فێمینیزم و خودموختاریی تاک

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "سیروان عەبدول"دا

لەبارەی فێمینیزم و خودموختاری تاک، کێشە هەنووکەییەکانی ژنان، جیاوازی بەکاڵاکردن و بەکەرەستەکردنی ژنان، مۆدێلیستەکان و چۆنیەتی هەڵوێستگیری کردن لەگەڵ لەشفرۆشیدا. هەروەها ڕۆڵ و کارکردی پیاوان لە دۆزی ژناندا، بە سیاسییکردنی فێمینیزم و، تێکەڵبوونی خەباتی ژنان و بەستنەوەیان بە حیزبەکان. لە لایەکی ترەوە سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردیی و ئازادیی ژنان لە سی ساڵی ڕابردوو. ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ “سیروان عەبدول” ڕۆشنبیر و پسپۆڕی بواری بونیادنانی دیموکراتییەت، ساز دا.


“سیروان عەبدول” ڕۆشنبیر و پسپۆڕی بواری بونیادنانی دیموکراتییەت

پرسیار/ ئایا بزووتنەوەی فێمینیستی لە کوردستان هاوتەریب بە سەردەم و کێشەکان چووەتە پێشەوە؟ ئەگەر نا، ئایا گرفتەکە گەورەیی ئاڵنگارییەکانە، یان درێغیی فێمینیستەکان، یان هۆکاری تری تایبەت بە کۆمەڵگای کوردیی؟

سیروان عەبدول/ ئەگەرچی بۆی هەیە من و تۆ تەواو کۆک نەبین لەسەر ئەوەی ئایا پێناسەی دیارییکراو و کۆنکرێتی فێمینیزم چییە و، ئایا چی چالاکییەک فێمینستییە، وە ئایا کێ دەکرێت وەک فێمینیست چاو لێ بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەوە ڕۆشنە کە پەرچەکرداری فێمینیستیی لەناو کۆمەڵگای کوردییدا بە هیچ جۆرێک هاوکێش نییە لەگەڵ ئەو پلە زۆرە لە نادادپەروەریی و سەرکوتگەرییەی کە لەسەر بنەمای ئینتیمای ڕەگەزیی و جێندەر لەو کۆمەڵگایەدا هەیە.

لە کۆمەڵگای کوردییدا پاتریارکییەت بە شێوەیەکی ستراکتۆریی ئامادەیی هەیە کە بۆتە بەشێک هەم لە کۆمەڵگا و هەم لە دەزگای ئیدارەی سیاسیی. ئەمە بەو مانایەی کە ئیجماعێک یان دیسکۆرسێکی سێکسیستیی وا لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵگاکەدا هەیە کە فەزڵدانی ڕەگەزی نێر بەسەر ڕەگەزی مێدا، یان دانی دەرفەتی گەشەکردنی زیاتر بە پیاوان تا ژنان شتێک نییە سەرنج ڕابکێشێت یان پرسیار دروست بکات یان ناڕەزایەتیی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئەوەی کە خێزانێک لە کوردستان ڕێگە بدات کوڕەکانی خێزان مافیان هەبێت دوای دەوامی قوتابخانە لەگەڵ هاورێکانیاندا ماوەیەک لە دەرەوە بمێننەوە بەڵام کچەکان ئەو مافەیان نەبێت، یان حکومەت سیاسەتی لێکدابڕینی ڕەگەزیی (Sex segregation) مومارەسە بکات و قوتابخانەی کچان و کوڕان لە یەکتر جیا بکاتەوە، یان مەلایەک زیادەڕۆیی شەفاهیی بکاتە سەر ئەو کچانەی جلی مەدەنیی لەبەر دەکەن و هانی هێرشکردنەسەریان بدات، یان تەنانەت کوشتنی ژنێک لەسەر ئەوەی پەیوەندیی ژێربەژێری لەگەڵ پیاوێکدا هەبووە، ئەمانە هیچیان پەرچەکردار و ڕەخنەیەکی وایان لەناو خەڵکەکەدا لێ ناکەوێتەوە و مەقبولییەتێکی گشتیی هەیە بۆیان.

بزووتنەوەی فێمینیستیی لە کوردستاندا بەداخەوە تا ئێستا لە فۆرمی بزووتنەوەیەکی پرۆتێستیی پچڕ پچڕدا هەیە و، قەت نەیتوانیوە وەک بزووتنەوەیەکی سۆشیاڵ ئامادەیی هەبێت.

لە بەرامبەردا، هەر پێداگرییەک لەسەر دادپەروەریی ڕەگەزیی و دەرفەتی یەکسان بۆ مەساری پیشەیی (Career)، یان مومارەسەی هەر ئازادییەک لە لایەن کچانەوە، کۆمەڵگا ئیستیفزاز دەکات و نائارامیی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بۆ نموونە ئەگەر کچ و کوڕێک لەسەر جادەیەک سەمایەک بکەن، سەماکردنی کچەکە کۆمەڵگاکە پڕ دەکات لە تووڕەیی و خەڵکەکەی دەخاتە ئامادەباشییەوە. بۆ ئەوەی لە کچێک قبوڵ بکرێت وەک گۆرانبێژانی میللی پیاو ئەویش ببێتە بەندبێژ، دەبێت باوکێک خۆی بکاتە قەڵغانی هێرش و تەشەرەکان بۆ سەری و، دەبێت حیزبێک بچێتە پشتی و، ئینجاش چەندین جار، یان هەر بۆ یەکجاریی، کۆڵی پێ دەدەن. بیهێنە پێش چاوی خۆت چەند نەشاز و قبوڵنەکراو دەبێت لە گوێی کۆمەڵگای کوردییدا ئەگەر کچێکی گەنج وەک هەر کوڕێکی تری گەنجی ئەو کۆمەڵگایە دانیشێت لەسەر فەیسبوک باسی موغامەراتە غەرامییەکانی خۆی بکات و، بە ئاخ و ئۆف گوزارشت لەوە بکات چەند حەزی لە کوڕە و چەند پێویستی بە نزیکبوونەوەیە لە ڕەگەزی بەرامبەر.

فێمینیزم سەبارەت بە دادپەروەیی، یەکسانیی و ئازادییە. ئەو نموونانەی سەرەوە نموونەی مومارەسەی ڕاستەوخۆی نادادپەروەریی و نایەکسانیی و بەستنەوەی ئازادیین لەسەر بنەمای ئینتیمای ڕەگەزیی.

ئەو زیهنییەتە پاتریارکییە سەرتاپاگیرە بە قیمەتی زۆر گران لەسەر کچان و ژنانی ناو ئەو کۆمەڵگایە کەوتووە. بەبێ ئیستیسنا زەربەتی لە کوالیتیی ژیانی هەموو کچان و ژنانی کۆمەڵگاکە داوە، زۆر جۆری ئازادیی لە هەموویان زەوت کردووە، دەرفەتی گەشەکردن و مونافەسەی یەکسانی لەگەڵ کوڕاندا لە بواری خوێندن و کاردا لێ سەندوونەتەوە، وە ژمارەیەکی زۆریانی موعەڕەز کردووە بۆ مامەڵەی خراپی خێزان و کۆمەڵگا و توندوتیژیی جەستەیی و دەرونیی بەرامبەریان، وە بۆ ژمارەیەکیشیان بە قیمەتی شێوانی جەستەیی و دەرونیی و تێکچوونی پرۆژەی ژیانیان، یان تەنانەت لێسەندنەوەی مافی ژیان تەواو بووە.

بگەڕێمەوە سەر ئەو بەشەی پرسیارەکەت کە ئایا فێمینیزمی کوردیی هاوتەریب لەگەڵ گرفتەکاندا چۆتە پێش. لێرەدا دەبێت دەست بخەمەسەر ڕاستییەکی تاڵ: لە چوارچێوەی ئەو دیسکۆرسە سێکسیستییە سەرتاپاگیر و سەرکوتگەردا کە باسم کرد، بەداخەوە لە سەردەمی نوێی کۆمەڵگای کوردییدا زەمینە بۆ هەڵکەوتنی بزووتنەوەیەکی فێمینیستیی لەناو قوربانییەکاندا نەبووە و، خودی ئەو ناحەقییانە نەبۆتە هۆی ئەوەی بزووتنەوەیەکی فێمینیستیی لەناو خەڵکە عاممەکەدا (A grassroots movement) بکەوێتەوە.

ئەمە ئاکامی درێغیی فێمینیستەکان نییە، بەڵکو ئاکامی ئەوەیە کە پلەی سەرکوتکردنەکە بە ئەندازەیەکە کە وزەی پەرچەکردار و خۆڕێکخستنی بە قوربانییەکان نەهێشتووە.

شتێک کە نەوال سەعداویی و فێمینیستەکانی وڵاتانی خۆمان نایبینن ئەوەیە کە موحەجەبە کردارێکە سەبارەت بە کۆنتڕۆڵی تاک. لە بەرامبەردا ئیمکانی ماکیاجکردن و لەبەرکردنی جلی نیمچەڕووت ڕێک یەعنی دەربازبوون لەو کۆنترۆڵە و بوونی ئەو کچە بە خاوەن ڕوخساری خۆی لە دەرەوەی ماڵ.

بزووتنەوەی فێمینیستی لە کۆمەڵگای کوردییدا لە جێگەیەکی ترەوە سەرپێ کەوتووە.. فێمینیزم لە کۆمەڵگای کوردییدا لە فۆرمە ڕیکخراوەییەکەیدا دوو سەرچاوەی هەیە و لە دوو سەردەمی جیاوازدا سەریان هەڵداوە.

یەکەم: شەپۆلێکی فێمینیزمی سۆشیالیستیی بوو کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و لە سەردەمی جەنگی سارددا لەو ڕێگەیەوە هات کە ئەو ناوچانەی لە کۆڵۆنیالیزم دەرباز ببوون و زۆر بزووتنەوەی ناشیوناڵیستیی تیایاندا سەریان هەڵدابوو کە بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆیان کاریان دەکرد، لەوانە کورد و کوردستان، ئەو ناوچانە شەپۆلێک لە مارکسیزم و چەپگەرییەکی دژە-ڕۆژئاوا و خاوەن ئایدۆلۆجیایەکی عەلمانیی گرتنیەوە. ئەم شەپۆلە دۆزی ڕزگاریی ژن و ڕەخنە لە کۆمەڵگای پاتریارکیی کردە بەشێک لە تەرکیبەی ناوەندە شۆڕشگێڕەکان و حیزبە ”شۆڕشگێڕەکان”، وە بە بەشێک لە ئایدۆلۆجیا و سیاسەتیان.

لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١)-ەوە و دوای دروستبوونی قەوارەی نیمچەسەربەخۆی هەرێمی کوردستان، ئەم ڕەوتە لەسەر دەستی بزووتنەوەیەک لە کۆمۆنیزمی ئیلهام وەگرتوو لە چەپی ئێران بە گوڕێکی زۆر گەورەترەوە ئامادەییەکی زۆر بۆ فێمینیزم لە کۆمەڵگای کوردییدا پەیدا دەکەن.

دووەم: لە درێژەدا و لە سەردەمی نوێدا، بە کارکردی کۆچی خەڵکی کورد بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و، بە کارکردی گەشەی ئامرازەکانی پەیوەندیی و بەرکەوتن و ئاشنابوون بە کولتووری تر، ڕەوتێکی فێمینیزمی لیبراڵ گوتاری فێمینیستیی ئامادە دەکات لە کۆمەڵگادا و فێمینیستە سۆشیالیستەکانیش دەبنە دەستپێشخەر تیایدا یان بەشێک لێی.

پەیوەنددارە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە هەر ئەم ئاشنابوونە بە دونیای دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان زەمینەی ڕەخساندووە کچانێک دەست بۆ ئەوە ببەن پشت بکەنە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا و، ناسنامەی ئیندیڤیدواڵییانەی خۆیان مومارەسە بکەن و بەوەش، بەبێ ئەوەی مەبەستیان بێت، بە وەسیلەی ئیستیفزاز، تۆڵێڕانسی خەڵکی موحافەزەکار بۆ بوونی کچان بە تاکی سەربەخۆ و، تۆڵێڕانسیان بۆ بەشداریی کچان لە فەزای گشتیی دەرەوەی ماڵدا زیاد بکەن. نموونەی ئەمە دەکرێت کچانی گۆرانییبێژ بە ستایڵی ڕۆژئاوایی و مۆدێلیستەکان بن.

بەڵام هەرچییەک بێت، بە شێوەیەکی گشتیی بزووتنەوەی فێمینیستیی لە کوردستاندا بەداخەوە تا ئێستا لە فۆرمی بزووتنەوەیەکی پرۆتێستیی پچڕ پچڕدا هەیە و، قەت نەیتوانیوە وەک بزووتنەوەیەکی سۆشیاڵ ئامادەیی هەبێت. دیارە ئەمە هیچ درێغییەکی ئەو کەسانەی تیا نییە کە دۆزی سەرکوتکراویی ژنانیان پێ گرنگە و کاری لەسەر دەکەن. ئەمە زیاتر دەرکەوتە و ئاکامی سروشتیی ئەو واقیعەیە کە وتم فێمینیزم لە کوردستان بزووتنەوەیەکی لەناو خەڵکە عاممەکەی قوربانیی دەستی پیاوسالارییدا بەدوای خۆیدا نەهێناوە. بۆیە بە ناچاریی هەر لە فۆرمی ئاکسیۆن و کەمپین و پرۆتێستی نابەردەوامدا ماوەتەوە کە کەسانێکی فێمینیستی جیددی سەر بە چینی ناوەڕاست دەستپێشخەریی بۆ دەکەن.

مەسەلەی ئەوەی کە ژمارەیەک لە چالاکوانان و ئەکادیمیستانی بوارەکە لەناو حیزبی سیاسیی دەسەڵاتداردان و وەک کارێکی حیزبیی لە بوارەکەدا بەشدارییان هەیە، یان وەک بەشێک لە کارمەند یان ڕاوێژکاری دەزگا و ئۆرگانی حکومەتیی بەشدار دەبن، ئەمە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت و ئەگەر لە درێژەی قسەکردنەکانماندا پێویستی کرد دەچینەوە سەری.

هەر سەبارەت بە هێرشەکانی پیاوسالاریی بۆ سەر ژنان گرنگە ئەوە ئاماژە بۆ بکرێت کە کۆمەڵگای کوردیی جگە لەو تایبەتمەندییە پیاوسالارییەی کە لە زەمەنێکی کۆنەوە بۆی ماوەتەوە، ئەوا لە دوای دروستبوونی کۆمارێکی ئیسلامییەوە لە ئێراندا و، گەشەی ئیسلامی سیاسیی لە دونیای عەرەبییدا، ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسیی بە سروشت کۆنەپارێز و دژە ژن ناوچەکەی گرتۆتەوە، کە لە ئێستادا داهات و ڕزق و مەعاش و خۆژیاندنی سەدان سیاسەتکاری کرێگرتەی وڵاتانی دەوروبەر و، هەزاران پیاوی ئاینیی و مەلا و ئەندامی حیزبە ئیسلامییەکان کەوتۆتە سەر گەشەپێدانی ئەو ڕەوتە کۆنەخوازە.

ڕەوتی ئیسلامییزم، بە ڕای من، لە سی ساڵی ڕابردوودا زەربەتی زۆر گەورەتری لە ژیانی کچان و ژنانی ناوچەکە داوە تا ئەو پیاوسالارییەی چەند سەد ساڵە کولتووری کۆمەڵگای کوردیی بە خۆی ڕەنگرێژ کردووە. ئەم ڕووەی دۆزی ژنانیش ئەگەر ویستت لە درێژەی ئەم گفتۆگۆیەدا دەگەڕێینەوە سەری.

پرسیار/ باسی مۆدێلیستەکانت کرد، بۆیە پێش ئەوەی ئەو باسە تێپەڕێنین دەمەوێت پرسیارێک لەو بارەیەوە بکەم. فێمینیستەکان لە پرسی مۆدێلیستەکاندا ڕای جیاوازیان هەیە. زۆرێکیان وەکوو بەکاڵاکردنی ژنان لێی دەڕوانن. لە بەرامبەردا فێمینیستە لیبراڵەکان وەک فراوانبوونی ئازادی ژنان سەیری دەکەن و بە پۆزەتیڤ هەڵیدەسەنگێنن و بە فۆرمێکی خەباتی فێمینسیتی دەزانن. بەڵام ئایا هەر بە ڕاست ئەم فۆرمە لە مەساری پیشەیی، خەباتێکی فێمینیستییشە؟ تۆ چۆن ئەو دۆزە دەبینیت؟

سیروان عەبدول/پێم خۆشە ئەگەر ڕێگە بدەیت بە درێژیی وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە چونکە ناڕۆشنیی زۆر هەیە لەم دۆزەدا.

یەکەم شت قسەیەک سەبارەت بەوە بکەم کە دەوترێت ئەوەی مۆدیڵیستەکان دەیکەن بەکاڵاکردنی ژنانە یان سێکشواڵیزەی لەشی ژنانە و، هەندێك دەیشوبهێنن بە موحەجەبەکردن و دەڵێن چی ڕووتبوونەوەی لەشی ژن، چی داپۆشینی، هەردووکی یەک کردارە و هیچ جیاوازییەکیان نییە.

هەر تەنها لە پێناو وردەکاریی و لە پێناو ئەوەی بزانین باسی چی ئارگیومێنتێک دەکەین، پێم باشە جیاوازییەک بکەین لەنێوان «بەکاڵاکردنی لەش» و«بەکەرەستەکردنی لەش»-دا. بەکاڵاکردنی لەش دەکرێت ئەوە بێت کە  کە وەک کاڵایەک، قیمەتێک لە بەرامبەر بەکارهێنانیدا وەردەگیردرێت، بۆ نموونە لەشفرۆشیی. بەڵام بە کەرەستەکردنی لەش واتە ئیختیزالکردنی ئینسانی مێ بۆ کەرەستەیەک بۆ سێکس و، نەبینی ئەوەی کە باس لە ئینسانێکی خاوەن هەست و نەستە کە توانایی ئەوەی هەیە ڕای هەبێت لە سێکسواڵیتیی خۆیدا. بۆ من ڕۆشنە کە تۆ ئەمەی دووەمیانت مەبەستە.

ڕەخنەی بەکەرەستەکردنی ژنان و سێکسواڵیزەی لەشی ژنان زۆر لە ئەدەبییاتی فێمینیستیی ڕۆژئاوادا بەرچاو دەکەوێت، بەڵام ئەوەی کە بێیت ئانالۆجیی بکێشیت لەنێوان ماکیاجکردن و ڕووتبوونەوە لەلایەک و، موحەجەبەکردن لەلایەکی تر و، بڵێیت هەردووکیان هەمان کردارن، ئەوە لە ڕۆژهەڵات زیاتر نەوال سەعداویی زۆر دووبارەی دەکردەوە و، لە لایەن ژمارەیەک لە فێمینیستەکان و ڕۆشنبیرانەوە وەک تێزێکی تیژبین و وەک ڕەخنەیەکی گرنگ و ڕادیکاڵ سەیری دەکرێت و دەوترێتەوە.

ڕاستت دەوێت من هەر جارێک ئەو ئارگیومێنتە لەناو ناوەندی ڕۆشنبیریی و ئەدەبییاتی فێمینیستیی وڵاتانی خۆماندا دەبینم بەشێکی چاک خەمبار دەبم. هەم لەبەر ئەوەی ڕەخنەی بە ئۆبجێکتکردنی ژنان و سێکسواڵیزەی لەشی ژنان لە سیاقی وڵاتانی ڕۆژئاوادا ڕەخنەیەکە لەناو دیبەیتێکی جیاتر و لە کۆنتێکستێتی جیاتردا. لە ڕۆژهەڵات دۆزی فێمینیستیی تەحەدییاتی جیاوازتری لەبەردەمدایە و، جلی نیمچە ڕووت و وروژێنەری ژنان کارکردی جیاوازتر لەسەر ئەو دۆزە دادەنێت. هەمیش لەبەر ئەوەی شوبهاندنی ماکیاجکردن بە موحەجەبە و وەسفکردنی هەردوو حاڵەتەکە وەک بەکەرەستەکردنی ژنان، خۆی سەیرکردنی ژنانە وەک کەرەستەی سێکس. لە درێژەدا بۆ سەلماندنی ئەم تێزە قسەیەکی زیاتر دەکەم.

سەمای کچێک لە یانەیەکی شەوانەدا پێداگرییە لەسەر بڕێکی زیاتر لە ماف و ئازادیی ژنان تا بەشداریی کچە ئەکتەرێک لە درامایەکی تەلەڤزیۆنییدا.

سەرەتا با دەست بخەمە سەر جیاوازییەکی جەوهەریی لەنێوان ڕووتکردن و سێکسواڵیزەی لەشی ژنان لەلایەک و، موحەجەبەکردنی لەشی ژنان لەلایەکی تر. شتێک کە نەوال سەعداویی و فێمینیستەکانی وڵاتانی خۆمان لەو بە یەکتر شوبهاندنەدا نایبینن ئەوەیە کە موحەجەبە کردارێکە سەبارەت بە هەوڵی کۆنتڕۆڵی تاک .. سەبارەت بە هەوڵی سنووردارکردنی فرسەتی ئەوەی کە کچێک بتوانێت ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆ بژی .. سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی «موڵک»ێکی خێزان و ڕێگرتن لەوەی بتوانێت بچێتە دەرەوەی ماڵ و ببێتە تاکێکی خاوەن خۆی و، لە کۆنترۆڵی خێزان دەرچێت. لە ئەدەبییاتی مۆدێرنی فێمینیزمدا ئەم پێشگرتنە لە تاکی مێ و ڕێگەگرتن لەوەی خۆی بڕیارەکانی خۆی بدات، بە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی نێگەتیڤ (Negative social control) ناو دەبرێت. بەڵام لە بەرامبەردا سەیرکە، ئەوەی کە کچێک لە فۆرمی مۆدێلیستێک یان گۆرانیبیژێک یان تەنانەت سەماکەرێکی خۆجوانکەری کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان یان هەر فۆرمێکی تردا بتوانێت لەناو ناوەندێکی پڕ لە پیاوی غەریبە بە خێزاندا بێت و لەوێ لیبراڵییانە ڕەفتار بکات، ئەوە ڕێک یەعنی دەربازبوون لە سۆشیاڵ-کۆنتڕۆڵی نێگەتیڤی خێزان و کۆمەڵگای دەستوپێگری کۆنسەرڤاتیڤ و، بوونی ئەو کچە بە خاوەن ڕوخساری خۆی لە دەرەوەی ماڵ .. ڕێک یەعنی ڕەخسانی فرسەتی گەشەکردن بەرەو شەخسییەتێکی سەربەخۆ و و ڕەها لە کۆتوبەند.

بۆ ئەوەی جیاوازیی جەوهەریی نێوان ڕووتکردن و موحەجەبەکردنی لەشی ژن ڕۆشنتر ببینیت، دەکرێت بەم شێوەیە بیڵێم: ئەگەر ژنێک خۆی، یان خاوەن کۆمپانیایەک لەشی ڕووتی ئەو ژنە لە ڕیکلامێکی بازرگانییدا بە کار دەهێنێت، ئەوا ئەوان ناڕاستەوخۆ دەڵێن لەشی ژن کەرەستەیەکە کە ئاساییە ژنەکە بە ئیرادەی خۆی بە کاری بهێنێت و کۆمەڵگا هیچ دەخالەت لە بەکارهێنانی ئەو کەرەستەیەدا نەکات. بەڵام لەبەرامبەردا، ژنێك کە لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە لایەنگری موحەجەبەیە و خۆی موحەجەبە بە کار دەهێنێت یان پیاوێک موحەجەبەی پێ دەکات، ئەوا ئەوان ناڕاستەوخۆ دەڵێن لەشی ژن کەرەستەیەکە کە ئاسایی نییە ژنەکە بە ئیرادەی خۆی بە کاری بهێنێت و، کۆمەڵگا مافی هەیە دەخالەت لە بەکارهێنانی ئەو کەرەستەیەدا بکات. هیوادارم ئێستا جیاوازییەکە ڕۆشن بێت.

