تکنۆلۆژیی ژێنێتیک، تکنۆلۆژیی زانیارییەکان و ئەدەبیات
تکنۆلۆژیی هەر سەردەمێک تایبەتمەندیی جۆرە ئیمپراتۆرێکی هەیە. ئەو ئیمپراتۆرییە نەبەدییە، بەڵام کاریگەری و تەنانەت هێژمۆنییەکەی لەسەر ژیانمان -بێ ئەوەی پێی بزانین- بڕاوەتەوە و یەکجارەکییە. ئێمەی نووسەر کە وەفامان بۆ نەریتە مرۆڤدۆستییەکان هەیە و هێندەی بۆمان بلوێ لە سنوورە زانستییەکان دەڕەڤین، دەبێ ئەوە بپەژرێنین کە تکنۆلۆژی بە شێوەی هێزەکی خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆر گەورەیە.
خۆ هەر پەژراندنیش کیفایەت نییە. ئەو دەمەی لایەنی گوماناوی و جێی تێڕامانی تکنۆلۆژی بەدیار دەکەون، نووسەر دەبێ بوێریی ئەوەی هەبێت کە بە پاڵپشتیی بنەما مرۆڤدۆستییەکان ڕەخنە بگرێت و ناڕەزایەتی دەرببڕێت.
زانست لە بنەڕەتیترین بنەماکاندا دەمانخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، چونکە شێوەی بیرکردنەوەمان دیاری دەکات. کە زانستمەندێکی وەکوو کۆپرنیک ئایدیایەکی نوێی زانستی دێنێتە ئاراوە، بە تێپەڕبوونی زەمان شۆڕشێکی کۆپرنیکی لە فەرهەنگدا ڕوو دەدات. ئەو دەمەی شێوەی بیرکردنەوە بگۆڕێت، زمان و شێوەی نووسینیش گۆڕانی بەسەردا دێت. مۆدێلە زانستییەکانی سەدەکانی نۆزدە و بیست گرینگترین ستراتیژییە ئەدەبییەکانیان خستە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە. زانستی نوێ بە شێوەی تەکنیکێکی دیار ئاشکرا دەبێت و تەکنیکیش بە دزەکردنە نێو گۆڕەپانی ئەدەبیاتەوە، نەک هەر نێوەرۆک، بگرە فۆرمەکەیشی دەگۆڕێت. دیتنی ئەوە دژوارە کە ڕێگای ئاسن، ئەلەکتریک. تەلەفۆن، فڕۆکە، وێنەگرتن بە تیشکی ئیکس و فیلمی بێدەنگ چۆن کاریگەرییان لەسەر پێشەنگەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن؛ وەکوو مارسڵ پرۆست، جێیمز جۆیس و جۆن دۆس پاسۆس داناوە. مۆدێلە زانستییەکان دەبنە کاتالیزۆری هزرە ئەدەبییەکان.
لە ئاستانەی هەزارەی نوێدا پێم باشە باسی دوو تکنۆلۆژی بکەم کە لە بانەڕۆژدا گرینگایەتییەکی زۆر پەیدا دەکەن. هەردووکیان پێشتر بە شێوەی ئاوەلمەیی هەبوون، بەڵام لە دەیەی ١٩٧٠دا هێندە بەلەز فراژی بوون کە لە چاوەڕوانیی کەسدا نەبوو. مەبەستم تکنۆلۆژیی مایکرۆبیۆلۆژی و تکنۆلۆژیی دیجیتاڵە و، بە هەڵپەوە گوێقوڵاغم کە چ شێوەبیرکردنەوەیەک، یان وردتر بێژم، کێهە جیهانبینی و چ وێنەیەکی مرۆڤ لەو تکنۆلۆژییەدا نهێنە. چ شتانێک نووسەر شەیدا و شۆپاژۆی خۆیان دەکەن و چ شتانێکیش دەکارن جێی تێڕامان بن.
