بوونی هاوڕەگەزخوازی و تڕەنسێتی شاراوه لەناو کلتووری کوردی
خوێندنەوەی تایبەتانەی هاوڕەگەزخوازانی ئافرەت و پیاو له کوردستان و دەرەوەی وڵات
ئەم وتاره به بابەتێک له چوارچێوەی ئێتنۆگڕافی هەوڵ دەدا ڕوانگەیەکی مرۆڤناسانەی بەرانبەر به هەموو حاڵەتە شاراوەکانی هاوڕەگەزخوازی و تڕەنسێتی لەناو کلتووری کوردیدا هەبێت. ئەم بابەته له کلتووری کورد و ئێرانییەکانیشدا هاوشێوەی هەموو کۆمەڵگاکانی دیکەیه بەڵام له هەمان کاتدا بهپێی نۆڕمه کلتوورییەکان وەک نهێنییەکی ئاشکرابوو ئەم پرسه لای خۆیان دەهێڵنەوه، واته هەمووان له بوونی بەئاگان بەڵام هیچ کەس لەم بارەوه قسه ناکات. به هۆی نەبوونی هۆگرییەک که له بواری ئەم بابەتەدا بەدی دەکرێ، کەسانی هاوڕەگەزخواز و یان تڕەنس له کۆمەڵگای کوردستان دەورێکی به فەرمی ناسراویان نییه. یەکێک له هۆکاره گرنگەکانی ئەم پرسه دەوره ڕەگەزێتییه باوەکانه. هەڵبەت هاوڕەگەزخوازی پیاوان سەرەڕای ئەوەی کەس له بارەیانەوه نادوێ، بەڵام بابەتێکی ناسراوه، بەڵام تڕەنس بوون و هاوڕەگەزخوازی لەناو ئافرەتاندا کەمتر قبووڵ کراوه و تەنانەت له حاڵەتی نافەرمیشدا پەسند ناکرێت. بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی فیمینیزم لەناو ژنانی خۆرهەڵاتی ناڤین، ئەوان ئێستا له ڕێگەی ئەم پاڕادایمەوە زیاتر له بارەی ڕەگەزێتیی خۆیان ئەزموون وەدەست دێنن. سەبارەت به پرسی هاوڕەگەزخوازی لەناو کوردەکان پێشینەی نووسراو له ئارادا نییه، بەڵام نووسەرانی کورد و ئێرانی هەوڵیان داوه لە بواری ئەم تابۆ کلتوورییه لەناو هاوڕەگەزخوازاندا دەست بدەنه توێژینەوه.
هەر بۆیه سەرچاوەی نووسراوی زۆر کەم له بەردەسته. سەرەڕای ئەوەی که کۆمەڵگای کوردی کوردستان و تەنانەت بەشگەلێک له دەرەوەی سنووری فیزیایی کوردستان به شێوەی هەمیشەیی و تەنانەت تونداژۆیانه دژی مۆدێڕنیته و گۆڕینی دەوره ڕەگەزێتییەکان (کە لێکەوتەی ئەوە) دەوەستنەوە و له دژی دەجەنگن، له بواری ئازادیی ڕەگەزێتی ڕێژەی قبووڵکردن زۆر کەمه. له درێژەدا دەمهەوێ چەندین حاڵەتی توێژینەوەی تایبەتی له بواری ئەو کەسانه بخەمه ڕوو که لەسەر بابەتی ئەم توێژینەوه قسەم لەگەڵ کردن و ئەنگێزه و داپەڕەکانی ئەوانم له پەیوەندی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازی خستۆته بەر تیشکی لێکدانەوه و لەبارەی ڕوانگەیەک که له کۆمەڵگای کوردیدا لە مەڕ خۆیان هەیانە پرسیارم لێ کردن.
حاڵەتی یەکەم
کوڕه دێته ناو ژوورەکە، داوام لێ کرد دانیشێ، ئەو دانیشت و من به فارسی سڵاو و حەواڵپرسیم کرد. و ڕوونی دەکەمەوه که بڕیاره به شێوەی پڕۆفیشناڵ پێکەوه ماوەیەک ئیش بکەین. دۆسییەکەی ئەویان که له یەکێک له بەشە یاساییەکانی شارەوانی لەندەن کارم دەکرد پێدام. لێی دەپرسم پێی خۆشه به کاکه بانگی بکەم یان خانم؟ و ئەو زۆر جیدییانه وڵام دەداتەوه تکایه هەمیشه به خانم بانگم بکه من ئافرەتم. ئینجا دەستبەجێ داوام لێ دەکا به پسپۆڕێکی بناسێنم بۆ ئەوەی بتوانێ ڕەگەزی خۆی بگۆڕێ، ناوی خۆی بگۆڕێ بۆ ناوێکی ئافرەتانه و له کۆتاییدا داوام لێ دەکا که پێی بڵێم گەڕەکی سۆهۆ کوێیه (گەڕەکێک بۆ له دەور یەک کۆبوونەوەی هاوڕەگەزخوازان له ناوەندی لەندەنی بریتانیا) داوێنێکی زۆر کورت و تاپێکی پەمەیی له بەر بوو، ئەوەنده یەخەی تاپەکەی ئاوەڵا بوو که بێچمی مەمکی تەواو دەرکەوتبوو. قاچەکانی پڕ بوو له جێ شوێنی بڕینی تیغ و ڕوونی کردەوه که زۆر له هەوڵدایه بۆ ئەوەی تا ئەو جێی دەلوێ هەر هەموو مووی قاچی بتاشێ بۆ ئەوەی قاچەکانی موویەکی کەمتریان هەبێت. ناوبراو مووی ئەستوور و ڕەشی هەبوو و هەر ئەم بابەتەش پیشانی دەدا که لەم بوارەدا ئیشێکی ئاسوودەی نییه. گوارەکان، ئەنگووستیلەکان، زنجیرەکان و پێڵاوە پاژنه بەرزەکەی به لای منەوه هەوڵێکی چەتوون بوو بۆ ئەوەی بڵێ: من ئافرەتم.
