سوبێكتیڤیته و هه‌قیقه‌ت
بەشی دووەم(٢-٢)
باش ده‌زانین كه ئامانجی سه‌ره‌كیی قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان ئه‌مه نه‌بوو كه تیۆرییه‌ك پێك بهێنن، ڕێك بخه‌ن و فێر بكه‌ن. ئامانجی قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی یۆنان گۆڕانی تاك بوو. ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان ئه‌مه بوو كه ئه‌م تواناییه به تاك بدات كه جیاوازتر، باشتر و به‌خته‌وه‌رانه‌تر له ئه‌وانیتر ژیان بكات[1]. شوێنی خود-تاقیكردنه‌وه و دانپێدانان له‌م پرسه‌دا چی بوو؟ له نیگای یه‌كه‌مدا، له ته‌واوی كرداره فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌رده‌می كۆندا، ئه‌ركی گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود شوێنێكی سنووردار داگیر ده‌كات. و ئه‌مه‌ش دوو هۆكاری هه‌یه، كه هه‌ریه‌كه له‌م هۆكارانه له سه‌رتاسه‌ری سه‌رده‌می كۆنی یۆنان و هیلینیستیدا هێشتا وه‌ك هۆكاری به‌هادار مانه‌وه. یه‌كه‌مین هۆكار ئه‌مه‌یه كه ئامانجی فێركردن و ڕاهێنانی فه‌لسه‌فی ئه‌مه بوو كه تاك ته‌یار بكات به ژماره‌یه‌ك ڕێسا، ڕێساگه‌لێك كه توانایی و ڕێگه به تاك ده‌ده‌ن كه له ته‌واوی هه‌لومه‌رجه‌كانی ژیاندا خۆی ڕێنمایی بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی كه سه‌روه‌ری به‌سه‌ر خوددا له ده‌ست بدات، یا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئاسووده‌یی ڕۆح، پاكێتیی جه‌سته و ڕۆح له ده‌ست بدات. گرنگیی گوتاری مامۆستا له‌م پره‌نسیپه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. گوتاری مامۆستا ده‌بێت بڵێت، قه‌ناعه‌ت پێ بكات، ناچار بكات و ڕوون بكاته‌وه؛ مامۆستا ده‌بێت كۆده گه‌ردوونییه‌كان بۆ ته‌واوی ته‌مه‌ن ببه‌خشێت به قوتابی، و به‌م شێوه‌یه، بهزمانهێنان له ئه‌ستۆی مامۆستایه نه‌ك له ئه‌ستۆی قوتابی[2].
دووه‌مین هۆكاری ئه‌مه‌ی كه بۆچی ئه‌ركی دانپێدانان گرنگییه‌كی كه‌می هه‌یه له ڕێنماییی ویژدانی كلاسیكیدا یا له ویژدان له سه‌رده‌می كۆندا، ئه‌مه‌یه كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌رجدار بوو، یا له هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاتی بوو. ئه‌م په‌یوه‌ندییه په‌یوه‌ندییه‌ك بوو له‌نێوان دوو ویستدا، په‌یوه‌ندییه‌ك كه پێویستی به یه‌ك گوێڕایه‌ڵیی كامڵ یا گوێڕایه‌ڵیی كاربڕ نه‌بوو. په‌نابردن یا په‌سه‌ندكردنی ڕاسپارده‌ی یه‌ك مامۆستا یا یه‌ك هاوڕێ بۆ ئه‌مه بوو كه بتوانین به‌رگه‌ی یه‌ك تاقیكردنه‌وه، یه‌ك ماته‌مینی و پرسه، یه‌ك تاراوگه، یه‌ك شكست، یه‌ك مه‌حروومییه‌ت و هتد بگرین. یا به ده‌ربڕینێكی تر، ئامانج له جێگرتن له‌ژێر ڕێنماییی مامۆستادا بۆ كاتێكی دیاریكراو بوو یا بۆ قۆناغێكی دیاریكراو كه تاك بتوانێت ڕۆژێك به سه‌ربه‌خۆیی ڕه‌فتار بكات و ئیتر پێویستی به ڕاسپارده و ئامۆژگاری نه‌بێت. ئامانج له ڕێنمایی له سه‌رده‌می كۆندا سه‌ربه‌خۆییی ئه‌و كه‌سه بوو كه ڕێنمایی ده‌كرا. [[ڕێنماییی كۆن به ئاڕاسته‌ی سه‌ربه‌خۆییی ڕێنماییكراو كار ده‌كات]]. به‌م شێوه‌یه، ده‌توانین تێبگه‌ین كه زه‌رووره‌تێك بۆ هه‌ڵكۆڵین یا پشكنینی قووڵ و گشتگیر له قووڵاییه‌كانی تاكدا بوونی نه‌بوو: پێویستی نه‌ده‌كرد كه هه‌موو شتێك ده‌رباره‌ی خۆت بڵێیت، بچووكترین نهێنییه‌كانت ئاشكرا بكه‌یت، به شێوه‌یه‌ك كه مامۆستا بتوانێت یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی كامڵ به‌سه‌ر تۆدا پیاده بكات. نواندنه‌وه‌ی گشتگیر و به‌رده‌وامی خود له‌ژێر چاوه گشتبینهكانی یه‌ك ڕێنماییكاردا پێویست نه‌بوو. تایبه‌تمه‌ندیی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م ته‌كنیكه‌ی ڕێنمایی هه‌ر ئه‌مه‌یه[3].
به‌ڵام، سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاڕاستهگیرییه گشتییه كه زۆر كه‌م جه‌خت له‌سه‌ر خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان ده‌كات، به‌ر له مه‌سیحییه‌ت ته‌كنیكگه‌لێك ده‌دۆزینه‌وه كه پێشوه‌خت بۆ دۆزینه‌وه و ده‌ربڕینی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود ڕه‌نگڕێژ و ڕێك خرابوون. و ڕۆڵی ئه‌م تهكنیكانه، وا ده‌رده‌كه‌وێت، زیاتر و زیاتر گرنگی وه‌رده‌گرێت. گرنگیی ڕوو له زیادی ئه‌م تهكنیكانه بێگومان په‌یوه‌سته به گه‌شه‌ی ژیانی ده‌سته‌جه‌معی[4]یه‌وه له قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كانی فیتاگۆرسییه‌كان[5] یا ئه‌پیكۆرییه‌كان[6]، و هه‌روه‌ها په‌یوه‌سته به‌و به‌هایه‌وه كه له قوتابخانه ئه‌پیكۆرییه‌كان یا ڕه‌واقییه‌كاندا ده‌یانبه‌خشی به مۆدێلی پزیشكی[7].
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌م جۆره ماوه كورته‌دا ڕه‌خساو نییه كه ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌یه‌كی گشتیی ئه‌م گۆڕانكارییه له شارستانییه‌تی یۆنان و هیلینیستیدا پێشكه‌ش بكه‌م، ته‌نها دوو بڕگه‌ی سێنیكا، فه‌یله‌سوفی ڕۆمی، ده‌گوازمه‌وه. ده‌توانرێت ئه‌م دوو بڕگه‌یه به به‌ڵگه‌گه‌لێكی باش دابنرێن بۆ كرداری خود-تاقیكردنه‌وه‌و دانپێدانان به‌و جۆره‌ی كه له فیكری ڕهواقییهكانی سه‌رده‌می ئیمپراتۆریدا له كاتی له‌دایكبوونی مه‌سیحییه‌تدا بوونی هه‌بوو[8]. یه‌كه‌مین بڕگه له كتێبی تووڕه‌یی[De Ira]سێنیكادا هه‌یه. ئه‌م بڕگه‌یه ده‌خوێنمه‌وه بۆ ئێوه.
«ئایا شتێكی جوانتر له‌م ڕه‌فتاره هه‌یه كه ته‌واوی ڕۆژ خۆت بپشكنیت؟ چ خه‌وێك باشتره له‌و خه‌وه‌ی كه به‌دوای ئه‌م خود-ههڵكۆڵینهدا دێت؟ و ڕۆح چه‌نده ئاسووده، ئارام، قووڵ و ئازاد ده‌بێت كاتێك كه ستایش یا سه‌رزه‌نشت ده‌كرێت، كاتێك كه ده‌بێته پاسه‌وان و پشكنه‌ری خۆی، كاتێك ده‌بێته سه‌رزه‌نشتكاری خووه‌كانی خۆی، و كاتێك به نهێنییه‌وه دادگاییی ڕه‌فتاری خۆی ده‌كات. من ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دادوه‌رییه ڕۆژانه پیاده ده‌كه‌م، هه‌موو ڕۆژێك خۆم وه‌ك شایه‌ت له به‌رامبه‌ر خۆمدا داده‌نێم، و پاڵنه‌ر و ئهنگێزهم دادگایی ده‌كه‌م. كاتێك كه چراكه‌م كز ده‌كرێت و هاوسه‌ره‌كه‌م، كه به خووه‌كانی من ئاشنایه، بێده‌نگ ده‌بێت، و من ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌م ده‌پشكنم و كرده و گوته‌كانم تاقی ده‌كه‌مه‌وه و هه‌ڵده‌كۆڵم؛ هیچ شتێك له خۆم ناشارمه‌وه؛ له هیچ شتێكی خۆم نابه‌خشم. بۆچی ده‌بێت له كاریگه‌ریی یه‌كێك له هه‌ڵه‌كانم بترسم، له كاتێكدا كه ده‌توانم بڵێم: “ئاگادار به ئه‌م هه‌ڵه‌یه دووباره نه‌كه‌یته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌تبه‌خشم. تۆ له گفتوگۆیه‌كی دیاریكراودا زۆر شه‌ڕانگێزانه قسه‌ت كرد […]، تۆ زیاتر له‌وه‌ی كه پێویسته سه‌رزه‌نشتت كرد. به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ت ڕاست نه‌كرده‌وه، به‌ڵكه ڕهنجاندت، سه‌ركۆنه‌ت كرد…» و هتد.
له فیكری ڕواقییه‌كان[9]ی وه‌ك سێنیكا، و هه‌روه‌ها سكستیوس[10]، ئه‌پیكته‌تۆس[11]، ماركۆس ئۆرلیۆس[12] و ئه‌وانی تردا، كه گرنگییه‌كی زۆر بۆ هه‌ڵكۆڵین و تاقیكردنه‌وه‌ی ویژدان داده‌نێن، شتێكی دژیه‌ك و پارادۆكسیكاڵ بوونی هه‌یه، له كاتێكدا كه به‌پێی زاراوه و چوارچێوه‌ی دۆكترینهكانیان، ته‌واوی هه‌ڵه‌كان به یه‌كسانی گریمانه ده‌كرێن[13]. كه‌واته، پشكنینی خود ده‌رباره‌ی یه‌ك به یه‌كی هه‌ڵه‌كان نابێت زه‌رووری بێت.
به‌ڵام، با كه‌مێك وردتر ته‌ماشای ئه‌م ده‌قه بكه‌ین. یه‌كه‌م، سێنیكا زمانێك به‌كار ده‌هێنێت كه له نیگای یه‌كه‌مدا، به‌ر له هه‌ر شتێك، وشه‌سازی و زمانی دادوه‌رییه. سێنیكا سوود له ده‌ربڕینگه‌لێك وه‌رده‌گرێت چه‌شنی cognoscere de moribus suis[ئاگادار به له ڕه‌فتاره‌كان] و causam meam dico[پاڵنهرم ده‌ڵێم]– هه‌موو ئه‌م ده‌ربڕینانه له ڕووی جۆرییه‌وه ده‌ربڕینی دادوه‌رانه‌ن. كه‌واته، واده‌رده‌كه‌وێت كه سوژه له ئاست خۆیدا، هه‌م دادوه‌ره هه‌م تاوانبار. له‌م هه‌ڵكۆڵینی ویژداندا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه سوژه خۆی دابه‌ش ده‌كات بۆ دوو به‌ش، و شانۆیه‌كی دادوه‌ری ڕێك ده‌خات كه تێیدا هاوكات دوو ڕۆڵ ده‌گێڕێت. سێنیكا چه‌شنی ئه‌و تاوانباره‌یه كه له به‌رامبه‌ر دادوه‌ردا دان به تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێت، و دادوه‌ر خودی سێنیكایه. به‌ڵام، ئه‌گه‌ر وردتر نیگا بكه‌ین، ده‌بینین كه ئه‌و زمانه‌ی كه سێنیكا به‌كاری هێناوه زۆر زیاتر كارگێڕانه[14]یه تا دادوه‌رانه[15]. ئه‌م زمانه زمانی كارگێڕیی شتومه‌كه گوازراوه و نهگوازراوهكانه یا زمانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی كارگێڕییه. بۆ نموونه، سێنیكا ده‌ڵێت speculatuor sui، واته ئه‌و خۆی ده‌پشكنێت؛ واته ته‌واوی ئه‌و ڕۆژه‌ی كه به‌سه‌ری بردووه له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕووماڵ ده‌كات، و totum diem meum scrutor، واته گوته و كرده‌كانی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت؛ ئه‌و وشه‌ی remetior]ڕووماڵكردن، چاوپێداخشانه‌وه، به‌بیردا هێنانه‌وه[ به‌كار ده‌هێنێت. سێنیكا له ئاست خۆیدا، ئه‌و دادوه‌ره نییه كه ده‌بێت سزا بدات؛ به‌ڵكه ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌یه كه له كاتی ئه‌نجامدانی كاردا یا ته‌واوبوونی كاری ساڵانه‌دا، شتومه‌كه‌كان ده‌خاته كۆگاوه و په‌یجۆری ئه‌وه ده‌كات كه ئایا هه‌موو شتێك به درووستی ئه‌نجام دراوه یا نا. سێنیكا زیاتر به‌ڕێوه‌بری هه‌میشه‌یی خۆیه‌تی تا یه‌ك دادوه‌ری ڕابردووی.
جۆری ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه سێنیكا ئه‌نجامیان ده‌دات و ئه‌و سه‌رزه‌نشته‌ی كه له ئاست خۆیدا ده‌یكات له‌م دیدگایه‌دا زۆر گرنگن. بۆ نموونه، ئه‌و خۆی سه‌رزه‌نشت ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ڕه‌خنه‌ی له كه‌سێك گرتووه و ئازاری داوه، له‌جیاتیی ئه‌وه‌ی كه ڕاستی بكاته‌وه ئازاری داوه؛ یا دووباره، ئه‌و ده‌ڵێت گفتوگۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا كردووه كه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ناتوانن له ئه‌و تێبگه‌ن. ئه‌م هه‌ڵانه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، به ڕاستی هه‌ڵه نین؛ به‌ڵكه چه‌وتین و بۆچی چه‌وتین؟ یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ئاگادار نه‌بووه له‌و ئامانجانه‌ی كه دانا[16] ده‌بێت بۆ خۆی دیاری‌یان بكات یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی دروست ڕێساكانی ڕه‌فتاری جێبه‌جێ نه‌كردووه كه ده‌بێت له‌و ئامانجانه‌وه ههڵبهێنجرێن. هه‌ڵه‌كان له‌م مانایه‌دا چه‌وتین كه سازگارییهكی دروستیان له‌نێوان ئامانجه‌كان و ئامڕازهكاندا دانه‌مه‌زراندووه. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕاستییه زۆر گرنگه كه ئامانجی سێنیكا له بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیدا نه‌ك سزادان و ته‌مبێكردنی خۆی، به‌ڵكه ته‌نها بیرهێنانه‌وه‌ی ڕێساگهلێكه كه ده‌بێت به‌كاریان بهێنێت. ئامانج له‌م بیرهێنانه‌وه‌یه چالاككردنه‌وه‌ی پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه فه‌لسه‌فییه‌كان و ڕێكخستنی به‌كارهێنانی ئه‌م ڕێسایانه‌یه. له دانپێدانانی مه‌سیحیدا ته‌وبه‌كار ده‌بێت یاسا به‌بیر بهێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه گوناهه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه، به‌ڵام له ڕاهێنانی ڕه‌واقیدا و له هه‌ڵكۆڵینی سێنیكایی خوددا، دانا ده‌بێت كرده‌كانی به‌بیر بهێنێته‌وه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕێسا بنه‌ڕه‌تییه‌كان چالاك بكاته‌وه.
كه‌واته، ده‌توانین ئه‌م هه‌ڵكۆڵین و تاقیكردنه‌وه‌یه له چه‌ند وشه‌یه‌كدا وه‌سف بكه‌ین. ١) مه‌به‌ست له‌م هه‌ڵكۆڵین، ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی شاراوه نییه له سوژه‌دا، به‌ڵكه بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تێكه كه سوژه له‌بیری كردووه. ٢) ئه‌و شته‌ی كه سوژه له‌بیری ده‌كات نه خۆی، نه سروشتی، نه ئاخێزگه‌كه‌ی و نه نزیكییه‌ك له مهلهكوتهوه، به‌ڵكه ئه‌وه‌ی كه سوژه له‌بیری ده‌كات شتێكه كه بڕیار بوو ئه‌نجامی بدات، واته كۆمه‌ڵه‌یه‌ك ڕێسای ڕه‌فتار كه فێریان بووه. ٣) بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵه ئه‌نجامدراوه‌كان به درێژاییی ڕۆژ سوود به‌و مه‌ودایه ده‌به‌خشێت كه ئه‌و شته‌ی ئه‌نجام دراوه جیا ده‌كاته‌وه له‌و شته‌ی كه پێویست بوو ئه‌نجام بدرێت. و ٤) ئه‌و سوژه‌یه‌ی كه هه‌ڵكۆڵین به‌سه‌ر خۆیدا ئه‌نجام ده‌دات پانتایی ڕاهێنانی پڕۆسه‌یه‌كی كه‌م تا زۆر ناڕوون نییه كه ده‌بێت ڕه‌مزشكێنی بكرێت. ئه‌م سوژه‌یه یه‌ك پنته كه تێیدا ڕێساكانی ڕه‌فتار كۆ ده‌بنه‌وه و له فۆرمی بیره‌وه‌رییه‌كان خۆیان له‌م پنته‌دا تۆمار ده‌كه‌ن. له هه‌مان كاتدا ئه‌م سوژه‌یه پنتی ده‌ستپێكی كردهكانه، كرده‌گه‌لێكی كه‌م تا زۆر هاوده‌ق به‌م ڕێسایانه. سوژه پنتی یه‌كتربڕینی نێوان كۆمه‌ڵێك بیره‌وه‌ری كه ده‌بێت بهێنرێنه‌وه بۆ ئێستا[17] و كۆمه‌ڵێك كرده كه ده‌بێت ڕێسادار بكرێن پێك ده‌هێنێت.
شوێنی لۆجیكیی ئه‌م هه‌ڵكۆڵینی شه‌وانه ده‌كه‌وێته ناو كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ڕاهێنانه ڕه‌واقییه‌كان [[كه هه‌موویان یه‌ك ڕێگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆدی كرده‌كان و په‌رچه‌كرداره‌كان[18] له یه‌ك هه‌ڵوێست[19]ـی چه‌سپاودا ئاوێته ببن، جا هه‌ر دۆخێك ڕوو بدات]]؛ ئه‌م ڕاهێنانانه بریتین له: ١) خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام، بۆ نموونه، خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نامیلكه‌ی فێركارییه‌كان و ڕێساكان (بۆ ئێستا)؛ ٢) ئه‌زموون و هه‌ڵكۆڵینی كۆمه‌ڵێك چه‌په‌ڵی كه ده‌شێت له ژیاندا ڕوو بده‌ن، ده‌ربڕینی ناسراوی premeditation malorum (بۆ پرسه ڕه‌خساوه‌كان)؛ ٣) هه‌ر به‌یانییه‌ك پێڕستكردنی ئهركگهلێك كه ده‌بێت به درێژاییی ڕۆژ ئه‌نجام بدرێن (بۆ داهاتوو)؛ و له كۆتاییدا، ٤) ئه‌زموون و هه‌ڵكۆڵینی شه‌وانه‌ی ویژدان (زۆرتر بۆ ڕابردوو)[20]. وه‌ك ده‌بینن، له ته‌واوی ئه‌م ڕاهێنانانه‌دا خود وه‌ك یه‌ك هه‌رێمی دراوی سوبێكتیڤ[21] ده‌رك ناكرێت، دراوگهلێك كه ده‌بێت بدۆزرێنه‌وه یا كه‌شف بكرێن و ڕاڤه بكرێن. خود خۆی ده‌خاته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه و دادگای كرده ڕه‌خساو یا واقیعییه‌كان، [[كرده‌كانی ڕابردوو یا داهاتوو]].
باشه، پاش هه‌ڵكۆڵینی ویژدان، كه جۆرێك دانپێدانانه بۆ خۆ، ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی دانپێدانان بۆ ئه‌وانیتر بدوێم: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بڵێم ده‌رخستنی ڕۆحی خۆ بۆ ئه‌ویتر، ئه‌وی ترێك كه ده‌توانێت یه‌ك هاوڕێ یا ڕاوێژكار یا ڕێنیشانده‌ر بێت. ئه‌مه كردارێك بوو كه نه‌ك له ژیانی فه‌لسه‌فیدا، به‌ڵكه له هه‌ندێك له قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كاندا، بۆ نموونه، له ئه‌پیكۆرییه‌كان و ڕه‌واقییه‌كاندا، گه‌شه‌ی كرد. هه‌روه‌ها ئه‌م كرداره یه‌ك كرداری ته‌واو ناسراوی پزیشكی بوو. ئه‌ده‌بیاتی پزیشكی سه‌رشاره له‌م جۆره نموونانه‌ی دانپێدانان یا ده‌رخستنی خود. بۆ نموونه، نامیلكه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی ڕۆح و هه‌ڵه‌كانی[22] به‌رهه‌می گالین نموونه‌یه‌كه له‌م ئه‌ده‌بیاته؛ یا پلوتارخس له De profectibus in virtute ده‌نووسێت: «زۆرێك نه‌خۆش هه‌ن كه ده‌رمان په‌سه‌ند ده‌كه‌ن و نه‌خۆشه‌كانی تریش ئه‌م كاره ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه؛ مرۆڤ كه شه‌رمه‌زاریی ڕۆح، ئاره‌زوو، داهێزراوی، به‌رچاوته‌نگی و شه‌هوه‌تپه‌رستیی خۆی ده‌شارێته‌وه، به‌ختێكی كه‌می هه‌یه له پێشكه‌وتندا. له ڕاستیدا، قسه‌كردن له‌سه‌ر نه‌خۆشیی خۆ، چه‌په‌ڵیی خۆ ئاشكرا ده‌كات؛ په‌سه‌ندكردن و ناسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌په‌ڵییه له جیاتیی چێژبردن له شاردنه‌وه‌ی، نیشانه‌ی پێشكه‌وتنه.»[23]
زۆر باشه، ده‌قێكی تری سێنیكا ده‌توانرێت وه‌ك نموونه‌یه‌ك ڕه‌چاو بكرێت بۆ ئه‌و شته‌ی كه دانپێدانان بوو له سه‌رده‌می كۆنی دواییندا. ئه‌م ده‌قه ده‌ستپێكی نامیلكه‌ی ئارامیی ڕۆحـه. سێرینوس، هاوڕێی لاوی سێنیكا، دێته لای سێنیكا و داوای په‌ند و ڕاسپارده‌ی لێ ده‌كات. ئه‌م كاره ڕێگه‌یه‌كی زۆر ڕوونیی ڕاوێژی پزیشكییه ده‌رباره‌ی دۆخی ڕۆحی سێرینوس. سێرینوس به سێنیكا ده‌ڵێت: «بۆچی نابێت دان بنێم به هه‌قیقه‌تدا بۆ تۆ، وه‌ك چۆن دانپێدانان بۆ یه‌ك پزیشك ئه‌نجام ده‌ده‌م؟ […] من نه به ته‌واوه‌تی نه‌خۆشم نه به ته‌واوه‌تی ته‌ندرووست.»[24] سێرینوس هه‌ست ده‌كات له دۆخی داهێزران و ناخۆشیدایه و ئه‌زموونی یه‌ك دۆخی شه‌كه‌تی ده‌كات، یا به ده‌ربڕینێكی وردتر، به‌و جۆره‌ی كه خۆی ده‌ڵێت، وه‌ك بڵێی كه له‌سه‌ر به‌له‌مێكه كه ناڕواته پێش، به‌ڵكه به ڕاتڵه‌كانی ده‌ریا ده‌جووڵێت. و ئه‌و له‌وه ده‌ترسێت كه له‌م جۆره دۆخه‌دا له ده‌ریادا بمێنێته‌وه، له كاتێكدا كه ئاره‌زووی مه‌زرا و فهزیلهتگهلێكی هه‌یه كه ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتوو ده‌مێننه‌وه. كه‌واته، بۆ هه‌ڵهاتن له‌م دۆخه، سێرینوس بڕیار ده‌دات كه دان بنێ به هه‌قیقه‌تدا بۆ سێنیكا و دان بنێ به‌وه‌دا كه هه‌ستی پێ ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت كه verum fateriـی ده‌وێت، واته گوتنی هه‌قیقه‌ت.]]به‌ڵام، به‌م دانپێدانانه و به وه‌سفكردنه‌ی دۆخی خۆی، داوا له سێنیكا ده‌كات كه هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خۆی به ئه‌و بڵێت: سێرینوس له یه‌ك كاتدا هه‌م دان ده‌نێت به هه‌قیقه‌تدا و هه‌م له هه‌قیقه‌ت بێ به‌هره‌یه[[.
ئێستا ئه‌م هه‌قیقه‌ته چییه، ئه‌م verumـه چییه كه سێرینوس ده‌یه‌وێت دانی پێدا بنێت؟ ئایا ئه‌و دان ده‌نێت به هه‌ڵه‌كان، به ئه‌ندێشه شاراوه‌كان، به ئاره‌زووه شه‌رمهێنه‌ره‌كان، و به شتگه‌لێكی له‌م جۆره‌دا؟ به هیچ شێوه‌یه‌ك. ده‌قه‌كه‌ی سێرینوس له كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك ورده‌كاریی تا ڕاده‌یه‌ك ناگرنگ پێك هاتووه، یا لانیكه‌م له دیدی ئێمه‌دا ناگرنگ؛ بۆ نموونه، سێرینوس دان به‌وه‌دا ده‌نێت بۆ سێنیكا كه سوود له ده‌فره‌كانی چێشتخانه وه‌رده‌گرێت كه له باوكییه‌وه به میرات بۆی ماوه‌ته‌وه، له كاتی پێشكه‌شكردنی وتاردانه گشتییه‌كاندا زوو له هۆش خۆی ده‌چێت و هتد. به‌ڵام له‌ژێر ئه‌م ناڕێكی و شێواوییه ڕواڵه‌تییه‌دا به ئاسانی ده‌توانرێت سێ پانتاییی جیاكار له‌م دانپێدانانه‌دا بناسرێته‌وه: پانتاییی سامان، پانتاییی ژیانی سیاسی و پانتاییی شكۆ و شانازی؛ به‌ده‌ستهێنانی سامان، به‌شداریكردن له كاروباره‌كانی شاردا، به‌ده‌ستهێنانی به‌های گشتی. ئه‌مانه سێ جۆری چالاكیی به‌رده‌ست بوون بۆ یه‌ك پیاوی ئازاد، سێ جۆری پرسیاری ئه‌خلاقیی بره‌ودار كه قوتابخانه فه‌لسه‌فییه گرنگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه گه‌ڵاڵه‌یان ده‌كردن. كه‌واته چوارچێوه‌ی شرۆڤه‌ی سێرینوس نه‌ك له ڕێگه‌ی ڕه‌وتی واقیعیی بوون[25]ـهكهیهوه، نه‌ك له ڕێگه‌ی ئه‌زموونه واقیعییهكانییهوه، نه‌ك له ڕێگه‌ی یه‌ك تیۆریی ڕۆح یا توخمه‌كانییه‌وه، به‌ڵكه ته‌نها له ڕێگه‌ی یه‌ك پۆلێنبه‌ندی جۆره جیاوازه‌كانی چالاكییه‌وه پێناسه ده‌كرێت، جۆرگهلێك كه مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌نجامیان بدات و ئامانجگه‌لێك كه ده‌توانێت شوێنیان بكه‌وێت. له هه‌ر یه‌كێك له‌م پانتایییانهدا، سێرینوس له ڕێگه‌ی ژماردنی ئه‌و شته‌وه كه خۆشی پێ ده‌به‌خشێت و ئه‌و شته‌وه كه ناخۆشی پێ ده‌دات، ئیتۆس و هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكرا ده‌كات. ده‌ربڕینی «ئه‌م شته خۆشیم پێ ده‌دات[placet me] » هێڵی ڕێنیشانده‌ره له شیكاری سێرینوسدا[26]. ئه‌و خۆشی له‌وه ده‌بات كه خزمه‌ت به هاوڕێیانی بكات؛ و چێژ ده‌بات له به‌ساده‌یی خۆراك خواردن، و له‌مه‌ی كه سامان و موڵكه‌كانی جگه له‌وه‌ی كه به میرات بۆی ماوه‌ته‌وه هیچ نین، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا چێژیش له ته‌ماشاكردنی شته ڕازاوه‌كان لای ئه‌وانی تر ده‌بات. ئه‌و هه‌روه‌ها له زێده‌ڕۆیی له سه‌بكی وتاردانه‌كه‌ی خۆشی ده‌بات به‌م هیوایه‌ی كه كه‌سانی داهاتوو وته‌كانی به‌بیر بهێننه‌وه. سێرینوس، به وه‌سفكردنی ئه‌و شته‌ی كه خۆشی و چێژی پێ ده‌دات، به‌دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێت كه ئاره‌زووه قووڵه‌كانی ئاشكرا بكات. خۆشی و چێژه‌كانی ئه‌و ئامڕازێك نین بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و شته‌ی كه مه‌سیحییه‌كان دواتر پێی ده‌ڵێن نهفسپهرستی[27]. مه‌به‌ست له‌م چێژ یا خۆشییانه دۆخی تایبه‌تی ئه‌وه، و هه‌روه‌ها سه‌رباركردنی شتێكه بۆ سه‌ر مه‌عریفه‌ی ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كان. ئه‌م سه‌رباركردنه بۆ سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه پێشوه‌خت ناسراوه یه‌ك هێزه، هێزێك كه ده‌توانێت مه‌عریفه‌ی په‌تی و ئاگایی ڕووت بگۆڕێت بۆ یه‌ك شێوازی واقیعیی ژیان. [[مه‌به‌ست له‌م چێژ و خۆشیانه ئاماژه‌یه‌كی تا ئاستی شیاو ورده بۆ ئه‌و شته‌ی كه سێرینوس هێشتا هۆگریه‌تی و ئه‌و شته‌ی كه ده‌ستی لێ به‌رداوه، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و شته‌ی كه ئه‌و ڕزگار بووه لێی، و ئاماژه بۆ شتگه‌لێكی ده‌ره‌كی كه ئه‌و وابه‌سته‌یه پێیانه‌وه. verum fateri[گوتنی هه‌قیقه‌ت] كه ئه‌و مه‌به‌ستییه‌تی ئه‌نجامی بدات، تیشك خستنه سه‌ر نهێنییه قووڵه‌كان نییه، به‌ڵكه به‌پێی پهیوهندیگهلێكه كه ئه‌و ده‌به‌ستێت به شتگه‌لێكه‌وه و به‌ند ده‌كات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌دا ناشكێت. ئه‌مه جۆرێك دانانی ئازادییه له چوارچێوه‌ی ڕێسای كردهكاندا. ژماردنی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو نییه، به‌ڵكه یه‌ك پێڕستی وابهستهییهكانه]]. و سێنیكا كاتێك كه سوود له كۆمه‌ڵه‌یه‌كی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، هۆكاره‌كان، نموونه قهناعهتپێكهرهكان وه‌رده‌گرێت، هه‌وڵ نادات كه هه‌قیقه‌تێكی هێشتا نه‌ناسراو له قووڵاییی ڕۆحی سێرینوسدا بدۆزێته‌وه و كه‌شف بكات، به‌ڵكه هه‌وڵ ده‌دات ڕوونی بكاته‌وه كه هه‌قیقه‌ت به گشتی تا چ ئاستێك ڕاسته‌قینه‌یه. ئامانجی گوتاری سێنیكا ئه‌مه نییه كه هێزێكی ناچاركه‌ر كه له شوێنێكی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه سه‌ربار بكات بۆ سه‌ر هه‌ندێك له پره‌نسیپه تیۆریكییه‌كان، به‌ڵكه ئامانجی گوتاری سێنیكا ئه‌مه‌یه كه پره‌نسیپه تیۆریكییه‌كان بگۆڕێت بۆ هێزێكی توانامه‌ند و سه‌ركه‌وتوو. سێنیكا ده‌بێت شوێنێك بداته هه‌قیقه‌ت، هه‌قیقه‌ت وه‌ك یه‌ك هێز.[28]
[[به‌ڵام ده‌بێت سه‌رتر بچین. سێرینوس نه‌ك ته‌نها بۆ ده‌رخستنی دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆحی، به‌ڵكه بۆ ئه‌وه دانپێدانان ئه‌نجام ده‌دات كه له سێنیكاوه هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خۆی وه‌ربگرێت. به‌ڵام ئه‌مه چ جۆره هه‌قیقه‌تێكه كه سێرینوس پێویستی پێیه‌تی، و داوا له سێنیكا ده‌كات كه بۆی ئاشكرا بكات؟ ئایا یه‌ك ده‌ستنیشانكردنه؟ ئه‌م هه‌قیقه‌ته له ڕاستیدا هه‌مان شتێكه كه سێرینوس ده‌یڵێت و هه‌مان شتێكه كه سێنیكا به سێرینوسی ده‌دات. و ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه بریتی نییه له ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ی كه «تۆ ئه‌مه‌یت» و «نه‌خۆشییه شاراوه‌كان كه ئازاری تۆ ده‌ده‌ن ئه‌مانه‌ن». سێنیكا به‌م وته‌یه به‌سنده ده‌كات كه: «پێت وانه‌بێت كه یه‌ك نه‌خۆشی چارهسهرنهكراویت. تۆ نه‌خۆشێكی پێشوویت كه ئاگادار نییه چاره‌سه‌ر كراوه.» سێنیكا یارمه‌تیی سێرینوس ده‌دات كه له یه‌ك ڕێگه‌دا جێ بگرێت، ڕێگه‌یه‌ك كه بڕیاره سێرینوس به‌ره‌و كێڵگه‌ی فه‌زیله‌ته‌كان ڕێنمایی بكات؛ ئه‌و به‌وردی ئه‌م دۆخه ڕۆشن ده‌كاته‌وه. به‌ڵام، وه‌ك ده‌بینن، ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه له خۆیدا یه‌ك شیكاركردنی زۆر كورته. ئه‌مه ته‌نها به‌شێكی زۆر كورتی ئه‌و شته‌یه كه سێنیكا ده‌یڵێت، و كتێبی ئارامیی ڕۆح زۆر زیاتر له‌مه ده‌ڵێت. سێنیكا له‌م نامیلكه‌یه‌دا چ جۆره وه‌ڵامێك بۆ پێویستییه‌كانی سێرینوس ده‌داته‌وه؟ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تیۆرتیكی؟ به هیچ شێوه‌یه‌ك. شرۆڤه‌یه‌كی تازه‌ی ڕێسا و فێركاركارییه ئه‌خلاقییه‌كان؟ ڕوونه كه سێرینوس پێویستی به‌م شرۆڤه‌یه نییه. سێرینوس له دانپێدانانی خۆیدا نیشانی داوه كه پره‌نسیپه گرنگه ئه‌خلاقییه‌كان زۆر باش ده‌ناسێت، پره‌نسیپگه‌لێك كه بۆ یه‌ك ژیانی فه‌لسه‌فی زه‌روورییه. هه‌قیقه‌تی جێ مه‌به‌ستی سێرینوس مه‌عریفه‌یه‌كی ته‌واوكه‌ر نییه، به‌ڵكه شتێكه كه سه‌ربار ده‌كرێت بۆ سه‌ر ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی كه هه‌یه‌تی، سه‌ربار ده‌كرێت بۆ سه‌ر مه‌عریفه‌ی دۆخی ئه‌و و مه‌عریفه‌ی ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كان. ئه‌م سه‌رباركردنه بۆ سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه پێشوه‌خت ناسراوه مه‌عریفه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكه یه‌ك هێزه، هێزێك كه ده‌توانێت مه‌عریفه‌ی په‌تی و ئاگاییی ڕووت بگۆڕێت بۆ یه‌ك ڕێگه‌ی واقیعیی ژیان. و ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه سێنیكا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌نجامی بدات، هه‌مان شتێك كه ده‌یگوازێته‌وه بۆ سێرینوس كاتێك كه كۆمه‌ڵه‌یه‌كی بهڵگههێنانهوهكان، سه‌لماندنه‌كان و نموونه‌گه‌لێكی قهناعهتپێكهرانه به‌كار ده‌هێنێت، ئه‌ڵبه‌ته نه‌ك بۆ هه‌قیقه‌تێكی هێشتا نه‌ناسراو له سێرینوسدا، به‌ڵكه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی كه تا چ ئاستێك ئه‌م هه‌قیقه‌ته ڕاسته‌قینه و دروسته. ئامانجی گوتاری سێنیكا ئه‌مه نییه كه هێزێكی ناچاركه‌ر كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له شوێنێكی تره سه‌ربار بكات بۆ هه‌ندێك له پره‌نسیپه تیۆرتیكییهكان، به‌ڵكه ئامانجی گوتاری سێنیكا گۆڕینی هه‌قیقه‌ته به هێزێكی به‌رپێنه‌گیراو و توانادار. سێنیكا ده‌بێت شوێنێك بداته هه‌قیقه‌ت وه‌ك یه‌ك هێز[29]]].
لێره‌دا، پاش ئه‌وه‌ی كه پێشكه‌ش كرا، پێم وایه چه‌ند ئاكامێك هه‌یه. ١) وه‌ك ده‌بینن، له‌م گه‌مه‌ی نێوان دانپێدانانی سێرینوس و ڕاوێژی سێنیكادا، هه‌قیقه‌ت به‌پێی هاوده‌قی له‌گه‌ڵ واقیعییه‌تدا[30] پێناسه ناكرێت، به‌ڵكه وه‌ك یه‌ك هێزی جیانه‌كراوه له پره‌نسیپه‌كان پێناسه ده‌كرێت، هێزێك كه ده‌بێت له یه‌ك گوتاردا گه‌شه بكات. ٢) ئه‌م هه‌قیقه‌ته شتێك نییه كه له پشته‌وه‌ی ئاگایی یا له‌ژێر ئاگاییدا و له قووڵترین و تاریكرترین به‌شی ڕۆح‌دا شاراوه بێت، به‌ڵكه شتێكه كه له به‌رامبه‌ر تاكدا وه‌ك یه‌ك پنتی ڕاكێشان[31]ـه، جۆرێك هێزی موگناتیزی كه تاك ڕاده‌كێشێت بۆ ئامانجێك. ٣) ئه‌م هه‌قیقه‌ته له ڕێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی شیكارییانه‌ی ئه‌و شته‌وه به ده‌ست نایێت كه له تاكدا به واقیعی گریمانه ده‌كرێت، به‌ڵكه له ڕێگه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕه‌وانبێژانه‌ی ئه‌و شته‌وه به ده‌ست دێت كه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه ده‌یه‌وێت نزیك بكه‌وێته‌وه له ژیانی دانا به‌سوود و چاكه. ٤) ئه‌م دانپێدانانه به‌ره‌و تاكسازیی سێرینوس، ]]واته تاكسازیی قوتابی[[، ڕێنمایی ناكرێت له ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێك له تایبه‌تمه‌ندییه كه‌سییه‌كانه‌وه، به‌ڵكه به‌ره‌و پێكهێنانی یه‌ك خود ڕێنمایی ده‌كرێت، خودێك كه ده‌توانێت له یه‌ك كاتدا و به‌بێ هیچ دابڕانێك، سوژه‌ی مه‌عریفه و سوژه‌ی ویست بێت. ٥) [[ئه‌گه‌ر ڕۆڵی دانپێدانان و ڕاوێژ ئه‌مه‌یه كه شوێنێك به هه‌قیقه‌ت وه‌ك هێز بدات، كه‌واته به ئاسانی ده‌توانین تێبگه‌ین كه خود-هه‌ڵكۆڵین یا تاقیكردنه‌وه‌ی خود تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مان ڕۆڵی هه‌یه. بینیمان كه سێنیكا له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو شه‌وێك هه‌ڵه‌كانی بیر ده‌هێنێته‌وه كه ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كانی ڕه‌فتار به یادگه بسپێرێت، و یادگه كاتێك كه حزوورێكی هه‌میشه‌یی و چالاكی له ڕۆح‌دا هه‌یه جگه له هێزی هه‌قیقه‌ت هیچ نییه. یه‌ك بیره‌وه‌ریی هه‌میشه‌یی له تاكدا و له گوتاری ناوه‌كیی تاكدا، یه‌ك ڕه‌وانبێژیی قه‌ناعه‌تپێكه‌ر له ڕاوێژ، ئامۆژگاری و په‌ندی مامۆستادا- ئه‌مانه لایه‌نه‌كانی هه‌قیقه‌تن كه وه‌ك یه‌ك هێز داده‌نرێن. كه‌واته، ده‌توانین ئاكامگیری بكه‌ین كه تاقیكردنه‌وه‌ی خود یا خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان ده‌توانرێت له فه‌لسه‌فه‌ی كۆندا به یه‌ك گه‌مه‌ی هه‌قیقه‌ت، به یه‌ك گه‌مه‌ی گرنگی هه‌قیقه‌ت هه‌ژمار بكرێت[32]، به‌ڵام ئامانجی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی هه‌قیقه‌ت دۆزینه‌وه‌ی واقیعییه‌تێكی شاراوه نییه له‌ناو تاكدا. ئامانجی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی هه‌قیقه‌ت گۆڕینی تاكه بۆ شوێنێك كه هه‌قیقه‌ت بتوانێت تێیدا ده‌ربكه‌وێت و وه‌ك هێزێكی واقیعی له ڕێگه‌ی حزووری بیره‌وه‌ری و كارایی گوتاره‌وه كرده بنوێنێت یا كار بكات]]. ده‌توانین ببینین كه كرداری خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان له چوارچێوه‌ی ئه‌و شته‌دا ده‌مێنێته‌وه كه یۆنانییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخان به gnômê]یه‌كێتیی مه‌عریفه‌ت و ویست، بڕگه‌ی كورتی گوتار[ناویان ده‌برد[33]. زاراوه‌ی gnômêبه یه‌كێتیی ویست و مه‌عریفه ده‌وترێت؛ هه‌روه‌ها ئه‌م زاراوه‌یه به بڕگه‌ی كورتی گوتاره‌كان ده‌وترێت- یه‌ك ڕسته یا چه‌ند نیوه دێڕێك- كه له ڕێگه‌یه‌وه هه‌قیقه‌ت به ته‌واوی هێزی خۆیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و له ڕۆحی خه‌ڵكی و له ڕۆحی تاكه ئاساییه بهرمهرگهكاندا له‌نگه‌ر ده‌گرێت. [[له فۆرمه سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان‌دا، شاعیره‌كان و پیاوانی خودا له ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره gnômêـه‌وه، له ڕێگه‌ی gnômaiـه‌وه[34]، هه‌قیقه‌تیان بۆ خه‌ڵكی ساده‌ی به‌رمه‌رگ ده‌رده‌بڕی؛ gnômai ڕسته‌گه‌لێكی زۆر كورت، زۆر فه‌رمانده‌رانه و ئه‌وه‌نده به قووڵی ڕووناككه‌ره‌وه به ڕووناكیی شاعیرانه بوو كه له‌بیركردنیان و هه‌ڵهاتن له ده‌سه‌ڵاتیان مه‌حاڵ بوو. زۆر باشه، به باوه‌ڕی من، ئێوه ده‌توانن ببینن كه خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان- به‌و جۆره‌ی كه ده‌توانن، بۆ نموونه، له ئه‌ندێشه‌ی سێنیكا، و هه‌روه‌ها له ئه‌ندێشه‌ی ماركۆس ئۆرلیۆس، ئه‌پیكته‌تۆس و ئه‌وانیتردا و دواتر ته‌نانه‌ت له سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زایین‌دا- خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان هێشتا جۆرێك گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی gnômai بوو]]. كه‌واته، ده‌توانین بڵێین كه دواتر ته‌نانه‌ت له سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زایین‌دا، ئه‌و جۆری سوژه‌یه [[و ئه‌و جۆری «خود»ـه‌ی]] كه فه‌یله‌سوفه‌كانی سه‌رده‌می كۆن- فه‌یله‌سوفه یۆنانی و هیلینیستی و ڕۆمییه‌كان- وه‌ك یه‌ك مۆدێل و وه‌ك یه‌ك ئامانج پێشنیاریان ده‌كرد، خودی مهعریفهتمهند[35]ـه، خودێك كه تێیدا هێزی هه‌قیقه‌ت ده‌بێت له‌گه‌ڵ فۆرمی ویستدا یه‌كێك بێت.
***
له مۆدێلی خودی مهعریفهتمهنددا، چه‌ندین توخمی پێكهێنه‌ر ده‌دۆزینه‌وه: زه‌رووره‌تی گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌رباره‌ی خود، ڕۆڵی مامۆستا و گوتاری مامۆستا، ڕێگه‌یه‌كی دوورودرێژ كه له كۆتاییدا ڕێنمایی ده‌كرێت بۆ ده‌ركه‌وتنی خود. ته‌واوی ئه‌م توخمانه له ته‌كنه‌لۆژیای مه‌سیحیی خود[36]یشدا ده‌دۆزینه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕێكخستێكی زۆر جیاوازدا[37]. به كورتی، و لێره‌دا ئاكامگیری ده‌كه‌م، ده‌بێت بڵێم كه له كرداره‌كانی خود-تاقیكردنه‌وه یا خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان له فه‌لسه‌فه‌ی هیلینیستی و ڕۆمیدا، خود شتێك نییه كه وه‌ك یه‌ك ده‌قی زۆر ناڕوون ده‌بێت بدۆزرێته‌وه یا ڕه‌مزشكێنی بكرێت. ئه‌رك ئه‌مه نییه كه ناڕوونترین و تاریكترین به‌شی بوون [[و «خود»مان]] ڕۆشن بكه‌ینه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، نابێت خود بدۆزرێته‌وه، به‌ڵكه ده‌بێت پێك بهێنرێت، ده‌بێت له ڕێگه‌ی هێزی هه‌قیقه‌ته‌وه پێك بهێنرێت. ئه‌م هێزه له كوالێتیی ڕه‌وانبێژانه‌ی گوتاری مامۆستادا شاراوه‌ته‌وه، و ئه‌م كوالێتییه ڕه‌وانبێژانه‌یه تا ئاستێك په‌یوه‌سته به ده‌رخستن و ئاشكراكردنی قوتابییه‌وه، قوتابییه‌ك كه ده‌بێت ڕوونی بكاته‌وه كه چۆن به‌پێی پره‌نسیپه ڕاسته‌قینه‌كان ژیان به‌سه‌ر ببات، پره‌نسیپگه‌لێك كه ئه‌و باش ده‌یانناسێت. [[به كورتی، خود ده‌بێت له ڕێگه‌ی هێزی هه‌قیقه‌ته‌وه پێك بهێنرێت؛ و ئه‌م هێزه له توانایی به-یادگه-سپاردنی تاك و كوالێتیی ڕه‌وانبێژانه‌ی مامۆستادا شوێنی هه‌یه، و ئه‌م دوو تواناییه تا ئاستێك په‌یوه‌ستن به هونه‌ری یادگه و كرده‌ی قه‌ناعه‌تپێكردن[38]ـه‌وه. به شێوه‌یه‌ك كه ته‌كنه‌لۆژیاكانی خود له جیهانی كۆندا گرێ نه‌دراون به هونه‌ری ڕاڤه‌وه، به‌ڵكه په‌یوه‌ستن به هونهرگهلێكی وه‌ك ته‌كنیكی به-یادگه-سپاردن و ڕه‌وانبێژییه‌وه. به‌ر له مه‌سیحییه‌ت، خود-موشاههدهكردن[39]، خود-هه‌ڵكۆڵین، خود-ڕاڤه‌كردن[40] و خود-هێرمنۆتیك[41] له ته‌كنه‌لۆژیاكانی خوددا ڕۆڵیان نییه]]. و به باوه‌ڕی من، ئه‌م ڕێكخستنی خود وه‌ك یه‌ك ئامانج و مۆدێل، ڕێكخستنی ئه‌و شته‌ی كه من ناوی ده‌نێم خودی مهعریفهتمهند وه‌ك ئامانج، وه‌ك نیشانه، و خود-هه‌ڵكۆڵین و دانپێدانان كه به ئاڕاسته‌ی ئه‌م خوده ڕێنمایی ده‌كرێن، شتێكه كه به‌قووڵی جیاوازه له‌و شته‌ی كه له ته‌كنه‌لۆژیای مه‌سیحیی خوددا ده‌یبینین[42]. له ته‌كنه‌لۆژیا مه‌سیحییه‌كانی خوددا، گرفت ئه‌مه‌یه كه ئه‌و شته بدۆزینه‌وه و كه‌شف بكه‌ین كه له خوددا شاراوه‌یه؛ خود چه‌شنی یه‌ك ده‌ق یا چه‌شنی یه‌ك كتێبه كه ده‌بێت ڕه‌مزشكێنی بكه‌ین، و نه‌ك شتێك كه ده‌بێت له ڕێگه‌ی هاودهقكردن و له‌سه‌ر یه‌ك دانانه‌وه، واته هاودهقكردنی ویست و هه‌قیقه‌ت، پێك بهێنرێت. ئه‌م ڕێكخستنه، ئه‌م ڕێكخستنه مه‌سیحییه، كه زۆر جیاوازه له ڕێكخستنی بتپه‌رستی، شتێكه كه به باوه‌ڕی من، بۆ جینالۆژیای خودی مۆدێرن[43] ته‌واو دیاریكه‌ره، و ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه كه هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌فته‌ی داهاتوو كاتێك كه دووباره یه‌كتری ده‌بینینه‌وه ڕوونی بكه‌مه‌وه.
سوپاستان ده‌كه‌م.
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانی ئەم وانەوتارە:
میشل فوكو، خاستگاه هرمنوتیك خود (سخرانیهادر كالج دارتموت 1980)، ترجومه‌ی نیكو سرخوش و افشین جهاندیده، چاپ اول، تهران، نشر نی، 1395.
Michel Foucault, About the Beginning of the Hermeneutics of the Self, Lectures at Dartmouth College 1980, translated by Graham Burchell, Edition Established by Henri-Paul Fruchaud and Daniele Lorenzini, the University Chicago Press, 2016.
Michel foucault, The Politics of Truth, translated by Lysa Hochroth and Catherine Porter, Edited by Sylvère Lotringer, Inrtoduction by John Rajchman, semiotext(e), Los Angeles, 2007, p. 147-169.
[1]. ڕه‌نگه مه‌به‌ستی فوکۆ لێره‌دا توێژینه‌وه‌كانی پییه‌ر ئادۆ بێت كه به باوه‌ڕی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی كۆن به‌ر له هه‌ر شتێك یه‌ك ڕێگهیژیانكردن بوو، ڕێگه‌یه‌ك كه ئامانجه‌كه‌ی نه‌ك پێكهاته‌یه‌كی تیۆرتیكی به‌ڵكه گۆڕان و شكۆفهكردنی شێوازی بوونی تاكگهلێك بوو كه ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌یان به‌كار ده‌خست. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
P. Hadot, »Exercices spirituels«, Annuaire de la Vème section de l’école pratique des hautes études. Vol. 84, 1977, p. 25-70; repris dans Exercices spirituels et philosophie antique, paris, Albin Michel, 2002, p. 19-74.
[2]. فوکۆ له وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا و به وردیی له‌م زه‌مینه‌یه‌دا، له‌م پرسیاره قووڵ ده‌بێته‌وه تا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گوتاری مامۆستا له كرداره كۆنه‌كانی ڕێنماییدا وه‌سف بكات. ئه‌و گریمانه‌ی parrêsia ده‌خاته ڕوو: « parrêsia له ڕاستیدا وه‌ڵامی مامۆستایه بۆ ئه‌ركی قوتابی به بێده‌نگبوون. درووست وه‌ك چۆن كه قوتابی ده‌بێت بێده‌نگ بێت تا بوون به سوژه له گوتاریدا بكاته كرده‌یی، مامۆستاش دواجار ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و شته‌ی ده‌رباره‌ی هه‌قیقه‌ت ده‌یڵێت له كۆتایی كرده و ڕێنماییدا بگۆڕێت بۆ گوتاری ڕاسته‌قینه و سوبێكتیڤی قوتابی، ده‌بێت گوتارێك بگرێته به‌ر كه په‌یڕه‌وی له پره‌نسیپی parrêsia بكات.» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 348 و هه‌روه‌ها DE II, n349, p. 1477-1478.
[3]. فوکۆ له وانه‌ی ٢٢ـی شوباتی ١٩٧٨ له وانه‌وتاری ئاسایش، قه‌ڵه‌مڕه‌و، جه‌ماوه‌ردا (STP, p. 184-186) و له وانه‌ی 12 و ١٩ـی مارسی ١٩٨٠ له وانه‌وتاری ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زیندووهكان (GV, p. 224-230 et 260-265)، به ورده‌كارییه‌كی زیاتره‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕێنماییی ویژدان له سه‌رده‌می كۆندا به به‌راورد به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ڕێنماییی مه‌سیحی شیكار ده‌كات. ئه‌و ئه‌م تێگه‌یه له كاتژمێری دووه‌می وانه‌كانی سێیه‌م و ده‌یه‌می مارسی 1982 له وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، دووباره ده‌خاته ڕوو (HS, p. 345-348 et 390-391).
[4]. communal life
[5]. Pytagoreans؛ قوتابخانه‌ی فیتاگۆرسییه‌كان له‌لایه‌ن فیتاگۆرسهوه (٥٨٢-٥٠٧) پ. ز، دامه‌زراوه. هه‌ندێك له مێژوونووسه‌كانی فه‌لسه‌فه له‌و باوه‌ڕه‌دان كه قوتایخانه‌ی فیتاگۆرسی یه‌كه‌مجار به هیچ شێوه‌یه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی نه‌بوو، به‌ڵكه له ڕاستیدا ئه‌نجومه‌نێكی ئه‌خلاقی و ئایینی یا ئه‌نجومه‌نی ڕیفۆرمخوازانی ئایینی بوو. فیتاگۆرسییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ئۆرفیوسیدا هه‌بوو، و له‌م كۆمه‌ڵه‌وه باوه‌ڕبوون به «دۆنادۆنی ڕۆح (تناسخ ارواح)»یان وه‌رگرت. كۆمه‌ڵه‌ی ئۆرفیوسی باوه‌ڕیان وابوو كه ڕزگاربوون له جه‌بری ژیان ده‌بێت له ڕێگه‌ی ڕێوڕه‌سمی سرووته ئایینییه‌كانه‌وه به ده‌ست بهێنرێت. فیتاگۆرسییه‌كان ئه‌م جۆره ڕێوڕه‌سمه ئایینیانه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام، به باوه‌ڕی ئه‌وان، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری به ده‌ست بهێنێت ده‌بێت كۆمه‌ك له توێژینه‌وه‌ی زانستی، په‌روه‌رده‌كردنی خود و تێڕامانی فه‌لسه‌فی وه‌ربگرێت. له دیدی فیتاگۆسییهكاندا، جه‌سته، زیندان و «ئارامگا»ـی نه‌فس/ڕۆحه، به‌ڵام مرۆڤ نابێت له ڕێگه‌ی خۆكوشتنه‌وه ده‌ستی بگاته ڕزگاری، چون «مرۆڤ موڵكی خودایه». به باوه‌ڕی ئه‌م فه‌یله‌سوفانه، جیهان له سه‌ره‌تادا پێكهاته‌یه‌كی شێواوی هه‌بووه، كه ئه‌وان به خائۆس [khaos] ناویان ده‌برد. خائۆس هه‌وێنێكی دیارینه‌كراو، شێواو و ناڕێكه، به‌ڵام له جووڵه‌ی خۆیدا ڕووه‌و كامڵبوون و په‌ره‌سه‌ندن، ده‌گۆڕێت بۆ كۆسمۆس [kosmos]. وشه‌ی كۆسمۆس ئاماژه‌یه به گونجاوبوون، هه‌ماهه‌نگی، ڕیزبه‌ندی، جوانی، ڕێكی و هتد. كۆسمۆس واته جیهانێكی دیاریكراو كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پره‌نسیپی یه‌كێتی. له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، فیتاگۆرسییه‌كان یه‌كه‌مین كه‌سانێك بوون كه ئه‌م دوو وشه‌یان بۆ وه‌سفكردنی جیهان به‌كار هێنا. (و. كوردی)
[6].Epicureans؛ قوتابخانه‌ی ئه‌پیكۆرییه‌كان، ئه‌پیكۆر (٣٤١-٢٨٠) پ. ز. له ساڵی ٣٠٦ پ. ز. دایمه‌زراندووه. ئه‌و قوتابخانه‌كه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ر له قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی دامه‌زراند. قوتابخانه‌ی ئه‌پیكۆر زیاتر له شه‌ش سه‌ده به‌رده‌وام بوو. ئه‌پیكۆر هه‌ر زوو ئاشنا ده‌بێت به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌تۆمیزمی دیمۆكریتس و ئه‌م ئاشنابوونه‌ش كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه‌ی. قوتابخانه‌ی ئه‌پیكۆری فه‌لسه‌فه‌ی سروشت و فه‌لسه‌فه‌ی لۆجیك ده‌كاته پاشكۆی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق. ئه‌ڵبه‌ته سوبێكتیڤیته‌ی توند یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی قوتابخانه فه‌لسه‌فییه پاش-ئهرستۆیییهكان، به ده‌ربڕینێك، هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئه‌ندێشه ده‌بنه پاشكۆی هه‌رێمی ئه‌خلاقی خود. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه فوکۆ له‌م وتارانه‌دا زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قوتابخانه پاش-ئهرستۆیییهكان. به باوه‌ڕی ئهپیكۆ- (ئه‌م گرفته، واته وابه‌سته‌بوون و وابه‌سته‌نه‌بوون بۆ فوکۆ گرنگه)- مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌خته‌وه‌ری نابێت وابه‌سته بێت به پرسه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه؛ مرۆڤ ده‌بێت له خودی خۆیدا بۆ به‌خته‌وه‌ری بگه‌ڕێت. مرۆڤی عه‌قڵمه‌ند ته‌نانه‌ت له ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا ده‌توانێت به‌خته‌وه‌ر بێت، چون له ئارامیی ناوه‌كیی ڕۆحی خۆیدا خاوه‌نی بهختهوهرییهكه كه له‌پێشتر و گرنگتره له هه‌ر ئازارێكی جه‌سته‌یی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، چێژه جه‌سته‌ییه‌كان نه قه‌ده‌غه ده‌كرێن و نه به كه‌م ته‌ماشا ده‌كرێن. مرۆڤی ژیر له هه‌موو شتێك چێژ ده‌بات. له نێوان هه‌موو چێژه عهقڵانییهكاندا، ئه‌پیكۆرییه‌كان، زۆرترین جه‌خت له‌سه‌ر «هاوڕێیه‌تی» ده‌كه‌نه‌وه. بۆ ئه‌پیكۆرییه‌كان، قوتابخانه، ته‌نها یه‌ك جڤاكی فه‌یله‌سوفه هاوده‌نگه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكه به پله‌ی یه‌كه‌م، یه‌ك «كۆمه‌ڵگه‌ی هاوڕێیان» بوو. (و. كوردی)
[7]. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌م خاڵانه، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 94-96 et 131-133. هه‌روه‌ها بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: F. Gros, dans HS, p. 141, n18.
[8]. فوکۆ چه‌ندین جار توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرداری دێرینی تاقیكردنه‌وه‌ی خود یا خود-هه‌ڵكۆڵین (و هه‌ڵكۆڵینی ویژدان) ئه‌نجام داوه. ئه‌و له وانه‌ی ١٢ـی مارسی ١٩٨٠ له وانه‌وتاری ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زیندووهكان، پاش ورده‌كارییه‌كی زۆر ده‌رباره‌ی كرداری ڕێنماییی ویژدان له سه‌رده‌می كۆندا و جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێنمایی ویژدان له مه‌سیحییه‌تدا، ده‌په‌رژێته سه‌ر تێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی یۆنانی-ڕۆمیی ویژدان وه‌ك «بڕگه‌ی بنچینه‌یی و بنه‌ڕه‌تی» له ته‌كنیكه دێرینه‌كانی ڕێنماییدا؛ و ئه‌م تێگه‌یه له ئه‌ندێشه‌ی فیساگۆرسییه‌كان و ڕهواقییهكانی سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی ڕۆمدا (سێنیكا و ئه‌پیكته‌تۆس) توێژینه‌وه ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 23. له به‌رامبه‌ردا، له وانه‌ی ٢٩ـی نیسانی ١٩٨١ له وانه‌وتاری لۆوڤه‌ین، ڕێكیی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به پێچه‌وانه‌یه: فوکۆ ڕاسته‌وخۆ گرفتی «هه‌قیقه‌ت گوتن ده‌رباره‌ی خود له سه‌رده‌می دێرینی بتپه‌رستیدا» ده‌خاته ڕوو، و ئه‌م گرفته له ناخی كرداره ئایینییه جه‌ماوه‌رییه‌كان و له ئایینه ڕۆژههڵاتیییهكان و هه‌روه‌ها له ئه‌ندێشه‌ی فیساگۆرسییه‌كان و سێنیكادا شیكار ده‌كات. و ته‌نها دوای ئه‌م شیكارییهیه كه تێگه‌ی «دانپێدانان بۆ ئه‌وی تر» ده‌هێنێته پێشه‌وه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 91-97. له كاتژمێر دووه‌می وانه‌ی ٢٤ـی مارسی ١٩٨٢، به‌ستێنی ئه‌م باسه دووباره جیاوازه، و پاش تێڕامانی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر شه‌ڕانگێزییه‌كان و تێڕامان له‌سه‌ر مه‌رگ، هه‌ڵكۆڵینی دێرینی ویژدان وه‌ك یه‌كێك له «تاقیكردنه‌وه‌كانی خود وه‌ك سوژه‌ی هه‌قیقه‌ت» توێژینه‌وه ده‌كرێت. لێره‌دا فوکۆ به‌ر له هه‌موو شتێك پشت به هه‌ڵكۆڵینی فیساگۆرسی و دواتر پشت به هه‌ڵكۆڵینی سپێدهدهمیی له ئه‌ندێشه‌ی ماركۆس ئۆرلیۆس و دواجار به هه‌ڵكۆڵینی شه‌وانه‌یی له ئه‌ندێشه‌ی سێنیكا و ئهپیكتهتۆسدا ده‌به‌ستێت. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 444-445, 460-465. دواتر فوکۆ له سیمینارێكدا له زانكۆی ڤێرمۆنت [به ناونیشانی «ته‌كنیكه‌كانی خود»]، هه‌ڵكۆڵینی ڕه‌واقیی ویژدان له‌ناو تێڕامانێك له‌سه‌ر «كولتووری بێده‌نگی» و «هونه‌ری بیستن» له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریی [ڕۆمدا] ده‌خاته ڕوو [بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: «ته‌كنیكه‌كانی خود» له: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه، ل. ٥٢٥-٥٣٢]، له كاتێكدا كه له وتارێكی 1983دایه كه زیاتر له‌ژێر ڕۆشنایی پرسیاری نووسراو وه‌ك ڕاهێنان و هونه‌ری خود كه تێگه‌ی هه‌ڵكۆڵینی ویژدان، به تایبه‌ت له ئه‌ندێشه‌ی سێنیكا و ماركۆس ئۆرلیۆسدا، ده‌خاته ڕوو: «وا ده‌رده‌كه‌وێت […] له یه‌ك په‌یوه‌ندیی نامه گۆڕینه‌وه‌دا- و دواجار بۆ ده‌رخستنی خود له به‌رده‌م نیگای ئه‌وی تردایه- كه هه‌ڵكۆڵینی ویژدان وه‌ك چیرۆكێكی نووسراوی خود شێوه‌به‌ندی كراوه.» بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: میشێل فوکۆ، «نووسراوی خود» له DE II, n329, p. 1247-1249. دواجار، بۆ باسێك ده‌رباره‌ی هه‌ڵكۆڵینی ویژدان له زه‌مینه‌ی «په‌روه‌رده‌كردنی خود»دا، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: SS, p. 65-66, 77-79.
[9]. Stoics؛ زینۆن [Zeno] (336-264) پ. ز، خه‌ڵكی قوبرس، دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی ڕهواقییه. ئه‌و له ئه‌سینا، له‌ژێر ده‌ستی كراتس [Crates]ـی سهگڕهفتار، ستیلپۆ [Stilpo]ـی مهگاری و پۆلیمۆ [Polemo]ـی ئه‌ندامانی ئه‌كادیمی، وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی خوێند. دوای ئه‌وه‌ی زینۆن خۆی ده‌كوژێت، كلیانتیس [Cleanthes] و خرۆسیپۆس [Chrysippus] وه‌ك ڕابه‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی، شوێنی ئه‌و ده‌گرنه‌وه. خرۆسیپۆس فێرخوازێكی كۆڵنه‌ده‌ر و مرۆڤێكی پڕكار بوو؛ وه‌ك هه‌ندێك مێژوونووسی فه‌لسه‌فه ده‌ڵێن، زیاتر له حه‌وت سه‌د كتێبی نووسیوه به‌ڵام هه‌موویان له‌ناو چوون. خرۆسیپۆس ئه‌گه‌ر چی دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی نییه، به‌ڵام به یه‌كێك له ئهستوونگه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م قوتابخانه‌یه داده‌نرێت. قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی هه‌واداری زۆری بۆ خۆی ڕ‌اكێشا و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده نه‌ك ته‌نها له یۆنان، به‌ڵكه له ڕۆما گرنگی زۆری پێ درا، شوێنێك كه بیرمه‌ندترین نووسه‌ری وه‌ك ماركۆس ئۆرلیۆس، سێنیكا و ئه‌پیكته‌تۆس له په‌یڕه‌وكارانی ئه‌م قوتابخانه‌یه بوون. قوتابخانه‌ی ڕه‌واقی له بنچینه‌دا یه‌ك سیسته‌می ئه‌خلاقییه كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به هۆی لۆجیكه‌وه وه‌ك تیۆریی میتۆد، به‌ره‌و پێش ده‌چێت و له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سروشت وه‌ك بنه‌ڕه‌ت دامه‌زراوه. تیۆریی ئه‌خلاقیی ڕه‌واقییه‌كان له‌سه‌ر دوو پره‌نسیپ وه‌ستاوه: یه‌كه‌م، جیهان به یاسایه‌كی ڕه‌ها به‌ڕێوه ده‌چێت كه هیچ حاڵه‌تێكی ڕیزپه‌ڕ قبووڵ ناكات؛ و دووه‌م، سرووشتی جه‌وهه‌ریی مرۆڤ، عه‌قڵه. ئه‌م دوو پره‌نسیپه له ڕێسای ئه‌خلاقیی ناوداری ڕه‌واقییه‌كاندا كورت كراوه‌ته‌وه: «به‌پێی سرووشت ژیان بژی.» به باوه‌ڕی ڕه‌واقییه‌كان، فه‌زیله‌ت، ژیانكردنه به‌پێی عه‌قڵ؛ ئه‌خلاق، تاكه كرده‌یه‌كی عه‌قڵانییه. به‌خته‌وه‌ری ته‌نها له فهزیلهتدایه. مرۆڤ نه‌ك له‌به‌ر چێژ، به‌ڵكه له‌به‌ر ئه‌رك ده‌بێت فهزیلهتمهند بێت. ڕه‌نگه شایسته‌ی ڕه‌واقییه‌كان له‌وه‌دا بێت كه له سه‌رده‌می وێرانبووندا، پابه‌ند بوون به ئه‌ندێشه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه. (و. كوردی)
[10]. مه‌به‌ست له كۆینتوس سكستیوس[Quintus Sextius]ـی باوكه، فه‌یله‌سوفی ڕۆمیی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می به‌ر له زایین كه باوه‌ڕێكی فیساگۆرسیی نوێ و ڕه‌واقی هه‌بوو، سێنیكا لێره‌دا قسه له‌سه‌ر كۆینتوس ده‌كات. پاپیریۆس فابیانوس و سوتیون په‌یڕه‌وكاره‌كانی سكستیوسن و سێنیكا له سه‌رده‌می لاوی‌دا له‌م دووانه‌وه فێر بووه. له: De Ira, III, 36, I, op. cit., p. 102
[11]. Epictetus؛ فه‌سله‌سوفی یۆنانیی سه‌ده‌ی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی دووه‌می زاینی، و یه‌كێك له نوێنه‌ره‌كانی ئه‌خلاقی ڕه‌واقی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه به فه‌یله‌سوفی ڕه‌واقی ناسراوه. ئه‌پیكته‌تۆس به‌شێك له ژیانی خۆی وه‌ك كۆیله له ده‌رباره‌ی ئیمپراتۆر نیرۆندا به‌سه‌ر بردووه. و هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو لای مۆسۆنیۆس ڕوفۆس، فه‌یله‌سوف و سیناتۆری ڕۆمی كه له شاری ڕۆح وانه‌ی ده‌وته‌وه، خوێندوویه‌تی. ئه‌پیكته‌تۆس دوای ئه‌وه‌ی كه ئازاد ده‌بێت، خۆی ده‌ست ده‌كات به وانه وتنه‌وه و پاشان قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به خۆی له شاری نیكۆپۆلیس داده‌مه‌زرێنێت و تا كۆتایی ته‌مه‌نی، نزیك به ساڵی ١٣٥ ز، سه‌رقاڵی فێركردن و وانه وتنه‌وه ده‌بێت له قوتابخانه‌كه‌یدا. كه‌ڵكه‌ڵه‌ی بنچینه‌یی ئه‌پیكته‌تۆس له ئه‌خلاقی ڕهواقییانهی خۆیدا بریتییه له: شه‌رافه‌تمه‌ندی، باڵاده‌ستبوون یا سه‌روه‌ری به‌سه‌ر خوددا و ئازادیی كه‌سی. (و. كوردی)
[12]. M. Aurelius؛ ئۆرلیۆس ئیمپراتۆر و فه‌یله‌سوفی ڕه‌واقی بوو، ئه‌و له ساڵی ١٢١ز له‌دایك بوو و له ١٦١ز بووه ئیمپراتۆر و تا كۆتایی ته‌مه‌نی واته ١٨٠ز حوكمڕانی كرد. ئه‌و كتێبه‌ی كه ناوبانگی پێ به‌خشی، كتێبی تێڕامانه‌كان بوو؛ جگه له‌مه‌ش هه‌ندێك له نامه تایبه‌ته‌كانی، به تایبه‌ت بۆ مامۆستاكه‌ی و بۆ هاوڕێ دێرینه‌كه‌ی فرۆنتۆن، ماونه‌ته‌وه. ئۆلیۆس، له تێڕامانهكاندا، ستایشی ڕوستیكۆس، ئامامۆستا و هاوڕێ ڕهواقییكهی، ده‌كات به‌وه‌ی كه هانی داوه نووسراوه‌كانی ئهپیكتهتۆسی فه‌یله‌سوف بخوێنێته‌وه. و له نامه‌یه‌كیدا بۆ فرۆنتۆن، كه له نێوان ساڵانی ١٤٥ و ١٤٧ نووسراوه، ده‌ڵێت كه نووسراوێكی ئاریستۆ [Aresto]ی ڕه‌واقی خوێندووته‌وه و شادییه‌كی قووڵی له فێركارییه‌كانی ئه‌و ده‌ست كه‌وتووه. جگه له ئه‌پیكته‌تۆس و ئهپیكۆ، ئۆرلیۆس نووسراوه‌كانی هه‌ریه‌ك له ئانتیستنس، خروسیپوس، دیمۆكریتس، ئۆرپیدس، هۆمیرۆس، ئه‌فڵاتونی خوێندووه‌ته‌وه. (و. كوردی)
[13]. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌م باره‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 94.
