كۆچبه‌ری نایاساییی ‘ماتاروا’
ئه‌و به‌یانییه‌ی له خه‌و هه‌ستام، له‌سه‌ر جۆره نوێنێكی سه‌ربازیی، له‌نێو زیندانێكی پهڕپووتدا ڕاكشابووم. سه‌رم به شێوه‌یه‌كی زۆر ترسناك ئازاری هه‌بوو، چمان ئێواره‌ی رۆژی پێشوو زۆرم خواردبێته‌وه، نایشزانم چۆن گه‌یشتوومه‌ته ئه‌وێ. له چوارده‌وری خۆم ڕوانی، ژووره‌كه ته‌نیا له ڕێی په‌نجه‌ره‌ی سه‌ره‌وه، كه بە ده‌لاقه ده‌چوو، ڕووناك بوو. به له‌رزه‌له‌رز هه‌ستامه‌وه و له ڕێی شووشهكهوە ته‌ماشایه‌كم كرد: به گێژ و مهنگییهوه ده‌ریایه‌كی شینی سه‌رنجڕاكێشم به‌دی كرد. چیم ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌م پاپۆڕه؟ زله‌یه‌كم سره‌وانده خۆم تا دڵنیابم نه‌خه‌وتووم. ترس دایگرتبووم، چه‌ند لهقهیهكم به ده‌رگاكه كێشا و هه‌وڵی كردنه‌وه‌یم دا. به داخه‌وه ده‌رگاكه داخرابوو. كێ منی بۆ ئێره هێنابوو؟ بۆچی؟ ئایا هه‌وڵیان دابوو زیندانیم بكه‌ن؟ ئه‌مه پڕوپووچ و بێ‌مانا بوو. له‌قه‌یه‌كی به‌هێزم لە دهرگهكە کوتا و قیڕاندم؛ یارمه‌تیم بده‌ن. ده‌بوو هاتوهاوارهكهم كه‌سێكی ئاگادار كردبێته‌وه، چونكه كلیلێك به‌نێو کێلۆنەکەدا سووڕا. ده‌رگاكه به جیڕوهووڕێكی زۆر كرایه‌وه، لەپڕ كه‌وتمه سه‌ر پیاوێكی گه‌نجی حه‌په‌ساودا، كه پێده‌چوو منی وه‌ك تارمایییه‌ك بینیبێ. گه‌ر ئه‌مه پاسه‌وانم بووبێت، ئه‌وا منیان زۆر بێده‌سه‌ڵات هاتووه‌ته پێش چاو. لێم پرسی من چی ده‌كه‌م لێره، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز زمانی ئه‌ڵمانی نەبیستبێت، پرسیاره‌كه‌م به ئینگلیزی دووپات كرده‌وه، هیچ سوودێكی نه‌بوو. به زمانێكی سابیر[1]ـیـی شه‌قوشڕ وه‌ڵامی دامه‌وه، پاشان له ئه‌نجامی ئه‌م تێنگه‌یشتنه دوولایه‌نه‌وه، به ئاماژه‌یه‌ك داوای لێكردم دوای كه‌وم. وام كرد، سووڕانه‌وه له ڕێڕه‌وی ئه‌م پاپۆڕه نهێنیئامێزه، ئێمه‌ی ده‌گەیاندە چه‌ند گه‌نجێكی تر كرد كه هه‌موویان به جۆره نیگایه‌كی توندی سهرسووڕماوهوه لێمیان ده‌ڕوانی. هه‌ستم ده‌كرد دیارده‌یه‌كی سارد و سڕم، كه‌سێك كه به‌شی خۆی نهفرهتهێن بێت. پاش سه‌ركه‌وتن به دوو پلیكانه‌ی زۆر به‌رته‌سكدا، گه‌یشتینه خاڵێك. ڕێبهرهكهم چه‌ند هاوڕێیەكی خۆی دیت، كه له ژوورێكی دارینی كه‌شتییه‌كه گردبوونه‌وه‌یه‌كی بچووكیان ساز دابوو. له كاتێكدا به وریاییەوه گوێم هه‌ڵخستبوو، هه‌ستم كرد زمانی یۆنانیم ناسییه‌وه. هه‌مووان زاق زاقێ لێمیان دەنواڕی، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له ته‌مه‌نیاندا ڕیشنێكیان نه‌دیبێ.