له ماوەی هەفتەیەک که لەگەڵی بووم سەبارەت به ژیانی خۆی له وڵاتی ئێران قسەی بۆ کردم، ئەوەی که چۆن کارمەندێکی باڵا له شاری ئاینی قووم ئیزنی گۆڕینی ڕەگەزی پێداوه. ڕەنگه بتوانین ئێران وەک وڵاتێکی ناوازه لەسەر ئاستی هەموو جیهانی موسڵمانان له بواری ڕوانینێکی نەرمتر بەرامبەر به گۆڕینی ڕەگەز له قەڵەم بدەین، هەڵبەت ئەگەر هاوڕەگەزخوازان له بواری هۆگریی سێکسی خۆیان سەربەستانه ئیش بکەن سزای سێدارەیان به سەردا دەسەپێ، بەڵام کەسانی تڕەنس نەک هەر لەم وڵاتانه قبووڵ کراون، بەڵکوو تەنانەت بۆ چارەسەری خۆیان له پشتیوانی دەوڵەتیش سوودمەندن. ئیمام خومەینی له ساڵی ١٩٨٩ ڕاگەیاندنێکی بەناوبانگی هەیه که ڕایگەیاندووه ئەو کەسانەی وا پێیان وایه له لەشێکی هەڵەدا گیریان کردووه دەبێ ئەم چانسەیان هەبێ که لەم زیندانه دەرباز بن، و تەنانەت پاش گۆڕینی ڕەگەز بۆیان هەیه له بەڵگەی شووناسی نوێ سوودمەند بن. ڕەنگه هۆکاری ئەم پرسه ئەوه بێ که هاوڕەگەزخوازی به تاوانێکی زۆر نگریس دەزانن و هەر لەبەر ئەوه له بری ئەو تڕەنسێتیان قبووڵ کردووه. هەڵبەت هەست ناکا که له ئێران هەڵسوکەوتێکی باشیان لەگەڵ کردبێت. ئەوەی که له ئێران چەند نەشیاوانە مامەڵەی لەگەڵ کراوه و ناوبراو ناچار بووه بەرەو بلاڕووس له ئەوڕووپای ڕۆژهەڵات کۆچ بکات بۆ ئەوەی لەوێ یارمەتی پڕۆفیشناڵ دەست بخات و له کۆتاییدا ڕەگەزی بگۆڕێت. له چاوپێکەوتنی دووهەمدا که لەگەڵی سازم کرد له میانەی قسەکانماندا تەلەفۆنیان بۆ کردم، هاوڕێیەک له ئێرانەوه تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ ئەوەی بزانێ ئایا دەتوانم چەند بەرگ کتێبی بۆ پۆست بکەم؟ لەگەڵ ئەوە دەنگی داگۆڕا. ئەو زۆر به ئارامی لێ پرسیم که خەڵکی کوێم؟ و منیش وڵامم داوه به ڕفتارمدا بۆی دەرکەوت که خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم (کوردستانی ئێران)، کەمێک تێڕاما و ئینجا به دەنگێکی ئەسپایی وتی: منیش کوردم، خەڵکی کرماشانم. لێم پرسی به لایەوه کێشه نییه که منیش کوردم؟ و ئەو له وڵامدا وتی: خانەوادە ئاخیان کردووم، باوکم کاتێ زانی من هاوڕەگەزخواز / تڕەنسم هەوڵی دا بمکوژێ، من ناچار بووم له کوردستان ڕا بکەم و بچم بۆ تاران. کورد زۆر دەمارگژن. تکا دەکەم، من ئاماده نیم که کەس بزانێ کوردم. من تەنانەت لای کەس ناڵێم ئێرانیم. خەڵک ئەگەر بزانن کێشەم بۆ دەنێنەوه و به چاوی خراپ لێم دەڕوانن، ئەوان وەک مرۆڤێک هەڵسوکەوتم لەگەڵ ناکەن. لێرەدا بوو که له پڕ فرمێسکی هاتنه خوار.
تەنیا دوو خەونی هەبوو، ئەوەی که برینکارییەکی سەرکەوتووی بۆ گۆڕینی ڕەگەز بۆ بکرێ، و ئەوەی که دیسان لەگەڵ دۆستەکەی بێ که بەڵێنی پێ دابوو که ئەگەر ببێته کچ هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. ناوبراو له درێژەدا وتی: من له کوردستان ژیانێکی ناخۆشم بووه، بۆم نەبوو لای کەس بڵێم که من هاوڕەگەزخوازم، زۆر دەترسام ڕۆژێ له ڕۆژان باوکم بەم بابەتە بزانێت. هەڵبەت زۆر کەس لەبارەی هۆگریی سێکسی من زانیارییان هەبوو یان لانی کەم به ڕفتارمدا شکیان کردبوو، مەبەستم ئەوەیه که من هاوشێوەی ئافرەتێک ڕفتارم دەکرد و دەنگێکی ناسکم هەبوو. بەڵام هیچ کەس به شێوەی ئازادانه لەم بارەوه قسەی نەدەکرد. ئەم بابەته نهێنییەک بوو که هەمووان لێی بەئاگا بوون. کاتێک پیاوه بەتەمنترەکان لێیان دەڕوانیم یان به تووڕەییەوه کاتێک منیان دەبینی ڕووی خۆیان وەردەگێڕا، پیاوه گەنجەکان هەندێ جار تێدەکۆشان له باوەشم بکەن، یان له مەڕ ڕەواڵەتم تانە و توانجم لێ بدەن. هەڵبەت له تاران دۆخەکە کەمێک جیاواز بوو. هیچ کەس منی نەدەناسی، ئەگەر ڕاستییەکەیتان دەوێ خۆشم ئیتر گرنگیم نەدەدا. له درێژەی ئەو ساڵانەی که له ئێران دژیام شەرمم له خۆم دەکرد، بە هۆی شتێک که بووم و دەمویست ببم. خەتای خۆم بوو، من هەر له منداڵییەوه لە دیتران جیاواز بووم، من کوڕەکانم له کچەکان خۆشتر دەویست. هەمیشه پێم خۆش بوو جلوبەرگی شیاو لە بەر بکەم و به ئەسپایی له کاتێکدا که له ژوورەکەی خۆم بووم و کەس له لام نەبوو ئارایشتم دەکرد و وێنەم له خۆم دەگرت.
دیاره من ئیزنی گۆڕینی ڕەگەزم وەرگرتبوو، کەواته دوو ساڵ پارەم کۆ کردەوه، بۆ ئەم پرسه هەموو کارێکیشم کرد، له شتنی قاپ و کەوچک هەتا شتنی ئۆتۆمبێلەکان. سەرەڕای ئەمە پارەی پێویستم نەبوو و نەمدەتوانی بەم پاره تێچووی تەواوی گۆڕینی ڕەگەزێتیم دابین بکەم. سەرەڕای ئەمانه دەبا پارەی دەرزی هۆرمۆن و دیکەی شتەکانم بدابایه. هەر لەبەر ئەوەش چوومه بلاڕووس. کاتێک چوومه ئەوێ ڕێکخراوی نەتەوەکان پشتیوانی لێ کردم. ئەوان هەوڵیان دا لەم وڵاتەدا بۆ برینکاری گۆڕینی ڕەگەزێتیم بەرنامەڕێژیم بۆ بکەن. ژیان لەو وڵاتەدا زۆر ئەستەم بوو. کاتێک هاوشێوەی کچێک جلوبەرگم له بەر دەکرد و دەچوومه دەرەوه پیرترەکان به بینینی من تفیان له عەرز ڕۆ دەکرد و کاتێک به لایاندا تێپەڕ دەبووم پیاوان و ژنه گەنجەکان هۆیان لێ دەکردم. تەنانەت کادری پزیشکیش زۆر هۆمۆفۆبیک (دژی هاوڕەگەزخوازان) بوو و هەر کەس دەهات بێڕێزی پێ دەکردم.
دیاره دڵخۆشتر بوو بەڵام زۆر نیگەران بوو، هەتا ڕۆژێکیان ناوبراو بەسەرهاتێکی ترسناکی له مەڕ هێرشی دوو پیاو له باکووری لەندەنی لەو کاتەی که کاتی گۆڕینی ڕەگەزێتی هاتبوو بۆ من گێڕاوه، ئەوان پەیتاپەیتا له زکیان دەدا و ناو و ناتۆرەی ناشیریان لێ دەدا (جنێوێک بۆ بێڕێزی به هەموو هاوڕەگەزخوازان) و به دەموچاوێکی خوێناوییەوه لەوێ بەڕەڵایان کردبوو، ناوبراو وەها ترسا بوو که هەتا چەند ڕۆژ له ماڵەوه دەرنەکەوت و تەنیا ئەو کاته له ماڵ هاته دەرەوه که بەرپرسانی خزمەتگوزارییه کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵی بوون.
پاش برینکاری پێی وتم که ئێستا بوومەتە خاتوونێکی تەواو. وتی شادترین ژنی کورده لەم دنیایەدا. ناوبراو به شێوەی نیمچه کات له باری سۆهۆ وەک بەرپرسی بار ئیشی دەکا و خواردنەوه سێرڤ دەکا و ئێستا چاوەڕێیه چاوی به هاوسەری داهاتووی بکەوێت.