بەگوێرەی باو، لە نێوان تکنۆلۆژیی زاڵ بەسەر هەر سەردەمێک و خواستنی بنەڕەتیی ئەو سەردەمەدا پێوەندییەک هەیە. مەبەستم لە خواستنی بنەڕەتی، ئەو خواستنەیە کە چرکە دیارەکانی ئەو سەردەمە فەرهەنگییە لە خۆیدا چڕ دەکاتەوە. لە سەردەمی کەوناردا ”کر” خواستنێکی لەو جۆرە بووە. لە خۆوە نییە وشەی ئینگلیزیی ‘’Text’’ لە کرداری ”تەنین و چنین” وەرگیراوە. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا ”شار” بوو بە خواستنێکی لەو جۆرە. ئێستاش لە سۆنگەی تکنۆلۆژیی دیجیتاڵەوە دەشێ بێژین خواستنی هەرەدیار، تۆڕی ئینتەرنێت (Net)ە. لەوانەیە وشەی نێت لە سەدەی بیست و یەکەمدا هەمان ڕۆڵ بگێڕێت کە وشەی ئەتۆم لە سەدەی بیستدا گێڕای.
دەرباری ئەو دوو تکنۆلۆژییەی ناومان هێنان، دەتوانین باسی تۆڕی کرۆمۆزۆم و تۆڕی زانیاری بکەین. ئەم جووتە تۆڕە کەرەستەیەکن بۆ هەڵنانی زانینێکی نوێ سەبارەت بە مرۆڤ و جیهان. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بڕوانین، لەوانەیە هەر ئەم تۆڕانە وەکوو پەردەیەک، یان وەکوو چاویلکەیەک بەرچاومان بگرن، ئیتر کە ویستمان بەدوای زانینێکی نوێدا بگەڕێین، ئەوان دیاریی دەکەن، دەبێ چی و چۆن ببینین.
تکنۆلۆژیی دیجیتاڵ Bit و Bit1 وەکوو تۆڕێکی جیهانگیر تێک دەتەنێت و کەشی سایبێری/ فەزای مەجازی (Cyberspace)بەدی دێنێت. تکنۆلۆژیی ژێنێتیکی لە جووتە جووتەی مۆلۆکۆلە بیۆکیمیاییە بنەڕەتییەکان تۆڕێکی بیۆلۆژیک دەتەنێت کە هەمان یەکەی بنەڕەتیی بۆماوەییی مرۆڤە. ئەم دوو تکنۆلۆژییە، یەکیان دەخوازێت دنیایەکی نوێ بەدی بێنێت و ئەوی دیش دەیەوێت مرۆڤێکی نوێ بئافرێنێت.
تکنۆلۆژیی ژێنێتیکی
مەبەستم لە تکنۆلۆژیی ژێنێتیکی، ئەو تکنیکەیە کە بوارمان دەدات ”ژێن” لە ئۆرگانیزمە جۆراوجۆرەکان جودا بکەینەوە و دەستیان تێ وەردەین و لە بەریان بگرینەوە و تێکەڵیان بکەین. یەکێک لە بەرزەفڕانەترین بەرنامەکانی سەردەمی ئێمە پڕۆژەی genome project humanــە. مەبەستی ئەم پڕۆژەیە ئەو سێ ملیارد یەکەیەی ژیانە کە وا دیارە مۆلۆکۆلە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ (DNA)، یان ”ژێن”ـەکان پێک دەهێنن. بە زمانێکی دیکە، ئامانجی ئەم بەرنامەیە دۆزینەوەی یەکەم خشتەکان و دیاریکردنی زنجیرەی پلەبەندی و دوابەدوایی و تەرتیبی ئەو خشتانە (گنۆمەکان) لە پێکهاتەی بۆماوەییی مرۆڤدایە. دەڵێن لە چەند ساڵی ئایندەدا ٨٠١٠٠٠٠٠ ژێنی جودا جودا دەدۆزرێنەوە.
ئەوەی کە ئەندازیارانی ژێنێتیک بەئاسانی وشەگەلی وەکوو “پیتەکان”، ”وشەکان” و ”ڕێزمان” لەکار دەکەن، ئەم بابەتە بۆ نووسەر گۆڕەپانێکی زۆر سرنجڕاکێشە. بەڕواڵەت کۆمەڵەی ژێنێک وەکوو زمانی نووسین وایە کە تەنیا لە چوار پیت پێک دێت: A.C.G.T. پاشان بەم ئەلفبێیەی DNA کۆمەڵێک وشە ساز کران (ئەو سێ پیتەی کلیلی دانانی کۆدن). سەرەنجام ئەگەر وشەکان بە درووستی بێژە بکرێن، بە یارمەتیی یەک ملیارد پیت، چیرۆکی مرۆڤ دەنووسرێتەوە.
