ڕوانینی دزەپێکراو

دەربارەی ناشیرینی و ماناکانی لە زەینی گشتیدا






  دەستپێک

لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش هەیە دەربارەی ناشیرینی. کاتێک “زیووس” لەگەڵ “هێرا”دا جووت دەبێت کوڕێکیان دەبێت بە ناوی “هێفایستۆس”، دوای ئەوەی “هێرا” دڵنیا دەکرێتەوە لەوەی کوڕەکەی زۆر ناشیرین و ڕموزنە، ڕقی لێی دەبێتەوە و لە ئۆڵیمپنەوە فڕێی دەداتە خوارێ. هێرا وەها تەماشای ناشیرینیی کوڕەکەی دەکات کە بارێکە بە سەریەوە و دەبێت تا زووە لە کۆڵی خۆی بکاتەوە1آمين سلامة: معجم الاعلام في الاساطر الیونانیة والرومانية، مؤسسة العروبة للطباعة والنشر، الطبعة الثانية، 1988. هەروەها بڕوانە: آمین سلامة/ الاساطير اليونانية والرومانية، دار الثقافة العربية للطباعة والنشر، ط1، 1988.. نەک بە تەنها لای یۆنانیانی کۆن، بەڵکوو لای تەواوی گەلانی دیکەی جیهان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ناشیرینی وەک بارێکی قورس و گران تەماشا کراوە و هەمیشەش هەوڵ دراوە بەزوویی ئەو بارە لە کۆڵ بکرێتەوە و فڕێ بدرێت. بۆچی ناشیرینی ئەوەندە بارێکی گران و قورسە؟ “هندرسن” لە پێشەنگی ئەو نووسەرانەیە کە بەوردی و ڕاڤەکارییەکی مەزنەوە دەربارەی “ناشرینی” دواوە و هەوڵی داوە دادگایی چێژبینی و پێوەرەکانمان بکات بۆ جوانی و ناشرینی، وەڵامی ئەو پرسانەش بداتەوە کە مرۆڤایەتی دەترسێت خۆی لە قەرەیان بدات. لای هندرسن ناشرینی بۆیە وەک بارێکی قورس و گران دەبینرێت؛ چونکە زۆر بە توندی بەستراوەتەوە بە جوانییەوە. ئێمە کاتێک بە شتێک دەڵێین جوان، کە سەرنجمان ڕابکێشێت و چێژمان بداتێ، دواییش لەسەر بنەمای ئەو سەرنجڕاکێشان و چێژبینینە پێوەرێک بۆ جوانیی دادەنێین. تەواوی ئەو شتانەی دیکەش کە دواتر دەیانبینین بەراوردیان دەکەین بە جوانیی شتی یەکەم. لێرەدا هندرسن پرسیارێکی زۆر پتەو و گرنگمان بیر دەخاتەوە و دەپرسێت: ئایا پێویستە ناشرینی هەمیشە دژی جوانی بێت؟2غريتشن آي هندرسن: التآريخ الثقافي للقباحة، ترجمة: د. رشا صادق، ط1، 2020. واتا بۆ دەبێت ئێمە بۆ ناسینی ناشرینی پەنا ببەینە بەر بەراوردکاری و پێوەری شتێک کە بە لامانەوە جوانە، بەسەر شتێکی تەواو جیاوازی دیکەدا بیسەپێنین؟ لە ڕاستیدا ئەو شتەی ئێمە بە جوانی دادەنێین، دەرئەنجامی دیتنە ناوەکییەکانی ئێمە نییە؛ ڕادانێکی ئاساییانە و سروشتییانەی ئێمە نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کاریگەرییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانە لە زەینی گشتیدا. دەرئەنجامی کاریگەرییە ژینگەییەکان و ئەو دۆخە تایبەتەیە کە تێیدا ژیاوین.

ناشیرینی پەیوەندییەکی گەورەی بە دونیابینیی مرۆڤەوە هەیە، ئەو دونیابینیەی کە کاریگەرە بە کولتوور و ئاین و زمان و چێژی گشتی؛ کە پەیوەستە بە کۆنەستی میللییانەی خەڵکییەوە، کە گرێ دراوە بە نەریت و خووە دێرینەکانی مرۆوە. کاتێک هەموو ئەمانە پێکەوە هاوڕا دەبن لەوەدا شتێک ناشیرین بێت و شتێکی دی جوان، ئەستەمە بتوانرێت وا بەئاسانی جوانی و ناشرینیی ڕاستەقینە لە یەکدی جوێ بکرێتەوە و دەست بۆ پێوەرە دروستەکان ببرێت. دەبێت لەوەش بە ئاگا بین چ چێژبینین و چ پێوەرەکانیش بۆ جوانی و ناشرینی، بەو ئەندازەیە سەربەخۆ نین کە توانای بڕیاردان و چێژبینینی سەربەخۆیانە ببەخشنە مرۆڤ. ئایا ئەمە ئەنجامگیرییەکی نائومێدانە نییە؟ بۆ ئەوەی هەڵە تێگەیشتنێکی وەها ڕوو نەدات، دەبێت بڵێین ئەنجامگیرییەکی وەها هەرگیز دژ وەستانەوە نییە بەرامبەر بەو ڕاستییەی کە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێی بە دەستهێنانی هوشیارییەکی باڵاوە بگاتە دیتنی شتەکان وەکو خۆی. بەڵام بەو مەرجەی لە توانایدا بێت ڕووبەڕووی ڕوانین و بینینە دزەپێکراوەکانی نێو ناخی خۆی ببێتەوە. 

