‌م، پشیلە‌یە‌کم هە‌بێت، و چە‌ند دەستە جلێکی نوێشم دە‌وێت.»

جۆرج وتی، «دە دە‌مت دابخە و شتێک بهێنە بیخوێنێتە‌وە‌،» دیسان سەری خستەوە سەر خوێندنە‌وەکەی.

ژنەکە لە پەنجەرەکەوە دەیڕوانییە دەرەوە. لەو کاتەدا دنیا بەتەواوی تاریکی داهێنابوو، بارانیش هێشتا بەسەر دار خورماکاندا دەباری.

«جا هە‌رچییە‌ک بێ، من پشیلە‌یە‌کم گە‌رە‌کە،» وتی، «پێویستم بە پشیلە‌یە‌کە! هە‌ر ئێستا دە‌مە‌وێت! مادام ناتوانم قژم درێژ بێت و هیچ کە‌یف و خۆشییە‌کیشم نە‌بێت، با لانی کە‌م پشیلە‌یە‌کم هە‌بێت.»

جۆرج هەر گوێی نەدەدایێ. سەری خستبووە سەر پەرتووکەکەی و دەیخوێندەوە. ژنە‌کە‌ی سە‌یری دە‌رە‌وە‌ی پە‌نجە‌رە‌کە‌ی دە‌کرد، لە‌وێ چرای گۆڕە‌پانە‌کە‌ داگیرسابوو.

کە‌سێک لە دە‌رگای دا.

جۆرج وتی، «ئاڤانتی[5]،» سە‌ری لە‌سە‌ر پەرتووکە‌کە‌ی هە‌ڵبڕی.

لە ‌بە‌ر دە‌رگاکە خزمە‌تکارە‌کە‌ وە‌ستابوو. پشیلە‌یە‌کی گە‌ورە‌ی پە‌ڵە‌پە‌ڵە‌ی [6]تووند بە خۆیە‌وە‌ گرتبوو، کە بە‌رە‌و خوار بە جە‌ستە‌یە‌وە‌ شۆڕ ببووە‌وە‌.

گوتی، «ببوورن. خاوەن هۆتێلەکە داوای لێ کردم ئەم پشیلەیە بۆ خاتوون بهێنم.»


[1] بە زمانی ئیتاڵییە، واتە: “بارانە.”

[2]واتە: “بەڵێ، بەڵێ، خانمەکەم. کەشێکی نالەبارە.”

[3] واتە: “شتێکت ون کردووە، خاتوون؟”

[4] واتە: “بەڵێ، پشیلە.”

[5] ئاڤانتی: وشە‌یە‌کی ئیتاڵییە‌ بە مانای “وە‌رە ژوورە‌وە‌” یان “فە‌رموو”. لێرە‌دا وە‌ک خۆی هێڵراوە‌تە‌وە‌ بۆ پاراستنی کە‌شی چیڕۆکە‌کە‌.

[6] پە‌ڵە‌پە‌ڵە‌: وە‌سفێکە بۆ ئە‌و پشیلانە‌ی تووکە‌کە‌یان تێکە‌ڵە‌یە‌کە لە ڕە‌نگی پرتە‌قاڵی/زە‌ردباو، قاوە‌یی، و ڕە‌ش، هاوشێوە‌ی قاوغی کیسە‌ڵ.

سەرچاوەی دەقی ڕەسەن:

https://web.ntpu.edu.tw/~language/course/english/cat%20in%20the%20rain.pdf
blank
دەربارەی نووسەر
ئێرنێست هێمینگوەی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە