چیرۆکێکی خەمگینی تر – کوردستانی سوور
وەک کوردێکی لە دایکبووی کوردستانی سوور، ئەو ناوچە کوردییە کە کەوتبووە نێوان ئەرمەنستان و ئازربایجانەوە و زۆر کەمیش بە کوردی قسەی تێدا دەکرا، هەر لە سەرەتای منداڵیمەوە تێگەیشتبووم کە هەندێ جیاوازی فەرهەنگی ئێمە لە خەڵکانی تر – واتە ئازەریی و ئەرمەنییەکانی دەوروبەرمان – جیا دەکاتەوە. ئەگەرچی من تا گەورەش بووم هەر بە ئازەربایجانی، لقێکی زمانە تورکییەکان، و ڕووسییەکی دەستوپێ شکاو قسەم دەکرد، بەڵام ئێمە هێشتا هەندێ وشەی جیاواز و تایبەت بە خۆمانمان لە زمانی ڕۆژانەماندا هەبوو کە زۆریش سەیروسەمەرە دەهاتنە گوێ. دوایی تێگەیشتم کە ئەم وشانەمان لە کورمانجییەوە وەرگرتووە کە پێش توانەوەمان لە زمانی ئازەربایجانییدا زمانی سەرەکیمان بووە.
هەندێ لە بە تەمەنترین ئەندامەکانی کۆمەڵگاکەمان هێشتا دەیانتوانی بە کوردی قسە بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی یادگاری ڕابردوویەک بوون کە هاووڵاتیانی سۆڤیەت دەبوو بۆ وەرگرتنی ئیدەئالە “پێشکەوتوو” و جیهان وەتەنییە کۆمۆنیستییەکان وەلایان بنێن، ئیدی ئەو هەلەیان بۆ نەدەڕەخسا کە بتوانن میراتی فەرهەنگی و زمانی دایکیمان پێ ڕابگەیەنن. دواتر دایکم پێی وتم هەر کات باوک و میمکی نەیانویستبایە منداڵەکان و بیانییەکان لە قسەکردنیان تێبگەن قسەکانیان لە ئازەرییەوە دەکردە کوردی. هەموو ئەم زانیاریییانە کونجکۆڵییە منداڵانە و تێریینەناسەکەمی پتر گڕ تێ بەردەدا کە خۆم بهاوێمە ڕابردووی پڕ لە ڕەمز و ڕازی بەشە بچکۆلەکەی خۆم لە کوردستانێکی گەورەتر.
کاتێ دەچووینە بەشەکانی تری ئازەربایجان و ئەرمەنستان خەڵکانی ناوچەکە بە کورد یان “چیانشین” بانگیان دەکردین. هەندێ جاریش لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە بە بۆنەی پابەندبوونی توندوتۆڵمان بە شەرەف، خۆپارێزی و شانازییەوە گاڵتەیان پێدەکردین. بۆ نموونە ئەگەر دوو کەس یا لایەن لە ئێمە تووشی کێشە بوایەن بە دەگمەن ڕوومان لە پۆلیس یا دادگاکان دەکرد، چونکوو بە کارێکی نەشیاومان دەزانی و خۆمان تا ئەو ئاستە نەدەهێنایە خوار. لە جیاتی ئەوە هەمیشە ئەندامە بەساڵاچوو و ڕێزدارەکانی کۆمەڵگاکەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ناوبژیوانیییان دەکرد. ئێمە دەمانتوانی بە ئازەربایجانییەکی پاراو قسە بکەین بەڵام شێوەزاری تایبەت بە کوردانی پێوە دیار بوو. ئێمە بەینمان هەم لەگەڵ ئازەری و هەم لەگەڵ ئەرمەنیشدا باش بوو تاکوو شەڕی قەرەباخ دەستی پێکرد و ئێمەی هاویشتە بەرەی هاووڵاتییانی ئازەربایجانی و دژ بە بەرەی ئەرمەنییەکان.
