ژنەفتن ژنەفتن
شانۆ و سەما هونەر

 سێ چەشنی شانۆی ئەبسێرد لە یەک دەقدا

خوێندنەوەیەک بۆ شانۆنامەی "دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو" لە نووسینی دانا ڕەئووف لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکانی ژان میشێل ڕیب و هارۆلد پینتەر و فێرناندۆ ئاراباڵ

نووسەر موحسین مستەفاپوور
داگرتنی PDF

پوخته:

بە پێچەوانەی بیروباوەڕی باو، شانۆی ئەبسێرد بزووتنەوەیەکی یەکبڕگە نییە و لە پەرەسەندنیدا چەندین بۆچوونی جۆراوجۆری لە بواری زمان، گێڕانەوە، کەسایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی بابەتی پوچی و بەتاڵی، ئەزموون کردووە. هەندێک شانۆنامەنووس وەک ژان میشێل ڕیب، بۆ ئاشکراکردنی قەیرانی مانا، گاڵتەجاڕی و گەمەی زمان و بارودۆخی نائاسایی بەکار دەهێنن. هەندێکی تر وەک هارۆلد پینتەر بەتاڵی وەک هەڕەشەیەکی شاراوە و پەیوەندییە نایەکسانەکانی هێز نیشان دەدەن و، هەندێکی تر وەک فێرناندۆ ئاراباڵ ئەم ئەزموونە بۆ دڵەڕاوکێ و توندوتیژی و ئاژاوە و داڕمانی تەواوی سیستەمی مرۆڤایەتی بەرز دەکەنەوە.

ئەم وتارە بە پشتبەستن بە شێوازێکی شیکارانە، ڕووبەڕووی شانۆنامەی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”ی دانا ڕەئووف دەبێتەوە و نیشانی دەدات کە چۆن ئەم دەقە، بەبێ پچڕانی پێکهاتەیی، سێ شێوازی جیاوازی شانۆی ئەبسێرد لە یەک گرێ دەدات. لەم توێژینەوەیەدا کارەکانی ڕیب و پینتەر و ئاراباڵ وەک تێکستی بەراوردکاری بەکار نەهاتوون، بەڵکوو وەک چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی ئێستاتیکایی شانۆنامەکە بەکار هێنراون.

شیکردنەوەی دەقەکە ئەوە دەردەخات کە جیهانی شانۆنامەکە لە سێ قۆناغی پێکەوەبەستراودا پێک هاتووە: یەکەم، بەتاڵی لە شێوەی گاڵتە و گەمەی زمان دەردەکەوێت، پاشان هەمان بەتاڵی، بۆ فەزایەکی پڕ لە هەڕەشە و زاڵبوون دەگۆڕێت و لە کۆتاییدا بە توندوتیژییەکی ناعەقڵانی و بێ دڵنیایی ئەخلاقی کۆتایی دێت.

لینکی شانۆنامەی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” /

پێشەکی:

لەوەتەی شانۆی ئەبسێرد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، ئەم شێوە هونەرییە هەمیشە بە چەمکەکانی وەک بێ مانایی، داڕمانی پەیوەندی، قەیرانی شوناس و نەتوانینی زمان لە ڕاگواستنی ئەزموونی مرۆڤایەتی ناسراوە. هەرچۆنێک بێت، کورتکردنەوەی شانۆی ئەبسێرد بۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندی جێگیر وێنەیەکی سادەتر لە واقیعی ئەبسێرد پێشکەش دەکات. هەرچەندە ئەزموونی ئەبسێرد لە کارەکانی نووسەرانی وەک ساموێل بێکێت، یۆژین یۆنێسکۆ، ژان ژینییە و ئارسەر ئادامۆف، بناغەی هاوبەشی هەیە. بەڵام لە نەوەکانی دواتردا ئێستاتیکایەکی جیاوازی وەرگرتووە. بەجۆرێک کە گاڵتەجاڕی و هەڕەشە و توندوتیژی هەریەکەیان دەتوانن ڕێگایەکی سەربەخۆ بۆ نواندنی هەمان قەیرانی بنەڕەتی مانا بن.

شانۆنامەی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”ی دانا ڕەئووف هەروەها یەکێکە لەو کارانەی کە لەیەکەم نیگادا پێکهاتەیەکی سادە و سنوورداری هەیە. هەموو ڕووداوەکانی نمایشەکە لە ژوورێکی بچووکی هوتێلێک لەنێوان نیوەشەو و بەرەبەیاندا ڕوو دەدەن، تەنها دوو کارەکتەر لەسەر شانۆ هەن و گفتوگۆکانیان لە سەرەتادا لە دەوری بابەتێکی ئاسایی دەخولێتەوە، بەڵام پێکەوە بەستنی لۆژیکی نییە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گێڕانەوەکە، هەمان گفتوگۆی ڕۆژانە وردە وردە ڕێگە به گومان، زاڵبوون، ترس و لە کۆتاییدا توندوتیژییەکی کوشندە دەدات. هاوکات شانۆنامەکە هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان بۆ دەرناخات کە بۆچی ئەم ڕووداوانە ڕوویانداوە.

ئەوەی ئەم شانۆنامەیە لە زۆربەی نموونە باوەکانی شانۆی ئەبسێرد جیا دەکاتەوە پێکەوەژیانی چەن چەشنی جیاواز بۆ نواندنی دەقی ئەبسێرد لە یەک پێکهاتەدایە. لە سەرەتادا، دەقەکە بە بەکارهێنانی یاری زمان و بارودۆخی کۆمیدی خوێنەران و بینەران وە پێکەنین دەخات، بەڵام هەمان شێوازە زمانەوانییەکان وردە وردە دەبنە ئامرازێک بۆ دروستکردنی هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات، و لە کۆتاییدا هەموو شتێک لە دڵەڕاوکێ و توندوتیژییەکی لەناکاو کە لۆژیکی هۆکاری نییە، دەڕووخێت. کەواتە، گۆڕانی ئاهەنگی هەستی شانۆنامەکە لە ئەنجامی پچڕانی پێکهاتەکە نییە، بەڵکوو ئەنجامی گۆڕانێکە لە شێوازی دەرخستنی پوچی و بەتاڵی. بەم پێیە، پرسیاری سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە بەم شێوەیە داڕێژراوە: شانۆنامەی «دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو» چۆن بە ڕاگرتنی یەکگرتوویی و سەقامگیری دراماتیکی خۆی، توانیوییەتی سێ چەشنی جیاوازی درامای ئەبسێرد لە یەک گێڕانەوەدا لێک گرێ بداتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەم وتارە بە بەکارهێنانی شێوازی شیکردنەوەی دەق، تایبەتمەندییە دیارەکانی سێ هەڵوێستی جیاواز لە شانۆی ئەبسێرد لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکانی ژان میشێل ڕیب و هارۆلد پینتەر و فێرناندۆ ئاراباڵ، وەک چوارچێوەیەکی تیۆری هەڵدەبژێرێت و نیشانی دەدات کە چۆن ئەم سێ بۆچوونە لە چینە جیاوازەکانی شانۆنامەی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” ئامادەبوونێکی وردە وردە و بەردەوامیان هەیە. مەبەست لەم توێژینەوەیە سەلماندنی وەرگرتنی کاریگەریی ڕاستەوخۆی دانا ڕەئووف لەم شانۆنامەنووسانە نییە، بەڵکوو ڕوونکردنەوەی توانای ئێستاتیکاییی دەق لە ڕێگەی سێ شێوازێکی بەرچاوی شانۆی ئەبسێردی هاوچەرخە.

بنەما تیۆرییەکان:

١. ژان میشێل ڕیب؛ پێکەنین، بۆ دەرخستنی پوچی

ژان میشێل ڕیب یەکێکە لە شانۆنامەنووسە هاوچەرخەکانی فەڕەنسا، کە شانۆی ئەبسێرد لە کەش و هەوای فەلسەفی و تاریکییەوە دەباتە ناو جیهانێکی گاڵتەجاڕی ورد و فێڵبازانە و نائارام. لە کارەکانیدا و بەتایبەت لە کتێبی «شانۆی بێ ئاژەڵ»دا، قەیرانی مانا لە ڕێگەی ڕووداوی گەورەوە دەرناکەوێت، بەڵکوو لە ناوەڕاستی بارودۆخێکی تەواو ئاسایی و ڕۆژانەدا دەردەکەوێت. کارەکتەرەکان گفتوگۆ دەکەن، بەڵام زمان لە جیاتی ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ ڕاگواستن و گەیاندنی مانا، دەبێتە فاکتەرێک بۆ بەرهەمهێنانی هەڵە تێگەیشتن، دواکەوتن لە تێگەیشتن، و بڵاوبوونەوەی بێمانایی.