ـ كه‌س ده‌توانێت پێم بڵێ من چییهكهم لێره؟
گه‌نجێكی وردیلانه‌ی سه‌ركه‌چه‌ڵ وا ده‌ركه‌وت له پرسیاره‌كه‌م تێگه‌یشت و هاته پێشێ. به ئه‌ڵمانیی ڕێك، به‌ڵام به له‌هجه‌یه‌كی زۆر چه‌وت، ئه‌وه‌ی بۆ ڕوونكردمه‌وه كه ئێمه به‌ره‌و ئیتاڵیا سه‌فه‌ر ده‌كه‌ین. ڕۆژی پێشتر لەنگەرگەی پیرێ [لەنگەرگەیەکە له یۆنان]ـمان جێهشتبوو له 22ـی دێسه‌مبه‌ر. له‌رزم تێگەڕابوو: من ئێواره‌یه‌كی به‌هار له ماڵه‌كه‌ی خۆم له له‌نده‌ن خه‌وتبووم، ڕۆژی دواتر به‌یانییه‌كه‌ی خۆم له ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ یۆنانییه‌كان بینیبوو كه خه‌ریكبوون جه‌ژنی سه‌ری ساڵیان ده‌گێڕا. ئه‌م شته پووچ و مه‌حاڵ بوو. مۆته‌كه بوو یان پیلان. ڕه‌نگه نمایشێك بووبێت كه له لایه‌ن ئه‌م قۆشمه پیره، فرێدریك، ڕێكخرا بووبێت. كاتێك ویستم شووناسی ئه‌و بزانم، كه‌چه‌ڵه‌كه دڵنیای كردمه‌وه كه خوێندکار بووه و بۆ ته‌واوكردنی نووسینی تێزه‌كه‌ی له پاریس بووه، به‌شێك له هاوڕێكانیشی هه‌روه‌ها. تێزێكی فه‌لسه‌فی. منیش بە گه‌نجێتی فهلسهفەم زۆر لا سه‌رنجڕاكێش بوو، هه‌ر بۆیه به‌وم وت كه منیش چه‌ند پەڕتووکێکم نووسیووه.
ـ پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ كردم ناوم چییه؟
ــ ماركس.
ـ ببووره؟
ـ ماركس. كارڵ ماركس.
سه‌یرێكی یه‌كیان كرد و پاشان له قاقای پێكه‌نینیان دا. بینینی ئه‌م شادییه‌یان چێژبه‌خش بوو، به‌ڵام من له هۆكاری ئه‌م پاڵنه‌ره [پاڵنه‌ری پێكه‌نین] تێنه‌گه‌یشتم. ناوه‌كه‌م هیچ مایه‌ی پێكه‌نین و لاقرتی نه‌بوو و ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌یان سووكایه‌تی بوو. پاش ئه‌وه‌ی بێده‌نگ بوون، خۆیان ناساند.
ــ تۆ كارڵ ماركسی، زۆر باشه. منیش ناوم لینینه، ئه‌مه‌ش گرامێشییه. ئه‌م ژنه گه‌نجه‌ش ناوی ڕۆزا لۆگزامبۆرگه، ئه‌م گه‌نجه لیۆن ترۆتسكییه. ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ره‌ش ڕۆدۆلف هیفلردینگه.
ــ ئه‌ڵمانییه؟
كه‌چه‌ڵه‌كه زڵت تێمی ڕوانی، دیسان پێكه‌نینێكی شێتانه‌ی جڵهونهكراو سه‌ری لێ دا. ئه‌و پێڕه هه‌موویان به خۆشحاڵییه‌وه له گه‌ڵی ده‌تریقانه‌وه. ئایا كه‌وتبوومه نێو جۆره گۆشه‌گیرییه‌كی شهپۆلاویی؟ ئه‌و ناوانه‌ی به منیان دا هیچیان له یۆنانی نه‌ده‌چوون، نه‌ختێ تێگه‌یشتم ئه‌وان خه‌ریكن لاقرتیم پێ ده‌كه‌ن. له سه‌رده‌می دمۆكریتۆسهوه ئاستی ئاكار به شیوه‌یه‌كی زۆر ئاشكرا له ئه‌سینا دابه‌زیوه. هه‌ر بۆیه یه‌كێ له‌نێو ئه‌واندا به ئینگلیزی پرسیارم لێ ده‌كات، چیم كردووه تاوەکوو له‌و بچم.