کاتێک ئەرمەنییەکان یەک بە یەک دەستیان بەسەر هەموو پارچەکانی کوردستانی سووری پێشووی هاوسێی ناگۆرنۆ قەرەباخدا گرت، ئاشکرابوو کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کوردە موسڵمانەکان و ئازەرییەکاندا نابینن. تەنزی ماجەراکە لەوەدا بوو کە کوردانی ئێزدی دانیشتووی وڵاتی ئەرمەنستان توندوتیژترین جەنگاوەرانی ئەرمەنی بوون کە دژی برایانی خۆیان لە لاچین و کەلباژاردا دەجەنگان.
کاتێک بیری لێ دەکەمەوە پێم وایە کە هەر ئەم نزیکایەتیییە دینییەی نێوان کوردی موسڵمان و ئازەری بە درێژایی چەن دەیە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە توانەوەی زمانی و لە دەستچوونی شوناسی نەتەوەیی زۆرێک لە کوردان گێڕاوە.
ئەوەندە پرسیاری تامەزرۆی وەڵام لەمەڕ ڕەگ و ڕێشەی کوردی و مێژوومان لە سەرمدا پێچی دەخوارد کە هەمیشە باوەگەورەم، کە کوردییەکی دەستوپێ شکاوی دەزانی، و بەساڵاچووەکانی تری کۆمەڵگاکەمانم بە پرسیارە بێ دواییەکانم بۆمباران دەکرد. بەڵام هەمیشە لەوەی کە هیچ سەرچاوەیەکی جێی متمانەم نەدەدۆزییەوە کە باسی مێژووی نەتەوەکەمانم بۆ بکات بێهیوا دەبووم ئەمەش بەشێکی بەو بۆنەوە بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتیدا دەربڕینی شوناسی نەتەوەیی بە توندی ئیدانە دەکرا و بەشێکیشی لەبەر ئەوە بوو کە زۆرینەی خەڵکی ئەم بەشەی کوردستان مێژووی خۆیان لێ ون بووبوو. سیاسەتی توانەوە کە دەوڵەتی ناوەندیی ئازەربایجانی سۆڤیەت بێڕەحمانە و بەردەوام لە دژی کورد بەکاری هێنابوو و دابڕانی کوردانی ئەم ناوچە لە براکانی تریان لە بەشی سەرەکی کوردستان خەسارێکی وای لە فەرهەنگ و زمانی کوردیی دابوو کە ئیدی بە هیچ جۆرێک قەرەبوو نەدەبووەوە.
بەساڵاچووەکان دوو بیردۆزیان لەمەڕ مێژووی کۆمەڵگاکەمان دەردەبڕی، یەک ئەوەی کە باپیرانمان بەشێک لەو ٢٤ هۆزە کوردییە بوون کە شاعەباسی ئێران لە سەدەی ١٦دا لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران و خوراسانەوە کۆچاندبوونیە قەفقاز کە سنوورەکانی حکوومەتی سەفەوی لە بەرانبەر عوسمانییەکان پتەو کاتەوە. بەڵام باوەگەورەی من دەیوت ئێمە ٣٠٠ ساڵ لەوەپێش لە باشووری کوردستانی ئەمڕۆژییەوە (لە دەوروبەری موسڵ و کەرکووکی ئەمڕۆ) هاتووینەتە قەفقاز چونکوو هۆزەکەمان (فەریحخانی) یەکێ لەو هۆزە کوردییە یاخییانە بووە کە باج و خەڕاجی بە دەوڵەتی عوسمانی نەداوە. بەمجۆرە بوو کە مێژووەکەمان لە هەوروتەمی مێژوو و ئەو چارەنووسە بێبەزەییە کە بەسەر کوردانی هەموو پارچەکانی نیشتمانە بەحەقەکەماندا هاتبوو ون بووبوو. دوایی بۆم دەرکەوت کە کورد هەر لە مێژەوە لە قەفقاز ژیاوە و چەندین میرنشینی بەهێزی وەک شەدادییەکان و ڕەوادییەکان دامەزراندووە کە لە سەدەی ٩ تا ١٣ەوە بە سەر بەشی هەرەزۆری ئازەربایجانی ئەمڕۆژیدا حوکمڕانییان کردووە.
