ئەم ماوەیە دیتنی فیلمه نوێیەکەی کریستۆفێر نۆلان، واته ئۆدیسە (۲۰۲۶)، بۆ من هاوکات بوو لەگەڵ خوێندنەوەی شانۆنامەی «هەڵەتێگەیشتن – سوتفاهم»ی ئالبێر کامۆ.
بە بەرچاوڕوونیی فیلمەکەی نۆلان، بۆمان دەرکەوێت «هەڵەتێگەیشتن» تەنها شانۆنامەیەک نییە دەربارەی تاوانێکی بنەماڵەیی و هەڵەیەکی کوشنده، بەڵکوو تێده‌گه‌ین دەقێکە کە لەسەر یەکێک لە کۆنترین مۆدێلە ڕەوایەتییەکانی ئەدەبیاتی جیهان، واتە ڕەوایەتی گەڕانەوە یان نۆستۆس (Nostos)، دامەزراوە.
لە ئەدەبیاتی یۆنان‌دا، نۆستۆس تەنها بە مانای گەڕانەوە و هاتنه‌وه بۆ ماڵ نییە. بۆ ڕەوایەتی نۆستۆس، گەڕانەوە و هاتنه‌وه دەبێ بگات بە ناسینەوە (Anagnorisis)، ناسینەوەش ببێتە هۆی کردار و کرده‌یش بە جێگیرکردنی نەزم، کۆتایی پێ‌بێت. ناسراوترین نموونەی ئەم مۆدێلە ئۆدیسەی هومێرە. ئۆدیسە دوای بیست ساڵ دووری و ئاوارەیی دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، واتە ئیتاکا. سەرەتا شوناسی خۆی ئاشکرا ناکات. ئەم شاردنەوەیە بەشێکە لە پرۆسەی گەڕانەوە. بەرەبەره بەپێی زه‌رووره‌ت دەناسرێته‌وه، دواتر کردار دەست پێ دەکات و لە کۆتاییدا ماڵبات و پاشایەتییەکەی دووبارە ڕێک دەخرێته‌وه. دەتوانین فۆرمولی نۆستۆس بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: گەڕانەوە، (شاردنه‌وه‌ی شوناس)، ناسینەوە، کردار، نەزم و ئارامی.
شانۆنامه‌ی «هەڵەتێگەیشتن»یش بە هەمان فۆرموله‌وە دەست پێ دەکات. «ژان» کوڕی ماڵەکە، ڕێک وەک ئۆدیسە، دوای بیست ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، ئەمیش سەرەتا شوناسی خۆی ئاشکرا ناکات. هه‌ڵبەت هه‌ر ئەم شاردنەوەیە جیا له‌وه‌ی نۆستۆس بەراوەژوو دەکاتەوە، کارەساتی لێدەکەوێتەوە، دایک و خویشک ده‌یکوژن. هەروەک لە «ئۆدیپ شا» و «ڕۆستەم و سۆراب»یشدا، شاردنەوەی شوناس و دواکەوتنی ناسینەوە، بە کارەسات کۆتایی پێدێت. گەرچی لە «شانامە» کارەسات لە مه‌یدانی شەڕدا ڕوو دەدات، لە ده‌قه‌که‌ی کامۆ لە ناو ماڵدا ڕوو دەدات، واته ئەو شوێنەی دەبوو شوێنی ناسینەوە و وەخۆگرتن بێت، دەبێتە شوێنی کوشتن. ئەوەی لە «ئۆدیسە»دا مەرجی سەرکەوتنی گەڕانەوەیە، لە «هەڵەتێگەیشتن»دا دەبێتە مەرجی تراژیدیا. هه‌ڵبەت لێرە‌ش ناسینەوە ڕوو دەدات، بەڵام زۆر درەنگ، کاتێک هەموو شتێک تەواو بووە و هیچ کردارێک ناتوانێت چارەنووس بگۆڕێت، ڕێک وەک درەنگ ناسینی سۆراب و ئۆدیپ. که‌واته ده‌کرێ بڵێین کردار(کوشتن) پێش ناسینەوە ده‌که‌وێت و لە هەر سێ ده‌قی «شانامه» و «ئۆدیپ‌شا» و «هەڵەتێگەیشن»، فۆرمولی نۆستۆس وه‌های لێدێت: گەڕانەوە، (شاردنه‌وه‌ی شوناس)، کردار، ناسینەوە، کاره‌سات.
