ئەفسانەی پیرۆزی زیروزیرو

دەمرم و ئەوینداری خودام، دۆستەکانم خۆشدەوێت، ڕقم لە دوژمنەکانم نییە و قێز لە خورافە دەکەمەوە”

ڤۆڵتێر

“سامان وەک ئاوی دەریایە؛ هەتا زیاتر بخۆینەوە، تینووتر دەبین؛ هەمان شتیش ڕاستە بۆ ناوبانگ.”

شۆپنهاوەر

١

لەنێو حەسارەکەدا لەسەر پشت کەوتوویت، باران بەلێزمە دەبارێ، تەپ تەپ بەر تەوێڵ و ڕوومەتەکانت دەکەوێت. پەنجەکانی دەستی ڕاستت بە لەپی دەستی چەپت توند گوشیوە، خوێنیان لێدەچۆڕێت. جۆگەلەیەکی خوێن و قوڕاو بەرەو کۆلیتەکە ڕێچکەی بەستووە. بڕستی ئەوەت نییە هەڵسیت، ئازار کوێری کردوویت. نێو کەللەت پڕە لە هاوار “دادە فریامکەوە، دادە فریا……” پشتە سەرت خووساوە، هەست بە ساردییەکە دەکەیت دەچێتە مۆختەوە، لەرز داتدەگرێت، نازانیت چەندێکە لەوێ کەوتوویت، ڕۆژە یان شەو. دەتەوێت هەڵسیت، تەپ دەکەویتەوە نێو چڵپاوەکە، ئەمجار بە دەمدا، قوڕاو هەتا قوڕقوڕاگەت دەڕوا، سارد و لینج، تفی دەکەیتەوە و دەکۆکیت. بیرت دەکەوێتەوە، سێ پیاوی دەمامکدار لە حەسارەکەدا پاڵیان خستیت، یەکیان ئەژنۆی خستە سەر سنگت، ئەوی دیکە دەستی درێژ کردیت، خۆت ڕاپسکاند، سوود نەبوو. پیاوی سێیەم کێردەکەی دەرهێنا و پەنجەکانی قرتاندیت، وشەیەکت نییە بۆ وەسفکردنی ئەو ئازارە. بیستت یەکێکیان گوتی، “خێرا گازۆلینەکە بکە بەدەستیدا و با….” و لە هۆش خۆت چوویت.

٢

بەژێر تریفەی مانگدا دەڕۆیشتن، تاو تاو مانگ دەچووە پشت هەورەکان و دەردەکەوتەوە. من و فەرماندە ئەحمەد و سیازدە پۆلیسی دیکە. هەواڵ هاتبوو چەند کەسێک خەریکی هەڵکەندنی گۆڕی ئەلباینۆیەکن. هەوا خۆش و بێ سرتە، تەنکە تەمێکی شینباو. جار جار وەڕەی سەگێک و خوێندنی کووندەپەپوویەک. کاتێک لە گۆڕستانەکە نزیکبووینەوە، دوو چرا دەرکەوتن، کەسێک هەتا ناوقەدی لە گۆڕێکدا، بە خاکەناز گڵی هەڵدەدایە دەرەوە، تۆز شەبەنگی چراکانی لێل کردبوو، چرایەک لە لێواری گۆڕەکە و ئەوی تریان بە دەستی کەسێکی دیکەوە، کەسی سێیەمیش چەناگەی خستبووە سەر کلکی پاچێک و لەنێو گۆڕەکەی دەڕوانی. بێ سرتە نزیکدەبووینەوە، دەستم بەر کامێراکەم کەوت، دینگەیەکی لێوە هات، دوو کەسەکەی لێواری گۆڕەکە ئاوڕیان دایەوە، ئەوەی ناو گۆڕەکە ئارەقی لێ دەچۆڕا و نوقمی گڵ دەردان ببوو. پاچ و چرا فڕێدرا و ڕایان کرد، کابرای نێو گۆڕ بواری نەبوو هەڵبێت. پۆلیسەکان گرتیان، لاوێکی باریکلە بوو، وەک شۆڕەبی دەلەرزی، زمانی لەگۆ کەوتبوو و تەتەڵەی دەکرد. فەرماندە بەسەریدا گوڕاندی،” بۆچی ئەم گۆڕە هەڵدەکەنن؟ شەرم ناکەن ڕۆحی ئەم مردووە هەراسان دەکەن. کوپەڵە زێری تێدایە؟!” لاوەکە بە لەرزەلەرز چەند وشەیەکی گۆکرد، “ئێسکی ئەلباینۆ… پزیشکی جادوو… کرێکاری کان.” فەرماندە گوڕاندی،” بە جوانی بدوێ، با تێبگەین.”

لاوەکە بە دەستە لەرزۆکەکانی ڕوخساری داپۆشی و گوتی “کرێکاری کانی زێرم لە کانەکانی چیای سپی، هەشت سەر خێزانم، دایک و باوکە پیرەکەم و دوو خوشکە قەیرەکەشم لەگەڵمدا دەژین. پزیشکێکی جادوو پێی گوتم، ئەگەر ئێسکی ئەلباینۆیەک پەیدا بکەم و لە ملمی بکەم، بەختم باش دەبێت و زێڕی زۆر دەدۆزمەوە و دەوڵەمەند دەبم.”