کوردەکان شوێن دەستێکی هەرمانییان بە سەر فۆلکلۆر، مۆسیقا، ئەدەب و مێژووی ئازەربایجانەوە بە جێ هێشتووە. مەقامە کۆنەکان وەک ئەفشاری کورد، بەیاتی کورد، شەهنازی کورد هێشتاش لە ئازەربایجانی ئەمڕۆژدا وەک باشترین نموونەگەلی مۆسیقای کلاسیک ئەژمار دەکرێن.
کوردەکان شوێن دەستێکی هەرمانییان بە سەر فۆلکلۆر، مۆسیقا، ئەدەب و مێژووی ئازەربایجانەوە بە جێ هێشتووە. مەقامە کۆنەکان وەک ئەفشاری کورد، بەیاتی کورد، شەهنازی کورد هێشتاش لە ئازەربایجانی ئەمڕۆژدا وەک باشترین نموونەگەلی مۆسیقای کلاسیک ئەژمار دەکرێن. لە هەڵبەستی حەماسەیی “کۆرئۆغلوو”دا، دلێری “کوردئۆغلوو” (کوڕی کورد) لە دژی پاشا فئۆدال و خاوەن زەوییەکان لە قەرەبووکردنەوەی زوڵم و ستەمیان لەبەرانبەر هەژار و داماواندا زۆر ستایش دەکرێت. شاعیری کلاسیک و جیهانیی ئازەربایجان نیزامی گەنجەڤی (١٢٠٩-١١٤١) شیعری بەناوبانگی “خەیر و شەڕ”ی تایبەت کردووە بە کارە چاکەکان و ڕەوشتی بەرزی کچە کوردێک و باوکە دەوڵەمەندەکەی و لە دووتۆی شیعرەکەدا پەسنی جوانیی، میهرەبانیی و بەخشندەیی ئەم کچە کوردە لە حەق “خەیر”ی داماودا دەدات و باسی ئەوە دەکات کە چلۆن خەیر لە برسێتی و مەرگ ڕزگار دەکات.
لە هەڕەتی پێرێسترۆیکا کە دوایین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، گۆرباچۆف، خستبوویە ڕێ بایەخ پێدان بە فەرهەنگ و زمانی کوردی بووژابووەوە. شامیل عەسکەرۆفی کۆچ کردوو، شاعیر و زانا و توێژەری ماندوویی نەناسی کوردناسیی کە لە کەلباژاردا هاتبووە دنیا توانی لە هەندێک لە قوتابخانەکانی گوندە کوردییەکاندا کلاسی کوردی دابمەزرێنێت. بیرم ماوە کە کوڕ و کچە گچکە کوردەکان چ شانازییەکیان بەو وشە و دەستەواژە کوردییە تازانەوە دەکرد کە لە قوتابخانەی گوندەکەمان، زەیلک، فێر دەبوون. بە داخەوە ئەو ڕۆژانەش تەمەنیان کورت بوو و شەڕی خوێناویی قەرەباخ کۆتایی بەم هەوڵە سەرەتایییانە هێنا و کوردی پرش و بڵاوی سووچە جیاجیاکانی ئازەربایجان کرد.
کوردانی دانیشتووی کوردستانی سوور چوار یەکەی بەڕێوەبەرایەتییان پێک دەهێنا کەلباژار، لاچین، قوبادلی و زەنگلان و بەشێک لە جەبرایل و ئەمە تا ساڵی ١٩٩٣ درێژەی هەبوو تاکوو شەڕی خوێناوی و درێژەداری نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە سەر ناگۆرنۆ قەرەباخ هەموو کوردانی لە وڵاتی باب و باپیرانیان وەدەر نا.