سه‌ره‌ڕای ئەم باسانه بە ڕای من، جیاوازیی سەرەکیی «هەڵەتێگەیشتن» و «ئۆدیسە» لە شوێنێکی قووڵتردایە. لە «ئۆدیسە»دا تەنها که‌سایه‌تیی ئۆدیسە لە فیکری گەڕانەوەدا نییە، بنەماڵە و ماڵیش چاوەڕێی هاتنه‌وه‌یین. پێنێلۆپێ بیست ساڵه خۆی و ماڵەکە دەپارێزێت تا ئەگەر مێرده‌که‌ی گه‌ڕایەوە، باوەش و شوێنی بۆ مانه‌وه هەبێت. ژن، ماڵ، هاوڕێ و ته‌نانه‌ت سه‌گه پیره‌که‌یش پارێزەری بیرەوەری، شوناس و چاوەڕوانین. بەڵام لە «هەڵەتێگەیشتن»دا، ماڵ چیتر شوێنی چاوەڕوانی نییە. دایک و بە تایبەت مارتای خویشک چاوەڕێی هیچ کەسێک ناکەن. خەونیان گەڕانەوەی ژان نییە، کاتێکیش ژان خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه ته‌نانه‌ت باش سه‌یری ناکه‌ن، بۆ دۆزینه‌وه‌ی هێمای هاوشێوەیی نایپشکنن، هیچ نیشانه‌یه‌کی بنه‌ماڵەیی تێدا که‌شف ناکه‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێ ئاسەوار و شوێنپێی بسڕنه‌وه. ئاخر ئەوان ئاماده‌ی ژان نین و ئاره‌زوو و نه‌خشه‌یان پارە بردن و ڕاکردنه له‌و ماڵ و موسافیرخانه‌یه. ڕەنگه له‌به‌ر ئەمه بێت کە ئەو تاقه رسته ڕزگاریده‌ره واته «من کوڕی ئەم ماڵەم»، ئیمکانی وتنی بۆ ناڕەخسێت و هه‌رگیز نایه‌ت به زماندا.
لە جیهانی هومێر و زەمەنی بازنەییی ئوستوورەدا، شوناس جێگیرە. پێنێلۆپێ پاش بیست ساڵ هەر هه‌مان ژنی ئۆدیسەیە، تێلێماخۆس هەر کوڕی ئۆدیسەیە، ئارگۆس هەر سەگی ئۆدیسەیە. بیست ساڵ به‌سه‌ر غیابی ئۆدیسەدا تێدەپەڕێت، که‌چی پەیوەندییە بنەڕەتییەکان ناگۆڕێن. به‌ڵام لە ده‌قه‌که‌ی کامۆدا، هەموو پەیوەندی و شوناسێک شەقی بردووه و دوو لەت بووه. ماڵ هەم ماڵە و هەم موسافیرخانە، دایک و خویشک هەم دایک و خویشکن و هەم بکوژ، ژانیش هەم کوڕە و هەم میوان. کەواتە ئەگەر پێنێلۆپێ، ئارگۆس و ماڵ پارێزەری نۆستۆسن، لە ده‌قی کامۆدا دایک، مارتا و خودی ماڵ ئەو توانست و ئیمکانە ڕەت دەکەنەوە.
