لە ئاکاری کۆیلایەتی بەرەو ئاکاری بەرپرسیاريەتی

بۆ لێکدانەوەی ئەم بابەتە پشت بە ڕێچکە فەلسەفییەکان دەبەسین، بیروبۆچوونی ئەو فەیلەسوفانە دەهێنینەوە کە شیکارییان بۆ چەمکەکە کردووە. ڕەهەندی مێژوویی و بابەتی “ئاکاری کۆیلایەتی” و “ئاکاری بەرپرسیاریەتی” لێک دەدەینەوە. کە هەمان ڕەهەندی “فەلسەفیی ئاکاریین”. لەلایەکی دیکەش پشت بە ئاکاری‌ داوەری دەبەستین. واتە هەردوو بواری شیکاری و داوەری ئاکاری لەگوتارەکەدا تێکهەڵکێش دەکرێن. لە دەروازەی ئەو پرسیارانەوە دەچینە ناو بابەتەکەوە: ئاکاری کۆیلایەتی چۆن سەر هەڵدەدات؟ و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی چیین و هەروەها ئاکاری بەرپرسیاریەتی چۆن دەتوانێ جێگەی بگرێتەوە؟

ئاکار چییە؟

لە زمانی ئینگلیسی بۆ ئاکار دوو چەمکی moral و ethics  کەڵک وەردەگرن. موڕاڵ، فەلسەفەی ئاکار بەگشتی دەگرێتەوە و بە میتائاکار[ئاکاری شیکاری] ناودێر کراوە. مەبەست لێکدانەوەی چەمکە بنەڕەتییەکانی وەکوو چاکە، خراپە، خێر و شەڕ و … لەم جۆرە نموونانەدا. بەڵام ڕەگی ethics دەگەڕێتەوە بۆ “ئیتۆس” و “واتای خووڕەوشت” دەگەیەنێ. لە زمانی کوردیدا دەکرێ مۆڕاڵ بۆ فەلسەفەی ئاکار بەکار بێنین و وەکوو سیستەمێکی بەربڵاوی لێکدانەوەی چەمکەکان و پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئاکار لە کۆنەوە تاکوو ئێستاکە لە بەرچاوی بگرین و لایەنی گشتیی ئاکار لێک دەداتەوە، بەڵام چەمکیethics  بۆ “ڕەوشت” بەکار دێت. فه‌لسه‌فه‌ی ئاکار، چوارچێوەی ئەو توێژینه‌وه‌ فه‌لسه‌فی و تیۆریانەیە سەبارەت بە بەها ئاکارییەکانی مرۆڤ. بۆ تێگه‌یشتن له‌ بەها ئاکارییەکان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ له‌ ژیانی مرۆڤه‌کاندا دروست دەکات. به‌تایبه‌تی لە ده‌ربڕین و هه‌ڵوێسته‌کانیان و پەیوەندیی لەگەل خه‌ڵک و کرده‌وه‌کانیان، كه به چ شیوه‌‌یەك بڕیار ده‌ده‌ن. بۆیه‌ خه‌ڵکی که‌م‌تاکورتێک هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئەوەی ژیانیان له‌گه‌ڵ بەها ئاکارییەکان یه‌ک بخه‌نەوه، بەڵام نه‌ک به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه‌، به‌و جۆره‌ی که‌وا هەندێک شێوه‌ی ژیان له‌ هەندێکی تر به‌پێزتره ( و‌لیامز، ٢٩:١٣٨٣).

سوکرات (٤٦٩پ.ز- ٣٩٩پ.ز)فەیلەسووفی یۆنانی

پێشینەی فەلسەفیی ئاکاری کۆیلایەتی

سەرەتا پێناسەی ڕەوشتی کۆیلایەتی لە لایەنە فەلسەفییەکەی و لە سۆنگەی فەیلەسوفانێکەوە ئاوڕیان لە بابەتەکە داوەتەوە لێک دەدرێتەوە.

لە لایەنی مێژووییەوە یەکەم فەیلەسوفێک کە ئاکاری بە شێوازێکی فەلسەفییانە لێکدایەوە سوکڕات بوو. سوکڕات یەکەم کەس بوو پرسیارە بنەڕەتییەکانی وەکوو (چاکە و خراپە) دادپەروەری، چاکەکاری و… لە ئاکاردا لێک داوەتەوە و بناغەی فەلسەفەی ئاکاری داڕشت. بەڵام زۆر جار بە تەوس و تەشەرەوە ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی خۆی دەگرت. شێوازی لێکدانەوەی سوکڕات، پۆزیتیڤی بوو واتە لای وابوو مرۆڤ بە بەڵگەهێنانەوە و لێکدانەوەی پرسیارەکان دەتوانێ ئامانجە فەلسەفییەکانی خۆی دەستەبەر بکات. ڕێچکەیەی سوکڕات ئێستاکە لە فەلسەفەی ئاکاری شیکارییدا بەردەوامە. لایەنە تەوساوییەکی لە فەلسەفەی کییەرکەگۆر و نیچەدا دەردەکەوێت هەرچەند ڕەخنەگرەکەی سوکڕات بووە. نیچە وەکوو کەسێک لە ئاکاردا دەردەکەوێت ڕەهەندە نێگەتیڤەکەی دەگرێتەبەر، لای وایە ئاکاری ڕۆژاوا لە سوکڕاتەوە تاکو ئێستاکە کۆمەڵێک ئامۆژگاری بووە لە لایەن کەسانێکەوە پشتگیری لێکراوە جگە لە چاندنی توخمی ڕق‌وقی Resentment شتێکی ئەوتۆیان بۆ کۆمەڵگە نەخولقاندووە. بەتایبەتی ئاکاری سوکڕاتی – مەسیحی نموونەی هەرە زەقی ئەم چەشنە لە ئاکارە. نیچە لای وابوو ئاکاری مەسیحی کولتوورێکی خولقاند مرۆڤە مامناوەند و پڕ لە ڕق‌وقینەکان جگە لە دواکەوتوویی شتیکی ئەوتۆیان نەخولقاندووە. کلێسە بەردەوام کاری ئەوە بووە دوژمنەکانی خۆی لەناو ببات. ئێستاش لە جیهانی سیاسەت، دوژمنایەتی زیرەکانەتر، وردبینانەتر و بە کردارێکی نەرم ئەمە جێبەجێ دەکەن(نیچە، ل٥٨). نیچە لای وابوو دوو جۆرە ئاکار لە نەریتی مەسیحی سەر هەڵدەدا: ١)ئاکاری سەروەرەکان ٢) ئاکاری کۆیلەکان. ئاکاری سەروەرەکان لە دڵی ژیانەوە سەر هەڵدەدا و گوێ بە نەریت و نۆڕمی دواکەوتووی کۆمەڵگە نادات و خەسلەتێکی ناوەکیی داهێنەری تێدایە، هاوشێوەی هونەرمەندێک بەرهەمێک دەخولقێنێت و پڕ لە تازەگەری و جوانییە[1]. بەڵام ئاکاری کۆیلایەتی دژ بە ژیان دەوەستێتەوە، ئەوەی لەگەڵ ئاکاری ئەو نەگونجێت پووچەڵی دەکاتەوە. بەها ئاست‌نزمەکانی کۆمەڵگە وەکوو ترسنۆکی، چاکەکاری، یەکسانی… زەق دەکاتەوە و دەیکات بە ئاکاری پلەبەرز. ئاکاری کۆیلایەتی، دوالیستییانە بیر دەکاتەوە، بە شێوەی  (“ڕاستی-ناڕاستی”، “چاکەکاری-بەدکاری”) دەردەکەوێت. ئاکاری کۆیلە ناتوانێ ئاکاری سەرەورەکان پەسەند بکات، بۆیە پشت دەبەسێت بە ئاکارێک کە لەناو کۆمەڵگەدا باوە وەکوو (بەزەییهاتنەوە)، چاکە، یەکسانی، ویژدان.. و لەو جۆرە ئاکارەی کەوا کەسانێک بۆ مانەوەی هێزی خۆیان و درێژەدان بە هێزی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن. چاکەکارەکان هەمان کەسە چارەڕەشەکانن، چاکەکان هەر ئەو کەسە هەژار و بێ‌دەسەڵات و ئاست‌نزمەکانن، لایەنگری ئیمان هەر ئەو کەسە ڕەنجەڕۆ و نەخۆش و  ناشیرینەکانن و ئەمانەن بە ڕزگاری دەگەن و ئەوانەی سەرەوەر و دەسەڵاتدارن تۆڵەیان لێدەکرێتەوە. (ڕەچەڵک‌ناسیی ئاکار، ل٣٩). ئەگەرچی لە فەلسەفەی ‘کانت‘دا باس لە ئاکاری سەروەری و ژێردەستەیی کراوە بەڵام مەبەستی کانت ئەوە نەبوو ئەم دوو چەمکە پاساو بدات، بەڵکو کانت پتر لە هەمووی ئەرکی ئاکاری و پشت‌بەستن بە یاساکانی ئاکاری بەباش زانیبوو، دواتر هێگل درێژە بەم بۆچوونە دەدات و لە کتێبی “دیاردەناسیی ڕۆح”دا چەمکی کۆیلە و خاوەن کۆیلە لە سۆنگە مێژووییەکەی بەڵام بە شێوەیەکی ژوورهەست شی کردووەتەوە، دواتر مارکس گرێی دەدات بە ئابووریی سیاسی و کێشەی نێوان خاوەن ئیش و کرێکار، لە ڕێگەی کار کە کرێکار دەیکات و بەهرەکەی خاوەن کار دەیخوات لێک دەداتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە و تەوەری باسەکەی ئێمەیە لایەنی ئاکاری کۆیلایەتییە. گەرچی ئاکاری کۆمەڵگە پەیوەندیی بە لایەنی ئابووری، سیاسی و شێوازی پەروەردەی کۆمەڵگەوە هەیە و بەدەرلەمە نییە. هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان پەیوەندیی بەو لایەنانەوە هەیە باسمان کرد. ئەمانە وەکوو چەشنێک لە دیالێکتیک پێکەوە تێهەڵکێش کراون. کۆمەڵگاکانی ئێمە بە هۆی ئەوەی کە پەروەردەکەی پشتی بە میتافیزیکی ئایینی بەستووە زۆربەی چەمکەکانی ئاکار دوانەیین[دوالیزم] واتە لە جۆری دوانەی چاکە/خراپە، ڕاست/ ناڕاست، ڕەش/سپی …. و لەم جۆرە چەمکانەیە و بە بەردەوامی لە ئامۆژگارییەکاندا ئەم چەمکانە دووپات دەبنەوە. بەشی زۆری ئاکارەکە ئامۆژگاریین و هەندێک شرۆڤەی کۆنی ئاکاری ئەرستۆیشی پێوە دیارە. بۆ نموونە “ڕادەی مامناوەندی” لە ئاکاری ئەرستۆدا ئەویش بە شرۆڤەیەکی ئایینی کاریگەریی لەسەر میتافیزیکی ئایینی داناوە. شێوازێکی دیکەش لە هەڵسوکەوت هەیە خەڵکی بەپێی ژینگە و کولتوورێک کە مرۆڤەکان تیایدا گەورەبوون خاوەنی ئەو خەسڵەتانەن یان زۆر ترسنۆکن یان زۆر بوێرن یان ئەوەی کە هۆشیان بەیەکترەوە هەیە و یارمەتی یەکتر دەدەن. بەڵام ئەوەی گرنگ بووە ئەوەیە، بەردەوام ئەم ئاکارەدا لایان وابووە چاکە، ڕاستگۆیی و ڕۆشنایی سەردەکەوێت. لەم میتافیزیکەدا ئاکار وەکوو بابەتێکی سەربەخۆ نەیتوانیوە کاری خۆی بکات، بەڵکوو پێشبڕیارەکانی وەکوو ئامۆژگاری بەبێ ئەوەی کەسەکە خۆی تێدا بە هۆشیاری و ئازادی گەیشتبێت وەکوو کوتەک بەسەریەوە بووە و هەموو شتێکی دیاری کردووە و مەرجی بۆ داناوە، زۆر جاریش لە ڕیگەی ترس و تۆڵەی دواڕۆژ ئەمە تۆختر سەپێندراوە. ئەشعەری دیارترین کاراکتەری ئەم مۆدێلە هزرییەیە ، لە کەلامی ئەشعەرییدا تاک خۆی ناتوانێ لە دەرەوەی میتافیزیکی ئایینی، خۆی سەربەستانە لەسەر چەمکەکانی ئاکار بڕیار بدات. دواتر کەلامی موعتەزیلە لەژێر کاریگەریی عەقڵی[نۆسی] یۆنانی کەمێک بایەخ بە ئیختیار و سەربەستی دەدات. بەڵام دواتر بە زاڵبوونی شەرع بەسەر عەقڵ بۆ هەمیشە عەقڵ دادەخرێت. ئاکار وەکوو لقێکی گرنگ و پێویستی مەعریفەی مرۆیی لە چوارچێوەی ئامۆژگاری و گوتەزای سادە دەمێنێتەوە. واتە هیچکام لە لقەکانی ئاکار وەکو ئاکاری ژینگە، ئاکاری تەکنۆلۆجی، مێژووی ئاکار، میتائاکار، ئاکاری پزیشکی و ….. گەشەی نەکردووە. هەڵسەنگاندنی ڕاستی کۆمەڵگە دەریدەخات دۆخی ئاکار لە کۆمەڵگەکانی ئێمە بەچ شێوەیەکە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتە پێویستە دوو چەمکی وەکوو تاک و کەسێتی لێک بدەینەوە.

