لە ڕووبەڕووبوونەوەی بێواتاییدا
ئەدەب چییە؟ سارتەر چۆن دەڕوانێتە ئەدەب؟

وەرگێڕانی: هاوڕێ خالید

“وشەکان دەمانچەی پڕ تەقەمەنیین، کاتێک نووسەر قسە دەکات، تەنها دەیاتەقێنێت”

سارتەر


ئەدەب چییە؟ پرسیارێکی کێشەئامێز، کە هەمیشە زۆرێک لە نووسەرانی دەقی شیعری و پەخشانی دووچاری خەوزڕان کردووە، ئەوەی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هەندێک بە ئەدەبی خراپ ناوەزەدیان کردووە. ڕەنگە دیارترین وەڵام بۆ پرسیاری “ئەدەب چییە؟” ئەوەی نووسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠) بێت لە وتارێکی درێژدا کە لە ساڵی ١٠٤٨دا لەلایەن گالیمەردەوە بڵاو کراوەتەوە. سارتەر کە ئەزموونێکی دوورودرێژی لە بواری ئەدەبیدا هەیە، لە تێزێکی فیکری فەلسەفییدا باسی لە چەمکی (کاری ئەدەبی) کردووە، کە دواتر بوو بە یەکێک لە گرنگترین ئەو تێزانەی بۆ وەڵامی پرسیاری: “چ ئەدەبێک”؟ گرنگیی تێزەکە لە دوو ڕەهەندەوەیە:

ڕەهەندی یەکەم ئەوەیە کە سارتەر نووسەرە و هەروەها فەیلەسووفە. بەم شێوەیە، تێکشکانی ئەو پرسیارەی کە ئەدەب چییە؟ قەبارەی ئەو پابەندیانەیە کە نووسەر پێویستە هەیبێت لە پەیڕەوی نووسین و قسەوباسەکانی شانۆ و گەشتکردن لە ڕێڕەوەکانی نووسینی داهێنەرانە.

ڕەهەندی دووەم، تاکوو ئەمڕۆ سارتەر، وەک وەرچەرخانێک لە فەلسەفەی بوونخوازی و لە مێژووی بیری فەلسەفی فەڕەنسیدا ماوەتەوە، ئەمە بەتایبەتی قورسایی بە تێزی “ئەدەب چییە”؟ داوە. کە نە بە تەواوی ئەدەبی و نە فەلسەفی نییە، بەڵکوو هەردووکیانە بەیەکەوە.

سارتەر وەک جەمسەرێکی سەرەکیی فەلسەفەی هاوچەرخی فەڕەنسی لەو کاتی بڵاو بوونەوەی یەکێک لە گرنگترین کارەکانی (بوون و نەبوون) لە ساڵی 1943دا، بوو بە هیوایەکی نوێ بۆ لاوانی فەڕەنسی دوای ئەوەی فەڕەنسا لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە بە وێرانی هاتە دەرەوە.

ئەمە بارودۆخێکە هاوشێوەی هەمان ئەوەی ئێمە لە ئێستادا دەژین. گەنجانی [ئێمە] لە ئاستی جیاجیادا تووشی دۆخی پاشەکشێ بوون و دەبن، پاش ئەوەی [بەهار بوو بە پایز- مەبەستی بەهاری عەرەبییە، وەرگێڕ]. بۆیە وای دەبینین، کە پەیوەندیی سارتەر لەگەڵ کۆمەڵگەکانی ئێمە و ئەو واقیعەی ئێستا، هەمان واقیعی گەنجانی فەڕەنسای ئەوکاتە .. گەنجانی [ئێمە] لە لای سارتەر ئێستا تێڕوانینێکی بنچینەیی دەبوون کە سارتەر لە ڕێگەیەوە فەلسەفە و ڕێبازە ئەدەبییەکەی پێ بونیات دەنا. بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی واقیعی فەڕەنسی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دوای جەنگی جیهانیی دووەم.

ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠)

ئامانجی سارتەر ئەوە بوو کە پرسیاری ئەوە دروست بکات “ئەدەب چییە؟” نەک هەر بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی کێشەدار، بەڵکوو بۆ ئەوانەش ڕەخنەیان لە بیرۆکەی (نووسەران دەبێت پابەند بن بە پرسێک یا هۆکارێکەوە) گرتبوو. دوای ئەوەی ڕەخنەگران پابەندییان بەو بنەمایە بەپێچەوانەی ئازادیی نووسینی ئەدەبی دەزانی. سارتەر بە وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانە دەست پێ دەکات، لە لاپەڕە هەشتی کتێبی “بوون و نەبوون” پرسیارەکە دەوڕوژێنێت و دەڵێت: هەندێک عەقڵێکی مشتومڕکەر دەپرسن: ئەم بانگهێشتە چییە؟ پابەندی ئەدەبی؟

“کەواتە ئەوە واقیعییەتی سۆسیالیستی کۆنە، ئەگەر نوێبوونەوەی پۆپۆلیستی نەبێت، توندتر”. چ شتێکی گەمژانە، ئەوان بە خێرایی دەخوێننەوە بەر لەوەی تێبگەن داوەری دەکەن…. کەواتە با دووبارە دەست پێ بکەینەوە، ئەوە خۆش نییە، نە بۆ من و بۆ تۆش. پێویستە ئەم کەیسە بە کۆتا بگەیەنین. وەکوو ڕەخنەگران بە ناوی ئەدەبەوە ئیدانەم دەکەن بێ ئەوەی بە واتای خۆی بزانن.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە باشترین ڕێگا ئەوەیە بێورە بپرس:هونەری نووسین چییە؟ بۆچی دەنووسین؟ لە ڕاستیدا، وا دیارە کە هیچ مرۆڤێک لە خۆی نەپرسیوە.

بە دامەزراندنی ئەو پرسیارە سارتەر دەست دەکات بە وەڵامدانەوەی ڕاوبۆچوونی بەرهەڵستکارانی و ژمارەیەک لە نووسەر و شانۆنووسان کە دیارترینیان شانۆنامەنووس “ژان گێرۆدۆ”یە، سارتەر بەردەوام دەبێت لە تێزەکەی “ئەدەب چییە” لەسەر چەند خاڵێک، کە دیارترینیان جەختکردنەوە لە بنەمای گرنگی پابەندبوون.

پاشان پێداچوونەوەی کارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی پێویست دەکات بۆ ئەوەی نووسەرە کە پابەند بێت بە کێشەیەکەوە. نووسەر نووسین بەکار دێنێت وەک پەیامێک یان هەڵوێست وەرگرتن لەسەر دۆخێک یان بابەتێک. زیاتر بەردەوام دەبێت لەسەر گرنگی دانپێدانان بەوەی کە خوێنەری دەبێت لەگەڵ نووسەردا کۆک بێت لەسەر ئازادیی تێگەیشتن و لێکدانەوە.

هەمان بیرۆکە دەتوانێ بەسەر واقیعی ئەدەبی هاوچەرخدا جێبەجێ بکرێت. ئایا نووسەر ناچارە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتێکدا بکات یان کار بکات بۆ توێژینەوەیەک لەسەر ئەوەی کە (چ/بابەتێک) لە دەوروبەری دەخولێتەوە. هەر دوو وشەیەک لەسەر لاپەڕە دەکرێت وەک کتێب بڵاو بکرێنەوە؟

ئایا ئەمە جۆرێک نییە لە وشیاریی و فرمێسکڕشتن؟

پرەنسیپی پابەندبوونی ئەدەبی چییە؟

پرەنسیپی پابەندبوون لە کاری ئەدەبیدا بەپێی سارتەر لەسەر ئەو گریمانەیە وەستاوە: کە کار لە بنەڕەتدا بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە و بە ناچاری لەگەڵ کێشەکانی بوونی مرۆڤی هاوچەرخ یان مێژووەکەی ئاوێتە بێت، ئەمەش نکۆڵی لەوە ناکات کە کارەکە کاراکتەری تاکەکەسی خۆی هەیە.

بەڵام شوناسی ئەم کاراکتەرە، لەژێر تەوژمی وێستگەکانی واقیعدا پێکهاتووە.

لێرەدا کاریگەری ڕوونی بوونخوازی سارتەر لەسەر دیدی ئەدەبی ئەو دەبینین بوونخوازی کە لە بنچینەدا جەخت لە پێگە و گرنگیی مرۆڤ لەناو جیهان دەکاتەوە چونکە (واقیع و بوونی نووسەر) ئەو شتەیە کە ناسنامەی خودی نووسەر پێک دێنێت. لەو دۆخە وجودییەی کە مرۆڤ ئەزموونی دەکات شوناسی ئەدەبی لەدایک دەبێ، ئەو ژینگەیە کە نووسەر تێیدا دەخولێتەوە و لێی دەرناچێت.

بە پێوەری ئەو پێشینانە، ژمارەیەکی زۆر لە بڵاوکراوەکان کە پەیوەستن لەگەڵ پێشانگای بازاڕی کتێبەکاندا لە ڕووی خواست و خستنەڕوو دەتوانرێت بەتەواوی لە ژانری ئەدەبیات لا بدرێت ئەگەر ڕەچاوی پرەنسیپی پابەندبوون بکەین.

سارتەر پێی وایە کە پرەنسیپی پابەندبوون بۆ هونەری پلاستیکی و پەیکەرسازی و مۆسیقا یان تەنانەت شێعر درێژ نابێتەوە، بەڵکوو تەنیا بۆ تێکستە پەخشانەکان جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بە هونەرەکانی تر، سارتەر بیرۆکەیەکی ناهاوتا پێشکەش دەکات دەڵێت: جیاوازی نێوان ئەدەب و مۆسیقا یان ئەدەب و شێوەکاری تەنیا جیاکاری نییە لە فۆرمدا بەڵکوو جیاکارییە لە ماددەکەشدایە، ڕەنگ و نیشانە و شێوەکان نیشانەی واتا نین. سارتەر بەردەوام دەبێت لە پەیوەستی بە شیعرەوە، لە جەوهەری خۆیدا وەک وێنەکێشان و پەیکەرسازی و مۆسیقا، پرەنسیپی پابەندبوون بەسەریدا ناسەپێندرێت.

شێعر وەک پەخشان وشە بەکار دەهێنێت، بەڵام بە هەمان شێوە بەکاریان ناهێنێت. وای دەبینێت شیعر لە هیچ حاڵەتێکدا وشە بەکار ناهێنێت بەڵکوو خزمەتیان دەکات. “شاعیران زمان بەرز دەکەنەوە بۆ ئاستی سوود گەیاندن و گەڕان بەدوای حەقیقەتدا کە ئەمە تەنیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازێک بەدەست دەهێنرێت. ئێمە ناتوانین وێنای ئەوە بکەین کە ئامانجی شاعیران تەنها پێداچوونەوە یان خستنەڕووی ڕاستییەکانە و بیر لە جیهان و بابەتەکانی ناکەنەوە.”

ئەدەب چییە؟

بۆیە (پەخشاننووس) نووسەری تێکستە پەخشانییەکان، مەبەست لە پرەنسیپی “پابەندبوون”ە

هونەری کاری پەخشانی لە جەوهەردا لەسەر بنەمای بەکارهێنانی وشەکان وەک ئاماژە و دەلالەت بە مەبەستی تێگەیشتنە لە شتەکان. کەواتا سارتەر یاسای “پەخشان بە هۆی سروشتە سوودبەخشەکەیەوە، درێژەپێدەری هەستی ئێمەیە“، دادەڕێژێت.

سارتەر پێی وایە کە جان گێرادو هەڵە بوو، کاتێک لەبارەی دەقی ئەدەبییەوە گوتی: “پرسەکە سەرەتا بابەتی فۆرمە و پاشان بیرۆکەکە دوای ئەو دێت “. هەروەک زانستە سروشتییەکان پاڵ بە کێشە نوێکانەوە دەنێن بۆ بەردەم ماتماتیکزانان بۆ دانانی هێمایەکی نوێ. داخوازییە نوێبووەکانی کۆمەڵگا و میتافیزیکاکەی هەمیشە پاڵ بە هونەرمەندەوە دەنێت بۆ گەڕان بە دوای ئامرازە هونەرییە نوێکان و زمانێکی نوێ.

لێرەدا دەبینین کە سارتەر جارێکی تر دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری هەردوو فەلەسەفەی فینۆمینۆلۆجیا و بوونخوازییەوە لە کاتێکدا سارتەر وەک فەیلەسوفێکی بوونخواز، مرۆڤ وەک ئەو نێوەندە پەسەند دەکات کە شتەکان بە چ شێوەیەک لە دیدی ئەو دەردەکەون، وەک فاکتەری نێوەندەگیری نێوان هەموو پێکهاتەکانی بوون بەستەری ناوەندێتی، لێرەدا بە ئاشکرا لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی بوونخوازییدا دەردەکەوێت. لەسەر بنەمای (بوون پێش چییەتی دەکەوێت).

بەپێی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆجیای ئێدمۆند هوسەرل، دیاردەکە دیاردە کۆنکرێتییەکانی ئێستا دەگرێتە ئەستۆ: “شتەکان سەرەتا بوونیان هەیە و دواتر  ناوەڕۆکەکەیان دیاری دەکرێت کە چین.”

ئەمە پرەنسیپێکی کێشەی نێوان گیرۆدو و سارتەر بوو: (چییەتیی بابەتەکە پێش دەکەوێت یان فۆرمەکەی؟) ئەو مەسەلەیەیە کە هەر لە کۆنەوە ناکۆکی لەسەر کراوە و لە هەموو سەردەمێکدا نوێ کراوەتەوە و کێشەیەکی فیکری و ڕەخنەیی بوو لەنێوان دوو زانای موسڵمان (الجاحظ و ابن قتيبة) لە سەرەتادا.

لەگەڵ ئەوەشدا، سارتەر بەتەواوی ئاگاداری ئەوە بوو کە وشەکان زۆر توانای گۆڕینی ئەو خراپەیان نییە کە لە هەموو کاتەکاندا لەناوچووە. چونکە، “هەڵە” خەسڵەتێکی سروشتی ناجێگری دەروونی مرۆڤە.

ڕۆڵی کاری ئەدەبیش لێرەدا تێپەڕاندنی ئەو ڕۆحەیە لە هەستی لێشاوی گوناهباری. هەرچۆنێک بێت سارتەر واز لەو خەونە ڕۆمانسییە دەهێنێت کاتێک دان بەوەدا دەنێت: “نووسەر پێویستە لە هەندێ کاتدا واز لە قەڵەمی خۆی بهێنێت و چەک هەڵبگرێت بۆ بەرگریکردن لە ئازادی” لەوە تێدەگات کە نە نووسەر و نە دەقیش ناتوانن جیهان بگۆڕن.

بێگومان هۆشیاری لە هێز و کاریگەریی نووسین بۆ نووسەر گرنگە ئەو دەڵێت: پەخشاننووس ئەو مرۆڤە ئازادەی کە ڕووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە بە پێویستی ئازادە، چ لە ئەدەبیاتی خۆیدا مامەڵە لەگەڵ گێژاوە تاکییەکەیدا بکات یان هێرش بکاتە سەر تەواوی سیستەمی کۆمەڵایەتی.

بۆیە کاتێک پەخشاننووس دەست دەکات بە پرۆسەی نووسینەوە، پەخشانەکە پابەند دەبێت بە بیرۆکەیەک یان بابەتێکەوە، کە دواتر وەک “لێکۆڵەر/بابەتی” کاری دەقەکە بە دەوروپشتییدا دەخولێتەوە. مادام لێکۆڵەرەکان زۆرن ئامانجیان چەسپاندنی ڕاستی و حەق بەسەر درۆ و ناحەقی و ئازادکردنی مرۆڤە، ئەوا هەموو نووسەرێک ناچارە بەرەنگاری ستەمکاری و فاشیزم بێتەوە. “هەر هەوڵێکی نووسەر بۆ بە کۆیلەکردنی خوێنەرانی، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە هونەرەکەی دەکات”

هەر ئەو بیرۆکەیە ئەگەر بەسەر بارگەی بڵاوکراوەکاندا جێبەجێ بکرێت، کە دوای بەهاری عەرەبی بەتایبەتی بازاڕەکەی لافاو لێیدا ئەوا دەبینین کە بەشێکی زۆر لەو بارگەیە جگە لە قسەی بێمانا هیچی تر نییە.

بۆ کێ دەنووسین؟

بۆیە سارتەر پێی وایە کاتێک کە نووسەر پابەندە: “ئەو پابەندبوونە دەگوازێتەوە بۆ خۆی و ئەوانی دیکە، لە میحوەری هەستێکی غەریزەییەوە بۆ ناو ساحەی بواری بیرکردنەوە و نووسەر گەورەترین نێوەندە و پابەندبوونیشی لەم نێوەندگیرییدا ڕەنگی داوەتەوە. شتێکی تر بە تێڕوانینی سارتەر هەڵبژاردنی بابەتی نووسینە، سارتەر وای دەیبینێت کە هەڵبژاردنی نووسەر لە بابەت بە شێوەیەک لە شێوەکان بە واتای هەڵبژاردنی خوێنەرە کە کارەکە دەخوێنێتەوە بۆیە نووسەر دەبێت ئاگاداریی جیاوازی نێوان خۆی و گروپی بە ئامانجکراو بێت و ویژدانێکی زیندوو لە ناوەوە و دەرەوە ئاراستەی بکات.

“ئەدەب چییە؟”

بەپێی کارە مێژووییەکەی سارتەر” ئەدەب چییە؟”، ئەدەب هەموو دەقێکی پەخشانییە. شیعر ناتوانرێت وەک پەیکەرسازی و مۆسیقا و وێنەکێشان بۆ تێگەیشتن و خستنەڕووی ڕاستییەکان بەکار بهێنرێت. شێعر خزمەتی زمان دەکات لە کاتێکدا پەخشان ئەو زمانەیە کە خزمەتی شیعریش دەکات. کاتێک نووسەر دەست دەکات بە نووسینی دەقی پەخشان، بە حەتمی پابەندە بە کێشەیەکەوە ئەم پابەندبوونە لە کاریگەریی فاکتەری میتافیزیکی و سیاسی و ئابووری لەسەر پێکهاتەی کەسێکەوە سەرچاوەی دەگرێت. لێرەدا سارتەر زۆر کاریگەرە بە ئیگزیستانسیالیزمەوە، وەک فەیلەسوفێکی بوونخواز و هەروەها لەژێر کاریگەریی دیاردەناسی هوسرلدایە.

بۆچی دەنووسین؟

نووسەر کاتێک بابەتەکە هەڵدەبژێرێت لە ڕاستیدا بینەری خۆی هەڵدەبژێرێت ئەوەش کە هەر تێکستێکی پەخشانی ئەدەبی کە مەبەست لێ لادان بێت لە کێشەکانی بوون و کێشەکانی واقیع لە جەوهەردا نەبوونی سادەترین بەرهەڵستی کاری ئەدەبییە کە خواستی پاراستنی ئازادیی تاکە.

بە بۆچوونی سارتەر، ئەمە زۆر جار لە بەرژەوەندیی چینی بۆرژوازیدایە، چونکە نووسەر بەم شێوەیە بەشداری لە “پەرتەوازەیی هۆشیاری” دەکات.