ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”

(1)

وێنەی مرۆڤ

(دیموكراتیزەكردن/ كڕین و فرۆشتن)

فیکریی تەكنەلۆژی، مێژووی داماڵینی (وێنەی مرۆڤ)ە لە مرۆڤبوون، بە مانایەكی دیكە تەكنەلۆژیا، وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی بەرهەمهێنەری مانا”وە، بۆ “کەرەستەیەکی بەکاربردن” دەگۆڕێت؛ لە ئەزموون و ئەزموونگەرییەوە بۆ “سیمای دیجیتاڵی”… هەر بەو مانایەش (جەستەی مرۆڤ) لە واقیعێکی کولتووری بۆ مەکینە و ئامرازێکی میکانیکیی ڕووت و (ڕوخساری مرۆڤ)یش لە ژێر زەبری پیشەسازیی جوانکاری و مۆدێلە ستانداردەکانی بازاڕدا لە ناسنامەوە بۆ کاڵا دەگۆڕێت.

ئەگەر وێنەی مرۆڤ شێوازی تێگەیشتن لە ناوەوە و مانای مرۆڤ  دەستنیشان بكات،  ئەوا وێنەی ڕوخسار لای (واڵتەر بنیامین) لە سەرەتای سەردەمی فۆتۆگرافیدا، وەک دواین هێڵی بەرگری تەماشا دەکرا… بەمجۆرە فەیلەسووفی ئەڵمانی (واڵتەر بنیامین) جیاکاریی لەنێوان دوو جۆر بەهای بنەڕەتیی وێنەدا دەکات، “بەهای پەرستش” و “بەهای نمایش”.   

بەهای پەرستش، لە هونەری کلاسیک و وێنەکێشانی کۆندا، ئەوەیە كە وێنە هەڵگری ڕەهەندێکی ئایینی و ئۆنتۆلۆژیی پیرۆزە و “خەرمانە”ی هەیە: (وەک ئایکۆنە پیرۆزەکان یان تابلۆی یادەوەریی مردووان کە لە شوێنە دابڕاو و تایبەتەکاندا دەپارێزران)؛ بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای کۆپیکردن و بڵاوبوونەوەی بەکۆمەڵی وێنەکان، ئیتر بەهای نمایش پاشەکشێی بە بەهای پەرستش كرد و  بەهای پەرستش جێگەی خۆی بۆ بەهای نمایش چۆڵ كرد! واتە وێنە لە کایەی پیرۆزییەوە بەرەو کایەی بەکاربردن و تەماشاکردنی جەماوەری وەرچەرخا! بنیامین پێیوایە، ڕوخساری مرۆڤ هێمای ئەو وەرچەرخانە مێژوویییەیە کە تێیدا هونەر لە “پیرۆزی و تاکایەتی”یەوە بەرەو “گشتیبوون و تەکنەلۆژیا” هەنگاو دەنێت؛ بەو مانایە ڕوخسار دوا ڕایەڵی پێوەستبوونی مرۆڤی مۆدێرنەیە بە ڕابردووی خۆیەوە- هەڵبەتە پێش ئەوەی تەکنەلۆژیا بەتەواوی وێنەکە بکاتە کاڵایەکی جەماوەریی ڕووت.

بەڵام وێنەی ڕوخسار (وەكـ سیمای دیجیتاڵی) لای کۆمەڵناس و ئەنترۆپۆلۆژیستی ناوداری فەرەنسی (داڤید لۆ برتۆن)، نامۆبوونی خود و جەستە دەگەیەنێت؛ واتە کتێبی (ئەنترۆپۆلۆژیای جەستە) لە (وەرگێڕانی عەرەبی: محمد عرب صاصیلا، چ٢، ١٩٩٧- بەیروت)، تەنها قسەكردن نییە لەسەر پیرۆزی جەستە، بەڵكە لەوێدا جەستە نوێنەرایەتیی خودی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکات؛ لە بەشی (هەشتەم)ی كتێبەكەدا دەڵێت: لەگەڵ هاتنی مۆدێرنێتە و باڵادەستبوونی فەلسەفەی دێکارت و چەمکی “دووانەییی جەستە و ڕۆح” ئیتر لە جیهاندا، جەستە وەک ناسنامە لە خودی مرۆڤ جیاکرایەوە؛ جەستە نەک وەک خودی مرۆڤەکە، بەڵکە وەک “ئامرازێک” یان “خاوەندارێتییەک” دەبینرا کە مرۆڤ هەیەتی… ئەو جیاکارییە لە کولتووری هاوچەرخدا، جەستەی تووشی لەت لەتبوون و نامۆبوون کرد.