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی جوانیناسانەی میشێڵ ڕیب، بەکارهێنانی دووبارەکردنەوەیە. دووبارەبوونەوە لە کارەکانیدا میکانیزمێکی دراماتیکییە کە نیشانی دەدات کارەکتەرەکان لە بازنەیەکی بێکۆتای قسەکردندا گیریان خواردووە. پرسیارەکان دەیان جار دووبارە دەبنەوە، وەڵامەکان کێشەکە چارەسەر ناکەن، و هەر ڕستەیەک لەجیاتی نزیککردنەوە، مەودای نێوان کارەکتەرەکان زۆرتر دەکات. لەم جیهانەدا، زمان لەجیاتی ئەوەی هۆکاری پەیوەندی بێت، دەبێتە بەشێک لە قەیرانی پەیوەندی.

لەگەڵ دووبارەکردنەوە، گەمەی زمانەوانیش تایبەتمەندییەکی گرینگی ئێستاتیکایی لەناو دەقەکانی ژان میشێل ڕیبە. زۆرێک لە دیالۆگەکان لە تێگەیشتنی جیاوازی کارەکتەرەکان بۆ وشە یان بارودۆخێک دروست دەبن و ئەم جیاوازییە لە تێگەیشتندا دۆخێکی کۆمیدی دروست دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کۆمیدیا و پێکەنینە هەرگیز نابێتە هۆی ئاشتی، چونکە بینەران و خوێنەران وردە وردە تێدەگەن کە لە پشت ئەم نوکتە زارەکیانەوە جۆرێک لە بێتواناییی بنەڕەتی لە پەیوەندیکردن هەیە.

تایبەتمەندییەکی گرنگی تر لە کارەکانی ڕیبدا، بوونی حاڵەت و بارودۆخگەلی بێ لۆژیکە. کارەکتەرەکان زۆرجار خۆیان لە بارودۆخێکدا دەبیننەوە کە هۆکاری ئامادەبوونیان، مەبەستی هەڵسوکەوتیان، یان تەنانەت پێویستی بەردەوامبوونیان لە گفتوگۆکاندا ڕوون نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، شانۆنامەکانی ئەو، هەوڵ نادەن ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکی بۆ ئەم ناڕوونییە پێشکەش بکەن. بە پێچەوانەوە، ئەم نەبوونی هۆکارە دەبێتە بەشێک لە لۆژیکی ناوەکیی جیهانی دەقەکانی. ئەمەیش بینەر و خوێنەر ناچار دەکات بێ مانایی، نەک وەک کەموکوڕییەک لە گێڕانەوەکەدا، بەڵکوو وەک کرۆکی ئەزموونی شانۆیی قبوڵ بکات.

لە ئەنجامدا، گاڵتە لە جیهانی شانۆییی ژان میشێل ڕیب، هەرگیز تەنها ئامرازێک بۆ پێکەنین نییە. پێکەنین یەکەم کاردانەوەی خوێنەر و بینەرە بۆ جیهانێک کە یاسا ئاشناکانی پەیوەندیی مرۆڤ شکستیان هێناوە، جیهانێک کە تێیدا، گاڵتە و دڵەڕاوکێ لە یەک کاتدا پێکەوە دەژین.

٢. هارۆلد پینتەر؛ هەڕەشەیەک لە دڵی ژیانی ڕۆژانەدا

ئەگەر لە کارەکانی ژان میشێل ڕیبدا، پوچی و بەتاڵی بە شێوەیەکی سەرەکی لە شێوەی گاڵتەجاڕی، گەمەی زمان، و تێکچوونی پەیوەندیدا دەردەکەوێت، لە جیهانی شانۆیی هارۆلد پینتەردا، هەمان ئەزموون شێوازێکی شاراوە و نیگەرانتر وەردەگرێت. بە وتەی مارتن ئیسلین، تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی شانۆنامەکانی پینتەر ئەوەیە کە هەڕەشە لە دەرەوە نایەت، بەڵکوو لە دڵی ئاساییترین بارودۆخی ڕۆژانەوە دێت. کارەکتەرەکان لە فەزایەکی ئاسایی و ئاشنادا دەژین، بەڵام ئەم فەزا ئاشنایە هەمیشە ڕووبەڕووی هاتنی هێزێکی نەناسراو و بێ شرۆڤە دەبێتەوە، هێزێک کە هێواش هێواش ئاسایشی جیهانی شانۆنامەکە دەهەژێنێت.

لە ئێستاتیکای پینتەردا، پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان بەرلەوەی لەسەر بنەمای دیالۆگی ڕاستەقینە دروست بن، زیاتر لەسەر خراپ تێگەیشتن، گومان و نەتوانینی ناسینی ئەوانی تر دامەزراون. زمان، بە پێچەوانەی کارە ئاسایییەکەی، ئامرازێک بۆ گەیاندنی ڕاستی نییە، بەڵکوو زۆرجار دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی واقیع، خۆلادان، بەرگریکردن لە خۆ، یان بەکارهێنانی زاڵبوون. لەبەر ئەوە، دیالۆگەکان بەگشتی نابنە هۆی تێگەیشتن، بەڵکوو مەودای نێوان کارەکتەرەکان زیاد دەکات و شکستی پەیوەندییەکە زیاتر ئاشکرا دەکات.

لە جیهانێکی ئاوادا، دەسەڵاتیش سروشتێکی شل و ناجێگیری هەیە. کارەکتەرەکان بەردەوام خەریکی تاقیکردنەوە، کۆنتڕۆڵکردن، و هەڵسەنگاندنی یەکترین. لێرەدا هەڵسوکەوتی دەسەڵات، نەک لە ڕێگەی توندوتیژیی ئاشکرا، بەڵکوو لە ڕێگەی پرسیاری دووبارەبوو، بێدەنگی مانادار، وەستان، تێڕوانین، و گۆڕانی ئاوازی دیالۆگەکانەوە پێک دێت. لەبەر ئەم هۆیە، تەنانەت سادەترین دیالۆگەکانیش دەبنە ڕووبەڕووبونەوەیەکی دەروونی، و خوێنەر وبینەر هەمیشە هەست دەکات کە هێزێکی نادیار سێبەری بەسەر پەیوەندییەکانی کارەکتەرەکاندا زاڵ کردووە.

توخمێکی سەرەکی تر لە شانۆنامەکانی پینتەردا، لێڵی و ناڕوونییە. زانیاری دەربارەی ڕابردووی کارەکتەرەکان، هۆکاری ڕووداوەکان، و پاڵنەری کردارەکان بەگشتی بە شێوەیەکی ناتەواو یان ناڕوون پێشکەش دەکرێت، و شانۆنامە، خۆی لە هەر ڕوونکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەدوور دەگرێت. لە ئەنجامدا، خوێنەر و بینەر وەک کارەکتەرەکان لە دۆخێکی نادیاردا دادەنرێت و هەرگیز ناتوانن بە دڵنیایییەوە بزانن ڕاستیەکە چییە، کێ ڕاستییەکە دەشارێتەوە و تەنانەت ئایا ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە بۆ دۆزینەوە هەیە یان نا.

بەم پێیە، لە جیهانی شانۆییی پینتەردا، هەڕەشە زیاتر بەرهەمی چاوەڕوانییە نەک ڕوودانی توندوتیژی. دڵەڕاوکێ لە بێدەنگی، وەستان، ناڕوونی زانیاری، و نەتوانینی کارەکتەرەکان لە پەیوەندیکردن سەرهەڵدەدات. کەواتە، توندوتیژی، ئەگەر ڕوو بدات، تەنها قۆناغی کۆتاییی قەیرانێکە کە زۆر زووتر لە چینە شاراوەکانی دیالۆگ و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان، دەستی پێ کردووە. ئەم تایبەتمەندییە شانۆنامەکانی پینتەر دەکاتە نموونەیەکی سەرەکیی نوێنەرایەتیی پوچی و بەتاڵی مرۆڤ لە جیهانێکدا کە نائارامی لە ڕووداوی نائاساییدا نییە، بەڵکوو لە چوارچێوەی ژیانی ڕۆژانەدا هەیە.