کوردانی دانیشتووی کوردستانی سوور چوار یەکەی بەڕێوەبەرایەتییان پێک دەهێنا کەلباژار، لاچین، قوبادلی و زەنگلان و بەشێک لە جەبرایل و ئەمە تا ساڵی ١٩٩٣ درێژەی هەبوو تاکوو شەڕی خوێناوی و درێژەداری نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە سەر ناگۆرنۆ قەرەباخ هەموو کوردانی لە وڵاتی باب و باپیرانیان وەدەر نا. دامەزران و هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور تاڕادەیەک لە تەمومژی ڕازدا داپۆشراوە.
ئەو چیرۆکەی بەساڵاچووەکانی ئێمە دەیانگێڕاوە دەیوت خودی لێنین فەرمانی دامەزرانی کوردستانی سووری دەرکردووە. بەڵام بەمانەشەوە هەنێ ڕاستیی لەبەر دەستن کە پڕشنگ دەخەنە سەر چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەم هەوەڵ حکوومەتە خودموختارە کوردییەی مێژووی هاوچەرخ. کوردستانی سوور بە شێوازی فەرمی لە ٧ی ژووئیەی ١٩٢٣دا بە بڕیاری کۆمیتەیەکی تایبەت (نێوە ڕووسییە فەرمییەکەی کوردیستانسکی ئوویێزد[1] بوو) بنیات نرا و لە ١٧ی هەمان مانگدا لەلایەن لیژنەی باڵای کۆمیتەکەوە کە سێرگێی کیرۆف، کاربەدەستێکی باڵای بۆلشێڤیک، سەرپەرشتی دەکرد بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە. بەڵام ڕادەی خودموختاری ئێمە بەراورد بە پارێزگای خودموختاری ناگۆرنۆ قەرەباخی ئێتنیکی ئەرمەنی هاوسێمان زۆر نەبوو. کوردیستانسکی ئوویێزد لە ٨ی ئاڤریلی ١٩٢٩و پاش ئەوەی شەشەمین کۆنگرەی ئازەربایجانی سۆڤیەت ڕێگەی بە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی یەکە بەڕێوەبەرییەکاندا هەڵوەشایەوە.
دیسان لە ٣٠ی مەی ١٩٣٠دا کۆمیتەی باڵای ناوەندی ئازەربایجان بڕیاری دامەزراندنی کوردیستانسکی ئۆکرووگ[2]ی دەرکرد و لاچین وەک پێتەختی دیاری کرا، بەڵام ناوچە کوردییەکانی تریشی خرابووە سەر، واتە ناوچەی زەنگلان و بەشێک لە ناوچەکانی جەبرایلیش کە پێشووتر نەکرابوونە بەشێک لە کوردیستانسکی ئوویێزد. لێ ئۆکرووگ تەنیا دوو مانگ و نیو تەمەنی کرد و پاشان کۆمیتەی باڵای ناوەندی سۆڤیەت و ئەنجومەنی کۆمیسەری خەڵک ئۆکرووگی کوردستانیان لە ٢٣ی ژووئیەی ١٩٣٠ هەڵوەشاندەوە. بەڵام ئەوە جێی سەرنج و سەرسووڕمانە کە ئەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیە بە سەر پارێزگای خودموختاری ناگۆرنۆ قەرەباخی هاوسێدا نەسەپا چونکوو کۆمۆنیستە دەستڕۆیشتووە ئەرمەنییەکانی مۆسکۆ و باکو بە توندی دژی وەستابوونەوە.
ڕۆڵی بەرپرسە ئازەرییە ناسیۆنالیستەکان لە سەپاندنی ئەم بڕیارە نادادوەرانە بە سەر کورددا بە ئەگەری زۆر، بەرچاو و بەرفراوان بووە چونکوو توانەوە و ئاسیمیلاسیۆنی تەواوی کوردانی ئازەربایجان لە سوودی ئەواندا بوو و هیچ بەرنگارییەکی ئەوتۆیش لە لایەن کۆمەڵگا کوردییە زۆرینە نەخوێنەوارەکانەوە ڕووبەڕوویان نەبووەوە.