کۆمەڵگاکانی ئێمە بە هۆی ئەوەی کە پەروەردەکەی پشتی بە میتافیزیکی ئایینی بەستووە زۆربەی چەمکەکانی ئاکار دوانەیین واتە لە جۆری دوانەی چاکە/خراپە، ڕاست/ ناڕاست، ڕەش/سپی …. و لەم جۆرە چەمکانەیە و بە بەردەوامی لە ئامۆژگارییەکاندا ئەم چەمکانە دووپات دەبنەوە.

تایبەتمەندییەکانی ئاکاری کۆیلایەتی

ئاکاری کۆیلایەتی لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ژێردەستەیە. واتە کۆمەڵگەیەکە مرۆڤەکانی هەست بە خۆبەکەم زانی دەکەن و بەردەوام ئەم هەستەیان تێدا دەبووژێتەوە و زۆر جاریش ڕازین بەوەی کە کۆیلەن بۆخۆیان بەردەوامی بەم گوتارە دەدەن. واتە ژێردەستەیی ئاکاری کۆمەڵگە، خۆیان مێژووی خۆیان ساز نەکردووە و ژیانی خۆیان سپاردووەتە دەست چارەنووسێکی نادیار. زۆر جاریش پەنا دەبەنەبەر خودا بۆ ئەوەی بەرپرسیاری لە خۆیان دابماڵن. کۆیلە تاکی تەریک و کەسایەتی نییە، واتە عەقڵی بەپێی بەرژەوەندی کاتی بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی جەماوەری بەرەوپێش دەبات. وەکوو مشەخۆرێک و بەدوور لە پڕەنسیپەکانی ئاکار دەجوڵێتەوە. کۆمەڵگەی لێکترازاو کەوا لە بەپرسیاریی ئاکاری و یاسایی خۆی دوور کەوتۆتەوە و زۆر جاریش لەناو دامودەزگاکان هەلپەرەستانە و کاربەڕێکەرانە هەڵسوکەوت دەکات. زۆر جاریش ئەم کەسانە تاک‌ ڕەهەندانە خیانەت لە “یاسای ‌زێڕینی”[2] ئاکار دەکەن، واتە ڕەنج و مەینەتی کۆمەڵگەیان لەبیر دەچێتەوە، بەردوام کەسانی چەوساوە زیاتر ژێرپێی دەخەن.[3] مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر جار هەلپەرستی دەکەنە ئامڕازێک بۆ بەرژەوەندیی ئابووری و هەلپەرستیش دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی کەسایەتی و نەبوونی یاسا و پڕەنسیپەکانی ئاکار. دیارە هەموو کۆمەڵگەیەک چینی هەژار  و سامانداری هەیە، زۆر جار هەژارەکان ڕقیان لە چینی ساماندار و دەوڵەمەندە بەهۆی ئەوەی کە ناتوانن وەک ئەوان بەئارەزوەکانیان بگەن. بەڵام چینی ساماندار بۆ پاراستنی سامانەکانیان ڕێک هەڵسوکەوتی هەژارەکە دەگرنەپێش، بەڵام بە خوویەکی ناشیرین و نامرۆڤانە و درندەیی وەکوو چاوبرسیەتی. بەڵام بەپێچەوانەی چینی هەژار، ساماندار و دەوڵەمەندان کێشەیەکی وەکوو چاوبرسییەتیان هەیە، ئەم چاوبرسیەتییە لە دۆخی ئاساییدا دەرناکەوێت، لەکاتی قەیرانی ئابووری و سیاسیدا خۆی زەق دەکاتەوە. هەموو شتێک بەپێی پارە هەڵدەسەنگێنن. چاوبرسییەتی، ئارەزوو و حەزی بەربەرەڵایانە، هەلپەرستی، دووڕوویی و مونافقی بەشێکی سەرەکیی بەدڕەوشتی ئاکاری کۆیلایەتی پێک دەهێنێت. لە ئاکاری کۆیلایەتیدا دوو ڕێسای ناشیرین و نامرۆڤانەی وەکوو بەزەییهاتنەوە و سواڵکەری[دەرۆزەکەری] باوە. بەزەییهاتنەوە هەستێکی دەروونی دووڕووانەیە بۆ خۆ دەربازکردن لە بەرپرسیاریەتی و مرۆڤبوونەوە، خۆ دزینەوە لە بەها و نۆڕمەکانی ئاکارە، زۆرتر ڕەوشتی کۆمەڵگەیەکە هێشتا مرۆڤەکانی “نیوە وەحشین” و بە شارستانی بوون نەگەیشتوون. بەزەییهاتنەوە چەشنێک نەخۆشی دەروونییە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان کارێک بۆ بەرانبەرەکەیان نەکەن و بێ ئەوەی کارێک بکەن منەتیش بکەن بەسەریاندا، بەزەییهاتنەوە هەستێکی نەخۆشە بۆ خۆدزینەوە لە ئاکار. تەنانەت ئەو شرۆڤەیەش لە فەلسەفەی ئاکاری نیکۆماخۆسی ئەرستۆ باس لە “ڕادەی مامناوەندی” دەکات و دواتر لە ڕێگەی وەرگێڕانی عەرەبە مەسیحییەکان دێتە ناو جیهانی ئیسلام لە خۆیدا گرفتێکی گەورەی ساز کردووە. واتە ڕێسای “ڕادەی