سوبێكتیڤیته و هه‌قیقه‌ت
بەشی یەکەم(١-٢)
«سوبێكتیڤیته و هه‌قیقه‌ت[Subjectivité et vérité]» وتارێكه كه فوكۆ له ١٧ـی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٨٠ له كۆلێژ دارتمۆس به زمانی ئینگلیزی پێشكه‌شی ده‌كات. فوکۆ پێشتر هه‌مان وتاری له ٢٠ـی ئۆكتۆبه‌ری ١٩٨٠ له زانكۆی كالیفۆرنیا له بێركلی پێشكه‌ش كردووه كه كه‌مێك جیاوازی هه‌یه له وتاره‌كه‌ی كۆلێژ دارتمۆس. من لێره‌دا هه‌ردوو وتاره‌كه‌م تێهه‌ڵكێش كردووه و جیاوازیی ده‌قی وتاره‌كه‌ی زانكۆی كالیفۆرنیام خستووه‌ته ناو ئه‌م جۆره كه‌وانه‌وه [[…]]. ئه‌ڵبه‌ته ڕێكخه‌ری ئینگلیزیی وتاره‌كان ئه‌م جیاوازییه‌ی خستووه‌ته په‌راوێزه‌وه.
[[زۆر باشه، به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێت سوپاسی ئێوه بكه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان، و نازانم ده‌بێت بڵێم یا نا كه ئه‌م ئاماده‌بوونه یه‌كجار بێ هه‌ژماره، ئه‌وه‌نده بێ هه‌ژمار كه هه‌ندێك كه‌س به‌داخه‌وه له ده‌ره‌وه ماونه‌ته‌وه و به هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌نده بێ هه‌ژمار كه بڕیارم دا، وه‌ك پڕۆفیسۆر درایفۆس ئێستا پێی وتن، دوو وتار ده‌رباره‌ی تێگهگهلێكی تا ڕاده‌یه‌ك ته‌كنیكی و هونه‌ری پێشكه‌ش به ئێوه بكه‌م. دواجار، داوای لێبوردن له كه‌سانێك ده‌كه‌م كه ده‌یانه‌ویست لێره‌دا قسه‌گه‌لێكی گشتی‌تر و ڕاكێشتر هه‌م ده‌رباره‌ی بوونی جیهان هه‌م ده‌رباره‌ی ژیانی تایبه‌تیی خۆیان ببیستن. به هه‌ر حاڵ، سوپاسی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه منیان بانگهێشت كرد، و پێم وایه یه‌كه‌م ده‌بێت سوپاسی دامه‌زراوه بانگهێشتكهرهكان بكه‌م. كه‌واته، سوپاسی كۆمیته‌ی هاوسن لێكچه‌رز[1]، كۆمیته‌ی هونه‌ره‌كان و وتاردانه‌كان، سوپاسی ئه‌نجومه‌نی ده‌رچووه‌كان، به‌شی فه‌لسه‌فه، به‌شی زمانی فه‌ڕه‌نسی و له ڕاستیدا به‌ر له هه‌ر كه‌سێك، سوپاسی هاوڕێیانم درایفۆس و لیۆ بێرسانی[2].
زۆر باشه، با ده‌ست پێ بكه‌ین]].
[فڕانسوا] لۆرێ[3]، ده‌روونپزیشكی فه‌ڕه‌نسی، له كتێبێكدا ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌خلاقیی شێتی كه له ساڵی ١٨٤٠ چاپ كراوه، ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن یه‌كێك له نه‌خۆشه‌كانی چاره‌سه‌ر كردووه- چاره‌سه‌ری كردووه، و به‌و جۆره‌ی كه ئێوه ده‌توانن به دڵنیایییه‌وه گومان بكه‌ن، ده‌رمانی كردووه. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژێك دكتۆر لۆرێ نه‌خۆشه‌كه‌ی به‌ڕێز A ده‌باته ناو گه‌رماوه‌وه؛ و ناچاری ده‌كات كه وڕێنهكهی به وردی و تێروته‌سه‌لی بگێڕێته‌وه.
دكتۆر ده‌ڵێت: «باشه، هه‌موو ئه‌مانه جگه له شێتی هیچ نین. به‌ڵێنم پێ بده كه ئیتر هه‌رگیز باوه‌ڕ به‌مانه نه‌كه‌یت.»
نه‌خۆش ده‌كه‌وێته دوودڵی و گومانه‌وه، پاشان به‌ڵێن ده‌دات.
دكتۆر وه‌ڵام ده‌داته‌وه: «ئه‌وه‌نده به‌س نییه، پێشتریش له‌م جۆره به‌ڵێنانه‌ت داوه، و جێبه‌جێت نه‌كردوون.» و دكتۆر دووشی ئاوه سارده‌كه به‌سه‌ر سه‌ری نه‌خۆشه‌كه‌دا ده‌كاته‌وه.
نه‌خۆش هاوار ده‌كات: «به‌ڵێ، به‌ڵێ، من شێتم.»
دووشه‌كه ده‌گیرێته‌وه، و پرسیار و وه‌ڵام ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
نه‌خۆش دووباره‌ی ده‌كاته‌وه: «به‌ڵێ، دانی پێدا ده‌نێم كه من شێتم.» و درێژه‌ی پێ ده‌دات: «دانی پێدا ده‌نێم، چون تۆ ناچارم ده‌كه‌یت كه دانی پێدا بنێم.»
دووباره دووشه‌كه ده‌كرێته‌وه، و دووباره دانپێدانان. پرسیار و وه‌ڵام سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
نه‌خۆش ده‌ڵێت: «به‌ڵام، دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه كه دهنگگهلێكم بیستووه و دوژمنگهلێكم له ده‌وروبه‌ری خۆم بینیوه.»
دووباره دووشه‌كه ده‌كرێته‌وه.
به‌ڕێز A، نه‌خۆش ده‌ڵێت: «قبووڵی ده‌كه‌م. من شێتم؛ هه‌موو ئه‌مانه شێتی بوون.»[4]
و به‌م شێوه‌یه، نه‌خۆش ده‌رمان ده‌كرێت.
ناچاركردنی كه‌سێك كه تووشی جۆرێك نه‌خۆشیی ده‌روونی بووه به دانپێدانان به شێتییه‌كه‌یدا ڕێوشوێنێكی زۆر كۆنه له پزیشكیی كلاسیكیدا. به شێوه‌یه‌ك كه به‌ر له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، ئه‌م یه‌قینه بوونی هه‌بوو كه له‌نێوان شێتی و دانپێدانان یا ناسینه‌وه‌ی شێتی‌دا، ناسازگاری بوونی هه‌یه. و له كاره پزیشكییه‌كاندا، بۆ نموونه، له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌مدا، نموونه‌گه‌لێكی زۆری ئه‌و شته ده‌دۆزینه‌وه كه ده‌توانین ناوی بنێین ده‌رمانه ههقیقهتمهدارهكان. شێته‌كان له حاڵه‌تێكدا ده‌رمان ده‌كران كه ڕێنمایی ده‌كران بۆ ئه‌مه‌ی كه وه‌همه‌كان و وڕێنهكانیان، به‌بێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ واقیعییه‌تدا، نیشان بده‌ن.
به‌ڵام، وه‌ك ده‌بینن، ئه‌و ته‌كنیكه‌ی كه دكتۆر لۆرێ به‌كاری ده‌هێنێت به ته‌واوه‌تی جیاوازه. ئه‌و هه‌وڵ نادات كه نه‌خۆشه‌كه‌ی ڕازی بكات به‌وه‌ی كه ئایدیاكانی هه‌ڵه یا ناعه‌قڵانین. ئه‌وه‌ی كه له سه‌ری به‌ڕێز Aدا ده‌گوزه‌رێت بابه‌تی سه‌رنجدان و كێشه‌ی پزیشك نییه. خواستی دكتۆر لورێ گه‌یشتنه به یه‌ك كرده‌ی تایبه‌ت: سه‌لماندنی ڕاشكاویی «من شێتم». لێره‌دا به‌ئاسانی گواستنه‌وه‌ی ڕێوشوێنگهلێك بۆ ده‌رمانی ده‌روونپزیشكی ده‌ناسینه‌وه كه تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن له دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كان و ئایینییه‌كاندا به‌كار ده‌هاتن[5]. ڕاگه‌یاندنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود به ده‌نگی به‌رز و هه‌راش- مه‌به‌ستم دانپێدانانه- تا ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن له جیهانی ڕۆژئاوادا، یا به مه‌رجی ڕزگاربوون له گوناهه‌كان داده‌نرا یا به پنتێكی بنچینه‌یی له مه‌حكومییه‌تی گوناهكاردا داده‌نرا. ده‌رمانە سهیرەکەی دكتۆر لورێ ده‌توانرێت وه‌ك یه‌ك بڕگه‌ی شیاوكردن بۆ سزادان[6]ـی قۆناغ به قۆناغی شێتی ده‌رك بكرێت. به‌ڵام، من پێم باشه و ده‌مه‌وێت كه ئه‌م ده‌رمانه سه‌یره وه‌ك یه‌ك پنتی ده‌ستپێكی تێڕامان له‌به‌رچاو بگرم، تێڕامانێكی گشتی‌تر ده‌رباره‌ی كرداری دانپێدانان، و ده‌رباره‌ی ئه‌م پێشگریمانه‌یه كه به گشتی په‌سه‌ندكراوه له كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كاندا: بۆ ڕزگاری پێویستمان به‌وه‌یه كه تا ئاستی ڕه‌خساو به‌وردی بزانین كه كێین، و هه‌روه‌ها تا ئاستی ڕه‌خساو ئه‌مه به ڕاشكاوی به ئه‌وانی تر بڵێین، و ئه‌م خاڵه‌ی كۆتایی به ته‌واوه‌تی جیاوازه[7]. چیرۆكه‌كه‌ی لۆرێ لێره‌دا ته‌نها نموونه‌یه‌كی ئه‌و په‌یوه‌ندییه سه‌یر و ئاڵۆزانه‌یه كه له كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌دا له‌نێوان تاكێتی، گوتار، هه‌قیقه‌ت و ناچاركردندا گه‌شه‌ی كردووه. [[كه‌واته، پرسیار ئه‌مه‌یه: ئه‌م ئه‌ركی گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود چییه كه ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر هه‌موواندا و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر شێته‌كان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ماقووڵ و نۆرماڵ بن؟]]
بۆ ئه‌وه‌ی سهرنجدانهكهم له بابه‌تێكی به ڕواڵه‌ت وه‌ها پسپۆڕانه پاساو بده‌مه‌وه، مۆڵه‌تم بده‌ن بۆ ساتێك هه‌نگاوێك بگه‌ڕێمه‌وه دواوه. به‌گشتی، هه‌موو ئه‌مانه، له دیدی مندا ته‌نها یه‌ك ئامڕازه كه من بۆ پشكنین و توێژینه‌وه‌ی یه‌ك تێگه‌ی زۆر گشتی‌تر به‌كاری ده‌هێنم- واته، تێگه‌ی جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن[8].