٣. فێرناندۆ ئاراباڵ؛ دڵەڕاوکێ و توندوتیژی وەک دوایین شێوەی پوچی و بەتاڵی

فێرناندۆ ئاراباڵ، بەتایبەتی لە شێوەی «شانۆی پەنیک»1دا جیهانێکی شانۆیی دەخوڵقێنێت کە تێیدا سنووری نێوان ڕاستی و کابوس و ڕێکخستن و ئاژاوە و گاڵتە و توندوتیژی و تەنانەت عەقڵ و شێتی بەردەوام دەڕووخێن. شانۆی پەنیک، جەخت لەسەر ئاژاوە، دڵەڕاوکێ، ناسەقامگیری و ئەزموونی ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ دەکاتەوە و هەوڵ دەدات جیهانێک نیشان بدات کە هیچ سیستەمێکی ئەخلاقی، لۆژیکی یان گێڕانەوەیی یەکلاکەرەوە ناتوانێت کردارەکانی مرۆڤ ڕوون بکاتەوە. لەم جیهانەدا، کارەکتەرەکان  لەسەر بنەمای هۆکاروئەنجام و سایکۆلۆژی کار ناکەن، بەڵکوو هەموو قسە و گفتوگۆکانیان کاردانەوەیەکن بۆ ئەو بارودۆخە پێشبینینەکراو و مەترسیدارەی کە تێیدانە.

لەم بۆچوونەدا، دڵەڕاوکێ و توندوتیژی دیاردەیەکی نائاسایی یان تەنها ڕووداوێکی خەیاڵیی چیرۆک نیین، بەڵکوو بە یەکێک لە گرینگترین ڕێگاکانی دەرخستنی قەیرانی وجودی مرۆڤ دادەنرێن. کرداری توندوتیژی زۆرجار پاڵنەرێکی ڕوون یان پاساوێکی عەقڵانی نییە، و تەنانەت پاش ڕوودانیشیان نابنە هۆی ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە یان ڕوونکردنەوەی دراماتیک. کەواتە، مردن و کوشتن لە جیهانی شانۆیی ئاراباڵدا، بە پێچەوانەی پێکهاتەی تراژیدیای کلاسیک، نابێتە هۆی کاتاریس یان دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ، بەڵکوو تەنها جەخت لەسەر ئاژاوە و بێ مانایی و ناجێگیری جیهانی شانۆیی دەکاتەوە.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی کارەکانی ئاراباڵ، ناجێگیری پێگەی کارەکتەرەکانە. هێڵی نێوان قوربانی و دەستدرێژیکەر، تاوانبار و بێتاوان، هەمیشە لێڵ دەبێت، و کارەکتەرەکان لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا شوێنی خۆیان لەگەڵ یەکتر بگۆڕن. ئەم گۆڕانە بەردەوامە، خوێنەران و بینەران لە هەر بڕیارێکی ئەخلاقی یەکلاکەرەوە بێبەش دەکات. ئەوان ڕووبەڕووی جیهانێک دەبنەوە کە تێیدا، ڕاستی هەمیشە ناڕوونە و بەدەست ناهێنرێت.

سەرەڕای ئەوەش، شانۆی پەنیک، تەنها پشت بە وێناکردنی توندوتیژی نابەستێت، بەڵکوو دڵەڕاوکێ، ترس، نائارامی و هەستی هەڕەشەی بەردەوام وەک بەشێک لە ئەزموونی مرۆڤی هاوچەرخ نیشان دەدات. لە فەزایەکی وەهادا، توندوتیژی خاڵی دەستپێکی قەیرانەکە نییە، بەڵکوو دوایین قۆناغی پرۆسەیە کە بە ترس و بێ متمانەیی و پچڕان و بێتواناییی مرۆڤ لە تێگەیشتن لە جیهانی دەوروبەری دەست پێ دەکات. کەواتە ئەوەی لە کۆتاییی کارەکانی ئاراباڵدا وەک کردارێکی توندوتیژ دەردەکەوێت لە ڕاستیدا درێژەپێدەری هەمان ئەو قەیرانەیە کە هەر لە سەرەتاوە لە چینە جۆراوجۆرەکانی کارەکەدا بوونی هەبووە.

بەم پێیە، دەتوانین بڵێین کە لە ئێستاتیکای ئاراباڵدا، توندوتیژی هەرگیز مانای چارەسەرکردنی قەیران نییە، بەڵکوو دوایین شێوەی سەرهەڵدانی پوچی لە جیهانێکدایە کە تێیدا مانا و شوناس و پەیوەندی، زۆر پێشووتر هەمووی ڕووخاون.

blank
دانا ڕەئووف (١٩٦٢-) شانۆکاری و نووسەری کورد

شیکردنەوەی شانۆنامەکە:

١.پێکەنین وەک یەکەم شێوەی پوچی و بەتاڵی: خوێندنەوەیەک بۆ سەرەتای شانۆنامەکە لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکانی ژان میشێل ڕیب

“دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” هەر لە یەکەم ساتییەوە خوێنەران و بینەران ڕووبەڕووی دۆخێک دەکاتەوە کە لە ڕووی شوێن و کاتەوە زۆر واقیعییانەن. ژوورێکی سادە لە هوتێلێکی هەرزان، نیوەشەوەکی زستانی، و تەنها دوو کارەکتەر؛ پێناچێت هیچ کام لە توخمەکانی دەستپێکی شانۆنامەکە ئاماژە بە جیهانێکی نائاسایی بکات. هەرچۆنێک بێت، ئەم ڕیالیزمە ئاشکرایە دەرفەتێکە بۆ پێکهێنانی جیهانێک کە وردە وردە لۆژیکی ئاساییی پەیوەندیی مرۆڤ لە ناوەوە بەتاڵ دەکاتەوە. لەو ساتەوە کە پیاوی دووەم دەگات، زمان چیتر وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی مانا نابێت، بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەی هەڵە تێگەیشتن، دوودڵی و بێ مانایی.

یەکەم گفتوگۆی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە، نموونەیەکی ڕوونی ئەم دۆخەیە. پیاوی یەکەم، بەبێ هیچ پێشەکییەک، بە دەستەواژەی:

“زۆر دواکەوتیت!”…… “دەمێکە چاوەڕێت دەکەم”.

سڵاو لە پیاوی دووەم دەکات، لە کاتێکدا پیاوی دووەم دەڵێت نە ئاگاداری ئەو دیدارە بووە و نە چاوەڕێی بینینی پیاوی یەکەمی کردووە. بەردەوامی دیالۆگ ئەم هەڵە تێگەیشتنە ڕوون ناکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی فراوانبوونی:

پیاوی یەکەم:

بڕیاربوو نانی نیوەڕۆمان پێکەوە بخواردایە.

پیاوی دووەم:

هیچ بڕیارێکی وا لە بەینی من و تۆدا نەبووە.

لە گفتوگۆیەکی ئاساییدا، ناکۆکییەکان دەربارەی ڕابردوو بە دابینکردنی زانیاریی نوێ چارەسەر دەکرێن، بەڵام لەم شانۆنامەیەدا هیچ زانیارییەکی نوێ بەرهەم ناهێنرێت. هەر ڕستەیەک تەنها ڕستەی پێشوو دووبارە دەکاتەوە یان نکۆڵی لێدەکات. کەواتە، زمان لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، خۆی دەبێت بە کێشەی سەرەکی. ئەمە هەمان ئەو میکانیزمەیە کە لە ئێستاتیکای ژان میشێل ڕیبدا، گاڵتەجاڕی لە تێکشکانی پەیوەندی مرۆڤایەتی دروست دەکات.

خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەم گاڵتەجاڕییە لەسەر بنەمای نوکتە و جۆکگێڕانەوە دروست نابێت، بەڵکوو لە ئەنجامی بەریەککەوتنی دوو سیستەمی واتاییی نەگونجاوەوە دروست دەبێت. گوایە هەردوو کارەکتەرەکە بە زمانێک قسە دەکەن، بەڵام لە پراکتیکدا هەریەکەیان لە جیهانێکی جیاوازدا دەژین. لەبەر ئەوە، خوێنەران و بینەران، بەهۆی نەتوانینی کارەکتەرەکان بۆ گەیشتن بە بچووکترین ڕێککەوتن، پێدەکەنن.