مامناوەندی” لای وایە لەنێوان دوو کردەی وەکوو چاوچنۆکی و بێ‌تەماحی “ڕادەی ناوەند” هەڵبژێرن کە هەمان کەم‌تەماحییە. ئەم بۆچوونە لەخۆیدا مرۆڤێکی پاوانخواز دەخولقێنێت ڕێک پێچەوانەی ئەو ئاکارە دەجوڵێتەوە. واتە هەردوو لایەنی زێدەڕۆیی و کەمکاریی بەپێی بەرژەوەندیی خۆی جێبەجێی دەکات. واتە ئەگەر A کردەیەکی چاوچنۆکانە بێت و B کردەیەکی بێ‌تەماحانە بێت و C ڕادەی مامناوەندی واتە کەمتەماحی بێت، لە کۆمەڵگەی ئێستاکە بەپێی بەرژەوەندی و هەلپەرستیی کاتی لەلایەک Aیە و لەلایەکی دیکەش Bیە. هەلپەرستی و نەبوونی ڕەوشت  و بەرژەوەندیی کاتی و چاوبرسییەتی وای لێکردووە لە هەردوولا بخوات. ڕادەی ناوەندی مرۆڤێکی بێوەیی و سادە و لە هەمان کاتیشدا مەترسیدار بەپێی هەلومەرج دەخولقێنێت. تێکچوونی کولتوور و ئاوەزی کۆمەڵگە ئەم جۆرە کەسانە دەیکەن[4]. نیچە لە کتێبی ((وەهای گوت زەڕدەشت)) ئاکاری کۆیلەی بەم شێوەیە وەسف کردووە؛ ئێمه‌ ئه‌رکی کولتوورێکمان له‌ئه‌ستۆدایه‌ و دەستەبەرمان کردووە و له‌و‌ کولتووره‌دا گه‌شه‌مان کردووه‌ و چاودێریشى ده‌که‌ین. نیچە مرۆڤەکانی بەم شێوازە لێکداوەتەوە: ١.مرۆڤێکە به «وشتر» ناودێری كردووه، چونکه‌ وشتر زوڵم لێکراو و بارهه‌ڵگره‌ و ئه‌مه‌‌ «قۆناغی نه‌ریتی» یه‌. ٢.قۆناغی  شێرئاسا، له‌م قۆناغه‌دا، هێرش دەبا بۆ نه‌ریته ‌کۆنه‌کان و تێکۆپێکی ده‌دات. ٣.قۆناغی منداڵی  وەک چۆن منداڵ تازه‌ له‌دایک ده‌بێت، پشت له‌ هه‌موو نه‌ریتێک ده‌کات و دژی ڕاده‌وستێ و شتێکی نوێ دەخولقێنێت (فەلسەفەی هاوچەرخ، ل٥٦). هێندەی کە مرۆڤ لە ئاکاردا پاوانخواز بێت بە هەمان ڕادەش کرداری لە ڕاستیدا پاوانخوازانە دەردەکەوێت. بۆیە دەبینی ئاکاری دووڕوویی بەشێکی گرنگی ڕاستییەکانی ئێمە لەناو خێزان پێک دەهێنێت. مرۆڤەکان لەماڵەوە ئازاد و سەربەستانە دەجوڵێتەوە، بەڵام لەدەرەوە و لەناو کۆمەڵگە بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوت دەکەن. هۆکارەکەشی زۆر جار داخرانی سیاسی و داخرانی کولتووریشە، واتە لەماڵەوە و لە تەنیایی خۆییدا ئازادە و لەدەرەوە کۆیلەیە، گەرچی ئەوە دژ بە بنەماکانی ئازادییە و ئەمەش جۆرێک لە کۆیلایەتی و تاکی تەریکە هێشتا کەسایەتی پێنەگەیشتووە. تاکە کردارێکش لەدەرەوە ئیشی پێ دەکرێت زمانێکی پڕ لەجامە لوسێکی و ماستاوچیانەیە و زۆر جار لەناو دامودەزگاکان دەربڕینی وەکوو “نۆکەرتم” یان “کوڕەکەم نۆکەرتە”، “کچەکەم قەرەواشتە” جۆرێک لە ڕەوشتی ژێردەستەیی و دەستەمۆبوونی پێوەدیارە. یان زۆر جار ستایشی لەڕادەبەدەری یەکترە واتە پیاهەڵدان و لۆمەکردن وەک‌یەک وایە. بەڵام ئەم هەڵسوکەوتە درۆیە ڕاستییە زبر و ناشیرینەکەی لێدانی یەکتر لەپشتەوەیە، ئەو شتەی کە پێی دەگوترێ لە “پاشخایی” قسەکردن و “بوختان هەڵبەستن” و ئەمەش شکاندنی کەسایەتیی یەکترە. واتە پیاهەڵدان و لێدانی کەسایەتیی یەکتری یەک پێناسەی هەیە و ئەویش بڕەودان بە ئاکاری کۆیلایەتی و مێگلە. هەموو دادەبەزێنێت بۆ یەک ئاست، واتە هەموو وەک یەکن، جیاوازی و فرە ڕەنگییەکان لەناو دەچێت. مرۆڤە کۆیلەکان لە داخرانی کۆمەڵایەتی و داخرانی ئازادی و بێدەنگبوون لە ئاست بەرپرسیارییەکان و تەنانەت خۆدەزینەوە لە ئەرکە مەدەنییەکانیان کۆمەڵگە بە شێوەی نەریتی و دواکەوتووانە دەهێڵنەوە. زۆر جاریش کەڵەکەبوونی پڕۆژەی پێشکەوتن و بە شارستانی بوون و ئازادی هەمووی مایەپووچ دەبێت. ڕێگەی دەربازبوون لە ئاکاری کۆیلایەتی پشتبەستن بە ئاکاری بەرپرسیاریەتی و بەهاکانی ئاکاریی مەدەنیانەیە.