ڕۆڵی بەرپرسە ئازەرییە ناسیۆنالیستەکان لە سەپاندنی ئەم بڕیارە نادادوەرانە بە سەر کورددا بە ئەگەری زۆر، بەرچاو و بەرفراوان بووە چونکوو توانەوە و ئاسیمیلاسیۆنی تەواوی کوردانی ئازەربایجان لە سوودی ئەواندا بوو و هیچ بەرنگارییەکی ئەوتۆیش لە لایەن کۆمەڵگا کوردییە زۆرینە نەخوێنەوارەکانەوە ڕووبەڕوویان نەبووەوە. تا ئەو کاتیش نزیکەی نیوەی کوردانی (زۆرینە بەرەی نوێ) ئەم پارێزگا خودموختارە لە وڵاتی گەورەتری ئازەربایجانییدا توابوونەوە و زمانی دایکیییان وەلا نابوو و بە ئازەری قسەیان دەکرد. سەرچاوە فەرمییە جۆراوجۆرەکان ژمارەی کوردانی کوردستانی سوور لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر (١٩١٧) بە ٦٠٠٠٠ دادەنێن کە هەڵبەت کۆمەڵگا کوردییە گەورەکانی نەخجەوان و ناوچەکانی تری ئازەربایجانی لەگەڵدا نییە و ئەژمار نەکراوە. لەمەش خراپتر ئەوەتە کە سەرژمێریی فەرمی ساڵی ١٩٢١ ژمارەی ڕاستەقینەی کوردانی دەستکاری کردووە چونکوو ئەو کوردانەی زمانی سەرەکیییان کوردی نەبووە و بە ئازەری قسەیان کردووە هەر بە “ئازەربایجانی” ئەژمار کراون. ئەمەش هیچ جێی سەرسووڕمان نییە چونکوو باکو هیچ حەزی لە بووژانەوەی فەرهەنگی کوردی و خودئاگایی نەتەوەیی لە نێو بەرەی نوێی کورداندا نەبوو.
لە ماوەی ئەم خودموختارییە کەم تەمەنە و ماوەیەکی کورتی دواشی هەنێک گەشتی توێژینەوەیی بە یارمەتی حکوومەت بۆ لێکۆڵینەوە لە زمان و فەرهەنگی کوردانی بەرزەنشین ڕێک خرا کە لە لایەن ڤ. سوسویێف. چورسین، ڤ. گورکۆی ڕۆژهەڵاتناس و کریاژینەوە سەرپەرشتی دەکران.
لە ئاکامی ئەم گەشتانەدا چەندین وتار لە سەر کوردانی ئازەربایجانی سۆڤیەت لە ڕۆژنامەی کۆمۆنیستی “زاریا ڤاستۆکا[3]” لە چاپ درا.
لە ژووەنی ١٩٣١یشدا کۆنفڕانسێک لەسەر کەمینە نەتەوەیییەکان لە باکو بە ڕێوە چوو.