له ساڵه‌كانی به‌ر له جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، و ته‌نانه‌ت پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، فه‌لسه‌فه له فه‌ڕه‌نسادا و به گومانم، له ته‌واوی ئه‌وروپای كیشوه‌ری[9]دا، له‌ژێر باڵاده‌ستیی فه‌لسه‌فه‌ی سوژه‌دا بووه. مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه كه فه‌لسه‌فه ئه‌ركی هه‌ره‌باڵای خۆی به‌م جۆره دیاری كردبوو: دامه‌زراندنی هه‌موو مه‌عریفه‌یه‌ك و پره‌نسیپی هه‌موو [[مانا یا]] دهلالهتگهرییهك به‌پێی بناغه‌ی سوژه‌ی دهلالهتگهر. [[ترانسێندێسی «من»[10] باڵاده‌ست بوو]]. ئه‌و گرنگییه‌ی كه درابوو به گرفتی سوژه‌ی دهلالهتگهر، به دڵنیایییه‌وه له كاریگه‌ریی هۆسرڵهوه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو- له فه‌ڕه‌نسادا به گشتی ته‌نها تێڕامانه دیكارتییهكان و قه‌یران[11]یان ده‌ناسی- به‌ڵام چه‌قێتیی سوژه هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست بوو به یه‌ك زه‌مینه‌ی دامه‌زراوه‌ییه‌وه. بۆ زانكۆی فه‌ڕه‌نسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه فه‌لسه‌فه به دیكارت ده‌ستی پێ ده‌كرد، ته‌نها ده‌یتوانی به ڕێگه‌ی دیكارتی پێش بكه‌وێت. به‌ڵام هه‌روه‌ها ده‌بێت دۆخ و كه‌شی سیاسیش له‌به‌رچاو بگرین. به ڕواڵه‌ت له ئه‌ستۆی سوژه‌ی تاكی[12] بوو كه له به‌رامبه‌ر بێمانایی و پووچیی جه‌نگه‌كان، كۆمه‌ڵكوژییه‌كان و سته‌مكاری[13]دا، مانا به هه‌ڵبژاردنه ئۆنتۆلۆجییهكانی خۆی ببه‌خشێت.
له‌گه‌ڵ ئاسووده‌ییی پاش جه‌نگ و مه‌وداگرتن له جه‌نگ، ئه‌م پێداگرتنه له‌سه‌ر سوژه‌ی فه‌لسه‌فی یا ئه‌م گرنگییه دراوه به سوژه‌ی فه‌لسه‌فی، ئیتر ئه‌وه‌نده به به‌ڵگه‌نه‌ویست و ڕوون نه‌ده‌كه‌وته به‌رچاو. ئیتر نه‌ده‌كرا خۆمان لا بده‌ین له دوو پارادۆكسی تیۆرتیكی[14] كه تا ئه‌و ڕۆژه شاراوه مابوونه‌وه. یه‌كه‌مین پارادۆكس ئه‌مه بوو كه فه‌لسه‌فه‌ی ئاگایی شكستی هێنا له‌وه‌دا كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كی مه‌عریفه و به تایبه‌ت مه‌عریفه‌ی زانستی ڕه‌نگڕێژ بكات و دابمه‌زرێنێت، و دووه‌مین پارادۆكس ئه‌مه بوو كه فه‌لسه‌فه‌ی مانا به شێوه‌یه‌كی پارادۆكسئاسا شكستی هێنا له‌وه‌دا كه میكانیزمه‌كانی شكڵگیریی دهلالهتگهری و پێكهاته‌ی سیسته‌می مانا له‌به‌رچاو بگرێت. باش ئاگادارم كه فۆرمێكی تری ئه‌ندێشه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه له فه‌لسه‌فه‌ی سوژه سه‌رتر چووه- و ئه‌م فۆرمه‌ی ئه‌ندێشه، به دڵنیاییه‌وه ماركسیزم بوو. به‌بێ گوتن ئاشكرایه- و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، باشتره بڵێین- كه نه ماتریاڵیزم نه تیۆریی ئایدیۆلۆژیاكان هیچ كامیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون كه تیۆرییه‌كی ئۆبێكتیڤیته یا تیۆرییه‌كی دهلالهتگهری پێك بهێنن. ماركسیزم خۆی وه‌ك یه‌ك گوتاری مرۆڤگهرا داده‌نا كه ده‌توانێت به په‌نابردن بۆ مرۆڤی واقیعی و به په‌نابردن بۆ مرۆڤی به‌رهه‌ست، [[یا به ده‌ربڕینێكی وردتر، په‌نابردن بۆ له-خۆنامۆیی-خستن[15]ـی مرۆڤ]]، شوێنی سوژه‌ی ده‌رهه‌ست[16] بگرێته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌بوو ڕوون بێت كه ماركسیزم لاوازیی بنچینه‌ییی تیۆرتیكی و پڕاكتیكی هه‌یه: گوتاری مرۆڤگهرا واقیعییه‌تی سیاسی ده‌شارده‌وه، واقیعییهتێك كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ماركسیسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه پشتگیریان ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ڕۆشنبینییهكی نه ئه‌وه‌نده دژوار كه ئه‌م مهوداگرتنهی دابین كرد- ئه‌و شته‌ی كه ئێوه‌ی ئه‌مریكایی به گومانم پێی ده‌ڵێن «Monday morning quaterback»[17]– دوو ڕێگه‌ی ڕه‌خساو بوونی هه‌بوو كه به‌ره‌و سه‌روو یا ئه‌ودیوی فه‌لسه‌فه‌ی سوژه ئاڕاسته ده‌كرا: یه‌كه‌م، تیۆریی مه‌عریفه‌ی ئۆبێكتیڤ؛ و دووه‌م، یه‌ك شیكاریی سیسته‌مه‌كانی مانا یا نیشانه‌ناسی. یه‌كه‌م ڕێگه‌ی پۆزه‌تیڤیزمی لۆجیكی[18] بوو؛ و دووه‌م ڕێگه‌ی یه‌ك قوتابخانه‌ی تایبه‌تی زمان‌ناسی، ده‌روونشیكاری و مرۆڤناسی كه به گشتی له‌ژێر ناونیشانی بونیادگه‌رایی[19]دا گرووپبه‌ندی ده‌كرێت.
ئه‌مانه ئه‌و ڕێگایانه نین كه من هه‌ڵمبژاردن. و ڕێگه‌م بده‌ن یه‌ك جار و بۆ هه‌میشه بڵێم كه من یه‌ك بونیادگه‌را[20] نیم، و به غه‌مێكی به‌جێوه دان به‌وه‌دا بنێم كه یه‌ك فه‌یله‌سوفی شیكاریی[21] نیم- هیچ كه‌س كامڵ نییه. من هه‌وڵم داوه ڕێڕه‌وێكی تر بدۆزمه‌وه. من هه‌وڵم داوه، له ڕێگه‌ی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌وه، له ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی پێكهێنانی سوژه‌وه به درێژاییی مێژوویه‌ك كه به‌ره‌و چه‌مكی مۆدێرنی خود[22] ئاڕاسته كراوه، له فه‌لسه‌فه‌ی سوژه بچمه ده‌ره‌وه. ئه‌م كاره هه‌میشه ئه‌رك و هه‌وڵێكی ئاسان نه‌بووه، چون زۆرینه‌ی مێژوونووسه‌كان ئه‌و مێژووه‌ی پڕۆسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به باشتر ده‌زانن [[كه كۆمه‌ڵگه تێیدا ڕۆڵی سوژه ده‌بینێت و زۆرینه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان]] سوژه‌یه‌كی به‌بێ مێژوو به باشتر ده‌زانن. ئه‌م كاره هه‌رگیز ڕێگری لێ نه‌كردم كه هه‌مان ماده به‌كار بهێنم كه هه‌ندێك له مێژوونووسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كاری ده‌هێنن، و هه‌روه‌ها ڕێگری لێ نه‌كردم كه دان بنێم به قه‌رزی تیۆریكی[23]مدا بۆ فهیلهسوفگهلێك كه، بۆ نموونه نیچه، پرسیاری مێژوومه‌ندیی سوژه[24]یان گه‌ڵاڵه كرد.[25]
[[تا ئێره ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گشتی قسه‌م كرد. و ئێستاش چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی میتۆدناسی. مێژووی زانسته‌كان بۆ ئه‌م جۆره توێژینه‌وه‌یه دیدگایه‌كی جیاوكدار پێك ده‌هێنێت. ئه‌م وته‌یه ده‌شێت دژیه‌ك و پارادۆكسیكاڵ بێت. هه‌رچی بێت، جینالۆژیای خود[26] شوێنێك له هه‌رێمی مه‌عریفه‌ی زانستیدا نادۆزێته‌وه، وه‌ك بڵێی كه ئێمه جگه له‌و شته‌ی كه مه‌عریفه‌ی عه‌قڵانی ده‌توانێت ده‌رباره‌ی خودی خۆمان پێمان بڵێت هیچ نین. مێژووی زانسته‌كان بێگومان پانتایییەکی گرنگه بۆ تیۆریی مه‌عریفه[27]، وه‌ك چۆن بۆ شیكاریی سیسته‌مه دهلالهتگهرهكان، له كاتێكدا كه بۆ توێژینه‌وه‌ی جینالۆژیای سوژه پانتایییەکی نه‌زۆكه. لێره‌دا دوو هۆكار هه‌یه بۆ ئه‌م پرسه. ته‌واوی كرداره‌كانی پێناسه‌كردن و گۆڕینی سوژه هاوڕێن له‌گه‌ڵ شكڵگیریی جۆره دیاریكراوه‌كانی مه‌عریفه‌دا، و له ڕۆژئاوادا، به‌پێی چه‌ند هۆكارێكی جۆراوجۆر، مه‌عریفه ده‌یه‌وێت به ده‌وری فۆرمه‌كان و نۆرمه كه‌م تا زۆر زانستییه‌كاندا ڕێك بخرێت. لێره‌دا هۆكارێكی تر هه‌یه كه ڕه‌نگه زۆر بنچینه‌ییتر و زۆر تایبه‌تتر بێت بۆ كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه. مه‌به‌ستم ئه‌م واقیعییه‌ته‌یه كه یه‌كێك له ئه‌ركه ئه‌خلاقییه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر سوژه‌یه‌ك بریتییه له ناسینی خود، دۆزینه‌وه‌ی خود، گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود، و پێكهێنانی خود وه‌ك یه‌ك ئۆبژه‌ی مه‌عریفه چ بۆ ئه‌وانی تر و چ بۆ خود. «ئه‌ركی هه‌قیقه‌ت» بۆ تاكه‌كان و ڕێكخستنی زانستیی مه‌عریفه: ئه‌مانه ئه‌و دوو هۆكاره‌ن كه بۆچی مێژووی مه‌عریفه یه‌ك دیدگای جیاوكدار بۆ جینالۆژیای سوژه پێك ده‌هێنێت.