دواتر ئەم دۆخە بە دووبارەکردنەوەی یەک لە دوای یەک زەقتر دەبێتەوە. دیالۆگەکانی کاتی بیستنی دەنگی لەدەرگادان، نموونەیەکی سەرەکی ئەم شێوازە زمانەوانییەیە:

پیاوی دووەم:

کەس دەزانێت ئێمە لێرەین؟

پیاوی یەکەم:

کەس کێیە؟

پیاوی دووەم:

لە نیوەڕۆوە لێرە نیت! (بە گومانەوە سەیری دەکات) کەست بینیوە؟

پیاوی یەکەم:

کەس کێیە؟

پیاوی دووەم:

نازانم .. من لە تۆ دەپرسم.

پیاوی یەکەم:

نا، کەسم نەدیوە.

پیاوی دووەم:

کەست نەدیوە….

پیاوی یەکەم:

نەخێر

پیاوی دووەم:

لەوانەیە بە هەڵە لە دەرگاکەیان دابێت!

پیاوی یەکەم:

وایە……

لەم بەشەدا، دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی «وایە» نە وەڵامێکی ڕاستەقینەیە بۆ پرسیارەکان و نە پێشکەوتنێکه لە گێڕانەوەکەدا. وشەکان وردە وردە لە مانای بنەڕەتی خۆیان دوور دەکەونەوە و دەبنە دەنگێک کە تەنها بەردەوامی بە بازنەی دیالۆگ دەدەن. کارەکتەرەکان قسە دەکەن، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی کاریگەر دروست نابێت. ئەم پچڕانی پەیوەندییە یەکێکە لە سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی گاڵتەجاڕی لە شانۆنامەکەدا.

لەلایەکی ترەوە، دووبارەکردنەوەی زمانەوانی تەنها تایبەتمەندییەکی زارەکی نییە، بەڵکوو جۆرێک لە جووڵەی بازنەیی لە پێکهاتەی شانۆنامەکەدا دروست دەکات. کارەکتەرەکان دووبارە و دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ هەمان پرسیار، بەبێ ئەوەی وەڵامی نوێ بدۆزنەوە. ئەم بازنەی دووبارەبوونەوەیە هەر لە سەرەتاوە ئەم هەستە بە خوێنەر و بینەر دەدات کە کارەکتەرەکان لە بارودۆخێکی نادیارد و بێکۆتادا گیریان خواردووە، بارودۆخێک کە هێشتا نەبووەتە هەڕەشە، بەڵام وردە وردە هێڵی نێوان ئاسایی و نائاسایی لێڵ دەکات.

یەکێکی تر لەو توخمانەی کە کەشی کۆمیدی دەقەکە پێک دەهێنێت پێکەنینی بەردەوامی پیاوی دووەمە. ئەو زۆر جار بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون بۆ پێکەنین، پێدەکەنێت. کاتێک پیاوی یەکەم هۆکاری پێکەنینەکە دەپرسێت، وەڵامی دەداتەوە:

“نازانم کە بە چی پێدەکەنم”.

ئەم ڕستەیە نمونەیەکی پەستێنراوی جیهانی شانۆنامەکەیە. تەنانەت پێکەنین خۆی بێ هۆکار بووە. کارەکتەر ناتوانێت سەرچاوەی کاردانەوەی خۆی ڕوون بکاتەوە و لە ئەنجامدا یەکێک لە سروشتیترین کردارەکانی مرۆڤ دەبێتە هەڵسوکەوتێکی ناڕوون. خوێنەران و بینەران سەرەتا بەم بارودۆخە پێدەکەنن، بەڵام وردە وردە بۆیان دەردەکەوێت کە ئەم پێکەنینە، بەرلەوەی نیشانەی دڵخۆشی بێت، نیشانەی تێکچوونی پەیوەندی کارەکتەر لەگەڵ جیهانی دەوروبەرییەتی.

لە درێژەی دەقەکەدا، قەیرانی پەیوەندییەکە بە سوودوەرگرتن لەو پرسیارانەی کە هەرگیز ناگەنە وەڵامیەکی یەکلاکەرەوە، قووڵتر دەبێتەوە. نموونەی وەک:

کەس کێیە؟… ئەو؟ ئەو کێیە؟

بڕوات بە چییە؟

چیت دەوێت؟

چی وایە؟

چەندین جار لە کاتی گفتوگۆکەدا دەپرسرێن، بەڵام هیچیان ناگەنە ئەنجامێکی ڕوون. پرسیارەکان تەنها ڕێگە بە پرسیاری نوێ دەدەن، و بەم شێوەیە، جووڵەی شانۆنامەکە لەسەر دواخستنی بەردەوامی مانا دروست دەبێت.

لەم پێکهاتەیەدا، کارەکتەرەکان گوێ لە یەکتری ناگرن و تەنها قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن. هەر ڕستەیەک لەجیاتی ئەوەی درێژەپێدەرێکی لۆژیکی ڕستەکەی پێشوو بێت، ڕێگایەکی نوێ و زۆرجار ناپەیوەست دەست پێ دەکات. بەم شێوەیە، دیالۆگەکان فۆرمێکی پارچە پارچەیی پەرش و بڵاو دروست دەکەن کە لای یەکتر وەستاون، بەڵام وێنەیەکی یەکلاکەرەوە پێک ناهێنن. ئەم پچڕانە، بەشێک لە لۆژیکی ئێستاتیکای کارەکەیە.

کەواتە، بەشی دەستپێکی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” دەتوانرێت وەک یەکەم دەرکەوتنی پوچی و بەتاڵی شانۆنامەکە دابنرێت کە هێشتا خۆی لە شێوەی دڵەڕاوکێ و توندوتیژی و هەڕەشە دەرنەخستووە، بەڵکوو لە ڕێگەی گاڵتەجاڕی، دووبارەکردنەوە، خراپ تێگەیشتن، و نەتوانینی زمان لە پەیوەندیکردن خۆی دەردەخات. لەم بەشەدا، دانا ڕەئووف جیهانێک دەخوڵقێنێت کە وا لە بینەران دەکات پێبکەنن و لە هەمان کاتدا بیر بکەنەوە. ئەم پێکەنینە، بەپێچەوانەی جۆری پێکەنین لە کۆمیدیای ئاسایی، ئەنجامی چارەسەرکردنی ناکۆکی نییە، بەڵکوو کاردانەوەیەکە بۆ جیهانێک کە تێیدا مانا لە یەکەم ساتەوە خەریکی ڕووخانە.

٢.دڵەڕاوکێ و هەڕەشە وەک دووەم شێوەی پوچی و بەتاڵی: خوێندنەوەی بەشی ناوەندی شانۆنامەکە لەسەر بنەمای بیر و بۆچوونەکانی هارۆلد پینتەر

ئەگەر بەشی دەستپێکی شانۆنامەکە بەهۆی شکستی پەیوەندی، هەڵەتێگەیشتن و گاڵتەجاڕی لە گەمەی زمانەوانییەوە پێک هاتبێت، لە ناوەڕاستی دەقەکە بەدواوە، هەمان زمان ئەرکێکی تەواو جیاواز وەردەگرێت. وشەکان چیتر بۆ دروستکردنی پەیوەندی یان تەنانەت بۆ بەردەوامی گفتوگۆ بەکار ناهێنرێن، بەڵکوو بۆ تاقیکردنەوە، کۆنتڕۆڵکردن و داڕمانی دەروون بەکار دەهێنرێن. بە وتەی مارتن ئیسلین، لە جیهانی شانۆییی هارۆلد پینتەر، دڵەڕاوکێ و هەڕەشە بەگشتی لەناو ئاساییترین دۆخانی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و گفتوگۆکانی ڕۆژانەوە لەدایک دەبن. “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”یش، پەیڕەوی هەمان لۆژیک دەکات، کە تێیدا بەبێ ئەوەی جیهانی نمایشەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت، بێماناییی سەرەتایی، وردە وردە دەبێتە ئەزموونێکی دڵەڕاوکێ و نائارامی و هەڕەشە.

