ئێمەی پەنابەران:
لەودیو مافەکانی مرۆڤەوە
١. لە ساڵی ١٩٤٣، لە وەرزنامەیەکی بچکۆلەی جووەکاندا، جۆرنالی مینۆرا، هانا ئارنت وتارێک بە ناوی «ئێمەی پەنابەر» بڵاو دەکاتەوە. لەم وتارە کورت، بەڵام زۆر گرنگەدا، دوای کێشانی پۆرترێتی کێشەسازی بەڕێز کۆهن، جوویەکی تواوە، کە ١٥٠٪ ئەڵمانی، ١٥٠٪ ڤییەننایی و ١٥٠٪ فەڕەنسی بووە بەڵام لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی تاڵ بۆی دەردەکەوێت کە «بەخت دووجار لە دەرگات نادات» (on ne parvient pas deux fois)، ئارنت بەردەوام بارودۆخی پەنابەر و کەسی بێوڵات شی دەکاتەوە – ئەو دۆخەی خۆشی تێیدا دەژیا – تا بتوانێت ئەم هەلومەرجە وەک پارادایمی وشیارییەکی نوێی مێژوویی پیشان بدات. پەنابەر کە هەموو مافەکانی لەدەست داوە، بەڵام نایەوێت بە هەر نرخێک بێت لەنێو شووناسێکی نوێی نەتەوەییدا بتوێتەوە، تا بە ڕوونی بیر لە هەلومەرجی خۆی بکاتەوە، لە بەرانبەردا بە نەخوازراوییەکی دیار و بەرجەستە دەگات، بە دەستکەوتێکی بێ ئەژمار: «بۆ ئەوان مێژوو چیتر کتێبێکی داخراو نییە و سیاسەت چیتر ئیمتیازی ناجووەکان نییە. ئەوان دەزانن لەیاسادەرکردنی جووەکانی ئەوروپا بەنزیکەیی لەیاسادەرکردنی زۆربەی گەلانی ئەوروپی بەدوودا هاتووە. ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەردەپەڕێنرێن، پێشڕەوایەتیی خەڵکانی خۆیان دەکەن – تەنها ئەگەر شووناسیان بپارێزن».
زۆر گرنگە لە مانای ئەم شیکارییە ورد ببینەوە، کە ئەمڕۆ، دەقاودەق پەنجا ساڵ دوای نووسینی وتارەکە [ئەم وتارەی ئاگامبێن ١٩٩٣ نووسراوە-وەرگێڕ]، بە هیچ شێوەیەک هەنووکەییبوون و گرنگییەکەی لەدەست نەداوە. نەک تەنها کێشەکە بە هەمان لەناکاوبوونی خۆیەوە لە ئەوروپا و لە هەر شوێنێکی دیکەدا سەر هەڵدەدات، بەڵکوو هەروەها، لە سیاقی داوەشان و داڕمانی نەوەستاوی دەوڵەت-نەتەوە و تیاچوونی گشتیی کاتیگۆرییە نەریتییە یاسایی-سیاسییەکاندا، پەنابەر لەوانەیە تەنها کارەکتەری بیرلێکراوەی خەڵک بێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا. لانی کەم تا پرۆسەی داوەشانی دەوڵەت-نەتەوە و سەروەرییەکەی بەرەو کۆتایی هاتووە، پەنابەر تەنها کاتیگۆرییە، تێیدا دەکرێت بیر لە فۆرمەکان و سنوورەکانی کۆمەڵێکی سیاسیی داهاتوو بکەینەوە. لە ڕاستیدا، ڕەنگە ئەگەر بمانەوێت بەرانبەر بە ئەرکە بەڕەهایی تازەکان یەکسان بین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، ئەوا دەبێت بەبێ دوودڵی واز لەو چەمکە بنچینەیییانە بهێنین کە تێیاندا ئێمە تا ئێستا بکەرە سیاسییەکانمان نواندوونەتەوە (مرۆڤ و هاووڵاتییان بە مافەکانیانەوە، بەڵام هەروەها خەڵکانی حاکم، کرێکاران و هتد) و دامەزراندنەوەی دەستپێکی فەلسەفەی سیاسیمان لەگەڵ ئەم بکەرە تازەیەدا [پەنابەر].