مێژووی ئایدیای حیجاب سەبارەت بەو کۆنترۆڵەیە. بۆیە شوبهاندنی خۆڕازاندنەوە و خۆڕووتکردنەوە بە حیجابکردن یان حیجاب پێکردنی ژنان لێکدانەوەیەکی ڕیتۆریکیی بێ پۆینتە، وە لێکدانەوەیەکی بێئاگایە لە مێژوو.

ئەوانەی نیشانەی یەکسان دادەنێن لەنێوان ئەم بەکەرەستەکردنەدا لەگەڵ ئەو ڕوانگە کەرەستەییەی لەناو موحەجەبەکردندا هەیە بۆ لەشی ژن، ئەوەندە ڕووکەشانە ئەو دوو جۆرە لە ڕەخنەی بەکەرەستەکردنە بەرامبەر یەک دەکەنەوە کە نابینن ئەو دوو ڕەخنەیە لە ئەسڵدا دوو خاڵی دەستپێکردنی جیاوازیان هەیە. ئاخر ڕەخنەی فێمینیستیی لە بەکارهێنانی لەشی ژن، بۆ نموونە لە ڕیکلامدا، ئەوەیە کە ئەوە بەکەرەستەکردنێکە کە کارکردی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر دەروونی ئەو کچە یان کچانی تر، بەڵام کۆنترۆڵکردنی یان کۆنترۆڵبوونی ئازادییان نییە. لەبەرامبەردا، ڕەخنەی فێمینیستیی لە حیجاب ئەوەیە کە ئەوە بەکەرەستەکردنێکی ژنانە کە ڕاستەوخۆ مومارەسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئازادییانە.

شتێک کە شایان بە ئاماژەپێکردنە لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەر وردبیتەوە لە هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەو دوو جۆرە جیاوازە لە ڕەخنەی ”بەکەرەستەکردن” لە زیهنی نەوال سەعداویی و هاوڕایانییدا تێکەڵ دەبێت و لایان دەبێت بە یەک، دەبینیت کە تەنانەت ئەو کەسە ڕەهایانەش لە نۆرم و بەهاکانی کولتووری عیففەتخوازیی و سێکس-نەفرەتیی، لاشعوریان بێبەریی نییە لە کارکردی ئەو کولتوورە. سەیرکە هیچێک لەو حاڵەتانەی دەشوبهێنرێن بە موحەجەبە و بە داپۆشینی لەشی ژنان، هیچیان سەبارەت بە خاوەندارێتیی کۆمەڵگا بۆ سێکسواڵیتیی ژنان نین. زۆربەی حاڵەتەکان حاڵەتی ئارەوزمەندانەی ڕابواردن و سێکس و پارەپەیداکردن و خۆجوانکردنی کچانن لە پێناو زیادکردنی جازبییەتی سێکسیی خۆیاندا. ئەگەر ڕەخنەی تۆ لەم سیاقەدا ئەوە بێت کە لەو جۆرە ڕابواردنەدا ژنەکان کەرەستەی سێکسیی پیاوەکانن، ئەوا بێئەوەی خۆت بزانیت، کەشفی دەکەیت کە تۆ ڕوانگەیەکی وات بۆ سێکس و تێکەڵبوون هەیە کە چێژبینینی پیاو لە جەستەی ژن وەک کارێکی ناپەسەند سەیر دەکەیت. ئەوە ئارگیومێنتکردنە بە بەهاکانی ئەو دیسکۆرسە سەرتاپاگیر و باوە پاتریارکاڵ و کۆنسەرڤاتیڤە کە کەسەکان تیایدا هەموو کۆکن لەسەر ئەوەیکە حەزکردن لە سێکس و تێکەڵبوونی سێکسیی کچان و کوڕان ڕەفتارێکی قێزەون و نامەرغوبە.

زۆر کەس ئاوا بەم شێوەیە «حەزی سێکسیی» و «بەئۆبجێکتکردنی ژنان»یان لێ تێکەڵ دەبێت و بەناوی بەکەرەستەکردنەوە ڕەخنە ڕووبەڕووی مومارەسەی بێ جڵەوی حەزی سێکسیی دەکەنەوە و، حەزی سێکسیی وەک خویەکی بێزراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەوە ڕێک بارگاوییبوونە بە کولتووری عیففەت. سەیری، بێهۆکار نییە زۆرجار لایەنگرانی مافەکانی ژنان چەمکی «سێکسیزم» لە نووسین و لێدوانەکانیاندا بە هەڵە بە کار دەبەن. وەک وەسفێکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەو حاڵەتە بە کاری دەهێنن کە مەسەلەکە سێکس و چێژبینینی پیاوە لە لەشی ژن، لە کاتێکدا چەمکی «سێکسیزم» چەمکێکە کە وەسفی حاڵەتێکی تەواو جیاواز دەکات کە هیچ پەیوەندیی بە لەشی ژن و سێکشواڵیتییەوە نییە.

ئەوەی کە فۆکەسکردنی کچان و کۆمەڵگا لەسەر جوانیی لەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کچان پەیوەندییەکی سەختیان بۆ دروست بێت لەگەڵ شێوە و لەشی خۆیاندا و دەبێتە هۆی ئایدیاڵیزەکردنی تەنیا جۆرێک لە فۆرمی لەش، ئەوە ئیشکالییەتێک و ڕەخنەیەکی ترە و پەیوەندیی بە «بەکەرەستەکردن»ی لەش لای مۆدێلیستەکان و «وەک کەرەستە سەیرکردنی ژنان» لە لایەن لایەنگرانی موحەجەبەوە نییە.

بەڵێ مۆدێلیستەکانی کوردستان دۆزی ژنان و کۆمەڵگای کوردیی پێش دەخەن

ئەسڵەن ئەوەی کە کەسانێکی فێمینیست و یەکسانییخواز ماکیاجکردن و نەشتەرگەریی جوانیی و هەوڵی کچانێک بۆ زیادکردنی جازبییەتی سێکسیی خۆیان وا سەیر دەکەن کە ئەوە «بەکەرەستەبوون»ە بۆ چێژبینینی پیاوان، ڕوانگەیەکی وا بۆ دۆزەکە ڕێک ئەوە کەشف دەکات کە ئەو کەسانە، بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، ڕوانگەیەکی کەرەستەییان بۆ لەشی ژن هەیە. ئەوەی کە بە کچێک بڵێیت ڕەخنەم لەوە هەیە کە هەوڵ دەدەیت جازبییەتی سێکسیی خۆت زیاد بکەیت، وە من پێموایە هەر زیادکردنێکی جازبییەتی سێکسییت لە قازانجی پیاودایە و دروستە نەیکەیت، هەڵوێستگیرییەکی وا لە زیهنی مندا زوو لینکی بۆ دروست دەبێت لەگەڵ ڕەخنەیەکی تردا کە لە ژن دەکرێت: ڕەخنەی ئەوەی کە نابێت جوانیی ژن دەرکەوێت و پیاوان چێژی لێ ببینن و کاری دروست ئەوەیە ڕێگە لە بەرچاوکەوتنی ئەو جوانییە بگیردرێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی داپۆشینیەوە. ئەمە هەمان ئەو بیرکردنەوەیەیە کە لە مێژوودا بیرۆکەی حیجابی بە بیری ئینساندا هێنا و پێی وابوو کە ئەگەر تێکەڵبوون و سێکس ڕوویدا، کەواتە پیاوەکە قازانجی کرد و کەرەستەیەکی دەست کەوت، بۆیە ئینسان چارەسەری بەوە بینی کە پیاوان ئەو ”قازانج”ەیان دەست نەکەوێت لەو ڕێگەیەوە کە کچان مافیان نەبێت کاری ئیغراکەرانە و خۆجوانکەرانە بکەن، بۆ نموونە قژ و ڕوخساریان دەرکەوێت.

بەڵێ، دەمەوێت بڵێم کە ڕەخنەکردنی ڕووتبوونەوەی ژنان و سەیرکردنی وەک کردارێک کە لە پێناو و، لە قازانجی پیاودایە، وە بێزراوکردنی کرداری جەزبکردنی حەزی پیاو، ئەوە بە هەمان شێوەی لایەنگرانی موحەجەبە، سەیرکردنی لەشی ژنە وەک کەرەستە و، هەمانشت کارکردنە بۆ تەداخولکردن و کۆنتڕۆڵکردنی سێکشواڵیتیی ژنان لە ڕێگەی بێزراوکردنی دەرکەوتنی جوانیی جەزبکەرانەی قژ و ڕوخسار و لەشیان.

بەم مانایەیە من پێم وایە ئەوانەی بەناوی ڕەخنەی بەکەرەستەکردنەوە، ڕووتبوونەوە و ماکیاجکردن و عەرزکردنی جوانیی ژن دەشوبهێنن بە کرداری موحەجەبە، بەو ڕەخنەیەیاندا دەردەکەوێت کە ڕوانگەیەکی کەرەستەییان بۆ کائینی ژن هەیە. ئەوانەی خاڵی هاوبەش دەبینن لەنێوان خۆڕووتکردنەوە و موحەجەبەکردنی ژناندا، خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان ڕوانگەی ئەوان و ڕوانگەی پاتریارکییەتی ئاینییدا بۆ سێکشواڵیتیی ژنان.

ئەوان بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، بەو ڕەخنەیەیان دەبنە هاوسەنگەری کۆنسەرڤاتیڤە پاتریارکەکان و کار بۆ ئەوە دەکەن ژنان خاوەنی لەش و سێکشواڵیتیی خۆیان نەبن و کۆمەڵگا قسەی هەبێت تێیدا.

من دەزانم زۆرێک لەو ڕەفتارانەی ژمارەیەک لەو کچە مۆدێلیستانە دەیکەن گەمژانەیە و مەزاجی زۆرێکمان تێک دەدات و ئینتیهازییەتێکە لە پێناو دەستخستنی ناو و داهات و ژیانی ئاساندا، بەڵام بیرمان نەچێت گرفتی گەورەی کۆمەڵگای کوردیی ئەوە نییە ئایا کێ ئینسانێکی جالبە و کێ ئینسانێکی ناخۆش. گرفتی هەرە گەورەی کۆمەڵگای کوردیی هێرشی کوشندە و بەردەوامی کۆنەپەرستییە بۆ سەر مومارەسەکردنی هەر ئازادییەک کە مومارەسەکردنی خودموختاریی تاک بێت. ئەو کچە مۆدێلیستانە پێداگریی لەسەر مومارەسەکردنی هەرە ڕادیکاڵترین خودموختاریی تاک دەکەن کە تا ئێستا کۆمەڵگای ترادیشیوناڵی کوردیی وێرابێت دەستی بۆ ببات. هەر لەبەر ئەوەشە، لەبەردەم هێرشێکی گەورەی کۆنەپەرستییدان.

ئەو ڕەخنەیەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا فێمینیستەکان ڕووبەڕووی بەئایدیاڵکردنی لەشی «ڕێک» و سێکشواڵیزەی لەشی ژنانی دەکەنەوە، بۆ نموونە، کە ڕەخنەی بەکارهێنانی جەستەی ڕووتی ژنان دەکەن لە ڕیکلامی بازرگانییدا، ئەوە ڕەخنەیەکی دروست و گرنگە لە سیاقی کۆمەڵگای ڕۆژئاواییدا. بەڵام لەبەرامبەردا گرنگە ئەوە ببینین کە یەکێک لە پارادۆکسەکانی دۆزی ژنان لە ڕٶژهەڵات ئەوەیە کە ڕێک ئەو سێکشواڵیزەکردنەی لەشی ژنان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا دەبێتە هۆی پێشخستنی دۆزی ژنان و پێشخستنی کۆمەڵگاکە بە گشتیی. بە مانایەکی تر، مامەڵەیەک کە لە ڕۆژئاوا خەبات بۆ یەکسانیی دوا دەخات، لە ڕۆژهەڵات پێشی دەخات. ئەمە لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەیە کە بە هۆی زاڵیی کولتووری عیففەتخوازییەوە، کچان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا هێشتا بەهۆی هێرشەکان بۆ داگیرکردنی ژیانی سێکسواڵیتییان، فرسەتی ئەوەیان لەبەردەستدا نییە ببنە سەرداری سەربەخۆی خۆیان و، خۆیان بڕیار لەسەر مومارەسەی سێکسواڵیتیی خۆیان بدەن.

لە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دۆزی ژن سەبارەت بە ڕەهابوونی ژنانە لەو کۆتوبەندانەی کە کۆمەڵگای ترادیشیۆناڵ و موحافەزەکاریی ئاینیی لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی سێکسییاندا، بۆ ژیانیانی دروست کردووە. داپۆشینی ژنان بەناوی عیففەتەوە و، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی سێکسییان، دایکی هەموو ئەو چەوساندنەوانەیە کە ژنان لە مێژوودا تا ئێستا موعەڕەز بوون بۆی. عیففەتخوازیی سێکسیی ئەستورترینی ئەو زنجیرانەیە کە هێشتا لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان لە دەستوپێی کچان و ژناندایە. کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا ماوەیەکی زۆرە قۆناغی پچڕینی ئەو زنجیرەیان تێپەڕاندووە و ئێستا تەنها تەڕەسوباتی پاتریارکییەت ماوە کە ڕێگرە لەبەردەم دادپەروەریی جێندەرییدا. بەڵام لە ڕۆژهەڵات بە پێچەوانەوە، لە زۆر شوێن لەم دوو دەیەیەی دواییدا گوتاری عیففەتخوازیی و بێزراوکردنی سێکس و داواکاریی خۆداپۆشینی ژنان بەرەو توندیی زیاتر چووە.

لە سیاقێکی وادا، هەر دەربازبوونێک لە کۆنتڕۆڵی سێکسواڵیتیی کچان و ژنان لە لایەن خێزان و کۆمەڵگاوە، بە هەر فۆرمێك بێت، هەنگاونانی کچان و ژنانە بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی ماف و ئازادییە تاکییەکانی خۆیان و، ڕاکێشانی کۆمەڵگایە بەدوای خۆیاندا بەو ئاراستەیەدا.

لێرەوە بڕۆمە سەر ئەو بەشەی پرسیارەکەت کە ئایا ئەو جۆرە دەرکەوتنەی مۆدێلیستەکان لە کۆمەڵگادا خەباتێکی فێمینیستییە یان نا. من پێم وایە بەو مانایەی سەرەوە، مۆدێلیستەکانی کوردستان دۆزی ژنان و کۆمەڵگای کوردیی پێش دەخەن، بەڵام بۆ وەسفی ”خەباتکاری فێمینیستیی” یان ”چالاکوانی دۆزی ژنان”، من پێم وایە دروستترە ئەو وەسفانە تەنها حەسر بکەین بەوانەی کە خۆیان ئەو تێگەیشتنەیان لە خۆیان هەیە، یان ئەوانەی کە ئەو وەسفانەیان بۆ خۆیان پێ دروست نییە بەڵام پێیان وایە نایەکسانیی جێندەریی هەیە و، بەنییەتی چاککردنی ئەو خوارییە بەشدارییەک دەکەن. بۆیە ئەو مۆدێلیستانە فێمینیست نین، بەڵام کارێك دەکەن کە، بەبێ ئەوەی خۆیان پێ بزانن یان مەبەستیان بێت، بەشدار دەبێت لە ڕاستکردنەوەی خوارییەکدا.

جیاوازییەکی گرنگ هەبێت لەنێوان ئەو کارەی ئەوان و خەباتی سیاسیی فێمینستییدا کە پەیوەنددار بێت لێرەدا باس بکرێت ئەوەیە کە یەکێک لە موفارەقەکانی ئەو میکانیزمی ڕەهابوونەی ژنان کە لەسەرەوە باسم کرد ئەوەیە کە یاخییبوونی ژنان لە کۆمەڵگا لە فۆرمە ئیستیفزازییەکەیدا، زۆر زیاتر لە فۆرمە هێمن و بەباڵانسەکەی کارکرد لەسەر کۆنسەرڤاتیڤییەتی دژەژنی ناو کۆمەڵگا دادەنێت. بە نموونەیەک ڕۆشنتر بیڵێـم: سەمای کچێک بە جلێکی ڕووتەوە لە یانەیەکی شەوانەدا پێداگرییە لەسەر بڕێکی زیاتر لە ماف و ئازادیی ژنان تا بەشداریی کچێکی ئەکتەر لە درامایەکی تەلەفزیۆنییدا. ئاخر بێ هۆکار نییە کە پیاوان و ژنانی موحافەزەکار لە سەردەمێکدا ئیتر دەچنە ژێر باری ئەوەوە کە تۆڵێڕانسیان بۆ ئەوە هەبێت کچان بڕۆن لە زانکۆ بخوێنن و کار بکەن لە دەرەوە، بەڵام هەر ئەو کەسانە لە هەمان کاتدا ناتوانن ئەو ئازادییە قبوڵ بکەن کە کچان لەگەڵ ڕەفیقەکانیاندا لەسەر جادەیەک شەوێک دانس بکەن، یان لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییدا بیکینی لەبەر بکەن و لە پێشبڕکێی شاجوانییدا بەشدار بن.

بەم هۆیەوەیە من پێم وایە لەو لەحزەیەدا کە کۆمەڵگای پیاوسالاریی ڕۆژهەڵاتیی بەو جۆرە لە مومارەسەکردنی ئیستیفزازکەرانەی ماف و ئازادیی لە لایەن کچانی مۆدێلیستەوە ئیستیفزاز دەبێت، لەو لەحزەیەدا وەختی هەرچییەک بێت، وەختی ئەوە نییە بە ئارگیومێنتی «سێکسواڵیزەکردنی لەشی ژن»ەوە بێیتە ناو دیبەیتەکەوە و نووکی ڕەخنەت بکەیتە ئەو کچە مۆدێلیستە ئیستیفزازکەرانەی کە لەژێر هێرشی پەرچەکرداری کۆنەخواز و پیاوسالارەکاندان. بەشدارییەکی وا هیچ نییە بە غەیری هاوسەنگەریی و بەهێزکردنی خەباتی کۆنسەرڤاتیڤەکان دژ بەوەی کە کچان سیادەی سێکسواڵیتیی خۆیان بەدەست بهێننەوە. بە مانایەکی تر، خەباتکردنە دژ بە دەرفەتی بەرفراوانترکردنی پانتایی ئازادییەکانی ژنانی کوردستان و بەرتەسککردنەوەی ئەرزی ژێرپێی کۆنەخوازان.

خۆڕووتکردنەوەی کچان و موحەجەبەکردنی کچان دوو ڕووی یەک دراو نین و دوو شتی تەواو جیاوازن.

بەداخەوە، ساڵانێکی زۆر نەوال سەعداویی و، ئێستاش زۆرێک لە خەباتکارە دڵسۆزەکانی دۆزی ژن دەکەونە ئەم هەڵەیەوە و ئەو ڕاستییە سادەیە نابینن کە هەموو فۆرمێکی مومارەسەی خودموختاریی تاک لە لایەن کچانەوە، تەنانەت چەند ”ئیباحیی”انە و گەندەڵکارانە و ئینتیهازییانەش بێت، گەشەیەکە بەرەو پێشەوە.

خەباتی یەکسانیی ژن و پیاو لە هەموو مێژووی پاشەکشەپێکردنی پاتریارکییەتدا بەم دینامیکییەتە چۆتە پێش. هەمیشە وابووە کە کچان و ژنان لە سەردەمێکی دیارییکراوی گەشەی کۆمەڵگادا ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە کە کۆمەڵگای پیاوسالار ئامادەیە بیانداتێ و بەوە بزووتنەوەکە بەرەو پێشەوە دەجوڵێت .. بۆ نموونە، دەرفەتی ئەوەی کە کۆمەڵگا لێیان قبوڵ دەکات وەک ئۆبجێکتی سێکس بێنە ناو کۆمەڵگا. کاتێک کچان بەو وەسیلەیە و لەو ڕێگەیەوە دێنە ناو کۆمەڵگا، بەوە هەنگاوێکی نەوعیی گەورە دەنێن. لە تاکێکی مەجهولی ناو ناسنامەی کۆلەکتیڤ و ناو خێزانەکانەوە، لە «کچەکەی کاک فڵانەوە»، دەپەڕنەوە و دەبن بە ئیندیڤید، ئیندیڤیدی خاوەن ناوی کۆمەڵایەتیی و ئایدێنتیتی سەربەخۆ و دابڕاو لە ناسنامەی کۆلەکتیڤانەی خێزان.

ئەمە لە ڕۆژئاواش لە مێژوودا هەر بە هەمان ئەم میکانیزمە کاری کرد. پێش ئەوەی ژنان لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا بەهۆی چوونی پیاوان بۆ بەرەکانی جەنگ و پێویستیی بە یارمەتیی ژنان ڕێگەیان بدرێت وەک کارکەری ئاسایی بێنە دەرەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، ژنانی ئەو خێزانانەی لەوانی تر لیبراڵتر و زیهنکراوەتر بوون ڕێگەیان پێ درا وەک ئۆبجێکتی جوان و ئارایشتکراو بێنە دەرەوە. ژنانیش ئەو سازشەیان قبوڵ کرد وەک ئۆبجێکت سەیر بکرێن، بەڵام فرسەتەکەیان قۆستەوە بۆ دروستکردنی ناسنامەی ئیندیڤیدواڵیی خۆیان و مانەوە لە دەرەوە.

ئەم جۆرە لە سازشکردن و ئیستیفادەکردنە لەو دەرفەتانەی کە کۆمەڵگای پاتریارک لە چوارچێوەی بەها کۆنسەرڤاتیڤەکانی خۆیدا ئامادەیە بیدات بە ژنان، توێژەر و فێمینیستی بە ڕەچەڵەک تورک دەنیز کاندیۆتیس (Deniz Kandiyotis) لە زۆر سیاقدا جەختی لێکردۆتەوە. ئەو ئەو میکانیزمی کارکردنەی وەک تیۆرەیەکی فێمینستیی تەرح کردووە و ناوی لێ ناوە ساتوسەودای پاتریارکیی (Pariarcal bargain).

شتێکی پەیوەنددار بەم باسەوە کە دەمەوێت لە کۆتاییدا بیڵێم بەڵام دەرفەتی تەبریرکردنی قوڵتریم نابێت ئەوەیە کە بەداخەوە سێکسواڵیزەکردنی لەشی ژن و، سەیرکردنی جوانیی و خۆجوانکردنی ژن وەک موڵکێکی بە بەهای ژن و وەک سەرچاوەی ستاتۆسی کۆمەڵایەتیی، بەشێکی خاوەن ڕەگی قووڵی ناو کولتووری چەند هەزار ساڵەی ئینسانییە کە بە پرۆسەیەکی ئیڤۆلیوشنییدا چووە و ئاسەواری کۆگنیتیڤیی لەناو زیهن و ناسنامەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگای ئینسانییدا جێخستووە و وا ئاسان لەناو ناچێت. من پێموایە هیوای نەهێشتنی سێکسواڵیزەی ژن هەروا زوو و هاوزەمان لەگەڵ نەمانی موحەجەبەدا، لە باشترین حاڵەتەدا بۆ سەدان ساڵی تر هیوایەکی ئایدیاڵیستانەیە و مومکین نییە ڕیالیزە بێت. ئەم دواکەوتنە لەبەر ئەوە نییە کە کۆمەڵگای پیاوسالار نایەوێت دەستبەرداری ڕوانگەی خۆی ببێت بۆ سێکسی کائینی ژن، یان ئەوە بێت کە پیاوان بەو کولتوورە گۆش دەبن و دەستبەرداری نابن، بەڵکو ڕێک لەبەر ئەوەیە کە ژنان خۆیان وا بە ئاسانیی دەستبەرداری نابن. ئەمە چونکە مەسەلەکە هەر تەنها ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتیی و گۆڕینێکی بابەتیی جۆرێک لە تەعامول نییە، بەڵکو دەستبردنە بۆ تێکدانی سەقامگیریی تەندروستیی دەروونیی کەسەکان. تەبریرکردنی ئەم تێزە با بمێنێت بۆ دەرفەتێکی تر چونکە ڕۆشنکردنەوەی درێژی دەوێت. پۆینتی من ئەوەیە کە وەک-کەرەستە پیشاندانی لەشی ژنان ئیرادەیەکی پیاوانەی پاراو یان کولتووری پیاوسالاریی فەرزی نەکردووە بەسەر ژناندا، بەڵکو ئیرادەی ئیختیاریی ژنان خۆیان بزووێنەری سەرەکیی کارەکەیە.