دواجار، یه‌كه‌م، من هه‌وڵ ناده‌م كه گرنگی به مێژووی زانسته‌كان به گشتی بده‌م، به‌ڵكه ته‌نها گرنگی به مێژوویه‌كی ئه‌و زانستانه ده‌ده‌م كه هه‌وڵیان داوه یه‌ك مه‌عریفه‌ی زانستیی سوژه پێك بهێنن. دووه‌م، هه‌وڵ ناده‌م به‌های ئۆبێكتیڤی ئه‌م زانستانه هه‌ڵبسه‌نگێنم، یا خوازیاری زانینی ئه‌مه نیم كه ئه‌م زانستانه ده‌توانن ببنه به‌هایه‌كی گه‌ردوونی یا نا. ئه‌مه ئه‌ركی یه‌ك مێژوونووسی ئیپستمۆلۆژیكی[28]یه. له‌جیاتیی ئه‌م كاره، من كار له‌سه‌ر یه‌ك مێژووی زانسته‌كان ده‌كه‌م، مێژوویه‌ك كه به جۆرێك له جۆره‌كان مێژوویه‌كی ڕابردوونواڕانه[29]یه كه هه‌وڵ ده‌دات كرداره گوتارییه‌كان، كرداره دامه‌زراوه‌ییه‌كان و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بدۆزێته‌وه، كردارگه‌لێك كه ئه‌م زانستانه له‌وانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه؛ و ئه‌مه یه‌ك مێژووی ئاركیۆلۆژیكی[30]یه[31]. و دواجار، سێیه‌م، ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌وڵ ده‌دات پنت یا ساتێك بدۆزێته‌وه كه تێیدا ئه‌م كردارانه گۆڕاون بۆ ته‌كنیكگه‌لێكی یه‌كپارچه و نرخێنراو له‌گه‌ڵ ئامانجگه‌لێكی پێناسه‌كراودا، ساتێك كه تێیدا یه‌ك گوتاری تایبه‌ت له‌م تهكنیكانهوه به‌رهه‌م هات و وه‌ك گوتارێكی ڕاسته‌قینه ده‌رك كرا، ساتێك كه تێیدا ئه‌م تهكنیكانه گرێ دران به ئه‌ركی گه‌ڕان به‌دوای هه‌قیقه‌ت و گوتنی هه‌قیقه‌ت. به كورتی، ئامانجی پڕۆژه‌كه‌ی من پێكهێنانی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌یه. میتۆد بریتییه له یه‌ك ئاركیۆلۆژیای مه‌عریفه، و پانتاییی وردی شیكاركردن ئه‌و شته‌یه كه ده‌بێت ناوی بنێم ته‌كنه‌لۆژیاكان: مه‌به‌ستم جومگه‌به‌ندی هه‌ندێك له ته‌كنیكه‌كان و هه‌ندێك له جۆره‌كانی گوتاره ده‌رباره‌ی سوژه.
ده‌مه‌وێت قسه‌ی كۆتایی ده‌رباره‌ی ده‌لاله‌تی پڕاكتیكیی ئه‌م فۆرمی شیكارییه زیاد بكه‌م. له دیدی هایدگهردا، هۆكاری ئه‌مه‌ی كه ڕۆژئاوا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بوون[being]ـی له ده‌ستدا، بریتی بوو له وه‌سوه‌سه‌یه‌كی ڕوو له زیاد بۆ ته‌خنه[32]، ته‌خنه وه‌ك تاكه ڕێگه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به مه‌عریفه و تێگه‌یشتن له ئۆبژه‌كان. با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسیاره‌كه‌مان و بپرسین كه كام ته‌كنیك و كام كردار چه‌مكی ڕۆژئاواییی سوژهیان پێك هێنا، و درزی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌قیقه‌ت و هه‌ڵه و درزی ئازادی و ناچاركردن[33]یان به‌م چه‌مكه به‌خشی[34]. به باوه‌ڕی من، هه‌ر له‌م شوێنه‌دایه كه ئێمه ئه‌گه‌ری واقیعیی پێكهێنانی یه‌ك مێژووی ئه‌و كاره‌ی كه ئه‌نجاممان داوه، و له هه‌مان كاتدا، ئه‌گه‌ری ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و شته‌ی كه ئێمه‌ین[35]، ده‌دۆزینه‌وه. ئه‌مه شیكاری تیۆرتیكییه كه له هه‌مان كاتدا ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌یه. مه‌به‌ستم له‌م ده‌سته‌واژه‌یه «ڕه‌هه‌ندی سیاسی» یه‌ك شیكاری ئه‌و شته‌یه كه ده‌خوازین له جیهانه‌كه‌ماندا، واته چ له خودمان و چ له پێگهماندا، په‌سه‌ندی بكه‌ین- په‌سه‌ندی بكه‌ین، یا ڕه‌تی بكه‌ینه‌وه و بیگۆڕین. به كورتی، پرسیاری گه‌ڕان به‌دوای جۆرێكی تری فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا جێی مه‌به‌سته؛ نه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی كه خوازیاری دیاریكردنی هه‌لومه‌رجه‌كان و سنووره‌كانی مه‌عریفه‌ی ڕه‌خساوی ئێمه‌یه ده‌رباره‌ی ئۆبژه، به‌ڵكه یه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی كه به‌دوای ههلوهرجهكان و ئه‌گه‌ره دیارینه‌كراو و ناكۆتاكانی گۆڕانی سوژه‌دا ده‌گه‌ڕێت، واته به‌دوای ئه‌گه‌ره ناكۆتاكانی گۆڕانی خودمان ده‌گه‌ڕێت[36].]]
تا ئێستا ئه‌م پڕۆژه گشتییه‌م به دوو شێواز پێش خستووه. [له لایه‌كه‌وه]، سه‌رنجم له پێكهێنانی تیۆرتیكیی مۆدێرن داوه كه په‌یوه‌سته به سوژه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی. له یه‌كێك له كتێبه‌كانی پێشوومدا، هه‌وڵم داوه تیۆره‌كانی سوژه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بگۆ، زیندوو و كاركه‌ر شیكار بكه‌م[37]. هه‌روه‌ها سه‌رنجم له مه‌عریفه‌ی پڕاكتیكی تر داوه كه له دامه‌زراوه‌گه‌لێكی وه‌ك نه‌خۆشخانه، ئاسایشگای ده‌روونی و زینداندا به‌رهه‌م هاتووه، و له‌م دامه‌زراوانه‌دا هه‌ندێك له سوژه‌كان گۆڕاون بۆ ئۆبژه‌كانی مه‌عریفه و له هه‌مان كاتدا، گۆڕاون بۆ ئۆبژه‌كانی باڵاده‌ستی[38]. و ئێستا، خوازیارم ئه‌و فۆرمانه‌ی مه‌عریفه توێژینه‌وه بكه‌م كه سوژه ده‌رباره‌ی خۆی ده‌یانخوڵقێنێت. ئه‌م فۆرمانه‌ی مه‌عریفه‌ی خود، به باوه‌ڕی من، بۆ شیكاركردنی ئه‌زموونی مۆدێرنی سێكسواڵیته گرنگن.[39]
به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ی كه ده‌ستم كرد به‌م دواهه‌مین جۆری پڕۆژه‌یه پێویست بوو دیدگام له زۆرێك پنتی ئێجگار گرنگدا هه‌موار بكه‌مه‌وه و بگۆڕم. مۆڵه‌تم بده‌ن جۆرێك ڕه‌خنه‌ی خود به‌رهه‌م بهێنم، [[یا به جۆرێك ڕه‌خنه له خۆم بگرم]]. به‌پێی هه‌ندێك له بۆچوونه‌كانی هابرماس[40]، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌توانرێت سێ جۆری بنچینه‌ییی ته‌كنیكه‌كان له كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا جیا بكرێنه‌وه: ته‌كنیكگه‌لێك كه به‌رهه‌مهێنان، گۆڕان و ده‌ستكاریكردنی شته‌كان ده‌ڕه‌خسێنن؛ ته‌كنیكگه‌لێك كه به‌كارهێنانی سیسته‌می نیشانه‌كان ده‌ڕه‌خسێنن؛ ته‌كنیكگه‌لێك كه دیاریكردنی ڕه‌فتاری تاكه‌كان، سه‌پاندنی هه‌ندێك ویست به‌سه‌ر تاكه‌كاندا و ناچاركردنی تاكه‌كان به گوێڕایه‌ڵیكردن له هه‌ندێك ئامانجه‌كان و هه‌ندێك له مه‌به‌سته‌كان ده‌ڕه‌خسێنن. به ده‌ربڕینێكی تر، لێره‌دا سێ جۆر ته‌كنیك بوونیان هه‌یه: ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ته‌كنیكه‌كانی ده‌لاله‌تكردن و ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی.
