ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

چوار شیعری یەڵدا ئەلعانی

نووسەر
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: ژیار هۆمەر

یەڵدا ئەلعانی شاعیرێکی لاوی عێراقییە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٦ـی بەغدادە. سەرەتا بە عەرەبی شیعری نووسیوە، بەڵام هیچ دەقێکی بەم زمانە بڵاو نەکردووەتەوە. دواتر پێنووسەکەی بە ئینگلیزی پژاوە و بەرهەمەکانی لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی گرنگدا بڵاو بوونەتەوە. ساڵی ٢٠٢٣، پاڵێوراوی خەڵاتی پوشکارتی ئەمریکی بووە. ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، ئەو کاتەی خوێندکاری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی بووە. دواتر بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و ئێستا نیشتەجێی ئایۆوایە. ئەمە بۆ یەکەمین جارە دەقی یەڵدا بە زمانێکی تر بڵاو دەبێتەوە و خۆی ئاگاداری داڕشتنەوەی ئەم شیعرانەیە.

چقڵ

دوادیداری من و دایکم دە ساڵی ڕەبەقی بەسەردا تێپەڕیوە.

سێ ساڵ دوای ئەوەی سوێندم خوارد جارێکی دی چاوم بە چاوی نەکەوێتەوە.

کاتێک چوومە ماڵەوە، پاڵی بە قەنەفەکەدا دابووە، قاچ لەسەر قاچ، قولەپێی دەلەراندەوە.

سووراوەکەی دەتگوت قنەجگەرەی پرتەقاڵییە بە لالێویدا لکاوە. هەڵمدەژمی ئەڵقە بە ئەڵقەی ئەو دووکەڵەی بە ڕوومدا دەیدایەوە، هەمان ئەو ئەڵقانەم هەڵدەمژی کاتێک خزابوومە هەناویەوە، هەمان ئەو قەفانەی خەرمانەیان بە دەورمدا دەکێشا و تاڤگەئاسا خلۆر دەبوونەوە، بەو تەمەنی چوارساڵییەم گەروومیان هەڵدەگوشی وەک تەنافی سێدارە.

«ها، چییە تۆش فێری جگەرەکێشان بووی؟»

پرسیارەکەی تێ گرتم کاتێک کەنتە ڕەساسییەکەم وەک ئاماژەی هێز لە جانتاکەم هێنایە دەرەوە.

ئەم جارەیان من دیلی دەستی ئەو نیم. نیکۆتین دزەی کردە سییەکانمەوە،

دووکەڵەکەیم بە با کرد. چینی خۆڵەمێشی هاوشێوەی بێدەنگییەکەمان بە دارودیواردا هەڵگەڕا

و لەسەر سەرمان نیشتەوە. پێکەوە ژوورەکەمان بە پەڵەهەوری چڵکن قانگ دا.

هەڵدانەوەی پاشناو

گۆمێکی ئاڵ لە بیلبیلەی دایکمدا خۆی مەڵاس داوە. وردەشووشەیش لە قوڕگی گیر بووە. باوکم کەوچکێک قوڕ هەڵدەقوڕێنێت، منیش ڕابوردووم وەک بەرسیلەی مزر قووت دەدەم. ڕابوردوو. گوێزانێک لە سوورێنچکمدایە. ڕابوردوو. ڕابوردوو کێیە؟ کاک ڕابردووی داگیرکەر، کیشوەر بە کیشوەر ڕەدووم دەکەوێت، ڕووخسارە خورمایییەکان بە دوای خۆیدا ڕادەپێچێت. چاوم بە چڕنووکی هەڵدەکۆڵێت. گوایە خوێن لە ئاو ئەستوورترە. خوێنم تەڕوتازەیە، بەهاراتی ناو و ڕووخساری پێدا پرژێنراوە، دەکوڵێت و بە هەڵم دەبێت، ساڵەکانم لە پاش جێ دەهێڵێت. ئەو ساڵانەی پاڵتۆی تەپوتۆزی پێدا دراوە؛ ئەو ڕووخسارانەی بە خۆڵەمێش داپۆشراوە؛ قردێلەی پێست؛ برینی دەمداچەقاو؛ ئەو کونیلانەی دایکم بە هەشتا جگەرەکەی سیخورمەی تێ دەژەند؛ باوکیشم بە هەشتا جگەرە سیخورمەی تێ دەژەند. ناوێکیش، ناوێک، ناوێک، ناوێک، ناوێک. من و ناوەکەم، ناوەکەم و من؛ هەر یەکێکمان کۆیلەی ئەوەی ترمانین. ناوم دڕکێکی قیرسچمەیە، لەناو دەمارمدایە. سەدەیەک تێپەڕیوە، کەڵبەی ناو لە گەردنم چەقیوە.