٣

تاو دەدەیتە خۆت، هەڵدەستیت. دەستە ساغەکەت لەنێو قوڕاوەکە، پشتت لە هەوادا، دوودڵی بکەویتەوە یان هەڵسیت؛ بڕیار دەدەیت هەڵسیت! شەوە، ڕووناکییەکی کز لە کۆلیتەکەوە بەردەمتی ڕووناک کردۆتەوە، کۆلیتەکە و کوخەکان وەک مانگای ڕەش دێنە بەرچاوت، سەیرێکی پەنجەکانت دەکەیت، سیانیان وەک ئەوەی پێستەکەی سووتا بێت مەییوون و دووانیان خوێنیان لێ دەچۆرێت. شڵپە شڵپ بە نێو باراناوەکەدا دەڕۆیت، دەرگای کۆلیتەکە کراوەتەوە، دەچیتە ژوور. کشوماتە، لە ڕاڕەوەکەدا پورت دەبینیت، سکی هەڵدراوە و لە خوێن هەڵکشاوە، مردووە. بەرەو هۆدەکەی پشتیر ڕادەکەیت، براکەت دەبینیت لە سووچەکە هەڵکوڕماوە و هەڵدەلەرزێت و دەگری. قۆڵی چەپی پێوە نەماوە، هۆدەکە بووە بە گۆمی خوێن، لێ دەستی خوێنی لێ نایەت، وەک هی تۆ ئەویش پێستەکەی هەڵکڕوزێنراوە و مەییوە. ژوورەکە سارد و پیس، ئەرزەکەی گڵ و تەڕ، ئاوی باران لە میچەکەوە دەچۆڕێت، دەڵێیت کەمێکی تر دادەتەپێت. دەستی براکەت دەگریت و دەچیتە هۆدە گەورەکە. یادەوەری وەک بروسکە دێتە هزرتەوە: خەریکی خواردنی ژەمی ئێوارە بوون؛ پەتاتەیەک و پەرداخێکی ئاو. تازە لە ناشتنی دایک و باوکت گەڕابوونەوە، مات و مەللول لە پەتاتەکەت دەڕوانی. لە دەرگا درا، پورت زەردەخەنەیەکی کرد و دەرگاکەی کردەوە. سێ پیاوی باڵابەرز و بەهێز هاتنە ژوورەوە، یەکێکیان کێردێکی ڕەشی گەورەی بەدەستەوە بوو. پورت دەڵێت، “وەک ڕێکەوتبووین بۆ هەریەکەیان دوومیلۆن شیلینگی تەنزانیایی،” و براکەت دەگرێتە باوەش. دەزانیت دەیەوێت بە پزیشکانی جادووتان بفرۆشێت، گورج ڕادەکەیتە دەرەوە، براکەت هاوار دەکات، “دادە فریامکەوە، دادە فریا….” پیاوەکان دەگەنە سەرت، لە حەسارەکەدا پاڵت دەخەن و پەنجەکانت دەقرتێنن. توند براکەت دەگریتە باوەش و دەگریت هەتا لە دەرگا کراوەکەوە ڕووناکی دەبینیت.

٤

عادل سەمەد، لە قاتێکی سپی ئیتاڵیدا، کاتژمێرێکی سویسری لەدەست، چاویلکەیەکی فەرەنسی لە چاو، لەسەر مێزە مەڕمەرەکەی دانیشتبوو، ژەمی ئێوارەی دەخوارد؛ بەرخێکی برژاو لە ناوەڕاستی خوانەکە، ئاخندراو بە برنج، لەسەر سینییەکی زێڕین، ماسی برژاوی ڕوبەهەنارکراو، قەلی سورەوەکراو، کەباب، چەند جۆرێک زەڵاتەی فەڕەنسی، چەند جۆرێک شلە، بوتڵێکی کۆنیاکی گرانبەهاش، کە بە تایبەت لە فەڕەنساوە بۆی هاتبوو. گرامافۆنەکە سەمفۆنی پێنجی بێتهۆڤنی دەژەنی، کەیفی بە موزیکی کلاسیک نەدەهات، لێ دەیویست لەبەردەم ئەو خانمە ناسک و خوێندەوارانەی میوانی بوون، خانەدان دەرکەوێت.

نۆ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک مەلا حەسەنی باوکی حاشای لێ کرد و زانزیباری بەرەو دارلسەلام بەجێهێشت، هیچی نەبوو. لەسەر شەقامەکان لەسەر کارتۆن، یان لەنێو بەلەمی ڕاوچییەکاندا دەنووست. ڕاوەماسی کرد، لە گوندە گەشتیارییەکان گارسۆنی کرد، هەتا هەندێک پارەی پێکەوەنا، عەرەبانەکی کڕی و تێکەڵەی زانزیباری دەفرۆشت. لەپڕ و لە ماوەی شەش ساڵدا، بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی دارلسەلام. ئێستا گوندە گەشتیارییەکانی کەنار زەریا هی خۆیەتی، کەشخەترین ڤێلای کەنارەکەش. ئەوسا لاوێکی بنێسی دوو چڵ ئێسقان بوو، ئێستا خەپەتۆڵەیەکی بەگەدە و گیپاڵە، هەرچەند ماوەیەک وەرزشی دەکرد، هەتا سەرنجی کیژەیل ڕاکێشت، لێ وازی لێ هێنا، پێوستی نەبوو، فرە دەوڵەمەند بوو.

