ئالزایمێری سپی

 ۱

ئەوکاتەی وڵات بۆ ساتێک کپ و بێدەنگ بوو، هاژەیەک لە ئاسمان پەیدا بوو. یانی دوای بیستنی هەواڵەکە وا دیار بوو دەنگێکی وا بە گوێی زۆر کەسدا هاتووە. لەبەر ئەوەی کەس فڕۆکەی نەدیتبوو، فکریشیان بۆلای بۆردمان و شتی وا نەچووبوو، ئاخە شەڕیش نەبوو تا بۆچوونەکان واوە بچێ.

ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە سووکە سڵاوێکی کرد، ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات سڵاوەکەی سەندەوە و لێی پرسی: چی بوو؟

دوایەش بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی: ڕاست بوو؟

ئەویش بە حاستەمێک وەڵامی داوە: ئەرێ

سفرە ڕاخرابوو، ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە چاوێکی لە سفرە و خوانەکە کرد و دوابەدوای چوونە دەرێ کوتی: من نان ناخۆم.

ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات کوتی: جا ئەوە نانیشمان نەخوارد، دەبێ بەچی؟ 

۲

 هەرچەند عەینەکە دژە خۆرەکەم لێداوە، بەڵام تیشکێکی لاسار چەقیوەتە چاومەوە. عەینەکەکەم لا دەبەم و لەسەر سەرمی دادەنێم، چاوەڕێی چیم نازانم بە ڕاستی دەبێ چی گۆڕابێ؟ ئاسمان هەر ئەو ئاسمانەیە و دەڵێی قەت دەنگێکی وای لێوە نەهاتووە و هیچیشی پێدا نەڕۆێشتووە. خەڵکیش کە دەڵێی نە بایان دیتووە و نە بۆران!

 دوو باڵندە نزم دەفڕن و لێک دەهاڵێن، هەر لە جێگای خۆمەوە و لە پشت فەرمانەکەوە، عەینەکە بێ کەڵکەکەمیان بۆ فڕێ دەدەم و ئەوەی جنێو دەزانم و چەن ساڵە لەسەر دڵم بوون بە گرێ، حەواڵەیان دەکەم! 

ماشینەکانی دوامەوە هات و هاواریانە، ئەوانیش ئەوەی دەیانزانی نەیانگێڕاوە، ئاخە چراکە سەوز بووە و من هێشتا ڕاوەستاوم، پێ دەنێمە سەر گاز و دەردەپەرێم.

۳

دەڵێن کەسێک ئەو ڕووداوانەی پێشتر پێشبینی کردووە و بە وتەی ئەو کەسەی کە ئەو بە مامۆستای خۆی نێوی دێنێ، ئەوانە هەمووی نیشانەکانی ئاخرە زەمانە و ئێستاش ئێمە لە دوایین کاتەکانی زەمانداین! 

 سەعات سێی نیوەشەوە، بە ڕاستی منیش دەبێ شێت بم بەم نیوەشەوە چاو و گوێ و عەقڵی خۆم داوەتە دەست مامۆستا فڵان و مامۆستا فیسار کە فەرموویانە: لە ئاخرە زەماندا خۆر لە دوو لاوە هەڵدێ، دەنگێکی بەرز عالەم کەڕ دەکا و مێشکەکان دەتەقێنەوە…

لاپەڕەکە دادەخەم و لە دونیای ئینتەرنێت و ئەو فشقیاتە دێمە دەرێ.

وام لێهاتووە ناوێرم نێوی خوداش بێنم، ئاخە کەس نەزانێ بۆخۆم دەزانم ماوەیەکە ئەویشم لەبیر نەماوە، ئاخە بە قەولی ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات تا کەی هەر گیرمان خوارد بانگی ئەو بکەین؟ ئەوە بانگیشمان کرد دەبێ بە چی؟ 

 یا وەکوو ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە کە دەڵێ: وەڵڵا ناوێرم نێویشی بێنم، دەترسم هەر سەر هەڵێنم گوناحەکانم وەک بۆمب بڕژێن بە سەرمدا!

لەو دەمەدا ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دێ دەڵێ: ئینسان ڕادێ، لەگەڵ هەموو شتێک و هەموو کەسێک ڕادێ، تەنانەت گوناح!