به دڵنیایییه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت مێژووی زانسته سروشتییه‌كان توێژینه‌وه بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی نه‌ك زه‌رووری، به لایه‌نی كه‌مه‌وه سوودمه‌نده كه ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ته‌كنیكه نیشانه‌ناسییه‌كان[41] له‌به‌رچاو بگرین. به‌ڵام چونكه پڕۆژه‌كه‌ی من سه‌روكاری له‌گه‌ڵ مه‌عریفه‌ی سوژه‌دا هه‌یه، پێم وایه ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی گرنگترین ته‌كنیكن، ئه‌ڵبه‌ته به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هیچ كام له ته‌كنیكه‌كانی تر بسڕینه‌وه. به‌ڵام، به توێژینه‌وه و شیكاركردنی ئه‌زموونی سێكسواڵیته، من زیاتر و زیاتر تێگه‌یشتم كه، به باوه‌ڕی تایبه‌تی من، له ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكاندا، جا ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه هه‌رچی بن، جۆرێكی تری ته‌كنیكه‌كان بوونیان هه‌یه: ته‌كنیكگه‌لێك كه ڕێگه به تاكه‌كان ده‌ده‌ن كه ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی كرداره‌كان، له ڕێگه‌ی ئامڕازه‌كانی خۆیانه‌وه [[و به یارمه‌تیی ئه‌وانی تر]]، به‌سه‌ر جه‌سته، ڕۆح، ئه‌ندێشه و ڕه‌فتاره‌كانیاندا پیاده بكه‌ن، و ئه‌م كاره به چه‌شنێكه كه خۆیان سه‌رله‌به‌ر بگۆڕن و هه‌موار بكه‌نه‌وه، و بگه‌ن به یه‌ك دۆخی تایبه‌تی كامڵبوون، به‌خته‌وه‌ری، پاكێتی، ده‌سه‌ڵاتی مه‌له‌كوتی و هتد. با ئه‌م جۆره تهكنیكانه ناو بنێین «ته‌كنیكه‌كان» یا «ته‌كنه‌لۆژیای خود»[42].
به گومانم ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت جینالۆژیای سوژه له شارستانییه‌تی ڕۆژئاوادا توێژینه‌وه بكه‌ین، نه‌ك ته‌نها ده‌بێت ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی، به‌ڵكه هه‌روه‌ها ده‌بێت ته‌كنیكه‌كانی خود له‌به‌رچاو بگرین. به ده‌ربڕینێكی تر، ده‌بێت كارلێكی نێوان ئه‌م دوو جۆره تهكنیكانه، واته ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی و ته‌كنیكه‌كانی خود، بخه‌ینه به‌ر سه‌نجی قووڵه‌وه. ده‌بێت پنتگه‌لێك له‌به‌رچاو بگرین كه تیایاندا ته‌كنه‌لۆژیاكانی باڵاده‌ستیی تاكه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتردا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر پڕۆسهگهلێك كه له ڕێگه‌یانه‌وه تاك كرده به‌سه‌ر خۆیدا ده‌نوێنێت یا كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر خودی خۆی. به پێچه‌وانه‌شەوه، ده‌بێت پنتگه‌لێك له‌به‌رچاو بگرین كه تیایاندا ته‌كنیكه‌كانی خود له پێكهاته‌كانی ناچاركردن یا باڵاده‌ستیدا ئاوێته ده‌بن و جومگه‌به‌ندی ده‌كرێن به یه‌كتر. پنتی به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی كه تێیدا ئه‌وانی تر ڕێنماییی تاكه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ناسن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێگه‌یه‌دا كه تێیدا تاكه‌كان ڕێنماییی خۆیان ده‌كه‌ن و ده‌ناسن، ئه‌و پنته‌یه كه به گومانم، ده‌توانین ناوی بنێین «حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن[43]». به‌ڕێوه‌بردن یا حوكمڕانیكردنی خه‌ڵكی[44]، له مانای به‌ربڵاوی ئه‌م وشه‌یه‌دا[45]، [[به‌و جۆره‌ی كه له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا بۆ نموونه ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی منداڵ، به‌ڕێوه‌بردنی خێزان یا به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانیكردنی ڕۆحه‌كان قسه ده‌كرا]]، ڕێگه‌ی ناچاركردنی خه‌ڵكی نییه به شتێك كه حاكم[46] ده‌یه‌وێت؛ له‌نێوان ئه‌و ته‌كنیكانه‌دا كه ناچاركردن ده‌سه‌پێنن و ئه‌و پڕۆسانه‌دا كه تاك له ڕێگه‌یانه‌وه خودی خۆی پێك ده‌هێنێت یا خۆی هه‌موار ده‌كاته‌وه، هه‌میشه یه‌ك هاوسه‌نگیی ناجێگیر له‌گه‌ڵ تهواوكردنهكان[47] و كێشمه‌كێشه‌كاندا هه‌یه.
كاتێك كه ئاسایشگای ده‌روونی، زیندان، نه‌خۆشخانه‌كانم توێژینه‌وه ده‌كرد، به گومانم زیاد له ڕاده پێداگیریم له‌سه‌ر ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی كرد. ئه‌و شته‌ی كه ده‌توانین ناوی بنێین «چاودێری/دیسپلین[48]»، شتێكی به ڕاستی گرنگه له‌م جۆره دامه‌زراوانه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها لایه‌نێكی هونه‌ری حوكمڕانیكردن/به‌ڕێوه‌بردن[49]ـی خه‌ڵكییه له كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌دا. نابێت پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك توندوتیژیی په‌تی یا وه‌ك ناچاركردنی سه‌ختگیرانه ده‌رك بكه‌ین. ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه تێكته‌نراو و ئاڵۆزه‌كانه: ئه‌م په‌یوه‌ندییانه یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ته‌كنیكه عه‌قڵانییه‌كان له‌خۆ ده‌گرن، و كارایی ئه‌م تهكنیكانه له ئاوێته‌بوونی ناسكی ته‌كنه‌لۆژیاكانی ناچاركردن و ته‌كنیكه‌كانی خوده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به باوه‌ڕی من، ئێمه ده‌بێت له نه‌خشه‌ی كه‌م تا زۆر فرۆیدیی[50]– كه ئێوه ده‌یناسن- ڕزگار ببین، نه‌خشه‌ی ناوهكیكردنی یاسا له ڕێگه‌ی خوده‌وه. خۆشبه‌ختانه له دیدگای تیۆرتیكییهوه، و ڕه‌نگه به‌دبه‌ختانه له دیدگای پڕاكتیكییه‌وه، شته‌كان ئێجگار ئاڵۆزترن له‌م نه‌خشه‌یه. به كورتی، پاش ئه‌وه‌ی كه به ده‌ستپێكردن به ته‌كنیكه‌كانی باڵاده‌ستی هه‌رێمی «حكوومه‌ت»م توێژینه‌وه كرد، ده‌مه‌وێت له ساڵانی دواتردا «حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن»- به تایبه‌ت له هه‌رێمی سێكسواڵیته‌دا- به ده‌ستپێكردن له ته‌كنیكه‌كانی خود، توێژینه‌وه بكه‌م.
له‌نێوان ئه‌م ته‌كنیكه‌كانی خود له هه‌رێمی خود-ته‌كنه‌لۆژیا[51]دا، به گومانم ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ به‌ستراون به دۆزینه‌وه و شكڵگیریی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گرنگن؛ چون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی[52] خود و [[خه‌ڵكی]]له كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌دا، نه‌ك ته‌نها هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی بكات، به‌ڵكه هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت و لای هه‌مووان بڵاوی بكاته‌وه[53]. دانپێدانان و هه‌ڵكۆڵینی ویژدان له‌نێوان ئه‌م ته‌كنیكانه‌دا گرنگترینی ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ن. بێگومان مێژوویه‌كی ئێجگار درێژخایه‌ن و ئێجگار ئاڵؤز بوونی هه‌یه، مێژوویه‌ك له پره‌نسیپی دێلفییgnôthi seauton[«خۆت بناسه»]وه تا چاره‌سه‌ركردنی ڕێگه‌پێدراوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی دكتۆر لۆرێ كه له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌م پێ كرد. ڕێڕه‌وێكی ئێجگار دوورودرێژ له یه‌كێكه‌وه بۆ ئه‌وی تر بوونی هه‌یه، و بێگومان ده‌مه‌وێت ئه‌مشه‌و ته‌نها یه‌ك ڕوانگه‌ی گشتیی ئه‌م ڕێڕه‌وه پێشكه‌ش بكه‌م. من ته‌نها ده‌مه‌وێت پێداگیری له‌سه‌ر یه‌ك گۆڕانی ئه‌م كردارانه بكه‌م، گۆڕانێك كه له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می مه‌سیحییه‌تدا، له قۆناغی مه‌سیحییه‌تدا، ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌ركی ناسینی خود فێركاریی كۆنی دێلفی، واته «خۆت بناسه»، ده‌گۆڕێت بۆ ڕێسای ڕههبانیی «دان بنێ به هه‌ریه‌كه له ئه‌ندێشه‌كانت بۆ مامۆستا یا ڕێنماییكاره مهعنهوییهكهت [omnes cogitations]». به باوه‌ڕی من، ئه‌م گۆڕانه‌ی پره‌نسیپی دێلفی بۆ ڕێسای ڕه‌هبانی، گرنگییه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه؛ و [[ده‌مه‌وێت ئه‌م گۆڕان و وه‌رچه‌رخانه، له ڕێگه‌ی ئه‌م دوو ڕێوشوێنه زۆر گرنگه‌وه، واته خود-هه‌ڵكۆڵین یا هه‌ڵكۆڵینی ویژدان و دانپێدانان، نیشان بده‌م، گۆڕانی ڕێسای دێرینی دێلفیی «خۆت بناسه» بۆ ڕێسا و فێركاریی ڕههبانیی «ئه‌ندێشه‌كانت به من بڵێ». چون ئه‌م فێركاری و ڕێسا تازه له‌دایكبوو و گه‌شه‌كردووه له سه‌ره‌تادا له دامه‌زراوه ڕه‌هبانییه‌كاندا ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه له پێكهێنانی سوبێكتیڤیته‌ی مۆدێرن]]؛ و به گومانم ئه‌م گۆڕانه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له جینالۆژیای سوبێكتیڤیته‌ی مۆدێرندا[54]. له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانه‌دا ئه‌و شته ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌توانین ناوی بنێین هێرمنۆتیكی خود[55]. ئه‌مشه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌م نه‌خشه‌ی گشتیی ئه‌و ڕێگه‌یه پێشكه‌ش بكه‌م كه تێیدا خود-هه‌ڵكۆڵین یا تاقیكردنه‌وه‌ی خود و دانپێدانان له فه‌لسه‌فه‌ی بتپه‌رستیدا، واته له فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی و ڕۆمیدا، ده‌رك ده‌كرا، و هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌وڵ ده‌ده‌م نیشانی بده‌م كه ئه‌م ده‌ركه له مه‌سیحییه‌تی سه‌ده یه‌كه‌مینه‌كاندا گۆڕا بۆ چ شتێك. [[له ڕاستیدا ناونیشانی ئه‌م وتاره ده‌توانێت و ده‌بێت «ئاخێزگه‌ی هێرمنۆتیكی خود» بێت]].
