کرۆکی ئەندێشەی سارتەر لە فەلسەفی بوونخوازیدا
قوتابخانەی ئێگزیستانسیالیزم یان بوونخوازی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی سەرەکی لە قوتابخانەکانی پێش خۆی جیا دەکرێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی قوتابخانەکە، بڕینی سنووری فەلسەفە و دزەکردنێتی بە ناو جیهانی ئەدەبدا. بوونخوازی ڕەنگە تاکە قوتابخانەیەکی فەلسەفی بێت کە لە ئاستێکی باڵادا بە ناو ئەدەبیاتدا ڕۆ چووە و زۆر بەوردی تیۆرەکانی تێدا بەرجەستە کراوە. لەناو فەیلەسووفەکانی ئەم قوتابخانەیەدا ژان پۆل سارتەر سنووری نێوان ئەدەبیات و فەلسەفەی گەیاندە یەکتر و هەموو بیرۆکە فەلسەفییەکانی لە بەرگی ڕۆمان و چیرۆکی درێژ و شانۆنامەدا، داڕشتەوە. خاڵێکی تری ئەم قوتابخانەیە نزیک کردنەوەی فەلسەفەیە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا، بە جۆرێک کە لە هەوڵدا بووە کێشە فەلسەفییەکانی مرۆڤ وڵام بداتەوە. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین فەلسەفەی بوونخوازی بەرپەرچدانەوەیەک بوو لە دژی فەلسەفەکانی پێش خۆی، کە لە واقیع و ژیانی مرۆڤدا دوور کەوتبوونەوە و لەناو کۆمەڵێک چەمکی ئەبستراکدا گیریان خواردبوو.1نوالی، محمود (١٣٧٤)، فلسفەهای اگزیستانس و اگزیستانسیالیسم تطبیقی، تبریز، انتشارات دانشگاە تبریز، ص٢٢. ئەم قوتابخانەیە کە ژان پۆل سارتەر دەستێکی سەرەکی لە سەرخستنیدا هەبوو، دەرکەوت تا پێداچوونەوە بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە بکات، کە لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆناندا گەڵاڵە کرابوو. چ شتێک واتا بە ژیانمان دەبەخشێت؟ ژیانی مرۆڤ ئامانجێکی تایبەتی هەیە؟ مرۆڤ پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجەدا بجەنگێت؟ مرۆڤ بە چ مەبەستێک لەم جیهانە پووچەدا دەژیت؟
بابەتی بوون و ماهیەتی مرۆڤ بە درێژاییی میژووی فەلسەفە، جێگەی مشتومڕ بووە. لە فەلسەفەی یۆنانییەکاندا ئەفڵاتوون و ئەرستۆ لەو باوەڕەدا بوون، کە مرۆڤ سروشت و ماهیەتی تایبەت بە خۆی هەیە و پێش لە لەدایکبوونی خۆی بەسەردا سەپاندووە. واتا مرۆڤ چارەنووسێکی پێشوەختەی بۆ دیاری کراوە 2ژان پۆل، سارتەر، بوون و نەبوون، وەرگێرانی د. محەمد کەمال، سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١١، ص ٢٣. هەڵبەت ئەم بابەتە لە پەراوێزی ئەم کتێبەدا ئاماژەی پێکراوە و ڕوونکردنەوەی وەرگێڕە. لە سەرچاوە سەرکییەکەدا تەنیا ئاماژەی بە وشەی لاتینی خوارەوە کراوە:ontingentiamundi واتا بوونی هەرشتێک بەندە بە بوونی شتێکی ترەوە:Sartre-Jean-Paul, L’être et le néan, Essai d’ontologie phénoménologique, ÉDITION CORRIGÉE AVEC INDEX PAR A RLETTE ELKAÏM-SARTRE, Éditions Gallimard, 1943. و، کاتێک کە لەدایک دەبێت پێویستە بەدوای ئەو چارەنووسەدا بگەرێت و خۆی تێدا بدۆزێتەوە. ئەرکی مرۆڤ لە ژیاندا تەنیا دۆزینەوەی ماهیەتی خۆیەتی و پێویستە پێوەی پابەند بێت. بە بڕوای ئەفلاتوون مەرج نییە هەموو کەسێک لە ژیاندا بتوانێت ئەو ماهیەتە بدۆزێتەوە کە بۆی دیاری کراوە، بەڵام باشترین مرۆڤەکان، ئەو کەسانەن کە بەدوای ئەو خەونە دەکەون کە پێشتر بۆیان دەستنیشان کراوە. بە زمانێکی سادەتر دەکرێن بڵێین کەسێک پێش لەدایکبوونی بڕیاری لەسەر دراوە ببێت بە موزیکژەن، کاتێک کە لەدایک دەبێت پێویستە خۆی لەو حەز و ئارەزووە یان ئەو پیشەیە بدۆزێتەوە کە بۆی دیاری کراوە. ئەگەر کەسانێک دەبینی کە لە پیشەکەیان یان ژیانیان ناڕازین هۆکارەکەی ئەمەیە کە ماهیەتی ڕاستەقینەی خۆیان نەدۆزیوەتەوە. ئەم جۆرە بیرکردنەوانە کە (ماهیەتی مرۆڤ پێش لەدایکبوونی دەکەوێت) بە درێژاییی ساڵانێکی زۆر نەک هەر ڕەت نەکرایەوە، بگرە لەلایەن کۆمەڵێک لایەنی ترەوە پەرەی زیاتری پێدراوە. سەرەکیترین لایەنگرانیشی ئایینە ئاسمانییەکانن. ئەوان لەو باوەڕەدان کە خودا دەستی لە چارەنووسی مرۆڤدا هەیە و بەبێ ئیزنی ئەو تەنانەت گەڵای دارێکیش ناکەوێت.
لە سەدەی نۆزدە بابەتی بوون و ماهیەتی مرۆڤ لەلایەن فەیلەسووفانی وەک نیچە و سورێن کێرکەگارد باس کراوە و لە سەدەی بیستەمیشدا بابەتی بوون و ماهیەتی مرۆڤ جارێکی تر لەلایەن فەیلەسووفانی وەک هایدێگەر و و ژان پۆل سارتەر، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە ورووژێنرایەوە. لەناو ئەم فەیلەسوفانەدا ژان پۆل سارتەر زۆر بە ڕاشکاوی تێڕوانینی ماهیەتی پێشوەختەی مرۆڤی ڕەت کردەوە. سارتەر دەڵێت؛ ماهیەتی مرۆڤ ناکەوێتە پێش بوونیەوە، بەڵکقو بە پێچەوانەوە (بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش ماهیەتییەوە)3احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، چاپ پنجم، تهران، نشر مرکز،١٣٨٣.. ئەم وتەیەی سارتەر کە کرۆکی فەلسەفەکەی لەخۆ گرتووە، دواجار بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی فەلسەفی بوونخوازی جێگیر دەکرێت. سارتەر دەڵێت مرۆڤ لە سەرەتادا لەدایک دەبێت، واتا تەنیا گۆشت و دەمار و خوێنە. دواتر لە ڕێگەی کردارەکانیدا ماهیەتێک بۆ خۆی دیاری دەکات و هەموو شتێک لەدەست خۆیەتی. هیچ هێزێکی دەرەکی، چارەنووس و ماهیەت بۆ مرۆڤ دیاری ناکات. مرۆڤ لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆی دروست دەکات. فەیلەسووفەکانی قوتابخانەی بوونخوازی جارێکی تر پرسیارە چەقبەستووەکانی سەردەمی فەلسەفەی یۆنانی کۆن گەڵاڵە دەکەنەوە. چ شتێک واتا بە ژیانمان دەبەخشێت؟ ژیانی مرۆڤ ئامانجێکی تایبەتی هەیە؟ مرۆڤ پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجەدا بجەنگێت؟ مرۆڤ بە چ مەبەستێک لەم جیهانە پووچەدا دەژیت؟