خزمەتکارێک لە عادل سەمەد نزیکبۆوە، شتێکی بەگوێدا چپاند، عادل بزەیەکی پانەوپانی بۆ کیژۆڵەکان کرد و “بە  یارمەتیتان” بە دەرگا بەڕووە سپیە نەخشدارەکەدا ڕۆیشتە دەرەوە. سێ پیاو لە دەروازەکە چاوەڕێیان دەکرد. تیرۆژی گڵۆپەکان ڕووخساریانی نیوە ڕووناک کردبۆوە، ئارەقیان لێ دەچۆڕا، دەستەکانیان دەبریسکایەوە و بەرۆکیان پەڵە خوێنی پێوە وشک ببۆوە. هەر عادل گەیشتە دەروازەکە، پیاوەکان لە نێوانی شیشەکانەوە کیسەیەکی ڕەشیان دایە دەستی، دوو ملیۆن شیلینگی تەنزانیایی پێدان و گوتی، “ئەی ژنەکە، لەناوتان برد؟” ئەوەی ناوەڕاست، کە لەوە دەچوو سەکردەیان بێت گوتی، “خەمت نەبێت گەورەم، لە کۆڵ کرایەوە.”

٥

سێ پیاو و ژنێکن، سیانیان جلکی پۆلیسیان لەبەرە، ئەوەی تریان کامێرایەکی لە ملە و تیانووسێکی شینیش بەدەستیەوە، لەوە دەچێت ڕۆژنامەنووس بێت. لووتیان دەگرن و دێنە ژوورەوە. پورت دەدۆزنەوە، کامێرا لە ملەکە دەڵێت، “ئەه، چۆن دەکرێت مرۆ لە شوێنێکی ئاوادا بژیت!” گوێیان لە هەنسکەکانی تۆ دەبێت و ڕووناکییەکە دەخەنە سەرتان. ژنەکە دێت و براکەت باوەش دەکات، یەکێکی تریان دەستی تۆ دەگرێت و دەتباتە جێبێکی ڕەشەوە، ڕەنگە سوور بێت، بەڵام لە تاریکیەکەدا وا دەردەکەوێت. جێبەکە بەگەڕ دەخرێت و لە کۆلیتەکە دوور دەکەونەوە. لە پشتەوە دانیشتوون لەنێوان کامێرا لە ملەکە و ژنەپۆلیسەکە، براکەت سەری خستۆتە سەر شانت و خەوی لێ کەوتووە، تۆش لە جامی پێشەوە لە ڕێگە خۆڵە ڕووناکەکە دەڕوانیت، کە پڕە لە مێشوولە و درەختەیلی وشکەڵ. بارانەکە خۆشی کردۆتەوە، لە جامەکەی پێشەوەوە هەوایەکی فێنک لە ڕووخسارت دەدات و کەروێشکە بە قژە سپییە کورتەکەت دەکات. جێبەکە بەلای چەپدا پێچ دەکاتەوە، ڕووناکیەکانی دارلسەلام وەک گوڵەئەستێرە دەردەکەون. جێبەکە ڕاستەوڕاست دەڕوات، هەڵتەک هەڵتەک بەسەر چاڵ و چۆڵەکانی شەقامەکەدا، دواتر بەلای ڕاستدا پێچ دەکاتەوە، بە نێو دەروازەیەکی شیندا تێدەپەڕێت بۆ نێو گۆڕەپانێکی بەرین، کە پڕە لە داری کالیپتۆس و فوارەی پڵنگێکی سپی لە ناوەندیدایە، جێبەکە بە تەنیشتی پڵنگەکەدا دەڕوات و لەبەردەم بینایەکی گەورەی سپی وەک ڕوخسارتدا دەوەستێت، دەرگاکە دەکرێتەوە و ڕووناکییەکان بەر شەوارەت دەدەن. دوو دەست داتدەگرن، دەتبەنە ژوورێکی سپی و لەسەر جێخەوێک داتدەنێن. پزیشکێک پەنجەکانت تیمار دەکات و برینپێچی دەکات و بە هێوری دەڵێت، “ئێستا بخەوە ئازیزەکەم!” چاوەکانت دادەخەیت و تاریکی.

٦

هەر کە چوومە گوندەکەوە، بیرێک لە هزرمدا خۆیا بوو؛ دەبێت سەرهاتی ئەم ژنە مەلوولانە بکەمە کتێبێک: قوربانیانی جادوو؛ چیرۆکە دڵهەژێنەکانی تەنزانیا. لە نێوەندی دارستانێکی چەپکدا، سی بۆ چل کۆلیتی شەقوشڕ، پەرت و بڵاو بەو دەشتاییەدا ڕۆنراون. لە گوندێکی چۆڵکراو دەچێت. لێرە و لەوێ، ژنێک سەتڵێک ئاوی لەسەر سەرە، ژنێکی تر لە تەبارۆکەیەک زەویدا خەریکی بژارە، یەکی دی دیواری کۆلیتەکەی بە قوڕ سواخ دەدا، ژنێکی تر منداڵێک بە پشتیەوە، بە کەوگیرێک مەنجەڵێک تێکوەردەدات. لە ژنەی کەوگیر بەدەست دەچمە پێشەوە، ئاوڕ دەداتەوە و کەوگیرەکە توند بە مشتی دەگرێت و بەرەو ڕووم ڕای دەگرێت، “تۆ کێیت؟ چیت دەوێت؟ مێردەکەم ناردووتی؟” کامێراکەم بەرز دەکەمەوە و دەڵێم، “مەترسە، کەس نەیناردووم، ڕۆژنامەنووسم، هاتووم چیرۆکی ئێوە بنووسمەوە.” بە گومانەوە چاوەکانی بچووک دەکاتەوە و لێم دەڕوانێ، لە بنی پێمەوە هەتا کڵاوە حەسیرییەکەم. دڕدۆنگانە مشتی شل دەکات و کەوگیرەکە دادەنێت، دەستەکانی وردە خوێ و بەهاراتی پێوەیە، دەیانتەکێنێت. “دەبێت ببووریت برا، ئێمە لە کەسوکارمان ڕامان کردووە و خۆمان شاردۆتەوە، لە خشەی مار و مێروو سڵ دەکەینەوە و گومان لە هەموو کەسێک دەکەین. فەرموو چۆن یارمەتیت بدەم.”