[14]. administrative
[15]. judicial
[16]. sageحكیم:
[17]. present
[18]. actions and reactions
[19]. attitude
[20]. فوکۆ به تێروته‌سه‌لی ئه‌م ڕاهێنانانه له وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، به تایبه‌ت له وانه‌كانی سێیه‌م و بیست و چواره‌می مارسی ١٩٨٢دا، توێژینه‌وه ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 338-351, 444-454, 457-464.
[21]. Subjective data
[22]. Gallien, Traité des passions de l’âme et de ses erreures, trad. Fr. R. Van Der Elst, paris, Delagrave, 1914.
فوکۆ به تێروته‌سه‌لی نامیلكه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی ڕۆحی گالین له سه‌ره‌تای كاتژمێری دووه‌می وانه‌ی ١٠ـی مارسی ١٩٨٢ له وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا شیكار ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 378-382. هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: M. Foucault, La Parrêssia, Anabases, n16, 2012, p. 170-173 et SS, p. 72.
[23]. Plutarque, Des progrès dans la vertu, 81 f-82 A, dans CEuvres morales, t. II-I, paris, Les Belles Lettres, 2003, p. 178.
«له‌نێوان ئه‌و مرۆڤانه‌دا كه پێویستیان به چاودێریی پزیشكییه كه‌سانێك كه به هۆی ژانی ددانه‌وه یا ژانی پشته‌وه ئازار ده‌كێشن ده‌ستبه‌جێ خۆیان ده‌خه ژێر چاودێریی پزیشكییه‌وه؛ كه‌سانێك كه تایان هه‌یه ده‌یانبه‌نه سه‌ردانی پزیشك و داوای هاوكاریی له پزیشك ده‌كه‌ن؛ به‌ڵام كه‌سانێك كه تووشی خه‌مۆكی، شێتی یا وڕێنه ده‌بن ته‌نانه‌ت ناهێڵن پزیشكه‌كان بیانبینن؛ ئه‌م كه‌سانه پزیشكه‌كان له خۆیان دوور ده‌خه‌نه‌وه یا لێیان هه‌ڵدێن و ترسناكیی نه‌خۆشییه‌كه‌یان ته‌نانه‌ت ڕێگری ئه‌وه‌یه كه تێبگه‌ن نه‌خۆشن. به‌م شێوه‌یه، له پێڕی ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه له هه‌ڵه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. كه‌سانێكی چاره‌سه‌رنه‌كراو هه‌ن كه خه‌سڵه‌تێكی به توندی دوژمنانه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و تاكانه‌دا هه‌یه كه هه‌ڵه‌كانی خۆیان نیشانی ئه‌وان ده‌ده‌ن یا ئه‌وانه سه‌رزه‌نشت ده‌كه‌ن و ئه‌مانه به توندوتیژی دوور ده‌خه‌نه‌وه. و له به‌رامبه‌ردا، كه‌سانێك هه‌ن كه ڕه‌فتارێكی نه‌رمتریان هه‌یه و ئه‌م جۆره كه‌سانه په‌سه‌ند ده‌كه‌ن و ڕێگه ده‌ده‌ن نزیكیان بكه‌ونه‌وه. هه‌ندێكجار، كاتێك كه له هه‌ڵه‌داین سپاردنی خۆمان به ده‌ست كه‌سانێك كه ناچارمان ده‌كه‌ن ئه‌م هه‌ڵه‌یه په‌سه‌ند بكه‌ین، گوتنی ئه‌و شته‌ی كه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین به ئه‌وان، ئاشكراكردنی ئه‌و شته‌ی كه خراپه‌یه له ئێمه‌دا بۆ ئه‌وان، شاد و دڵخۆشنه‌بوون له‌مه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان ئه‌م هه‌ڵه‌یه ببینن، خۆشحاڵنه‌بوون له‌مه‌ی كه هیچ كه‌س نازانێت به ههڵهبوونمان، به‌ڵكه دانپێدانان به هه‌ڵه‌دا و هه‌ستكردن به پێویستبوون به یه‌ك مرۆڤ كه وه‌ك مامۆستا به‌شداری بكات و لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌موو ئه‌مانه ناتوانن نیشانه‌یه‌كی بێنرخی و بێبههاییی پێشكه‌وتن بێت.»
[24]. Sénèque, De la tranquillité de l’âme, 1, 2, dans dialogues, t. IV, op. cit., p. 71.
بۆ ڕاڤه‌كانی تری فوکۆ ده‌رباره‌ی ئارامیی ڕۆح، به‌رهه‌می سێنیكا، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
GV, p. 235; MFDV, p. 97-101; HS, p. 86, 126-129, 150-151; fearless Speech, op. cit., p. 150-160.
[25]. existence
[26]. Cf. Sénèque, De la tranquillité de l’âme, I, 5-15, op. cit., p. 72-74.
[27]. concupiscensia
[28]. تێگه‌ی «هه‌قیقه‌ت وه‌ك هێز» له ئه‌ندێشه‌ی فوکۆدا به دڵنیاییه‌وه تێگه‌یه‌كی تازه نییه. بۆ نموونه، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
LVS, p. 71-74, 81-84; II faut défender la société. Cours au College de France, 1975-1976, éd. M. Bertani et A. Fontana, paris, Seuil-Gallimard, 1997, p. 45-46; GV, p. 37-38, 98-99 ; MFDV, p. 17.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌م تێگه‌یه لێره‌دا له زمانێكی جیاوازدا و له چوارچێوه‌یه‌كی تازه‌دا ده‌خرێته ڕوو و توێژینه‌وه ده‌كرێت، و ده‌ستبه‌جێ له وانه‌وتاری ڕیازه‌ت [askêsis] له سه‌رده‌می كۆندا، فوکۆ وه‌ك یه‌ك «كرداری هه‌قیقه‌ت» وه‌سفی ده‌كات، واته كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ڕاهێنانگهلێك كه ئامانجه‌كه‌یان بریتییه له «چاككردنی بوونی سوژه» و پێكهێنانی سوژه «وه‌ك ئامانجی كۆتایی بۆ خودی خۆی له ڕێگه‌ی هه‌قیقه‌ته‌وه و به ڕاهێنانی هه‌قیقه‌ت». ئه‌و له‌م وانه‌وتاره‌دا ده‌ڵێت كه ئه‌گه‌رچی ده‌بێت «ئه‌م هه‌قیقه‌ته كاریگه‌ریی بخاته سه‌ر سوژه»، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا (جیاواز له مه‌سیحییه‌ت) گرفت ئه‌مه نییه «كه سوژه بگۆڕێت بۆ ئۆبژه‌ی گوتاری هه‌قیقه‌ت». تێگه‌ی paraskeuê]ئاماده‌سازی، ته‌یاركردن[ به ڕاستی هه‌ر ئه‌مه‌یه: فوکۆ ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ئامانجی ڕیازه‌ت له سه‌رده‌می كۆندا ته‌یاركردن و ئاماده‌سازیی سوژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانێت هه‌مان سات وه‌ڵامی ڕووداوه‌كانی ژیان بداته‌وه، و ئه‌م ته‌یاركردنه له لایه‌ن logoi[گوتاره‌كان]ـه‌وه پێك هێنراوه، گوتارگه‌لێك كه له ڕاستیدا «ئه‌و نهخشهبهندییانهن كه كرده ده‌چێنن و به‌ها و كارایی خه‌سڵه‌تی چاندنیان به جۆرێكه كه له ساتی حزووریانهوه- حزوور له سه‌ر و ئه‌ندێشه و دڵ و جه‌سته‌ی كه‌سێكدا كه ئه‌و گوتارانه‌ی له به‌رده‌ستدایه- تاك به چه‌شنێكی خودكار كرده ده‌نوێنێت. وه‌ك بڵێی كه ئه‌م logoi[گوتاره‌كان]ن كه به‌ره به‌ره به پێكهێنانی جه‌سته، عه‌قڵ، ئازادی و ویستی تاك، بۆ ئه‌و تاكه قسه ده‌كه‌ن تا هه‌م پێی بڵێن كه چ كارێك ده‌بێت ئه‌نجام بدات هه‌م ئه‌و شته‌ی زه‌روورییه به‌رمه‌بنای شێوازی عه‌قڵانییه‌تی زه‌رووری به ڕاستی ئه‌نجام بدات». به‌م شێوه‌یه، فوکۆ ئاكامگیری ده‌كات كه askêsis[ڕیازه‌ت] له سه‌رده‌می كۆندا «گوتنی هه‌قیقه‌ت ده‌گۆڕێت بۆ یه‌ك شێوازی بوونی سوژه»: مانا و كاركردی بنچینه‌یی ڕیازه‌ت دابینكردنی «سوبێكتیڤبوونی گوتاری هه‌قیقه‌ت»ـه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 233, 303-313 et 316؛ [هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وتاری «ته‌كنیكه‌كانی خود» له: م. فوکۆ، شانۆی فه‌لسه‌فه، ل. 532-534]؛ و
»L’écriture de soi«, art. Cit., p. 1238; »L’éthique du souci de soi comme pratique de la libérté«, enttretien cit., p. 1532.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، جێی خۆیه‌تی جه‌خت بكه‌ینه‌وه كه له ته‌واوی ئه‌م ده‌قانه‌دا تێگه‌ی «هه‌قیقه‌ت وه‌ك هێز» ئیتر نابینرێت.
[29]. پییه‌ر ئادۆ، له كتێبه‌كه‌یدا به ناونیشانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن چییه؟، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سێنیكا له پێشوتاری كتێبی ئارامیی ڕۆح‌دا وته‌یه‌ك له هاوڕێكه‌ی، واته له سێرینوسهوه ده‌گوازێته‌وه كه، به باوه‌ڕی ئادۆ، جۆرێكه له دانپێدانان: «كاتێك كه به باشی ده‌ڕوانمه خۆم كۆمه‌ڵێك كه‌میی ئاشكرا له خۆمدا ده‌دۆزمه‌وه كه ده‌توانم به په‌نجه‌كانم له‌مسیان بكه‌م، خهوشگهلێكی ترم هه‌یه كه له شوێنه قووڵه‌كاندا شاراونه‌ته‌وه، دواجار كۆمه‌ڵێك كه‌موكورتی كه هه‌میشه‌یی نین، به‌ڵكه جار جار ده‌رده‌كه‌ون… حاڵه‌تێك كه زۆربه‌ی جار ده‌مخاته سه‌رسوڕمانه‌وه (ده‌سا بۆچی له به‌رامبه‌ر تۆدا هه‌روه‌ك لای پزیشك دانپێدانان به‌جێ نه‌هێنم!) ئه‌مه‌یه كه نه به ڕاستی له ترس و نه‌فره‌تی ڕابردوو ڕزگارم بووه و نه هێشتا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ترس و نه‌فره‌تی ڕابردوودام.» وه‌ك ده‌بینین، سێرینوس ته‌واوی گومان و خهوشهكانی خۆی بۆ سێنیكا ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه ئامانجی سێنیكا نییه؛ چون ئه‌و ده‌یه‌وێت چاكه له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌یدا بكات. كاتێك مرۆڤ ده‌یه‌وێت چاكه له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا بكات، نییه‌تی چاكه‌كردن ته‌نها له حاڵه‌تێكدا پاكه كه خۆبه‌خۆ ناهۆشیار بێت. چاكه‌كاری ڕاستهقیته كه‌سێكه كه خۆی نازانێت چی ده‌كات. چاكه‌كار به نائاگایانه چاكه ده‌كات. لێره‌دا پارادۆكس ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی: ویستی چاكه‌كردن ئه‌وه‌نده تونده كه ویستن له‌ناو ده‌بات. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: فلسفه باستانی چیست؟پییر أدو، ترجمهی دكتر عباس باقری، ص 282. (و. كوردی)
[30]. correspondence to reality؛ هاوتابوون له‌گه‌ڵ واقیعییه‌ت.
