ئارەزووی مردن، خەون و بێداری
«وەکوو مامۆستایەک، پاشان وەکوو نوێکارێکیش لە بەشی دەروونشیکاری لە زانکۆی ڤێنسین، لە ساڵی ١٩٧٤، بوارم هەبوو پرسیارێک لە دکتۆر لاکان بکەم کە لێرە بە کورتی دەیڵێمەوە: ئایا ئارەزووی مردن، لەپاڵ ئارەزووی خەوتنە یان مەیلی بێداربوونەوە؟ دکتۆر لاکانیش لەسەر کورسییەکەی بە بێدەنگی مایەوە، یەکسەر زانیم کە بێگومان پێشتر گوێی لەم پرسیارە بووە. دواتر، پاش نیو کاتژمێر کە بە دیاریکراوی و زۆر ڕوون وەڵامی دامەوە کە بتوانم باشترین تێبینی وەرگرم. ئەوەیش دەقی تێبینییەکانن کە لێرە دایاندەنێم.»
کاترین میلوت
ئارەزووی خەوتن لەگەڵ کردەیەکی فیزیۆلۆجیی بەربەنددا دەگونجێت. خەون بەربەندێکی چالاکە. ئەم خاڵە ئەو جێگەیەیە کە دەتوانین ئەندێشەی پێوەندی هێمایی بکەین. لەسەر ئەو جەستەیەی کە زمان پێوەی بەندە، بە هۆی ئەو دژیەکییە بایۆلۆژییەی کە تێیدا وەکوو پێداگرییەکە کە ڕێگری لە پچڕانی خەوتن دەکات. بە هۆی هێماییشەوە، بێداربوونی تەواو وەکوو مردنێکە بۆ جەستە و، خەوتنی قووڵیش دەتوانێ وا بکات جەستە بەردەوام بێت.
ئەودیو بێداری
ئەوەی فڕۆید ئەندێشەی دەکرد دەربارەی پاڵنەری مردن، ئەوەیە کە بێداربوونی جەستە؛ وێرانکردنییەتی. چونکە بە ئاڕاستەی پێچەوانەیش لە بەرانبەر بنەمای چێژدا، ئامادەی دەکات بۆ ژیانێکی دی، فڕۆید وا پێناسەی ئەمەی کۆتایی دەکات وەک ئەوەی ئەودیو au-delà: ئەم ئەودیوە، پێچەوانەیە.
لەو ڕووەوە، ژیانیش تەواو لەودیو هەموو بێداربوونەوەیەکە. ژیان ئەندێشەنەکراوە و، جەستەیش هیچ بەدەست ناهێنێ، بەڵکوو زۆر بەسادەیی، هەڵی دەگرێت. کاتێ فڕۆید دەڵێت: “ژیان تامەزرۆیە بۆ مردن، ئەمەیش واتای ئەوەیە مادام هەنووکە بەجەستەیی دەبێت، بەو شێوەیەی لەنێو جەستەدایە، بۆیە بە پەرۆش دەبێ بۆ ئاگاییەکی تەواو و بەسندە. دەکرێ بڵێین ئەمە ئەو شوێنەیە کە تەنانەت لە کاتی بێداربوونیی ڕەهایش، هێشتا بەشێک لە خەون هەیە کە بە دیاریکراوی خەون بینینە بۆ بێداربوونەوە.
هەرگیز بێدار نابینەوە: حەز و ئارەزووەکان، خەونەکان بە زیندوویی دەهێڵنەوە. مردن خەونێکە لە سەرووی هەموو خەونەکانی ترەوە، ژیان بەردەوام دەکات، خەونی مانەوە لەنێو ئەفسانەدا. لەلایەن بێداربوونەوەوە، مردن چێ دەبێت. ژیانیش بەتەواوەتی مەحاڵە و ناتوانێ خەون بە بێداربوونەوەیەکی ڕەها ببینێت. بۆ نموونە لە ئایینی نێرڤانا، ژیان خەون بە هەڵهاتن لە خۆی دەبینێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ژیان بە ڕاستینەیی دەمێنێتەوە و، ئەم گەڕانەوەیەش بە ئەفسانەیی. ئەفسانەییە و لەو خەونانەیە کە تەنێ بە زمانەوە پێوەند دەبێت. گەر زمان بوونی نەبا، نەماندەتوانی خەون بە ئەگەری مردنمانەوە ببینین. ئەم ئەگەرە زۆر دژوازە چونکە تەنانەت لەم ئارەزووانەیشدا، کە تەنێ ئەفسانەیی نییە، بەڵکوو سۆفییانەیشە، پێمان وایە کە دەچینە نێو کەتواری ڕەهاوە، ئەوەی کە تەنها لەڕێی ژمێرەوە بەشێوە دەکرێت.
خەون بە لێشێوانەوە دەبینین لەوەی کە دەیخەمڵێنین بە ناوی ڕاستینە (فاکت)ەوە بەوەی کە لەنێو زماندا نیشتەجێین. چونکە لەنێو زماندا نیشتەجێین، دەچینە نێو شێوەگەری formalism -بە دیاریکراوی ڕێکخستن لە ژمێرەییدا- و، لەم کەتوارەدا وێنای هەبوونی زانینێکی تەواو و ڕەها دەکەین. لە کۆتاییدا، لە نێرڤانا، نقومبوونە لەنێو ئەم زانستە ڕەهایە، کە هیچ شوێنەوارێکی نییە، ئەمەیە کە بۆی تامەزرۆین. پێمان وایە ڕاڕا و سەرلێشێواو دەبین لەگەڵ ئەم زانستەدا، کە دەبێ هاوکاری ئەم جیهانە بکات، لە کاتێکدا ئەم جیهانە تەنێ خەونی هەموو جەستەیەکە.
گەر بە مردنەوە پێوەند بکرێت، تەنێ زمان گەواهی ئەوەیە لە کۆتاییدا، سا ئایا ئەمەیە کە چەپێنراوە؟ بڕیاردان سەختە. لەوانەیە هەموو زمانەکان تەنێ لەبەر ئەوەی بیر لە مردن نەکرێتەوە، دروست کراون، کە لە ڕاستیدا، کەمترین شتە کە بیری لێ دەکرێتەوە. ئەمەیە هۆکاری ئەو ئەندێشەیە کە وەکوو بێداری دادەنرێت. منیش شتێک دەڵێم کە بە گرێ چکۆلانەکەمەوە دەیلکێنم بەڕێزم (هێمایی، ئەندێشەیی، کەتواری).
پێم وایە کە سێکس و مردن یەکگرتوون (بە یەکەوە نووساون)، وەکچۆن سەلمێندراوە لەلایەن ئەو ڕاستییەی لە ڕاستینەوە دەیزانین، ئەو جەستانەی لە ڕێی سێکسەوە ڕوو لە زیادبوونن؛ سوبژەی مردنن.
بەڵام لە ڕێی چەپاندن و سەرکوتکردنی پێوەندیی نا-سێکسییەوە non-rapport، زمان نکۆڵی لە مردن دەکات (مردن نەفی دەکات)، بێداربوونەوەی تەواو کە ڕەنگە لە دەستگیرکردنی سێکس پێک بێت -کە ئەوەیش ئاوارتەیە- ڕەنگە شێوەیەک لەنێوان شێوەکانی تر وەربگرێ کە لە لێکەوتەکانی سێکس دەکەوێتەوە، واتا مردن.
ناقۆڵایی کەتوار
فڕۆید هەڵەیە کاتێک ئەندێشەی ژیان دەکات کە دەشێ هەڵپەی گەڕانەوەی هەبێت بۆ بەستن و وەستانی تەنەکان کە وەک ماددە وێنا دەکرێت. ژیان لەنێو جەستەدا، تەنێ لەسەر بنەمای چێژ دەژی. بەڵام بنەمای چێژ لە لای بوونەوەری بێژەر، دەچێتە ژێر هەژموونی نائاگاییەوە، واتا زمان. لە کۆتاییدا زمان بە نادیاری دەمێنێتەوە: قەرەبووی نەبوونی پێوەندیی سێکسی دەکات و مردن دادەپۆشێت، هەرچەندە دەیشتوانێ وەکوو جۆرێک لە ئارەزوویەکی قووڵ، پێناسەی بکات. ئەو ڕاستییەیش دەمێنێتەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە لەنێو ئاژەڵەکاندا، لە ئەنالۆگەکانی (هاوشێوە و لێکچووەکانی) زماندا، کە ئاگاییان بە مردن هەیە. پێم وا نییە لە مرۆڤدا پتر هەبێت، بە هۆی زمانەوە: ڕاستینەی ئەوەی کە زمان دەربارەی مردن دەدوێ، ئەوە ناسەلمێنێ کە هۆشیاری و زانینێکی دەربارەوە هەبێت.
ئەمە ئەو دوا سنوورەیە کە تەنها لەڕێی کەتواری سێکسەوە پێی دەگەن. مردن ئەو بێدارییەیە کە هەنووکە بەشداری لە خەوندا دەکات تا ئەوکاتەی خەون پێوەندە بە زمانەوە. ئەو ئارەزووە دیاریکراوانە، ئارەزووی ئەوانەیە کە بێدار دەبنەوە، نیشانەی ئەوەیە کە زیاتر وابەستەیە بە سێکسەوە وەک لە مردن.
لە لای بوونەوەرە بێژەرەکان، خەونەکان پێوەندییان بەم بێ-واتایە هەیە ab-sens، ئەم نا-واتایە non sens، بۆ کەتوارێکە کە لە پێوەندیی نا-سێکسی پێکهاتووە، کە تەنێ هاندەری ئارەزووە بۆ زانینی ئەم ناپێوەندییە بە دیاریکراوی. گەر ئارەزوو، پەیوەست بێ بە کەمایەسییەتییەوە، بەبێ ئەوەی بڵێین کە ئەوە هۆکارەکەیەتی، زمان لە ئاستێکدا دەبێت کە زیادەڕەوی لە هەوڵەکانی دەکات بۆ پێکهێنانی ئەم پێوەندییە، خودی زیادەڕەوی نیشانەیەکە بۆ هەرگیز سەرنەکەوتنی ئەم ڕاپۆرتە. دەکرێ ئەندێشەی ئەوە بکرێ کە زمان لە ئاستی ناپەیوەندییدا زۆر و بڵاو دەبێت، بێئەوەی بتوانین بڵێین کە ئەم پێوەندییە لەدەرەوەی زماندا هەیە.