“دەمەوێت ژنانی گوند کۆبکەیتەوە بۆم، قسەیان لەگەڵدا دەکەم و چیرۆکیان دەنووسمەوە.”

گورج پۆشاکەکەی هەڵکرد و ڕۆیشت، هەتا هاتەوە لە کۆلیتەکەیم ڕوانی، ژوورێکی بێ دەرگای قوڕ، بە پەتۆ شڕە گیرابوو. سەربانی بە پووش گیرابوو، دیوارەکەکەی شەقی بردبوو، ئاسەواری باراناوی پێوە بوو، لە هەندێک شوێندا، قوڕەکە تلیسابۆوە و ساف ببوو. پەنجەرەیەکی خوار و خێچ، بە کارتۆنە مۆز داپۆشرابوو. بنمیچەکەی کراوە بوو، با و بارانێکی توند ئاداری بەسەر پاداریەوە نەدەهێشت.

هاتەوە و شەش ژنی لەگەڵ خۆیدا هێنا، “ببورە هەر توانیم ئەم شەش ژنە قایل بکەم.” گوتم، “گرفتێک نییە و زۆرباشە” و تیانووسە شینەکەمم کردەوە. لە بن دیواری کۆلیتەکە حەسیرە شڕەیەکی ڕاخست و دانیشتین.

یەک یەک ناوی خۆیان دەڵێن و چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. دواتر دەبێت پاکنووسیان بکەم و چیرۆکیان لێ ساز بکەم.

ژنەی کەوگیر بە دەست:

“ناوم مەریەمە، شووم کردووە و ئەم منداڵە ئەلباینۆیەم هەیە. مێردەکەم هەمیشە سەرخۆش بوو، نە کاری دەکرد و نە هیچ، بەردەوام پرتەوبۆڵەی بوو، لێی دەدام،” شانیم پیشان دەدات، ئاسەواری بڕین لە کەڵکەی شانیەوە بۆ نەرمەی قۆڵی درێژبۆتەوە، “ڕۆژێک پزیشکێکی جادووی لەگەڵ خۆی هێنا، ناوی ئپینیا بوو، تۆمەتی جادووگەری دایەپاڵم، دەیگوت جادووگەری کردووە بۆیە منداڵەکەی ئەلباینۆیە. خەڵکی لێ هاندام بمکوژن، بەیانییەکەی زوو منداڵەکەم هەڵگرت و هەڵاتم بۆ ئێرە.”

ژنێک کە قژی تاشیبوو و پۆشاکێکی ڕەنگاڵەی لەبەردا بوو گوتی:

“ناوم ناسێریانە، خەڵکی بناری کلیمانجرۆم، لە هۆزی ماسای. بە زۆر دایانم بە ئامۆزاکەم، سەدسەر مانگای هەبوو، ئافات هات مانگا هەموو مردابوونەوە، لە داخا منی تۆمەتبار کرد بە جادووگەری، گوایە چونکێ نابەدڵ شووم پێ کردووە، جادووم کردووە و مانگاکانیم مردارکردوونەتەوە. هەمووان باوەڕیان پێ کرد. منی بێچارە لەگەڵ تاریک و ڕووندا ملی ڕێم گرتەبەر. بە نێو دارستانی پڕ شێر و هۆزی دوژمندا، ڕەنگە هەفتە زیاتر بەڕێوەبووبم هەتا ئێرەم دۆزیەوە.”

ژنێک کە سەرپۆشێکی مۆری بەسەرەوە بوو، یەک دوو کاکۆڵی هاتبوونە دەر گوتی:

“ناوم فاتیمەیە، دانیشتووی دەوروبەری دارلسەلامم. پارچەیەک زەویمان هەیە، لە باوکمەوە بۆمان ماوەتەوە. براکەم ویستی بیفرۆشێت، منیش داوای بەشی خۆمم کرد، بە فیتی دایکم ئیپینیای هێنا، تۆمەتی جادووگەریان دایە پاڵم، لە دادگا سکاڵام کرد و داوای بەشی خۆمم کرد، براکەم خەڵکی لێ هاندام، شاربەدەریان کردم، ئەوەتا ئێستا دەبینی لێرەم.’

ژنێکی پیر، وادیاربوو بەتەمەنترینی کۆمەڵە بێت، بە بڵمە بڵمێک گوتی:

“ناوم ماریایە. خەڵکی گوندەکەی پشت هۆو چیایەم” دەستی بەرەو چیاکەی خۆرئاوا درێژ کرد؛ “کاتێک مێردە پیرەکەم مرد، شووبراکانم ئۆباڵی مردنەکەیان لە ئەستۆی من نا. گوتیان جادووت لێ کردووە هەتا بمرێ و میراتەکەی ببەی، جا میراتی چیش، کۆلیتە شڕەیەک و بزنە لەڕەیەک و چوار مریشک. جا ڕۆڵە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆم دەریانپەڕاندم، ئەوە دەبینی کەوتوومە ئێرەکانە.”