ـ لێكچوون له‌گه‌ڵ كێ؟
ــ ئینجا خۆ من پێم وتن من كارڵ ماركسم!
شیرەبزەیەکى بۆ كردم، وه‌ك چۆن بۆ مناڵێكی بكه‌ن، پاشان ده‌نگێكی نزمی ته‌واو گاڵته‌جاڕانه‌ی له‌خۆ گرت.
ــ تۆ كارڵ ماركسی؟ ئه‌مه زۆر ناوازه‌یه! وامانده‌زانی شه‌ست ساڵه له گۆڕستانی هایگیت له له‌نده‌ن نێژراوی!
ئه‌مه له لایه‌ن لایه‌نگرانه‌وه یه‌كلا بووه‌ته‌وه. لای خۆمه‌وه ئه‌م بارودۆخه زۆر به گاڵته‌جاڕ نابینم. به‌ره‌به‌ره حه‌زم به‌وه ده‌كرد له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه هه‌نگاو هەڵێنم.
– گوێ بگره، من نازانم لێرە چی ده‌كه‌م و هیچ خولیای چوون بۆ ئیتاڵیاشم نییە. گه‌ر ئه‌مه گاڵته‌ش بووبێت، ئیتر تامی تیا نه‌ما. دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه بۆتان كه من كارڵ ماركسم، گەر ئەمە بشتانخاتە پێکەنین یان نا.
ئه‌وان له قاقای پێكه‌نینیان دابوو و ویستیان بزانن كاتی نووسینی سه‌رمایه من له‌كوێ بووم. سه‌رم لەوە سووڕمابوو كه ئه‌وان ئاگاداری ئیشه‌كانم بوون و به شێوه‌یه‌ك دوور له بەخۆنازین پێیانم ڕاگه‌یاند كه ڕه‌شنووسی به‌رگی سێیه‌می كتێبه‌كه له ده‌ستپێكردندایه. ئه‌م بابه‌ته‌یان لا سرنجڕاكێش بوو، منیش به خێرایی كورته‌یه‌كم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه و دوایین تێڕامانه‌كان دەربارەی به‌های هه‌موو بارودۆخه‌كان و پلانی گشتیی ده‌قه‌كه بۆ باسكردن. بێده‌نگییه‌كی سه‌یر باڵی به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشا…
گه‌نجه كه‌چه‌ڵه‌كه به باوه‌ڕه‌وه وتی: “سوێند ده‌خوێن ئه‌وه‌ی ده‌بیسترێ ڕاسته”.
كه‌واته ئه‌م كه‌سه كێیه؟
یۆنانییه‌كان به هه‌موو لایه‌كی كه‌شتییه‌كه‌دا هرووژمیان هێنا، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی كه‌م له چوارده‌ورم بازنەیان بەستبوو. كه‌وتبوومه به‌ر گوشاری پرسیاری هه‌مووان و به وه‌ڵامه‌كانم سەرنجم ڕاكێشابوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی مناڵێكی بههرەدار بم.
ــ گه‌نجێك، كه سهكسووكهیهكی ڕه‌شی هه‌بوو؛ وتی، سەمەرەیە، نه‌ك هەر تۆ وه‌ك برایه‌كی جمكه له‌و ده‌چی، بگره ناوی بهرههمهكانیشیت وه‌ك ناوی خۆت له‌به‌ره.
زۆرم بۆ خۆم نه‌هێنا تا دیسان بۆی دووپات بكه‌مه‌وه من کارڵ ماركسم. به‌م چه‌شنه بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك سه‌رسووڕمانی هه‌ندێك له‌وانه‌ی ڕووی قسه‌م له‌وان بوو داکشا. هەندێکیان هێشتان هه‌ر خه‌ریكی لاقرتی و گاڵته‌پێكردن بوون، هه‌ندێكیشیان وایان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام وا ده‌ركه‌وت گروپێكی بچووكی پێشه‌نگیان خه‌ریك بوون خۆیان ڕادەست ده‌كرد. كاتێك وه‌ڵامی په‌نجا یان سه‌ته‌م پرسیارم داوه، ئه‌وانه‌ی ئه‌ولا كه‌وتنه سه‌ر ئه‌ژنۆ و به ده‌نگێكی به‌رز ڕایانگه‌یاند:
ــ ئه‌مه خۆیه‌تی! ئه‌مه ماركسه! دیالێكتیسیهنهكه گه‌ڕاوه‌ته‌وه!
ئه‌وان کڕنووشیان بۆ بردم هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر بتێك ده‌یكه‌ن. ئه‌م شته به ته‌واوه‌تیی گاڵته‌جاڕانه بوو و، به هه‌زار سه‌رئیشه پاڵم پێوه‌نان. ئه‌وانی تر لاسایییانیان كرده‌وه و به خێرایی بوون به سی كه‌سێك كه هه‌وڵیان دا پێیه‌كانم ماچ بكه‌ن، وه‌ك بڵێی من مه‌سیح بم و زیندوو بووبێتمه‌وه!
ـــ ده‌یانقیڕاند، باسی سۆسیالیزممان بۆ بكه! پێمان بڵی شۆڕش چۆن به‌ڕێوه‌ده‌برێت! چۆن پرسه دنیاییه‌كان چاره ده‌كرێن! باسی ماتریاڵیزممان بۆ بكه!
دڵه‌ڕاوكێ دایگرتبووم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دڵنشینیش بووبێت، ئه‌وا سه‌رپاكی ئه‌م پیرۆزاندنه پڕوپووچ بوو. به نیگایه‌كی نیگه‌رانه‌وه له گه‌نجه كهچهڵهكهم ڕوانی و تكام لێ كرد بڕوات به شوێن كاپتندا. سه‌رێكی له‌قاند و به خێرایی ڕۆیشت. خۆم باشتر كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر ئه‌م هێرشه هیستریائامێزهی لایه‌نگرانم بگرم. ئینجا ئاهێكی ئیسراحه‌تم به‌به‌ردا هاته‌وه كاتێك بینیم كابرا له‌گه‌ڵ پیاوێك هاته‌وه كه به چوارده‌وری باڵایدا جلێكی زێڕینی سه‌رنجڕاكێشی لێ هەڵدوورابوو.
ـــ چی قه‌وماوه لێره؟ ئه‌مه‌ی به ئینگلیزییه‌كی زۆر باش وت.
ـــ گه‌نجه یۆنانییه‌كان قیڕاندیان و به په‌نجه‌ی ده‌ست ئاماژه‌یان بۆ كردم، كاپتن، ئه‌وه ماركسه.
كاپتن به چاوێكی گوماناوی ههڵیسهنگاندم و داوای لێ كردم خۆم بناسێنم. ناوی خۆم پێ وت، ئامۆژگاری كردم ڕیشم بتاشم، چونكه ئه‌م ڕیشه ده‌توانێت یه‌كێ بێت له فێڵهكانیی ئه‌م یارییه.
ــ پیشه‌ت چییه؟
ـ فه‌یله‌سووف.
ــ شوێن و ساڵی له‌دایكبوون؟
ـــ تڕێڤ، ١٨١٨.
ــ تۆ قه‌شمه‌ریم پێ ده‌كه‌ی؟
ــ هه‌رگیز.
ــ تۆ تهمەنت سه‌ت و بیست و حه‌وت ساڵه، به‌وپه‌ڕی ساردی و ئارامییه‌وه ئەمەی وت.
ــ ببووره؟
ـــ بۆی ڕوونكردبوومهوه كه ئێمه له ساڵی ١٩٤٥ـداین. ڕێك له ٢٣ـی مانگی دوانزه‌داین. من سهرگێژهم هه‌بوو. ئینجا سهرگێژهكهم زیاتر بوو كاتێك زانیم ئێمه له سه‌فه‌ری ده‌ریایین له‌سه‌ر ماتاروا، كه‌شتییه‌ك كه پێنج سه‌ت هه‌نگاو درێژه، مه‌كینه‌ی سووته‌مه‌نی و خێراییەکەى پانزه گرێی ئه‌وه‌نده‌ی كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی ده‌ریایه و له ١٩٢٢ له بێلفاست ئه‌م ناوه‌ی لێنراوه.
ئه‌و ئیشه‌كه‌ی خۆی له په‌یوه‌ست له‌گه‌ڵ ساوتهامپتۆن ـ ویڵگنتۆن ده‌ست پێ كردبوو، پاشان نووسینگەیەکی گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له ماوه‌ی جه‌نگدا دروست كردبوو.
ـ كام جه‌نگ؟
هه‌رگیز نه‌ده‌بوو ئه‌و شتانەی وا له‌و ڕۆژه‌ی له‌سه‌ر پاپۆڕی ماتاروا بۆیان گێڕامه‌وه له‌بیر بكه‌م، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دواتریش له سه‌ر ئه‌م شتانه له‌گه‌ڵ كه‌سیش قسه‌م نه‌كردایه. ئه‌وه مۆتهكهئاسا بوو. به قسهكانیڕا ده‌ركه‌وت ئه‌نته‌رناسیۆنال [ئه‌نجوومه‌نی نێوده‌وڵه‌تیی كرێكاران]، كه من له ساڵی ١٨٦٤ داممه‌زراندبوو، پێنج ساڵه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه. دووانی تر بوونه‌ته جێگره‌وه‌ی. له ڕووسیا، شۆڕشگێڕه شه‌ڕه‌نگێزه‌كان بوونه‌ته پسپۆڕی تیۆرییه‌كانی من و تێزاریان له پێناو دامه‌زراندنی سۆسیالیزمدا كوشتووه.
شۆڕش له ڕووسیا؟ به‌ڵام ئه‌مه پووچییه، بڕوانن، شۆڕش ته‌نیا له وڵاتێكی سەرمایەداریدا هەڵدەگیرسێت!
ــ به دڵنییاوه هه‌موو شتێك ڕێك به‌و شێوه ڕووینه‌داوه كه تۆ پێشبینیت بۆ كردبوو. وادیارە بیرمه‌نده بلیمه‌ته‌كان شتی تریان بۆ سه‌ر پەڕتووکەکانى من زیادكردبوو، کە تێیدا پاساوی ئەوەیان هێنابێته‌وه نەک تەنها ئه‌گه‌ری بەدیهێنانی سۆسیالیزم لەنێو وڵاتێکی ناپیشەسازی وەک ڕووسیادا بوونی هەبووه، هەروەها پاساویشیان بۆ ئەنجامدانی شۆڕش لەو وڵاتەدا هێناوه‌ته‌وه، بەبێ ئەوەی شۆڕشێکی جیهانیش بێت، کە ئەمەش کارێکی نادرووست بوو… ڕووسه‌كان خۆیان به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا زۆر ڕوون نین له سه‌ر تیۆریی و ڕابه‌ره شۆڕشگێڕه‌كانیان له ململانێیاندا له پێناو ده‌ستكه‌وتنی خه‌ڵاتی ڕه‌سانه‌یه‌تیی ماركسیست، لێکترازان. له هه‌مان كاتدا ساڵی ١٩٣٠ قه‌یرانێكی مه‌زنی دارایی له دنیای سەرمایەداریدا ڕوویدا، ئه‌وه‌ی وا شه‌ڕێكی ترسناكی لێكهوتهوه، ئه‌وه‌ی وا نزیكه‌ی پێنج ساڵی خایاند. یۆنان بە وێرانی له‌م شه‌ڕه هاته ده‌ر، ئه‌ڵمانیا بووە به‌كرێگیراوی نه‌خۆشێكی ده‌روونی كه هه‌وڵیدا جووله‌كه‌كان بسڕێته‌وه و به سه‌ر جیهاندا سەرکەوێت. من حه‌په‌سابووم.
ـــ ئه‌ڵمانییه‌كان[2] Das theoretischste Volk!
چیتر نه‌مده‌توانی له‌وه زیاتر به‌رگه بگرم، داوام له نێردراوه‌كانی داهاتوو كرد دەست لە باسه قێزه‌ونانه‌یان هه‌ڵگرن. ئه‌م ترسانه دڵگرانیان كردم، بۆیه داوای ڕوخسەتم له كاپتن كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆم ڕاكشێم. ئه‌و ڕازی بوو و داوای له یۆنانییه كه‌چه‌ڵه‌كه کرد تاوه‌كوو بمبات بۆ كابینه‌كه‌ی خۆی. ستایشكهرهكانم به گرووپ تا لای ده‌رگاكه لەدووم هاتن، چرپه‌چرپیان بوو، هاوكات ئاره‌زووی چاكبوونه‌وه‌ی خێرایان ده‌خواست. گه‌نجه‌كه له كابینه‌كه‌یدا شوێنی دوو سه‌رنشینی هاوته‌مه‌نی خۆی كردبووه‌وه، كه بۆ پشوودان له‌گه‌ڵ من هاتنه ژوورێ. ئه‌و ناوی كۆرنێلیۆس[3] بوو، دوو هاوڕێكه‌شی ناویان كۆستاس[4] بوو.
ـــ هه‌ردووكتان ناوتان كۆستاسه؟
ــ به‌ڵێ.
ــ سه‌یره.
له‌سه‌ر چرپایه‌كی سه‌ربازی ڕاكشام، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه چه‌ند کاتژمێرێک پێش ئێستا له‌سه‌ری له‌خه‌و هه‌ستابووم و ته‌ندرووستیم به زوویی به‌ره‌و باشی ڕۆیشت. ئارامی كابینه‌كه توندوتیژ بوو، شتێك كه نه‌ده‌بوو هه‌رگیز سه‌ر له هاوڕێكانم بشێوێنی. گفتوگۆ ده‌ستی پێ كرد. وه‌ك ئهقڵگهرایهكی باش، قه‌ناعه‌تیان پێ كردم كه ناتوانن بڕوا به‌وه بهێنن من کارڵ ماركسی ڕاسته‌قینه‌م. ئه‌وان ستایشی ئه‌و لێكچوونهیان ده‌كرد و ده‌یانوت ناوازه‌یه. من خۆیشم بڕوام به‌و شتانه نه‌دەهێنا كه به‌سه‌رم هاتبوو، بۆیه داوم لێ نەكردن بڕوام پێ بكه‌ن. بۆ تێپه‌ڕینی كات، كۆستاسه گه‌وره‌كه‌یان وتی با یاری كۆنكه‌ن بكه‌ین. ئه‌وی تریان یه‌كسه‌ر كارته‌كانی ده‌ركرد و بوتڵێك عاره‌قی ڕاكی لووله باریكیشی لە جانتاکەى ده‌رهێنا كه به نۆره فڕمان ده‌كرد.
ــ ئیوه ده‌توانن چۆڕی لێ ببڕن، دووانی تر له جانتاكهمه.
ــ ئه‌و كارهتهكانی دابه‌ش كرد و ئێمه‌ش ده‌ستمان كرد به كۆنكه‌ن. چونكه بیره چه‌وته‌كان له مێشكمدا نهڕهویبوونهوه، مه‌ی جه‌سته‌می گه‌رم داگهڕاندبوو. هه‌مووان سه‌رقاڵی یاری بوون، باسی فه‌لسه‌فه و کردەی شۆڕشگێریمان ده‌كرد، دوو بوار كه ئه‌وان زۆر ئیشیان تێدا كردبوو. گفتوگۆكه به‌ره‌و هێگڵ و دیالێكتیك ڕۆیی، دواتر له‌سه‌ر فۆیەرباخ. ئه‌م گه‌نجانه زۆر زیره‌كانه گفتوگۆیان ده‌كرد، به شێوه‌یه‌كی زانایانه بۆچوونیان له‌مەڕ تێكسته مه‌زنه‌كان ده‌رده‌بڕی، پێشبینیی داهاتوویه‌كی دره‌وشاوه‌م بۆ ده‌كردن.
ـــ له فەڕەنسا تێزێك ده‌نووسی، وایه؟
ــ وایه.
ــ دڵنیام زۆر قووڵ ڕۆده‌چیته نێوییه‌وه.
هه‌روه‌ها گفتۆگۆمان له سه‌ر كانت كرد، له سه‌ر باكۆنین، سهندیكاكارانی ئینگلیز له سه‌رده‌می من و ئه‌واندا، یۆنانی كۆن و پرۆلیتاریا. كۆستاس دوو بوتڵه‌كه‌ی تری شكاند و منیش خۆم پێنه‌گیرا باسی هه‌ندێك نوكته‌ی خۆشیان بۆ بگێڕمه‌وه كه له‌سه‌ر مێزی كافتریاكانی له‌نده‌ن بیستبووم. ئاره‌قه ڕاكییهكه قوڕگی ده‌بڕی، به‌ڵام زمانی ده‌پژاند. نه‌مزانیبوو چه‌ند قوم مەیم له‌ماوه‌ی ئه‌و كاتژمێرانه‌ی له‌نێو كابینه بچووكه‌كه‌ی ماتاروادا بووین ههڵقووڕاند: ئه‌وه ده‌زانم كه پاش بیست و چوار جار دۆڕاندن و سه‌رخۆشبوون چهپەوڕوو، له‌سه‌ر ته‌خته سه‌ربازییه‌كه ڕاكشاوم و چوومه نێو خه‌وێكی قووڵه‌وه.
ئه‌نجام
كارڵ ماركس له ١٧ـی مه‌ی ١٨٦٥ به خومارییهكی تایبه‌ت له‌سه‌ر نوێنه‌كه‌ی له له‌نده‌ن له خه‌و هه‌ستا. ده‌بوو ئه‌و نەیتوانیبێ باسی حاڵه‌ته‌كه‌ی بۆ كه‌سه نزیكه‌كانی بكات، ئینجا هاوكات له‌گه‌ڵ گرنگیدانی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش، بیری چووبوو خه‌ونه‌كه‌ی بنووسێته‌وه. ئه‌و سه‌رقاڵی ئه‌نته‌رناسیۆنالی یه‌كه‌م بوو[ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تیی كرێكاران]، به‌رگی یه‌كه‌م كتێبی سه‌رمایه‌ی بڵاو كردبووه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند پەڕتووکێکی جیاوازی تریش، له ساڵی ١٨٨٣ مردبوو.
ڕاستییەکەى ماتاروا سه‌فه‌ری به كه‌سانێك كردبوو و ئێمه وه‌ك سه‌رده‌مێكی نادیار باسمان كرد، خوێندکارە یۆنانییه‌كانی ئه‌وی له یۆنانه‌وه به‌ره‌و ئیتاڵیا هه‌ڵگرتبوو و سه‌رله‌نوێ ئیشه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریاكانی جیهان ده‌ست پێ كرده‌وه. كه‌شتییه‌كه له ساڵی ١٩٥٦ له سه‌فه‌ره‌كه‌ی خۆی ڕاوه‌ستا. زه‌نگی كه‌شتییه‌كه ئه‌مرۆ له كاتی پشووی خوێندکاران له خوێندنگە له شاری ماتاروا له نیوزلاند لێ ده‌ده‌رێت.
كۆستاس (ئه‌كسیلۆس)، كورنیلیۆس، و كۆستا (پاپایۆنیۆ) له ٢٢ـی دێسه‌مبه‌ری ١٩٤٥ـدا له به‌نده‌ری پیرێ به ده‌ستكه‌وتنی زه‌ماله‌یه‌كی خوێندن له خوێندنگەیەکی فەڕه‌نسی له ئه‌سینا به‌ڕێ كه‌وتن و له ١٩٤٦ گه‌یشتنه پاریس. ئه‌وان بوون به بیرمه‌نده گرنگه‌كانی نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م سه‌ته‌یه. كۆستا ئه‌كسیلۆس گفتوگۆی تێزێكی دكتۆرای كرد به ناونیشانی ماركس بیرمه‌ندی ته‌كنیك، هه‌روه‌ها بووه ئه‌ندامی دامه‌زێنه‌ری گۆڤاری ئه‌رگۆمێنت، لۆكاچی وه‌رگێڕا و ژماره‌یه‌ك پەڕتووکی زۆری فه‌لسه‌فی بڵاو كرده‌وه. ئه‌و هێشتا له پاریس ده‌ژی.
كۆستاس پاپایۆنیۆ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كلاسیكی به ناونیشانی ماركس و ماركسیسته‌كان بڵاو كرده‌وه، ههجوونامهیهكیش به ناونیشانی ئایدۆلۆژی سارد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه دەربارەى ماركسیزم و هیگڵ و فارت بیزانتین، هه‌روه‌ها ئه‌و یه‌كێكه له پسپۆڕه مه‌زنه‌كانی ئه‌م بواره. له ساڵی ١٩٨١دا مرد. كۆرنێلیۆس ده‌ستی كرده نووسینی تێزێك له زانكۆی سۆربۆن، به‌ڵام هه‌ر زوو به خێرایی تووشی كرده‌ی شۆڕشگێرانه هات. گۆڤاری سوسیالیزم یان به‌ربه‌ریه‌تیی له‌گه‌ڵ كلۆد لێفۆرت دامهزرارند، كه له‌وێ به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له ستالینیزم ده‌گرت و له هه‌وڵی تیۆرییه‌كی ڕه‌سه‌نی سۆسیالیزمدا دابوو. له ماوه‌ی ساڵانی شه‌ستدا نێوانی له‌گه‌ڵ ماركسیزم نه‌ما و پاش ئه‌مه خۆی ته‌رخان كرد بۆ فه‌لسه‌فه و ده‌روونشیكاریی. له ساڵی ١٩٩٧ له پاریس مرد.
[1]Sabir زمانێكی ئاڵۆزی كه‌سانی نزیك ده‌ریای ناوه‌ڕاسته كه تێكه‌ڵه له عه‌ره‌بی و فەڕەنسی و ئیسپانی و ئیتاڵی.
[2][ئه‌ڵمانییه‌كان خه‌ڵكانی زۆر تیۆریی.]
[3]Cornelius Castoriadisكۆرنیلیۆس كاستۆریادیس فه‌یله‌سووف و ئابووریناس و ده‌روونشیكاری یۆنانی و دامه‌زرێنه‌ری گرووپی سوسیالیزم یان به‌ربه‌ریه‌ت.
[4]Kostas Papaïoannou(1925–1981) فه‌یله‌سووف و مێژوونووسی هونه‌ری فەڕەنسایی به ڕەگەز یۆنانییه. و پسپۆڕی به‌رهه‌مه‌كانی هیگل و ماركسه و به گشتیی ماركسیزمه. له ساڵی ١٩٤١ دا په‌یوه‌ندیی كرد به گرووپی به‌ره‌نگاریی یۆنان دژ به نازیی و له سالی ١٩٤٥ وڵاته‌كه‌ی خۆی به جێهێشت له گه‌ڵ هه‌ر دوو گه‌نجی رۆشنبیری كۆستاس ئاكسێلۆس كه له‌م چیرۆكه‌دا باسی لێده‌كریت كه ئه‌ویش هاوكات یۆنانییه و فه‌یله‌سووفێكه كه به فره‌نسی ده‌نووسێت و پسپۆرییه‌كه‌ی هیراكلیته و كه‌سێكی ماركسیه و كۆرنۆلیوس كاستوریادیس كه باسمان كرد له په‌راوێزه‌كه‌ی تر. له ساڵی 1950 دا له فره‌نسا نیشته‌جێ بوو.
سه‌رچاوه:
BERNARD QUIRINY, L’ANGOISSE DE LA PREMIÈRE PHRASE, Éditions Phébus. Paris. 2005.
تێبینی : ئه‌م چیرۆكه له ژماره حه‌وتی گۆڤاری ئیلیان بڵاوكراوه‌ته‌وه.