٤

درگایەکی سەوزی چوارتاییم پێ نیشان دەدەن کە بەرامبەرمە، دەنگێک لە مێشمکدا دەنگ دەداتەوە کە دەڵێ: چاولێکە ئەوێ مامان و دەواودەرمانی تۆی لێیە…

ژان نێوچاوانم پێ تێک دەنێ، بەڵام هێشتا توانای خۆڕاگریم هەیە و بێدەنگ لێوم دەگەزم

ـ حاڵی نابی؟

چاو لە بنمیچەکە دەبرم، نازانم چەن هەزار ژانیان بینیوە و چەن هەزار قیژەیان گێراوەتەوە، ئارەقە بە مۆغەرەی پشتمدا دێتە خوارێ و بایەکی ساردیش نازانم لە کوێوە لێم دەهاڵێ، ددانەکانم یەک ناگرن.

ـ بیر لە منداڵەکەت بکەوە، نایەڵین بتبێ، دەخنکێ، دەمرێ…

چنگ لە دەسکی ئەو سەندەلیە دەگرم وا دەستمیان پێوەی بەستۆتەوە، شتێک بەنێو گەڵمدا دێتە خوارێ و ژێرم دەخووسێ…

ـ بزانە، ئەوە سەراوەکەشت تۆقی،  ئێستا نەتبێ، تازە لێ نابیەوە و منداڵەکەشت دەخنکێ!

دەقیژێنم، دەست دەنێن بە بەر دەممەوە و لەگەڵ هاوارەکانم شتێکیش لەنێو لنگمەوە دەردەکێشن.

لەسەر جێگاکەم قیت دەبمەوە، نازانم سەعات چەندەیە، درگای ژوورەکەم لەسەر گازەرای پشت کراوەتەوە…

نازانم ئێستا ژنانی جیهان چی دەکەن، بەڵام ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات، هەمیشە دەیگوت؛ ئێمە لەم جیهانە دابڕاوین!

  لەم دواییانەدا زیاتر لەو دەچم، تەنانەت خەونەکانیشمان لە یەک دەچن. کە خەونێک دەگێرێتەوە، بە زۆر خۆم پێ ڕادەگیرێ کە نەڵێم؛ بە خودا منیش ئەو خەونم دیتووە!

 بێدەنگ گوێی بۆ ڕادەگرم، سەیرە وەک یەکیش دەیگێرینەوە!

٥  

لۆی لەچکەکەم ڕاناوەستێ و دەترسم با لەگەڵ خۆی بیبات و بە هیچ و خۆڕایی تووشی گۆنگەڵ بم!

لە سووچی لای سەرەوەی مەیدانی فەرمانداری وەک هەمیشە چەن سەرباز و ماشینێکی بنکە ئامادەباش ڕاوەستاون و چاوەدێری ڕووداوەکانی لەم شێوەیەی من دەکەن. چاو لە هەر ژنێک دەکەم وەک خۆم دەستی بە لۆی لەچکەکەیەوە گرتووە و چاوی لەوانە! 

قەت پێم خۆش نییە باسی شتێکی ئاوا بکەم، بەڵام بۆ ئەوەی ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان بکەوێتە بەر باس و خواس، دەیگێرمەوە.

 بەهەر حاڵ چەن ساڵێک لەوە پێش بوو، ئێوارەیەکی ڕۆژی پێنج شەممە، با ئەوەش بڵێم؛ ئێرە پێنج شەممەکانی بەنێوبانگە، هەرلە چوارڕای شارەدارییەوە بیگرە هەتا کەمێک ئەولای بیمارستانی کۆن، لە سەعات پێنج و شەشی عەسرەوە تا تاریکان و دوای بانگی شێوان بە ژن و پیاو و کچ و کوڕەوە دێنە دەرێ و پێکەوە ڕێ دەپێون، ڕێپێوانێکی هێمنانە! 

بەڵێ، لە پێنج شەممەیەکی ئاوادا و لەو مابەینەدا لەگەڵ ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات، هاتبوومە دەرێ. لەناکاو و زۆر کوتوپڕ دەستێک هاتە سەر دەستی و مەچەکی گرت و کێشای! 

عەبەسرا بوو، چاوێکی لە من کرد و منیش هەروا بە پەشۆکاوی چاوێکم لە خاوەن دەستەکە کرد، لەوانە بوو کە پێیان دەڵێن بەرپرسی ‘فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگەگرتن لە خراپە!’ فریای هیچ نەکەوتم تەنیا دەستەکەی دیکەی ئەوم گرت و ڕامکێشا و هەڵاتین، بە نێو ئاپۆرەی جەماوەردا کە وەک مێلوورە تێک هاڵابوون، دەستمان کرد بە هەڵاتن.

  یەکبین هەڵ دەهاتین، تا گەیشتین بە چۆڵەوانییەک، هەردووکمان بە هەناسەبڕکێ دەستمان بە لاکەلەکە و ئەژنۆمانەوە گرت و ئاوڕمان داوە، باوەڕمان نەدەکرد، کەس بەدوامانەوە نەبوو.

دەی تەواو، لەچکەکەم توند گرتووە و لە لێژاییەک دەڕۆمە خوارێ یا لە هەزاران پێپلیکان نازانم..

لەکوێوە دەستم پێ کرد؟

ئەها، ئەو ڕۆژە ئاسمان شتێکی بەسەرهاتبوو.

لە بیرم نەبوو، ئەم بەیانییە کە هەستام پەپوولەیەکی سپی لەبەر دەمم بوو( عەیب نەبێ وامزانی لە خۆم داکەوتووە! ) ئەوەی چێشتخانە چەن ڕۆژ لەوەپێش لە هەموومانی پرسی بوو؛ ئەرێ چی پەپوولەی سپی هەڵدێنێ؟

ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە، کوتبووی: هەموو شتێک پەپوولە هەڵدێنێ، بزانە چی کەوتۆتە ژێر ئەو کابینێت و شتانە، جێگای “عەیبدار” پەپوولە هەڵدێنێ.

دوایەش قەپاڵێکی گەورەی لە سێوە لاسوورەیەکی پاییزی گرتبوو و کوتبووی: لە کتێبی علوومی سەرەتاییدا باسی کرم و پیلەی ئاورێشم و ئەوانەمان خوێندووە، ئەو بێچارانە لەبەر ئەوەی نەبنە پەپوولە بە زیندوویی لە ئاوی کوڵاتەیان هەڵدەکێشن!

بەو قسانە هەموو گیانم مێلوورە دەکا.

دوایەش پەپوولەیەکی سپی چکۆلەی پێ نیشان دام و کوتی: وا دیارە شتێک لێرە پەپوولەی هەڵێناوە! پەردەکەم لادا و پەنجەرەکەم کردەوە…

 ئەمڕۆ دەبێ هەر ئەو ڕۆژە بێ، هەموو کوتبوویان ئەو هاژەیە ئاسایی نەبووە و ئەو هێڵە سپییانەش، بابە دونیا ئاخر بوونی چی؟!

خۆ هەواڵەکانی ئەو ڕۆژەیان خوێندبۆوە، هاژەکەشیان بیست بوو ئیدی دونیا ئاخر بوونی چی؟

٦

 لە درگایەکی چوارتایی دێمە دەرێ،

 ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە سویچی ماشێنەکەی دا دەستم و کوتی؛ بڕۆ…

کوتم: بۆ کوێ؟

 کوتی: هەڵێ.

تا لای ماشێنەکە هەڵاتم، کە دیتم کەسێک لە پەنای ماشێنەکە ڕاوەستاوە خۆم کرد بە کۆڵانەکەی ئەوبەردا، وامزانی نەی دیتووم، مۆبایلێکی نابوو بە گوێچکەیەوە و ڕووی وەرگێرابوو وەک ئەوەی قسە بکات (ئای لەو زۆڵە، ئێستا دەزانم خەریکی چی بوو) هەر لە بەری لای خۆمەوە و بە بەینی ماشێنەکاندا ڕۆیشتم و خۆم لە پشتی یەکیکیاندا شاردەوە.

 نەمدەزانی منی دیتووە یا نا، مۆبایلەکەی هەر بە دەستەوە بوو…

نەهاتمە دەرێ، هەروا بە پەنای ماشێنکاندا، لە لێژاییەکەی ئەوسەری کۆڵانەکە چوومە خوارێ و گەیشتم بە شەقامێک (دوایی زانیم ئەوە هەر ئەوسەری ئەم شەقامەیە وا لێی هەڵدەهاتم) ئاوڕم داوە، هەر قسەی دەکرد و ڕووی لە لایەکی دیکە بوو.

ساویلکانە دەڕۆیشتم کتوپڕ یەکێک لەبەر دەمم شین بوو و کوتی: 

خانمی … 

کوتم؛ نەخێر

نەمزانی چۆن گەیشتە لای ئێمە و لەتە کاغەزێکی دا دەست یەکەکە!

چاوێکی لە لەتە کاغەزەکە کرد و کوتی: خانمی …

ئەوجار نێوی خۆمی هێنا. 

ماشێنێکی نیشان دام و کوتی: بڕۆ سەرەوە.

کوتم بۆ؟!

حەقدارانە بەرەو ماشێنەکە پاڵی پێوە دەنام! 

بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر هەڵاتبایەم یا خۆم بە ماڵێکدا بکردایە، یا تاکسییەکم ڕاگرتایە ئێستا چی دەبوو؟

ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە لە پەنامەوە کوتی: مەگین نەمکوت بڕۆ، مەگین نەمکوت هەڵێ!

بیرم لەوە دەکردەوە کە بێتوو پێی بڵێم چۆن وەدووم کەوتووە و کۆڵان بە کۆڵان ڕاپێچی داوم و چۆن پاشاوپڕی داومەتەوە، چی دەکا؟

ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە سینگی نا بە سینگی کابراوە و نەڕاندی:  نایەڵم بیبەن!

ئەوەی پاشاوپڕی دابوومەوە کوتی: حوکمی گرتنمان پێیە.

خوێن لە دەمارەکانییەوە بەرەو سینگی هەڵچووبوو یەک بەخۆی نەڕاندی و کوتی: بشمکووژن نایەڵم بیبەن.

هەر بیرم لەوە دەکردەوە بۆ بە لایەکی دیکەدا نەڕۆیشتم؟

درگا چوار تاییەکەیان کە پێوەدا، ژانێک لە بەری پێمەوە هات و لە تەپڵی سەرمەوە دەرچوو.

 کوتم: …

کوتم …

 نەمدەزانی ئەوندە جنێو دەزانم، کە پەپوولەکان فرین، جا ئەوجار بێدەنگ بووم.

مەرزی نێوان خەونەکان و ڕاستییەکان هێندە بەرتەسکە، ئەسڵەن بەرتەسکی چی ئەو پردەی وا پێی دەڵێن پردی سیڕات و بە قەت تاڵە موویەک باریکە ڕەنگە هەر شتێکی ئاوا بێ. 

هەر پێم ترازا، کوتم ئەها بە خودا خۆیەتی.

هەموو شتێک وەک خەیاڵێکی دوور لە باوەر، وەک فیلم، وەک دەور گێرانێک وابوو، ڕووت ببوومەوە و لە ئاوی کوڵاتەیان هەڵکێشابووم!

ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات جارێکیان بەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە کوتبووی: بۆ هەموو شتێک دەبێ پلانێکت هەبێ. تەنانەت بۆ چێشت لێنانێکی ئاسایی دەبێ کەرەسە و ئامرازی پێویستت پێ بێ، بە دەستی بەتاڵ هیچت بۆ جێبەجێ نابێ و ئاشبەتاڵ دەمێنیەوە. 

دەیکوت؛ جارێکیان ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە، چەقۆیەکی بە دەستەوە بووە، چەناکەی لەسەر سینگی چەقاندوە و دەور تا دەور وەک قابغێک زگی خۆی بڕیوە و هەڵی داوەتەوە. هەر بەو جۆرە دەستەکەی دیکەی وا بەتاڵ بووە بردوویەتە ژوورێ و تەنافێک کە دوایی زانیبووی بەندی جەرگ و دڵیەتی کێشابووی و پچڕاندبووی! 

کوتبووی؛ وەڵڵا من هەموو شتێکم دیت؛ جەرگ و دڵی، سەر و سینگی، تەنانەت ژێر مەمکەکانی کە شتێکی لێ نووسرابوو!

 دیتبووی چۆن لەسەر بەردە گەورە و ساف و لووسەکە وا کردبوویان بە تاتە شۆر، بە جێیان هێشتووە، تەنانت دیاربوو ئاوەڕووتیش کرابوو!

ئێشێکی ئاوام وەبیر نایەتەوە. بەو ژانانەی کە دەمبژارد پێم وابوو نەهایەتی ئێش و ژان هەر ئەوندەیە.