ژنێک کە لە هەموویان کزۆڵتر و مەلولتر بوو، بە چاوانی پڕ فرمێسکەوە گوتی:

“ناوم زوێنەیە، مێردەکەم کرێکاری کانەزێرە، کاتێک هەنێک زێری دۆزییەوە، ئۆتۆمبێلێکی کڕی، تاکە ئۆتۆمۆبێل بوو لە شارۆچکەکەمان. هەموو ڕۆژ خۆی قۆز دەکرد و دەڕۆی، نەمدەزانی بۆ کوێ. ڕۆژێک بینیم ملوانکەیەک دەدات بە ژنێکی دراوسێمان، ڕۆژێکی دی گوڵی برد بۆ ژنی ئەنجومەنی گەڕەک. کاتێک پێمگوت ناپاکیم لێ دەکەیت، خەڵکی لێ هاندام کە جادووگەرم. سەری خۆم هەڵگرت و بە ئاستەم خۆم قوتار کرد، دوو کچە بچووکەکەم بەجێهێشت.”

ژنێکی باریکەلەی میانەساڵ، کە هەر دوو چڵ ئێسقان بوو گوتی:

“ناوم توبایە، ساڵی پار دوای حەوت ساڵ هاوسەرگیری، دووگیان بووم. مێردەکەم شاگەشکە بوو، شیرینی بەشیەوە. بەڵام هێندە بە ئاڵۆش بوو، بە دووگیانیش وازی لێ نەدەهێنام. مانگی خۆم بوو، شەوەکەی هاتە لام. بۆ بەیانییەکەی لەبارم چوو. کردیە هەرا، بە فیتی ئیپینیا کە لای خەڵکی ڕێزلێگیراو بوو، تۆمەتی جادووگەری بۆ هەڵبەستم. چیم بکردایە جگە لە ڕاکردن؟”

کۆتا ژن کەڕ و لاڵ بوو، ژنەی کەوگیر بە دەست لە بری ئەو دوا:

“ناوی نازانینە، نازانین خەڵکی کوێیە و بۆچی پەنای بۆ ئێرە هێناوە. تەنیا دەزانین ئازار دراوە، پشتی هەمووی جێگە قامچییە! بنی پێیەکانی داخکراوە، ناتوانێت بە باشی بڕوات. ئەگەر سەرنجی گەردنی بدەیت، دەبین شوێنەواری ڕنراوی گوریسێکی پێوەیە، وەک ئەوەی ویستبێتیان بیخنکێنن، یان خۆی بخنکێنێت.”

٧

ئپانیا دووچاری سەرئێشەیەکی توند بوو، کەللەی سەری دەتگوت بارستە ئاسنێکی قورسی تێدایە، ناوچەوانی گەرم دەبوو، بە بچوکترین قسە توڕە دەبوو و وەک ئاگر کڵپەی دەسەند. لە هاوسەر و کچەکەی دەدا، قاپ و گوڵدانی دەشکاند، سەری بە دیواردا دەکێشا، هەدادانی نەبوو و ماخۆلان گرتبووی. وەک ئەوەی ڕۆحی فەیلسوفێک چووبێتە جەستەیەوە، وڕێنەی دەکرد، “ژیان بێزارکەرە، بوون لە تاقەتبەدەرە، ئەم ژینە بە من نامۆیە، هەمووتان بۆگەنتان دێت.” هاوڕێیەکی پێشنیازی کرد کە بچێتە لای پزیشکێکی جادوو، دەیگوت ڕۆحە شەرەنگێزەکان دەستیان بەسەردا گرتوویت. ڕۆیشت، نۆ ڕۆژ لە کۆلیتێکدا هێشتیانەوە، هەموو ڕۆژێک، نۆ پزیشکی جادوو، مریشکێکی ڕەشیان سەر دەبڕی و خوێنەکەیان لە جەستەی هەڵدەسوو، ئەوەی دەمایەوە دەرخواردیان دەدا. پێستەی بزنێکی سپییان کردەبەری، دەیانگوت ڕۆح شەرەنگێزەکان تەرا دەکات، لێ سەرئێشەکەی خراپتر بوو، دەیانگوت ڕۆحەکان هەڵیان بژاردوویت ببیتە پزیشکی جادوو، بڕوای پێ کردن، دەیانگوت دەبێت کچەکەی بکاتە قوربانی خوابانووی شەڕەنگێزی، کچەکەی ئەلباینۆیە و نەفرەتە، دەبێت سەر ببڕدرێت و خوێنی بخواتەوە. کچەی داماویان بە بەردێکەوە شەتەکدا، کوشتیان و خوێنەکەیان دەرخواردا. دەیانگوت ئێستا تۆ سەرۆکی پزیشکەکانی ئەم دەڤەرەیت، بەدەوریدا سەمایان دەکرد و کاراباشەکانیان ڕادەوەشاند. هاوسەرەکەی وازی لێ هێنا، ماڵەکەی کردە شوێنی جادووکردن. بەیاریدەی ڕۆحە شەڕەنگێزەکان، هاوسەرانی لێک دەکرد، یان ئاشتی دەکردنەوە، وای لە خەڵکی دەکرد خۆیان هەڵبدەنە ڕووبارەوە یان ژەهر بخۆنەوە. دوای ئەوەی بەدەوریاندا سەمای دەکرد و بخوردی دەسووتاند و بە کاراباشەکەی بە سەری دەکێشان، گیراوەی هاڕاوی گۆشتی ئەلباینۆی بە لاوە ئەویندارەکان دەدا بیکەنە خواردنی دولبەرەکانیانەوە، هەتا دڵە ڕەقەکانیان کەمەندکێش بکەن.