گەڕان بەدوای ڕیز و دوابەدواییی ڕێک وڕاستدا کۆنجکۆڵیم دەجووڵێنێت. ئەم گەڕانە ئەو کێشانەم بیر دێنێتەوە کە لە کاتی نووسیندا دەستەویەخەیان دەبم. لە کاتێکدا کە بیۆلۆژی بە ژێنەکان کار دەکات، منی نووسەریش بە کورتەچیرۆکەکان کار دەکەم. من بە جۆرێک وێڵی ئەو چیرۆکانەم کە باسی دەزگای بۆماوەییی مرۆڤیان تێدایە و بە هیچ شێوەیەک چۆنایەتیی ڕیزکردنی ئەو چیرۆکانە بە لامەوە یەکسان نییە. لە کاتێکدا کە خوێنەر بەشێکیانی پێ بێواتایە، لەوانەیە بەشێکی دیکەیانی پێ ڕووداوی زۆر تەکاندەر بێت، ئەوەی کە یۆنانییەکان پێیان دەگوت ”پاکبوونەوە” (Katharsis).
لەلایەکی دیکەوە من زۆر نیگەرانم. تکنۆلۆژیی ژێنێتیکیش وەکوو هەر زانستێکی دیکە، چیرۆکێک دەربارەی مرۆڤ دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەو چیرۆکە زۆر سنووردارە. بناغەی ئەو تکنۆلۆژییە لەسەر داشکاندن و کەمکردنەوە (Reduktion) هەڵچنراوە. ئاواتی ئەوەی کە ڕێ دەرکەینە نێو گۆڕەپانی دەستکاریی ژێنەکانەوە، ئەو خاڵەی لێ دەکەوێتەوە کە ئێمەی مرۆڤ شتێکی لە مەکینەی ئۆرگانیک زیاتر نین کە بەو تکنۆلۆژییە نوێیە دەکرێ چاک بکرێتەوە. کە دەچینە پێشترەوە زاراوەیەکمان دێتە بەردەم وەکوو ”تەندروستیی ڕەگەزی” و بانەڕۆژێکی وا کە ڕەنگە بتوانین منداڵەکانمان بەو ژێنانەوە بێنینە دنیاوە کە دڵمان دەخوازێت. با کورتی ببڕینەوە: خولیای ئافراندنی مرۆڤی کامڵ. ئەم خولیایە، خولیایەکە ساڵانی ڕابردوو زۆرمان لەبارەیەوە بیستووە، ئەو خولیایەی بووەتە ئاواتی ملیۆنان مرۆڤ.
تکنۆلۆژیی زانیارییەکان
بنەمای پیشەسازیی دیجیتاڵیش وەکوو مایکرۆبیۆلۆژی لەسەر ئەو بناغەیە دانراوە کە دەستکاریی پاژە بچووکەکانی (Bit) بکەین. سەرباری پێشکەوتنی کۆمپیوتەر و Hypertext و BBS(Bulletin Board Systems)، هیچکەس -تەنانەت دە ساڵ پێش ئێستا- نەیدەتوانی ئەو شتە پێشبینی بکات کە ئەمڕڕۆ پێی دەڵێین ئینتەرنێت.
من وەکوو نووسەر لەو شتەیدا کە پێی دەگوترێت ”کۆمەڵگەی زانیاری”، توخمی زۆر ئەرێنی دەبینم. لە سەردەمی ئێمەدا کە زۆر چین و توێژی بەربڵاو پێکەوە لە پێوەندیدان، وشە بووەتە کاڵایەک کە لەگەڵ ڕابردوو جودایە. وشەکان تا ڕادەیەکی زۆر بوونەتە ماددەی خاو؛ وەکوو ئاسن، دار، بەرد. پرێستیژ و جێمتمانەییی نووسەر زۆر لە ڕابردوو پترە. بوردومانی ڕۆژانە بە زانیارییەکان و وردەزانین ئەو دەرفەتەم پێ دەدات کە دەقی وا بنووسم، پانایی و داپەستراویی پاژەکانی زۆر لە هی ڕابردوو پتر بێت -نەک هەر لەبەر فاکتەکان، بەڵکە بەهۆی زۆر کەرەستەی کاریگەری ئەدەبییەوە. لەوەیڕا کە زانیارییەکان لە کۆمەڵگەدا هۆکاری سەرەکیی بەرهەمهێنانی بەهان، دەکرێ لە دابینکردنی بانەڕۆژێکی ڕووناک بۆ کتێب ئەرخەیان بین. ئەو هزر و ئایدیا و چیرۆکانەی لە کتێبە ئەدەبییەکاندا جێ دەگرن، کتوپڕ بەهای زێڕ پەیدا دەکەن.
یەکێک لە درەوشانەوە بەپێزەکانی تۆڕی نێت لە سیستمی Hypertextدا ئەوەیە کە گۆڕەپانێکی بەرینە و هەموو دەقەکان پێک دەبەستێتەوە و پێوەندییان پێکەوە گرێ دەدات. هەر دەقێک لە ئاستی جودا و بە تەرتیبی جۆراوجۆر لەگەڵ دەقەکانی دیکە پێوەندیی هەیە. نێت ئەو دەرفەتەمان پێ دەبەخشێت کە دەقەکان پارچە پارچە بکەین و لەو پارچانەی کە بەتەواوی لێک جودان دەقێکی نوێ دابهێنین. تەنانەت زنجیرەی وەبیرهێنانەوە پەراکەندە و زۆر ناسک و دوانەبڕاوەکەی مارسڵ پرۆست لە بەراورد بەو ئیمکاناتەی تۆڕی نێت دەیخاتە بەردەستمانەوە، درەوشانەوەیەکی ئەوتۆی نییە. تۆڕی نێت پێمان نیشان دەدات کە پێوەندیی شتەکان بە یەکەوە زۆر لە خودی شتەکان گرینگترە. ئەو دەرفەتانە نووسەر ڕادێنن بەوەی دەقی نوێ بئافرێنێت.
لەو چیرۆکەدا کە تکنۆلۆژیی IT دەیگێڕێتەوە، گۆیا مرۆڤ بوونەوەرێکی وایە کە گەلێک پێویستیی بە زانیاری هەیە. پێش هەموو شتێک ئاژەڵێکە بەردەوام بەدوای زانیندا مڵومۆیەتی، هەبوویەکی وایە کە پێویستییەکی دوانەبڕاوی بە تێکەڵی و زانیاری هەیە. ڕەخنەی من لەو تکنۆلۆژییە سرنجنەدانی بەگوتەزای ڕێژەییبوونە. ئەم تکنۆلۆژییە لە زانیاریدا نوقممان دەکات بەبێ ئەوەی هاوڕیزی و لێکنەچووییی تێدا بەستە بێت. لە wwwدا هەموو شتێک یەکدەست و لەپاڵ یەکدییەوە جێیان گرتووە.
پێکهاتەی ئەم تکنۆلۆژییە -کە وەکوو هەموو پێکهاتەیەکی سیستماتیک پێی وایە زۆر پتەوە و گومانی تێ ناچێت- ئەو عەیبەی هەیە کە پلە و بابەتێکی نێوەندیی تێدا نییە. هەموو زانیارییەکانی گرینگ، بەڵام یەکسانن. بابەتی سواو و زانیارییە بنەڕەتییەکان لە تەنیشت یەکەوەن. جاری وایە مرۆڤ وا بیر دەکاتەوە کە لەنێو حەسارێکی پڕ لە بابەتی سواو و بێکەڵکدا زیندانی کراوە. وێ دەچێت هەڵاواردنی ڕاست و درۆ، یان ڕووداوی گرینگ لە دەنگۆ مومکین نەبێت، وەکوو The truth is out there لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی Xfilesدا، بەڵام کاتێک کە تۆ نازانی لەسەر ”ئۆتۆبانی بانەڕۆژ”ی، یان لەنێو سیستمێکی ئاوەڕۆی پڕ لە دەنگۆ و درۆدا گیرت خواردووە، دۆزینەوەی ڕاستی زۆر دژوارە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە پڕانی و فرەییی زانیارییەکان بووە بە شێوەیەکی نوێی نەزانی.
ئەو تۆڕی نێتەی ئێمە لەگەڵی دەستەویەخەین، تانوپۆیەکی فشەڵۆکی هەیە. ئەم تۆڕە هەموو شتێک وەردەگرێت، کەچی هیچ شتێکیش ناپارێزێت.
ئەو تۆڕی نێتەی ئێمە لەگەڵی دەستەویەخەین، تانوپۆیەکی فشەڵۆکی هەیە. ئەم تۆڕە هەموو شتێک وەردەگرێت، کەچی هیچ شتێکیش ناپارێزێت. تەحەمولی پلۆرالیزمیش سنوورێکی هەیە: چ شتێک گووە و چ شتێک زێڕە؟ ئەگەر ئەو دنیایەی کە ژێنێتک دەینوێنێت لەگەڵ دیکتاتۆریی قەدەرخوازی(Determinism) شیاوی بەراورد بێت، کەوایەتکنۆلۆژیی زانیارییەکان جیهانێکی ئانارشیستییە کە بە هیچ شتێکەوە دەروەست نییە. دەچمە تۆڕی نێتەوە بۆ ئەوەی بۆ وێنەیەکی خەیاڵی بگەڕێم؛ بۆ نموونە، بۆ Darth Vaderلە زنجیرەی ”جەنگی ئەستێرەکان” دەگەڕێم و ٢٨٠٩٠ وێنە دەدۆزمەوە. من بۆ Lu Xun، نووسەری چینی دەگەڕێم و ١٠٤٦ ناوی هاوشێوەی ئەو دەدۆزمەوە.
من وەکوو نووسەرێکی ئەدەبیاتی گێڕانەوە دەتوانم لە بەرانبەر ئەو جیهانەدا تۆڕێکی پێکهاتوو لە چیرۆک بچنم. من ئەو کارە بە دانانی سیستەمی پلەبەندی (هیرارکییەتی) دەکەم. لەبەر ئەوەی کەشی کتێب سنوودارە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەڵێم کە چ شتێکی تایبەت لە پێش شتەکانی دیکەوەیە. مرۆڤی ئەم سەردەمە بە گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزکاوەوە سەرقاڵە، هەم لە باری ئەخلاقییەوە و هەم لە باری هەبوونەوە. گرفتە سەرەکییەکە لەوەدایە کە ناکرێت هاوکات هەم لە ڕووکارەوە پێشڕەوی بکەیت و هەم بە قووڵاییدا ڕۆ بچیت. ناکرێ هایداری هەموو شتێک و هەموو زانیارییەکان و هەموو سەربردەکان بیت و ناکرێ لە هەموو زانستەکاندا مووئەنگێوی بکەیت و تێیدا پسپۆڕ بیت.
بۆ مرۆڤ لە ئاستانەی چوونە نێو هەزارەی نوێوە فڕێدان لە کۆکردنەوە دژوارترە. من وەکو نووسەر ئاوا دەکەم: زۆر شت فڕێ دەدەم لە خوێنەرەکانمیان دوور دەخەمەوە. نیشانیان دەدەم کە چ شتێک زبڵە و چ شتێک بەهادار و شیاوی پاراستنە؛ لە کاتێکدا کە ئینتەرنێت بە کردەوە تۆڕێکی ئاڵۆزە و سەرەڕۆیانە کۆمەڵێک وێنەی گومڕاکەر وەسەریەک دەنێت، نووسەر لە بوار و بابەتی فرەجۆراوجۆردا وێنەیەکی بەتەواوی دیار دەخاتە ڕوو.
کتێبی ”ڕۆمان”یش وەکوو وێبگەڕی ئینتەرنێت وایە؛ وەکوو Vista, Alta, Yahoo. شوێنێکە مرۆڤ دەچێتە ناوی بۆ ئەوەی لەبارەی زانیارییەکانەوە زانیاری بەدەست بێنێت. بەڵام بەپێچەوانەی وێبگەڕی خۆبزێو (ئۆتۆماتیک)ەوە بە سیستمێکی پلەبەندیکراو (هیرارکی) کار ناکات. نووسەر، بەها دیاری دەکات و دەربارەی بەهاکان هەڵوێست دەگرێت. لە کتێبدا خوێنەر بە کۆمەڵێک زانیارییەوە خەریکە کە بەوردی هەڵبژێردراون، واتە بە جیهانێکەوە سەرقاڵە لەنیو دێڕەکاندا دیار دەکەوێت.
من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەم ستراتیژییە ڕاستە، چونکە لە بانەڕۆژدا ئەوەی کە تینوویەتیمان دەشکێنێت، بەبێ گومان زانیارییەکان نابێت، بەڵکە مووئەنگێوی و وردبینی لە بابەتەکاندا دەبێت و، نووسەر بە داهێنانی چیرۆکی وا کە چۆنایەتییەکی دەگمەنی ئەخلاقی و جوانیناسانەی هەیە، دەتوانێت وردبینی و سرنجی خوێنەر ڕاکێشێت و تامەزرۆی بکات.
هێز و دەسەڵاتی کتێب لەوەدایە کە شوێنێک، یان بوارێک بێت بۆ ئەوەی نووسەر بتوانێت تێیدا زانیارییەکان شی بکاتەوە و پێوەندییەکی وایان لە نێواندا هەڵبەستێت کە ببێت بە زانست و لە باشترین باردا ببێت بە زانین (مەعرەفەت؛ ئەپیستمە). ئەدەبیاتی گێڕانەوە بۆ ئەوە ناخوێندرێتەوە کە زانیاری لەبارەی فاکتەکانییەوە وەربگیرێت، بەڵکە بۆ درکی واتا دەخوێندرێتەوە. کتێب، گۆڕەپانی واتایە، خستنەڕووی تێکەڵییەکانە و؛ بە زمانێکی سادە، کتێب، لێکدانەوەی دنیای هەبوونە. ئەدەبیاتی گێڕانەوە -لە شێوەی کتێبدا بە واتا سەرەکییەکەی- نەرمامێرێکە، یان ئەگەر رادیکاڵتر بیڵێین: ڕۆمان بەرزترین نەرمامێری سەردەمی ئێمەیە.
پێوەندییە کۆمپیۆتەرییەکانیش دنیایەکی ڕواڵەتیی دەستکردی بە کرێکی لە خەیاڵاتی ناڕاست تەنیوە کە زۆر کەسی ئەم سەردەمە لەگەڵ دنیای ڕاستەقینە لێیان تێک دەچێت. کە ڕاستەقینە دەبێتە ناڕاست
من وەکوو ڕۆماننووسێک لەسەر ئەو باوەڕەم کە چیرۆک و تۆڕێکی گێڕانەوە، زانینێکی وەها دەربارەی مرۆڤ بەدەستەوە دەدات کە بە شێوەی دیکە بەدەست ناکەوێت. من بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تۆڕەی بە کەڵکوەرگرتن لە مایکرۆبیۆلۆژی لە ژێنەکان درووست کراوە و ئەو تۆڕە دەستکردەی زانیارییەکانیش کە بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمپیۆتەر ئافرێنراوە -کە یەکیان بەرتەنگە و ئەوی دی بەرفرە- تۆڕی خۆم لەو چیرۆکانە دەچنم کە مەتەڵۆکەی مرۆڤ بەنرخ و بەرز و پارێزراو ڕادەگرێت و، ئیدیعای ئەوەش دەکەم کە بەشێک لە زانینەکان لەوانی دیکە گرینگترە.
مایکرۆبیۆلۆژی، خەیاڵپڵاو و بیری خاوی مرۆڤی دەستکردی نوێ و بەرنامەبۆداڕێژراوی داهێناوە. پێوەندییە کۆمپیۆتەرییەکانیش دنیایەکی ڕواڵەتیی دەستکردی بە کرێکی لە خەیاڵاتی ناڕاست تەنیوە کە زۆر کەسی ئەم سەردەمە لەگەڵ دنیای ڕاستەقینە لێیان تێک دەچێت. کە ڕاستەقینە دەبێتە ناڕاست، بەپێچەوانەکەیەوە، ئەرکی ناڕاستەقینە (خەیاڵ) دەبێتە ئەوەی کە مرۆڤ وەهۆش خۆی بێنێتەوە و بیگەڕێنێتەوە نێو جیهان.
———————–
شۆپاژۆ: شوێنکەوتوو/ پیرو
خواستن: میتافۆر/ استعارە
کر: ڕایەڵی جۆڵا/ بافت
—————————————
سەرچاوە:
کارنامە، ماهنامە فرهنگی اجتماعی ادبی، شمارە ٣١، آبان ١٣٨١.