پرسیار/ لەپەیوەند بەو جیاکارییەوە کە تۆ دەیکەیت لەنێوان ”بەکاڵاکردن” و ”بەکەرەستەکردن”دا، پێویست دەکات بڵێم کە یەکێك لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی مۆدێلیستەکان دەکرێتەوە تۆمەتی لەشفرۆشییە. ئەوەی ئایا تا چەند ئەو تۆمەتە ڕاستە یان تا چەند تۆمەتێکی بێبنەمایە، ئەوە مەسەلەیەکی ترە. ئەوەی دەمەوێت پرسیاری لەسەر بکەم ڕەوایی ڕەخنەی هەندێک لە فێمینیستەکانە لە دیاردەی لەشفرۆشیی. ئایا لە ڕوانگەیەکی فێمینیستیی و مافی ژنان یان مافی مرۆڤەوە، دروستە چۆن هەڵوێستگیریی لە ئاست لەشفرۆشییدا بکرێت؟

سیروان عەبدول/ پێموایە پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویست بەجیاکارییەکی تر هەیە لەنێوان دوو جۆر لە بەکاڵاکردندا.

با بەم جۆرە جیاوازییەکە گوزارشت لێ بکەم: ئەوەی کە کەسێك لەبەرامبەر خزمەتگوزارییەکی سێکسییدا کە ئارەزومەندانە بە لەشی خۆی پێشکەشی دەکات قیمەتێک وەردەگرێت، ئەوە جۆرێک لە ساتوسەودایە کە جیاوازە لەو جۆرە ساتوسەودایەی کە کەسێک لەبەرامبەر خزمەتگوزاریی بەیەکگەیاندنی کڕیار و فرۆشیاردا قیمەتێک وەردەگرێت. ئەمەی دووهەمیان لەو سۆنگەیەوە جێگەی ڕەخنەیە و دەبێت سزای یاسایی هەبێت کە بازرگانییە بە ئینسانەوە. بەڵام هەرچی حاڵەتی یەکەمیانە، من تێناگەم بۆچی دەبێت جێگەی ڕەخنە بێت، یان بۆچی دەبێت بە یاسا سزادار بکرێت.

جار هەیە بەرچاوم دەکەوێت کە ئاماژە بەوە دەکرێت کە کڕینی سێکس لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواش قەدەغە و سزادار کراوە، بۆ نموونە لە سوید، وە وای پیشان دەدەن کە گوایە تەنانەت دونیای مۆدێرنیش، کە ڕێز لە مافە شەخسییەکانی مرۆڤ دەگرێت، فرۆشتنی سێکس یان کڕینی سێکس قەدەغە دەکات، لەبەر ئەوەی گوایە کڕینی سێکس ئیهانەیە بە ئافرەت، یان فرۆشتنی سێکس بە ناچاریی و لەبەر هەژارییە.

چەمکی ”بەڕەڵایی” وەسفی سیفەتێکە کە ئەسڵەن دەبێت جێگەی شانازیی بێت. کارێکی گرنگ کە بکرێت ئەوەیە ئەو وشەیە لەدەست کۆنەخوازە دژە ژن و دژە ئازادییە شەخسییەکان وەرگیردرێتەوە و، کۆنۆتەیشنی پۆزەتیڤی پێ بدرێت.

دیارە ئەوە بەهەڵەتێگەیشتنێکی تەواوە لەو یاسای قەدەغەکردنە کە لە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە. دونیای مۆدێرن بۆ ڕێگەگرتن لە لەشفرۆشیی نییە کە کڕینی سێکس قەدەغە دەکات. ئەوەی ئەو قەدەغەکردنە دەیەوێت ڕێی پێ بگرێت پارەپەیداکردنی نایاساییە (Trafficking) بۆ نموونە لە ڕێگەی لەشفرۆشییکردن بە کەسی ترەوە. واتە ئەو مانا دووەمەی چەمکی ”بەکاڵاکردن” کە ئێستا باسم کرد.

فرۆشتنی سێکس لەلایەن کەسی بالغ خۆیەوە نابێت لە فرۆشتنی هێزی کار یان فرۆشتنی هەر خزمەتگوزارییەکی تری ئاسایی جێگەی ڕەخنەیەکی زیاتر بێت. کە دوو کەسی بالغ خۆیان دەچنە مامەڵەیەکی واوە کە لەبەرامبەر سێکسدا یەکێکیان پارەیەک یان هەر بەهایەکی ماددی تر بداتە ئەوی تر، ئەمە مامەڵەیەکە لە چوارچێوەی کۆنسێپتی «ئازادیی شەخسیی»دا وەک مافێک لە مافەکانی مرۆڤ ڕەسمییەتی پێداوە. بۆیە مامەڵەیەکە کە کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسیی هیچ مافێکیان نییە تەداخولی تیا بکەن و لە ئاستیدا سۆشیاڵ-کۆنتڕۆڵ بە کار بهێنرێت.

بەم مانایە، هەر تەداخولێک لەو کارە بە ئامانجی ڕێگریی لێکردنی، هەوڵە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. تەنانەت بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە عێراقیش ئیمزای کردوون و لەڕووی حقوقییەوە پابەستە بەمەی دووهەمیانەوە، ئەگەر کۆمەڵگا رێگریی بکات لە مومارەسەی کەسانێک بۆ ئەو مافەی خۆیان، دەسەڵاتی دەوڵەتیی فەرزە لەسەری ئەو پێشێلکارییە ڕابگرێت.

من ئەوە دەزانم کە زۆرێک لەبەر نەداریی دەست بۆ لەشفرۆشیی دەبەن و، هەست بە ڕووشانی کەرامەتیان دەکەن کاتێک دەیکەن. بەڵام ئەوە ئارگیومێنتێک نییە بۆ قەدەغەکردنی و زەوتکردنی ئەو مافە لەو کەسانە، یان لە کەسانێکی تر کە هەست بەو ڕووشانی کەرامەتە ناکەن لە لەشفرۆشییاندا.

کۆمەڵگا و دەسەڵات بە هۆکاریی هەژاریی و دڵپیاسووتان بە کەسەکانەوە نییە لەشفرۆشیی قەدەغە دەکەن. ڕێگەگرتن لە کاری لەشفرۆشیی هیچ لە هەژاریی کەم ناکاتەوە، بەڵکو ئەسڵەن دەرفەتێکی دەستخستنی دەرامەت لە کەسەکە دەسێنێتەوە. کۆمەڵگا و دەسەڵات لەو سۆنگە کۆنەپەرستانەیەوە قەدەغەی دەکەن و مولاحەقەی لەشفرۆشیی دەکەن کە ناکۆکە بە بەها کۆنسەرڤاتیڤەکانی ناو ئەو کولتووری عیففەت و کولتووری «سێکس-نەفرەتیی»ەی کە پاتریارکییەت و ئاین چەند هەزار ساڵێکە خەریکن ڕەگی پێ دادەکوتن لەناو کۆمەڵگای مرۆڤاتییدا. هەر لەو پێناوەدا باکیان بەوە نییە کە ئەو قەدەغەکردنە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.

بۆیە لەم سیاقەدا، هەر جۆرە ڕەخنەکردنێکی لەشفرۆشیی لە لایەن کەسانی ناو بزووتنەوەی ژنانەوە، هەم بەشدارییە لە زەوتکردنی مافێکدا، وە هەم بەشدارییە لە بەهێزکردنی سێتێک لە بەهای کۆنسەرڤاتیڤانەی دژەژندا کە تەداخولکردن لە ژیانی سێکسیی ژناندا و کۆنتڕۆڵکردنی، وەک پەیامێک و ئەرکێکی ئاسمانیی دەزانێت بۆ ئینسان.

ئەو مۆڕاڵیزمە سێکسییەی پاتریارکییەت و ئاین جێیان خستووە هۆکاری ئەو نەفرەت و تووڕەییە زۆرەیە کە کۆمەڵگا لە ئاست کاری فرۆشتنی خزمەتگوزاریی سێکسییدا پیشانی دەدات. ئەو مۆڕالیزمە لەناو زیهنی سەرجەم تاکەکانی ناو تەنانەت کۆمەڵگای ئەم سەردەمەشدا جێی گرتووە. ئەمە تا ئەو ئاستە چووە کە خەڵکانێک کە بە ئایدۆلۆجیا و بە قەناعەت هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕوانگەی کۆنەپارێزانەی ئاینییەوە نییە بۆ سێکس و خۆشەویستیی و تێکەڵبوون، لەپڕ دەبینیت لە سیاقێکدا یان لە ئاست دۆزێکی دیارییکراودا بە هەمان بەهاکانی ئەو ڕوانگە کۆنەپارێزانەیە ئارگیومێنت یان هەڵوێستگیریی دەکات. سەیری، بۆ نموونە، ئێستاش جار هەیە لەناو هەرە زیهنکراوەترین توێژی کۆمەڵگادا وەک جۆرە ئابڕووچوونێک بۆ کەسێک چاو لێدەکرێت ئەگەر پێ بزانرێت کە لە کچێک نزیک بۆتەوە و حەزی ئەوەی پیشان داوە کە بە سێکس پێکەوە بن. نموونەی ئەوە زۆر دەگمەن نییە کە کچێکی زیهنکراوە لەپڕ چاتی کوڕێک بڵاو بکاتەوە و وەک سکانداڵێکی ئەو کوڕە پیشانی بدات و بڵێت خەڵکینە سەیرکەن ئەم کوڕە هەوڵیدا لێم نزیک بێتەوە و وا لێرەدا بەڵگەی ئەو «ناپاکی»یەی بڵاو دەکەمەوە. کوڕەش وەک ئەوەی بەسەر دزییەکەوە گیرابێت، دەبێت تەحەمولی نیگای سەرکۆنەکەرانە و بزەی مەسخەرەکەرانەی خەڵک بکات.

دیارە هەراسانکردن و گوشار بۆهێنان شتێکی ترە، بەڵام ئەوەی کە موبادەرەی سێکس یان تەنانەت خۆشەویستییش وەک کەشفبوونی کارێکی ناپاکانە سەیر دەکرێت، هیچ نییە بەغەیری مانەوەی تەڕەسوباتی کولتووری کۆنەپەرستانەی سێکس-نەفرەتیی لەناو زیهنی تاکە هەرە پێشکەوتووەکانیشدا.

کۆمەڵگای کۆنسەرڤاتیڤ دوای ئەوەی کە بەهاکانی خۆی لەناو زیهنی خەڵکەکەدا ڕەگ پێدادەکوتێت، ئیتر لێدەگەڕێت، تاکەکان خۆیان دەبن بە ڕەقیب بەسەر خۆیانەوە و هەر لادانێکی تاکەکان خۆیان یان کەسانی دەوربەریان لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا بە پێوانەی بەها کۆنسەرڤاتیڤەکان دەپێون. بۆ نموونە، کۆمەڵگا هەر متمانەبەخۆبوونێکی تاک و یاخییبوونی لە کۆمەڵگا ناوی دەنێت «بەرەڵا» یان «بەرەڵایی» و کۆنۆتەیشنێکی نێگەتیڤ لە چەمکەکە بار دەکات و ئیتر کەس نایەوێت وەک بەڕەڵایەک چاوی لێ بکرێت و خۆی دەستی ئازادیی و جورئەتی شەخسیی خۆی دەبەستێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر لە پێرسپێکتیڤێکی دەرەوەی ئەو کولتوورەوە سەیری بکەیت، ئەوا سیفەتی «بەرەڵایی» تاکێک ئەسڵەن دەبێت وەک هەر ئازایەتییەک و متمانەبەخۆبوونێکی تر جێگەی شانازیی بێت بۆی. چەمکەکان ئاوا لەدەست کۆمەڵگا دادەماڵرێن و وەک چەک دژ بە خۆیان بە کار دەهێنرێنەوە. بۆیە کارێکی گرنگ کە بکرێت ئەوەیە وشەی لەدەست کۆنەخوازە دژە ژن و دژە ئازادییە شەخسییەکان وەرگیردرێتەوە و، کۆنۆتەیشنی پۆزەتیڤی پێ بدرێت و بکرێتە سیفەتێکی جێگەی شانازیی.