ئەوە نۆ ساڵ لەمەوبەر بوو، ئێستا لە گەڕەکێکی چەپەک و بۆگەنی دارلسەلامدا نیشتەجێیە، خانوویەکی گەورەی هەیە، لە دوورەوە بۆنی بخورد و هاڵاوی بۆگەن کاست دەکەن. تۆڕێکی گەورەی پزیشکانی جادوو بەڕێوە دەبات. شەش ساڵە لەگەڵ عادل سەمەد کار دەکات، بە موشتەرییەکانی دەڵێت لە کوێ گیراوەی ئەلباینۆیان دەستکەوێت، لە شوێنەکەی خۆشی دەیفرۆشێت. پارەیەکی مفتی دەستدەکەوێت، لەسەر حسابی ئەو گەمژانەی هانای بۆ دەبەن. لە کڵێسا و مزگەوتەکان دووردەکەوێتەوە، ڕۆحەکان سەریان لێ دەشێوێت و دەستەوەستان دەبن، هەر بۆیە لەم پەنا چەپەک و پیسەدا ئەم خانووەی کڕیوە.

٨

بە هەراوزەنا بەئاگا هاتیت. لە ژوورەکە دەرچوویت، سەدان منداڵ و لاوی وەک خۆت؛ ئەلباینۆ، لە هۆڵەکەدا قسەیان دەکرد و پێدەکەنین و یاریان دەکرد. لە دەوری مێزەکان کۆببوونەوە، مەتەڵیان لە یەکتر دەپرسی و گۆرانیان دەچڕی، هەندێک ژەمی بەیانیان دەخوارد. خوێندنگاکەی خۆتت بیرکەوتەوە، هیچ هاوڕێیەکت نەبوو، هاوپۆڵەکانت بە “زیروزیرو”[١] گاڵتەیان پێ دەکردیت، نەیاندەوێرا دەستت لێ بدەن، نەوەک ببنە خێو و دیارنەمێنن. تارمەیەکی سپی وەک شیر بوویت لەنێو پەنجا خوێندکاری ڕەش وەک قیردا. بە باشی تەختەڕەشەکەت نەدەبینی، دەچوویتە پێشەوەی پۆلەکە، هێندە گاڵتەیان پێ دەکردیت، ناچار دەگەڕایتەوە مێزە یەک کەسییەکەی دواوی دواوە. دەتویست هاوار بکەیت و بڵێیت، “منیش وەک ئێوە مرۆڤم، تەنیا بۆیە ماددەی میلانین لە پێستمدا نییە، بۆیە پێستم وەک شیر سپییە”، بەڵام نەتدەتوانی، هەرچۆنێک بێت تێناگەن. تاکە ئاسوودەیت مامۆستا ولیامی هونەر بوو، ڕۆمانی ئینگلیزی پێدەدایت، سەرکەشییەکانی تۆم سۆیەر، گەڕان بەدەوری زەویدا لە هەشتا ڕۆژدا، سروودی کریسمس و چەندانی تر. لە دەرەوەش کەس هاوڕێیەتی نەدەکردی، تاکە هاوڕێت کتێبەکان بوون، لە سێبەری پشتەوەی کۆلیتەکەتان دادەنیشتیت و لەگەڵ تۆم سۆیەر و هەکڵبێریدا سەرکێشیت دەکرد. تەنانەت باوکیشت کە زۆری دەخواردەوە و مەست دەبوو، ڕووی ڕاستەقینەی دەردەکەوت، بە چینی چاو کونە شوژن یان بزنی سپی بانگی دەکردیت. لە مێزی سووچەکەدا براکەتت بینی، ژنێکی ڕەشپێست خواردنی دەدایە، بەرەو لای ڕۆیشتیت. ژنەکە زەردەخەنەیەکی بۆ کردیت، شیرین وەک هی دایکت. ڕۆیشت و سینییەک خواردنی بۆ هێنایت؛ پارچەیەک پەنیر، دوو سەمون، بوتڵێک ئاو و پەرداخێک ئاوی پرتەقاڵ. ئێرە، کە دواتر زانیت پەناگە و خوێندنگەی منداڵانی ئەلباینۆیە، ڕێک وەک بەهەشتە، هەمووان بەسۆزن و میهرەبان. منداڵەکان پێدەکەنن و دڵخۆش.