 هەڵبەتە بنیامین پێیوایە پارچەپارچەبوونی مرۆڤ، تەنها گوزارشت لە کەوتنی خودی مرۆڤ ناکات، بەڵكە گوزارشت لە لێکترازانی ناسنامە کولتوورییەکەش دەكات… بنیامین لە نەریتیی هونەر (وەک تابلۆی زەیتی) بۆ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆژیای نوێ (وەک فۆتۆگرافی و سینەما) دەکۆڵێتەوە و پێیوایە ئەم کەنەفتبوونە تەنها گوزارشت لە کەوتنی بەهای ئەزموونی ڕەسەن ناکات، بەڵكە چییەتی ئەزموونی هونەریی نوێش ئاشكرا دەکات… (بڕوانە: كتێبی “واڵتەر بنیامین”، لەبارەی وێنەی ڕوخساری مرۆڤ لە تێکستە بەناوبانگەکەی”كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا” بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا، زنجیرە ٢٠٠-٢٠١٧، ل 159).  

ئەگەر بەهای ئەزموونی هونەری بە (خودی مرۆڤ) دابنێین، ئەوا چییەتیی ئەزموونگەری هونەری (ناسنامەی مرۆڤ)ی لێدەكەوێتەوە؛ بەم مانایەش ئەزموون و ئەزموونگەریی مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ جێگیربوون و نەریتگەراییدا لە قەیراندایە! بۆیە ئەزموون و ئەزموونگەری هونەری لای بنیامین لە سەردەمی مۆدێرنەدا، چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتیی هونەری، بەڵكە پانتاییەکی ڕەخنەیییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی (کات- زەمەن) بگرێت؟!.

بەڵام ڕوخسار وەك لوتكەی جەستە تەنها پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی (پێست و ئێسک) نییە، بەڵكە سەکۆیەکی گەیاندنی سیمبۆلیی گەورەیە… بۆیە لۆ برتۆن شیکاری بۆ گرژییەکانی ماسولکەی ڕوخسار، چاوتروکان، زەردەخەنە و نیگاکان دەکات و پێیوایە پێش ئەوەی مرۆڤەکان زمان (وەك ئەزموون) بەکار بهێنن، ڕوخسار (وەك ئەزموونگەری) دەست دەکات بە ئاخاوتن و دەربڕینی هەستە بنەڕەتییەکانی وەک (ترس، خۆشی، تووڕەیی، خەمۆکی…)؛ لۆ برتۆن جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەربڕینانە، ئەگەرچی ڕەهەندی فیسیۆلۆژییان هەیە، بەڵام لەڕێگای کولتوورەوە ڕێک دەخرێنەوە (بۆ نموونە: دۆخی کولتووریی زەردەخەنە، یان سووربوونەوەی ڕوخسار لە کاتی شەرمدا) ئەو تەنها قسە لە کۆمەڵناسیی پێست و گۆشت ناکات، بەڵكە مێژووی سەرهەڵدانی “تاکگەراییی پێشکەوتوو” لەڕێگای مێژووی وەرچەرخانی جەستەوە دەخوێنێتەوە! جەستەی گۆڕاو (ناسنامەی فرەڕەهەند) لە هاوسەنگیی گەردونییەوە بۆ مەکینەی توێکاری لە كتێبی “ئەنترۆپۆلۆژیای جەستە”ەوە قسەی لێكراوە، لەوێدا (داڤید لۆ برتۆن) پێناسەی جەستە وەک دەستکەوتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەکات، نەک وەک پێکهاتەیەکی بایۆلۆژیی ڕووت.