ئەم گۆڕانە بەبێ گۆڕانکاری لە شوێن و کات یان کارەکتەرەکانه که ڕوو دەدات. ژووری هۆتێلەکە هەمان ژوورە، دوو کارەکتەر هێشتا لە هەمان فەزا داخراوەکەدان و گفتوگۆکەش بەردەوامە، بەڵام چۆنیەتی پەیوەندییەکەیان دەگۆڕێت. ئەگەر لە سەرەتای شانۆنامەکەدا، نەتوانینی پەیوەندیکردن ببوو بە بنەمای گاڵتەجاڕی، ئەوە لێرەدا ئەم نەتوانینە دەبێتە هەلێک بۆ دروستبوونی شێوازی بەکارگرتن و وەرگرتنی هێز. لەم کاتەدایە کە زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوی تردا.

یەکێک لە سەرەتاییترین نیشانەکانی ئەم گۆڕانە، کاتێکە کە پیاوی یەکەم بڕیار دەدات ژوورەکە جێ بهێڵیت:

پیاوی یەکەم:

دەچمە دەرەوە.

پیاوی دووەم:

بەم شەوە درەنگە؟

……

پیاوی دووەم: (بە دەنگێکی بەرز)

بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆیت!

تا ئێستا هیچ توندوتیژییەکی جەستەیی ڕووینەداوە، بەڵام هەستی نائارامی لێرەوە دەست پێ دەکات. پیاوی دووەم، بەبێ ئەوەی هۆکارێکی ژیرانە بۆ قەدەغەکردنی ڕۆیشتنی پیاوی یەکەم پێشکەش بکات، پیاوی یەکەم لە دەسەڵاتی بڕیاردان بێبەش دەکات. گرنگی ئەم دیمەنە لە قەدەغەکردنی دەرچوون نییە، بەڵکوو لە ئاساییبوونەکەیدایە. وەک ئیسلین لە شیکردنەوەکەی بۆ شانۆنامەکانی پینتەر نیشانی دەدات، هەڕەشەکە زۆرجار خۆی لە شێوەی هەڵسوکەوتی تەواو ئاسایی دەردەخات، ڕەفتارێک کە بە ڕواڵەت بێ بایەخ دەردەکەون، بەڵام وردە وردە سەربەخۆییی کارەکتەرەکە تێک دەشکێنن و پەیوەندییەک لەسەر بنەمای زاڵبوون دروست دەکەن.

پاش ماوەیەکی کورت، ئەم زاڵبوونە لە ئاستی زمان و قسەکردنەوە بۆ ئاستی هەڵسوکەوت پەرەدەستێنێت. پیاوی دووەم دەستی پیاوی یەکەم دەگرێت، لەسەر کورسییەک دایدەنیشێنێت و بە تۆنێکی دەسەڵاتدارانەوە دەڵێت: “نەجووڵێیت”.

پاشان بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات گیرفانەکانی دەپشکنێت. لێرەشدا کێشەکە تەنها توندوتیژیی جەستەیی نییە، بەڵکوو دەستبەسەرداگرتن و زاڵبوونی وردە وردەی دەسەڵاتێک بەسەر ئەوی تر دایە. پیاوی دووەم بەهێواشی خۆی دەکاتە بڕیاردەر و پرسیارکەر و چاودێر، و پیاوی یەکەم وردە وردە کۆنتڕۆڵی بڕیاردان و جەستە و جووڵەی خۆی لەدەست دەدات. بەم شێوەیە، پەیوەندییەک کە سەرەتا لەسەر بنەمای دیالۆگێکی شکستخواردوو بوو ئێستا بۆ پەیوەندییەکی ئاشکرای دەسەڵات و ژێردەستبوون گۆڕاوە.

لە هەمان کاتدا، زمانیش سروشتی خۆی دەگۆڕێت. مۆنۆلۆگی درێژی پیاوی دووەم نموونەیەکی ڕوونی ئەم گۆڕانەیە:

پیاوی دووەم:

ویستت شتێک بڵێیت… وانییە! قسە بکەیت. دەی چاوەڕێم. بزانم دەڵێی چی؟ گوتت چی؟ گوێم لێ نەبوو. تۆزێک دەنگ هەڵبڕە. ناتوانی قسە بکەیت؟ شتێک بڵێ… هەر شتێک بێت. دەم بکەرەوە و شتێک بڵێ. با گوێم لە دەنگت بێت. دەی… گوتت چی؟ … دە شتێک بڵێ. زمان لە دەمتا نییە؟ زمانیان بڕیوی؟!

لە ڕواڵەتدا، پیاوی دووەم دەیەوێت گوێ لە قسەی پیاوی یەکەم بگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوە نییە وەڵامێک بەدەست بهێنێت. پرسیارەکان یەک لە دوای یەک دەکرێن و هیچ دەرفەتێک بۆ وەڵام ناهێڵنەوە. زمان بۆتە ئامرازێک بۆ بەکارهێنانی فشاری دەروونی و داڕمانی بەرگری لایەنی بەرامبەر. لێرەدا، ئەوەی گرنگە ناوەڕۆکی پرسیارەکان نییە، بەڵکوو خودی کردارەکەیە، چونکە ئامانج زاڵبوون بەسەر ئەوی تردایە، نەک گەیشتن بە ڕاستی.

لەم بەشەدا، بێدەنگیش مانایەکی نوێ وەردەگرێت. هەر جارێک پیاوی یەکەم خۆی لە وەڵامدانەوە لا دەدات، ڕستەیەک بە نیوە تەواو بەجێ دەهێڵێت، یان تەنها بە بێدەنگی کاردانەوەی هەیە، گرژی دیمەنەکە زیاد دەبێت. لێرەدا بێدەنگی بەشێکە لە خودی زمان. لە جیهانی شانۆییی پینتەردا، ئەوەی کارەکتەرەکان نایڵێن هەندێک جار لەوەی کە دەیڵێن، گرنگترە. کەواتە گرژی شانۆنامەکە نەک تەنها لە دیالۆگەکاندا دروست دەبێت، بەڵکوو لە مەودای نێوانیانیشدا دروست دەبێت، کە خوێنەر و بینەر وەک کارەکتەرەکان ناچار دەبن بۆشایییەکانی مانا بە تێڕوانینی خۆیان پڕ بکەنەوە.

هەروەها، توخمی «ناڕوونییش» لەم بازنەیەدا کار دەکات. پیاوی دووەم چەندین جار باسی قەرز دەکات:

“تۆ دەبێت جارێ قەرزەکانی من بدەیتەوە..”

بەڵام شانۆنامەکە هەرگیز ڕوونی ناکاتەوە کە ئەم قەرزە چییە، چۆن دروست بووە، یان تەنانەت ئایا ڕاستە یان نا. بە هەمان شێوە، بینەران زانیاری یەکلاکەرەوە دەربارەی ڕابردووی ئەو دوو کارەکتەرە بەدەست ناهێنن. ئایا پیاوی دووەم ڕاست دەڵێت؟ ئایا پیاوی یەکەم ڕاستی دەشارێتەوە؟ یان هەموو ئەم ڕووبەڕووبونەوەیە لەسەر بنەمای هەڵەتێگەیشتنێکی بنەڕەتییە؟ شانۆنامەکە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ هیچ کام لەم پرسیارانە ناداتەوە، و ئەم کەمی زانیارییە فەزای دڵەڕاوکێ و هەڕەشە زۆرتر دەکات. ئەم تایبەتمەندییە، یانی بوونی توخمی ناڕوونی، کەموکوڕی لە گێڕانەوەدا نییە، بەڵکوو یەکێکە لە گرنگترین توخمە پێکهێنەرەکانی دەق لە کاری داناڕەئووف و لەکارەکانی هاڕۆلد پینتەردا.