کۆتاییی بەشی یەکەم
[1]. Howison Lectures
[2]. Leo Bersani
[3]. Francois Leuret (1797-1851)
[4]. F. Leuret, Du traitement moral de la folie, paris, J. B. Baillière, 1980, p. 191-204.
فوکۆ گرنگییه‌كی زۆر ده‌دات به كرداری ده‌رمانیی فڕانسوا لۆرێ: ئه‌م كرداره كه له Maladie mentale et psychologie (paris, P. U. F., 1962, p. 85-86)دا خرایه ڕوو، دووباره له ژماره‌یه‌ك ده‌قه‌كانی تردا ده‌گوازرێته‌وه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
M. Foucault, »L’eau et ma folie«, dans DE I, n 16, p. 298-299 et »sexualité et solitude«, dans DE II, n 295, p. 987-988.
هه‌روه‌ها فوکۆ له وانه‌وتاری ١٩٧٣-١٩٧٤ له كۆلێژ دو فڕانس، به تایبه‌ت له وانه‌ی ١٩ـی دیسامبه‌ری ١٩٧٣، چه‌ند تێڕامانێكی ته‌رخان كرد بۆ لۆرێ و میتۆده‌كانی. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
M. Foucault, Le pouvoir psychiatrique. Cours au Collège de France, 1973-1974, éd. J. Lagrange, paris, Seuil-Gallimard, 2003, p. 144-163.
له وانه‌ی ده‌ستپێكی وانه‌وتاری زانكۆی لۆوڤه‌ین، فوکۆ دووباره ئه‌م مه‌شهه‌ده ده‌گوازێته‌وه كه لۆرێ وه‌سفی ده‌كات، و هه‌مان ئه‌و ڕۆڵه‌ی پێ ده‌دات كه له‌م وتاره‌دا باسی ده‌كات، واته ڕۆڵی پێشه‌كییه‌ك بۆ یه‌ك جینالۆژیا (یا یه‌ك «ڕه‌گه‌زناسی [ethnology]»)ـی ته‌كنیكه‌كانی دانپێدانان له كولتوری ڕۆژئاوادا: «له پشت ئه‌و دانپێدانانه‌وه كه لۆرێ داوای ده‌كرد، ئه‌م مێژووه درێژخایه‌نه‌ی دانپێدانان و ئه‌و باوه‌ڕه دێرینانه له ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌رییه‌كانی “گوتنی هه‌قیقه‌ت” به شێوه‌یه‌كی گشتی و “گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود” به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بوونی هه‌یه. […] ڕه‌نگه جێی خۆی بێت كه یه‌ك ڕه‌گه‌زناسیی كامڵی گوتنی هه‌قیقه‌ت ئه‌نجام بده‌ین.» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 1-3.
[5]. بۆ شیكارییه‌كی ئه‌و شته‌ی كه فوکۆ وه‌ك گوازرانه‌وه‌ی ته‌كنیكه مه‌سیحییه‌كانی دانپێدانان بۆ مۆدێله ڕێساداره زانستییه‌كان، و به تایبه‌ت بۆ كرداره پزیشكی و دهروونپزیشكییهكان و ده‌روونناسی باسی ده‌كات، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كتێبیمێژووی سێكسواڵیته، به‌رگی یه‌كه‌م، ویستی مه‌عریفه‌ت، به تایبه‌ت نیوه‌ی دووه‌می به‌شی سێیه‌م. له لایه‌كی تره‌وه، له دواهه‌مین وانه‌ی وانه‌وتاری زانكۆی لۆوڤه‌ین، فوکۆ گه‌شه‌ی دانپێدانان له دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كاندا له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه تا سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ شیكار ده‌كات، و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆڵه ده‌خاته ڕوو كه كرداره پزیشكی و دهروونپزیشكییهكان له‌م دامه‌زراوانه‌دا بینیویانه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 199-228.
[6]. culpabilisation
[7]. ئه‌م «پێشگریمانه»یه هه‌م پنتی ده‌ستپێك هه‌م پاساودانه‌وه‌ی تیۆریكی و هه‌م ئامانجی ڕه‌خنه‌یی ئه‌و شیكارییانهیه كه فوکۆ له‌م وتارانه‌دا په‌ره‌یان پێ ده‌دات. له لایه‌كی تره‌وه، ده‌توانین ئه‌م وته‌یه پێشتر له ویستی مه‌عریفه‌تدا بدۆزینه‌وه: «دانپێدانان گۆڕا بۆ یه‌كێك له به‌هادارترین ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هه‌قیقه‌ت له ڕۆژئاوادا، و له‌وه به‌دواوه ئێمه گۆڕاین بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی له بنچینه‌دا دانپێدانه‌ر»؛ و مرۆڤی ڕۆژئاوایی «گۆڕا بۆ ئاژه‌ڵێكی دانپێدانه‌ر». به وته‌ی فوکۆ، زه‌رووره‌تی «مێژووی سیاسیی هه‌قیقه‌ت» هه‌ر له‌م شوێنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. له ڕاستیدا، هه‌میشه له ڕێڕه‌وی مێژووی سیاسیی هه‌قیقه‌تدایه كه فوکۆ وانه‌وتاره‌كانی ١٩٧٩-١٩٨٠ و ١٩٨٠-١٩٨١ و هه‌روه‌ها سیمیناری ساڵی ١٩٨١ له لۆوڤه‌ین جێ ده‌كاته‌وه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
GV, p. 49, 73-74, 99, 111-112, 305-307; SV, »Lecon du 7 janvier 1981«; MFDV, p. 7-10, 89.
[8]. پڕۆژه‌ی جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن له چه‌ندین شوێندا له ده‌قه‌كانی فوکۆدا ده‌بینرێت. بۆ نموونه، له گفتوگۆیه‌كدا له ١٩٧٦، فوکۆ به ڕۆشنی ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ده‌بێت «له سوژه ڕزگار ببین، واته ده‌بێت ده‌ست بۆ شیكارییه‌ك ببه‌ین كه بتوانێت پێكهێنانی سوژه له تانوپۆی مێژوویی‌دا شرۆڤه بكات»، و ئه‌مه «هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه من به جینالۆژیا ناوی ده‌نێم». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: گفتوگۆی فۆنتانا و پاسكوینۆ له‌گه‌ڵ فوکۆ له DE II, n 192, p. 147. له وانه‌ی شوباتی ١٩٧٨ له وانه‌وتاری ئاسایش، قه‌ڵه‌مڕه‌و، جه‌ماوه‌ردا، فوکۆ شیكارییه‌كه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی شوانكاره‌یی مه‌سیحی پنتبهندی ده‌كات و له ڕوانگه‌یه‌كی به گشتی نزیك له ڕوانگه‌ی ١٩٨٠ ئه‌و خاڵه به‌بیر ده‌هێنێته‌وه كه ڕێكخستنی مێژوویی شوانكاره‌یی مه‌سیحی ده‌لاله‌تیشه له نه‌خشه‌كێشانی مێژووی سوژه‌ی ڕۆژئاوایی. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: STP, p. 187. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له وانه‌وتاری ١٩٧٩-١٩٨٠، چوارچێوه‌ی گشتیی شیكارییه ڕاشكاوه‌كه‌ی فوکۆ نه‌ك چوارچێوه‌ی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م تێگه‌یه به هێماوه له هه‌موو كاره‌كاندا ئاماده بێت)، به‌ڵكه چوارچێوه‌ی «به‌ڕێوه‌بردن یا حوكمڕانیكردن به‌سه‌ر مرۆڤه‌كانه له ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی هه‌قیقه‌ت له فۆرمی سوبێكتیڤیته‌دا». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 79, 140, 220-221 كه فوکۆ تێگه‌ی مێژووی سوبێكتیڤیته‌ی ڕۆژئاوایی ده‌خاته ڕوو. له ١٩٨١ به‌دواوه، پڕۆژه‌ی یه‌ك جینالۆژیای سوژه‌ی مۆدێرن له چێوه‌ی مێژوویه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سوبێكتیڤیته و هه‌قیقه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، یا به‌و جۆره‌ی كه فوکۆ له لۆوڤه‌ین ده‌ڵێت، «میژوویه‌كی سیاسیی هه‌قیقه‌ت گوتنه‌كان» و ئامانجی ئه‌م مێژووه توێژینه‌وه‌ی ئه‌مه‌یه كه «سوژه‌كان چۆن له ڕاستیدا له فۆرمه‌كانی هه‌قیقه‌ت گوتن و له ڕێگه‌ی ئه‌م فۆرمانه‌وه كۆت و ده‌رگیر ده‌بن، فۆرمگهلێك كه سوژه‌كان پابه‌ندن پێیانه‌وه». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
MFDV, p. 9; SV, »Lecon du 7 janvier 1981«; HS, p. 3-4, 173 ; GSA, p. 42; CV, p. 5.
له به‌رامبه‌ردا، فوکۆ دوو به‌رگی كۆتایی مێژووی سێكسواڵیته (و هه‌روه‌ها دانپێدانانه‌كانی جه‌سته) له پڕۆژه‌ی یه‌ك «جینالۆژیای مرۆڤی ئارهزووكار له سه‌رده‌می كۆنه‌وه تا یه‌كه‌مین سه‌ده‌كانی مه‌سیحییه‌ت»جێ ده‌كاته‌وه- پڕۆژه‌یه‌ك كه تێزه گشتییه‌كه‌ی له ڕاستیدا پێشتر له وانه‌وتاری ١٩٨٠-١٩٨١ له كۆلێژ دو فڕانس هاتووه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: UP, p. 18.
[9]. Continental Europe
[10]. Transcendence of “ego”
[11]. ئه‌و ده‌قه‌ی كه فوکۆ لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات وتاری «قه‌یرانی مرۆڤایه‌تیی ئه‌وروپایی و فه‌لسه‌فه»یه كه هۆسرڵ له 1935 له ڤیه‌نا پێشكه‌شی كرد.
[12]. Individual subject
[13]. despotism
[14]. theoretical paradox
وشه‌ی تیۆرتیكی theoretical كه فوکۆ زۆر جار به‌كاری ده‌هێنێت، له ڕاستیدا وشه‌یه‌كی فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسیی پییه‌ر ئادۆیه له كتێبی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن چییه؟. ئادۆ له‌م كتێبه‌دا، له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فڵاتون، ئه‌رستۆ و هه‌روه‌ها له قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فیی ڕه‌واقی، ئه‌پیكۆری و به گشتی له قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می هیلینیستی و ئیمپراتۆریدا، توێژینه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی پڕاكتیكی و كرده‌یی ده‌كات، و فۆرمی ژیانی تیۆرتیكی [théorétique] جیا ناكاته‌وه له فۆرمی ژیانی پڕاكتیكی. به باوه‌ڕی ئادۆ، له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فڵاتوندا، مه‌عریفه ته‌نها تیۆرتیكی نییه، به‌ڵكه گۆڕانی بوونه. مه‌عریفه پارسایی و خۆپارێزییه؛ حیكمه‌تی ئه‌فڵاتونی چه‌شنی حیكمه‌تی سوكراتی، به‌ر له هه‌ر شتێك حیكمه‌تی ئه‌خلاقییه. ئه‌رستۆ به‌خته‌وه‌ریی فه‌لسه‌فی له theoriaدا ده‌بینێته‌وه، واته جۆرێك ژیان كه ته‌رخان كرابێت بۆ هه‌وڵدانی ڕۆحی و مه‌نه‌وی. له ڕاستیدا، له دیدی ئه‌رستۆدا، به‌خته‌وه‌ریی فه‌لسه‌فی «ژیانی هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌روون/ڕۆح»ـه و به‌رزرترین خۆپارێزییه. چالاكیی تیۆریا [theoria] (هه‌وڵدانی زه‌یینی و تیۆرتیكی) پله‌ی جیاوازی هه‌یه. له دیدی ئه‌رستۆدا، فه‌لسه‌فه جۆرێكه له شێوازی ژیانی تیۆرتیكی. ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه (بۆ پییه‌ر ئادۆ و فوکۆ) كه نابێت تیۆرتیكی [théoretique] له‌گه‌ڵ تیۆریك [théorique] به یه‌ك شت دابنرێت. تیۆریك وشه‌یه‌كه كه ڕیشه‌یه‌كی یۆنانی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌رستۆ به‌كاری ناهێنێت، و ماناكه‌ی له زه‌مینه‌یه‌كی به‌ده‌ر له فه‌لسه‌فه‌دا بریتی بوو له: «ئه‌و شته‌ی كه په‌یوه‌ست بوو به به‌دوایه‌كداهاتنی ڕووداوه‌كان». له‌مڕۆدا وه‌ك ئاشكرایه تیۆریك ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر پڕاكتیك. ئه‌رستۆ گوتاری فه‌لسه‌فیی تیۆریكی په‌تی به‌رامبه‌ر به ژیانی فه‌لسه‌فیی پڕاكتیكی و واقیعی داده‌نێت. به ڕوانگه‌ی ئه‌رستۆ، شتێك بوونی نییه كه زیاتر له تیۆرتیك دوور بێت له تیۆریك. بۆ ئه‌رستۆ، هه‌روه‌ك ئه‌فڵاتون، فه‌لسه‌فه یه‌ك شێوازی ژیانه. ئه‌رستۆ ده‌ڵێت: «چالاكیی مه‌عنه‌وی [theoria]، یا موكاشهفه، كه ئێمه به‌خته‌وه‌ر ده‌كات، كه‌ڵه‌كه‌كردنی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، یا پێكه‌وه‌نانی ناسینه فێركراوهكان نییه، و به‌م شێوه‌یه بڕگه بڕگه بینا ناكرێت.» به‌م شێوه‌یه، ده‌بینین كه فوکۆ، چه‌شنی ئادۆ، تیۆریك جیا ده‌كاته‌وه له تیۆرتیكی. خودی ئادۆ له كتێبی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن چییه؟دا ده‌ڵێت: «پێم وایه كه وتاره‌كه‌ی من به ناونیشانی “ڕاهێنانه ده‌روونییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی كۆن” كاریگه‌ری خستووه‌ته سه‌ر تیۆره‌ی فوکۆ ده‌رباره‌ی “په‌روه‌رده‌كردنی خود”.» وه‌ك ده‌زانین فوکۆ له‌م وتاره‌دا، به‌وردی وه‌ك ئادۆ، قسه له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی پڕاكتیكیی قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می یۆنان ده‌كات و ده‌ڵێت: «باش ده‌زانین كه ئامانجی سه‌ره‌كیی قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان ئه‌مه نه‌بوو كه تیۆرییه‌ك پێك بهێنن، ڕێك بخه‌ن و فێر بكه‌ن. ئامانجی قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان گۆڕانی تاك بوو. ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان ئه‌مه بوو كه ئه‌م تواناییه به تاك بدات كه جیاوازتر، باشتر و به‌خته‌وه‌رانه‌تر له ئه‌وانیتر ژیان بكات.» سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، ئادۆ له كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه به هاوڕایی و جیاوازیی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ فوکۆدا. ئه‌و ده‌ڵێت: «فوکۆ ده‌یویست ده‌ستپێكی “تیۆریكبوون”ـی فه‌لسه‌فه له دیكارته‌وه بزانێت نه‌ك له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه. وه‌ك چۆن له شوێنێكی تردا وتوومه، ئه‌گه‌رچی من له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاوڕام كاتێك كه ده‌ڵێت: “به‌ر له دیكارت هیچ كه‌سێك نه‌یده‌توانی بگات به هه‌قیقه‌ت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه خۆی یه‌كه‌م ده‌ست به كارێك بكات كه له به‌رده‌م ناسینی هه‌قیقه‌تدا جێ بگرێت.”… به‌ڵام كاتێك كه سه‌ربار ده‌كات: له كاتی ده‌ربڕینی باوه‌ڕی دیكارت به‌وه‌ی كه پێی وایه: “بۆ ده‌ستگه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت كافییه كه هه‌ر كه‌سێك بم، ته‌نها بتوانم ئه‌و شته ببینم كه به‌ڵگه‌نه‌ویست و ڕوونه… به‌ڵگه‌نه‌ویستی ده‌خرێته شوێنی ڕیازه‌ت.” له‌گه‌ڵ فوکۆدا هاوڕا نیم.» (و. كوردی) بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كتێبه‌كه‌ی پییه‌ر ئادۆ: فلسفه باستانی چیست؟ پییر أدو، ترجمهی دكتر عباس باقری، نشر علم، چاپ دوم ١٣٩٨.
[15]. désaliénation
[16]. abstract subject
[17]. «قه‌زاوه‌ت و ڕه‌خنه‌ی ڕۆژ پاش ڕووداوه‌كان».