حاڵەتی دووهەم
ئەستەنبۆڵ ماڵی پتر له یەک ملیۆن کەسی حەشیمەتی کورده که زۆربەیان له تێهەڵچوونەکانی دەیەی نەوەد لەنێوان هێزە دەوڵەتییەکان و پ ک ک ناوچەی کوردستانیان له باشووریترین بەشی تورکیا بەجێ هێشتووه و پاش کاول بوونی هەزاران گوند لەم ناوچه بەرەو ئەستەنبۆڵ کۆچیان کردووه. له نزیک ناوچەی تووریستی سوڵتان ئەحمەد ئاکسارایدایه که دەتوانین بڵێین زۆربەی زۆری کۆچبەرانی کورد لەوێ کار و ئیشی بچووکیان بۆ خۆیان جێبەجێ کردووه، ناوچەیەک له دووکانی بچووک، و تەنانەت هەندێ کەس له سەر شەقامەکان به شێوەی ڕاستەوخۆ دەستفرۆشی دەکەن.
نزیک له هۆتێلی عەزیز کووچەیەکی تاریک و پیس بەدی دەکرێ که دەگاته بارێک لەژێر زەوی، ئەم باره بارێکی تایبەتی هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ئافرەتی کورده. لەم بارەدا مووسیقای ڕاستەوخۆیان هەیه و جەوەکەی تەواو تاریکه، بۆ ئەوەی بەم شێوه پانتاکه ڕۆمانسی بکەن. لەگەڵ هاتنتان بۆ ناو ئەم باره هەمووان سەیرتان دەکەن، ڕەنگه لەبەر ئەوه بێ بزانن پیاون یان ئافرەت. گرووپێکی پێکهاتوو له 4 پیاو و ژن. له مێزەکەی پەنا لەگەڵ هاوڕێکەم که خانمێکه بۆ خواردنەوە بانگهێشتی سەر مێزێکم دەکەن. پاش خواردنەوەی چەند پەیک ئەوان سەبارەت به هۆکار و چۆنیەتی بەجێهێشتنی کوردستان دەستیان کرد به قسه کردن. یەکێک له کچەکان که لە ئێن جی ئۆیەکی پشتیوانی له هاوڕەگەزخوازانی ژن ئیشی دەکرد که سەر به ڕێکخراوێکی سوویدی بوو سەبارەت به ئەزموونەکانی خۆی و ئەوەی که بۆچی نەیتوانیوه له زێدەکەی خۆی (باتمان) بمێنێتەوه قسەی کرد. ناوبراو دەڵێ: زۆر سادەیه، هۆکارەکەی ئەوەیه که من هاوڕەگەزخواز بووم، باشم له بیره که کاتێک مێرمنداڵ بووم عاشقی ئامۆزاکەم بووم و کاتێک کچە مامەکەم لەگەڵ کوڕه خۆشەویستەکەی له کاتی ئامادەییدا هاوسەرگیری کرد من هەوڵم دا خۆم بکووژم بەڵام نەمتوانی و زیندوو مامەوه. ژنێکی دیکه دەڵێبۆ ماوەی ٥ ساڵ هاوسەرگیری کردبوو بەڵام له مێردەکەی بێزار بووه؛ ئەو ناپاکی لەگەڵ کردم و لەو کاتەوه من نامهەوێ لەگەڵ هیچ پیاوێک بم، من ئێستا لەگەڵ دۆستەکەم که کچێکی ڕووسییه زۆر شادترم، ئەم کچه چەند مەتر دوورتر له ژنەکە دانیشتبوو. پیاوەکانیش بەسەرهاتی هاوشێوەیان هەبوو، یەکیان تەنیا دەیتوانی به تورکی ئاخافتن بکا (له کاتێکدا که به تورکی ئەستەنبۆڵی من پێدەکەنی) وتی: من خەڵکی گوندێکی بچووکم، لەو گونەدا خەڵکیان منیان لە کاتی سێکسکردن لەگەڵ پیاوێکی دیکه بینیبوو و دەنگۆ لێرەوه دەستی پێ کرد و مەلای گوند و پیاوماقووڵەکانی گەڕەک و مامی منیان برد بۆ مزگەوت و هەواڵەکەیان پێدان. هاوڕێی قوتابخانەکەم به هەڵکەوت ئەم بەسەرهاتەی له چەند کوڕی دیکه بیستبوو، خێرا بەرەو ئەو مەزرایه ڕا دەکا که من تێیدا ئاگام له ئاژەڵەکان بووه. من هەر ئەوەنده پارەم بوو که خۆم گەیانده ئەنقەرەه و لەو کاتەوه ئیتر نەگەڕاومەتەوه بۆ گوندەکەی خۆمان بەڵام جار جار لەگەڵ دایکم قسه دەکەم.
حاڵەتی سێیەم
هەر دووکیان تەمەنیان بیست و ئەوەنده ساڵه، له یەکێک له زانکۆ ئەهلییەکانی ئێران لە بواری زانسته کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنن. من (ک) و (ف) له کاتێکدا که خەریکی لێکۆڵینەوه له بواری کلتووری گەنجان له ئێران بووم له ڕێگەی چالاکڤانێکی مافەکانی ژنان لەگەڵان ئاشنا بووم دەڵێ هیچ کەس نازانێ ئەو کچێکی هاوڕەگەزخوازه، ئەگەر کەسێک بەم بابەتە بزانێ من زۆر زۆر تووشی کێشه دەبم، نه تەنیا خانەوادەکەم لەوانەیه بمکوژن، بەڵکوو تەنانەت دەوڵەتیش لەوانەیه بمخاته بەندیخانەوه. لەم کاتەوه دەنگی نزم دەکاتەوه و دەڵێ تەنانەت لەوانەیه هاوشێوەی پارەکه که دوو گەنجی فارسیان به تاوانی هاوڕەگەزخوازی له سێداره دا منیش له سێداره بدەن. ناوبراو درێژه به وتەکانی دەدا من هەتا ئەو کاتەی که لەگەڵ (ک) له زانکۆ ئاشنا نەببووم نەمدەزانی هاوڕەگەزخوازم. هەموو شتێک له پەردیسی زانکۆ دەستی پێکرد، ڕۆژێکیان که خۆشەویسته کوڕەکەم له بەر کچێکی دیکه وازی له من هێنا، (ک) لەو شەوەدا که من زۆر بێتاقەت بووم هاته لام بۆ ئەوەی سووکناییم بداتەوه. ئێمه هاوژوور بووین، کاتێک که باوەشی پێدا کردم هەستێکی خۆش کەوته دڵمەوه، ناوبراو زۆر به باشی له من تێدەگەیشت و ڕاست دەیزانی چۆن دەبێ من ئارام بکاتەوه. لەو کاتەوه ئێمه پێکەوەین.