٢. یەکەم دەرکەوتنی پەنابەران وەک دیاردەیەکی فراوانی جەماوەری لە کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕوو دەدات، کاتێک ئیمپراتۆرییەکانی ڕووسیا، نەمسا-هەنگاریا و عوسمانی یەک دوای یەک دەکەون و نەزمێکی نوێ لە ڕێگەی پەیماننامەکانی ئاشتییەوە دروست دەکرێت، بەقووڵی پێکهاتەی دیمۆگرافی و قەڵەمڕەوێتیی ئەوروپای ناوەندی و خۆرهەڵاتی دەهەژێنێت. لە میانەیەکی زۆر کورتدا، یەک ملیۆن و نیو ڕووسی، حەوت سەد هەزار ئەرمەنی، پێنج سەد هەزار بولگاری، ملیۆنێک یۆنانی، و سەدان هەزار ئەڵمانی، هەنگاری و ڕۆمانی، وڵاتەکانیان جێدەهێڵن و بەرەو شوێنە جۆراوجۆرەکان دەڕۆن. دەبێت ئەو هەلومەرجە قورس و سەختەش بخرێتە سەر ئەم جەماوەرە جووڵاوە، و ئەمەش بەهۆی ئەو ڕاستییەوە دەردەکەوێت کە ئەو دەوڵەتە تازانەی لە ڕێگەی پەیماننامەکانی ئاشتییەوە لەسەر مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە دروست دەکرێن (وەک یوگسلاڤیا و چیکۆسلۆڤاکیا)، ٣٠٪ی دانیشتووان لەو کەمینانە پێکدێن کە دەبوو لە ڕێگەی زنجیرەیەک پەیماننامەی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێن (واتا ئەوەی پێی دەگوترێت پەیماننامەکانی کەمینە)، کە بەگشتی وەک یاسایەکی ناکارا و مردوو مایەوە. چەند ساڵێک دواتر، یاسا ڕەگەزییەکانی ئەڵمانیا و جەنگی ناوخۆیی لە ئیسپانیا بووە هۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێ و جەوهەریی پەنابەران لە سەرتاسەری ئەوروپادا.
ئێمە ڕاهاتووین جیاوازی لەنێوان خەڵکانی بێدەوڵەت و پەنابەراندا بکەین، بەڵام ئەم جیاکارییە، ئێستاش وەک ئەوسا، هێندە سانا نییە وەک لە نیگای یەکەمدا دەبینرێت. هەر لە سەرەتاوە، زۆرێک لە پەنابەران، ئەوانەی بە شێوەیەکی تەکنیکی بێدەوڵەت نەبوون، پێیان باشتر بوو ببنە بێدەوڵەت نەک ئەوەی بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان (ئەمەش نموونەی جووە پۆڵەندی و ڕۆمانییەکانە کە لە کۆتاییی جەنگدا لە فەڕەنسا یان ئەڵمانیا بوون، یاخود ئەمڕۆ قوربانیانی ڕاوەدوونان و ئازاردانی سیاسی و هەروەها ئەوانەی گەڕانەوە بۆ نیشتمانی خۆیان بە مانای نەمان دێت بۆیان). لە لاکەی دیکەوە، پەنابەرانی ڕووسی، ئەرمەنی و هەنگاری لەناکاو و بەخێرایی لەلایەن حکوومەتەکانی سۆڤێت یان تورکیا و هتدەوە لە نەتەوە داماڵران. گرنگە تێبینیی ئەوە بکەین کە بە دەستپێکردن لەگەڵ سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، زۆربەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەستیان کرد بە دانانی کۆمەڵێک یاسای نوێ کە ڕێگەی پێدەدان هاووڵاتییانی خۆیان لە هاونیشتمانی و نەتەوە دابماڵن. لە ١٩١٥دا یەکەم وڵات فەڕەنسا بوو بەو هاووڵاتییانەوە دەستی پێ کرد کە ڕیشە و ڕەچەڵەکی «دوژمن»یان هەبوو؛ لە ١٩٢٢دا نموونەی بەلجیکای بەدوادا هات کە بووە هۆی ڕەتکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بەو کەسانەی لە سەردەمی جەنگدا چالاکیی «دژە-نەتەوەیی»یان ئەنجام دابوو؛ لە ١٩٢٦دا ڕژێمی فاشیستی لە ئیتاڵیا یاسایەکی هاوشێوەی دانا پەیوەندی بەو هاووڵاتییانەوە هەبوو کە وا دەردەکەوتن «شایستەی هاووڵاتیبوونی ئیتاڵی نەبن»؛ لە ١٩٣٣دا ئێستا نۆرەی نەمسا بوو، و هتد، تا ساڵی ١٩٣٥ و یاساکانی نۆرمبێرگ هاووڵاتییانی ئەڵمانی دابەش کردە سەر هاووڵاتییانی تەواوەتی و ئەو هاووڵاتییانەی مافی سیاسییان نییە. ئەم یاسایانە – و ئەو جەماوەرە بێدەوڵەتەی بەهۆی ئەم یاسایانەوە دروست بوون – نیشانەیە لەسەر خاڵێکی وەرچەرخانی بنچینەییی ناو ژیانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن و ڕزگاربوونە یەکلاکەرەوەکەی لە چەمکە ساکار و کاڵفامەکانی وەک «خەڵک» و «هاووڵاتی».