[18]. Logical positivism
[19]. structuralism
[20]. structuralist
[21]. analytic
[22]. modern concept of self
[23]. theoretical debt
[24]. historicity of subject
[25]. فوکۆ له وتاری زانكۆی مه‌كگیل مۆنتریاڵ له ١٩٧١ ڕوونی ده‌كاته‌وه كه نیچه ده‌یویست «مه‌عریفه له ڕێگه‌ی زۆرترین سنووری جیاكردنه‌وه‌ی سوژه و ئۆبژه‌وه شرۆڤه بكات»؛ و به‌م پێیه، نكۆڵی له‌مه ده‌كرد كه«په‌یوه‌ندیی سوژه-ئۆبژه پێكهێنه‌ری مه‌عریفه بێت»؛ «یه‌كه‌مین ته‌وه‌هومی زۆروزه‌به‌ندی مه‌عریفه بوونی یه‌ك سوژه و یه‌ك ئۆبژه‌یه»، كه به پێچه‌وانه‌وه، له ڕووی مێژوویییه‌وه پێكهێنراون. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «وانه ده‌رباره‌ی نیچه» له LVS, p. 203-204. هه‌روه‌ها له یه‌كه‌مین وتاری زانكۆی ئۆسقۆفیی كاسۆلیكی ڕیۆدی ژانیرۆدا له ٢١ـی مایسی ١٩٧٣، فوکۆ ده‌ڵێت كه ئامانجی نیشاندانی ئه‌مه‌یه كه«سوژه مێژوویه‌كی هه‌یه و په‌یوه‌ندیی سوژه له‌گه‌ڵ ئۆبژه‌دا، یا به ده‌ربڕینێكی ڕوونتر، خودی هه‌قیقه‌ت مێژوویه‌كی هه‌یه»؛ كه‌واته، ده‌بێت «ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕادیكاڵ و ڕیشه‌ییی سوژه‌ی مرۆیی به مێژوو» ده‌ست پێ بكه‌ین، چون سوژه«له‌ناو مێژوودا پێك ده‌هێنرێت»، و «مێژوو په‌یتا په‌یتا سوژه بینا و دووباره بینا ده‌كاته‌وه». فوکۆ ده‌ڵێت «ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا ده‌یڵێم ته‌نها له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی نیچه‌دا مانای هه‌یه»، بهرههمگهلێك كه تیایاندا «به ڕاستی یه‌ك جۆری گوتار ده‌دۆزینه‌وه كه شیكاریی مێژوویی بۆ شكڵگیریی خودی سوژه ده‌كات». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «هه‌قیقه‌ت و فۆرمه یاساییه‌كان» له DE I, n 139, p. 1407-1408, 1410. ده ساڵ دواتر، فوکۆ له گفتوگۆیه‌كدا له ١٩٨٣، به بیرهێنانه‌وه‌ی دووباره‌ی گرنگیی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ كار و به‌رهه‌مه‌كانی، ده‌یسه‌لمێنێت كه خوێندنه‌وه‌ی نیچه بۆ ئه‌و «دابڕان»ێكی واقیعی بووه، چون له ئه‌ندێشه‌ی نیچه‌دا ئه‌م گریمانه‌یه‌ی دۆزییه‌وه كه«دروست به‌و جۆره‌ی كه مێژووی عه‌قڵ بوونی هه‌یه، مێژووی سوژه‌ش بوونی هه‌یه، و نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین كه مێژووی عه‌قڵ له كرده‌ی بونیاتنه‌رانه و یه‌كه‌مینی سوژه‌ی عهقڵگهرادا نمایش بكرێت». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «بونیادگه‌رایی و پاش-بونیادگه‌رایی»، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژ. ڕوله. له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییانه‌ی وتاری «سێكسواڵیته و ته‌نیایی»دا، كه فریدریك گرۆس له Situation du cours de L’herméneutique du sujet به وردبینی ڕوونووسی بۆ كردبوو، فوکۆ هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی كه لێره‌دا له زاری نیچه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، ئاكامگیری ده‌كات كه:«كه‌واته گرفتی من ئه‌مه بوو كه له ناڕوونییه‌كانی یه‌ك مرۆڤگه‌رایی، مرۆڤگهراییهكی زۆر ڕووكه‌ش له تیۆره‌دا و زۆر ترسناك له واقیعییه‌تدا، ڕزگار ببین؛ و هه‌روه‌ها گرفتی من ئه‌مه بوو كه گه‌ڕان به‌دوای فۆرمه‌كانی ناونشینی [immanence] سوژه بخه‌ینه شوێن پره‌نسیپی ترانسێندێنسی من [ego].» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
F. Gros, »Situation du cours«, dans HG, p. 507.
[26]. Genealogy of the self
[27]. Theory of knowledge
[28]. epistemological historian
[29]. une histoire régressive
[30]. archaeological history
[31]. Cf. M. Foucault, »Entrtien avec Michel Foucault«, entretien avec J. G. Merquior et S. P. Rouanet, dans DE I, n 85, p. 1025-1026.
«له [كتێبی] وشه‌كان و شته‌كاندا تێگه‌یشتم كه سه‌ربه‌خۆ له میژووی كلاسیكیی زانسته‌كان، میتۆدێكی تر ڕه‌خساوه كه بریتییه له شێواز و ڕێگه‌یه‌ك كه كه‌متر ناوه‌ڕۆكی زانست و زۆرتر بوونی زانست له‌به‌رچاو ده‌گرێت؛ ڕێگه‌یه‌كی پشكنینی دراوه‌كان كه نیشانی دام له كولتورێكی وه‌ك كولتوری ڕۆژئاوادا، كرداری زانستی ده‌ركه‌وتنێكی میژوویی هه‌یه، بوون و گه‌شه‌ی مێژوویی هه‌یه و ژماره‌یه‌ك له هێڵه‌كانی گۆڕان-ـی تا سنوورێك- سه‌ربه‌خۆ له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌زموون كردووه. ده‌بێت به كه‌نارخستنی گرفتی ناوهڕۆك و ڕێكخستنی فۆرماڵیی زانست، بگه‌ڕێین به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌دا كه زانست، به‌رمه‌بنای ئه‌م هۆكارانه، بوونی په‌یدا كرد یا، به‌رمه‌بنای ئه‌م هۆكارانه، زانستێكی ده‌ستنیشانكراو له ساتێكی دیاریكراودا قۆناغ به قۆناغ ده‌ركه‌وت و ژماره‌یه‌ك له كاركرده‌كانی له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا له ئه‌ستۆ گرت.»
[32]. techne
[33]. constraint
[34]. هه‌روه‌ها ته‌ماشای ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ده‌ستنووسه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی وتاری «سێكسواڵیته و ته‌نیایی» بكه‌ن كه فریدریك گرۆس له«Situation du cours»گواستوویه‌تییه‌وه: HS, p. 505.
[35]. مه‌به‌ستی فوکۆ ئه‌وه‌یه كه بڵێت ئه‌گه‌ری ده‌ستنیشانكردنی ئه‌مه‌ی كه ئێمه چین یا كێین.
[36]. له وانه‌ی ١٧ـی ژانویه‌ی ١٩٧٩ له وانه‌وتاری له‌دایكبوونی بیۆ-سیاسه‌تدا، فوکۆ شیكارییه‌كانی له‌ژێر ناونیشانی «ڕه‌خنه‌یه‌كی سیاسی له مه‌عریفه‌ت» جێ ده‌كاته‌وه، و ده‌ڵێت كه «بۆ ئه‌وه‌ی كه شیكاركردن سوودێكی سیاسی هه‌بێت ده‌بێت ده‌رباره‌ی ڕسكانی هه‌قیقه‌ته‌كان یا ڕاپۆرتی هه‌ڵه‌كان نه‌بێت. […] پێم وایه كه ئه‌وه‌ی كه له ئێستادا گرنگیی سیاسی هه‌یه به ڕاستی دیاریكردنی ئه‌وه‌یه كه كامه سیسته‌می هه‌قیقه‌ت گوتن یا ههقیقهتبێژیی له ساتێكی دیاریكراودا بونیات نراوه […]. ئه‌مه به وردیی هه‌مان ئه‌و پنته‌یه كه تێیدا شیكاری مێژوویی ده‌توانێت سوودێكی سیاسی هه‌بێت.» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
M. Foucault, Naissance de la biopolitique. Cours au Collége de France, 1978-1979, éd. M. Senellart, paris, Seuil-Gallimard, 2004, p. 37-38.
فوکۆ له وانه‌ی ده‌ستپێكی وانه‌وتاری لۆوڤه‌یندا، به وردبینییه‌كی زیاتره‌وه ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به «فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌خنه‌یی» ناوی ده‌برد و گرنگییه‌كی زۆری پێ ده‌دا، به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌م چه‌مكه گرێ ده‌دات به شیكارییه‌كی فۆرمه‌كانی هه‌قیقه‌ت گوتن یا ههقیقهتبێژییهوه و نه‌ك به هه‌لومه‌رج و ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانی سوژه‌وه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 9. كه‌واته، ڕه‌نگه گونجاوتر بێت كه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ وتارێكی فوکۆ به ناوی «سوژه و ده‌سه‌ڵات». فوکۆ له‌م وتاره‌دا، پاش بیرهێنانه‌وه‌ی كانت و وه‌ڵامه‌كه‌ی كانت بۆ «ڕۆشنگه‌ری چییه؟»، ده‌یسه‌لمێنێت كه «ئه‌ركی فه‌لسه‌فه واته شیكاركردنی ڕه‌خنه‌یی جیهانێك كه تێیدا ده‌ژین زیاتر و زیاتر گرنگی وه‌رگرت. ڕه‌نگه كاربڕترین گرفتی فه‌لسه‌فه گرفتی سه‌رده‌می هه‌نووكه‌یی و گرفتی چییه‌تیی ئێمه‌یه له‌م ساته تایبه‌ته‌دا. ڕه‌نگه ئه‌مڕۆ ئامانجی بنچینه‌یی نه‌ك دۆزینه‌وه یا كه‌شف، به‌ڵكه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته بێت كه ئێمه‌ین. […] ده‌بێت به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره تاكێتییهی كه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده سه‌پێنراوه به‌سه‌ر ئێمه‌دا، فۆرمه نوێیه‌كانی سوبێكتیڤیته پێك بهێنین.» بۆ ده‌قه‌كانی فوکۆ ده‌رباره‌ی «ڕه‌خنه» و ڕۆشنگه‌ری، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: DE II, n51, p. 106.
[37]. M. Foucault, Les mots et les choses, Une archéologie des sciences humaines, paris, Gallimard, 1996.
[38]. M. Foucault, Histoire de la folie à l’âge classique, paris, Gallimard, 1972 (première édition: folie et Déraison, Histoire de la folie à l’âge classique, paris, Plon, 1961); Naissance de la Clinique. Une archéologie du regardmédicale, paris, P.U.F., 1963; SP.
[39]. فوکۆ پڕۆژه‌ی مێژوویی سێكسواڵیته‌ی به شه‌ش به‌رگ له ١٩٧٦ به ویستی مه‌عریفه‌ت ده‌ست پێ كرد؛ ئه‌و له ساڵه‌كانی دواتردا شوێن ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به زنجیره‌یه‌ك شوێنگۆڕكێی تیۆریكیی بنه‌ڕه‌تی و زه‌مه‌نی. به‌رگی دووه‌م و سێیه‌م كه ته‌رخانه بۆ سه‌رده‌می یۆنانی كۆن و سه‌رده‌می هیلینیستیی كۆن و ڕۆمیی دێرین، دواجار له ١٩٨٤ چاپ كرا. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: SS و UP. به‌ڵام فوکۆ به هۆی مه‌رگی ناوهختییهوه نه‌یتوانی به‌رگی چواره‌می پڕۆژه‌ی مێژوویی سێكسواڵیته به ناونیشانی Les Aveux de la chair[دانپێدانانه‌كانی جه‌سته] بڵاو بكاته‌وه.
[40]. J. Habermas, Connaissance et intérêt, Paris, Gallimard, 1976.
[41]. Semiotic techniques
[42]. بۆ پێشه‌كییه‌كی هاوشێوه‌ی تێگه‌ی ته‌كنیكه‌كان یا ته‌كنه‌لۆژیای خود، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «سێكسواڵیته و ته‌نیایی»، conférence cit ., p. 989-990[و «ته‌كنیكه‌كانی خود» له: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه، ل. ٥٠٥-٥٠٦]. فوکۆ، به پێچه‌وانه‌وه، له وتاری ده‌ستپێكی وانه‌وتاری لۆوڤه‌یندا قسه له‌سه‌ر سێ «جۆری گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆژیا» (ته‌كنیكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ته‌كنیكه‌كانی نیشانه‌كان، ته‌كنیكه‌كانی ده‌سه‌ڵات/حكومه‌ت) ناكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه له كاتی خستنه‌ڕووی ته‌كنه‌لۆژیاكانی سوژه‌دا جۆری چواره‌میش ده‌خاته سه‌ر ئه‌م تهكنیكانه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 12-13. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، فوکۆ «ته‌كنیكه‌كانی خود» وه‌ك هێڵی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێنیشانده‌ری وانه‌وتاری 1980-1981 له كۆلێژ دو فڕانس باس ده‌كات: فوکۆ، له پوخته‌ی ئه‌م وانه‌وتاره‌دا، ئه‌م تهكنیكانه وه‌ك ڕێوشوێنگهلێك پێناسه ده‌كات «كه پێشنیار ده‌كرێن بۆ تاكه‌كان تا شوناسیان به‌پێی ژماره‌یه‌ك له ئامانجه‌كان دیاری بكه‌ن، بپارێزن یا بگۆڕن، و ئه‌مه له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌روه‌ریی خود به‌سه‌ر خوددا یا مه‌عریفه‌ی خود بۆ خود [ناسینی خود له ڕێگه‌ی خوده‌وه] ئه‌نجام ده‌درێت». هه‌روه‌ها فوکۆ له پوخته‌ی ئه‌م وانه‌وتاره‌دا ده‌ڵێت كه مێژووی ته‌كنیكه‌كانی خود ده‌توانێت «یه‌ك ڕێگه یا شێوازی ڕێكخستنی مێژووی سوبێكتیڤیته» بێت، و ئه‌م كاره «له كولتوری ئێمه‌دا له ڕێگه‌ی ڕێكخستن و گۆڕانه‌كانی “په‌یوه‌ندیی خود له‌گه‌ڵ خود” هاوڕێ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی ته‌كنیكییان و كاریگه‌رییه‌كانی مه‌عریفه‌تیان» ئه‌نجام ده‌درێت. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: «سوبێكتیڤیته و هه‌قیقه‌ت» له: SV, DE II, n 304, p. 1032-1033، «وانه‌ی بیست و پێنجه‌می مارس و سه‌ره‌تای نیسانی ١٩٨١». هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: UP, p. 16-17 كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا «ته‌كنیكه‌كانی خود» هاوتا و هاومانا ده‌بن به «هونه‌ره‌كانی بوون» و «جوانیناسیی بوون [existence]».
[43]. government
[44]. Governing people
[45]. له ١٩٧٨ به‌دواوه، گریمانه‌ی «حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن» ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی له تێڕامانی فوکۆدا هه‌بوو، و فوکۆ ئه‌م ڕۆڵه‌ی تا كۆتاییی ته‌مه‌نی پاراست. ئه‌و، له ڕێگه‌ی ئه‌م گریمانه‌وه، فۆرمێكی له ڕووی مێژوویییه‌وه تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، واته فۆرمی «حكوومهتمهندی»، ده‌ستنیشان ده‌كات كه له نێوان سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌مدا ده‌ركه‌وت، و هێشتا تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌یه؛ فۆرمێكی ده‌سه‌ڵات «كه ئامانجه بنچینه‌یییه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ر، فۆرمی ئاسایی مهعریفهتهكهی ئابووریی سیاسی و ئامڕازی تاقانه‌یییه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی ده‌زگاكانی ئاسایشه». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: STP, p. 111-112. به‌ڵام، بۆ فوکۆ، گریمانه‌ی حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن هه‌روه‌ها ڕێڕه‌وێكی شیكارییه كه له ڕێگه‌یه‌وه خودی چه‌مكی ده‌سه‌ڵات پێناسه ده‌كرێته‌وه: «پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات بریتییه له “ڕێنماییی ڕه‌فتاره‌كان” و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌گه‌ره‌كان. له بنچینه‌دا ده‌سه‌ڵات كه‌متر له جۆری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان دوو ڕكابه‌ره یا ده‌رگیریی نێوان ئه‌م دوو ڕكابهرهیه، به‌ڵكه له جۆری “حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن”ـه. ده‌بێت مانایه‌كی زۆر به‌ربڵاو بده‌ینه ئه‌م وشه‌یه كه له سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌مدا هه‌یبوو. […] حكومه‌ت (یا به‌ڕێوه‌بردن، حكوومه‌تكردن، حوكمڕانیكردن) له‌م مانایه‌دا پێكهاتهبهخشینه به هه‌رێمی ئه‌گه‌رداری كرده‌ی ئه‌وانی تر. كه‌واته، شێوازی تایبه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات نه‌ك له لایه‌نی توندوتیژی و كێشمه‌كێش یا له لایه‌نی په‌یماننامه و په‌یوه‌ندیی ویستهكی (كه ته‌نها ده‌توانێت به لایه‌نی زۆره‌وه ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات بێت)، به‌ڵكه ده‌بێت له لایه‌نی شێوازی تاقانه‌ی كرده‌وه- كه نه جه‌نگییه نه یاسایی و حقوقی- واته له لایه‌نی حكومه‌ته‌وه بگه‌ڕێین به شوێن په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدا.» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «سوژه و ده‌سه‌ڵات». هه‌روه‌ها بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 13-14 و MFDV, p. 12. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به‌و جۆره‌ی كه فوکۆ له‌م وتارانه‌دا نیشانی ده‌دات، گریمانه‌ی حكوومه‌ت/به‌ڕێوه‌بردن هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری جومگه‌به‌ندیی ڕوانگه‌ی سیاسیی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕوانگه‌ی «ئه‌خلاقی»ـی ته‌كنیكه‌كانی خود ده‌دات؛ و به‌م شێوه‌یه، ڕێگه‌یه‌ك به ڕووی شیكاریگهلێك ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌ڕێوه‌بردنی خود و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وانیتر ده‌كاته‌وه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «سوبێكتیڤیته و هه‌قیقه‌ت»، résumé cit., p. 1033 ; HS, p. 34-40؛ [وتاری «ته‌كنیكه‌كانی خود» له: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه، ل. 506]، «ئه‌خلاقی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خود وه‌ك كرداری ئازادی» و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هـ. بیكێر، ر. فۆرنێ و گومز-موله‌ر له DE II, n 336, p. 1547-1548.
[46]. governor
[47]. Complementarity تهكمیلكردن:
[48]. »Discipline«
[49]. the art of governing
[50]. Freudian schema
[51]. self-technology
[52]. the government of self
[53]. مه‌به‌ست له تێگه‌ی بنچینه‌ییی وانه‌وتاری 1979-1980یه له كۆلێژ دو فڕانس: «بۆچی و به چ شێوه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر قووڵ بوونی هه‌یه له نێوان پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركی ئه‌وه‌ی كه تاكه‌كان خودی خۆیان له ته‌كنیكه‌كانی ئاشكراكردنی هه‌قیقه‌ت، له ڕێوشوێنه‌كانی ههقیقهتنوێنیی [aléthurgie] زه‌رووریی ده‌سه‌ڵاتدا، بكه‌نه كردهگهرایهكی بنچینه‌یی؟» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 79.
[54]. فوکۆ له گفتوگۆی دوای وانه‌ی 29ـی نیسانی 1981 له وانه‌وتاری لۆوڤه‌ین، زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕانه ده‌كاته‌وه، گۆڕانێك كه له دیدی ئه‌ودا نیشانده‌ری داهێنانێكی واقیعی «دابڕان»ێكه له«مێژووی سوبێكتیڤیته‌ی ڕۆژئاوایی». ئه‌و ڕوونی ده‌كاته‌وه كه «پابه‌ندبوون به ناسینی خود لای مه‌سیحییه‌كان له gnôthi seauton]خۆت بناسه[ـه‌وه دانه‌ڕێژراوه»، چون ئامانجی ته‌كنیكه مه‌سیحییه‌كانی خود دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نییه له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تدا به شێوه‌یه‌كی گشتی (به‌و جۆره‌ی كه بۆ سوكرات و ئه‌فڵاتون به‌م چه‌شنه بوو)، به‌ڵكه زیاتر دامه‌زراندنی یه‌ك په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تی تایبه‌تی تاك، له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تی خود و به تایبه‌ت ده‌رباره‌ی گوناهـ. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 114. هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: گفتوگۆی میشێل فوکۆ له‌گه‌ڵ ژ.ف. و ژ. دو ڤیت له DE II, n349, p. 1477-1478.
[55]. hermeneutics of the self