کوردۆلۆژی و ژنۆلۆژی

'شەهرزاد مۆجاب' پسپۆڕی توێژینەوە لەبارەی ژنانی کورد

شەهرزاد مۆجاب توێژەر، نووسەر، چالاکی سیاسی، پسپۆری لێکۆڵینەوە لەبارەی ژنان (ژنۆلۆژی)، بەرپرسی توێژینەوەی یەکسانی و سۆڵیداریتی لە زانکۆی تۆرنتۆیە.

کتێب و توێژینەوەگەلێکی جۆراوجۆری لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگ، کۆچ و توندوتیژی لەسەر پەروەردە و فێربوونی ژنان؛ زایەند(جێندەر)، دەوڵەت و ڕوانگەی فێمینیستی لە فێرکاری چاپ و بڵاوبوونەتەوە، کە هەندێکیان وەگێڕدراونەتەوە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی، ئەڵمانی، فەڕەنسی و سوێدی.

بەشێک لە کارەکانی دکتۆر مۆجاب بریتین لە: (فێربوونی شۆڕشگێڕانە؛ مارکسیزم، فێمینیزم و زانست) ٢٠١٧، (فێربوون لە مارکس: ڕەچەڵەک، زایەند و فێربوون) بە هاوکاری سارا کارپنتر ٢٠١٢، ( ژنان، جەنگ، توندوتیژی و فێربوون) ٢٠١٠.

لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی کارەکانی ناوبراو. بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکانیەتی بە شێوە جیاوازەکانی هونەر.

دکتۆر مۆجاب کە لە توێژەرە دەگمەنەکانی غەیر کوردی بواری توێژینەوەیە لەبارەی کوردستان و تاقە ژنی ئەکادیمییە کە سێ دەیەی ڕابردوو بە شێوەیەکی فراوان و قووڵ توێژینەوەی لەسەر مەسەلە پێوەندیدارەکان بە ژنانی کوردستان لە ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا و دیاسپۆرا ئەنجام داوە. لە بەرهەمەکانی لەم بوارەدا کتێبی “ژنانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت: کوردەکان“ە (٢٠٠١)، کە تا ئێستا تەنیا کتێبێکە کە بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی ژیان و تێکۆشانەکانی ژنانی کورد لە سونگەی مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگە، کولتوور، زمان، ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ناوبراو هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی “ئەنستیتۆی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ژنانی کورد”ە کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە وەڵامی پێویستی زۆر بە کردنەوەی دۆخێک بۆ توێژینەوە لەسەر ژنانی کورد لە بوارە نێودەوڵەتییەکانی مافی ژنان و بەرزکردنەوەی هاوسەنگی زایەند(جێندەر)ی لە کۆمەڵگە کوردییەکان، لە دیاسپۆرا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا.

ئەم دامەزراوەیە ئەمساڵ پاش دابڕانێکی کورت دیسان بە ناوی (ئەنستیتۆی توێژینەوە لەسەر ژنانی کورد) چالاکی خۆی دەست پێ کردەوە.

مۆجاب ئێدیتۆری کۆمەڵە کتێبی (گەلی کورد، مێژوو و سیاسەت)ی چاپەمەنی (پیتەر لینگ) لە ئەستۆ بووە و سەرقاڵی بەرنامەدانانە بۆ وەرگرتنی وانەیەکی نوێ لە ژێر ناوی (ژنانی کورد: مێژوو، بەرەنگاری و کولتوور) لە زانکۆی تۆرنتۆ.

“ژنانی کوردستان، خوێندنەوەیەکی مێژوویی و کتێبناسی” ناونیشانی کتێبێکە کە مۆجاب بە هاوکاری هاوسەرەکەی (دکتۆر ئەمیر حەسەن پوور) بیست ساڵ لەمەوبەر دەستیان کردووە بە نووسینی و ئێستا لە چاپخانەدایە.

لەگەڵ دکتۆرمۆجاب لەبارەی ڕۆڵی ئەو لە بەرهەمهێنانی زانین لەبارەی ژنانی کورد، ناوەڕۆکی پڕۆژەکانی پێشتر و داهاتووی خۆی و هەروەها بۆچوونەکانی لەبارەی کێشەکانی ئێستای توێژینەوە لەبارەی ژنانی کورد ئەم گفتوگۆیەمان کرد.