لە (بەشی دووەم)ی كتێبەكەدا گەشتێکی (مێژوویی-مەعریفی) بۆ تێگەیشتن لە سۆسیۆلۆژیای جەستە دەکات و پێیوایە لە کۆمەڵگا نەریتی و سەرەتایییەکاندا: جەستەی مرۆڤ سنوورێکی دابڕاو و سەربەخۆی نییە؛ بەڵكە بەستراوەتەوە بە تۆڕی سروشت، گەردوون و جەستەی کۆمەڵگاوە: كاتێک جەستە نەخۆش دەکەوێت، وەک تێکچوونی هاوسەنگیی گشتیی گەردوون تەماشا دەکرێت؛ لێرەدا جەستە “دوورگەیەکی دابڕاو” نییە.  

لە (بەشی سێیەم: جەستە، مەکینە و ناسنامە)دا وێنەیەکی نوێ لەڕێگای توێکاریی پزیشکییەوە بۆ جەستە دەكێشێ، وەک چۆن بۆ یەکەمجار لە نەشتەرگەری (ئەندریاس ڤیسالیوس) و گومانەكانی دێکارتیدا قسەی لێكراوە؛ لەو بەشەدا جەستە وەک “ئامادەیییەکی میکانیکیی سەربەخۆ” لە کۆمەڵگا و گەردوون دادەبڕێ و دەیخاتە سەر مێزی گومان و توێکارییەوە… لۆ برتۆن پێیوایە لە دوای ئەم وەرچەرخانە، جەستە بوو بە “پاشکۆ”؛ چیتر مرۆڤ خۆی جەستە نییە، بەڵكە بوو بە “خاوەنی جەستە”، و جەستەش بوو بە یەکەمین کەرەستەی خاوەندارێتیی تایبەت.

ئەگەر بەراوردێك لەنێوان (بنیامین و لۆ برتۆن)دا بكەین، دەبینین ئەم دوو بیرمەندە لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە قسە لەسەر دەستکاریکردنی جەستە و ڕوخسار دەكەن؛ (واڵتەر بنیامین) لە (سەرەتای سەردەمی پیشەسازی) و (داڤیدد لۆ برتۆن ) لە (لوتکەی سەردەمی دیجیتاڵی)ەوە لە هەندێ تێڕوانیندا بەیەك دەگەنەوە! (واڵتەر بنیامین) قسە لە سروشتی (جەستە/ وێنەفۆتۆگرافی) و پرۆسەی دووبارەبوونەوەی تەکنیکیی ڕوخسار دەكات و (دافید لۆ برتۆن ) قسە لە جەستە وەک پێکهاتەیەکی (تەواونەکراو) دەكات، کە بەردەوام دەستکاری دەکرێت!  

لای بنیامین ئەنجامی دوورکەوتنەوە لە ڕەسەنێتی ئەو کاتە بەدەردەكەوێت كە فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دووردەکەوێتەوە، بۆ نموونە (دیمەنی کۆڵانە چۆڵەکان- وەك دەسەڵاتی دیمەن)، لەو حاڵەتە وێنە دەبێتە کەرەستەیەکی سیاسیی ڕزگاریخواز، کاتێک ڕوخساری مرۆڤی ئاسایی (نەک دەسەڵاتداران) دەردەکەوێت، ئیتر مانا و بەهایەکی مێژووییی نوێ دەبەخشێت؟! بەو مانایەش ئەگەرچی دیمەن هەڵگری دەسەڵاتە، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی وێنەدا دەتوانین دەسەڵات لە دوو ڕوودا بخوێنینەوە.

بەڵام کاتێک دەسەڵات و دەسەڵاتی تەکنەلۆژیا و سەرمایەداری هێرش دەکەنە سەر ڕوخسار و دەیکەنە بابەتێکی بازرگانی و دەستکاریکراو، یان بابەتێكی ساختە، لە ڕاستیدا هێرش دەکەنە سەر دوا مۆڵگەی مرۆڤایەتی و تاکێتیی ئێمە؛ واتە هێزی ئاڕاستەکەر دەستکاریی نمایشەکان (دیمەنەكان) دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی (درۆیینە) و ئاڕاستەكردنی جەماوەر، بازرگانی و بازاڕ…

بە بڕوای (واڵتەر بنیامین) دەسەڵاتی تەكنەلۆژی لەلایەك دەلالەت لە لەناوچوونی  خەرمانەی “هالە”ی ڕوخسار دەكات؛ لەلایەكی دیكە لەناوچوونی هالەی ڕوخسار دەرگا بۆ دیموکراتیزەکردنی هونەری دەکاتەوە و هونەر لە قۆرخکاریی چینە باڵاکان ڕزگار دەکات! بەگوێرەی بیركردنەوەی بنیامین لە توانای بەرهەمهێنانەوەی هونەری هاوچەرخدا هێزێکی شاراوە هەیە، ئەو هێزە شاراوەیە بەدژی نەریتگەرایی و جێگیربوون كار دەكات! بەڵام ئایا هێزێكی ساختەكارانەش نییە؟.