حاڵەتی چوارەم
(ئـ ف) پیاوێکی کەم تەمەنی پێگەیشتووه، و له وڵاتی ئەڵمانیا کۆڕسی باڵای تەواو کردووە. ناوبراو دەڵێ له شاری هەڵەبجه (باشووری باشووری کوردستان) لەدایک بووه. من زۆر سەبارەت بەوێ شتم وەبیر نایه. من بۆ هاوسەرگیرییەکی بنەماڵەیی و سەردانی بنەماڵه گەڕامەوه بۆ کوردستان بەڵام لەوه ناچێ بتوانم لەوێ بژیم. لەم کاتەدا هەست دەکەم بێتاقەت بوو، دیاره مەبەستم ئەوەیه که من ناتوانم لەوێ بژیم، ئەمه بۆ منێک که پیاوێکی هاوڕەگەزخوازم، مومکین نییه، ئینجا درێژەی پێدەدا من خەڵکی ناوچەی هەورامانم و ئەمه پرسەکە ئەستەمتر دەکات. به ڕای من هەورامان هێشتا زۆر ئاینیتر له دیکەی ناوچەکانی کوردستانه. ناوبراو له درێژەدا دەڵێ: خوا دەزانێ ئەگەر خزمەکانم و بەتایبەت کوڕه مامەکەم که سەرۆکی عەشیرەته بەم بابەتە بزانێ چ ڕوو دەدا، سەیر بکەن ئەم کەسە حاجییه (کەسێک که زیارەتی مەککەی کردووه) و له ناو خزمەکاندا زۆر ڕێزی هەیه. دەست دەکا به جگرە کێشان و درێژەی پێدەدا: ئەم ڕووداوانه هەمووی له ئەوڕووپا دەستی پێ کرد.
با ڕاستگۆ بم، من نەمدەزانی هاوڕەگەزخوازم تا ئەوەی که شەوێکیان من لەگەڵ یەکێک له هاوڕێ هاوزانکۆییەکانم بووم و ئەو جووڵەیەکی نواند، ئێستا که بیر لەڕابردوو دەکەمەوه دەزانم بۆچی هیچ کات عەشقی هیچ کچێک نەدەبووم. ئینجا بزەیەک دەنیشته سەر لێوی و دەڵێ: من ئێستا لەگەڵ خۆشەویسته کوڕەکەم دەژیم و هەموو شتێک باشه. تەنیا کێشەم ئەوەیه که دەبێ پەیوەندییەکەم بشارمەوه، خۆ دەزانی بۆ. من زۆر کەس له ناوچەی خۆمان که نایانناسم بەڵام که بۆ سەردانی ئێمه دێنه ئێره پێیان دەڵێین که خوێندکار حەزی لێیه که (ئـ ف)ـین و له ژووری جیادا دەژین. پێم وایە هەمووان بڕوا به قسەکەمان دەکەن ڕۆژێکیان بتوانن ئازادانه بڵێ که کێیه. ناوبراو دەڵێ: من ئیتر لەم ژیانه دووانەییه ماندوو بووم، له سەرەتادا ئەم پرسه سەرنجڕاکێش بوو، زۆر هەیەجانی و مەترسیدار بوو، من پێم خۆش بوو، بەڵام ئێستا خۆشەویسته کوڕەکەم بەم بابەته ناڕازییه و بەردەوام دەڵێ بۆچی وا بکەین؟ من به ڕاستی تێدەکۆشم بۆی ڕوون بکەمەوه که تا چەنده بارودۆخی من ئاڵۆزه بەڵام وا هەست دەکەم ئەو تێناگات، هەڵبەت مافی خۆشیەتی. بۆ کەسێک که ژیانێکی زۆر جیاوازی لەگەڵ من بووه تێگەیشتن لەم پرسانه هەر وا ئاسان نییه. هەڵە مەکەن، ئێمه تەنانەت له لایەن دۆستان و ناسراوانی ئەویش زۆر قبووڵ ناکرێن. هاوڕەگەزخوازبوون تەنانەت له ئەوڕووپاش هەر وا ساده نییه.
ڕوانینێک بۆ ئەم دیارده له ڕوانگەی مرۆڤناسی: سەرەڕای ئەوەی تابۆیەک پرسی هۆگرییه سێکسییە نەگوونجاوەکانی گرتۆته بەر، چه لە مەڕ هاوڕەگەزخوازان و چ له مەڕ تڕەنسەکان، ڕێبەرانی دەرەوەی وڵات دەستپێکەری باسی گشتی لەم بارەوه بوون. پاش پێشێلکردنی تۆقێنەرانەی مافەکانی مرۆڤ له مەڕ کاپڵێکی هاوڕەگەزخوازی کورد و لێدانیان به قەمچی به هۆی ئەم تاوانه له وڵاتی ئێران، پشتیوانێکی مافەکانی هاوڕەگەزخوازانی کورد له ئیندیمیدیا (Indymedia.com) نووسی: له کوردستان هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناڤین، هاوڕەگەزخوازی به ڕاستی جێی قبووڵ کران نییه و هۆی ئەم پرسه له پاڵ ئاین و کلتووری ئێمەیه. هاوڕەگەزخوازی هەمیشه و له هەموو زەمەنێکدا وەک کارێکی قێزەون بەراورد کراوه، بەڵام له ئەوڕووپای کۆن کردەوەی نێربازیی زۆر باو بووه. هەر لەبەر ئەوه به شێوەی سرووشتی ئێمه هەمیشه دژی هاوڕەگەزخوازی بووین بەڵام له هەمان کاتدا یاساکانی شەریعەتم قبووڵ نییه و بە قەمچی لێدانی هاوڕەگەزخوازان هەتا ئەو کاتەی دەمرن یەکێک له یاساکانی شەریعەته.
بهێڵن ئەم کەسانه چۆنیان پێ خۆشه بژین. ئەگەر ئێوه کەسێکی ئاینین، ئێوه خۆتان باش دەزانن که ئەوان لەو دنیا تووشی چی دەبن و ئەگەر ئاینی نین نابێ کێشەیەکتان لەگەڵ ئەم بابەته ببێت.
مەلاکان هەمیشه بڕ و بیانو دەهێننەوه بۆ ئەوەی کەسەکان له قەمچی بدەن، هۆکاری ئەم پرسه دەتوانێ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەوان، خواردنەوەی شەراب و یان سێکس کردنی پیاو لەگەڵ پیاو و ژن لەگەڵ ژن بێت.
هاوڕەگەزخوازی لەنێوان ژنان و پیاوان دیاردەیەکی ڕاستەقینەیه و نابێ هیچکات وەک نەخۆشییەک ڕەچاوی بکەن. ئەم پرسه تەنیا له مرۆڤەکاندا سنووردار نابێتەوه و له ئاژەڵەکان و تەنانەت ڕووەک و گوڵەکانیشدا بوونی هەیه.
چالاکێکی مافەکانی ژنانی هاوڕەگەزخواز له کورردستان دەنووسێ: هاوڕەگەزخوازی لەنێوان ژنان و پیاوان دیاردەیەکی ڕاستەقینەیه و نابێ هیچکات وەک نەخۆشییەک ڕەچاوی بکەن.
سرووشت بۆ هەر کام له سیستەمەکانی خۆی هۆکارێکی هەیه. کەسانی هاوڕەگەزخواز نزیکەی 0.1 هەتا 1.0 له سەد له حەشیمەتی مرۆڤەکان له سەرتاسەری دنیا پێک دێنن. ئەم پرسه تەنیا له مرۆڤەکاندا سنووردار نابێتەوه و له ئاژەڵەکان و تەنانەت ڕووەک و گوڵەکانیشدا بوونی هەیه. هەندێ کەس پێیان وایه هۆی دەرکەوتنی ئەم دیارده کۆنتڕۆڵی حەشیمەتی ڕووی زەوییه بۆ ئەوەی ڕێگری له کارەسات بگیرێت، چوونکه زۆر بوونی حەشیمەتی ڕووی زەوی دەتوانێ قەیرانێکی نوێ بەدی بێنێت، بۆ وێنه کاتێک مرۆڤەکان دەستێوەردان له دنیای پەلەوەرەکاندا دەکەن و ڕێژەیەکی زۆری پەلەوەر بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ بەرهەم دێنن، دەبینین که نەخۆشی ئەنفلۆوانزای باڵنده دروست دەبێ که نه تەنیا ژیانی پەلەوەرەکانی جیهان بەڵکوو ژیانی ئێمەش دەخاته مەترسییەوه.