[31]. Point of attraction
[32]. فوکۆ له یاداشتێكدا كه بۆ پێشه‌كیی «فوکۆ» له فه‌رهه‌نگنامه‌ی فه‌یله‌سوفان ده‌ینووسێت، «گه‌مه‌كانی هه‌قیقه‌ت» وه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی «ڕێساكان» وه‌سف ده‌كات «كه [به‌پێی ئه‌م ڕێسایانه] ئه‌وه‌ی كه سوژه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌توانێت ده‌رباره‌ی شتگه‌لێكی دیاریكراو بیڵێت به‌ستراوه به پرسیاری هه‌قیقه‌ت و درۆوه». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: M. Foucault, Foucault, dans DE II, n345, p. 1452.
هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
M. Foucault, »L’éthique du souci de soi comme pratique de la libérté«, entretien cit., p. 1544.
له وانه‌وتاری ١٩٧٩-١٩٨٠ له كۆلێژ دو فڕانس، چه‌مكه‌كانی «گه‌مه» و به تایبه‌ت «سیسته‌می هه‌قیقه‌ت» گرنگییه‌كی كاربڕ و یه‌كلاكه‌ره‌وه وه‌رده‌گرن، چون فوکۆ له ڕێگه‌ی ئه‌م چهمكانهوهیه كه مه‌سیحییه‌تی سه‌ده یه‌كه‌مینه‌كان شیكار ده‌كات. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 81-84, 99. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی كه فوکۆ له‌وه به‌دواوه وه‌ك مه‌به‌ستی «سیسته‌می هه‌قیقه‌ت» ڕه‌چاوی ده‌كات، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 91-99. له به‌رامبه‌ردا، بۆ یه‌كه‌مین پێناسه‌یی جیاوازی «سیسته‌می هه‌قیقه‌ت»، بڕوانن بۆ:
M. Foucault, »La function politique de l’intellectuel«, dans DE II, n184, p. 112.
له كۆتاییدا، بۆ شیكارییه‌كی دانپێدانان وه‌ك كرده‌ی گوته‌یی و «سیمای تا ڕاده‌یه‌ك بێگانه‌ی گه‌مه‌كانی زمان»، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 4-10.
[33]. فوکۆ پێشتر له وتاری Le savoir d’CEdipe[مه‌عریفه‌تی ئۆدیپۆس] له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كه دوو جار له ١٩٧٢ پێشكه‌شی كرد، ده‌رباره‌ی gnôme قسه ده‌كات؛ له ڕاستیدا له CEdipe roi]شا ئۆدیپۆس[ به‌رهه‌می سۆفۆكلیسدا gnôme و technéخه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تیی مه‌عریفه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئۆدیپۆسه، چون به هۆی ئه‌م gnômeـه‌وه‌یه كه ئۆدیپۆس ڕایده‌گه‌یێنێت كه مه‌ته‌ڵی سفینكسی ئاشكرا كردووه. كه‌واته فوکۆ ڕوونی ده‌كاته‌وه كه gnôme جیاكار و جیاوازه له شێوازێكی مه‌عریفه‌ت كه فێربوونی شتێكه له كه‌سێكه‌وه؛ به پێچه‌وانه، gnôme مهعریفهتێكه كه «هیچ شتێك له هیچ كه‌سێك فێر نابێت». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
M. Foucault, »Le savoir d’CEdipe«, dans LVC, p. 239-240.
هه‌روه‌ها، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
M. Foucault, »La vérté et les formes juridiques«, conférences cit., p. 1434.
فوکۆ له وانه‌ی ٢٣ـی ژانویه‌ی ١٩٨٠ له وانه‌وتاری ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی زیندووهكان، به تێروته‌سه‌لییه‌كی زیاتره‌وه و هه‌میشه له زه‌مینه‌ی خوێندنه‌وه‌ی شا ئۆدیپۆسدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م تێگه‌یه: gnôme واته «عه‌قیده، ڕا، شێوه‌ی بیركردنه‌وه، ڕێگه‌ی قه‌زاوه‌تكردن»، جیاواز له مه‌عریفه‌تێكی به‌ده‌ستهێنراو پاش گه‌ڕان یا دۆزینه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ت. به ده‌ربڕینێكی وردتر، «gnôme وشه‌یه‌كی ته‌كنیكییه كه به‌شێكه له زمانی سیاسی-یاسایی یۆنان له سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا»، و ئاماژه‌یه به عه‌قیده‌یه‌ك كه هاووڵاتی ناچار ده‌بێت له ڕه‌وتی یه‌ك ڕاپرسیی سیاسی‌دا یا یه‌ك داوای یاساییدا ده‌ری ببڕێت. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: GV, p. 55 et 66. ده‌رباره‌ی ئه‌م تێگانه و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ڕه‌خساوی ئه‌م وتانه‌ی فوکۆ، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ:
J.-P. Vernant et P. Vidal-Naquet, Mythe et tragédie en Grèce ancienne, paris, F. Maspero, 1972 ; repris dans J.-P. Vernant, CEvres, religions, rationalités, politiques, paris, Seuil, 2007, t. I, p. 1102, 1147, 1156, 1160.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له‌م وتارانه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه فوکۆ ڕاڤه‌یه‌كی جیاوازی gnôme پێشكه‌ش ده‌كات: «یه‌كێتیی ویست و مه‌عریفه» له هه‌مان كاتدا «یه‌ك بڕگه‌ی كورتی گوتار كه له ڕێگه‌یه‌وه هه‌قیقه‌ت به هێزی خۆیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و له ڕۆحی خه‌ڵكیدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت». به ڕێگه‌یه‌كی هاوشێوه فوکۆ له وانه‌ی ٦ـی مارسی ١٩٨١ له وانه‌وتاری لۆوڤه‌ین، وشه‌ی gnôme (له زه‌مینه‌ی ڕێنمایی ویژدان له سه‌رده‌می كۆندا) ده‌خاته ڕوو، و ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌م وشه‌یه هه‌م ئاماژه‌یه به مه‌عریفه هه‌م به ده‌ستوور، هه‌م به هه‌قیقه‌ت هه‌م به ڕێسا. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: MFDV, p. 130. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه له وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، هه‌رچه‌نده وشه‌ی gnôme به‌كار نه‌هاتووه، به‌ڵام ده‌توانین گومان بكه‌ین كه ئه‌م وشه‌یه جێی مه‌به‌سته ئه‌ویش كاتێك كه فوکۆ له كاتژمێری یه‌كه‌می وانه‌ی ١٧ـی شوباتی ١٩٨٢ ده‌رباره‌ی «ڕاسپارده دراوه‌كان به مامۆستا له كاتی یه‌كه‌مین وانه‌كان بۆ لوسیلیوس» قسه ده‌كات، و سێنیكا تێیدا ڕاهێنانی چاودێری و قووڵبوونه‌وه به لوسیلیوس ڕاده‌سپێرێت و ئه‌م ڕاهێنانه «له ڕێگه‌ی ڕێگایه‌كی كولتورییه‌وه كه مه‌عریفه‌ت به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌به‌رچاو ده‌گرێت ئه‌نجام نادرێت»، به‌ڵكه زیاتر «به‌پێی ته‌كنیكێكی ئێجگار كۆنی یۆنانی»یه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، «به ده‌ستپێكردن له ئه‌حكامه‌كان، به ده‌ستپێكردن له پێشنیارگهلێك كه هه‌م ده‌ربڕینی هه‌قیقه‌تن هه‌م ده‌ركردنی حوكمه‌كان، هه‌م ئاشكراكردن یا ڕاگه‌یاندن هه‌م حوكم». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 250.
[34]. gnômaiكۆی gnômeیه كه به مانای بڕگه‌ی كورتی گوتار یا ڕسته‌ی كورتیش دێت.
[35]. gnomic self
[36]. the Christian technology of the self
[37]. به باوه‌ڕی فوکۆ، مه‌سیحییه‌ت «میراتگر»ـی چه‌ند ته‌كنیكێكی «خود»ـه كه فه‌یله‌سوفه‌كانی سه‌رده‌می كۆن ئه‌م تهكنیكانهیان ڕێك و ڕه‌نگڕێژ كردبوون، به‌ڵام مه‌سیحییه‌ت ئه‌م تهكنیكانه له چوارچێوه‌یه‌كی جیاوازدا جێ ده‌كاته‌وه، چوارچێوه‌یه‌ك كه شێوازه نوێیه‌كانی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و فۆرمه تازه‌كانی ده‌ركێشانی هه‌قیقه‌ت[له سوژه‌وه] نیشان ده‌دات. كه‌واته له‌م زه‌مینه‌یه‌دا، ته‌كنیكه‌كانی خود له ڕاستیدا كاریگه‌رییه‌كانی سوبێكتیڤبوون وه‌رده‌گرن كه جیاوازه له ته‌كنیكه‌كانی سه‌رده‌می كۆن، چون سوژه‌یه‌ك ده‌ڕه‌خسێنن كه «تواناییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی شیكاریی ده‌ناسێنرێن و ده‌ستنیشان ده‌كرێن، سوژه‌یه‌ك كه له تۆڕه به‌یه‌كه‌وه‌لكاو و به‌رده‌وامه‌كانی گوێڕایه‌ڵیدا ده‌كرێته سوژه‌ی ملپێكهچكراو، سوژه‌یه‌ك كه به ده‌ركێشانی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی كه ده‌سه‌پێنرێت به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌بێته سوژه». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: STP, p. 188.
[38]. the act of persuasion
[39]. self-observation
[40]. self-interpretation
[41]. self-hermeneutics
[42]. فوکۆ له دووه‌مین كاتژمێری وانه‌ی ٢٤ـی مارسی ١٩٨٢ له وانه‌وتاری هێرمنۆتیكی سوژه‌دا، ده‌ڵێت كه ڕیازه‌تی فه‌لسه‌فی «به هیچ شێوه‌یه‌ك له جۆری زوهدی مه‌سیحی نییه، زوهدێك كه كاركرده‌كه‌ی له بنچینه‌دا ئه‌مه‌یه كه دیاری بكات چاوپۆشیكردنه زه‌روورییه‌كان كه ده‌بێت ڕێنمایی بكرێن بۆ پنتی كۆتایی چاوپۆشیكردن له خود و خۆگرتنه‌وه له نه‌فس به ڕیز كامانه‌ن». به پێچه‌وانه‌وه، ڕیازه‌تی فه‌لسه‌فی «یه‌ك ڕێگه‌ی تایبه‌تی پێكهێنانی سوژه‌ی مه‌عریفه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه وه‌ك سوژه‌ی كرده‌ی درووست»، سوژه‌یه‌ك كه «خۆی پێك ده‌هێنێت له‌ناو یه‌ك جیهاندا یا خۆی به هاوبه‌سته و هاوژینی یه‌ك جیهان [نیشان ده‌دات]، جیهانێك كه وه‌ك یه‌ك ئه‌زموون [test] ده‌رك ده‌كرێت، ده‌ناسرێته‌وه و پڕاكتیك ده‌كرێت». بگه‌ڕێنه‌وه بۆ: HS, p. 465.
[43]genealogy of the modern self