ئەو کولتووری ناشیرینکردنەی کردەی سێکسە هەر لە سەردەمی داڕشتنی چیرۆکی ئەفسانەیی دەرکردنی ئادەم و حەواوە لە «بەهەشت»خەریکی دانانی کارکردی مونحەریفانەیە لە زیهنی خەڵکدا سەبارەت بە سێکس. ئەو کولتوورە بەوێدا هاتووە کە لە چاخەکانی ناوەڕاستدا کڵێسا سێکسکردنی ژن و مێردی لە ڕۆژە پیرۆزەکانی ئایندا قەدەغە کرد. ئەم بێزراوکردنەی حەزی سێکسیی بە فەلسەفەی قەشە ئاوگوستین بۆ مۆڕاڵی سێکسدا تێپەڕی کە دەیووت سێکس دەبێت تەنها بۆ دروستکردنی منداڵ بێت نەک چێژبینین، وە کەنیسە داوای دەکرد سێکس دەبێت تەنها بە «وەزعییەتی موبەشیر»ەوە بکرێت و بۆ چێژبینین نەبێت.

وەنەبێ ئەم شزوزی بێزراوکردنەی سێکس لەسەردەمی مۆدێرندا کەم کۆمیدیتر و کەم دەبەنگانەتر بێت. چەند ساڵێک پێش ئێستا بوو کە یەکێک لە هەرە «عاقڵ»ەکانی ناو موفتییەکانی دەوڵەتی سەعودییە عەقڵی خۆی گووشی و گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە هەر کورسییەک کە ئافرەتێک لەسەری دانیشتبێت، دەبێت تا پێنج دەقە دوای ئافرەتەکە پیاو لەسەری دانەنیشێت چونکە ئەگەر کەمتر لە پێنج دەقە بێت، ئەوە وەک ئەوە وایە سێکسیان کردبێت.

فرۆشتنی سێکس لەلایەن کەسی بالغ خۆیەوە نابێت لە فرۆشتنی هێزی کار یان فرۆشتنی هەر خزمەتگوزارییەکی تری ئاسایی جێگەی ڕەخنەیەکی زیاتر بێت.

ئەزانم ئەم نموونەیەی ئەخیر نموونەی ئەوەیە کە ئیتر خووی عیففەتخوازیی و بێزراوکردنی سێکسکردن بەبێ زەواج لە مێشکی ئەو موفتییەی سەلەفییەکاندا سەری لە نەخۆشی دەرونیی و دێوانەبوونەوە دەرهێناوە، بەڵام پۆینتی من لێرەدا ئەوەیەکە فرۆشتنی سێکس ئەگەر کارکردی ئەو میراتە کولتوورییە پڕ لە شزوزە نەبوایە، ئاوا بێزراوتر لە فرۆشتنی خزمەتگوزاریی تر سەیر نەدەکرا.

ڕوویەکی تری ئەم دۆزە کە پەیوەنددارە لێرەدا باس بکرێت ئەوەیە کە هۆکارێکی ڕەخنەی خەڵک و کەسانێکی فێمینیست لەو دیاردەی لەشفرۆشییەی لە کوردستاندا هەیە ئەوەیە کە ئەوە بەشێکە لەو گەندەڵییە بەرفراوان و خراپ بەکارهێنانەی دەسەڵاتدارێتییە کە حیزب و بەرپرسان مومارەسەی دەکەن. من دەزانم هەموو بەرپرسە حیزبییەکانی ناو حیزبەکانی کوردستان، لەپای ئەوەی لەم سێ دەیەیەی دواییدا کردوویانە، هەموو شایان بە ڕق و سزای گەورەن، بەڵام لە هەمان کاتدا من پێموایە ئەو جەوی ڕابواردنەی دەستیان داوەتێ، ئەهوەنترینی ئەو گەندەڵیی و ناپاکییانەیە کە لەم سێ دەیەیەدا بە حوکمی دەسەڵاتدارێتیی دەستیان بۆ بردووە. وە بگرە بەشێکی زۆری ئەو ڕابواردن و ڕەفاهییەتە ئیفڕاتییە ژیانی شەخسیی کەسەکانە و سنووربڕییەکی تیا نییە تا جێگەی ڕەخنە بێت.

ئەگەر ڕەخنەی کۆمەڵگا و فێمینیستەکان لە بەرپرسانی حیزبیی و لە دیاردەی لەشفرۆشیی لە سۆنگەی بەها و پرەنسیپەکانی بزووتنەوەی (#MeToo)وەوە بوایە، پۆینتێکی ڕەوایان دەبوو، چونکە ئەوە ڕۆشنە کە بەهۆی جیاوازیی گەورەی دەسەڵاتدارێتیی لەنێوان بەرپرسان و ئەو کچانەدا، ڕەوایە کەسێک گومانی ئەوە بکات کە بەشێک لەو تێکەڵبوونانە جۆرێکن لە دەستدرێژیی بۆ سەریان. بەڵام خاڵی دەستپێکردنی ڕەخنەی کۆمەڵگا و فێمینیستەکان لەو دیاردەیە ئەو ڕەخنەیە نییە کە بزوتنەوەی«می توو» هێنای. بەداخەوە کەمپین و بزوتنەوەی «می توو» بچوکترین شەپۆلی نەگەیشتە کوردستان، ئەگەرچی دیاردەیەک کە ئەو کەمپینە ڕەخنەی کرد زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەرچاوترە تا وڵاتانی ڕۆژئاوا.

ئینسان بەئاگا نەبێت، لە ڕەخنەکردنی ڕەفاهییەتی گەندەڵانەی نوخبەی سیاسییدا، دەبێتە هاوسەنگەر و بەشێک لە خەباتی ئەو کۆنەخوازانە کە خوازیارانی داخرانی کۆمەڵگای کوردیین.

شتێک کە کەسانی فێمینیست و خەباتکاری مافەکانی ژنان گرنگە لێی بەئاگا بن ئەوەیە کە پاڵنەری سەرەکیی ئەو ڕەخنە و تووڕەییەی کە کۆمەڵگا بەرامبەر ئەو ڕەفاهییەتە ئیفڕاتییەی نوخبە سیاسییە گەندەڵەکەی دەکاتەوە، پێش ئەوەی تووڕەیی بێت لە گەندەڵیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، توڕەییە لە کرانەوەی کۆمەڵگا و تووڕەییە لە خودموختاریی کچی کورد بەسەر ژیانی شەخسیی خۆیدا. کۆمەڵگای ترادیشوناڵی کوردیی زیاتر بەمەی دواییان هەستیارترە و، زیاتر خەبات بۆ بەهای کۆنسەرڤاتیڤانە و دژەژن مۆبیلیزەی دەکات تا خەبات بۆ ڕیفۆرمی سیاسیی و گەشەپێدانی دیموکراتییەت. سەیری ئەو کۆمەڵگایە بە هەموو میدیاکانی و، نزیک بە هەموو توێژەکانیەوە پشت دەکەنە ژنێک کە کچانی بۆ بەرپرسان بردووە و بەناوی پاراستنی ئەخلاقەوە دەکەوێتە زیندان و کەسیش داکۆکییەکی لێ ناکات، بەڵام لەبەرامبەردا کەسانێک، بۆ نموونە، نیقابەی ڕۆژنامەنوسییان داناوە و ڕۆژانە ڕۆژنامەنووس دەبەن بۆ بەرپرسان و مەعاشیان بۆ بەدەست دەهێنێت لەبەرامبەر ئاوەدانکردنەوەی تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکانی حیزبدا، بەڵام کەس بە بیریشیدا نایەت بڵێت ئەو کارە بنکۆڵکردنی ئەو ڕۆڵەیە کە میدیا دەتوانێت لە گەشەی دیموکراتییدا بیبینێت. کتێبێک بنووسە و بەبەڵگەوە ئەوە کەشف بکە کە بە چی ئەندازەیەکی خەیاڵیی کۆمەڵێک پیاوی ساختەچیی بە سیفەتی وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکوەزیران و سەرۆک حیزبەوە موڵکی گشتییان ئیختیلاس کردووە، زۆر کەس نابن خوڵقی خوێندنەوەی کتێبەکەیان هەبێت. بەڵام لە کتێبێکدا بڵێ خەڵکینە سەیرکەن ئەم بەرپرسانە ئەم سێکسە و ئەم سێکسەیان کرد، هەموو کۆمەڵگاکە دەهەژێت و وەک چارەسەر، داوای قەلاچۆکردنی کرانەوەی کۆمەڵگا و ئازادیی شەخسیی کچان دەکەن.

ئینسان بەئاگا نەبێت، لە ڕەخنەکردنی ڕەفاهییەتی گەندەڵانەی نوخبەی سیاسییدا، دەبێتە هاوسەنگەر و بەشێک لە خەباتی ئەو کۆنەخوازانە کە خوازیارانی داخرانی کۆمەڵگای کوردیین.

من دەزانم ئەو ڕەفاهییەتەی بەرپرسانی گەندەڵ دەستیان داوەتێ ئەو خەتەرەی هەیە بۆ سەر کۆمەڵگای کوردیی کە کۆنەخوازان بکەونە یەک و بێزراویی و گەندەڵیی و سەرکوتگەریی نوخبەی سیاسیی بکەنە کەرەستەی مۆبیلیزەکردنی ئەو خەڵکەی کە لە هەژاریی و بێکاریی و کەمیی دیموکراتییەت و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بێزارن، وە لە پێناو داخرانی زیاتری کۆمەڵگا و گەڕاندنەوەی ژنان بۆ ناوماڵ، هەموو ئەو ناڕازییانە بکەنە هاوسەنگەری خۆیان. ڕێک ئەمە بوو لە ئێران لە ساڵانی پێش شۆڕشی (١٩٧٩) ڕوویدا و ئیمامە کۆنەپەرستەکان توانییان ڕابواردنی بێ جڵەوی دەسەڵاتی شاهەنشاهیی و کرانەوەی ئیفڕاتیی کۆمەڵگا بکەنە کەرەستەی هەڵخڕانی خەڵک بە دەوری خۆیاندا و، هەر پێش شۆڕش دەسەڵاتدارێتیی و توانای کارکردی سیاسیی لە تەهرانی پایتەختەوە بگوێزنەوە بۆ شاری قوم. ئیخوانییەکانی میسر و داعشەکانی سوریا و هەر بزووتنەوەیەکی ئیسلامیستیی دژەدیموکراتیی تر هەمیشە توڕەیی خەڵک لە گەندەڵیی و سەرکوتگەریی دەسەڵاتداران دەهێننە پشت داخوازییەکانی خۆیان بۆ زیاتر داخراوکردنی کۆمەڵگا و ڕاوەدونانەوەی کچان و ژنان بۆ ماڵەوە.

شتێک کە پەیوەنددارە لەم سیاقەدا ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە بە حوکمی ئەوەی ئەو ڕابوارادن و خۆشگوزەرانییەی نوخبەی دەسەڵات دەستی دەداتێ هەر تەنها بۆ نوخبەکەیە و بۆ هەزاران هەزار گەنج و خەڵکی تر فەراهەم نییە، ئەمە هەستی ئیغتیرابێک لەناو ئەو بێبەشکراوانە لەو کەیف و سەفایە دروست دەکات کە لە درێژەدا دەیانکاتە کەسانێک کە لە داخی دەستڕانەگەیشتنیان بە خۆشییەکانی ئەو کراوەییە، ئاسان دەبن بە داکۆکییکار و جەنگاوەری دڵسۆز لەڕێگای داخستنی کۆمەڵگا و دژایەتیی مەدەنییەتدا. ئەمەیە وا دەکات دژایەتییکەرانی کۆمەڵگای لیبراڵ وا ئاسان پەکیان لەسەر نەبوونی جەنگاوەر نەکەوێت.