 کاتێک لە وێنەکانیشدا ڕووتیان کردبووینەوە و لە لێواری ماشێنێکی بارهەڵگردا دوایین هەناسەمان هەڵدەکێشا، هەر پێم وابوو ئەوە کۆتایی هەموو ئێش و ژانەکانە (ئەوە بیرەوەریەکی کۆنە، هی زەمانی تەیارە ڕەشەکە، بگرە کۆنتریش) چاو لێکە لە وێنەکەشدا جوان دیارە، جێگای ئەوە نابێتەوە، چاو لێکە ئەوەی خوارەوە دەڵێم، ئەها دەیەوێ دەستی منیش بگرێ و بمباتەوە خوارێ. وێنەیەکەی ڕەش و سپی بە دەستەوەیە و پێم نیشان دەدا.

 لە وێنەکەدا ئەوانەی خوارێ چەن پیاوی کۆت و شەرواڵ لە بەرن، لەو دەمەدا چاو لە چاوی یەک دەکەن و وادیارە لەسەر شتێک پێک هاتوون، تەنانەت بە گۆشەی لێویاندا دیارە کە پێدەکەنن، یەکیان دێ و کچەکەی خوارێش دەخاتە سەرێ ودرگاکەمان لەسەر دادەخا.

لە دڵی خۆمدا دەڵێم چ دەبوو گەر دەستی ئەوم بگرتایە و خۆم بخستایەتە خوارێ و بە هێز و قەوەتی خۆمان هەڵاتبایەین؟

ئێستا کە ئەوانە دەگێرمەوە، دەڵێم؛ ڕەنگە ئەوانە هەمووی لە فیلم و چیرۆک و شتی وادا ڕووی دابێ ئەو بەشانەش کە دێنەوە بیرم، لەتە لەتەی نێگاتیوێکی پچراو لە فیلمێکی کۆنی ڕەش و سپی یا کتێبێکی کۆن بن. وەک ئێستا کە بەبێ ئەوەی بیریشم لێ کردبێتەوە سەحنەی هەڵاتنی خۆم و ئەوم دێتەوە بەرچاو، هەر وا کە بە بەینی دارچنارەکاندا تێدەپەرێین، یەکێک لە پێشەوە پەیتا پەیتا هاوار دەکا: سەرتان دانەوێنن، زیگزاکی ڕاکەن، منیش بە هەناسەبرکێ سەرم دادەنەوێنم و بە بەینی دارەکاندا زیگزاکی هەڵدێم…

۷

هەر لە منداڵییەوە زۆرم خەیاتی و تیتک و دروومان پێخۆش بوو، کە لێوەکانم دووری نەمهێشت دڵۆپێک خوێنیان لێوە بێ. ئەوەی وا هەمیشە لە چێشتخانەوە دەنگی دەهات، ئێستا وێرای من و ئەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە، دەمی بە قوتەوە گرتووە.

وەک هەمیشە هەر چاوم کردەوە، چوومە سەر خوێندنەوەی هەواڵەکان، چاوم  ڕێشکەوپێشکەی دەکرد، دەستم کێشا بۆ عەینەکەکەم…

  باوەر کەن هیچ شتێک بە ڕێککەوت نییە، باوەڕدارەکان دەڵێن بەبێ ئیزنی خودا گەڵایەک ناجووڵێ، منیش پێموایە مۆرەکانی شەتڕەنج لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵات، دەست بە دەست دەبن و دەگەڕێن و دادەمەزرێن.

هەرچی چاو لەو وێنەهەواڵە دەکەم، باوەڕم بەوە قایمتر دەبێ، چاولێکە؛ وێنەیەکی ڕەش و سپی بە دەستەوە گرتووە و نیشانم دەدا؛ سێ کچۆڵە لە پەنای یەکەوە دانیشتوون و پێدەکەنن، هەواڵەکە بە ناساندن و نێو هێنانی ئەوان دەست پێدەکات:

لەلای چەپەوە ئانگێڵا مێرکل (ڕاوێژکاری ئێستای ئاڵمان) نێوەڕاست جینا هاسپڵ (سەرۆکی ئێستای ڕێکخراوەی سیا) لای ڕاست تێرێزا می (سەرۆک وەزیرانی ئێستای بریتانیا) 

بڵێی ئەوە بە ڕێککەوت بێ؟

چۆن بەوەی وا هەمیشە لە دەرێوە دەهاتەوە ئەوە حاڵی کەم کە بابەگیان وەڵڵا بۆمەلەرزە، فرۆکە، مووشەک و سیڵاویش تەنانەت بە ڕێککەوت نییە و هەموو شتێک لە ڕووی ستراتیژی و پلانەوە ڕوو دەدات.

جارێکی دیکەش وێنەکە ڕاست و چەپ دەکا و ئیدی نازانم چی دەڵێ چی…