٩

شوێنەکەی ئپینیام دۆزییەوە، لە گەڕەکێکی کۆن و بۆگەندا، بینایەکی ڕەشی پەرپوتی سێ نهۆم، لەوە دەچوو کەسی تێدا نەبێت، ڕۆشتمە ناوەوە، تاریک و بۆگەن، بە پلیکانەکاندا سەرکەوتم، ماددەیەکی لینجی ڕەش پلیکانەکانی تلیساندبۆوە، دیوارەکەش بە خەڵوز چەند هێمایەکی سەیر و ترسناکی لەسەر نووسرابوو. لێرە و لەوێ، مشکە تۆپیو و خوێنی وشکبۆوە، بۆن ساردێکی کاسکەریان لێ دەهات. گەیشتمە سەرەوە. کابرایەکی دزێو، شەڵاڵی ئارەقە، لەسەر کورسییەکی چەرمی ڕەش دانیشتبوو، کاراباشێک بە دەستیەوە، بەدەوری سەری خۆیدا هەڵی دەسووڕاند، لە پشتیەوە دەزووڵەی دووکەڵی دوو دار بخورد بەرزدەبوونەوە. دیوارەکە هەمووی ڕەفە بوو، پڕ لە قتووگەلی ڕەنگاوڕەنگ، لەسەر ڕەفەکە کۆمەڵە کتێبێکی ڕزیو و زەردەڵە هەتا بن ساپیتەکە هەڵچنرابوون. کە منی بینی بزەیەکی شەیتانی کرد و هەڵسا. پێمگوت، “سڵاو لە پزیشکی مەزن ئپینیا، ناو ناوبانگی تۆ سنووری وڵاتی بڕیوە، لە بناری کلیمانجرۆوە هاتووم، دە ڕۆژان بەڕێوەبووم، بە هانام وەرە.”

دووبارە بزە شەیتانییەکەی دەرکەوتەوە، “سوپاس بۆ متمانەت، بفەرموون گرفتان چییە؟”

“ئەوەی ڕاستی بێت من گاوانم، دەوڵەمەندترین گاوانی هۆزی ماسای بووم، سەد سەر مانگام هەبوو، چواردە منداڵی تەندروستیش، پار ئافات لە مانگاکانی دام و نیوەی کوشتن، تەنیا سێ منداڵیشم مانەوە. ئێستا لیمونایی ئامۆزام دەوڵەمەندترینە، دەمەوێت تەلیسمێکم پێ بدەیت هەموو مانگا و منداڵەکانی لەناو ببات.”

بزە شەیتانییەکەی کردەوە، “ئەوە هەر زۆر ئاسانە.” چەند پارچە بخووردێکی داگیرساند، چاوەکانی داخست، کاراباشەکەی بە دەوری بخووردەکاندا خولاندەوە، لەژێر لێوەوە بە زمانێک کە تێی نەدەگەیشتم، بە ئاوازەوە چەند وشەیەکی گوت. چاوەکانی کردەوە و گوتی، “پێویستە ئەندامی نێرینەی ئەلباینۆیەک پەیدا بکەیت، بە ساغی یان بە هاڕدراوی، بیکەیتە دوو بەشەوە، بەشێکی بخەیتە ماڵەکەی ئامۆزاکەتەوە، بەشەکەی دی لەو لەوەرگایەدا بخەیتە ژێر گڵ کە مانگاکانی لێ دەوەڕێنێت.”

پرسیم؛ “جا لەکوێ ئەندامی نێرینەی ئەلباینۆم دەستکەوێت؟”

دووبارە بزە شەیتانییەکەی کردەوە، “کوڕێک هەیە لەسەر شەقامی باراک ئۆباما، لە بەردەم مەیخانەی “کارپ دیم”، پانی پوری دەفرۆشێت. ناوی عەبدولیە، پێی بڵێ ئیپینیا ناردوومی.” ئەوەی دەموسیت دەستمکەوت، هەستی بەو کامێرا بچووکە نەکرد کە لە قۆپچەی کراسەکەمدا بوو. هەڵسا و قتوویەکی شینی داگرت، هەندێک توێژاڵە داری تێکرد، چەند دڵۆپێک گیراوەیەکی ڕەشی قەترانیش. دایە دەستم و گوتی، “هەمووی تەنیا نۆ سەد هەزار شیلی….” فەرماندە ئەحمەد و پۆلیسەکانی بەژوور کەوتن، ئپینیا پەشۆکاو، سەری بەر نووکی گڕداری بخووردەکە کەوت، پۆلیسەکان قۆڵبەستیان کرد.

١٠

سێیەم ڕۆژت بوو لە پەناگەکە، خاتوو سەبیحە بەئاگای هێنایت، لەگەڵیدا ڕۆیشتیت بۆ هۆلەکە، دەیان ئەلباینۆی تازە هاتوو، بەڕیز وەستابوون، دەستبڕاو و قاچبڕاو، هەندێکیان هەردوو دەست یان هەردوو قاچیان بڕابوو. لە پێشەوەی ڕیزەکە کارمەندێک لەسەر مێزێک دانیشتبوو، سەرقاڵی نووسین بوو لە تیانووسێکی ڕەشی گەورەدا. لە کۆتایی ڕیزەکەدا وەستایت، ئرێڤو، برا بچووکەت لە بەردەمت، خاتوو سەبیحە پێی گوتی، “کە نۆرەت هات، ناوت، تەمەنت، باسی خۆت، خەونەکات دەڵێیت، ئەو پیاوەش لە تیانووسەکەدا تۆماری دەکات.” سەرت بۆ لەقاند و چاوەڕی بوویت نۆرەت بێت. یەک یەک ناو، تەمەن، باسی خۆیان، خەونەکانیان گوت و کارمەندەکە بە ڕوویەکی خۆشەوە تۆماری دەکردن:

“عەلی، هەشت ساڵم، خەڵکی زانزیبارم، خوێندکاری پۆلی دووم[٢]، هێشتا هیچ خەونێکم نییە.”