 (داڤید لۆ برتۆن ) دەسەڵاتی تەكنەلۆژی و بازرگانیکردن وەک نامۆبوونی خود دەبینێ؛ بەو مانایەش پیشەسازیی جوانکاری و فلتەرە دیجیتاڵییەکان، ڕوخسارەکان دەکەنە یەک مۆدێلی ستانداردی بازرگانی و یەك مۆدیلی ستانداردی سیاسی و بە تەواوی لە بوونی مرۆیی و جیاوازییەكان دای دەبڕن!

لە (بەشی نۆیەم)ی کتێبەکەدا بەناوی (ئێش و ئازار)، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ درێژە بە بیركردنەوەكانی لەبارەی بازرگانیكردن وەك نامۆبوونی خود دەدات و پێیوایە شاشە و سنوورەکانی جەستەی دیجیتاڵی دەچێتە ناو ئەنترۆپۆلۆژیای ئازارەوە و لەوێوە دەڵێ: ئەگەرچی لە کاتی تەندروستیدا، جەستە “بێدەنگە” و ئێمە هەست بە کارکردنی ئەندامەکانمان ناکەین؛ بەڵام لە کاتی ئازاری فیزیکیی توونددا، جەستە فەرمانی خۆی بەسەر خوددا دەسەپێنێتەوە و دەبێتە زیندان؛ لەو بەشەدا دەیەوێ بڵێ مۆدێرنێتە لەڕێگای پزیشکی و تەکنەلۆژیاوە (بێهۆشکردن و سڕکردنی بەردەوام) هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتیی ئازار دەدات، ئەوەش وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ توانای بەرگەگرتنی مانایی و دەروونی بۆ ڕووداوە سەختەکانی ژیان کەم ببێتەوە، چونکە ئازار چیتر بەشێک نییە لە “مەشقی ڕۆحی” یان تاقیکردنەوەی بوونیی مرۆڤ، بەڵكە تەنها وەک “کێشەیەکی تەکنیکی لە مەکینەکەدا” سەیر دەکرێت.

بە كورتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ڕوخسار لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە؛ لە کۆمەڵگای شاشەکاندا، ڕوخسار پێویستی بە ئامادەیی فیزیکی نییە؛ بەڵكە لەڕێگای وێنەی پرۆفایل و فلتەرەکانەوە، ڕوخسارێکی “ئایدیاڵ” و دەستکرد بەرهەم دەهێنێتەوە کە ماسکێکە بۆ ڕازیکردنی نیگای ئەوانی دی؛ ئەوەش دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی ئەو پەیوەندییە ئەخلاقییەی کە فەیلەسوف (ئیمانوێل لێڤیناس) پێی دەگوت “بەهای ئەخلاقیی ڕوخسار”، چونکە تەماشاکردنی ڕوخسارێکی فلتەرکراوی سەر شاشە، تەماشاکردنی “کاڵایەکی بازرگانییە” نەک مرۆڤێکی خاوەن ئێش و ئازار، مێژوو و یادەوەری…  

کتێبی “ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە” هاوارێکی ڕەخنەیییە دژ “بە مەکینەکردنی مرۆڤ”… (داڤید لۆ برتۆن) بانگەواز بۆ گەڕانەوە بۆ جەستەیەک دەکات، بۆ ئەوەی جەستە خۆی مانا بەرهەم بهێنێت؛ جەستەیەک کە پیر دەبێت، کاتی بەسەردا تێدەپەڕێت، هەست بە ئازاری ئەوی دی دەکات، و خاوەن ڕوخسارێکە کە ناکرێت لە ناوەندە بازرگانی و دیجیتاڵییەکاندا کۆپی بکرێتەوە؛ لای ئەو جەستە تەنها تێکەڵەیەکی ئۆرگانی نییە، بەڵكە “نووسراوێکی کولتووری و مێژوویییە” کە دەبێت بە وریایییەوە بخوێنرێتەوە.