هێفایستۆس لە میتۆلۆژیای یۆنانی کوڕی زیووس و هێرایە

  ڕوانینی دزەپێکراو چییە و  چۆن دروست دەبێت؟

مەبەست لە “ڕوانینی دزە پێکراو” ئەو ڕوانینە دەرەکییانەیە کە بە هۆی کاریگەرییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ئاینییەکانەوە دزە دەکەنە نێو ناخی مرۆڤ و تێکەڵ بە ڕوانینە ڕەسەنەکانی دەبن. ئیشی مرۆڤی هوشیار بەرگرتنە لەم تێکەڵاوییە و وەلانانی ڕوانینە دزەپێکراوەکانە؛ لەگەڵیشیدا کارکردن بە ڕوانین و دیدگا ڕەسەنەکانی خۆی. ڕوانینی دزەپێکراو ڕوانینێکی ئێجگار مەترسیدارە، چونکە بەربەست دەخاتە بەردەم بینینی ڕاستەقینە. وەهمێک دەخوڵقێنێت کە پێمان وا بێت ئەوە ڕوانینی ئێمەیە بۆ شتەکان، لە کاتێکدا کۆمەڵە فاکتەرێکی دەرەکی پێوەر و ڕوانینێکی تایبەتیان ئافراندووە و دزەیان پێ کردووەتە نێومان و دەستیان بەسەر بینینماندا گرتووە.
لە فیلم کارتۆنی “کچە وردیلە”دا، قاڵۆنچەێک دڵی دەچێتە سەر جوانییەکەی کچە وردیلە و لە یەکەم بینیندا عاشقی دەبێت و یەکسەر دەیکاتە خۆشەویستی خۆی. دواتر لەگەڵ خۆی دەیباتە ئاهەنگێکەوە و دەیەوێت بە ئامادەبووانی بناسێنێت، بەڵام تووشی شۆک دەبێت کاتێک تیر و تانەی ئامادەبووان و چواردەورەکەی دەبینێت، کە چۆن لە هەموو لایەکەوە گاڵتە بە کچە وردیلە دەکەن و پێیان سەیرە قالۆنچەێک بەو هەموو قۆزێتیی و جوانییەی خۆیەوە سەرسامی ئەم شتە ناشیرینە بووبێت! ناچار قالۆنچەی لاو دەستی کچە ڕادەکێشێت و دەیباتە دەرێ، زۆر بە ڕاشکاوی پێی دەڵێت: “ببوورە چیدی من و تۆ ناتوانین بەردەوام بین، چونکە تۆ تەنها لە لای من جوانیت و لای ئەوانی دی ناشرینیت”.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە قالۆنچەکە لە یەکەم بینینیدا، چونکە خاوەنی ڕوانینی ڕەسەنانەی خۆیەتی و کچە وردیلە وەکو خۆی دەبینێت، بە لایەوە شتێکی سەرنجڕاکێش و جوانە. کەچی هەر ئەوەندەی دەڕواتە ئاهەنگەکەوە، ئیدی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕوانینە دەرەکییەکانەوە. ئەو ڕوانینانە دزە دەکەنە نێو ناخی قالۆنچکە و تێکەڵی ڕوانینە ڕەسەن و پاکەکەی دەبن. لەبەر ئەوەی ڕوانینی دزەپێکراو ڕوانینێکی هەژموونخوازانە و بەهێزە، زۆر بەئاسانی دەست بەسەر چێژ و ڕوانینە ڕەسەنەکاندا دەگرێت و کاریگەری دەخاتە سەریان.
لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ڕوانینی دزەپێکراو دەتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە بێتە نێومانەوە و دەست بەسەر بینینماندا بگرێت؟ بە دڵنیایییەوە کەس هێندەی فەیلەسوفە بوونگەراکان بە ڕژدییەوە بە دووی وەڵامی ئەم پرسیارەدا نەگەڕاون و کەسیش وەک ئەوان ناتوانێت یاریدەمان بدات لە دۆزینەوەی وەڵامێکی قایلکەردا. ڕستەیەکی زۆر بەناوبانگی “ژان پۆل سارتەر” هەیە و لە زۆر جێدا وەک کۆجیتۆیەک بەکار دەهێنرێت: “مرۆڤ ئازادە، چونکە بەرپرسە”. ئەم ڕستەیە لەپاڵ مانا فراوان و فرە ڕەهەندەکانی دیکەیدا، بەو مانایەش دێت کە ئێمە بەرپرسین لە هەمبەر ڕەسەنێتی و بە پاکی هێشتنەوەی ڕوانین و بۆچوونەکانی خۆمان. نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڕوانینە دەرەکییەکان بەهێز و کاریگەرن، بەڵام تاوەکوو ئێمە ڕێگایان پێ نەدەین ئەوان ناتوانن بێنە ناومانەوه و تێکەڵی ڕوانینە ڕەسەنەکانمان بن. بە واتایەکی تر ڕەسەنێتیی ڕوانین پەیوەستە بە ئیرادە و هێزی بڕیاردانی مرۆوە، ئەو ئیرادەیەی کە لە بەرانبەر شتەکاندا؛ لە بەرانبەر ئەوانی دیدا ئازاد و بەرپرسیاری کردووین. ڕوانینی دزەپێکراو لە توانایدا نییە بێ مۆڵەتی ئێمە؛ بێ ڕێگەپێدانی ئێمە بێته نێومانەوە و دەست بەسەر چێژ و دونیابینینەکانماندا بگرێت. ئەوە ئێمەین ڕێگا دەدەین هەژموونی خۆی بەسەر ڕوانینە ڕەسەنەکانماندا بسەپێنێت و بۆ دیتنی شتەکانی چواردەورمان دەیکەینە مەرجەع.

  لەودیوی ناشیرینی و جوانییەوە

لەنێو خەیاڵدانی ئەدەبی ئێمەدا، هەمیشە جوانی ڕووە گەش و پەسندراوەکە بووە و ناشیرینیش ڕووە تاریک و قێزەونەکە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەدەبی ئێمە بەردەوام یەک پێناسەی بۆ جوانی و یەک پێناسەشی بۆ ناشیرینی هەبووبێت. لەنێو ئەدەبی کوردیدا ناشیرینی هاوتەریبی نەبووە و بە زۆری پەیوەستکراوەتە خەسڵەتە دەرەکییەکانی مرۆوە، نەک گەڕانەوە بۆ خەسڵەتە ناوەکییەکان. جێی داخە کە ئەدەبی کوردی بەگشتی ئەدەبێکە نەیتوانیوە خۆی لەو ژینگە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە شێواوە دابڕێت و جیاوازتر بیر بکاتەوە و بدوێت. نەیتوانیوە پێناسەی جیاوازتر و وردبینانەتری هەبێت بۆ هەر دوو بابەتی جوانی و ناشیرینی. بۆ نموونە ئێمە لە شیعری داشۆرین و پرۆسەی بە ناشیرینکردنی ئەوی دیکەدا  “شێخ ڕەزای تاڵەبانی”مان هەیە. شێخ ڕەزا نموونەی بەرچاوی ئەم دانەبڕانە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەیە لە نێو ئەدەبیاتی ئێمەدا، تەرجومەکردنی دونیابینی و ڕوئیای خەڵکە سادەکەیە لە هەمبەر ناشیرینیدا بۆ نێو دونیای ئەدەبیات. شێخ ڕەزا بە هەمان ڕوانینی خەڵکییەوە سەیری کەم و کوڕییە جەستەییەکانی ئینسانی کردووە و سیفاتە کەسییەکانی داوەتە بەر پلار و توانجی کۆگەلانە. لەگەڵ ئەوەشدا لای هەندێکی دیکە لە شاعیرانی کورد، ڕەخنە لەو دیدە شێواوەی کۆمەڵگەی کوردی گیراوە و هێرشی کراوەتە سەر. “فایەق بێکەس” یەکێکە لە دەگمەنترین ئەو شاعیرانەی کورد لە زۆر جێدا ڕەخنەی لەو دیدە ڕواڵتپەڕستییە گرتووە کە زاڵ بووە بەسەر کۆێ دونیابینیی کۆمەڵگەی کوردیدا، لەگەڵ ئەوەشدا هانی داون لە دیوە شاردراوەکانی مرۆڤدا بە دووی جوانی و ناشرینی بگەڕێن و بە ڕووکەشخوازیی کۆگەلی فریو نەدرێن، بەڵام ئەمە بەشە کەمینەکەی نێو ئەدەبیاتی ئێمەیە و نەیتوانیوە ببێتە ناسنامەیەکی گشتی بۆ ئەدەبیاتەکەمان.
هێمن کە جوانیناسێکی دیکەی نێو دونیای ئێمەیە، تا ڕادەیەکی زۆر جوانبینییەکەی گرێدراوی ڕواڵەتە دەرەکییەکانە و بە هەمان شێوەی شاعیرانی پێش خۆی لە بۆتەی ڕواڵتگەراییدا تواوەتەوە. بە لای “هێمن”ەوە ناشرینی و دزێوی ڕوخسار شیاوێتی پەسندان لە مرۆ دەسەننەوە و ئەو هەقە بە تەنها دەبێت بدرێتە کەسی ڕوخسار جوان. هەرچەندە لە چەند دەقێکی کەمدا نەبێت کە جۆرە هەڵاواردنێکی تێیاندا کردووه و هەوڵی داوە چەند پنتێکی ڕامنەکراو بهێڵێتەوە بۆ شێوەکانی دیکەی جوانی و گرێدانەوەی بە خەسڵەتە ناوەکییەکان. ئەم هەڵاواردنە سەرەتای دیتنێکی نوێ بوو بۆ جوانی لەنێو ئەدەبی کوردیدا، لێ سەرەتایەکی ناکامڵ و شکڵنەگرتوو، کە ئەگەر بکرابا و هێمن لەو ڕووەوە هێندەی جوانپەرستییە ڕووکەشانەکەی لەسەر خەسڵەتە ناوەکییەکانی جوانیش بووەستایە، بێگومان دیدێکی فراوانتر و گشتگیرتری بۆ جوانی پەرە پێ دەدا. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین دیتنی ڕووکەشویستانە بۆ جوانی و ناشرینی زیانی زۆری بە دیتنە ڕاستەقینەکان گەیاندووە و نەیهێشتووە وەکو خۆی شتەکان ببینرێن.

لە ڕوویەکی ترەوە لەنێو دونیابینی کۆگەلانەی کوردیدا، هەمیشە جۆرە ڕەگەزپەرستییەکی خۆمەڵاسدەر هەبووە  کە ئامانجی جیاکردنەوەی ئینسانەکان بووە لە یەکدی، لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و کەموکوڕییە جەستەییەکان و بیروباوەڕی ئاینی و بنەچەی مرۆییانە. دیتنی جوانی و ناشیرینی بەم چەشنە تەنها لەوەدا مەترسیدار نییە کە زیان بە دیتنە ڕاستەقینەکان دەگەیەنێت، بەڵکوو لەوەشدایە کە لەودیوی ناشرینی و جوانییەوە یەک دونیا لە جوانی و ناشیرینی نەدیتراوی دیکە هەن، کەچی بۆ شاردنەوەیان چەند خاسیەتێکی ڕووکەشانە و تێپەڕ کراونەتە پێوەر و ڕێگە بەوە نادرێت دەستمان بگاتە کرۆکی شتەکان. هەمیشە لەودیوی ناشیرینی و جوانییەوە یەک دونیا لە نهێنی و ڕوانینی ڕەگەزپەرستانە و کەمکردنەوەی بەهای ئینسان ئامادەگی هەبووە، کە ئیشی لە مرۆڤخستنی بەشێک لە تاکەکان و بە شەیتانکردنیان بووە و لە بەرانبەریشدا بەرزکردنەوەی بەها و پێگەی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵ. واتا پرۆسێسی بە شەیتانکردنی ئەوی دی، لەوەوە دەستی پێ کردووە کە ڕوانینە دەرەکییەکان بۆ جوانیی و ناشرینی کراونەتە تاکە پێوەر و لێیەوە ئەم حوکمانە دراون، نەک بنکۆڵکاری و  بینینی ڕاستەقینە. لێرەوە ئەوەی گرنگە ئێمە بیبینین دیوە دەرخراوەکە نییە؛ دیوە هەڵخەڵەتێنەرەکەی جوانی و ناشرینی نییە؛ بەڵکوو ئەو پنت و بۆشاییە ڕامنەکراوانەی دیکەن کە کەوتوونەتە ئەودیوی ئەم دووەوە و لە ئێمە شاردراونەتەوە؛ ئەو پنت و بۆشاییانەی کە پارچە شکاوەکانی دیکەی هەقیقەتن و بۆ بینینی کۆی وێنە دروستەکە وەک خۆی، ناچارین بە دوویاندا بگەڕێین و بیاندۆزینەوە.

 جوانی تا مەرگ

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی وەها لە بەردەستدا نییە کە بیسەلمێنیت یەکەمین مرۆڤ کێ بووە ویستبێتی دەستکاریی ڕوخساری خۆی بکات و هەوڵی دابێت بە شێوەیەک دەربکەوێت کە بە دڵی دەوروبەرەکەی بووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەڵگەی شوێنەواری و مێژوویی هەن دەربارەی ئەوەی کە مرۆڤ هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە و لە چاخە بەراییەکاندا، بە دووی جوانییەکی پەسەندکراودا گەڕاوە و بۆ ئەمەش زۆرێک لە بابەتەکانی جوانکاری و خۆڕازاندنەوەی داهێناوە. وەک داهێنانی کل بۆ ڕەشکردنی چاو و کرێمی جۆراوجۆر بۆ سپیکردنەوە و لابردنی پەڵە و ڕەونەقدارکردنی ڕوخسار لای میسرییە کۆنەکان، لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین. یاخود داهێنانی سووراو بۆ ڕەنگکردنی لێوەکان لەلایەن دانیشتوانی دۆڵی دووئاوانەوە لە هەزارەی پێنجەمی پێش زایین، دواتریش دۆزینەوەی بۆیەی نینۆک لە چین و خنە بۆ ڕەنگکردنی قژ لە هیند و چەندین داهێنانی جوانکارییانەی دی لە تەواوی ژیارەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا3مارتين تاردي: تآريخ المكیاج من عهد الفراعنة وحتی الیوم، ترجمة: حسناء بو حرفوش، ط1،‌ 2015..
ئەم گرنگیدانە زۆرەی مرۆڤ بە جوانکردنی ڕوخسار و ڕواڵەتە دەرەکییەکەی، دەرخەری ئەو هەوڵە بێشومارانەی مرۆڤن بۆ هەڵهاتن لە ناشیرینیی ڕوخسار و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ملکەچبوونی بە ڕوانینە دەرەکییەکانی کۆمەڵ. ئەوەی کە یەکەمین مرۆڤ کێ بووە ماکیاژی بەکار هێناوە، تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە گومانی تێدا نییە کە هۆکاری سەرەکیی پەیدابوونی ماکیاژ و کەرەستەکانی دیکەی جوانکاری، بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

یەک/ بە کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ:

چونکە مرۆڤ لە قۆناغی تاکژیانیدا و دووربوونی لەوانی دی پێویستی بەوە نەبووە بیر لە جوانی و ناشیرینیی خۆی بکاتەوە وبیسەلمێنێت بۆ ئەوانی دی کە جوانە و ناشیرین نییە، بۆیە بیری لە خۆجوانکردن و ماکیاژ نەکردووەتەوە. بەڵام کە کۆمەڵگە دروست دەبێت و تاک دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵێکی گەورەتر، ئیدی دیدگا و ڕوانینە دەرەکییەکان (واتا چۆنێتیی سەیرکردنی دەوروبەر بۆ جوانی و ناشیرینی) دەبێتە جێی گرنگی پێدانی تاک و ناچار دەبێت بەردەوام بەو شێوازە خۆی دەربخات کە ئەوانی دی دەیخوازن، لەم پێناوەشدا ماکیاژ دەبێتە ئەو وەسیلەیەی کە تاک دەگەیەنێتە ئامانجی خۆی، ئامانجی پەسەندکراوێتی لەلایەن کۆمەڵگاوە.

دوو/ بەدەستهێنانی هێز و نمایشکردنی لە ڕێی ماکیاژەوە:

دەستپێکی داهێنانی ماکیاژ دەستپێکێکە بەستراوە بە هێز و دەسەڵاتەوە، یەکەمین بەکارهێنەرانی ماکیاژ چینی دەسەڵاتدار و پایەبەرزەکانی نێو کۆمەڵگا بوون، کە دەیانویست لە ڕێی ماکیاژکردنەوە خۆیان لەوانی دی جیا بکەنەوە و خۆیان بە باشتر و جوانتر لەوانی دی دابنێن. تەنانەت ماکیاژ لە تەواوی قۆناغە مێژووییەکاندا نیشانەیەک بووە بۆ پلەپەندیی کۆمەڵایەتی و جیاکردنەوەی چینەکان لە یەکدی. شێوازی ماکیاژ و جوانکاریی چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و بەهێزەکان جیاواز بووە لە ماکیاژ و جوانکارییەک کە چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە کردوویانە.
لەو دوو هۆکارەوە لەوە تێدەگەین کە پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەنێوان هێز و جوانیدا هەبووە، بگرە لە هەندێک قۆناغی مێژوویشدا جوانی بە تەنها خۆی هێز بووە، هێزێکی وەها کە کەس نەیتوانیوە فەرمانەکانی ڕەت بکاتەوە. لەوەش تێدەگەین کە ناشیرینی چەندە بێزراو بووە و چۆن بەوپەڕی تواناوە مرۆڤ هەوڵی داوە خۆی لێ بەری بکات و دووری بخاتەوە لە خۆی. ژوورەکانی جوانکاری و کەرەستە جوانکارییەکان دوو داهێنراوی گەورەی مرۆڤن بۆ تەبەڕاکردنی خۆی لە ناشیرینی و بە نەفرەتکردنیشی. لە بەراییەکانی مێژوودا ژوورەکانی جوانکاری لەنێو ماڵ و لە کونجێکی کۆشکەکاندا بوون، لێ دواتر هاتنە نێو بازاڕەوە و بوون بە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە ژیانی گشتی، بە شێوەیەک کە ئەستەمە لەمڕۆدا کەسێک بدۆزیتەوە ڕۆژێک سەری بە یەکێک لەو شوێنانەدا نەکردبێت. هەر ئەوەندەش نا، بگرە ئێستا لە زۆرێک لە زانکۆکانی جیهاندا جوانکاری وەک زانستێک دەخوێنرێت و بڕوانامە دەبەخشێتەوە و پسپۆڕی تایبەتیی خۆی هەیە. هەمووشیان لەوەدا کۆک و هاوڕان کە جوانیی ڕوخسار گرنگترین بەشی مرۆڤە و دەبێت بەردەوام هەوڵ بدەین بە جوانترین ڕوخسارەوە (بەپێی پێوەرە گشتییەکانی کۆمەڵگە) دەربکەوین، نەک بە پێوەرە زاتییەکان و ڕوانینی خۆمان بۆ جوانی. باڵادەستی ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە لە دونیای نوێدا، وای لە هەزاران کەس کردووە کە ڕوخساری خۆیان بخەنە ژێر ڕەحمی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە و پەنا بۆ چەندین جۆری مەترسیداری نەشتەرگەریی جوانکاری ببەن کە ڕەنگە بە مردنی کەسەکه کۆتایی بێت، نەک لەبەر ئەوەی ئەمانە نەخۆش بن و پێویستیان بەو نەشتەرگەرییە بێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بەشێکی ڕوخساریان یان ئەندامێکی جەستەیان بە دڵی ئەوانی تر نییە و بە ناشیرین دەبینرێن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری. ڕوانینە دەرەکییەکان ئەوەندە مەترسیدارانە دزەیان کردووەتە نێو ناخی ئینسانی ئەم سەردەمەوە، کە ناچار بن بە تەواوی دەستبەرداری ڕوانینە ناوەکییەکانی خۆیان بن و بڵێن: کێشه نیە ژیانمان بکەوێتە مەترسییەوە، یان ڕووبەڕووی مردن ببینەوە، گرنگ ئەوەیە لە چاوی ئەوانی دیکەوە ناشیرین نەبینرێین و بە جوانمان بزانن. بۆ ئەم مردنە تراژیدییە چ ناوێک هەڵبژێرین جگە لە مردنێکی کاڵفامانە لە پێناوی جوانیدا؟!
فێڵێک لە ئارادایە، ساڵۆن دەیگێڕێتەوە

ساڵۆن زاراوەیەکە لە مێژووی نووسینی ئێمەدا کەمترین ئیشی لەسەر کراوه، لە کاتێکدا لە ژیانی گشتیدا و لەنێو خەڵکە سادەکەدا زۆر بە فراوانی بەکار هێنراوە و هەمیشەش لەگەڵ ناوهێنانیدا بۆچوونێکی ڕەخنەیی توند و ئامادە دەبێنین، کە پێی وایە ساڵۆن شوێنێکە بۆ لە خشتەبردنی ژن و لە ڕێ دەرکردنی؛ شوێنێکە بۆ نەهێشتنی پاکێتی و بڵاوکردنەوەی فەساد و خراپەکاری، ئەوانەشی کە لەوێ کار دەکەن کەسانی ناوبانگ خراپ و دوور لە نەریتن. کێشەی ئەم بۆچوونە باوە ئەوەیە نەک تەنها لەگەڵ ساڵۆندا، بگرە زۆر جار لەگەڵ خۆیشیدا دەکەوێتە کێشەوە و دژی خۆی دەوەستێتەوە. ئاخر ئەو کاتێک پێویستی بە جوانکارییە پەنا دەباتە بەر ساڵۆن و پارەیەکی باشی دەداتێ، لێ هەر ئەوەندەی لەوێ دێتە دەر دیسانەوە دەکەوێتە پەلاماردان و بە سووک سەیرکردنی. ئەم دژ وەستانەوەیە بەتایبەتی لە کاتی بۆنە و ئاهەنگەکاندا دەردەکەوێت، لەوێ بەربەستێکی گەورەی لە ماکیاژ چێکراو دەبینین، کەس ئەوی دی ناناسێتەوە و هەموو ڕوخسارەکان گۆڕاون، هەمووان دەزانن کەس لێرە ڕاستەقینە نییە و ڕووپۆشکراوه بە بەربەستێکی لە ماکیاژ چێکراو، هەمووان هەوڵ دەدەن دان بە شێوە گۆڕاوەکەی یەکدیدا بنێن وەک شێوەیەکی ڕەسەن، ساڵۆن سەربازی ونی پشت ئاهەنگ و کۆبوونەوە گشتییەکانە.
بووک بۆ پێویستی بە جوانکارییە؟ چونکە چەن بەشێک لە ڕوخساری هەن دەبێت لە زاوا و لە خەڵکیش بشاردرێنەوە و بگۆڕدرێن، زاوا بەمە دەزانێت و بە ئاسایی وەریدەگرێت، خۆی لە ساڵۆن دەیهێنێتە دەر و هەوڵ دەدات ڕوخسارە گۆڕدراوەکەی بووکەکە وەک ڕوخساری ڕاستەقینە بناسێنێت. واتا لە بابەتی ساڵۆندا درۆیەکی گەورە هەیە، درۆیەک بۆ فریودان، لێ سەیرەکە لەوەدایە هەمووان کۆکن لە بە درۆنەخستنەوەیدا و بینینی وەکوو ڕاستییەکی تەواو. من دەزانم فێڵێک هەیه، تۆیش دەزانیت فێڵێک لە ئارادایە، بەڵام وا خۆمان دەردەخەین کە هیچ شتێک نازانین. چونکە لە بنەڕەتدا کۆڕاییەک چێکراوە بۆ شاردنەوەی ناشیرینی و دەستکاریکردنی ڕووە ڕاستەقینەکە، شتێکی سەیرە کە دەبینین کەس لاری لەم کۆڕاییە نییە!

سناپچات؛ ناشیرینەکانی بۆ کوێ برد؟

دونیای نوێ دونیای ئەپەکانە، ئەم ئەپانە بە قەبارە و ئاستی خۆیان کاریگەرییان خستووەتە سەر کۆمەڵگە و دیاردە بەرچاوەکانی. بەو پێیەش کە سناپچات ئەپێکە بە پلەی یەک بۆ خستنە ڕووی لێکدژییەکانی جوانی و ناشیرینی بەکار دەهێنرێت، ناتوانین لە بابەتێکی وەهادا نەگەڕێینەوە بۆی. سناپچات دوو بابەتی گرنگ دەورووژێنێت و ڕەواجی پێ دەدات:

یەک: ئێمە دەتوانین جوانی لەو مۆنۆپۆڵکردنەی پێشوو ڕزگار بکەین و مافی هەموو کەسێکە ببێتە خاوەنی ڕوخسارێکی جوان، بۆ ئەمەش دەیان و سەدان فلتەری جیاوازمان بۆ بەردەست خستوون.

دوو: ناشیرینی دەشێت بکرێتە بابەتێکی کۆمیدی و هەمووان بگرێتەوە و بە ناشیرینی خۆیان پێبکەنن، بۆ ئەمەش دەیان و سەدان فلتەری جیا جیامان بۆ خستوونەتە ڕوو.

لە خاڵی یەکەمدا بانگەشەیەک دەبینین کە دەیەوێت پێمان بڵێت ئێوە جوان نین، بۆیە وا باشترە لە گرتنی وێنەکانتانا فلتەرەکانی من هەڵبژێرن، واتا جوانیی سروشتییانەی مرۆڤ بە تەنها بەس نییە بۆ ڕەواییدان پێی، بەڵکوو پێویستی بە تێپەڕین هەیە بە نێو کۆمەڵێک فلتەری دیکەدا. بەو مانایەی کە کاتێک تۆ فلتەرێک هەڵدەبژێریت، لەگەڵیدا دەستبەرداری جوانییە سروشتییەکەت دەبیت و بڕوات بە جوانییە مەجازییەکەی سناپچات زیاتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەدا کە دڵنیایت ئەوەی لە وێنەکەدایە تۆ نیت و فلتەرەکەی سناپچاتە، کەچیی هەر باوەڕی پێ دەکەیت و به وێنا ڕاستەقینەکەی خۆتی دەزانیت. ئەمە بە تەنها خۆفریودان نییە؛ خەڵک فریودانیشە. بەڵام چ خەڵکێک؟ خەڵکی نێو کۆمەڵگایەکی مەجازی؛ خەڵکی سناپچات. ئایا لە واقیعدا دەتوانیت بە هۆی هەمان فلتەرەوە خەڵکی بە جوانییە ساختەکەت فریو بدەیت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە سناپچات حەز ناکات وەڵامەکەیت دەست بکەوێت!

خاڵی دووەمی ڕەواجپێدڕاوی سناپچات، شتێکی نوێ و سەرنجڕاکێشی تێدایە، کە وای کردووە خەڵکێکی زۆر لە دەوری کۆببنەوە و بەکاری بهێنن، ئەو شتەش کردنی ناشیرینییە بە بابەتێکی کۆمیدی؛ بینینی ناشیرینییە زۆر و زەبەندەکانی دیکەیە لە ڕێی چەندین فلتەری کۆمیدییەوە. ئیشی ئەم فلتەرانە ئەوەیە پێت بڵێن ڕاستە تۆ جوان نیت و بۆ جوانبوونت پێویستیت بە فلتەرەکانی سناپە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵت لە خۆت دانەمێنێت و غەمبار مەبە، زۆر لە تۆش خراپتر و ناشیرینتر هەیە، ئەها تەماشایان بکە! بەکارهێنەر کە خۆی لەنێو ئەم فلتەرانەدا دەبینێتەوە، جگە لەوەی کە تێر بە خۆی پێدەکەنێت و هەست دەکات تا ئەوپەڕی ناشیرینی ڕۆیشتووە، لەگەڵیشیدا هەست بە شانازییەکی گەورە دەکات کە ئەو ئێجگار بەو شێوەیە ناشیرین نییه و سوپاسگوزارە کە خاوەنی ڕوخسارێکی ئەوەندەش بێزراو نییە. لە دونیای سناپچاتدا ناشیرینی و جوانی بە شێوەیەک لێک نزیک کراونەتەوە، کە بەکارهێنەر بەردەوام لە بەرکەوتندا بێت لەگەڵیان. لێ جیاوازییەکە ئەوەیە ناشیرینییەکان لە سناپچاتدا خراونەتە چوارچێوەیەکی ئێجگار کۆمیدی و خەیاڵییانەوە و کەس بڕوای بەو ناشیرینیانە نییە، ئەوەی لە سناپچاتدا باڵادەسته جوانییەکی گشتییە و هەمووان وەک یەک بەشدارن تێیدا. وەک بڵێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە هەبێت بۆ لە کونجخستنی ناشیرینی و وەلانانی و برەودان بە درۆیەکی شیرین، لەبریی دیتنی ڕاستییەکی تاڵ. سناپچات ساڵۆنێکی مەجازییە، بەکارهێنەرانی دەڕازێنێتەوە، ئەوانیش هەرچەندە دەزانن ئەو وێنانە خۆیان نین، بەڵام مادامەکێ هاوشێوەی ئاهەنگە واقیعیەکان کۆڕاییەکی چێ کردووە، قەیدی چییە، با باوەڕی پێبکەین.

  هەڵێنجاندن

ئەم سەرقاڵکردنەی ئینسان بە بابەتی جوانی و ناشیرینی زۆر بەقووڵی بەستراوەتە بابەتی بزنس و بازرگانییەوە. لەمڕۆدا بازرگانی بە کەرەستەکانی جوانکاری یەکێکە لە بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین بزنسەکانی جیهان. پارە لەم نێوەندەدا ڕۆڵی لە فلتەرەکانی سناپچاتیش زیاترە، لە یەک کاتدا هەم لە توانایدایە جوانی ببەخشێتەوە و هەمیش ناشیرینی. پارە هێزی ئەوەی تێدایە جوانی بداتە کەسەکان و ببێتە ڕووپۆشێک بۆ بەدکاری و کردە خراپەکانیشیان. کۆمپانیا جیهانییەکان لە پێشبڕکێیەکی بەردەوامدان بۆ خستنەڕووی کەرەستەی جوانکاری زیاتر و جیاوازتر، هەموویشیان ئەو بۆشاییە گەورەیەیان قۆستووەتەوە کە لە ناخی مرۆڤدا دروستبووە بە هۆی کاریگەربوونی بە ڕوانینە دەرەکییەکان بۆ جوانی و ناشیرینی. هەتاوەکوو کۆششی مرۆڤەکان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی ئەوانی دی بە جوانییەکەیان بەردەوام بێت، کۆمپانیاکانیش لە هەوڵ و کۆششی خۆیان بەردەوام دەبن بۆ بەدەستخستنی داهاتی زیاتر لە ڕێی بەرهەم هێنان و فرۆشتنی کەرەستە جوانکارییەکانەوە، چ لە واقیعدا بێت و چ لە دونیای مەجازییدا. دواجار گرنگە بزانین مرۆڤ پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ بینینە ڕەسەنەکانی لە هەمبەر جوانیی و ناشیرینیدا، وەک چۆن پێویستی بە لابردنی کاریگەری ڕوانینە دەرەکیەکانیشە لەسەر خۆی. کە ئەمە ڕوویدا، جارێکی دی پێناسەکان نوێ دەبنەوە و واتا و دەلالەتەکانی جوانی و ناشیرینیش گۆڕانیان بەسەردا دێت.

پەراوێزەکان

  • 1
    آمين سلامة: معجم الاعلام في الاساطر الیونانیة والرومانية، مؤسسة العروبة للطباعة والنشر، الطبعة الثانية، 1988. هەروەها بڕوانە: آمین سلامة/ الاساطير اليونانية والرومانية، دار الثقافة العربية للطباعة والنشر، ط1، 1988.
  • 2
    غريتشن آي هندرسن: التآريخ الثقافي للقباحة، ترجمة: د. رشا صادق، ط1، 2020
  • 3
    مارتين تاردي: تآريخ المكیاج من عهد الفراعنة وحتی الیوم، ترجمة: حسناء بو حرفوش، ط1،‌ 2015.