نووسەری خەڵکی سۆڤیەت ئا. بووخسپان ژی پاش ئەوەی مۆسکۆ لەسەر سیاسەتی پشت گوێخستن و هەڵسوکەوتی شۆڤێنیستی بەرانبەر بە کەمینەی کوردان باکوی سەرکۆنە کرد زۆرێ لە گوند و ناوچە کوردییەکانی کەلباژار، لاچین و نەخجەوان گەڕا ونامیلکەیەکی زۆر بەسوود و پڕ لە وردەکاری لە سەر کوردانی ئازەربایجان لە چاپ دا. لەنێوان ساڵەکانی ١٩٣٠ و ١٩٣٨دا سەرەڕای کاغەزبازی و پشت گوێ خستنی بە ئەنقەستی کوردان لەلایەن باکوەوە نزیکەی ٣٠ کتێبی کوردی لە چاپ دران. کوردانی کوردستانی سوور لە ساڵی ١٩٣١یشدا توانییان بۆ ماوەیەکی کورت لە کلاسی هاوینانەی زمانی کوردی بەشداری کەن؛ هەمان ساڵ ڕۆژنامەی “کوردستانی سۆڤیەت” لە لاچین کەوتە ڕێ؛ لە ساڵی ١٩٣٢ش بەشی کوردی لە کۆلێژی فێرکاری شووشا دامەزرا، باپیرەگەورەی کۆچکردووی منیش، جەعفەر ئەحمەدۆف، یەکێ لەوانە بوو کە وەک مامۆستا بۆ ئەوێ ناردرابوو و چەندین ساڵ بە خەستی سەرقاڵی ڕاهێنان و پەروەردە کردنی کۆمەڵگا چیانشینەکانی کەلباژار و لاچین بوو. ڕێبەری و دەروەستی باوەگەورەم بە بڵاوکردنەوەی پەروەردە و فێرکاری لەنێو گوندییەکانی کوردستاندا بووە هۆی ئەوە خەڵاتی لێنینی پێ ببەخشن کە باڵاترین خەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت بوو.
بووژانەوەی ڕادەیی خودئاگایی نەتەوەیی کوردی بە سەرکوتی ١٩٣٨-١٩٣٧ی بەناوبانگی ستالین کۆتایی پێ هێنرا، سەرکوتێک کە بە ئەوپەڕی بێڕەحمییەوە لە لایەن میرجەعفەر باقرۆف، ڕێبەری کۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤیەتەوە پیادەکرا. لە ئاکامی ئەم سەرکوتەدا هەموو فێرگەکان و چاپەمەنییەکانی زمانی کوردی داخران. هەزاران کوردی نەخجەوان و کوردستانی سوور کۆچێندرانە کۆمارە ناوەندییەکانی – قەزاقستان، قێرقیزستان و تورکەمەنستان. بنەماڵەی باوەگەورەی من یەک لەو بنەماڵە ناهمێیە کوردانە بوو کە هەموو موڵک و ماڵێکیان لێ سەندرایەوە، لەبەر ئەوەی پێشووتر خاوەن زەوین بووبوون وەک “دوژمنی خەڵک” ناوزەد کران و لە بارودۆخێکی دژەمرۆییدا دوور خرانەوە بۆ ئاسیای ناوەندی.
لە ساڵانی دواییدا و پاش کۆتایی هاتنی ئەم کابووسە، تەنیا هەندێک لەم بنەماڵەگەلە گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. بۆیەش زۆرینەی کوردانی ئەمڕۆژی ئاسیای ناوەندی وەچەی ئەو بنەماڵە کوردانەن کە لە ساڵەکانی سەرکوت و چەوسانەوەدا لە ئەرمەنستان، ئازەربایجان و گورجستانەوە کۆچێندرابوون.
لە ساڵانی دواییدا و پاش کۆتایی هاتنی ئەم کابووسە، تەنیا هەندێک لەم بنەماڵەگەلە گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. بۆیەش زۆرینەی کوردانی ئەمڕۆژی ئاسیای ناوەندی وەچەی ئەو بنەماڵە کوردانەن کە لە ساڵەکانی سەرکوت و چەوسانەوەدا لە ئەرمەنستان، ئازەربایجان و گورجستانەوە کۆچێندرابوون.
بارودۆخی نالەباری فەرهەنگ و خودئاگایی کورد تەنانەت لە پاش مردنی ستالین و کۆتایی پێهاتنی سەرکوت و چەوسانەوەش گۆڕانی بە سەردا نەهات.
بەڵام بەمەشەوە گەشتی توێژینەوەیی و کاری چاپکراو پچڕپچڕ لە سەر کورد و لەلایەن کوردناسە ڕووسییەکانەوە ئەنجام دەدرا، کەسانێک وەک ت. ئاریستۆڤا (١٩٥٧)، ک. کرۆمۆف (١٩٦١)، و چ. باخایێف (١٩٦٠) کە خۆی بە ڕەچەڵەک کوردی ئێزدی بوو و سەرەڕای بەربەستەکانی باکو لەسەر شێوەزار و فەرهەنگی کوردانی ئازەربایجان کاری دەکرد.
باخایێف پەی بە بوونی پڕ ئەژماری کۆمەڵگە کوردییەکان لە ناوچەکانی تری ئازەربایجانیشدا برد، ناوچەگەلێک وەک خاچماز، ئیسماییلی و یەڤلاخ. ئەو هەروەها بەو ئاکامەش گەیشت کە پاراویی زمانی کوردی تا ڕادەیەکی زۆر لە نێو کوردانی ئازەربایجان و بەتایبەت بەرەی نوێدا لە ناو چووە. کوردانی نەخجەوان بەڵام لەم بابەتەدا ئاوارتە بوون.
ئەم توێژینەوانە هەندێک زانیاری بەسوودمان لەسەر ژمارەی دانیشتوانی کوردی وڵاتی ئازەربایجان پێدەبەخشێ، بەڵام ناتوانین بە تەواوی متمانەیان پێبکەین و بە ژمارەی کۆتایی و تەواوی دابنێین چونکوو ئەم توێژەرانە بە زۆری لە سەر بنەمای داتاکانی سەرژمێرییە فەرمییە دەوڵەتییەکان کاریان کردووە.
سیاسەتی سڕینەوەی هەموو نیشانەکانی فەرهەنگی کوردی بە سەرژمێرییە دەوڵەتییەکانی ساڵانی ١٩٥٩، ١٩٧٠ و ١٩٨٩ لە ئازەربایجانی سۆڤیەتدا چووە قۆناغی کۆتایی خۆی، لەم سەرژمێرییانەدا بە پۆلێن کردنەوەی زۆرینەی کوردەکان وەک “ئازەربایجانی” ڕێژەی دانیشتوانی کوردی ئازەربایجانی تا ڕادەیەکی زۆر دەسکاری کرا. ئاکامیش ژمارەیەکی ئەوەندە کەم بۆ حەشیمەتی کوردی وڵاتی ئازەربایجان بوو کە زۆرتر لە گاڵتەجاڕی دەچوو: ١٤٨٧ کورد لە ساڵی ١٩٥٩، ٥٤٨٨ کورد لە ساڵی ١٩٧٠، ٥٦٧٦ کورد لە ساڵی ١٩٧٩ و ١٢٢٢٦ کورد لە ساڵی ١٩٨٩.
جگە لەمانەش، هەموو شوێنە نیشتەجێییە تازەکانی کوردستانی سوور کە لە گوندە کوردییە کۆنەکانەوە پەرەیان سەندبوو وەکوو گوندی ئازەربایجانی پۆلێنبەندی کرابوون چونکوو نیشتەجێیە لاوە مێشک شۆردراوەکانی ئەم شوێنانە ئازەریییان وەک زمانی یەکەمیان بەکار دەهێنا. (ڕای گشتی کە زۆرینە لە سەری کۆکن باس لەوە دەکات کە ئەمڕۆژە لانی کەم ٥٠٠٠٠٠ کورد لە ئازاربایجاندا، کە خۆی وڵاتێکی هەشت ملیۆنیییە، دەژین ئەویش ئەگەر ئەو کوردانەی کە بە تەواوەتی توانەتەوە ئەژمار نەکەین، لە حاڵێکدا کە داتاکانی دەوڵەتی ئازەربایجان تەنیا بوونی ١٤-١٣ هەزار کورد لە ئازەربایجان قبووڵ دەکەن)
بەڵام هێشتا گەورەترین کارەساتی کوردستانی سوور بەڕێوە بوو. پاش ئەوەی ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ و ئەرمەنستان داوای جودایی ئەم پارێزگا خودموختارەیان لە ئازەربایجان کرد شەڕی قەرەباخی ژووروو لە ساڵی ١٩٨٨دا لە نیوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان هەڵگیرسا. ئەم شەڕە درێژخایەنە (١٩٩٥-١٩٨٨) بەرئەنجامی زۆر خراپی بۆ دانیشتوانی کوردستانی سوور هەبوو: هەموو شوێن و ناوچە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی ئەرمەنستانەوە و بە یارمەتی سەربازیی ڕووسییا داگیرکران. کێبڕکێی سەخت و توندوتۆڵی دەسەڵات لە باکو و پێکدادانی بەشە جیاجیاکانی سوپای نەتەوەیی شێواوی ئازەربایجان وای لە سەربازانی ئازەربایجان کردبوو کە بە تەواوەتی هێزی بەرگری لە خاکی ئازەربایجان لە دەست بدەن و هەموو ناوچەکانی کوردستانی سوور – لاچین (١٩٩٢)، کەلباژار (١٩٩٣)، زەنگلان (١٩٩٣)، قوبادلی (١٩٩٣)، جەبرایل (١٩٩٣) بێ بەرگری کەوتنە دەست هێزەکانی ئەرمەنستان. لە ئاکامدا، دانیشتوانی ئەم ناوچە خودموختارە کوردانە لە وڵاتی باب و باپیریان دەرکران و ئاوارەی ناوچە جیاجیاکانی ئازەربایجان بوون.
زۆرینەی ئەم حەشیمەتە کوردە هێشتا بە ئاوارەیی لە چادری پەنابەریی و شوێنە کاتییەکان لە بارودۆخی زۆر نالەباردا دەژین و چاوەڕوانن پاش زۆرتر لە ١٣ ساڵ بگەڕێنەوە سەر خاکی باب و باپیرانیان. بەڵام گفتوگۆکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەمەڕ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ کێشەکانیان هێشتا هیچ ئاکامی نەبووە. ناوەندی فەرهەنگی کوردی –”رۆنایی” بەکرداری توانای ئەوەی نییە فەرهەنگ و زمانی کوردی لەنێو بەرەی جوان و ئاسیمیلەکراوی کورددا پەرە پێ بدات چونکوو هەم لە باری ماڵیییەوە بێ یارمەتی و لاوازە و هەمیش چاوی هەمێشە بێداری حکوومەتی ئازەربایجان کە فشاروگوشاری تورکیەی بە ئاشکرا لە سەر دیارە ڕێگەی پێ نادات. پرشوبڵاوبوونی کوردان بە چوار گۆشەی وڵاتیشدا کاری پێک هێنانی بەرەیەکی هاوبەشی بۆ ڕزگار کردنی فەرهەنگ و زمانی کوردی لە لێواری لەناوچوون دژوارتر کردووە. ئەگەرچی بەمانەشەوە زۆر کار دەتوانین بکەین کە فەرهەنگی کوردی لە ئازەربایجان زیندوو کەینەوە. دەبێ بەرەو ئامانجی کردەیی هەنگاو بنێین و بە کردنەوەی فێرگە و ناوەندەکانی فێر کردنی زمانی کوردی، ئامادە کردنی سەرچاوەکانی پێویست بۆ فێرکردنی کوردی، ناردنی لاوە کوردەکانی ئازەربایجان بۆ خوێندن لە شارگەلێک وەک سلێمانی و هەولێر لە باشووری کوردستان پەرە بە فەرهەنگی کوردی بدەین. لەم بوارەشدا دیاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای کوردی عێراق دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕووناک کردنی چارەنووسی ئەم کۆمەڵگا کوردییانە و زیندووکردنەوەی میراتی فەرهەنگی لە لێواری لەناوچوونی ئێمەدا بگێڕن.
ئەم دەقە وەرگێڕانی وتارێکی ماڵپەڕی ئەرمەنیاپێدیایەکە بە گوێرەی سەرچاوەکە لە ٥ی ژووەنی ٢٠٠٦دا بڵاو کراوەتەوە. http://www.armeniapedia.org/wiki/Red_Kurdistan
[1]Курдистанский уезд: هەرێمی کوردستان
[2]ناوچەی کوردستان
[3]کازیوەی ڕۆژهەڵات