ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

باوکخۆری

نووسەر چاڕلز بوکۆوسکی
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: باوەڕ مەعرووفی

ئادی،

باوکە مردبوو.

کەمێک پاش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە

گیانی دا.

ماوەیەک سەبریان گرت.

بەفریان بەسەردا باری

ژن و مێردێک بوون.

فڕۆکەوانەکە دوور کەوتبووەوە

بۆ ئەوەی یارمەتی بێنێ

فڕۆکەوانەکە ماوەیەکی درێژ بوو

ڕۆیشتبوو.

بۆیە ئەوان وردە وردە

دەستیان کرد بە خواردنی باوکە،

باوکی ژنەکە بوو.

پلانێکی بە کەڵکبوو:

کاتێک تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتن

ئەوان هێشتا زیندوو مابوون.

فڕۆکەوانەکە

کە چووبوو یارمەتی بێنێ

ڕەق هەڵاتبوو.

کاتێک گەڕانەوە

بۆ ناو شارستانیەت

بە ڕۆژنامەکانیان وت کە

ئیزنی خودایان خواستبوو

خودایش وتبووی،

قەیدێ ناکە،

دەشیانزانی کە باوکە

کێشەیەکی نەدەبوو.

شان بە شان، بە ڕاوەستانەوە و

بە بزەیەکی سەر لێوەوە

وێنەیەکیان لێ گرتن.

ڕەنگە منیش

هەمان کارم بکردایە

تەنانەت بێ ئەوەی ئیزنی خودا بخوازم.

بەڵام پێموابێ

پاشماوەکانی جەستەی باوکە

بۆ وێنەکە باشتر دەبوو.

شتێک وەک

قەلەموونەی

پاش خوانی سوپاسگوزاری.

  1. https://www.youtube.com/watch?v=1tSBSrLiZd0[min. 13:00]
  2. https://bukowski.net/manuscripts/displaymanuscript.php?show=poem1979-05-03-eating_the_father.jpg&w=4672
blank
دەربارەی نووسەر
چاڕلز بوکۆوسکی

چاڕلز بوکۆڤسکی؛ساڵی ١٩٢٠ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی سەربازی ئەمەریکی-ئەڵمانی هاتووەتە دنیا. پاش دوو ساڵ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچ دەکەن. بوکۆفسکی زیاتر لە سۆنگەی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام هاوکات کە لەسەر نووسینی ڕۆمان خورت بووەتەوە، شیعر و کورتەچیرۆکیشی نووسیوە. پتر لە ٥٣٠٠ شیعر و کورتەچیرۆکی نووسیوە. حاڵ و هەوای فەزای شاری لۆس ئەنجڵس لەنووسراوەکانی بوکۆفسکیدا بە ڕوونی دیارە. ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ باربارا فیریی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری کردووە، بەڵام دوو ساڵ دواتر لێک جوێ بوونەتەوە. ئەم ڕووداوە بوکۆفسکی بەرەو شەرابخۆریی پتر ڕاکێشاوە. منداڵێکی بە ناوی فرانس سمیت لە مارینا لوییس بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ لیندا لی بەیلی ئاشنا دەبێت و پاشان هاوسەرگیری دەکەن. بوکۆفسکی پاش ئەوەی لەلایەن ناوەندی چاپی "بلەک سپەررۆ"وە پێشنیاری مووچەی مانگێ 100 دۆلار تا کۆتایی ژیانی پێ دەدرێت، دەست لە کاری ئیدارەی پۆست هەڵدەگرێت و لەوەبەدواوە سەرقاڵی نووسینی شیعر و چیرۆک دەبێت. ساڵی ١٩٩٤ لە سەند پێدرۆی کەلی فۆرنیا بە هۆی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی دەکات. ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی لەلایەن ڕاهیبێکی بووداییەوە بەڕێوەدەچێ. لەسەر کێلەکەی نووسراوە "هەوڵ مەدە!" کە بە وتەی لیندای ژنی بوکۆفسکی، واتە: لە بری ئەوەی هەوڵ بدەیت، دەست پێ بکە و کارەکە ئەنجام بدە''.

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە