دڵۆپێک

وەرگێڕانی: فریا یوونسی

دەربارەی نووسەر:

دینۆ بوتزاتی (DinoButzzati)، ڕۆماننووس و ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی سەدەی بیستەمی زایینی ئەدەبیاتی ئیتالییە کە ساڵی ١٩٠٦ لە شاری بۆلۆنۆی سەر بە پارێزگای ڤێنیزیای ئیتالیا لەدایک بووە. بوتزاتی نووسەرێکی بەتوانای مۆدێڕنە كە له نووسراوەکانیدا بە بەکارهێنانی ناوەڕۆکە دەگمەنەکان، بەدوای پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی هزر و ئاکاری کۆمەڵایەتیی مرۆڤە. یەکێک لە بەرهەمە ناسراوەکانی بوتزاتی کتێبی “شەست چیرۆک”ـه و چیرۆکی “دڵۆپێک” یەکێکە لەو چیرۆکانەی ئەو کتێبە. ئەم چیرۆکە باس لە دڵەڕاوکێ و سترێسەکانی مرۆڤی سەردەم دەکات لە وەهم و خەیاڵەکانی خۆیدا. بوتزاتی لە سەردەمی خۆیدا، بە هۆی ڕزگاربوونی کۆمەڵگەی ئیتالی لە دەست دەوڵەتی فاشیستی موسۆلینی و باوبوونی ئەدەبیاتی ڕیالیستی سیاسی لە کۆمەڵگەی ئەو ڕۆژانەی ئەدەبیاتدا، زۆر بە کەمی ئاوڕی لێ درایەوە و چیرۆکەکانی بە کەمی خوێندرانەوە. بەڵام لە دوای بەسەرچوونی ئەو گوڕوتایە و پاش ئەوەی لەلایەن ئەلبێر کامۆوە، کتێبی “کەیسێکی سایکۆلۆژی” لە نووسینی بوتزاتی، وەرگێڕدرایە سەر زمانی فەڕەنسی، لەنێو کۆمەڵگەی ئەدەبیی ئیتالیاشدا بە جددیتر ئاوڕی لێ درایەوە و کتێبەکانی بەهەند وەرگیران. ڕۆمانی “بیابانی تەتەرەکان” و کۆمەڵەچیرۆکی “کۆلۆمبێرێ” یەکێکن لە دوو کتێبی هەرە ناسراوی بوتزاتی کە بۆ سەر زۆرێک لە زمانەکانی دنیا وەرگێڕدراونەتەوە. بۆتزاتی ساڵی ١٩٧٢ لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە، ماڵاوایی لە دنیا کرد.

***

دڵۆپە ئاوێک لە پیلکانەکانەوە سەردەکەوێت. گوێت لە دەنگەکەیەتی؟ لە تاریکاییدا لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاکشاوم و گوێ لە دەنگی هەنگاوە نادیارەکانی دەگرم. ئەوە چۆنە وا دەڕوات بە ڕێدا؟ دەپەڕێت؟ دەنگی تکتکێکی لەدوای یەک دەبیسترێت. دوایی دڵۆپەکە دەوێستێت و ڕەنگە لە درێژای شەودا، ئیتر بە تەواوی دیار نەمێنێت. دیسان دێتەسەر و بە پێچەوانەی دڵۆپەکانی دیکە کە بەپێی خۆبەدەستەوەدانیان بە یاسای کێشی زەوی، دەکەونە خوار و لە کۆتاییدا هەروا کە لە هەموو دنیادا باوە، تکتک دەنگ دەدەنەوە، ئەم دڵۆپە لە درێژەی پیلکانەی “E”دا لە کۆمەڵگەیەکی ئاپاڕتمانی گەورە، هێورهێور خۆی دەکێشێتە سەرێ.

ئێمە کەسە گەورە و زیرەک و هەرە هەستیارەکانی کۆمەڵگەکە، ئاگامان لێی نەبوو. بەڵکوو کارەکەرەکەی نهۆمی یەکەم، کە کچێکی ڕەنگ هەڵبزڕکاو و گەمژەیە، لە دواهەمین کاتژمێرەکانی شەودا کە هەمووان خەویان لێکەوتبوو، ئاگای لێ بووبوو. ماوەیەک دوای ئەوە نەیتوانی بەری خۆی بگرێت، لە قەرەوێڵەکەی هاتەخوار و هەڵات تا خاتوونی ماڵەکە لە خەو هەڵسێنێت. بە گوێیدا چرپاندی: “خاتوون، خاتوون!”

خاتوونەکە تلێکی دا و گوتی: “چییە، چی بووە؟”

“دڵۆپێکە خاتوون، دڵۆپێک کە لە پیلکانەکان دێتە سەرێ!”

خاتوون بە سەرسووڕمانەوە لێی پرسی: “چی، چی؟”

کچە کارەکەرەکە دووپاتی کردەوە: “دڵۆپێکە کە لە پیلکانەکان دێتە سەرێ!” و خەریک بوو دەیدایە پرمەی گریان.