ئەم دۆخە سەبارەت بە ڕابردووی کارەکتەرەکانیش دووبارە دەبێتەوە. پیاوی دووەم دەڵێت:

“دوو ساڵە ڕات کردووە و خۆت شاردۆتەوە”

بەڵام هۆکاری ئەم ڕاکردن و خۆشاردنەوەیە هەرگیز بۆمان دەرناکەوێت. پیاوی یەکەم تەنیا وەڵامەکەی ئەوەیە:

“لەبەر ئەوە ڕام کرد، کە ئەوان تاوانێکیان کردبوو، نەک من”

 “ئەوان” بەبێ ئاماژە دەمێنێتەوە و ڕابردوو، وەک ئێستا، دەبێتە جیهانێکی نادیار و ناڕوون. لە ئەنجامدا، خوێنەر و بینەر وەک کارەکتەرەکان لە جیهانێکدا دادەنرێن کە تێیدا ڕاستی هەمیشە ناتەواو و خلیسکە و هەرگیز ڕوون نابێتەوە.

لەم بەینەدا، یەکێک لە گرینگترین ساتەکانی شانۆنامەکە دەکرێت، ئەم مۆنۆلۆگەی پیاوی یەکەم سەبارەت بە هەستی لە ژێرچاودێریبوون بێت:

“هەمیشە هەست دەکەم کەسێک لە شوێنێکەوە سەیرم دەکات… لە پەنجەرەکانەوە، لە درزی دەرگاکەوە، لە پشت دیوارەکانەوە…”

گرینگی ئەم مۆنۆلۆگە تەنها لە دەربڕینی ترسدا نییە، بەڵکوو لە نادڵنیاییی سەرچاوەی ئەم ترسەدا هەیە. پیاوی یەکەم نازانێت کێ چاودێری دەکات، ئایا ئەم چاودێریکردنەی باسی لێ دەکات، ڕاستەقینەیە یان نا، یان تەنانەت مەترسیی ڕاستەقینە لە دەرەوە هەیە یان هەمووی دەروونییە. لە ئەنجامدا، هەڕەشە لە کردارێکی دەرەکی بۆ ئەزموونێکی دەروونی دەگۆڕێت. خوێنەر و بینەرییش، وەک کارەکتەرەکە، ڕووبەڕووی مەترسی نابێتەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووی چاوەڕوانییەکی بەردەوامی مەترسی و هەڕەشە دەبێتەوە، چاوەڕوانییەک کە زۆر لە خودی توندوتیژی ترسناکترە.

لەم ڕوانگەیەوە، بەشی ناوەندی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” دەتوانرێت بە قۆناغی بڵاوبوونەوەی هەڕەشە دابنرێت. گاڵتەجارییەکەی سەرەتای دەق، هێشتا بەتەواوی نەسڕاوەتەوە، بەڵام چیتر توخمی زاڵی دەقەکە نییە. زمان، کە پێشتر سەرچاوەی هەڵەتێگەیشتن و پێکەنین بوو، ئێستا بووە بە ئامرازێک بۆ زاڵبوون، چاودێریکردن، لێپرسینەوە و کۆنتڕۆڵکردن. پەیوەندییەکانیش لە دیالۆگێکی شکستخواردووەوە بۆ ململانێیەکی سایکۆلۆژی گۆڕاون کە تێیدا، هێز لە ڕێگەی ناڕوونی، بێدەنگی، چاوەڕوانی و نائارامی دەسەپێنرێت.

بەم شێوەیە، شانۆنامەکە لە یەکێک لە پێکهاتە هەرە بنچینەیییەکانی ئێستاتیکای هارۆلد پینتەر نزیک دەبێتەوە، جیهانێک کە تێیدا توندوتیژی پێش ئەوەی ڕوو بدات، ئامادەبوونی خۆی بەسەر خوێنەر و بینەردا دەسەپێنێت. هەڕەشەی بنەڕەتی دەق، لە چەقۆ یان ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتاییدا نییە، بەڵکوو لە بێدەنگییەکان، پرسیارە بێ وەڵامەکان، ڕابردووی نادیار، هەستی بەردەوامی چاودێری، و نەتوانینی کارەکتەرەکان بۆ گەیشتن بە ڕاستیدایە. کەواتە، ئەو بەتاڵییەی کە سەرەتا خۆی لە شێوەی پێکەنین دەردەخست بۆ ئەزموونێکی دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانیی هەڕەشە و توندوتیژی دەگۆڕێت. ئەزموونێک کە دەق بۆ کۆتاییی خوێناویی شانۆنامەکە ئامادە دەکات.

۳. توندوتیژی وەک دوایین شێوەی پوچی و بەتاڵی؛ خوێندنەوەی بەشی کۆتاییی شانۆنامەکە لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکانی فێرناندۆ ئاراباڵ

ئەگەر لە بەشی یەکەمدا پوچی و بەتاڵی لە شێوەی گاڵتەجاڕی و شکستی پەیوەندیدا دەربکەوێت و لە بەشی دووەمدا لە شێوەی هەڕەشە و دڵەڕاوکێ و پەیوەندییەکانی هێزدا، ئەوە لە کۆتاییی شانۆنامەکەدا ئەم پرۆسەیە دەگاتە قۆناغێک کە زمان توانای هەڵگرتنی قەیران لەدەست دەدات. دیالۆگ، بێدەنگی و گەمەی زمانەوانی، کە تا ئێستا گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێ بوون، لەبەشی کۆتاییدا لاوازدەبن و ڕێگە بە کرداری توندوتیژی دەدەن تا خۆ دەربخات. لەم ڕوانگەیەوە کوشتن، دوا قۆناغی پرۆسەیە کە لە یەکەم دیالۆگەکانی شانۆنامەکەوە دەستی پێ کردووە.

لە جوانیناسی و ئێستاتیکای فێرناندۆ ئاراباڵ، بەتایبەتی لە شانۆی پەنیکدا، توندوتیژی هەرگیز ڕووداوێکی نائاسایی نییە. جیهانی شانۆییی ئەو بە ئاژاوە، دڵەڕاوکێ، ناسەقامگیری و داڕمانی سیستەمی عەقڵانی دروست دەبێت، جیهانێک کە سنوورەکانی نێوان ڕاستی و کابوس، عەقڵ و شێتایەتی، قوربانی و دەستدرێژیکەر، یان تەنانەت تاوانبار و بێتاوان، بەردەوام دەگۆڕێت. لە فەزایەکی وەهادا، توندوتیژی وەڵامێکی لۆژیکی بۆ کێشەیەک نییە، بەڵکوو درێژەپێدەری سروشتی جیهانێکە کە تێیدا مانا و ئاسایش و دڵنیایی لەناوچوونە.

“دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” لە بەشی کۆتاییدا لە هەمان شێوە نزیک دەبێتەوە. شایانی باسە کە نووسەر، لە شانۆنامەکەدا پێش ئەوەی کوشتنەکە ڕوو بدات، چەند جارێک هەستێکی نائارامی و دڵەڕاوکێی لە مێشکی بینەراندا دروست دەکات. ترسی پیاوی یەکەم لە لەژێرچاوەدێریبوون، لە ئامادەبوونی یەکێکی تر، لە ڕابردوو، لە خۆشەویستی، لە بەجێهێشتنی ژوورەکە و تەنانەت لە بێدەنگی نێوان گفتوگۆکانیش، فەزایەک دروست دەکات کە تێیدا توندوتیژی، بابەتێکی لەناکاو و بێ پێشەکی نییە، بەڵکوو ئەنجامی کەڵەکەبوونی وردە وردەی ترس بە درێژاییی دەقەکەیە. بەم شێوەیە، چەقۆکە تەنها لە دوایین ساتدا دەچێتە ناو دیمەنەکەوە، بەڵام ترس لە سەرەتای شانۆنامەکەوە بوونیێکی بەهێزی هەیە.

خاڵی وەرچەرخانی ئەم گۆڕانە، ئەو ساتەیە کە پیاوی دووەم چەقۆکە دەردەهێنێت. تا ئەو کاتە، زاڵبوون، زۆرتر لە ڕێگەی زمانەوە ئەنجام دەدرا. فەرماندان، لێپرسینەوە، سنووردارکردنی جووڵە و دروستکردنی فشاری دەروونی، ئامرازی سەرەکیی ئەو بوون، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی چەقۆکە، هەڕەشەکە لە ئاستی وشەکانەوە بۆ ئاستی کردار دەگوازرێتەوە. پیاوی یەکەم تەنها دەتوانێت بڵێت:

“ئەو چەقۆیە لا بە… تکایە. ئێمە هاوڕێین”

وشەی “هاوڕێ” لەم کاتەدا دوایین هەوڵی زمانە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمان، هەوڵێک کە یەکسەر شکست دەهێنێت. زمان، کە لە سەرەتای شانۆنامەکەوە نەیتوانیبوو پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکات، ئێستا تەنانەت توانای ڕێگریکردن لە توندوتیژییشی لەدەست داوە. لەبەر ئەوە، کوشتن دەبێت بە شکستی کۆتاییی زمان دابنرێت.