شەهرزاد مۆجاب (١٩٥٤- …) توێژەر و ئەکادیمیستی بواری کوردناسی و ژانانی کورد

*ئێوە بیست ساڵ لەمەوبەر کتێبی (ژنانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەوت، کوردەکان)ت بڵاو کردووەتەوە و لە ئێستادا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی خۆت لەم بارەیە لە چەند بەستێنێکی هاوشان بە شێوەیەکی فراوان و قوول و داهێنەرانە درێژە پێ دەدەی. بەردەوامی و درێژەدان بەم ڕێگەیە چۆن بەیان دەکەی؟ و پێوەندیت لەگەڵ کوردستان و ژنانی کورد لە پانتایی بەرهەمهێنانی زانین و مەعریفە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

مۆجاب: بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە شەخسی و تایبەتە و بەشەکەی تریشی سیاسییە. بەشە شەخسی، کەسییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زانکۆ و ئەو کاتەی لە زانکۆدا چالاکی سیاسی بووم، لە کۆنفیدراسۆنی زانکۆ لە ساڵی ١٩٧٠ و لەوێ لەگەڵ (ئەمیر حەسەن پوور) ئاشنا بووم و لە لایەن ئەمیرەوە بۆچونی مارکسیزمی و بزووتنەوەی سیاسی کوردستانم ناسی و هەر لەو سەرەتایانەدا ئاگاداری پێگەی خۆم وەک ژنێکی فارس بووم، ڕووبەڕووبوونەوەی ژنێک کە بە بیرکردنەوەی ناسیۆنالیستی ئێرانیی سەبارەت بە نەتەوەکانی تری ئێران دەبێتەوە. بیرکردنەوەی سەروەری نەتەوەیی، کولتووری و زمانی من، ڕەگ و ڕیشەی لە کولتووری شۆڤینیستی فارسیانەی من و شێوازی باوی پەروەردەی سەردەمی دەسەڵاتداری پەهلەویدا هەبوو.

پاش چەند ساڵ لە دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨ من و ئەمیر وەک زۆربەی خوێندکارەکانی کۆنفیدراسیۆن گەڕاینەوە ئێران و، ئەوەش بواری زیاتری ئاشناییم بە پرسەکانی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە بۆ ڕەخساندم، بە تایبەت پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ئەو تێکۆشانەی لە سەرەتای شۆڕشێ ئێران لە کوردستان لە ئارادا بوون. ئەوە دەزانین کە کوردەکان و لە ڕاستیدا هەموو نەتەوە کەمینەکانی دیکەی ئێران لەو گرووپانە بوون کە لە پاش ژنان، بەر ئامانجی سەرکوت و هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامی ئێران کەوتن. من لە پاش ئاگربەست لەنێوان ڕژیمی ئێران و هێزەکانی بەرخۆدانی کورد لە ساڵی ١٩٧٨چوومە کوردستان تا ساڵی ١٩٧٩ لەوێ ماومەوە.

یەکەمین سەفەرم بوو بۆ کوردستان، بەڵام ئەم سەفەرە بۆ من دەستپێکی ڕێگایەکی بێ گەڕانەوە بوو بۆ ناو ژیان و ئاوات و ئارەزووەکان، مێژوو و کولتووری خەڵکی کوردستان.

ئەمە یەکەمین سەفەرم بوو بۆ کوردستان، بەڵام هەر وەک لە شوێنی تریش نووسیومە، ئەم سەفەرە بۆ من دەستپێکی ڕێگایەکی بێ گەڕانەوە بوو بۆ ناو ژیان و ئاوات و ئارەزووەکان، مێژوو و کولتووری خەڵکی کوردستان. فێری زمانی کوردی(سۆرانی) بووم و سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی فارسیانەی خۆم، ئاگاییم پەیدا کرد و هەوڵمدا بە سەریدا زاڵ بم. لەلایەکی ترەوە، شارەزا بوون لەگەڵ مارکسیزم و فێمینیزم و هوشیاری سەبارەت بە نابەرابەری و نایەکسانی نەتەوەیی، وردە وردە بەشێک لە ژیانی سیاسی و زانستی منی پێکهێنا. پاشان کەڵکم لە ئیماکاناتی ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەییەی خۆم وەرگرت هەتا پرسی کەمینەبوونی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە شێوەیەکی فراوان و میتۆدیانە و زانستی- توێژینەوەیی بخەمەڕوو. دەبێ ئەوەش بڵێم کە بە داخەوە ڕەنگە من تەنیا ژنی ئەکادیمی و توێژەری فارس بم کە بەو شێوازە ڕێکخراوە و بەردەوامە کار لەسەر دۆزی کوردەکان و نەتەوە کەمینەکانی دیکە دەکەم. جگە لەوەش لە ڕێگە کوردەکانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی فراوان لەگەڵ پرس و دۆزەکانی کوردەکانی سێ پارچەکەی تر تورکیا(باکوور)، سوریا(ڕۆژئاوا)، عێراق(باشوور) ئاشنام و کارم لەسەریان کردووە.

*باسی چالاکییەکانتان لە بواری بەرهەمهێنانی زانین و زانست و بەرپرسیاریەتیتان لەم پرۆژانەدا و ئەو کتێبەتان کە لە ژێر چاپ دایە و هەروەها خولی فێرکاری زانکۆی تورنتۆ و ئێدیتۆری زنجیرە توێژینەوەیەک لەبارەی کوردەکان بکەن.  خاڵی هاوبەشی ئەمانە و لە هەمووی گرنگتر پاڵنەر و ئامانجتان چییە؟

مۆجاب: هەموو ئەمانە پێوەندیان بە یەکترەوە هەیە و دەنا توێژینەوە لە چۆنییەتی پێوەندی و کاریگەری ئەم بوارانە لەسەر یەکتر جێی سەرنجە. من لە چەند بواری بەرهەمهێنانی مەعریفەدا سەرقاڵم کە پێکهاتوون لە نووسین و کۆکردنەوە، ڕێکخستن و گەڵاڵەکردنیی خولی فێرکاری زانکۆیی، ئێدیتۆری، سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی زنجیرە گوتاردان و هتد. پێوەندی ئەمانە لەوەدایە کە هەموویان بە گشتی جۆرێک لە زانست و زانین لە بوارەکانی مێژوو، کولتوور، زمانزانی، ئەدەبیات، ڕۆڵەکانی ڕەگەزی و زایەندی کوردستان و ژنانی کورد باس و لێکۆڵینەوە دەکات. دەتوانین سوود لەم زانست و زانینەش وەربگیرێ بۆ وانەبێژی و دەرفەتەکە برەخسێنرێ بۆ جێبەجێ کردنی توێژینەوەی زیاتر و، یاریدەی فراوانکردنی زانست لەم بوارانەدا بکات.
لەبارەی کتێبی (ژنانی کوردستان: خوێندنەوەیەکی مێژوویی و کتێبناسی) دەبێ بڵێم کە من و ئەمیر حۆسین پوور بیست ساڵ لەمەوبەر دەستمان کرد بە نووسینی کتێبەکە. ئەم کتێبە یەک سەدە خویندنەوە و توێژنینەوە لەبارەی ژنانی کورد بە سێ زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی لە خۆی دەگڕێت. واتا کۆمەڵەیەکی نێوبواری(ئینتێردیسیپلێنێری) چەند زمانەیە کە بەرهەمە بڵاوکراوەکانی یەک سەدەی ڕابردوو کۆکراوەتەوە و بە شێوەی بابەتی شی کردوەتەوە. ئەم کتێبە دابەش دەبێتە سەر دوو بەش، بەشی یەکەم تەرخانکراوە بۆهەڵسەنگاندنێکی مێژوویی هەمەلایەنە و یەکپارچەی هەڵکەوتەی جۆگرافیایی و سیاسی ژنانی کورد. بەشی دووەم پێداچوونەوەی هەموو ئەو سەرچاوە و ئەو بابەتانەیە کە بە سێ زمانی باسکراو پۆلین کراوە و بە شێوەی واژە سەرەکییەکان ڕوونکراوەتەوە. پیداچوونەوەیەکی خێرای ئەم بابەتە پۆلین کراوانە ئەوە دەردەخات کە لەبارەی سەرکوت کردنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان لە هەر چوار پارچەی کوردستان کاری زۆری ئەنجامدراوە کە بەڵگە و ڕاپۆرتی زۆر هەیە لەم بارەیەوە. لە هەمان کاتدا ئەم کتێبە خۆی بەڵگەیەکە بۆ ئەو ڕاستییە کە لەبارەی ژنانی کورد سەرچاوەی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی زانست لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت پێوەندی ڕەگەزی و زایەندی، ئەخلاق، مێژوو، ئەدەبیات و فۆلکلۆر هەیە. دەکرێ بڵێین کە ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ڕوونکردنەوەی جیددی بە ژیان و خەباتی ژنانی کوردە و، ئیتر کەس ناتوانێت بانگەشە ئەوە بکات لەبەر نەبوونی سەرچاوە نەیتوانیوە لەبارەی ژنانی کوردەوە لێکۆڵینەوە بکات.

لەبارەی خولی فێرکاری زانکۆی تورێنتۆ، ئەم ڕوونکردنەوەیە بە پێویست دەزانم کە زانکۆی تۆرنتۆ بایەخ دادەنێ بۆ درێژەدانی کاری زانستی ئەمیر حەسەن پوور و ڕۆڵی ئەو وەک یەکێک لە گرنگترین توێژەرەکانی مارکسیستی کۆردۆلۆژی. ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی درێژەدانی شێوەی زانستی ئەمیر، ئەم زانکۆیە لە دێپارتمانی (شارستانییەتەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست) بۆ یەکەم جار لە ئەمریکای باکوور، یەکەی وانەیی هاوینەی لەبارەی زمان و کولتووری کوردی پیشکەش کرد کە پێشوازی زۆری لێکرا و خوێندکاری زۆر لە هەموو جیهان بەشداریان تێدا کرد. مامۆستای ئەم وانەیە دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لەزانکۆی کارلتۆن ئۆنتاریۆ بوو. ئەمساڵ لە درێژەی ئەم ڕێگە و چالاکییەدا، زانکۆی تۆرنتۆ یەکەی وانەیەکی هاوینەی نوێ لە مانگی ئایار پێشکەش دەکات. ئەمە یەکەم خولی فێرکاری و پەروەردەییە لە دونیادا کە بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی ژنانی کورد پێشکەش دەکرێ و من پرۆگرامەکەیم ڕێکخستووە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەم خولە فێرکاریانە لە ڕوویەکەوە ئەنجامی پێزانین و ڕێزدانانە بە کەلەپوورە زانستییەکانی ئەمیر و لە ڕوویەکی ترەوە بەرهەمی هەوڵەکانی منە بۆ پاراستن و درێژەدانی ئەم کەلەپوور و رێنماییەیە بەرەو ئاراستەیەک کە لە  خزمەت و گەشەکردنی کوردۆلۆژی بێت.

ئەمەش لەبارەی زنجیرە کتێبە چاپکراوەکانی چاپەمەنی پیتەر لینگ لە ژێر ناونیشانی (گەلی کورد، مێژوو و سیاسەت) ڕاستە. هەوڵی من بەرەو فراوان کردنی بوارەکانی زانین لە توێژینەوەکانی کوردستان و ژنانی کوردە. دەبی ئەوەش بڵێم کە ئەم توێژینەوانە هەم بەرهەمی زانینی نوێیە و هەم رێخۆشکەری لێکۆلینەوەکانی داهاتووە.

تێکۆشانەکانی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخی زۆری هەیە  و ڕەهەندەگەلی جیاواز لە خۆی دەگرێ. ئەم توێژینەوە و سەرچاوانە، لایەن و ڕووی جیاوازی تێکۆشانە سیاسیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخەنە ڕوو: ڕۆڵی دەوڵەتەکان لە سەرکوتی نەتەوەکانی ناوچەکە پیشان دەدات و سەرنجمان رادەکێشیت بەرەو سیستەمەکانی زمانکوژی و کولتوورکوژی. ئەم توێژینەوانە ئاڵۆزی پرسەکانی ژنان، کە سەرکوتە ئابووری، ئایینی، نەتەوەیی و ڕەگەزیانەی تیایە، دەخاتە ڕوو. بێگومان پەرەسەندنی توێی سەرکوتی سیاسی و تێکۆشانەکانی ژنان دژی ئەوان، چ بە شێوازی چەکداری و چ بە شێوازی مەدەنیانە، وانەی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان تیایە. ئەم خەباتانە لە چێوە جیاوازەکانی دیکەی وەک، نووسسینی بیرەوەری، شیعر، ئەدەبیات. فۆلکلۆر، هونەرە جوانەکان(شێوەکاری، پەیکەرسازی، سیرامیک و …) و فیلم جیبەجێ دەکرێت. هەموو ئەمانە هەن بەڵام لەبەر ئەوەی لێیان بێ ئاگاین بۆیە نایەنە ناو زانین و زانستی ئێمەوە.

*ئایا دەتوانین بڵێین کە سەرچاوە بەرهەمهێنەراوەکانی ئێوە، میتۆدێکی جیاواز بۆ ڕەنگدانەوەی دەنگی ژنانی کورد پیشکەش دەکات، یان گۆڕانکاری لە ڕوانگە باوەکانی توێژینەوە لەسەر ژنانی کورد دروست دەکات؟

مۆجاب: لە ڕوانگەی زاڵ، جۆرێک لە دیدی (ئێگزۆتیک) لەسەر ژنانی کورد هەیە، بەو شێوەیە کە لەبەر ئەوەی ژنانی کورد عەبا و ڕووپۆشی ئیسلامیان نییە و سیکۆلارترن یان لەبەر ئەوەی بۆ نموونە هەڵپەرکەکانیان بەکۆمەڵە، وا لێکدەدرێتەوە کە ئازادی سێکشواڵ و ئازادی ژنان لە کوردستان زۆرترە، واتا جۆرێک لە گێڕانەوەی ڕۆژهەڵاتناسی یان پروپاگەندەیەک کە بنەمای نایەکسانی بەرهەمی دەسەڵاتی پیاو/باوکسالاری نابینێت. بۆیە جۆرێک لە ئەفسانە لەبارەی ژنانی کورد درووستکراوە کە ژنانی کورد لە ژنانی تورک و عەرەب و فارس کراوەتر و ئازادترن، ئەمەش ڕاستی تیانییە. پێوەندیی پیاو/باوکسالاری لە کوردستان زۆر و توندوتیژە. ئەو سەرچاوانەی ئێمە کۆمانکردوونەتەوە دەتوانرێ بۆ نیشاندانی ئەم ڕاستییە بەکار ببرێ.

هێشتا ناوچە کوردنشینەکان لە ناوچە قەدەغەکراوەکانن بۆ توێژینەوە. بەبێ مۆڵەتی دەوڵەت ناکرێ بە ئاسانی توێژینەوەی مەیدانی بکرێ.

بابەتێکی گرنگی دیکە کە دەبێ باس بکرێ بەربەستەکانی توێژینەوەیە. لەبەر سەرکوتی سیاسی، پرسی دەستڕاگەیشتن بە ژنی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان هەمیشە کێشەیەکی زانستی بووە، بۆیە توێژینەوەی مەیدانیی سەخت کردووە. لە ئەنجامدا ئەو زانینەی بە دەستمان هێناوە هەتا ئاستێک زانینێکی دەستی دوو و لێکدانەوەییە. هەرچەن ئەم بەربەستە هەتا ئاستێک کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەر ماون. هێشتا ناوچە کوردنشینەکان لە ناوچە قەدەغەکراوەکانن بۆ توێژینەوە. بەبێ مۆڵەتی دەوڵەت ناکرێ بە ئاسانی توێژینەوەی مەیدانی بکرێ. کێشەی دیکە ئەوەیە کە زۆربەی توێژەران، زانینی زمانی باشیان نییە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بتەوێ بە تایبەت لەبارەی ژنانەوە توێژینەوەی مەیدانی بکەن، حەتمەن پێویستان بە زانینی زمانی کوردی دەبێت. زانینی زمانی کوردی جۆرێک پێویستییە.

هەروەها دەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی دیاسپۆرا بکەم، کە  ناتوانین حاشا لە پێوەندی نێوان دیاسپۆرا و وڵاتی دایک بکەین. ئەمڕۆ دەبینین کە ژنانی توێژەری کوردی زۆر لە زانکۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا سەرقاڵی توێژینەوەی زۆر نوێگەرانە و و گرنگن. ئەوان سەرکوت کردن و توندوتیژیان بینیوە و زۆرینەیان لەبەر جەنگ و سەرکوتی سیاسی ئاوارە بوون، بەڵام بەردەوام نیگەرانی دۆزی زێدی خۆیانن.

*کاتێک دەڵێین کوردستان یان ژنانی کورد، باس لە چ شتێک دەکەین؟ ئایا ئاماژەیە بۆ پێکهاتەیەکی تایبەتە؟

مۆجاب: بێ شک ناکرێ باسی کوردستان یان ژنی کورد وەک کۆمەڵەیەک یان کۆمەڵەیەکی هاوچەشن بکرێ. لە ڕووی جیۆپۆلەتیک، مەبەستی ئێمە لە ژنانی کورد، ئەندامانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە کە لە زێدی بابوباپێرانیان “کوردستان” دەژین، زێدێک کە لە ساڵی ١٩١٨ لەنێوان چوار وڵاتی دراوسێ واتا ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا دابەش بووە. هەڵبەت ئەوە کۆمەڵە بچووک و گەورەی پرژوبڵاوەی لە دونیا -کوردانی دیاسپۆرا، تاراوگەش- لە خۆ دەگرێت. مەزەندە دەکرێ ژمارەی کوردەکان زیاتر لە سی مێلیون کەس بێت واتا یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بی دەوڵەتەکان و چوارەمین نەتەوەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە پاش تورک، عەرەب فارسەکان.

سەرەکیترین کێشەی هاوبەشی نێوان کوردەکانی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکوتی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانە کە وەک نەتەوەیەک لە بەرانبەریان دەکرێ، سەرکوتی زمانی و سەرکوتی کولتوورییە،

بە گشتی کاتێک باسی ژنی کورد دەکەین دەبێ ئاگاداری ئەوە بین کە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان بارودۆخەکانیان لە ناوچە جیاوازەکاندا هەیە، جیاوازی گەلێکی سەرچاوەگرتوو لە فاکتەرگەلێکی جۆراوجۆ وەک: دەوڵەتی ناوەندی، کولتووری ناوەندی [پایتەخت] و فێمێنیزمی ناوەندی [پایتەخت]. بۆیە ناتوانین بەبێ ناوهێنانی ناوچەیەک کە تیایدا دەژین، باسی ژنی کورد بکەین. ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی (حکومەتی سەرکوتگەری ئەردۆغان، یان بەشار ئەسەد، کۆماری ئیسلامی، یان تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان)بە هۆکارە ئاڵۆزە زۆرەکان لەگەڵ یەکتر جیاوازن. بەڵام ڕەنگە بتوانین بڵێین کە سەرەکیترین کێشەی هاوبەشی نێوان کوردەکانی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکوتی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانە کە وەک نەتەوەیەک لە بەرانبەریان دەکرێ، سەرکوتی زمانی و سەرکوتی کولتوورییە، هەڵبەت ڕێژەی توندی ئەم سەرکوت کردنە لە هەموو ناوچەکان وەک یەک نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە، هەموو ناوچە کوردییەکان کۆمەڵگەگەلێکی چینایەتین کە جیاوازی لەنێوان شارنشینی و پەراوێزنشینی هەیە. کوردستانی ئێران کۆمەڵگەیەکە وەک بەشەکانی دیکەی ئێران لەم ٤٢ ساڵەی ڕابردوو شایەتی گەشەی توێژێک لە ژنانی رۆشنبیر بە بڕوانامەی بەرز و بەشداری چالاکانەی ژنان لە بوارە مەدەنییەکان و ئەکادیمیا بووە. لە ئەنجامدا، ژنانی کورد دیاردەیەکی وەک یەک نین و جیاوازی چینایەتی و زایەندی و خوێندەواری و جۆگرافیاییان تێدایە، بەڵام خاڵی هاوبەشیان ستراکتۆری پیاو/باوکسالاری-  نەتەوەپەرەستی-ئایینی- سەرمایەدارییە.

blank
ئەمیر حەسەن پوور (١٩٤٣-٢٠١٧) توێژەر و بیرمەندی مارکسیستی کورد

*دینامیسمی نێوان نەتەوەپەرەستی و بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان چۆن لە یەک جیا دەکەنەوە؟

مۆجاب: لەم بارەیەوە باس و مشتومڕی زۆری ئەنجامدراوە و هەمیشە جۆرێک لە پارادۆکس لەنێوان ناسیۆنالیزم و فێمینیزمدا هەبووە. پرسیارەکانی وەکوو؛ ئایا ناسیۆنالیزم یاریدەیە بۆ تێگەیشتنی فێمینیزمی لە کێشەی پیاو/باوکسالاریی نەتەوەیی، یان بەربەستێکە لەسەر ڕێگەی، هەمیشە جێی باس بووە. ئەوە پارادۆکسێکی گرنگە کە بە شێوەگەلی جیاواز دەیبینین. ئەم ڕاستییە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتی نەتەوەیی، ژنان ڕەنگە چاوپۆشی لە سەرکوتی پیاو/باوکسالاری بکەن یان تا ئازادی نەتەوەیی ئەوە دوا بخەن، حاشاهەڵنەگرە بەڵام لە وەرچەرخاندایە. بە بۆچوونی من، ژنان سەرقاڵی مەسەلەی پیاو/باوکسالاری، کێشەکانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان و کوشتن لە پێناو شەرەف دەبن و لە دژی ڕادەوەستن. دەتوانین ئەم پرسە لە چوارچێوەی چالاکی و گرووپی ژنان لە کوردستانی ئێران ببینین. بێ هۆ نییە کە زۆربەی ژنی کورد لە زیندان دان لەبەر ئەوەیە کە سەرقاڵی چالاکی مەدەنین و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش سەبارەت بە چالاکی کوردەکان هەستیارە. بە گشتی بە بۆچوونی من تێڕامان و قووڵبوونەوە و خستنە ژێر پرسیاری وتەزاکانی وەک ئەوەی کە تێگەیشتنی ئێمە لە ناسیۆنالیزمی کورد یان پێوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و فێمینیزم یان پێوەندی نێوان چالاکییەکانی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی فارس، بابەتگەلێکی زەروور و زۆر گرنگە کە بەداخەوە لە بابەتەکانی فراوانتری فێمینیستەکانی نەتەوەی دەسەڵاتدار نییە یان زۆر کەمە. بۆیە ڕەنگە بتوانین بڵێین کە تایبەتمەندییەکی هاوبەش لە بزووتنەوەی ژنانی کورد، بە هەندوەرنەگرتنیانە لە لایەن ناسیۆنالیستەکان و ڕۆشنبیران و فێمینیستە غەیرە کوردەکانی هەر ناوچەیەک و هەروەها لە لایەن دەوڵەتە ناوەندییەکان و فێمینیستە رۆژئاواییەکانە. من زۆرجار وتومە کە هاودەنگی لەگەل خەباتی ژنانی کورد و باس کردنیان وەک (کێشە) سەرچاوە ناگرێ، بەڵکو دەبێ بپرسین کە ژیانی ژنانی کورد لە ژێر سەرکوتی دەوڵەتە ناوەندییەکان، جەنگ، ئاوارە بوون، جینۆساید، پێوەندی تووناتوونی نەریتی- ئایینی دژە ژن، هەژاری ئابووری کە سەرچاوەکەی ئابووری سەرمایەدارییە، چ وانەیەکمان فێر دەکات.

کام زانست و چ میتۆدێکی هزری و پراکتیکی دەتوانێت ئەو هەموو ئاڵۆزییە ببینێت و پرۆژەیەکی ڕزگاریخواز بخاتەڕوو. بە بۆچوونی من بەشداری بوێرانەی فیکری و سیاسی ژنانی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ستراکتۆرانەی کە باسم کرد زۆر پێویستە. ئەم کارە پێویستی بە زانین و کاری شۆڕشگێرانە هەیە تاوەکو بتوانین سۆڵیداریتییەک لەسەر بنەمای سڕینەوەی توندوتیژی نەتەوەیی، زایەندی و چەوسانەوەی چینایەتی بنیات بنرێ.

*ئەم هەڤپەیڤینە لەلایەن “ئەفسانە هۆژبری” بە فارسی ساز دراوە