زۆربەی کەسانی هاوڕەگەزخواز داهێنەر و هونەرمەندن، ئەگەر ئاوڕێک له مێژوو بدەینەوه دەبینین که زۆرێک له هونەرمەندان و نووسەرانی جیهان وەکوو ئۆسکار واید، ڕامبۆ و هەتد لەم حاڵەتە بەدەر نین.
وڵامی پرسی هاوڕەگەزخوازی توندوتیژی نییه و ئەم ڕێکاره هەرگیز نەیتوانیوه کێشە چارەسەر بکات. ئەگەر ئێمه هەڵوەدای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و داهێنەرانه بین، دەبێ دان به جیاوازییەکانی خۆمان لەگەڵ دیتران بنێین و بتوانین به ئاشتی و دۆستایەتییەوه پێکەوه بژین، کەسی هاوڕەگەزخواز دەتوانێ کچ، کوڕ، هاوسەر یان دۆستی نزیکی ئێوه بێت. ئەگەر ئەوان ئەم بابەته بشارنەوه ئەوه ناگەیێنێ که ئەم پرسه بوونی نییه. ئێمه له سەرەتای مێژووەوه هەین و دیسانیش له پاڵ ئێوه دەبین و درێژه به ژیانی خۆمان دەدەین، کەواته باشتر وایه ئێمه قبووڵ بکەن و ڕێز لەم بابەته بگرن. بەهەر حاڵ عەشق سەرشۆڕی نییه و ئەوه دەبێ خەجاڵەت ببێتەوه که عەشق به سەرشۆڕی دەزانێت.
مارگارێت مید له ڕوانگەی مرۆڤناسییەوه کتێبێکی به ناوبانگی نووسیوه و تێیدا پێشنیار کردووه که ئەو نیگەرانییانەی که بوونی مێرمنداڵ بۆ گەوره ساڵ دەمێنێتەوه (وەکوو هۆگریی سێکسی که تازه دۆزراونەتەوه) پێکهاتەی کلتووری لەخۆ دەگرن. ناوبراو له سامۆوا لەگەڵ گەنجان ئیش دەکا، لێرەدا کلتوور هانیان دەدا که هۆگریی سێکسی خۆیان تەنانەت به سێکسکردنی بەر له هاوسەرگیری به ئەزموون بکەن، و گریمانەی ئەوه هەیه که ئەم ئیشه له کۆمەڵگادا متمانه به خۆبوونێکی زیاتری لێ دەکەوێتەوه و کاتێک وەک گەوره ساڵێک توانیان هاوسەرگیری بکەن له ژیانی سێکسی خۆیاندا متمانه به خۆبوونێکی زێدەتریان دەبێت. هەڵبەت لەو کۆمەڵگایانەی که تەواو پێش پیشەسازی نین، وەکوو سامۆوا و به وتەی ناوبراو به توندی لەژێر کاریگەریی بەها ئیسلامییەکانن، ڕوانین بۆ تافی مێرمنداڵی به شێوەی سەردەمی بشێوی، ئیسترێس و کارەساتێکی بەهێزە. ڕوانگەی مید بەرامبەر به ڕوانگەی کراوه سەبارەت به پەیوەندیی سێکسی و ڕۆمانسی و ئازادی بۆ ئەزموونی ئەم بابەتانه له ناو مێرمنداڵانی سامۆوایی، لەگەڵ ئەزموونی گەنجان له ئێران تەواو جیاوازه، لە وڵاتی ئێران له نێوان هەر دوو ڕەگەزەکه دیوارێک دانراوه و وەک پرسه مەترسیدارەکان به توندی پەیوەندییه سێکسییەکانیان قەدەغەی کردووه. لەم ڕوانگەوە ئاراستەی بەرامبەر به مەترسییه ڕوو له هەڵکشانەکانی پەیوەندیی ژنان و پیاوان بەر له هاوسەرگیری ڕەنگه سەرسامهێنەر نەبێت.
ئایدیاکانی ڕفتاری ژنانەی شانۆیی، دراماتیک، لەگەڵ شەرمەزاری و پارێزراوییە ڕەنگە ئەنجامی ئەم ڕوانگه بێو دەتوانین لەگەڵ هەستی ورووژانی پەیوەست به مێرمنداڵی له ئەوڕووپا و جێبەجێکردنی ڕۆژانەی بەراورد بکەین. ڕەنگه خاڵی سەرنجڕاکێش که دەبێ لەم بارەوه ڕەچاوی بکەین درێژەدان به ڕفتاری منداڵانەی ژنان له گەوره ساڵییه. له بەرامبەردا کوڕان له پرۆسەیەکی یەکدەست به هۆی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی که هەیانه دێنه ناو کۆمەڵگا و بەم شێوە ڕاستەخۆ دەورەکانیان له کۆمەڵگا دەگۆڕدرێ و له مێرمنداڵییەوه دەبنه گەوره ساڵ. (سینکلر -وب،١٩٩٠ ؛کاپلان،١٩٩٠).
پاس ئەوه ئەگەر ئەم کەسانه پیشەیەکی تایبەتی هەڵنەبژێرن، یان درێژه به خوێندن نەدەن، دەچنه ناو کار و کاری بنەماڵەیی یان دوکانێکی بچووک به هاوکاری بنەماڵه دەکەنەوه، له ناوچەی کوردستان زیاتر دۆخەکە بەم شێوەیه. مۆدێڕنیزەبوون بووەته هۆی تێکچوونی هاوسەنگی و کەوتنه ژێر پرسیاری دەوری ئافرەتان. به شێوەی نەریتی ژنان تەنیا له ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە گەوره دەبوون، بەڵام له ئێستادا زۆریان له کۆتاییەکانی تافی مێرمنداڵی یان سەرەتاکانی تەمەنی بیست ساڵان ماڵەوه به جێ دێڵن و دەچنه زانکۆ و بەم شێوه گەیشتوونەتە ڕادەیەک له سەربەخۆییی ئابووریی. سەرەڕای ئەوەی به گشتی له کوردستانکێشەی دانەمەزران و بێکاری هێشتا بوونی هەیه، بەڵام هەلی دامەزراندن بۆ ژنان له کەرتی دەوڵەتی و له هەندێ له بەشەکانی کەرتی تایبەتی زۆر کەمتره و ئەم (بواره تایبەتی پیاوان ڕەچاو کراوه.) توحیدی، ١٩٩٤
تەنانەت سەرەڕای ئەوەی هاوڕەگەزخوازی له دێرزەمانەوه له کۆمەڵگای کوردستان بابەتێکی ئاشنا بووه، و له کاتی قسەکردن لەسەر پیاوانی هاوڕەگەزخواز وەک ئاسەواری پەستی ناو کۆمەڵگا له قەڵەم دەدران، ڕوانگەی کۆمەڵگا بۆ هاوڕەگەزخوازی ژنان هێشتا له قۆناغه سەرەتاییەکانی خۆیدایه. ئەم پرسه له پێشدا له باکووری کوردستان دەستی پێ کرد، له دیکەی بەشەکانی کوردستان ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ژن به شێوەی کردەیی بوونی نییه، کوردانی دەرەوەی وڵات به هۆی فوکووسێک که لەسەر کەمپەینەکانی دیکە هەیانه هەتا هەنووکه نەیانتوانیوه ئەم پرسه بخەنه ناو ڕێسای ئیشی کەمپەینەکانی خۆیان. بەڵام یاساناسانی تورکیایی بۆ کەسانی هاوڕەگەزخوازی پیاو و ژن و تڕەنس و ڕێکخراو و لۆبییه گشتییەکانی پەیوەست بەم چالاکییانه هەندێ دەرفەتیان هێناوەته کایەوه بۆ ئەوەی بۆ قبووڵ کرانی ئەم کەسانه له ناو کۆمەڵگا هەندێ داپەڕ ئەنجام بدەن، ئەم هەوڵانه زیاتر هی ئێن جی ئۆکانی دانیشتووی ئەستەنبۆڵه. بەڵام پێویستیی بوونی ئەم کۆمەڵگایانه بۆ کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازانی پیاو و ژن و تڕەنسه کوردەکان هێشتا زۆر پشتگوێ خراوه.