تایبەتمەندییەکی تری ئەم بەشە، نەبوونی هیچ پەیوەندییەکی هۆکاری ڕوون لەنێوان ڕابردوو و توندوتیژیی کۆتایییە. شانۆنامەکە بە بەردەوامی باس لە “قەرز”، “هەڵاتن”، “ئەوان”، “ترس” و ڕابردوویەکی نادیار دەکات، بەڵام هەرگیز ئەم توخمانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕوون ناکاتەوە. لە ئەنجامدا، کوشتنەکە، وەک ڕووداوەکانی تری دەقەکە، پاساوێکی ڕوونی نییە. خوێنەران و بینەران نە دەتوانن پیاوی دووەم بەتەواوی وەک کەسێکی ڕاست بزانن و نە پیاوی یەکەم بەتەواوی وەک بێتاوانێک پێناسە بکەن و لە دەرئەنجامیشدا، ڕاستی، بە ناڕوونی دەمێنێتەوە.

لەو بەشەدا، یەکێک لە گرینگترین توخمەکانی ئێستاتیکای فێرناندۆ ئاراباڵییش دەردەکەوێت: داڕمانی سنووری نێوان قوربانی و دەستدرێژکەر. پێش ئەوەی ڕووناکی بکوژێتەوەو تاریکی بێت، پیاوی دووەم بە ڕوونی لە شوێنی هێرشبەرەکەیە؛ فەرمان دەدات، هەڕەشە دەکات، ڕێگە لە دەرچوون دەگرێت و بە چەقۆ هێرش دەکات، بەڵام کاتێک دیمەنەکە دووبارە ڕووناک دەبێتەوە، ئەم ڕێژەیە بەتەواوی گۆڕاوە:

“پیاوی دووەم لەسەر زەوییەکە کەوتووە و پیاوی یەکەم، کە چەقۆکەی بە خوێناوی بە دەستەوەیە، بە شڵەژاوی وەستاوە و سەیری دوور دەکات”

ئەم جێگوڕکە لەناکاوە، تەنها گۆڕانێک لە چارەنووسی ئەم دوو کارەکتەرەکە نییە، بەڵکوو داڕمانی هەر دڵنیاییەکی ئەخلاقییە. قوربانی خۆی بووە بە هۆکاری توندوتیژی، بەڵام شانۆنامەکە هیچ ئاماژەیەک نادات کە ئەم گۆڕانە بتوانرێت وەک سەرکەوتن، تۆڵەسەندنەوە، دادپەروەری، یان تەنانەت بەرگرییەکی ڕەوا ببینرێت. کارەکتەرەکان، وەک جیهانی نمایشەکە، لە دۆخێکی شل، ناڕوون و ناجێگیردا دەمێننەوە.

کەواتە، کوشتن، لە کۆتاییی دەقدا ناتوانێت بە کۆتایییەکی تراژیدی بە مانای کلاسیکی خۆی دابنرێت. بەگشتی لە تراژیدیادا، مردن دەبێتە هۆی دۆزینەوەی ڕاستی، بەدیهێنانی دادپەروەری، یان بەلایەنی کەمەوە جۆرێک لە پوختەکردنی هەست و سۆزداری، بەڵام لە “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”دا، هیچ کام لەمانە ڕوو نادات. نە نهێنیی ڕابردوو ئاشکرا دەکرێت، نە مانای قەرز ڕوون دەبێتەوە، نە هۆکاری سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو پیاوە ئاشکرا دەبێت، هەربۆیە خوێنەران و بینەران ناگەنە بڕیارێکی ئەخلاقی یەکلاکەرەوە و توندوتیژییەکە تەنها ناڕوونی جیهانی دەقەکە زیاد دەکات.

ڕستەی کۆتاییی پیاوی یەکەم، ئەم دۆخە زەقتریش دەکاتەوە:

“هەمیشە زانیوومە ڕۆژێک درەنگ دەبێت و فریای ئەوە ناکەوین، کە دەمانویست ماڵئاوایی لێ بکەین.”

ئەم ڕستەیە، لەجیاتی ئەوەی گرێی گێڕانەوەکە بکاتەوە، جارێکی تر خوێنەر و بینەر بۆ جیهانی گومان دەگێڕێنیتەوە. ڕوون نییە کە ئەمە ددانپێدانانێکە یان پەشیمانییە، خەیاڵە، یان دوایین گفتوگۆی دەروونی لەگەڵ پیاوی دووەمە. لە هەمان کاتدا کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت شانۆنامەکە مانایەکی کۆتایی پێشکەش بکات، جارێکی تر لە هەموو دڵنیایییەک دەرباز دەبێت.

لەم ڕوانگەیەوە، کۆتاییی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” دەتوانرێت وەک دەربڕینێکی تەواوی لۆژیکی شانۆی پەنیک، ببینرێت: جیهانێک کە تێیدا دڵەڕاوکێ پێش توندوتیژی دەکەوێت، توندوتیژی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، و پوچی و بێمانایی دوای کۆتاییی دەقییش هەروا بەردەوام دەبێت. کەواتە، کوشتن لەم شانۆنامەیەدا ئەنجامی ململانێیەکی شەخسی نییە، بەڵکوو دوایین دەرکەوتنی پوچی و بەتاڵییە، بەتاڵییەک کە بە پێکەنین دەست پێ دەکات، بەناو دڵەڕاوکێ و هەڕەشەدا تێدەپەڕێت و لە کۆتاییدا بە تێکدانی تەواوی زمان و متمانە و پەیوەندی مرۆڤایەتی بە لوتکەی پڕۆسەکە؛ واتە توندوتیژی دەگات.

پەیوەندیی ئەم سێ چەشنە جیاوازەی شانۆی ئەبسێرد لە «دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو»دا: گۆڕانێکی پوچ و بەتاڵ لە پێکەنین بۆ دڵەڕاوکێ و هەڕەشە و لەکۆتاییدا بۆ توندوتیژی

شیکردنەوەی سێ بەشی پێشوو دەریخست کە “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو” شانۆنامەیەکە، کە لە یەک کاتدا سێ شێوازی جیاوازیی شانۆی ئەبسێرد بەکار دەهێنێت. گرینگی پێکهاتەییی ئەم کارە لەوەدایە کە ئەم سێ شێوازە نەک لە تەنیشت یەکتر، بەڵکوو بەدرێژایی یەکتر دروست دەبن. کەواتە، ئەوەی گەرەنتی سەقامگیری ناوخۆییی شانۆنامەکە دەکات، بوونی سێ پارادایمی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو جووڵەی وردە وردەی تاکە ئەزموونێکە کە لەم وتارەدا بە “پەرەسەندنی پوچی” ناو دەبرێت.

پوچی لەم شانۆنامەیەدا کوالێتییەکی جێگیری نییە. لە یەکەم ساتەکانی دەقەکەدا، لە شێوەی هەڵەتێگەیشتنی زمانەوانی، وەڵامی ناپەیوەست، پێکەنینی بێ پاساو، و نەتوانینی کارەکتەرەکان لە پەیوەندیکردن دەردەکەوێت. لەم خاڵەدا، بینەران هێشتا ڕووبەڕووی جیهانێک دەبنەوە کە بێ لۆژیک و ناجێگیر دەردەکەوێت، بەڵام دەشێت پێی پێبکەنین. شکستی پەیوەندی هێشتا لە ئاستی زماندا دەمێنێتەوە و ئەمەش فەزای کۆمیدی کارەکە پێک دەهێنێت.

هەرچەندە، بەردەوامی ئەم دۆخە وردە وردە ئەرکی توخمە شانۆیییەکان دەگۆڕێت. دووبارەبوونەوە چیتر تەنها بەرهەمهێنەری گاڵتە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ ڕاهێنانی دەسەڵات؛ پرسیارەکان چیتر بۆ بەدەستهێنانی وەڵام ناکرێن، بەڵکوو ئامرازێکن بۆ داخوڕانی سایکۆلۆژی ئەوی تر؛ بێدەنگی چیتر بۆشاییی نێوان دوو ڕستە نییە، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە پەیوەندییەکانی زاڵبوون. کەواتە، بەبێ ئەوەی توخمێکی نوێ بێتە ناو جیهانی دراما، هەمان ئەو توخمانەی کە سەرەتا دەبوونە هۆی پێکەنین ئێستا هەستی نائارامی و هەڕەشە دروست دەکەن.