“نورو، پازدە ساڵم، خەڵکی دارسەلامم، خوێندکاری ناوەندیم. خەونم ئەوەیە ببمە مامۆستای زیندەوەرزانی، هەتا خەڵکی هۆشیار بکەمەوە دەربارەی ئەلباینۆکان.”

“زوێنە، دە ساڵم، خەڵکی باگامۆیۆم لە پۆلی چواری بنەرەتیم، دەمەوێت ببمە پزیشک.”

“ئەکیدە، دوازدە ساڵم، خەڵکی دارسەلامم، خوێندکاری حەوتی بنەڕەتیم، خەونم ئەوەیە ببمە پۆلیس هەتا تۆڵەی ئەلباینۆکان لەو بازرگانە و دارودەستەکەی بکەمەوە و بیدەمە دادگا.”

“ئەدلە، شازدە ساڵم، خەڵکی دۆدۆمام. خوێندکاری ناوەندیم، پۆلی دوو. دەمەوێت ببمە پارێزەر هەتا داکۆکی لە مافی ئەلباینۆکان بکەم و پزیشکانی جادوو بدەمە دادگا.”

“ئرێڤو، شەش ساڵم، خەڵکی گوندی دەوروبەری دارلسەلامم. نەچوومەتە خوێندنگە. دەمەوێت یاری بکەم و خواردنی خۆش بخۆم.”

نۆرەی تۆ دێت:

“ئەدیمو، شازدە ساڵانم، خەڵکی دەوروبەری دارلسەلامم، خوێندکاری ناوەندیم، پۆلی دوو، خەونم ئەوەیە ببمە ڕۆماننووس، چیرۆکی ژیانی پڕ لە ناسۆر و سەختی ئەلباینۆکان پیشانی دونیا بدەم.”

لەگەڵ کۆتایی قسەکانتدا، ئەلباینۆکانی دیکە دەستی ڕاستیان خستە سەر گوێی چەپیان و دەستیان کرد بە گۆڕانی چڕین:

ئەی دونیا، ئەی دونیا، دونیای دڵڕەق!

ئێمەش مرۆڤین لە گۆشت و خوێنین.

ڕوخسارمان وەک شیر دڵمان وەکو زێڕ

پڕ خەون و ئارەزووین، تاقانە و دەستەبژێر!

ڕێمان بدە بژین شاد و بەختەوەر.

١١

کرێکارەکان خەریکی هاڕین و لە قتوونان بوون. هاڕاوەی دەست و قاچ لە قتووی شیندا، قژ لە قتووی سووردا، پێست لە قتووی زەردا، گوێچکە لە قتووی سەوزدا، ئەندامی زاوزێ لە قتووی سپیدا. لە قیمەیان دەدا، لەبەر خۆر هەڵیان دەخست، دواتر بە ئامڕازێکی وەک دەسک و سندۆڵ دەیانکردە تۆزێکی سپی ئاماڵ زەرد. لە قتویان دەنا و بەسەر پزیشکانی جادوودا دابەشیان دەکرد، یان بە بڕی کەم، وەک ماددەی هۆشبەر بە کڕیارەکانیان دەفرۆشت. عادل سەمەد لە تەواوی تەنزانیادا، حەوت کارگەی لەم جۆرەی هەبوو، لێ ئەمەیان کە لە دەوروبەری دارلسەلام بوو، گەورەترینیان بوو.

کاتێک پۆلیسەکان، عەبدولی لە پێشیانەوە، بەسەر کارگەکەیاندا دادا، دوو کرێکار منداڵێکیان گرتبوو، یەکێکی تر بە چەقۆیەک خەریکبوو ئەندامی نێرینەی دەبڕی. منداڵەکە خۆی ڕادەپسکاند و دەیقیژاند، قاچەکانی دادەخست و شەقی دەهاوشت. هەر کە دەرگاکە لە گرێژن برا، هەریەکە بەلایەکدا قوچاندی، بەڵام دەربازبوونیان ئاستەم بوو. هەر زوو هەموویان قۆڵبەستکران.

منداڵەکە لە تاو ئازار، بە ئەندامی نیوە بڕاوەوە، بوورابۆوە. کرێکارەکانیان ڕاپێچ کرد بۆ دەرەوە، لەناکاو گوێیان لە هاوار هاواری کپکراو بوو لە ژێر بیناکەوە. دەرگای ژێرزەمینەکەیان کردەوە و ڕۆیشتنە خوار. دەیان منداڵی ئەلباینۆ، هەندێکیان دەستێک یان قاچێکیان لێ کرابۆوە؛ هەندێکیان دوو دەست یان دوو قاچ؛ هەندێکیان گوێچکەیان بڕابوو؛ کچ و کوڕێکیش لە خوێندا گەوزابوون و مێش تێیدابوون، ئەندامی زاوزێیان بڕابوو، لە سەرەمەرگدا بوون. زیندانێکی بێ ڕاخەر و سارد و پیس، لەسەر دیوارەکە بە خوێن سێ وشە نووسرابوو و وشک ببۆوە: خودا! ئەوین! هیوا!


[١]زیروزیرو: بە زمانی سەواهیلی (زمانی وڵاتی تەنزانیا) واتە خێو، یان تارمایی.

[٢]سیستەمی خوێندنی تەنزانیا: حەوت ساڵ خویندی بنەڕەتی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست پی دەکات، دواتر ٤ ساڵی ناوەندی، دوای ئەوە ٢ ساڵ ئاستی پێشکەوتوو