لەم کلتوورانەدا زۆر جار هاوڕەگەزخوازی به دژی دیترڕەگەزخوازی و بوونی تایبەتمەندیی نێر و مێ ڕەچاو کراوه. سێ فۆڕمی سەرەکیی پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانه لەلایەن مرۆڤناسان پێشنیار کراوه که بریتیین:
یەکسانخوازی، پێکهاتەی ڕەگەزێتی و پێکهاتەی تەمەنی. لەناو ئەم مژارانه یەکیان زیاتر له کۆمەڵگایەکی دیاریکراو له کاتێکی دیاریکراو زاڵ دەبێت. به ئاوڕدانەوه له مێژووی کوردەکان و ڕوانگەیان بەرامبەر به هاوڕەگەزخوازی، دەتوانین سەرچاوەی زۆری کەسەکان (زیاتر دەوڵەمەند و مامناوەند تەمەن، و هەمیشه پیاو) دەست بخەین که سەبارەت بەوان دەنگۆی ئەوه له ئارادا بووه که پارەیان به کوڕانی کەم تەمەن دەدا بۆ ئەوەی پەیوەندیی سێکسیان لەگەڵ ساز بکەن. له هەمان کاتدا ئەمانه کەسانێک بوون که (مومکینه له ڕۆژاوا پێیان بووترێ پێدۆفیلیا) بەڵام وەکوو پیاوی بنەماڵه ژیانێکی ئاسایییان هەبوو، بەڵام هەر کات باس له ئامۆژگاری کوڕانی کەم تەمەن دەهاته گۆڕەوه بەئاگا دەبوون. له زۆربەی کاتەکاندا، ئەم کوڕه کەم تەمەنانەی که دەستدرێژی سێکسیان دەکرایه سەر له کۆمەڵگا به توندی سووکایەتیان پێ دەکرا و دەبوایه ئەم سووکایەتییەیان بۆ درێژەی ژیانیان له وڵات (شەرمەزارهێنەر)یان لەگەڵیان بوو کەواته زۆریان وایان به لاوه پێ باشتر بوو که به هۆی بوونی ئەم پێشینه نیشتمانی دایکی خۆیان به جێ بێڵن. ئەم پرسه تەنیا به هۆی ئەوه خرایه ڕوو که دەربکەوێ فۆڕمی هاوڕەگەزخوازی دیاریکراو به چ شێوەیەکه که بزانن ڕوانگەی تاوانبارانه و لادەرانه که سەبارەت بەم کەسانه بوونی هەیه به چ شێوەیەکه. هەڵبەت پێدۆفیلیاش له کۆمەڵگا بوونی بووه و هەیه بەڵام ئەوەش وەک نهێنییەکی ئاشکرا بوو ڕەچاو بکەن.
هاوڕەگەزخوازی نۆڕماڵی گەورەساڵانی تڕەنس بوونیان له چاو فۆڕمی چەوسانەویی ئەم هۆگرییانه کەمتر قبووڵ دەکرێت. هەڵبەت ئەم هۆگرییه له چاو هاوڕەگەزخوازان و تڕەنسەکان ڕەنگه دیاردەیەکی زۆر نوێتر و ئەنجامی خەباتەکانی کۆنسێرڤاتیڤ لەگەڵ مۆدێڕنیتەیه. ئەم چەشنه ژیانە سێکسییه له خۆرهەڵاتی ناڤین و کەواته له کلتووری کوردستان بۆ چەندین سەده بەردەوام بوو.
شاعیرانی فارس زمان وەکوو (عەتار)، (ڕۆمی)، (سەعدی)، (حافز) و، (جامی) و هەروەها شاعیری کورد شێخ ڕەزا له پەیوەندی لەگەڵ هێماگەلی هۆمۆئۆرۆتیک کۆمەڵێ شێعری هەیه.
سەرچاوه بایۆلۆژیکی، مێژوویی و دەروونناسییه جیاوازەکان لەناو زۆرێک له کلتووری موسڵمانانی خۆرهەڵاتی ناڤین بوونی هەیه و داپەڕی هاوڕەگەزخوازانه زۆر بەربڵاو و گشتی بووه. شاعیرانی فارس زمان وەکوو (عەتار مردوو ١٠٠٢)، (ڕۆمی، ١٠٢١)، (سەعدی، ١٠٩١)، (حافز، ١١٨٩) و، (جامی ١٤٩٠) و هەروەها شاعیری کورد شێخ ڕەزا له پەیوەندی لەگەڵ هێماگەلی هۆمۆئۆرۆتیک کۆمەڵێ شێعری هەیه. توێژینەوه لەبارەی ناهاوسانانی سێکسی وا پیشان دەدا که سەرەڕای ئەوەی بینراوی بوونی ئەم پەیوەندییانه کەم بووەتەوه بەڵام ڕێژەیان کەمی نەکردووه. دوو فۆڕم زیاتر تۆمارکراو بریتیین له هەبوونی پەیوەندیی سێکسی پارەیی لەگەڵ پیاوانی تڕەنس یان ئەو پیاوانەی وا خۆیان تڕەنس دەنوێنن و نموونەگەلێک لەم کەسانەن که ئەوان به ناوی بچووکی ٢ و منداڵ ٣ بانگ دەکەن و هەروەها داپەڕی مەعنەوی سۆفییەکان که تێیدا تاک له داپەڕێکی پاکداوێنانه و ئایدیالانه دەگا به داپەڕێک به پێی خواست و هۆگریی.
بۆ وێنه له ئێرانی کۆن هاوڕەگەزخوازی و هۆمۆئۆرۆتیک له زۆرێک له شوێنه گشتییەکان پەسندکراو بووه، بۆ وێنه له دێیر و حەوزەی زانستی هەتا مەیخانه، کەمپی سەربازی، گەرماو و قاوەخانەکان. له سەرەتاکانی سەردەمی سەفەوی (١٥٢ هەتا ١٢٠١) شوێنگەلێک به ناوی ئەمروودخانه هەبوو که تێیدا پیاوانی لەشفرۆش ئیشیان دەکرد، ئەم شوێنانه یاسایی بوون و باجیان دەدا. ئەدەبیات و هونەرێکی بەهێز دیسان بێچمی گرتەوه که تێیدا هاوڕەگەزخوازی له خۆرهەڵاتی ناڤین به شێوەی شووبهاندنی عەشقی پیاوان خۆی نواندبوو. بەم پێیه گانیمێد (ساقی خودایان) سیمبۆلی کوڕه خۆشەویستێکی ئایدیال بوو. موسڵمانان و زۆربەی سۆفی و شاعیرانێک که له وڵاتانی عەرەبی و ئێرانی بوون سەبارەت به کوڕانی ساقی جوانی مەسیحی دواون و ئیدعا دەکەن که له ڕۆژدا له مەیخانە میواندارییان لێ دەکەن و له شەودا دەخزێنه ناو پێخەفەکەیان. له زۆرێک لەم ناوچانه ئەم داپەڕه هێشتا له سەردەمی نوێدا دەبینرێ (ئەم پرسه لەلایەن ڕیچارد فڕانسیس بارتۆن، ئاندره گاید و ئەوانی تریش تۆمار کراوه).