لەناو فەیلەسووفە بوونخوازەکاندا کەسانێک وەک سارتەر کە باوەڕیان بە هیچ هێزێکی دەرەکی نییە، چارەنووسی مرۆڤ دیاری بکات یان کاریگەری لەسەر ژیانیدا هەبێت، بێ باوەڕی خۆیان بە ئاشکرا ڕاگەیاند. بەڵام لە ناویشاندا کەسانێکی وەک سورێن کێرکەگارد،4بابائی، پرویز (١٣٨٦)،مکتب های فلسفی از دوران باستان تا امروز، تهران، مؤسسەی انتشارات نگاە، ص٦٥٥. باوەڕیان بە هێزێکی دەرەکی لە سەروو دەسەڵاتی مرۆڤدا هەبوو. لێرەدا ئەگەرچی ئەم بابەتە بە خاڵی ناکۆکی ئەم دوو ڕەوتەی ناو فەلسەفەی بوونخوازی هەژمار دەکرێت، بەڵام هەر دوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ژیان ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراوی نییە. واتا کەسێکی وەک کێرکەگارد ئەگەرچی کەسێکی خوداباوەڕە، بەڵام لەو باوەڕەدا نییە، کە خوا بۆ تاک بە تاکی مرۆڤەکان بە پلانێکی پێشوەختە، داهاتوویانی لە لەوحێکدا نووسی بێتەوە و یان ژیانی بە ئامانج و مەبەستێکی تایبەتی ئەفراندبێت. ئەم خاڵە، کە ژیان ئامانج و مەبەستێکی تایبەتی لەپشت نییە، تەواوی فەیلەسووفەکانی قوتابخانەی بوونخوازی کۆ دەکاتەوە. هەر بەم هۆیەشە، کە زۆر جار فەلسەفەی بوونخوازی ڕووبەرووی ئەو تۆمەتانە دەبێتەوە کە ژیان بە تاریک و ڕەش دەبینێت و پڕە لە بێهیوایی.
بێهیوایی، نالۆژیکی، بێمانایی و پووچی، کە لە فەلسەفەی بوونخوازیدا چەمکی (Absurd)ــی لە بەرانبەردا بەکار هاتووە، باس و خواستی زۆربەی فەیلەسووفەکانی ئەم قوتابخانەیە بووە. پووچی یان (ئەبسێرد) واتا دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە مرۆڤ بە دوایاندا دەگرێت، بەڵام لە جیهانێکدا، کە خۆی هیچ واتایەکی نییە. واتا مرۆڤ بە دوای واتای ژیاندا دەگەرێت لە جیهانێکی بێواتادا. رۆڵی سارتەر لێرەدا زیاتر بەرجەستە دەبێت، کە مەبەستیەتی فەلسەفەکەی لەم قەیرانە ڕزگار بکات و لە هەناوی ئەو پووچییەدا شتێک هەڵبهێنجێت. بە بڕوای سارتەر مرۆڤ کاتێک دەتوانێت خۆی لەم بێمانایییەی ژیاندا ڕزگار بکات، کە باوەڕی بە ئازادیی خۆی هەبێت و خۆی داهاتووەکەی بنیات بنێـت. من دەتوانم کۆمەڵێک بەرنامە و پلانی تایبەت بە خۆمم هەبێت و پەیڕەویان بکەم یان دەتوانم قوتابخانەیەکی ئەخلاقی بۆ خۆم دابڕێژم و لە سەری برۆم. هیچ کەسێک لەو پێگەیەدا نییە کە بتوانێت ڕێگەی ڕاستت نیشان بدات. تەنیا خۆتی کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ڕێگەی خۆت دەستنیشان دەکەیت. هاورێ و خزم و دۆست و تەنانەت دایک و باوکیشت مافی ئەوەیان نییە کە ڕێگر بن لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی تۆدا، چونکە ئەوانیش پێشتر لە هەمان دۆخی تۆدا بوون. جگە لە خۆت، کەس ناتوانێت بڵێت هەڵبژاردن و شێوازی ژیانی تۆ هەڵەیە. مرۆڤ دواجار لە ڕێگەی تاقیکردنەوەوە، ئەو شێوازە ژیانە دەدۆزێتەوە، کە تیدا ئاسودەیە. بە دەستی خۆت داهاتووی خۆت دروست بکە و بگە بەو ئامانجەی، کە وێنات کردووە. سارتەر بۆ زیاتر خستنەڕووی ئەم بابەتە نمونەیەک دەهێنێتەوە،5سارتر، ژان پل، اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، ترجمە دکتر مصطفی رحیمی، چاپ هشتم، تهران، انتشارات مروارید، ١٣٦١. ص٣٨-٣٧. لە سەردەمی داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن نازییەکانەوە لە ساڵی (١٩٤٠)دا، قوتابییەکی دەکەوێتە نێوان