لەم ڕوانگەیەوە، تێپەڕبوون لە جیهانی ژان میشێل ڕیب بۆ جیهانی هارۆلد پینتەر، تێپەڕبوونێک لە پێکهاتەیەک بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکوو گۆڕانکاری فانکشنی کۆمەڵێک توخمی جێگیر و یەکسانن. ژووری هۆتێلەکە ناگۆڕێت، کارەکتەرەکان وەک دوو پیاو دەمێننەوە، کات بە درێژاییی هەمان شەوی زستان بەردەوام دەبێت، و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن. ئەوەی دەگۆڕێت پەیوەندیی کارەکتەرەکانە لەگەڵ زمان، لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ جیهانی دەوروبەریشیان.

لە درێژەدا و لەگەڵ فراوانبوونی قەیرانەکەدا، ئیتر زمان توانای هەڵگرتنی قەیرانی نییە و جێگا بۆ کردار خۆش دەکات. لەم ڕوانگەیەوە هاتنی چەقۆ، ڕووداوێکی لەناکاو یان توخمێکی زیادە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی سروشتی پرۆسەیەک بوو کە لە یەکەم دیالۆگەکانی شانۆنامەکەوە دەستی پێ کردبوو. توندوتیژی، درێژە و بەردەوامی هەمان شکستی پەیوەندییە، تەنیا خاڵی جیاواز ئەمەیە کە توندوتیژی لە ئاستی زمانەوە بۆ ئاستیێکی جەستەیی و خوێنین گوازراوەتەوە.

بەم پێیە، جووڵەی دەروونی شانۆنامەکە دەتوانرێت بە سێ قۆناغ وەسف بکرێت: شکستی پەیوەندی، شکستی متمانە و شکستی مرۆڤ. لە قۆناغی یەکەمدا کارەکتەرەکان ناتوانن لە یەکتر تێبگەن و لە قۆناغی دووەمدا ئەگەری متمانەی هاوبەشیش لە دەست دەچێت و لە قۆناغی سێیەمیشدا خودی ئەگەری پێکەوەژیانی مرۆڤ دەڕوخێت. ئەم سێ قۆناغە سێ بەشن لە یەک قەیران کە وردە وردە بڵاو دەبنەوە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەو سێ شێوازەی لەم وتارەدا شیکردنەوەیان بۆ کرا، نابێت تەنها وەک نیشانەی وەرگرتنی کاریگەری شانۆنامەکە لە سێ شانۆنامەنووسی دیاری شانۆی ئەبسێرد سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەک سێ ئەگەری جوانیناسانە بۆ نواندنی قەیرانێکی هاوبەش لەبەرچاو بگیرێن. «دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو» وردە وردە ئەم سێ ئەگەرە تێدەپەڕێنێت و نیشانی دەدات کە لە جیهانی ئەبسێرددا، سنووری نێوان پێکەنین و دڵەڕاوکێ و توندوتیژی سنوورێکی جێگیر و یەکلاکەرەوە نییە. هەر قۆناغێک، فەزا بۆ دەرکەوتنی قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکات و دەبینین کە هەمووی ئەم شێواز و قۆناغانە، شێوەی جیاوازی تاکە ئەزموونێکی یەکسان لە پوچی و بەتاڵیین.

دەرئەنجام:

ئامانجی ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوەیەک بوو لەسەر پێکەوەگرێدانی سێ شێوازی جیاوازیی شانۆی ئەبسێرد لە شانۆنامەی “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”ی دانا ڕەئووف. پرسیاری سەرەکیی وتارەکە ئەوە بوو کە چۆن شانۆنامەکە بەبێ لەدەستدانی سەقامگیری دراماتیکی خۆی، سێ شێوازی جیاوازی شانۆی ئەبسێرد لە یەک دەقدا کۆ دەکاتەوە.

توێژینەوەکە دەریخست کە پوچی یان بەتاڵی لە«دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو»دا، کوالیتییەکی جێگیر نییە، بەڵکوو بە درێژاییی شانۆنامەکە بەردەوام دەگۆڕێت. ئەم ئەزموونە سەرەتا لە ڕێگەی گاڵتەجاڕی، گەمەی زمان، خراپ تێگەیشتن، و تێکشکانی پەیوەندیی مرۆڤەوە دروست دەبێت، و دواتر، بەبێ گۆڕینی کارەکتەرەکان، شوێن، یان کات، هەمان توخمە دراماییەکان ئەرکێکی نوێ وەردەگرن و زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ زاڵبوون، دڵەڕاوکێ، و هەڕەشە. لە کۆتاییدا، کاتێک زمان توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی قەیرانەکە لەدەست دەدات، توندوتیژی جێگەی ئەو دەگرێتەوە، توندوتیژییەک کە نە ڕوونکردنەوەیە بۆ گێڕانەوەکە و نە وەڵامێکە بۆ ناڕوونییەکانی پێشوو، بەڵکوو دوایین دەرکەوتنی هەمان قەیرانی مانایە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەو سێ شێوازەی لەم وتارەدا تاوتوێکراون نابێت تەنها وەک نیشانەی وەرگرتنی کاریگەری شانۆنامەکە لە ژان میشێل ڕیب و هارۆلد پینتەر و فێرناندۆ ئاراباڵ سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەک سێ ئەگەری جوانیناسی بۆ نوێنەرایەتی قەیرانێکی هاوبەش لەبەرچاو بگیرێن. “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”، بە تێپەڕبوون لە جیهانی ژان میشێل ڕیب و هارۆلد پینتەر و فێرناندۆ ئارابال نیشانی دەدات کە لە جیهانی ئەبسێرددا، سنووری نێوان گاڵتەجاڕی و هەڕەشە و توندوتیژی جێگیر نییە، بەڵام هەر قۆناغێک دەرفەت بۆ پێکهێنانی قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکات، و هەموویان شێوەی جیاوازی ئەزموونێکی هاوبەش لە پوچی و بەتاڵیین.

لە ئەنجامدا، دەتوانرێت “دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو”، وەک نموونەیەکی بەرچاو لە شانۆنامەنووسی هاوچەرخی کوردیدا دابنرێت کە بە بەکارهێنانی داهێنەرانەی توانا جۆراوجۆرەکانی شانۆی ئەبسێرد نەک بەرهەمهێنانەوەی ئەوانی پێشوو نییە، بەڵکوو شێوازێکی ئێستاتیکای سەربەخۆی بەدەستهێناوە.

سەرچاوەکان:

ئیسلین، مارتن. (٢٠٢٠). شانۆی ئەبسێرد. وەرگێڕانی مەهتاب کەلانتەری و مەنسورە وەفایی. تاران : نەشری ئەختەران

ڕیب، ژان میشێڵ. (٢٠١٣). شانۆی بێ ئاژەڵ. وهرگێڕانی شەهلا حائری. تاران : چاپ و بڵاوکردنەوەی قەترە

ڕەئووف. دانا. (٢٠٢٥). تێکشکان. سلێمانی. چاپی ڕەهەند و کەپر

مستەفاوی. خەشایار. شانۆی پەنیک( ترس و دڵەڕاوکێ) و ڕەنگدانەوەی لەسەر خەسڵەتە فەرمییەکان و ناوەڕۆکەکانی شانۆنامەکانی فێرناندۆ ئاراباڵ، وتار. ٢٠٢١

‌


1 -پەنیک، ناوی نەخۆشییەکی دەروونییشە، کە مرۆڤ بێ هۆکارێکی لۆژیکی تووشی دڵەڕاوکەیەکی زۆر دەبێت، هەروەها پەنیک دڵەڕاوکێ، نەبوونی تەرکیز، لێدانی دڵ بە توندی، هەناسەبڕکێ و شێتی لەخۆ دەگرێت.

موحسین مستەفاپوور
دەربارەی نووسەر
موحسین مستەفاپوور
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە