فۆزانی بێیادەوەری
پێچ دەکەمەوە بە چەند کۆڵانێکدا، سەیری خانووەکان دەکەم، هیچیان لە خانووەکەی خۆمان ناچێت. دەڕۆمەوە بۆ سەرەتای شەقامەکە، وەک یارییەک، دووبارە دەست پێ دەکەمەوە.
دوێنێ مۆبایلەکەم لە بیرچوو، کێشەکە ئەوەیە نازانم لە چایخانە جێم هێشتووە یان هەر لە ماڵەوە نەمهێناوە. بیردەکەمەوە و بیرم ناکەوێتەوە. بەرەو ماڵ دەگەڕێمەوە، موبایلەکەم زەنگ لێدەدا، وەڵام دەدەمەوە: ئەلۆ، بەڵێ، باشە حەتمەن. مۆبایلەکەم بە دەستمەوە بووە.
شەشەم جارمە کتێبی نایادەوەری بۆرخیس، بۆرخیسم وت؟ نا. بۆرخیس نا. ناوی ئەو پیاوە و مارلۆن براندۆ تێکەڵ دەکەم. مارلۆنم وت؟ نا، مالرین مۆلرۆ، مارلین ژن نییە؟ هەڵدەستم، سەرم قورس دەبێت لەو هەموو ناوە بە پیتەکانی میم. دەچمە کتێبخانەکەم، دۆزیمەوە، نایادەوەری، ئەندرۆ مالرۆ… ئەندرۆ مالرۆۆۆۆ… ئەندرۆۆۆۆۆ مالرۆۆۆۆۆ….. و سەد بارەی دەکەمەوە.
بیرم دەچێتەوە کتێبی نایادەوەری ئەندرۆ مالرۆم کڕیوە، شەش دانەم لەو کتێبە هەیە لە کتێبخانەکەمدا.
ماڵی خۆمان دەدۆزمەوە، هەموو جارێک وا ڕوو نادات. بیرم دەچێتەوە سەیارەکەم لە چ کۆڵانێکدا داناوە. تا ئێستا دەیان جار چوومەتە بنکەی پۆلیس، لە ماڵمانەوە نزیکە، شکات دەکەم، سەیارەکەم دزراوەتەوە، ئەمجارە لە شاردا نەماوە، لەوانەیە بردرا بێت بۆ یەکێک لە شارەکانی خواروو، خواروی عێراق.
خێزانەکەم، هەموو پێویستییەکانی ماڵم بۆ دەنووسێت، ئەڵێم مەنووسە تەماتە، مەنووسە شامپۆ، مەنووسە چی و چی
ئەڵێم بە تەواوی شتەکان بنووسە، بنووسە پیاوەکە تەماتەت لە بیرنەچێت، شامپۆ و نۆک و عەلاقەی پەنگوین بهێنەوە. پێویستیمان بە گسکە تەمەڵە هەیە، دوێنێ پلاکەکە سووتابوو، پلاکێک بهێنەرەوە، سپی بێت، پلاکی سێ شاخە بێت، ئەوەی گڵۆپێکی سوور بە ناوەڕاستی پلاکەکەوەیە و، هەموو شتەکان وەک خۆی بنووسەرەوە.
من کاغەزی پێویستییەکانی ماڵم بەسەر دەشپولی سەیارەکەوە بیر دەچێت، سەیارەکەشم لە کۆڵانێکدا بیر دەچێت، کۆڵانەکەش. ئێوارە دادێت، نزیکەی سەعات نۆ دەگەڕێمەوە، بە دەم پیاسەوە و بە تەنیا.
پزیشکە دەروونییەکەم پێم دەڵێ، زۆر بخوێنەرەوە. زۆر دەخوێنمەوە، بە گوێی دەکەم. لە سەردانی پانزەیەممدا دەڵێت، هەوڵبدە چیرۆکی ژیانی خۆت بنووسەرەوە. ئەمە بیستەمین جارە دەمەوێ چیرۆکەکەم بنووسمەوە.
هەموو کتێبەکەی میلان کۆندێرام لەبەر کردووە، کتێبەکە دوو ناونیشانی هەیە، پێکەنین و بیرچوونەوە. من بەشی بیرچوونەوەم نەخوێندوەتەوە، دڵنیام هەر دوای داخستنی کتێبەکە، هەموویم بیر دەچێتەوە.
ساڵانە هەندێک کتێب هەن، دووبارە، سێبارە، چواربارە و زیاتریش دەیانخوێنمەوە. لەوانە ڕۆمانی مەدام بۆڤاریی تۆڵستۆی، برایانی کارامازۆفی گۆگۆڵ، ئەلیادە و ئەدیسۆنی سۆفۆکڵیس، حەز دەکەم وەک دۆمیانی کارەکتەری ناو ڕۆمانی ئەگەر گەشتیارێک لە شەوێکی زستانی فرانز کافکادا، بەیانییەک هەستم و ببم بە قالۆنچە.
کتێبخانەکەم هەزار کتێب زیاتری تێدایە، بە نزیکەیی نیوەیم خوێندوەتەوە، بەڵام نیوەکەی تری کتێبەکان دووبارەن، لە هەر سێ ڕەفەی کتێبخانەکەمدا، نوسخەیەک لە هەموو بەرگەکانی گەڕانی لە دەست چوو بە دوای زەمەندا، نا نا، زەمەنی لەدەست چوو و گەڕان بەدوایدا، نا، لەدەست چووی زەمەن و گەڕان بە دوایدا، نەفرەت، ناونیشانەکەم نایەتەوە یاد، بەڵام دەزانم سێ وشەی زەمەن، و لە دەست چوو، گەڕان لەو کتێبەی پرۆست مارسیلۆدا هەیە. هەموو جارێک کە بەرگی دووەمی دەخوێنمەوە، بەرگی یەکەمم بیرچوەتەوە و لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەمەوە.
مارسیلۆ یاریزانی ریاڵ مەدریدیش نییە؟
دەزانم هەم، لێرەم و لەم شارەدا لە دایک بووم و دەژیم، منداڵیی خۆم، وەک ئاوێنەیەکی تەڵخ دەبینم. وا دەزانم هەر کە لە دایک بووم، ئاوا بووم، بە منداڵیش هەر وەک ئێستا بووم و تەمەنم ساڵێکی تر دەبێتە پەنجا ساڵی تەواو. هەموو ڕووداوەکانی ڕابردووم، هێندەی پەنجەکانی دەستم دەبن، گەر هیچم بیر نەچێت.
پرۆفیسۆر شمیلی ناو چیرۆکەکەی سینگەرم خۆش دەوێت، هەموو هەفتەیەک دووجار ئەم چیرۆکە دەخوێنمەوە، پێکەنینم پێی دێت و گریانیش، وا دەزانم خۆمم لەبەر باراندا، میوانەکان چاوەڕێمن، دێمەوە و خێزانەکەم لەبەر دەرگاکەدا چاوەڕێم دەکات، پێدەکەنم “سڵاو ژنەکەی پرۆفیسۆر مشێل، شێلم، سمێڵ، میسێڵ.. ئێوە ناوەکەی نازانن بە تەواوی؟
دەبمە سەدان، هەزاران مرۆڤی تر، هەر پارچەیەکم لە شوێنێکدا دەبێت، ئێوە ئەگەر پیاوێکی نزیکی پەنجا ساڵەتان بینی و دەگەڕێت، وەک ئەوەی هەمیشە شتێکی لێ ون بووە، دەستی لە گیرفانیدا دەجوڵێنێت و. ناتوانێت وەڵامی سڵاوەکانتان بداتەوە، ئەوە پارچەیەکی منە، پەڕیوەتە ئەو شوێنەی بەڕێزتانی لێیە.
ڕۆحێکی زستانیم هەیە، وەک باڵندە کۆچەرییەکان.
ئێمە لە ماڵێکی پرتەقاڵیدا دەژین، مەبەستم ئەوەیە خانوویەکی دوو قاتیی بە بۆیەی پرتەقاڵی، هەندێکجار بیرم دەچێت ماڵمان دەکەوێتە چ کۆڵانێکەوە. خەڵکی ئەم شارەی ئێمە دڵیان بە زۆر شت دەسووتێت، کاتێک ون دەبم، کەسێک دەمگرێت و دەمخاتەوە سەر ڕێگەی ماڵە پرتەقاڵییەکە، یان سواری سەیارەکەیم دەکات و دەمگەیەنێتە بەردەم ماڵ خۆمان. کە هاتنە ئەم شارەوە، بە دوای ماڵە پرتەقاڵییەکەدا بگەڕێن، سێ یەکی شار، ماڵمان دەزانێت، ئەمە تاقە شتێکە ژنە میهرەبانەکەم بۆ منی کرد بێت “ڕەنگی خانوەکەمان دەکەین بە سپی و ڕەساسی، هەموو گەڕەکەکە ئەو ڕەنگەیە”، “ئەبێ ئێمەش وەک ئەوان ڕەنگی بکەین؟”
گوتی “خانوەکە زیاتر دەکاتەوە”
گوتم “ڕەنگێک خانووەکە زیاتر بکاتەوە”
گوتی “سپی”
گوتم خێزانەکەشم وتی سپی و…
چاوم کەوتە سەر پرتەقاڵی
پێم گوت “دەیکەینە پرتەقاڵی”
پیاوی بۆیەکە پێکەنی “بە تەنیا؟”
گوتم “بە تەنیا”
ژنەکەشم ئەم ڕەنگەی پێ جوانە. پرتەقاڵی و سپی… سپی و پرتەقاڵی و ڕەساسی ؟ ڕەساسی و پرتەقاڵی ؟ و سپ… پر؟
حەزم لە هیچ فیلمێک نییە، چونکە سبەینێ نازانم ڕووداوەکانی چی بوون. هەموو شەوێک یادگەم خاڵی دەبێتەوە، وەک تەنکییەکی کون، دادەچۆڕێم، تک… تک… تک…
ئەگەر دەتەوێت باشتر لێم تێ بگەیت، سەیری فیلمی Before I go to sleep ی میریڵ ستریپ، میریڵە ؟ ئانی هاس وەی؟.. نا، ئەو کچەی فیلمی cold mountainی هەیە، ئەوەی لەکۆتایی فیلمەکەدا خۆشەویستەکەی خۆی بە هەڵە…. ئەها. کەوتەوە بیرم، نیکۆڵ کیدمان، من هەموو بەیانییەک، یادگەی نیکۆڵ کیدمانم هەیە لە فیلمی پێش ئەوەی بچم بۆ نووستن.