دواجار ئەو دوو بیرمەندە جیاوازییەکی قووڵی چەمکسازیمان پێدەبەخشن؛ ئەگەرچی هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وێنەی مرۆڤی هاوچەرخ لە بەها و ڕەسەنێتییەکەی خۆی داماڵدراوە، بەڵام جیاوازیی ڕادیکالی نێوانیان لە تێڕوانینیاندایە، بۆ: “ئامانجی” ئەم گۆڕانکارییە و “ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی” کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێت؟!

لەو نووسینەدا دەمەوێ لەو خاڵە ورد ببمەوە کە (واڵتەر بنیامین) و (داڤید لۆ برتۆن) تێیدا یەکدەگرنەوە، واتە کاتێک فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دوور دەکەوێتەوە (بۆ نموونە لە دیمەنی شەقامێكی چۆڵ)، هالەی ئەویدیكەی جیاواز بە تەواوی دەشکێت؛ ئیتر مەترسییەکە ئەوەیە كە وێنەی جیاوازی (وەک دوا مۆڵگەی ناسنامە و گەرمیی مرۆیی) لە دیمەنەكەدا نامێنێت، بۆشاییەك دروست دەبێت، ئەو بۆشایییە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتی بازاڕ و سەرمایەدارییەوە بە خێرایی پڕ دەکرێتەوە؟ لێرەدا بۆشایییەكی هاوبەشی ترسناک لەنێوان هەردوو بیرمەنددا دەبینین: لای بنیامین فۆتۆگرافی لە ڕوخساری مرۆیی دوور دەکەوێتەوە، لەو كاتەدا ئیتر ئەو “پانتایییە مرۆیی و ئۆنتۆلۆژییە” نامێنێت کە وێنەکەی بە ڕەسەنێتییەوە دەبەستەوە! لەم چرکەساتە مێژوویییەدایە جەستە و ناسنامەی مرۆڤ تووشی لەت لەتبوون و پارچەپارچەبوون دەبێت؛ لێرەوە بە بڕوای بنیامین بازاڕی سەرمایەداری (وەک هێزێکی شاراوە) ڕێک دەچێتە ناو بۆشایییەكەوە!  بەڵام ئەو بۆشایییەی بۆ بنیامین هێزێکی شاراوەیە بۆ دیموكراتیزەكردن! كەچی لۆ برتۆن لە لوتکەی مۆدێرنێتەدا وەک “کارەساتێکی بازرگانی” دەیناسێنێت؛ چونكە پێیوایە سیستەمی بازاڕ لەوێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پارچە و لەتانەی جەستە و ڕوخساردا دەکات و دەیانکاتە کاڵای ڕووت بۆ بەکاربردن و قازانجکردن! بەو مانایەش مرۆڤ لە گشتێکی یەکگرتووەوە، دەبێتە کۆمەڵێک “سیمای دیجیتاڵی” (ماسک، فلتەر، گۆشت، پێست) کە لە بۆرسەی جوانکاری و شاشەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت!

بە كورتی (دیموكراتیزەكردن) و (شکاندنی مۆنۆپۆلی مەعریفە و دەسەڵات)ی بنیامین، لای لۆ برتۆن وەكـ (کاڵایەکی بینراو) بۆ (كڕین و فرۆشتن) دەبینرێت! لۆ برتۆن دەیەوێ بڵێ دیموکراتیزەکردنی مرۆڤ لە سیستمی تەکنەلۆژیدا پرۆسەیەکی تەواونەکراوە و پڕە لە گرژی… كەواتە ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا مرۆڤی لە دەسەڵاتی ستونیی ڕزگار کردووە، بەڵام هاوکات خستوویەتییە ناو تۆڕێکی ئاسۆیی لە چاودێری و نامۆبوون؛ بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی هاوچەرخ لە نێوان “سەروەریی دیجیتاڵی” و “بەکاڵابوونی تەواوەتی”دا دەژیت.

هەولێر 25/6/2026

blank
دەربارەی نووسەر
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە