لەبارەی نارسیسیزمەوە
وتاری تاسەباری و شیوەنگێڕیی (مێلانکۆلی)ی فرۆید کە ساڵی ١٩١٧ نووسراوە، تایبەتە بە شوناس و دۆخی ئەو مرۆڤەی کە تاسەبارە و کەسێکی لێ ڕۆیشتووە و لە ژیانیدا نەماوە. دەتوانین بڵێین فرۆید لەبارەی تاسەبارییەوە دەڵێت: تاسەباریی واتە بوونی مرۆڤێک لە دۆخێکدا کە تیایدا ئەوی تر بە ڕادەیەکی زۆر وەک کەسێکی تر، قبوڵکراوە و دانی پێدادەنرێت، لە کاتێکدا شیوەنگێڕیی مێلانکۆلی واتە شتێک لە پرسە و تاسەبارییەکە دەبێتە دۆخێکی ئەبەدی و هەتاهەتایی کە ناهێڵێت بۆ هەتاهەتایە کۆتایی پێ بێت و تەواو ببێت، دۆخێک کە تیایدا ئەوی تر، وەک کەسێکی تر قبوڵ ناکرێت. کە ئەمەیش مانای وایە کەسە شیوەنگێڕەکە دەستەپاچە و بێتوانایە لەوەی کە پرسە و شیوەنەکەی بگێڕێت.
لەم جۆرە کتێبە سرووشبەخشانەی دەروونشیکاریدا زۆر ئاسایی ئاماژە بە هەندێک دیاردە دەکرێت دەربارەی کەسێک دەسەڵاتی بەسەر ئەو نارسیسیزمەدا نییە کە دەشێت هەیبێت و جڵەوی بکات تاوەکو سوودی لێ ببینێت. یەکێک لەو شتانە خودی پرسە و تاسەبارییەکەیە، یەکێکی تریان توانای هەستکردنە بە گوناه و پەشیمانی و سێهەمیشیان بوونی توانای هەستکردن بە سوپاسگوزاریی!
کەواتە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت پرسیاری ڕەخنەیی لە خودی خۆی بکات، ئەوا ئەگەرێک هەیە بۆ گۆڕانکاریی. گەر مرۆڤ توانی بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕەخنەی ئەوی تر بکات، ڕەخنەی کەمتەرخەمیی ئەوی تر بکات، ئەوا بەپێی شارەزایی من تەواو قورس دەبێت بۆی کە بتوانێت ژیانی خۆی بگۆڕێت. هەر لەبەر ئەمەیشە کە من زۆر جەخت دەکەمە سەر ئەوەی کە گەر بکرێت شتێک لە نارسیسیزم بکەیت، پەیوەستی ئەم پرسیارەیە، پرسیاری ئەوەی کە مرۆڤ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازارچێشتن و خەمخواردندا دەکات و چۆن بیر لە بەشداریکردنی خۆی دەکاتەوە، واتە ئەگەر و توانای زاڵبوون بەسەر شیوەندا بە زۆری تایبەتە بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵەوە: مەبەستم لە چۆنێتی مامەڵەکردنی خەمخواردن و تاسەبارییە.
لە نارسیسیزمدا، کرانەوە، بوێریی لەوەی کە پرسیارێکی نوێ لە خۆت بکەیت، زانینی تازە وەربگریت، ڕەخنەی شتێک لە بەشداربوون و گێڕانەوەکانت بکەیت، هەموو ئەمانە دژ بە چاکبوونەوە و ساڕێژبوونن.
نارسیسیزم و چارەسەرکردن
فرۆید چەمکێکی هەیە کە دەکرێت بڕێک ئازادانەتر وەربگێڕدرێت، من خۆم ڕام وایە کە وا باشترە کەمێک ئازادانەتر فرۆید وەربگێڕدرێت. چەمکی (ئەبڵەقبوون یا چاوتێبڕین) واتای ئەوەی کە نەتوانیت لە یەک کاتدا بیر لە چەندین شت بکەیتەوە، بە لاتەوە قورس بێت زانینی نوێ بەدەستبهێنیت و دید و ڕوانگەی خۆت بکەیتەوە. هەر بۆیە من پێم وایە کە نارسیسیزم بە تایبەتی کە دەزانم لەناو چارەسەری دەروونیدا وایە، مانای ئەوەیە کە هەندێک نەخۆش هەن ناتوانن ئەوەندە کراوە بن کە بتوانن تێ بگەن، بەڵکو گێڕانەوەیەکیان هەیە کە نەیانتوانیوە چەندەها جار نەیگێڕنەوە. بەو مانایەی کە ئەوەی ئەوان دەیگێڕنەوە ناکۆک نییە بە گوێچکەی ئەوی تر، گوێچکەی ئەوی تریش داهێنەرانە کاریگەر نەبووە بەوەی کە بیستوویەتی. هەر بۆیە پێم وایە ئەوەی کە ناچاربیت دەرمان وەربگریت یا نەخۆشنووس بکرێیت، هیچ نین جگە لە بوونی چەندەها مەرجی تر کە هەر هەموویان ئاماژەن بە بوونی نارسیسیزمێک.
دەتوانین بڵێین کە لە چارەسەری دەروونیدا دەبێت مرۆڤ بتوانێت کەلێنێک بکاتەوە و پوازێک لێ بدات کە بۆ خۆی دەبێتە مایەی کردنەوەی شتێکی تازە و کردنی پرسیارێکی نوێ. هەندێک کەس دەتوانن شتگەلێک بڵێن کە هەرگیز چاوەڕوان ناکەیت مرۆڤ باسیان بکات، هەر بۆیە لە پڕێکدا تووشت دەبێت بە تووشی شتێکەوە کە تووشی سەرسوڕمان و تێڕامانت دەکات، ئەمەیش ئەو شتەیە کە من پێم وایە دەبێتە مایەی کردنەوەی شتێکی تازە لە دەروونشیکاریدا.
لەپشتی شیوەنگێڕییەوە، لانیکەم توانایەک هەیە بۆ شینگێڕان، لە پشتی شەڕانگێزیی وێرانکارانەیشەوە، ئارەزوویەک هەیە تا بە شێوەیەکی تر خۆی پێوە ببەستێتەوە. خۆی پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا من لەگەڵ نەخۆش یا کەسی شیکارکراودا توانای ئەوەم هەیە کە بتوانم وا لە نەخۆشەکە بکەم ئەو شتانە بەدەست بخات کە بە شێوەیەکی کاتی لە ئێستادا ناتوانێت دەستی بکەون؟ بێگومان ئەمە ئەرک و ئیشی چارەسەرکاری دەروونی نییە. من بە ڕۆحێکی فرۆیدییەوە دەڵێم کە هەرگیز نەمویستووە وا خۆم دەربخەم کە خۆم دەتوانم لەسەر ئاستێکی گشتی ئەو توانایەم هەبێت (توانای بەخشینی شتێک بە نەخۆش کە خۆی لە ئێستادا نیەتی). من خۆم بڕوا ناکەم کاتێک لەگەڵ مرۆڤێکدا دادەنیشیت کە بەلایەوە قورسە گوێ بگرێت و ناتوانێت شتێکت پێبداتەوە، بڕواناکەم هیچ چارەسەرکارێکی دەروونی هەبێت تەنانەت دوای زنجیرەیەک بینین و دانیشتنیش، بتوانێت ئەو نەخۆشە چارەسەر بکات. لە بەرامبەریشدا دەڵێم کە ڕەنگە تاقە دەروونشیکارێکی هەستیار بتوانێت لە هەموو مێژووی چارەسەرکردنی خۆیدا، یەک یا دوو سێ نەخۆشی هەبووبێت، توانیبێتی ئەوە بکات، لێ لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ئەم یان ئەو، ئەو شارەزاییەشیان هەبووبێت، هەر نەیانتوانیوە! بە ڕاستی نایشزانین کە بۆ لە دۆخێکدا چارەسەر دەکرێت و لە دۆخێکی تردا ناکرێت. ئێمە ڕەنگە بتوانین بە شێوەیەکی وەسفییانە شتێک ببەخشین و بدەین، بەڵام ئەو شتە ناگشتێنرێت و هۆکاری گرفتەکە نییە.
جەختلێکردنەوە و نارسیسیزم
ئەو خۆشەویستییەی پەیوەستە بە مرۆڤێکەوە تا دان بەو شتانەیدا بنرێت کە کردوونی، هەروەها بەندە بە پێویستی ئەو بە جۆرێک لە جەختلێکردنەوە و ناسینەوەی، کەسێک کە ڕەنجێک دەدات کە دەبێت بە شتێک، هەروەها کەسێک هەیە کە دەزانێت و دەیبینێت ئەو کەسە ڕەنجێکی داوە. هەر بۆیە من باوەڕم وایە کە ئەگەر هاتوو بەبێ ناسینەوە و دانپێدانانی ئەو ڕەنجەی کە داوتە، بژیت، ئەوا مۆرکی کەسایەتیەکی دڕندە، بێبەزەیی و نامرۆڤانە وەردەگریت. بەڵام با ئەوەیش بزانین کە کە ئەمڕۆ زۆر ئاساییە چەندەها مرۆڤ ببینیت کە بەبێ ئەوەی هیچیان کردبێت یا هیچ رەنجێکیان دابێت، دەیانەوێت ببینرێن و دانیان پێدابنرێت، واتە جەخت لە بوونیان بکەیتەوە. مەبەستم بوونی حەز و خولیای مرۆڤێکە بۆ خۆشەویستی، دانپێدانان و جەختلێکردنەوە بەبێ ئەوەی خۆی هەر هیچ شتێکی کردبێت کە ئەوەیش دەبێتە ڕەوش و رەفتارێکی تری بونیادییانە، لە کاتێکدا خەڵکیش هەیە هەرگیز دانی پێدا نەنراوە، ئەگەرچی هەوڵیداوە شتێک ببەخشێت، شتێک بکات یا ڕەنجێک بدات، ئیدی لەم دۆخەدا هیچ نابینیت جگە لە وێرانەخاکێک، گەر بتوانین ئاماژەیەک بە تۆماس ستێرن ئێلیوت بدەین.
دیارە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیش هەیە لەنێوان ئەوەی کە دیارییەک ببەخشیت و نێوانی ئەوەیشی کە شتێک وەربگریتەوە.
بەکورتی، ئەوەی کە نارسیسیزمێکی ئاسایی و نۆرماڵ دادەڕێژێت، تەنها ئاڵوگۆڕی نێوان بەخشینی شتێکە بە ئەوی تر و وەرگرتنەوەی شتێکە لە ئەو.