پۆینتی من لێرەدا ئەوەیە کە گرنگە فێمینیستەکان و خەڵکانی لایەنگری کرانەوەی کۆمەڵگا، هەم لە دۆزی لەشفرۆشییدا هەم لە دۆزی هاوچەشنی تردا بەئاگا بن لەم هێڵە جیاواز و لێکدرابڕاوانەی کۆنفلیتەکانی ناو کۆمەڵگا، وە لە جیدییەتیاندا لە دژایەتیی گەندەڵیی و سەرکوتگەریی دەسەڵاتداراندا، نەبنە هاوسەنگەری خەباتکارانی کۆنسەرڤاتیڤییەت و ڕێگای داخستنی کۆمەڵگا بەڕووی ژناندا.

پرسیار/ باسی ڕەخنەی فێمینیستەکانت کرد لە دەسەڵات. هەر لەو ڕووەوە پرسیارێک بکەم کە پرسیارێکی هەنووکەییە لە خەباتی فێمینیستییدا لە کوردستان. تێگەیشتنی باو لە فێمینیزم بە گشتیی ئەوەیە کە بزووتنەوەیەکە لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵام لە زۆر لە وڵاتانی تر و لە کوردستانیش، ڕێکخراوی ژنانی سەر بە حیزبی ناو دەسەڵات هەن و، حکومەت بۆردی ژنان و ڕاوێژکاری دۆزی ژنی هەیە. ئایا ئەو ڕێکخراو و دەزگا و شەخسانە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی فێمینیستیی هەرژمار دەکرێن؟ وە ئایا مومکینە لە ڕێگەی ئینتیما بە حیزب یان حکومەتەوە خەباتی ژنان بەرەو پێش ببرێت؟

سیروان عەبدول/ یەکەم شت وەڵامێکی کورت بەو بەشەی پرسیارەکەت بدەمەوە کە ئایا ئەو دەزگا و شەخسانە بەشیکن لە بزوتنەوەی فێمینیستیی یان نا.

لە حاڵەتێکدا کە فێمینیزم و خەباتی فێمینیستیی پێناسەیەکی کۆنکرێت و دیارییکراوی نییە و دەکرێت زۆر بەرتەسک یان بەرفراوان پێناسە بکرێت، من پێم وایە وا دروستە هەر ڕێکخراو و چالاکوانێک کە نییەتی ڕاگەیەندراوی ئەوەیە کە شتێک لەگەڵ دۆزی ژێردەستەیی ژناندا بکات و شتێک لەو خوارییە ڕاست بکاتەوە کە بەر مەبنای جیاوازیی جێندەریی لە کۆمەڵگادا هەیە، وەک بەشدارێک لە خەباتی فێمینیستییدا چاو لێ بکرێت.

ئەوەی کە بۆی هەیە جۆری کارکردنی ئەوان ئەسڵەن لە زیانی ئەو بزووتنەوەیە بکەوێتەوە تا لە قازانجی، ئەوە ئیشکالییەتێکی ترە و پەیوەندیی بەو بەشەی دووەمی پرسیارەکەتەوە هەیە کە سەبارەت بەوەیە ئایا کارکردن لە ڕێگەی حیزب یان حکومەتەوە چەند خەباتێکی کاریگەرە.

لە سیاقی کوردستاندا من پێم وایە کردنی خەباتی فێمینیستیی لەناو ماڵی حیزبێکدا یان لە چوارچێوەی ئۆرگانێکی حکومییدا زیاتر ڕێگریی لەبەردەم بزووتنەوەکەدا دروست دەکات تا ئەوەی ئاسانکاریی بۆ چوونەپێشەوەی بکات.

ئێمە دەبێت هۆشیار بین بەو واقیعەی کە هیچ حیزب و بڕیاربەدەستێکی حکومیی نییە دۆزی ژن هۆکاری دەستبردنی بێت بۆ سیاسەتکردن یان لە دۆزە گرنگەکان بێت بۆی. حیزب و حکومەت لەو پێناوەدا ئامادەیی هەمکاریی لەگەڵ بزووتنەوەی فێمینیستیدا پیشان دەدەن تا مەیدانی ئەو خەباتە بۆ هێزی تر بەجێ نەهێڵن و پێش ئەوانی تر، داگیری بکەن. لەم پرۆسەیەدا زۆرجار حکومەت و حیزب کادرانی زۆر باشی ناو ئەو مەیدانەی کۆمەڵگای مەدەنیی لە ڕێگەی ئیغراکردن بە پۆست و مووچەی زامن و شۆرەت پەیداکردن و بەڵێنی نامولزەمکەرانەی ڕیفۆرمەوە، بۆ خۆی دەدزێت و دەیانکاتە کارمەندێکی حکومیی یان حیزبیی. ئەو کەسانە بەو شێوەیە ئیتر دەکەونە ئەو حیرەتەوە کە هەر کاتێک بیر لەوە بکەنەوە ناڕەزایی دەرببڕن لەوەی کە حکومەت بەڵێنەکانی نەبردە سەر یان سیاسەتێکی دژەژنی گردۆتە بەر، دەبێت بیر لەوەش بکەنەوە کە ئەو ئیعتیرازەیان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو هەموو ئیمتیازاتانە لەدەست بدەن کە پێیان دراوە و حکومەت پشتیان تێدەکات. سروشتی ئینسان وایە کە کەم کەس ئەم بەدەیلەی ئەخیر هەڵدەبژێرێت.

ئەوەی کە ڕوودەدات لە درێژەدا ئەوەیە کە ئەو کادیرانە دەبنە ئامرازی پاراستنی حکومەت لە ڕەخنەی ڕەوای بزوتنەوەی فێمینیستیی ناو فەزای گشتیی دابڕاو لە حیزب و حکومەت. حکومەت خۆی بەوە دەڕازێنێتەوە کە بۆردێکی کاروباری ژنانی هەیە. جگە لەوە بە چەندین ساڵ ناچیت بەلای ئەوەدا شتێک لەو دۆزەخە بگۆڕێت کە بۆ کچان و ژنان لەناو چواردیواری ماڵەکاندا ساز دراوە.

پۆینتەکە ئەوەیە کە حکومەت یان حیزب ئەو کادیرانە لە فەزای گشتیی دەدزێت و دەیانکاتە کارمەندی خۆی. ئەو کەسانەش خۆیان ئارەزوومەندانە هەردوو دەستی خۆیان ڕادەگرن تا کەلەپچەیەیان بخرێتە دەست. بەشێکیان ئیتر مەیدانەکە تەواو لە خۆیان بەرتەسک دەکەنەوە و خۆیان ڕووگیری موجامەلە و ڕەفاقەتی سەرۆکوەزیرانێکی بێباک و کەمتەرخەم یان سەرۆکحیزبێکی حەساس بە فێمینیزم دەکەن. وە هەندێکیشیان دەست بۆ ئینتیهازییەتێکی خۆپەرستانەی وا دەبەن کە چاو لە قەبارەی گەورەی ژیانی تراجیدیی کچان و ژنانی کوردستان دەپۆشن و بەو ڕیفۆرمە فۆرماڵیتانەدا هەڵدەدەن کە حکومەت چەند ساڵ جارێک لەسەر کاغەز دەینووسێتەوە و دواتر دەیانسپێرێت بە تۆز و خۆڵی سەر ڕەفەکان.

بە مانایەکی تر، کەسێک دەتوانێت بڵێت ئەو جۆرە هەمکارییە لەنێوان کادیرانی فێمینیستیی و دەسەڵاتدارانی سیاسییدا لە زۆربەی جارەکاندا بەوە تەواو دەبێت کە حکومەت و سیاسەتمەداران و حیزب دەتبەنە پەنادەستی خۆیان و، لەوێ لە جیاتیی ئەوەی کاری خۆتت بۆ بکەن وەک فێمینیستێک کە لە خەمی دۆزی ژناندایت، کاری خۆیانت پێ دەکەن وەک سیاسەتمەدارانێک کە لە خەمی کۆکردنەوەی شەرعییەتدان بۆ خۆیان. تۆش دەکەویتە حاڵەتێکەوە کە ئاسان ناچیت موجامەلەی ڕەفیقانە بشکێنیت و پێداگریی بکەیت و ڕەخنە بکەیت و باکیشت بەوە نەبێت ڕیسکی ئەوە دەکەیت چەندین ئیمتیاز و وەزیفەی باشت لەدەست بچێت.

تۆ سەیری، کاتێک حیزبە نائیسلامییەکان لە کاتی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی دەستوردا دەڕۆنە پشت ئەوەی سەوابتەکانی ئاینی ئیسلام، (بۆ نمونە: نیو میرات و نەبوونی مافی تەڵاق)، سەوابتی ئیدارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بێت، هیچ حاڵەتێکی وا ڕوونادات کە فێمینیستەکانی ناو ڕێکخراوە ژنانییەکانی ئەو حیزبانە ئیستیقالە بدەن، یان سەنگەر لە حیزبی خۆیان بگرن. لەبەرامبەردا، سەیری حکومەتی هەرێم کە سی ساڵە زۆر بێ ئابڕووانە دۆزی کارەساتباری ژێردەستەیی کچان و ژنانی کوردستانی پشت گوێ خستووە، لە چەندین بۆنەدا ڕوودەدات، کەسێک کە پۆستێکی بەرزی لەناو بۆردێکی حکومییدا بۆ کاروباری ژنان پێدراوە، دادەنیشێت بە شانوباڵی سەرۆکوەزیرانی ئەو حکومەتەدا هەڵدەدات و ستایشی جیدییەت و دڵسۆزیی و دەستکەوتەکانی مەزنەکانی دەکات بۆ دۆزی ژنان.

من لە پرەنسیپدا و بە شێوەیەکی گشتیی دژ بەوە نیم کەسانی فێمینیست تەنسیقی کار لەگەڵ حیزب و بڕیاربەدەستانی حکومییدا بکەن و دیالۆگیان لەگەڵیاندا هەبێت، بەڵام گرنگە ئەو کەسانەی ئەو کۆنتاکتە دەکەن بڕبڕەپشتێکی تۆکمەیان هەبێت و زوو نەنوشتێنەوە، وە گرنگە خاوەن ئینتیگریتییەکی تۆکمە بن کە ڕووگیری ڕەفاقەت و موجامەلە نەبن و بوێرن ڕەفزی هەر شتێک بکەن کە هەوڵ بێت بۆ بەکارهێنانی ناوی ئەوان بۆ قازانجی سیاسیی سیاسەتمەداران. بێگومان قورس نییە کەسێک ئەوە ببینێت کە لە سیاقی کوردستاندا حیزب و حکومەت و نوخبەی سیاسیی ئامادە نین مامەڵەی ئاوا نزیک لەگەڵ کەسانێکدا بکەن کە پێداگریی لەسەر ئینتیگریتیی خۆیان بکەن و ئامادە نەبن چەند گوشاریان بۆ بهینرێت بنوشتێنەوە.

لێرەوەیە من پێم وایە کاراترین فۆرمی کار ئەوەیە بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ هەبێت لە ڕێگەی چالاکیی دروستکردنی لۆبییەوە کارکرد لەسەر سیاسەتی حکومیی دابنێت و لەناو کۆمەلگای مەدەنییدا چالاک بێت. لەم فۆرمەدا هی کێشەیەک نابێت تەنسیقی کار و پرۆژەی هاوبەشت لەگەڵ سیاسەتکاران و دەزگای حکومییدا هەبێت، بەڵام بەو مەرجەی هەمکارییەک بێت لە جۆری ئاد-هۆک (Ad-Hoc)، واتە هەمکاریی بێت بەدەوری ئامانجێکی کۆنکرێتدا کە دوای تەواوبوونی کارەکە، هەرکەس وەک سەربەخۆیەک دەچێتەوە ناو ماڵ و بارەگای خۆی. لە مێژووی فێمینیزم لە ڕۆژئاواشدا خەباتی ژنان ئەم دوو-مەیدانییەی هەر هەبووە. سەیری مێژووی بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنان بکە لە هەڵبژاردنەکاندا. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا سەفرەجیستەکان (Suffragists) ماوەیەکی زۆر هەوڵیاندا لە ڕێگەی کەناڵی ڕەسمییەوە و بە هێمنیی دەنگدانی ژنان فەرز بکەن، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا سەفرەگێتتەکان (Suffragettes) سەریان هەڵدا و بزووتنەوەیەکی تووڕەتر و جەنگاوەرانەتریان لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا سەرپێ خست و دۆزەکەیان بە جۆرێک خستنە سەر ئەجێندای ڕۆژ کە سیاسەتمەداران لە درێژەدا بینییان لە قازانجیانە بچنە ژێرباری داواکارییەکەیانەوە.