تەنها حەز دەکەم بخوێنمەوە، دەچمە کتێبخانەکەم، مانگێک یەک کتێب دەخوێنمەوە، هەمووی لەبەر دەکەم، تەنانەت فاریزە و خاڵەکانیش، ناوی نووسەر، دەزگای چاپ و ساڵ و وەرگێڕ و ئەوانە.
مانگی دووەم کتێبێکی تر
مانگی سێیەم کتێبێکی تر
و تا ساڵ تەواو دەبێت دوانزە کتێب لەبەر دەکەم.
بە درێژایی ساڵێک یەک چیرۆک دەنووسم، یەک چیرۆک کە هەر لە سەرەتای مانگی یەکەمەوە بیری لێ دەکەمەوە، ڕۆژانە دیمەن، کارەکتەر، کات و شوێنی بۆ زیاد دەکەم.
چەند جارێکی تر دەینووسمەوە.
دەینووسمەوە و بە نزیکەیی کۆی چیرۆکەکە لەبەر دەکەم، وەک کتێبەکانم.
لە کۆتایی ساڵدا، دووبارە پەڕەیەکی سپی دەهێنمەوە، لە سەرەتاوە چیرۆکەکە دەنووسمەوە، هەموو شتێکی دەنووسمەوە، نامەوێ لە بەرهەمی ئەم ساڵە دوورودرێژەمدا، هیچ هەڵە، یان بیرچوونەوەیەک ڕوو بدات.
دەبێت ئەم چیرۆکە بە یەک شەو تەواو ببێت، کە هەندێکجار شەوی پێش سەری ساڵ دەکەوێت.
وەک ئەم چیرۆکەی ئێستام.
لە مانگی یەکەمدا دەمویست ئەم چیرۆکە بنووسم، بەڵام بیرم ناکەوێتەوە دەمویست کامەیان لە سەرەتادا بگێڕمەوە. لێرەدا کورتەی بیرۆکەی ئەو چیرۆکەکەتان پێ دەڵێم “لە ڕووبارێکدا مەلە دەکەم، ڕووبارێکە لە دەرەوەی شار، چوار لقی لێ دەبێتەوە. مەلەم دەکرد و هەندێجار ژێرئاوی چەند مەترێک دەڕۆشتم، کە دەهاتمە سەرەوە لە شوێنێکی تری ڕووبارەکەدا بووم، وەک ئەوەی بەسەر پشتی هەڵۆیەکەوە مەلە بکەم. هەر جارەی چاوم بە دیمەنێک دەکەوت و لە شوێنێکی جیاوازەوە سەرم دەردەهێنا.
هەندێک ئاوم لێ خواردەوە. ڕووبارەکە لە مندا بوو. مەلەی دەکرد.
ناوی ڕووبارەکەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، من ناوم نابوو ڕووباری لیزێ، یان لیسێ، ليذێ، حەز دەکەن بە ئینگلیزیش بۆتان دەنووسمەوە (ببوورن، بیرم چوو لەسەرەوە پێتان بڵێم تا ئێستا سێ جار فێری زمانی ئینگلیزی بووم و بیرم چووەتەوە) ناوی ڕووبارەکە ئاوا دەنووسم lethe ، ئێستاش نەمزانی، من بووم، یان ڕووبارەکە بوو لە مندا مەلەی دەکرد، ئەمەشیانم بیرم چوەتەوە.” خەون بەوەوە دەبینم چیرۆکێک وەک خۆی بگێڕمەوە، بەڵام هەموو جارێک بیرم دەچێتەوە خەونم بەوەوە دیوە چیرۆکێک وەک خۆی بگێڕمەوە.