هاوڕەگەزخوازان هێشتاش خەریکی خەبات لەپێناو وەرگرتنی ماف و دادپەروەری بۆ خۆیان له کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکانن. کەسێکی هاوڕەگەزخواز پیاو یان ئافرەت و یان کەسێکی تڕەنس هێشتا لەوانەیه له شەقامدا بێڕێزی پێ بکرێ و یان له هەندێ له شوێنه گشتییەکان مافی هاتنه ژوورەوەیان نەبێت. له بریتانیا لەم ماوەی دواییدا باسێک لەنێوان دەوڵەت و چالاکڤانانی پیشەسازی تووریزم ڕووی داوه و هەندێ له هۆتێل و میوانخانەکان داوایان کردووه که دەوڵەت ڕێگەیان پێ بدا کاپله هاوڕەگەزخوازەکان که وەکوو هەر کاپڵێکی دیکه داوای ژوورێک دەکەن بکەنە دەرەوه. له حاڵێکدا کەسانی هاوڕەگەزخوازی ئەوڕووپی به توندی هەڵوەدای وەرگرتنی مافی هاوسەرگیری له هەندێ له وڵاتانن، ئەم ڕاستییانه وای کردووه دنیا لەم بارەوه بۆچوونی دوو جەمسەری هەبێ و مشتومڕی سیاسی زۆر لەم بارەوه بێته ئاراوه و تەنانەت له هەندێ له وڵاتان بابەتەکه پەلکێشی دادگاکان بکرێت. له ساڵی ٢٠٠٢ له هۆڵندا، بەلژیکا، ئیسپانیا، کەنەدا و ئەفریقای باشووری هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕەگەزخواز یاسایی کراوه. بەڵام له بواری هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان له ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنیا له ویلایەتی هاوبەرژەوەندی ماساچۆست مافی هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان به فەرمی ناسرا و ویلایەتەکانی وێرمۆنت و کانکتیکات ئیزنی بوونی پەیوەندیی مەدەنیان پێ داون.
له هەمان کاتدا وڵاتانی دیکه، که زۆرینەی وڵاتانی ئەوڕووپی دەگرێتەوه کۆمەڵێ یاساین پەسند کردووه که به گوێرەی ئەو کەسانی هاوڕەگەزخواز بۆیان هەیه پەیوەندیی مەدەنیان پێکەوه هەبێ و بەم چەشنه کاپڵه هاوڕەگەزخوازەکان لەو مافانه سوودمەند دەبوون که کاپڵه هاوسەرگیری کردووەکان له بواری یاساییدا لێیان سوودمەند دەبن. لەم چەشنه دەتوانین ئاماژه بکەین به یاساکانی میرات و کۆچ. زۆرێک له وڵاتانی سکادیناڤیا یاساکانی هاوبەشی ناوخۆییان له دەیەی ١٩٨٢ بەم لاوه له یاساکانی خۆیاندا گونجاندووه. له ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا چڕکردنەوەی مشتومڕەکان لەسەر به یاساییکردنی هاوسەرگیری له بری قبووڵکردنی یەکێتیی مەدەنی دەتوانێ هۆکاری سەرەکی شکستی ئەو هەوڵانه بێ که لەم بوارەدا ئەنجام دراوه و لەلایەن گرووپه مەحافزەکار و ئاینییەکانەوه بەرهەڵستی کراوه. بۆ وێنه له کالیفۆڕنیا، فەرماندار ئاڕنۆڵد شوارتزینگێڕڕایگەیاند که به شێوەی تەواو پاڵپشتی له یاسای پشتیوانی له کاپڵه هاوڕەگەزخوازەکان دەکا بەڵام پرسی هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان باشتر وایه لەلایەن خەڵک یان دادگاکان یەکلایی بکرێتەوه.
سیاسەتمەدارانی هاوڕەگەزخواز توانیویانه ڕێژەیەکی زۆری کورسییه دەوڵەتییەکان تەنانەت لەو وڵاتانە وەدەست بێنن که یاساگەلی دژه نێربازی و یان کوشتنی هاوڕەگەزخوازانیان له مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا هەبووه
له ڕوانگەی زۆرێک له لایەنگرانی نەریت و به ئاوڕدانەوه لەو ڕوانگه نەخوازراوانەی که لەم بوارەدا له هەندێ له ئاینزاکاندا هەیه، هەندێ ناڕەزایەتی دژ بەم بابەته ئەنجام دراوه، بۆ وینه ئەم باسه له ئارادایه که هاوسەرگیری میکانیزمێکی دیاریکراوه که بۆ سازدانی بنەمای (دایک یان باوک بوون) بەرنامەڕێژی بۆ کراوە و پێکەوەبوون بەبێ بوونی کەسەکان به دایک و باوک ناتوانێ ناوی هاوسەرگیری له خۆی بنێت. ئەنجوومەنی دەروونناسانی ئەمریکا ئەم باسەی تەواو ڕەت کردووەتەوه (پترسون، ١٩٩٥) و ڕایگەیاند که زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی ئاکادمیک بەبێ هەڵاواردن له بواری کەسانی هاوڕەگەزخوازی ژن یان پیاو که پێکەوه دەژین تەواو دژی ئەم باوەڕانەیه. سەیرتر ئەوەی که سیاسەتمەدارانی هاوڕەگەزخواز توانیویانه ڕێژەیەکی زۆری کورسییه دەوڵەتییەکان تەنانەت لەو وڵاتانە وەدەست بێنن که یاساگەلی دژه نێربازی و یان کوشتنی هاوڕەگەزخوازانیان له مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا هەبووه. هاوڕەگەزخوازان له کابینەی بریتانیا وەکوو وەزیری پێشوو کریس سمیت (لۆڕد سمیتی ئەوڕۆیی له فینزبێری که یەکێک لەو چەند کەسەیه که هەڵگری HIV زایدن که ئەم بابەتەی ڕاشکاوانه ڕاگەیاندووه) و نیک بڕان و هەروەها حاڵەتی زۆر نوێی پتر ماندڵسۆن که کۆمیسێرێکی ئەوڕووپی و هاوڕێی زۆر نزیکی تۆنی بلێره و یان پێرکریستییەن فووس که وەزیری کاروباری دارایی نەرویژە هەتا ساڵی 2015 بوو کە سەربەستانه هاوڕەگەزخواز بوونی خۆی ڕاگەیاند.
هۆگریی گشتی که له بواری قبووڵکردنی زۆربەی پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزخواز له کۆتایییەکانی سەدەی ٢٠ بەدی هات له ڕێکخراوه سکۆلارەکاندا سنوودار نەبووبووەوە. ئەم ڕووداوه له زۆرێک له دامەزراوە ئاینییەکانیش ڕووی دا. جوولەکایەتیی ڕیفۆڕمخواز که گەورەترین لقی جوولەکایەتی له دەرەوەی ئیسڕائیله هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازانی بۆ شوێنکەوتووانی خۆی له کەنیسەکان ئاسان کردووه. کڵێسای ئانگلیکان تووشی هەندێ ناکۆکی بوون که بووه هۆی دابڕانی نێوان کڵێساکانی ئەفریقا و کڵێسای ئانگلیکانی ئاسیایی له لایەک و کڵێساکانی ئەمریکای باکووری له لایەکی ترەوه. هۆکاری ئەم ناکۆکییه هی ئەو کاته بوو که کڵێساکانی ئەمریکا و کەنەدا هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازانیان قبووڵ کرد و کەسانی هاوڕەگەزخواز ڕێگەیان پێ درا که پێکەوه بن. دیکەی کڵێساکان هاوشێوەی کڵێسای مێتۆدیست تووشی بابەتی بەڕێوەبردنی دادگا بۆ زانایانی ئاینی هاوڕەگەزخواز بوونەوه که هەندێ ئیدعایان کردبوو ئەم کاره دژی بنەما ئاینییەکانه و فەرمانی دەرکراو بۆ ئەم کەسانه به پێی ناوچەی جوگرافیایی جیاواز بوو. لێرەدا ئیسلام تەنیا بەشێک له کێشەکەیه. چوونکه بینیمان له هەندێ له شوێن و فۆڕمەکاندا جۆرەکانی هاوڕەگەزخوازی قبووڵ کراوه.
له پەیوەندی لەگەڵ کوردستان، حیزبه سیاسییە چەپەکانی کورد به شێوەی نەریتی پشتیوانییەکی گشتی کەمتریان له هاوڕەگەزخواز و تڕەنس و مافەکانی ئەوان کردووه بەڵام ئەم پشتیوانییه کەمه به دەگمەن بووەته داپەڕێکی گشتی.
بێگومان پرسی زۆر زیاتر له بەرنامەی سیاسیی کوردەکاندا بوونی هەیه که دەتوانین ئاماژه بکەین به مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو تاکەکان، هەر لەبەر ئەوه کوردەکان لەم بوارەدا داپەڕێکی ئەوتۆیان ئەنجام نەداوه. چالنجی گەورەتر له کۆمەڵگای کوردی ئەوه نییه که هۆگریی له ناو بلیمەتە سیاسییەکاندا بگۆڕن، له ئێرانیش لەم بارەوه ڕوانگەیەکی هاوشێوەی سیاسەتمەدارانی کۆنسێرڤاتیڤ و ئاینیی ئەمریکایی بوونی هەیه. لێرەدا چالنجی سەرەکی پرسی کلتوور و کۆی حەشیمەته که هێشتا وەک باسێکی سزایی سەیری هاوڕەگەزخوازی و تڕەنسەکان دەکەن و ئەمه تاکه سناریۆی شیاوی قبووڵکردن لە بواری ئەم بابەتەیه.
ئەم بابەته له بواری مافەکانی ژنان له کوردستانی ئێرانیش به شێوەی گشتی تر بەدی دەکرێت. له کۆمەڵگایەکدا که تێیدا تەنیا حاڵەتی قبووڵکردنی دەربڕینی هۆگریی سێکسی له ڕێگەی هاوسەرگیرییه، و بەتایبەت به هۆی ئەو نۆڕمانەی که له کوردستان هەیە ئازادییەکانی ژنان نه تەنیا له بواری ڕەگەزی بەڵکوو له بواری کۆمەڵایەتیشدا زۆر سنوورداره. هەڵبەت ئەم پێویستییانه له بواری دیکەی ڕفتارەکانی وەکوو دەرکەوتنی گۆڵمەزییانەی قەتڵی نامووسی که لەم ماوەی دواییدا له کوردستان و دەرەوەی کوردستان زۆر جێی باس بووه بەدی دەکرێت. له ڕوانگەی ڕەگەزیی و کۆمەڵایەتی، دەبێ فێر بین هەموو شتێک به ڕوانگەیەکی زۆرینەخوازتر ببینین. واته دەبێ مافێکی زێدەتر به هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بدەین. له بواری سێکس و ڕەگەزێتی، هیچ نازناو یان ڕوونکردنەوەیەک به تەنیایی ناتوانێ بۆ هەر هەموو تاکەکان بەکار بهێنرێ و خەڵک دەبێ بتوانن هەموو شتێک به ئەرێنی ببینن و فێر بن ئەو کەسانەی که بوێری تەواویان هەیه که ڕادەپەڕن و خۆی ڕاستەقینەیان پیشان دەدەن به شوورەیی و عەیبه ئازار نەدەن. ئەم پرسه له کۆمەڵگای کوردی پێشینەیەکی زۆر دوور و درێژی هەیه و ئەگەر کورد بیهەوێ ببێته کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن دەبێ بتوانێ به شێوەی گشتی و بەبێ شەرمکردن ئەم پرسه چارەسەر بکا و پشتیوانی له مافەکانی مرۆڤ بکات.
سەبارەت به نووسەر:
کامیل ئەحمەدی، خەڵکناسی کۆمەڵایەتی و توێژەر، براوەی خەڵاتی «نامووس» له زانکۆی یاسای لەندەن له بنیاتی مافەکانی ژنان (IKWR) و براوەی خەڵاتی «ئاشتی» بنیاتی جیهانی ئاشتی بەشی ئەدەبیات و زانسته مرۆییەکان له زانکۆی جۆرج واشینگتۆنه. توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت به گەشەی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی، ئێتنیکەکان و پرسەکانی پەیوەست به ڕەگەزێتی (جێندەر) و منداڵان بووه. وتار و توێژینەوەکانی پێشووی ناوبراو به زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی ئەستەنبۆڵی، فارسی و کوردی له ژێر ئەم ناوانه چاپ کراون:
– ڕوانینێکی دیکه بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (ڕوانینێکی خەڵکناسانە بۆ داب و نەریتی مزۆپۆتامیا)؛Etkim press (Istanbul, Turkey 2009)
– به ناوی نەریت (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به خەتەنەی ژنان له ئێران) که له لایەن Uncut Voices Press-Oxford و وەشانخانەی شیرازه چاپ کراوه؛
– زایەڵەی بێدەنگی (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان له ئێران) بڵاو بۆتەوه له Nova Science Publisher, Inc., New York 2017؛
– ماڵێک له سەر ئاو (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیغە / هاوسەرگیری کاتی له ئێران) که دەقە فارسییەکەی له لایەن وەشانخانەی شیرازه بڵاو بۆتەوه و وەشانخانەی مێهری لە لەندەنیش دەقە ئینگلیزییەکەی چاپ کراوە؛
– ماڵێک بە درگای ئاوەڵاوە (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به هاوسەرگیری سپی له ئێران) بە ئینگلیزی و فارسی کە وەشانخانەی مێهری لە لەندەن چاپ کراوە؛
– توێژینەوەیەکی دیکه به ناوی تاڵانی منداڵی بۆ ئەنجوومەنی پشتیوانی له مافەکانی منداڵان ئەنجام درا که بابەتی زبڵگەڕی منداڵانی له تاران تاوتوێ کردووە و له ساڵی 2020 ڕوونوێنی کرا؛
– دەقی ئینگلیزی و فارسی دەقی شاری قەدەغەکراو (توێژینەوەیەک سەبارەت بە ناهاوسانان له ئێران) که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
– و توێژینەوەیەکی ناوبراو له ژێر ناوی له سنوورەوه هەتا سنوور (توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت به شوناس و ئێتنیکایەتی له ئێران) که 5 ئێتنیکی عەرەب، بەلووچ، کورد، فارس و تورکی تاوتوێ کردووە که هەندێ وتاریشی به زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لێ دەرکێشراوه و چاپ کراوه و لەم ماوەی دواییدا له لایەن وەشانخانەی مێهری له لەندەن چاپ کرا؛
-دوایین توێژینەوەکانی نووسەر سەبارەت بە خەتەنەی پیاوان و جۆرەکانی کاری منداڵان لە ئێران خەریکە چاپ دەکرێت.
توێژینەوەکانی لە ماڵپەڕی خۆیان دەست دەکەوێت:www.kameelahmady.com