لێرەدا شکستی نۆستۆس تەنها شکستی ناسینەوە نییە، بەڵکوو شکستی زمانیشە. وا ده‌رده‌که‌وێ ژان توانای ناساندنی خۆی هەیە و خۆی وای پێ‌باشه جارێ نه‌یڵێت، ئەمە ڕواڵەتە، ژان هەرگیز ناتوانێت ئەو وتەیە لانیکه‌م لە کاتی گونجاو‌دا بڵێت، چونکوو زمان لە جیهانی داڕماوی شانۆنامه‌که‌دا چیتر ئامرازی پەیوەندی و خۆپێناسه‌کردن و ده‌رخستن نییە، بەڵکوو بووه‌ته شوێنی داشاردن و خۆشاردنه‌وه، وه‌دواخستن و لێکدانەوەی هەڵە، له‌ملاشه‌وه ده‌ڵێی کەسایەتییەکانیش گوێبیستی زمانی ڕاستی‌بێژ نین و له ئاستی هەموو نیشانه‌یه‌کدا کوێرن و تەنها به ده‌فته‌رچه‌ی ناسنامه‌ی و په‌ساپۆرت باوه‌ڕ ده‌که‌ن.
لەبەر ئەوە، تراژیدیای «هەڵەتێگەیشتن» تەنها بەهۆی دواکەوتنی ناسینەوە نییە، به‌ڵکوو بە هۆی نه‌تواناییشه له سه‌رگرتنی نۆستۆس و له کارکه‌وتنی زمانی ڕاستی‌بێژ و ئیمکانی ژنه‌فتنی ڕاستی. بەم مانایە، کامۆ تەنها چیرۆکی گەڕانەوە پێچەوانە ناکاته‌وه بەڵکوو بنەمای نۆستۆسیش لەکار دەخات. لە جیهانی کامۆدا هاتنه‌وه ڕوو دەدات، بەڵام نۆستۆس جێبەجێ نابێت. چونکوو وه‌ک بینرا نە ده‌رفه‌ت و زه‌رفییه‌ت بۆ زمان و خۆناساندن ده‌ڕەخسێت، نه ناسینەوە لە کاتی خۆیدا ڕوو دەدات، نە ماڵ هێشتا شوێنی پاراستنی بیرەوەری و شوناسە، نە نەزم ئیمکانێکە کە بتوانرێت سەربگرێتەوە.
لە جیهانی هومێر، سوفوکل و شانامه‌دا، شوناس پێش لە هەر شتێک لە جەستە، بیرەوەری و پەیوەندیی بنەماڵەییدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. جێ برینی ڕانی و کەوان‌کێشییەکەی ئۆدیسە، برینانی پاژنه‌ی ئۆدیپ، هێز و بازووبەندی سۆراب بەڵگە و ناسنامه‌ن و جیا له نیشانە‌ی جەستەییی که‌سه‌کان بە بیرەوەریی هاوبەشیش دەناسرێتەوە. بەڵام لە شانۆنامه‌که‌ی کامۆدا، شوناس ته‌نها و ته‌نها بووەتە ناسنامە و بەڵگەنامە‌ی کاغه‌زین. ئەمە تەنها جیاوازییەکی پلۆتی نییە، بەڵکوو نیشانە‌ی گواستنەوەیشە لە جیهانێکه‌وه (کە شوناس لە جەستە و بیرەوەریدا دەپارێزرێت)، بۆ ناو جیهانێکی ئابزورد کە تێیدا هه‌موو ئەو پەیوەندییانە (به زمانیشه‌وه)، شکاون. بۆیە لە «هەڵەتێگەیشتن»دا، نۆستۆس تەنها بەهۆی دواکەوتنی ناسینەوە شکست ناهێنێت، بەڵکوو له‌به‌ر ئەوەشە کە لەو جیهانەدا وتنی ڕاستی مەرجەکانی ناسینەوە، گەڕانەوە و دامەزراندنەوەی نەزم لەناو چووگن. واته ئەو جیهانەی وا نۆستۆس تێیدا مانادار بوو، چیتر بوونی نییە.