خاتوون گووڕی لێگرت: “دا لاچۆ، لاچۆ، شێت بووی؟ دەی بڕۆ بنوو! ئەوە هی ئەوەیە کە شەرابت خواردووەتەوە، جێی شەرمە بەڕاستی. ماوەیەکە هەرچی بەیانییە لەو شەرابەی نێو شووشەکە کەم دەبێتەوە! دێڵەبەبای پیسە، ئەگەر پێت وایە…”

بەڵام کچە خێڕا ڕووی نایە هەڵاتن و لەژێر بەتانییەکەدا خۆی شاردەوە.

دوایی خاتوون کە ئیتر خەونی لێ زڕابوو، لە بێدەنگیدا بیری دەکردەوە: “کەس نازانێ چی بە مێشکی ئەو گەوجەدا تێپەڕیوە.” ئەوسا بێ ئەوەی بیهەوێ، گوێی بۆ ئەو شەوە ڕادێرا کە بەسەر هەموو جیهاندا زاڵ بووبوو.ئەویش ئەو دەنگە سەیروسەمەرەی هاتە گوێ. بەڕاستی دڵۆپێک خەریک بوو دەهاتە سەر.

خاتوون کە ژنێکی ڕێکوپێک و لەسەرەخۆ بوو، بۆ ساتێک بیری کردەوە کە بچێتە دەر و بە چاوی خۆی هەموو شتێک ببینێت.

بەڵام بەو کزە ڕووناکییەی لە چرای هەڵواسراو بە نەردەکانەوە، دەپژا بەسەر ئەو ناوەدا، چی دەهاتە بەرچاوی؟ چلۆن دەیتوانی بەو سەرمایە شۆپێی دڵۆپێک لەو نیوەشەوەدا و لە درێژای پیلکانەکاندا، بگرێتە بەر ڕانان؟

هەواڵەکە لە ڕۆژانی دوای ئەو شەوەدا، هێورهێور لە بنەماڵەیەکەوە بۆ بنەماڵەیەکی تر بڵاو دەبووەوە و ئیستا ئیتر هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگەکە، ئاگایان لەو باسە هەیە؛ تەنانەت ئەگەر وایان پێ باش بێ کە وەک دەنگۆیەکی بێ بایەخ کە باس کردنی جێگەی شەرمە، قسەی لەسەر نەکەن. ئێستا گەلێک گوێ لەنێو دڵی تاریکیدا –کاتێک کە شەو بۆ زاڵبوون بەسەر تیرەی مرۆڤدا، دادێت- قوڵاغ دەبنەوە و هەرکەسە و بیر لە شتێک دەکاتەوە.

هەنێک شەو دڵۆپەکە بێدەنگ دەبێت. بەڵام هەنێک لە شەوەکانی دیکە، چەندەها کاتژمێری یەک لەدوای یەک، هیچ ئیشێکی دیکەی نییە جگە لە جێگۆڕکێ و گەڕان. سەرەوە، سەرەوە، سەرەوە؛ واتە چیتر نابێ بوەستێت. کاتێ دەنگی پێی نەرمونیانی دەگاتە ئاستانەی دەرگاکان، دڵەکان ترپەترپ دەکەونە لێدان. شکور بۆ خوا؛ ڕانەوەستا. ئێستا خەریکە تکتک دوور دەکەوێتەوە و بەرەو نهۆمی سەرووتر دەچێت.

من بە دڵنیایییەوە دەزانم کە کرێنشینەکانی نهۆمەکانی خوارەوە، وادەزانن ئیتر پارێزراون. ئەوان پێیان وایە دڵۆپەکە، هەر کە لە دەرگاکەی شوققەکەی ئەوان تێپەڕی، ئیتر بابەتێک نامێنێ کە ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و ئازاردانیان. کەچی کەسانێکی وەک من کە لە نهۆمی شەشەمی کۆمەڵگەکەم، ئیستا دەبێ هۆیەکیان بۆ دڵەڕاوکێ هەبێت. بەڵام کێ دەڵێ دڵۆپەکە لە شەوانی داهاتوودا، دیسان لەو جێگەوە کە دواهەم جار دەنگی بیستراوە، ڕێگاکەی دەست پێ دەکاتەوە؟ کێ چوزانێ دیسان لە سەرەتاوە، لە هەمان یەکەم پلیکانەی هەمیشە شێدار و تەژی لە زبڵی بەجێماوەوە، دەست پێ ناکاتەوە؟ نا، ئەوانیش ناشێ چیتر پارێزراو بن.

کاتێک لە ماڵ دێینە دەر، بە وردی سەرنجی پیلکانەکان دەدەین کە نەوەکا شوێنەوارێکی لێ بەجێمابێ. هەروا کە پێشبینی دەکرا، هیچ شوێنەوارێکی لێ بەجێ نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەیانی، چ کەسێک ئەم بابەتەی لا گرنگ دەبێت؟ مرۆڤ لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا، بەهێز دەبێتەوە. خۆی شێرێکە، ئەگەرچی چەن کاتژمێر پێش ئەوە ترسنۆک و بێهێز بووبێت.

نەوەکا حەق بەوان بێت کەوا لە نیونهۆمی یەکەمن. لەگەڵ ئەوەشدا خۆ ئێمەش لەوەپێش هیچ دەنگێکمان نەدەبیست و لێی بێبەری بووین، هەمووی چەن شەوێکە ئەو دەنگە دێتە گوێمان. دڵۆپەکە هێشتا دوورە. وایە. ئێمە تەنیا تکتکێکی کز دێتە گوێمان. زایەڵەیەکی لاواز لەوپەڕی دیوارەکانەوە. بەو حاڵەشەوە، ئەوە دەریدەخات کە خەریکە سەر دەکەوێت و بەردەوام نزیک دەبێتەوە لێمان.

تەنانەت، خەوتن لە ژوورەکانی ناو شوقەکە و دوور لە پیلکانەکانیش، بێ کەڵکە. باشتر وایە گوێمان لە دەنگی بێت، هەتا ئەوەی کە شەوانە لە دڕدۆنگی و گومانی بوون و نەبوونیدا، سەر بنێینەوە. ئەو کەسەی کە لە ژوورە نهێنییەکاندا دەخەوێت، جار و بار ناتوانێ خۆی بگرێت و بە هێمنی سەرەتاتکەی نێو ڕاڕەوەکە دەکات؛ بێتو لە ژوورە ساردەکەی پشت دەرگای شوقەکەش بێت، هەناسەی لە سینەیدا حەپس دەکات و گوێ دەگرێت. کاتێک دەنگی دەبیستێ، تووشی هەراسێکی بێبڕانەوە دەبێت و چیتر ناوێرێ دوور بکەوێتەوە. بەڵام لە هەمووی خراپتر ئەو کاتەیە کە هەموو شوێنێک ئارامە: ئەگەر وابێ کێ چوزانێ هەتا ئەو دەگەڕێتەوە بخەوێ، ڕێک لە هەمان کاتدا دەنگەکە دەست پێ ناکاتەوە؟

کەواتە چ ژیانێکی سەیرە. نە دەکرێ سکاڵایەک تۆمار بکەین، نە دەتوانین بە شوێن ڕێگەچارەیەکەوە بین و نەش دەتوانین هۆکارێک ڕەچاو بکەین کە مرۆڤ دڵی ئۆقرە بگرێت. تەنانەت ناشکرێ ئەوانی تر، دانیشتووانی بەرەکانی دیکەی کۆمەڵگەکە کە ئاگایان لە هیچ نییە و بەم باسە نازانن، تێیان بگەیەنین و ئاگاداریان بکەینەوە. هەموویان بەوپەڕی نییەت باشییەکی ئازاردەرەوە دەپرسن: “ئاخر ئەم دڵۆپە چییە؟ نەوەکا مشکێک بێت؟ یان بۆقێکی بچووک کە لە ژێرزەوییەوە دەرپەڕیوە؟” بەڕاستی نا، ئەوە نییە.

پێداگری دەکەن لەسەر ئەوە کە: “دەی کەواتە پێدەچێ نیشانەیەک بێت؟ وەک بیهەوێت سیمبولی مەرگمان پیشان بدات، یان هێمای مەترسییەکی گەورە بێت؟ یان ئاماژەیەک بێ بەو ساڵانەی کە تێدەپەڕن؟” نا کاکینە! زۆر حاسانە، ئەو شتە تەنیا دڵۆپێکە و بەس. تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە دڵۆپێکە لە پیلکانەکانەوە سەردەکەوێت.

“یان بە شێوەیەکی زۆر ناسک خەریکە هەوڵدەدات خەون و خەیاڵەکانی ژیانمان نیشان بدات؟ ئەو مەڵبەندە خەیاڵاوییە دوورانەی کە تەنیا لەوێ دەتوانین بەختەوەریی ڕاستەقینە بێنینە پێش چاوی خۆمان؟ بە وردی: شتێکی شاعیرانەیە؟” نا، بێگومان.

“یا خود بۆ جێگە دوورەدەستەکان، سەر سنووری جیهان، بەرەو ئەو شوێنانەی کە هەرگیز پێیان ناگەین؟” بەڵام نا، لە گەڵ ئێوەمە، هیچ گاڵتە و جەفەنگێک لە ئارادا نییە. هیچ مانایەکی دوولایەنە لەم باسەدا بەدی ناکرێت. تا ئەو جێیەی کە ڕوون و ئاشکرایە، ڕێک پێوەندی بە دڵۆپێکەوە هەیە کە لە کاتی داهاتنی شەودا، لە پیلکانەکانەوە سەر دەکەوێت. تکتک، تکتک؛ بە شێوازێکی پڕ نهێنی؛ پیلکانە بە پیلکانە. ئەوسا هەمووان دەترسێنێت.