من پێشتر وتم کە بزووتنەوەی خەبات بۆ دۆزی ژنان لە کوردستاندا نەبۆتە بزووتنەوەیەکی فێمینیستیی لەناو خەڵکە عاممەکەدا (A grassroots movement). دەبێت هیوا بخوازین و کار بەو ئاراستەیەدا بکەین کە قوربانییە هەرە زەربەخواردووەکانی نایەکسانیی، ئەوانەی ڕۆژانە لەناو خێزان و لە دەرەوەی ماڵدا قیمەتی ئینسانییان پشتگوێ دەخرێت و لەژێر ئیهانەدا دەژین، بێن لە بزووتنەوەیەکدا، لەگەڵ هەموو ئەو ژن و پیاوانەدا کە لایەنگری یەکسانیی جێندەریین و ئامادەن کاری بۆ بکەن، دژ بەو ناڕێکییانە خۆیان ڕێک بخەن. لە حاڵەتێکی وادا، هەم لەناو کۆمەڵگادا گوشارێک بۆ سەر بەهای کۆنسەرڤاتیڤانە و دژەژن دروست دەبێت، هەمیش خواستە سیاسییە فێمینیستییەکان بەختێکی زۆرتریان دەبێت بتوانن ڕیفۆرمی سیاسیی لە قازانجی دۆزی ژنان فەرز بکەن.

پرسیار/ پرسیارێک سەبارەت بەشداریی پیاو لە دۆزی ژناندا بکەم. وەک چۆن ئەگەر ئێستا من بڵێم کە هاتم بۆ ئێرە لە ڕێگە شۆفێری لۆرییەکم بینی، تۆ یەکسەر پیاوێکت بە خەیاڵدا دێت، ئاواش ئەگەر بڵێم لە قاوەخانەکە فێمینیستێکم بینی، بێگومان یەکسەر کچێکت بە خەیاڵدا دێت. ئەمە ئاکامی دەگمەنی ئامادەیی پیاوە لە مەیدانی خەباتی ژناندا. هەندێک لە پیاوان خۆیان بە لایەنگری دۆزی ژنان دەزانن بەڵام دەڵێن قسەکردنی ئێمە لەو دۆزەدا وەک ئەوە وایە ئێمەی پیاو لە جیاتی ژنان قسە بکەین و خۆمان بکەینە دەمڕاستیان. دەڵێن ژنان خۆیان دەبێت خۆیان ڕزگار بکەن و ئێمە پاڵپشت دەبین. ئایا تۆ ڕات چییە لەسەر ئەو ڕوانگەیە بۆ دۆزی ژن و بەشداریی پیاو تیایدا؟

سیروان عەبدول./ وایە ئەو ئارگیومێنتە کە گوایە پیاوان دەبێت لێگەڕێن ژنان خۆیان قسە بکەن و نەبنە دەمڕاستیان، ئارگیومینتێکە زۆر دووبارە دەکرێتەوە، بەڵام ڕاستت دەوێت من تا ئێستا تەواو تێنەگەیشتووم ئەو قسەیە مانای چی. ئەگەر کەسێک ڕاستگۆیانە پێیوایە ژێردەستەیی ژنان ناحەقیی و خوارییەکە لە کۆمەڵگادا و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، وە لە ڕاستای ڕاستکردنەوەی ئەو خوارییەدا قسەیەکی «خێر»ی پێ دەکرێت، من تێناگەم بۆچی نایکات.

من پێم وایە سەرڕاستانەتر دەبێت ئینسان بڵێت: سەر لە دۆزی ژنان دەرناکەم و بواری پسپۆڕیی من نییە بۆیە ناتوانم قسەی تیا بکەم، یان: کاتی ئەوەم نییە لەو بوارەدا بەشدارییەک بکەم، یان: دۆزی ژنان لە ناوەندی ڕۆشنبیرییدا وەک چالاکوانیی و وەک کاری فیکریی «ڵایت» سەیر دەکرێت نەک وەک فیکریی قورس و جیددی، بۆیە پێم خۆش نییە وا بێمە بەرچاو و لەبەر ئەوە بەشدار نابم، یان تەنانەت: دۆزی ژنان لە ئیحساسم بە هەیبەتی پیاوەتییم دەدات و بەلامەوە دۆزێکە بۆ ژنان بۆیە تیا بەشدار نابم.

سەرڕاستانەتر دەبێت وا بڵێن چونکە من پێم وایە هەر یەکێك لە ئێمەی پیاوان ئەگەر ئیدیعای ئەوە بکەین کە کە دۆزی نایەکسانیی و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بۆ ژیانی کچان و ژنانمان بەلاوە گرنگە و لایەنگری یەکسانیین، ئەوا بەشدارنەبوونمان دەبێت یەکێک لەو چەند هۆکارەی سەرەوەی هەبێت. ئاخر دۆزی ژنان ئەگەر دۆزێکی ڕەوایە، ئەوە لەبەر ئەوە نییە ڕەوایە کە ژنان خۆیان هاتوونەتە مەیدان و دەڵێن دروست نییە ئێمە بچەوسێنرێینەوە. دۆزی ژنان هیچ لە ڕەواییەکەی کەم نابێتەوە تەنانەت ئەگەر هەموو ژنان خۆشیان یەک بگرن و بڵێن نا، ناڕەوا نییە ئێمە بچەوسێینەوە و ئێمە موستەحەقین.

خەباتی فێمینستیی ئەوەندەی ئەرکی پیاوێکە کە سەرڕاستانە باوەڕی بە یەکسانیی جێندەریی هەیە، بە هیچ شێوەیەک ئەرکی ژنێکی سەرکوتکراو و چەوساوە نییە کە پێی وایە سەرکوتکراویی و چەوساوەیی ئەو کارێکی نۆرماڵ یان کارێکی ڕەوایە.

پرسیارێکی ڕێتۆریکیی بۆ ڕۆشکردنەوەی پۆینتەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوانەی دەڵێن با ژنان «خۆیان» خەبات بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ناحەقییە بکەن کە لە کۆمەڵگای نایەکساندا دژ بە ژنان هەیە، ئایا چەوسانەوەی ژنان ئیتر بە ناحەقیی نازانن ئەگەر بێتو ژنان خۆیان نەیانەوێت یان نەتوانن خەبات بۆ دەربازبوون لەو چەوساندنەوەیە بکەن؟ ئایا ئەگەر ژنێک لەلایەن پیاوێکی ئیغتیسابکەرەوە ماوەیەک لە ژوورێکدا زیندان بکرێت، وە ژنەکە لەو ماوەیەدا تووشی «سیندرۆمی ستۆکهۆڵم» بێت و خۆشەویستیی بۆ پیاوەکە دروست بێت و نەیەوێت لەو زیندانە دەرچێت، ئایا لەو حاڵەتەدا مادام ژنەکە «خۆی» نایکات و نایەوێت، ئیتر ئێمە لە ڕزگارکردنی ئەو ژنەدا هیچ ئەرکێکمان لەسەر نییە و دۆزەکە ڕەوایی لەدەست دەدات؟

دۆزی ژنان دۆزێکە بۆ هەموو کۆمەڵگا، نەک تەنها بۆ ژن، گرفتێکە بۆ هەموو کەسێک کە یەکسانییخوازە. خەباتی فێمینستیی ئەوەندەی ئەرکی پیاوێکە کە سەرڕاستانە باوەڕی بە یەکسانیی جێندەریی هەیە، بە هیچ شێوەیەک ئەرکی ژنێکی سەرکوتکراو و چەوساوە نییە کە پێی وایە سەرکوتکراویی و چەوساوەیی ئەو کارێکی نۆرماڵ یان کارێکی ڕەوایە.

ئەوانەی دەڵێن دۆزەکە دۆزی ژنان «خۆیان»ە، بەو قسەیە ئاشکرای دەکەن کە هەر بە ڕووکەش ئیدیعاکەری لایەنگریی یەکسانیی جێندەریین، ئەگینا لە ڕاستییدا ئەوەندە نایەکسانیی جێندەریی بەلایانەوە دۆزێکی بێئەهەمییەتە کە ئەو کەمۆکەی لێ تێنەگەیشتوون بتوانن ئەو نەواتە هیومانیستییەی ناوی ببینن و وا نەزانن دۆزەکە تەنها دۆزی قوربانییەکان خۆیانە.

شتێک کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی ئەو ڕایەیان هەیە، زۆرجار ئەوان ئەو تۆمەتە دەخەنە پاڵ ئەو پیاوانەی بەشدارن لە خەباتی فێمینستییدا و دەڵێن هەر تەنها بە ئایدۆلۆجیا لایەنگری مافی ژنانن نەک بە باوەڕ و تێگەیشتنی ڕاستەقینەوە. دۆستێکم ماوەیەک بەر لە ئێستا لینکی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیی ڕۆشنبیرێکی کوردی بۆ ناردم کە هەوڵی خۆپەڕاندنەوە لە پرسیاری «بۆچی قسەت لە دۆزی ژناندا نەکردووە» تا ئەو شوێنە دەبات کە دەڵێت زۆربەی ئەو پیاوانەی بەشداریی لە خەباتی یەکسانیی ژناندا دەکەن، لە پێناو دەسخستنی سێکسدا دەیکەن.

دیارە ئەوەی پێت وابێت پیاوان دەبێت لە دۆزی ژنان گەڕێین بۆ ژنان خۆیان و، هەر پیاوێکیش خۆی تیا هەڵبقورتێنێت ئەوە لە پێناو دەستخستنی سێکسدا دەیکات، ئەوە قسەیەکی تەواو ڤۆڵگارانە و بێشەرمانەیە کە ئینسان چاوەڕوانیی هەیە تەنها لە دەمی ئەو سەلەفیی و بانگخوازە ئیسلامییە کۆنەپەرستانە بیبیستێت کە لە پێناو دژایەتییکردنی هاتنەدەرەوەی ژنان و گەشەی فێمینیزمدا هیچ ویقارێک بە قسەکردنی خۆیان ناهێڵن. دواتر ئەوەی پێتوابێت ئەگەر کوڕێک بە تاکتیکێک دڵی کچێک بباتەوە و با ئارەزووی خۆیان پێکەوە بن، ئەوە کارێکی ناپاکانەی کوڕەکەیە، ڕوانگەیەکی وا ڕێک ئەو بە بێزراوکردنەی حەزی سێکسییە کە لەسەر پایەی ئەو ڕوانگە کۆنەپەرستانەیە بۆ ژن دامەزراوە کە پێی وایە لە پەیوەندیی سێکسییدا ژن کاڵایەکە دەخورێت و هەر کاتێک ڕوویدا پیاوەکە بە تەنیا قازانجەکەرە تیایدا.

لەم نموونانەدایە کە دەبینیت ڕوانگەی کۆنەپەرستانە بۆ ژن و هەوڵی کۆمەڵگا بۆ ڕاگرتنی کۆنتڕۆڵ بەسەر کائینی ژندا چۆن وەک بەها لە لاشعوری پیاوانی ئیدیعاکەری لایەنگریی دۆزی ژنانیش جێی گرتووە. ئەمەیە ڕێگریی لە بەشداریی پیاوان لە خەباتی فێمینیستییدا دەکات.

ساڵانێک پێش ئێستا هەوڵ درا تاوانی گەورەی خەتەنەکردنی کچان ببرێتە پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی یاسادان کارێکی لەبەرامبەردا بکات. زۆربەی پەرلەمانتارە پیاوەکان لە خۆیان نەگرت و ئاشکراش بەیانیان کرد کە لە خۆیان ناگرن وەک پیاوێک لە دۆزێکی وادا قسە بکەن. بەڵێ، ئەو هەستی غرورەی بە پیاوەتییەوە لە زیهنی پیاواندا دروست کراوە، دەتوانێت ئەوەندە ڕێگر بێت لەبەردەم بەشداریی پیاوان لە دۆزی ژناندا کە ئەو پیاوانە پێیان ڕەواترە جەستە و دەروونی کچان لە ڕێگەی خەتەنەوە بۆ هەموو ژیانیان بریندار بکرێت، تا ئەوەی غروری پیاوانەی ئەوان بڕووشێت.