blank
فریدریش نیچە(١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی

لێکدانەوەی چەمکی تاک و کەسیەتی لە ئاکاردا 

تاکی مودێڕن کەسێکە سەربەستە و خاوەنی ئیرادەیە و تاکێکی ئازادە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، واتە ژێردەستە نییە کەسێکی دیکە بڕیاری بۆ بدات و چاکە و خراپەی لەپێشدا بۆ دیاری بکات. ئەم تاکە کاتێک لە کۆمەڵگەدا هەست بە بەرپرسیاریی لە پێناو خۆی و کۆمەڵگە دەکات دەبێ بە کەس person یان ماکس شیلەر وتەنی دەبێ بە “کەسی کەسەکان” کەس و کەسایەتی خاوەنی عەقڵی سەربەخۆیە و خۆی لە لەتاکبوون دەرباز کردووە و بەشێکی چالاک و  زیندووی کۆمەڵگەیە و هەستی بەرپرسیاربوونی زیاترە و چالاکە و لە بوارە مەدەنییەکاندا ئیش دەکات و باوەڕی بە ئازادی و مرۆڤایەتی هەیە. هەوڵی بۆ دەدات تەنیا لە تاکبووندا نامێنێتەوە و تاک کاتێک ناگاتە ئاستی کەسایەتی ئەوە بوونی لەخۆیدا دەمێنێتەوە و ناچالاک و تەریک دەبێت. بە شێوازی ئیگزیستانسیالیستی بوونی لەخۆیدا نامۆیە و هۆشیاری نییە و واتە قەتیسبوونە‌ لە ژیانی ئاسایی. ئەم بۆچوونە بەشێکی گرنگ لە مشتومڕەکانی فەلسەفەی ئاکار و سیاسەتە. واتە مرۆڤبوونی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی کەسایەتی و هەستی بەرپرسیاریەتیی لە پێناو کۆمەڵگە و ئەمەشە دەتوانێ کۆمەڵگە لە لێکترازان دوور ڕابگرێت. لە بەرپرسیاریدایە ویژدان زیندوو دەمێنێتەوە. دیارە ویژدان بەتەنیا ناتوانێ کێشەکانی ئاکار چارەسەر بکات، چونکە ویژدانی هەرکەسێک بەپێی پەروەردەکەی گەشە دەکات، ویژدان بابەتێکی دەروونییە و زۆر کەس هەیە لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی، ویژدانی نامێنێت، بەڵام ویژدان لە کاتێکدا زیندووە پەیوەند بە هەستی جەماوەرەوە بێت ئەگینا بە تاکی تەنیا ویژدانی هەرکەسێک بەپێی هەستەکانی دەگۆڕدرێت. باشتروایە ویژدانی کەسەکانی ناو کۆمەڵگە پێکەوە لەگەڵ گشتدا یەک بگرێتەوە. چونکە هەستی سادە و خاو بۆ خۆی کۆسپێکی گەورەیە لە بەردەم گەشەی عەقڵانیی کۆمەڵگەدا.

لێکدانەوەی چەمکی بەرپرسیاری

دیارە بەرپرسیاری سێ لایەنی گرنگی هەیە پێویستی بە لێکدانەوەیە: ١ـ بەرپرسیاریی مەدەنی، ٢ـ بەرپرسیاریی ئاکاری، ٣ـ بەرپرسیاریی کوشتن.

١ـ بەرپرسیاریی مەدەنی: مانای ئەوەیە، کەسێک زیان بە کەسێک دەگەیەنێ. بۆ نموونە A زیان بە B دەگەیەنێ، لێرەدا پێویستە A زیانێ کە بە B گەیاندوویەتی قەرەبووی بکاتەوە و هەروەها لەو تاوانەی کردوویەتی یان لە ڕوویی نەزانی بووە یان بە ئیرادەوە حەزی خۆی بووە بەرپرسە. ئەم شێوە لە بەرپرسیاری پەیوەندیی بە تاکەکانی ناو کۆمەڵگەوە هەیە. بۆ نموونە مرۆڤەکان لەبەرانبەر خستنەوەی منداڵدا بەرپرسیارن، مامۆستا لەبەرانبەر خوێندکار، دەسەڵاتدار لەبەرانبەر دادپەروەری و ئازادیی وڵاتەکەی بەرپرسیارە…

٢ـ بەرپرسیاریی کوشتن: ئەم شێوەیە لە بەرپرسیاری لەسەر کەسێک ساخ دەبێتەوە، تاوانێکی کردبێت و ئەم بەرپرسیارییە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئاکاردا هەیە. بۆ نموونە کەسێ کە تاوانی نەکردبێت لە خۆڕا یاسا لێی ناکۆڵێتەوە، مەگەر ئەوەیکە بە ویستی خۆی تاوانێکی کردبێت. لەم شێوە بەرپرسیارییەدا سزای دیاریکراوی هەیە، بەبێ ئەوەیکە بەرپرسیاریی ئاکاری لە بەرچاو بگرین، کەسی تاوانبار سزا دەدرێت. “بۆ نموونە شۆفیڕێک لەکاتی لێخوڕینی ماشیندا کەسێک دەکوژێت.” لێرەدایە بەرپرسیاریی مەدەنی و بەرپرسیاریی کوشتن لێک نزیک دەبنەوە. چونکە بەپێی یاسا شۆفیرەکە سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە لە لایەن یاسای هاتوچۆ سزا بدرێت، هەروەها تاوانێکە کردوویەتی دەبێت قەرەبووی بکاتەوە.