دوو جۆرە هەڵبژاردنەوە. لە لایەک برایەکی لەم شەڕەدا کوژراوە و خەریکە وڵاتیان داگیر دەکرێت، لە لایەکی تر دایکێکی پیر و نەخۆشی لە ماڵەوەدا هەیە، کە جەرگی سووتاوە. ئەو نازانێت بچێتە پاڵ سوپای فەڕەنسا و تۆڵەی برایەکەی بکاتەوە یان لە ماڵەوە بمێنێتەوە ئاگای لە دایکە پیرەکەی بێت. سارتەر دەڵێت ئەم قوتابییە پرسیاری لە زۆر کەس دەکرد، تا ڕێگە ڕاستەکەی پێ نیشان بدەن، بەڵام وڵامێکی ڕاستی دەست نەدەکەوت. سارتەر پێی وایە، جگە لە خۆی کەسی تر نەیدەتوانی وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. دواجار ئەوە خودی خۆیەتی کە پێویستە هەڵبژاردنێک ئەنجام بدات. لێرەدا نە ئایین و نە ئەخلاق ناتوانن ڕێگە گونجاوەکەی بۆ دیاری بکەن. تۆ ئازادی کەواتە خۆت هەڵی بژێرە. کەس ناتوانێت سەرکۆنەی تۆ بکات کە کام ڕێگەیە هەڵدەبژێریت، چونکە بارودۆخی تۆ لەو ساتەدا ئەمە دەخوازێت.
لە کۆتاییی باسەکەدا زۆر بە کورتی دەکرێت ئاماژە بە دوو بیرۆکەی ناکۆک و دژ بە یەک بکەین. بیرۆکەیەک کە لە سەردەمی فەلسەفی کۆنی یۆنانەوە تا دەگاتە، ئایینە ئاسمانییەکان و تەنانەت ئەم سەردەمەش، پێیان وایە کە ژیانی مرۆڤ بە مەبەست و ئامانجێکی تایبەت ئەفرێندراوە و پڕە لە واتا و ئەرکی مرۆڤ تەنیا دۆزینەوەی واتا ڕاستەقینەکەیە. لایەنێکی تر کە پێک دێت لە فەیلەسووفەکانی بوونخوازی و لە ناویشاندا ژان پۆل سارتەر پێی وایە، کە ژیان هیچ مانا و ئامانج و مەبەستێکی تایبەتی لەپشت نییە و مرۆڤ پێویستە خۆی واتای بۆ دروست بکات. دروستکردنی واتای ڕاستەقینەی ژیان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانییەوە دەبێت و ئازادە چ جۆرە ژیانێک هەڵدەبژێرێت. مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە بوونی دەکەوێتە پێش ماهیەتییەوە، ئەمەش کرۆکی فەلسەفەی سارتەرە لە قوتابخانەی بوونخوازییدا.
پەراوێزەکان
- 1نوالی، محمود (١٣٧٤)، فلسفەهای اگزیستانس و اگزیستانسیالیسم تطبیقی، تبریز، انتشارات دانشگاە تبریز، ص٢٢.
- 2ژان پۆل، سارتەر، بوون و نەبوون، وەرگێرانی د. محەمد کەمال، سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠١١، ص ٢٣. هەڵبەت ئەم بابەتە لە پەراوێزی ئەم کتێبەدا ئاماژەی پێکراوە و ڕوونکردنەوەی وەرگێڕە. لە سەرچاوە سەرکییەکەدا تەنیا ئاماژەی بە وشەی لاتینی خوارەوە کراوە:ontingentiamundi واتا بوونی هەرشتێک بەندە بە بوونی شتێکی ترەوە:Sartre-Jean-Paul, L’être et le néan, Essai d’ontologie phénoménologique, ÉDITION CORRIGÉE AVEC INDEX PAR A RLETTE ELKAÏM-SARTRE, Éditions Gallimard, 1943.
- 3احمدی، بابک، سارتر کە می نوشت، چاپ پنجم، تهران، نشر مرکز،١٣٨٣.
- 4بابائی، پرویز (١٣٨٦)،مکتب های فلسفی از دوران باستان تا امروز، تهران، مؤسسەی انتشارات نگاە، ص٦٥٥.
- 5سارتر، ژان پل، اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، ترجمە دکتر مصطفی رحیمی، چاپ هشتم، تهران، انتشارات مروارید، ١٣٦١. ص٣٨-٣٧.