بەناخداچوونەوە

نیازمە شیعرێک بنووسم و ئەم لاپەڕەیە بە پەیڤی لەوەوپێش نەگوتراو ڕەش بکەمەوە. قەڵەمەکەم خودائاسا لەناو پەنجۆڵەمدا سنگی دەرپەڕاندووە، فەرمانم بەسەردا دەکات مەرەکەبی سوور بەسەر ڕووخساری خورماییدا بچۆڕێنمەوە. تا لێوارەکان بنەخشێنمەوە و بریکەبریکی چاوەکان ڕزگار بکەمەوە. ئەو ڕووخسارانەی کاڵ بوونەتەوە بەڵام لەسەر دەریا هەڵکۆڵراون، ئاوێتەی خاک بوون. نینۆکی سوورم و قەڵەمەکەم لەسەر مێژووی ئەم ڕەنگە هەڵکەوتەیە وتووێژیانە، ناکۆکییەکەیشیان ئەوەم بیرم دەخەنەوە جارێکیان «ئای خۆزگە فیستیڤاڵی تەماتە هەبووایە تا خەڵک فێر ببن ڕەنگی سوور لەگەڵ شتێکی تردا تێکەڵ بکەن» لە زاری هاوڕێیەکم خلۆر بووە. دانیشتووم لای جامی ئەو پاسەی بەسەر ئەم خاکە نامۆیەدا دەمسووڕێنێتەوە. چاو دەبڕمە جادەوبانی پانوپۆڕ و ڕووخساری گەرموگوڕ و مێژووی بێبنک بەدەم ئەوەی لە خۆم دەپرسم: «کاتێک ڕەنگ کاڵ دەبێتەوە، چۆن دەشێت ببریکێتەوە؟»     

شەڕی ناسڕیە

٢٣ـی ٣ـی ٢٠٠٣

تەمەنم شانزە ساڵ بوو. بەو قرچەی نیوەڕۆیە، تەپوتۆز و چڕەدووکەڵ ئاسمانی تەنیبووەوە. خزابوومە پشتی ئەو پەنجەرەیەی تیپی ئەستووری لێ درابوو و دەمڕوانییە ئەو مووشەکانەی بەسەر خانووی دەرودراوسێدا بەر دەبوونەوە. زرێپۆشێکی ئەمریکی دوو کۆڵان لەولای ماڵمانەوە تەقییەوە. پاشنیوەڕۆ بێدەنگی باڵی بەسەر دنیادا کێشا، وچانێکی درێژ درا. بنجکۆڵ بووم. بۆنی مەرگ لە دەرەوەی ماڵ وەک گسکی کارەبایی هەڵیلووشیم. کەوتمە سەرەتاتکە لە کەلەبەرێکی دەرگاکەمانەوە، حەشاماتێک چاوی قۆستمەوە. گوللەئاسا بەسەر جادەکەدا دەرپەڕیم و سەرم هەڵبڕی بەرەو شورای ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی، ئەو ژن و پیاوانەی گەمارۆی سەربازە ئەمریکییە بێگیانەکانیان لە گۆماوی خوێندا دابوو. ژەنگ و بارووت. پیاوێکی چەقۆبەدەستی بنێس و مردەڵە، بە دسداشەیەکی کرێمیی پەڵەپەڵەوە، گوێی سەربازەکانی دەبڕی و نێزەی شیشی کەبابی تێ دەچەقاندن. خۆم لێ مۆڕ کردەوە، چاومان لەسەر چاوی یەکتر نیشتەوە. گرژینەوە لێوی تەنییەوە بەدەم سمینی گوێچکەیەکی ترەوە.         

دەربارەی نووسەر