٣ـ بەرپرسیاریی ئاکاریی: پێناسەی ئەم شێوەیە لە بەرپرسیاری لەوەدایە، پەیوەندیی بە زەرورەتی یاسای ئاکاری و هەروەها ویستی ئازادەوە هەیە. واتە کردەیەک زەروورەتی هەیە کەوا ئەو کردەیە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ هاندەرێکی سروشتی، یان ئەو کردەیە لەژێر کاریگەریی ویستی کەسێکی تر بێت و ئەو کەسە خۆی بەرپرسی کردەوەکانی خۆی نییە. جیاوازی ئەم شێوە لە بەرپرسیاری دەگەڕێتەوە بۆ بکەری کارەکە و هەروەها لەو کارەی کردوویەتی هۆشیار و سەربەستە و لەژێر گوشاردا نییە و چاوبەستووانە ئەو کارە ناکات. لێرەدا چەمکی “تێگەیشتنی بەرپرسیاری” دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە، بەهایەکە بکەری کارەکە بۆ کردەکەی خۆی دایدەنێت و هەروەها بڕیارێکە دەیدات بۆ ئەوەی کە لە ئیشەکەیدا سەرکەوتوو بێت. دیارە تێگەیشتن لە چەمکی بەرپرسیاری دوو لایەنی هەیە: لەلایەک پەیوەندیی بە ڕابردوو هەیە و ئەویش بریتییە لەوەیکە ئەو کەسە لەو هەڵانەی لە ڕابردوودا کردوویەتی ئاگادار بێتەوە. دووەم: پەیوەندیی بە داهاتوو هەیە و ئەویش بریتییە لەوەیکە، مرۆڤ بەپێی پێویست لە هەندێک کاردا پسپۆڕ بێت بۆ ئەوەی هەندێک دەستکەوتی باشی بۆ دابین بکرێت. (سەلیبا، ١٣٦١: ٥٨٩).

بەرپرسیاریی ئاکاری‌← بەرپرسیاریی سیاسی
پەروەردەی زانستی و مودێڕن←بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی← بەرپرسیاریی ئابووری← بەرپرسیاریی دامودەزگاکان

ویستی ئازاد و ئیختیار  

لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا تاکو ئێستا ئەو لایەنانەی کەوا پەیوەندییان بە ئاکار، خواناسی و فەلسەفەوە هەیە لێک نەدرانەتەوە. بۆ نموونە ئایا مرۆڤ ئیختیاری هەیە یان ئەوەیکە جەبرێکی مێتافیزیکی یان کۆمەڵایەتی بەسەریدا زاڵە! لێرەدایە باس لە ئیختیار و  ویستی ئازاد دێتە ئاراوە. دیارە تا ئەو کاتەی کە مرۆڤ ئەو ڕەهەندە مێتافیزیکییانەی لە مێشکیدا وەکوو جیهاندیدێک قۆزاخەی بەستووە لێکی نەدابێتەوە ناتوانێ خۆی بە کەسێکی ئازاد و سەربەست بزانێت. ئەوانەی باوەڕیان بە ئیختیار هەیە لایان وایە، مرۆڤ خۆی لە جێبەجێکردنی کارەکانیدا سەربەستە و هیچ جەبرێک لە ئارادا نییە، ئەگەر ئیختیاری نەبێت هەست بە بەرپرسیاری ناکات و پەنا دەباتە بەر جەبری کۆمەڵگە و لە هەموو خراپتر جەبری میتافیزیکییە، واتە ئەو شتانەی وەکوو پێشگریمانە و بەبێ هەڵسەنگاندن لە مێشکیدا بناغەیان داڕشتووە. “پێویستە ئێمە دوو گریمانە لە بەرچاو بگرین: ١-دانپێنان بەوەی کە خەڵکی لەو شتانەی هەڵیدەبژێرن ئازاد و سەربەستن، دیارە مرۆڤ وەکوو ئاژەڵەکان نییە. ٢- پێویستە ئەم بۆچوونە پەسەند بکەین کەوا هەڵبژاردن و کردەوەکانی مرۆڤ سەرچاوەیەکی ڕوون و عەقڵانی هەیە و لایەنێکی ناهۆشیارانەی نییە و مرۆڤ ئەوکارەی کەوا ئەنجامی دەدا چاوبەستووانە نییە و بە بابەتێکی مێتافیزیکی ئاسمانییەوە گرێی نادات.” (فرانکنا، ١٣٨٣: ١٦٥).

blank
ئایزایا بەرلین(١٩٠٩-١٩٩٧) فەیلەسوف و تیۆریسیەنی بەریتانیایی

پێناسەی ئازادی

لێرەدا پێناسەی ئازادی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئیختیارەوە هەیە و ئەمەش ڕێک ڕێگە بۆ بەرپرسیاری یان نا-بەرپرسیاربوونیش خۆش دەکات. کەواتا مەبەست لە ئازادی چییە؟ لێرەدا چەند نموونەیەک دەخەینە بەردەست، ئایا شۆفیڕێک ئازادە بەپێی حەزی خۆی ماشینەکەی لێخۆڕێت؟ یان سیاسەتمەدارێک ئازادە هەرچی حەزی لێیە بیکات؟ ئایا کەسێکی ئایینی ئازادە سنوور بۆ یاسا دابنێت یان نا؟ ئایا مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا ئازادە بە حەزی خۆی هەرچی بەباش دەزانی بیکات؟ لێرەدا پێویستە ئەمە ڕەچاو بکەین ئازادی هۆشیارییەکی مەدەنییانەیە و لە پێشدا بیرکردنەوە و پەروەردەی هۆشیارانە، ئازادیی مرۆڤەکان دەستەبەر دەکات. پێویستە بۆ لێکدانەوەی بابەتەکە ئاماژە بە ئازادی لە ڕوانگەی دوو فەیلەسووفی جیا و ناکۆک بەیەکتر بکەین. یەکەمیان “ئایزایا بەرلین“ە و ئەوی تریش “ژان پۆل سارتەر“ە. ئایزایا بەرلین لەسەر ئازادی پێناسەیەکی ژیرانەی هەیە. بەرلین لە فەلسەفەکەیدا باسی لە دوو شێوازی ئازادی کردووە : یەکەم: ئازادیی ئەرێنی، دووەم: ئازادیی نەرێنی. ئازادیی ئەرێنی مانای سەربەستیی عەقڵانی دەگەیەنێ و ئازادیی نەرێنی، واتای نەبوونی کۆت و بەندی داسەپاو لە لایەن کەسانێکی تر دەگەیەنێ. بۆ ئەوەیکە ئێمە خاوەن ئازادی بین لە ‌پێشدا توانای هەڵبژاردنمان هەبێت و ئەمەش دژ بە هەر چەشنە قەدەر و جەبرێک دەوەستێتەوە. (بەرلین، ١٣٧٩: ١٤). “کەواتە ئازادی سەرچاوەیەکی گرنگ و بنەڕەتی بۆ بەرپرسیاریەتییە. ئەگەر مرۆڤ خۆی لە جەبری ئایینی و مێتافیزیکی ڕزگار نەکات باس لە بەرپرسیاری خەیاڵە، هەروەها پێویستە مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا خاوەن ئازادی بێت بۆ ئەوەی خوی بە بەرپرسیار بزانێت”. “کەسێکی وەکوو سارتەر لە فەلسەفەی ئێگزێستانسیالیستدا لای وابوو، مرۆڤ خۆی بەرپرسی بوونی خۆیەتی. سارتەر دەڵێت: بوون پێش چییەتی دەکەوێت و مرۆڤ بەرپرسی بوونی خۆیەتی. تاکی مرۆڤ خوی خاوەن خۆیەتی و سەربەستیشە، کەواتە مرۆڤ سەرەڕای ئەمانە، بەرپرسی سەرجەم مرۆڤەکانی تریشە.” (رحیمی، ١٣٤٦: ٣١-٣٢).

تاکی مرۆیی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی خۆی سەرجەم مرۆڤەکانی دیکەی هەڵبژاردووە. هەڵبژاردن، سەربەستی و ئازادی لە کردەدا خۆی دیاری دەکات و زەینی نییە.

لێرەدا مرۆڤ لە هەڵبژاردنی خۆیدا ئازادە و هەرکام لە ئێمە لە ڕێگەی ئازادی و ویستی سەربەستیی خۆمانەوە، ‌بوونی خۆمان هەڵدەبژێرین. کەواتە تاکی مرۆیی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی خۆی سەرجەم مرۆڤەکانی دیکەی هەڵبژاردووە. هەڵبژاردن، سەربەستی و ئازادی لە کردەدا خۆی دیاری دەکات و زەینی نییە. بەرپرسیاربوونی ئێمە بەرفراوانتر لەوەیە ئێمە بیری لێ بکەینەوە. زۆڵم و زۆر و کوشتن و بڕینی مرۆڤەکان لە لایەن دەسەڵاتێکی سەرکوتکارەوە ئەوە نییە هەموو بێدەنگ بن و پشتگوێی بخەن، بەڵکوو ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە ڕێگەی لێ بگرێت. کەواتە مرۆڤ سەرەڕای ئەوەیکە ئازادە، لە پێناو ئازادییەک کە هەیەتی بەرپرسیارە و مرۆڤەکانی تر چاویان لەو بڕیارەیە دەیدات، بەرپرسیاربوون لەهەمبەر خۆی و مرۆڤەکانی دیکەیە. مرۆڤ ئەگەر لە دونیایەکی داخراودا ژیان بەسەر ببات، تووشی تەریکبوون دەبێتەوە و هەر لە ناخی خۆیدا تووشی دووڕوویی دەبێتەوە. کەواتە چەمکەکانی وەکوو ئازادی، بەرپرسیاری ئەرکی بەدواوەیە.

پاراستنی ئەرک لە دۆخی نا-ئاساییدا

لە فەلسەفەی ئاکاردا سێ وشەی Dontologist، obligation، duty پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە. واتە ئەرک، بەڵێنی و زانستی ئەرکخوازی بە تووندوتۆڵی پێکەوە گرێیان خواردووە. یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کەوا بەباشی لەسەر ئەم باسە خاوەن هەڵوێستە “ئمانۆئیل کانت”ی فەیلەسووفی ئاڵمانییە. کانت دەڵێ: “هیچ شتێک لەم دونیایەدا و تەنانەت لە دەرەوەی دونیادا نییە جگە لە “ویستی چاکە نەبێت.” (کانت، ١٣٦٩: ١٢) مەبەست لە ویستی چاکە بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەرک و بەڵێنییە. ئەگەر یاسایەکی ئاکاری هەبێت پێویستە بەبێ هیچ مەرجێک لە خۆیدا چاک بێت و بەهایەکی زاتی هەبێت. واتە ویستی چاکە بەپێی دەرەنجامەکانی ناناسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە سەرچاوەی ویستی چاکە لە ئەنجامی کارەکەوە سەرچاوەی نەگرتبێت. بۆ نموونە: بکوژێک کە هیچ هاندەرێکی جگە لە ئیشی کوشتن و بڕین لە ژیانیدا نییە و بۆی هەیە لە خۆوە کارێکی باش بکات، بەڵام ئەم کارە مانای ئەوە نییە ئیدی بکوژ نەبێت. تەنیا چاکەی کردەیەک مانای ئەوە نادات ئەو کەسە کەسێکی خاوەن ئاکارە و پێویستی بە نییەتی بکەری کارەکەیشی هەیە، تا چ ڕادەیەک ئەو بکەرە ویستێکی چاک و ئینسانی هەیە. هەر لێرەوە کانت پەل بۆ “نییەتی جێبەجێکردنی” ئەرک دەکێشێت. کانت لای وایە ئاکارێک بەهادارە، سەرەڕای ئەوەیکە ئەو کارە پێویستە لەگەڵ ئەرکی نییەتی ئاکاریدا یەک بگرنەوە، پێویستە نییەتی ئاکاریشی بە ‌پشتەوە بێت و نییەتیش هەمان پەیڕەوی لە یاسای عەقڵە. کانت دوو کردەی ئاکاری لێک جیا کردووەتەوە. ١ـ کردەیەکە لە پێناو ئەرکدایە، ٢ـ کردەیەکە لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکدایە. نموونەیەک بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو کردەیە دەهێنێتەوە. “فەرز کەین فرۆشیارێک لە کڕیارێک پارەی زۆر ناسێنێ، ئەم کارەی فرۆشیارە بەپێی ئەرکە، بەڵام لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکدا نییە. بۆی هەیە ئەم گران نەفرۆشتنە بە هۆی پاوانخوازی یان ترس لە خودا یان بۆ گەیشتن بە بەهەشت بێت” (کاپلستون، ١٣٨٠: ٣٢٤). بەڵام ئەم کارە ئاکاری نییە و بەتەواوەتی کردارێکی نا-ئینسانییە و کانت لەم سەروبەندەدا ئاکارێکی ڕەها بەپێی بنەمای عەقڵ دێنێتە ئاراوە و دەڵێت:‌ “کردارت بەپێی یاسایەک بێت مرۆڤەکان نەک وەکوو کەرەستە، بەڵکوو وەکوو ئامانجێک چاو لێبکەیت”. یاسای دووەم ئەوەیە : “بەپێی یاسایەک هەڵسوکەوت بکە، کردارت ببێ بە یاسای گشتی”. (کورنر، ١٣٨٠: ٢٨٤)

کۆتا بڕیار

 کەواتە ئەرک و بەرپرسیارییە، ویژدانی مرۆڤەکان بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. کۆمەڵگەی زیندوو کەسانیک دەیگێڕن لە دۆخە نا-ئاسییەکاندا لەباتی ئەوەی کە بە هەلپەرستی و پارە کۆکردنەوە و چاوبرسییەتی بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆیان بجووڵێنەوە، هۆشیارانە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە و چینی هەژاریش ڕەچاو بکەن. بڕیار نییە کاتێک دۆخێکی نا-ئاسایی سیاسی یان ئابووری سەر هەڵدەدا کۆمەڵگەش ببن بە دڕندە و گورگی یەکتری هەرکەسە و بەپێی توانای خۆی دەبێت ئاگایان لە یەکتری بێت. دیارە کۆمەڵگەی گەندەڵ و دواکەتوو بەهاکانی ئاکار نامێنێت و هەلپەرستی و کەس لەکەسی باو دەبێت. لە کۆمەڵگە وەحشییەکانی کۆندا ئاکار و ڕەوشتی چاوبرسییەتی و هەلپەرستی تێدا باو بووە. بەڵام کۆمەڵگەیەک نەختێک ویژدان و بەرپرسیاریی مرۆیی تێدا مابێتەوە و مرۆڤەکان خاوەنی ڕەوشتی بەرز بن بەهۆشیارییەوە کۆمەڵگە دەپارێزن و ڕێگە نادەن کۆمەڵگەیان لە دۆخی نائاساییدا لەناو بچێت. لە کاتی قیرانەکان کاسانێک هەن بوێرانە و بەبێ بەرانبەر کۆمەڵگەی خۆیان دەپارێزن ئەمانە ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەن و باشتر وایە نموونەی ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بێت. ئەم کەسانەن وەکوو سەربازی ون ویژدانی کۆمەڵگە و ڕەوشتی کۆمەڵگە دەپارێزن و ڕێگە نادەن کۆمەڵگە لە لایەن کەسانی مشەخۆر و هەلپەرست لەناو بچێت.


ژێدەری فارسی:

١.درامدی برفلسفەی اخلاق، بیرنارد ولیامز،ترجمەی سهراب علوی نیا،١٣٨٣ ، نشر مرکز

٢.تبارشناسی اخلاق، نیچە، ترجمەی داریوش اشوری، ١٣٧٩، نشر اگە

٣.فلسفەی اخلاق، ویلیام فرانکنا،ترجمەی هادی صادقی ١٣٨٣، نشر طە

٤.تاریخ فلسفەی کاپلستون،[کانت] جلد ٦، ت. بزرگمهر و سعادت ١٣٨٥، نشر علمی و فرهنگی

٥.اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، مصطفی رحیمی، ١٣٤٤،نشر نیلوفر

٦.چهار مقالە دربارەی ازادی، ایزایا برلین، علی موحد، ١٣٨٠، نشر خوارزمی

٧.کین توزی، ماکس شلر، ترجمەی، صالح نجفی، جواد گنجی، ١٣٨٨، نشر سالس

٨.فرهنگ فلسفی، جمیل صلیبا،ترجمەی منوچهر صانعی درەبیدی،١٣٦١، نشر حکمت

ژێدەری کوردی:

١.مێژووی فەلسەفەی هاوچەرخ، وەرگێر، سەعید کاکی، چاپی ئاوێر، هەولێر،٢٠١٣

٢.سەرەتاکانی فەلسەفەی ئاکار، وەرگیڕ، سەعید کاکی، دەزگای ڕۆشنبیری، هەولێر،٢٠١٣

٣.بنەماکانی فەلسەفەی ئاکار، وەرگێڕان و کۆکردنەوە، سەعید کاکی، چاپی ئاوێر، ٢٠١٥

٤.مێژووی فەلسەفەی راتلێج بەرگی ٦ ئایدیالیزمیی ئاڵمانی، وەرگێڕانی. سەعیدکانی


[1] perspectiveڕوانگەیەکە نیچە داهێنەری بووە.

[2] golden Rule لەم یاسایەدا ئەوە گرنگە گەر ناتەوێ خەیانەتت لێ بکەن باشتروایە خەیانەت بە کەس نەکەیت.

[3] نموونەی زەقی ئەم بۆچوونە لە کتێبی “ئایشەمەن لە ئۆڕشەلیم” نووسینی هانا ئارێنت بەچڕوپڕی لێکدراوەتەوە. نموونەی ئەو شتانە لە کۆمەڵگەی خۆمان  بەزەقی دیارە.

[4] کورد وتەنی لەلایەک خوایان دەوێت و لەلایەکی دیکەش خورمایان دەوێت