ئێرە شوێنی پێداچوونەوە بە مێژووی بەرپرسیارێتی و کۆمسیۆنە جۆراوجۆرە نێونەتەوەیییەکان نییە کە بە هۆیەوە دەوڵەتان، کۆمەڵەی گەلان و پاشان نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیان دا دەستەوپەنجە لەگەڵ کێشەی پەنابەران نەرم بکەن– لە نووسینگەی نانزنەوە بۆ پەنابەرانی ڕووسی و ئەرمەنی (١٩٢١) تا کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی ئەڵمانی (١٩٣٦)، کۆمیتەی نێو-حکومی بۆ پەنابەران (١٩٣٨)، و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٤٦) تا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران (١٩٥١) – کە چالاکییەکانی بەگوێرەی پێگەکەی، تەنها خەسڵەتێکی «مرۆیی و کۆمەڵایەتی» هەیە نەک سیاسی. خاڵی بنچینەییی ئەوەیە کە هەر کاتێک پەنابەران چیتر حاڵەتە تاک و تەراکان نین، بەڵکوو دیاردەیەکی جەماوەریین (وەک لەنێوان دوو جەنگەکاندا ڕوویان داوە و ئێستاش ڕوو دەدەنەوە)، هەم ئەم ڕێکخراوانە و هەم هەر دەوڵەتێک، سەرەڕای بانگەوازی هەمیشەیییان بۆ پێشێلنەکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەوەیان سەلماندووە کە بەڕەهایی بێتوانان نەک تەنها لە چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵکوو هەروەها بەسانایی توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشەکە بە شێوەیەکی گونجاویش نییە. بەم شێوەیە سەرتاپای پرسەکە گواسترایەوە نێو دەستەکانی پۆلیس و ڕێکخراوە مرۆیییەکانەوە.
٣. هۆکارەکانی ئەم بێتوانایی و پەککەوتوویییە تەنها لە خۆ-پەرستی و کوێری ئامێرە بیرۆکراتییەکاندا نییە، بەڵکوو هەروەها لەنێو خودی ئەو چەمکە بنچینەیییانەشدا ڕیشەی داکوتاوە کە نەزم و شێوازی دانیشتووانی خۆجێیی (واتا ژیان) لەنێو نەزمی یاساییی دەوڵەت-نەتەوەدا ڕێک دەخەن. هانا ئارنت بەشی پێنجەمی کتێبەکەی دەربارەی ئیمپریالیزم، کە بۆ کێشەی پەنابەران تەرخان کراوە، ناو دەنێت «داڕمانی دەوڵەت-نەتەوە و کۆتاییی مافەکانی مرۆڤ». ئەم داڕشتنە – کە بە شێوەیەکی لێکدانەبڕاو بەستراوەتەوە بە چارەنووسی مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرنەوە، وەک کۆتاییی دووەمیان بە زەرووری دەبێتە هۆی لەناوچوون و داڕمانی یەکەمیان – دەبێت زۆر بەجددی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەقاودەق ئەو کارەکتەرەی دەبوو ببێتە بەرجەستەبوونی مافەکانی مرۆڤ بە تەواوەتی، واتا پەنابەران، کەچی قەیرانی ڕادیکاڵی ئەم چەمکە پێک دەهێنێت. ئارنت دەنووسێت «چەمکی مافەکانی مرۆڤ کە لەسەر بوونی گریمانەکراوی مرۆڤ وەک گشت دامەزراوە، بەتەواوی دادەڕمێت هەر کە ئەوانەی بۆ یەکەمجار لە بەردەم مرۆڤەکاندا خۆیان بینییەوە بەڕاستی هەموو جۆرە چۆنایەتی و پەیوەندییەکی تایبەتمەندیان لەدەست داوە ئەوە نەبێت کە ببنە کۆمەڵە بوونەوەرێکی مرۆییی ڕووت». لەنێو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا- ئەوەی پێی دەگوترێت مافە پیرۆز و پێشێلنەکراوەکانی مرۆڤ ڕاستەوخۆ لەو ساتەدا بێتواناییی تەواوەتیی پارێزبەندی دەسەلمێنن، کە چیتر ناکرێت وەک مافەکانی هاووڵاتییانی دەوڵەت لە قەڵەم بدرێن. ئەمەش ئەو کاتە ڕوون دەبێتەوە ئەگەر بیر لە ناڕوونیی خودی ناوونیشانی جاڕنامەکەی ١٧٨٩ بکەینەوە، واتا جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییان، کە تێیدا ڕوون نییە ئایا هەردوو زاراوەکە ناون بۆ دوو واقیعییەت یاخود لە بەرانبەردا «و»یک پێک دەهێنن کە تێیدا زاراوەی دووەم، لە ڕاستیدا، هەر لە پێشەوە زاراوەی یەکەمی لەخۆیدا هەڵگرتووە.
ئەو ڕاستییەی کە بۆشایی/فەزایەکی سەربەخۆ لەناوەوەی نەزمی سیاسیی دەوڵەت-نەتەوەدا بۆ شتێکی وەک مرۆڤی پەتی لەخودی خۆیدا بوونی نییە، لانی کەم ئەو ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە، کە تەنانەت لە باشترین حاڵەتەکانیشدا، پێگەی پەنابەران هەمیشە وەک پێگە و هەلومەرجێکی کاتی لە قەڵەم دەدرێت کە دەبێت یان ببێتە هۆی هاووڵاتیبوون یان ڕەوانەکردنەوە بۆ وڵاتی یەکەم. پێگەیەکی هەمیشەییی مرۆڤ لەخودی خۆیدا لەنێو یاسای دەوڵەت-نەتەوەدا مەحاڵە بیریشی لێ بکرێتەوە.
٤. ئێستا کاتی ئەوەیە چیتر سەیری جاڕنامەکانی مافی مرۆڤی ١٧٨٩ بۆ ئەمڕۆ نەکەین، وەک بڵێیت ئەو جاڕنامانە کۆمەڵە جاڕنامەیەکی بەها ئەبەدی و سەروو-قەزاییەکان بوون و یاسادانەران ناچار بکات ڕێزیان بگرن و و بەگوێرەی کارکردنە ڕاستەقینەکەیان لە دەوڵەتی مۆدێرندا بیانبینن. لە ڕاستیدا، مافەکانی مرۆڤ لەسەرووی هەموویەوە کارەکتەری بنچینەیی و سەرەکیی دانانی ژیانی سروشتیی ڕووت لەناو نەزمی یاسایی-سیاسیی دەوڵەت-نەتەوەدا پیشان دەدات. ئەو ژیانە ڕووتە (بوونەوەری مرۆیی) کە لە ڕژێمی کۆندا هی خودا بوو، و لە جیهانی کۆندا ئەو ژیانە (zoe) بەڕوونی جیاواز بوو لە ژیانی سیاسی (bios)، ئێستا شوێنی سەرەکی لە خەمی دەوڵەتدا دەگرێت و با بڵێین دەبێتە بناغەی بوونە زەوینییەکەی دەوڵەت. دەوڵەت-نەتەوە واتا دەوڵەتێک ڕەسەنبوون یان لەدایکبوون (واتا، ژیانی ڕووتی مرۆیی) دەکاتە بناغەی حاکمییەتەکەی خۆی. ئەمە (بەڕادەیەکی ڕوون) بریتییە لە مانای یەکەم سێ بڕگەی جاڕنامەکەی ١٧٨٩: تەنها لەبەر ئەوەی دەنووسێت ڕەهەندی دانیشتووانی بنچینەیی دەباتە ناو دڵی هەر یەکێتییەکی سیاسییەوە (بڕگەی ١ و ٢) ئەوا (لە بڕگەی ٣دا) دەتوانێت بە توندی پرەنسیپی حاکمییەت بە نەتەوەوە گرێ بداتەوە. لێرەدا وشەی سەرەکیی «natio» بەسادەیی بە مانای لەدایکبوون دێت. خەیاڵە ڕاشکاوەکە لێرەدا ئەوەیە کە لەدایکبوون ڕاستەوخۆ دەبێتە نەتەوە، بە جۆرێک کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەردوو ڕەهەندەکەدا بوونی نابێت. واتا مافەکان دەدرێنە پاڵ مرۆڤ تەنها بە ئاستێک کە ئەو مرۆڤە ڕاستەوخۆ لە پێشگریمانەکانی هاووڵاتیبوون لا دەبرێت (لە ڕاستیدا، هەرگیز نابێت بەسانایی وەک مرۆڤ دەربکەوێت).
کاتێک مافەکانی مرۆڤ چیتر مافەکانی هاووڵاتییان نەبن، ئەوا مرۆڤ بەڕاستی موقەدەسە، بەو مانایە کە ئەو زاراوەیە لە یاسای کۆنی ڕۆمانیدا هەیبوو: چارەنووسی مردنە.
٥. ئەگەر لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا پەنابەر نیشانەی ڕەهەندێکی وەها بێزارکەر بێت، ئەوا لەسەرووی هەموویەوە بەو هۆیەوەیە کە دابڕانی شووناس لەنێوان مرۆڤ و هاووڵاتی، لەنێوان دانیشتووان و نەتەوەیەتیدا ڕوو دەدات، پەنابەر فڕێ دەدرێتە نێو قەیرانی خەیاڵی ڕەسەنی حاکمییەتەوە. بە دڵنیایییەوە هەندێک ئاوارتەی تاقانە بۆ ئەم پرەنسیپە هەمیشە بوونیان هەبووە. تازەیەتیی سەردەمی ئێمە، کە هەڕەشە لە خودی بناغەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکات، ئەوەیە کە بەشە گەشەسەندووەکانی مرۆڤایەتی چیتر ناکرێت لە ناوەوەیدا پیشان بدرێنەوە و بنوێنرێنەوە. لەبەر ئەم هۆیە – واتا، تا ئەو شوێنەی پەنابەر بریتی بێت لە ترازاندنی سیانەی کۆنی دەوڵەت/نەتەوە/قەڵەمڕەو – ئەم کارەکتەرە بەڕواڵەت پەراوێزییە شایانی ئەوەیە وەک فیگەر و کارەکتەری سەرەکیی مێژووی سیاسیی ئێمە لە قەڵەم بدرێت. باش دەبێت ئەگەر لەبیری نەکەین کە یەکەم کەمپەکانی ئەوروپا وەک کۆمەڵە شوێنێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەنابەران بونیادنران، و پێشخستنیان – کەمپەکانی ڕاگرتن، کەمپەکانی کاری زۆرەملێ، کەمپەکانی قڕکردن – بە شێوەیەکی پێرفێکت و تەواو پەیوەندییە بنچینەیییەکە پیشان دەدەن. یەکێک لەو دەگمەن فرمانانەی نازییەکان بەوپەڕی ڕاستگۆیییەوە لە ڕەوتی «چارەسەری کۆتایی»دا تێبینییان دەکرد، ئەوە بوو کە تەنها دوای ئەوەی جووەکان و قەرەجەکان بەتەواوی لە نەتەوە داماڵران (تەنانەت دوای یاساکانی نۆرمبێرگ هاووڵاتیبوونی پلە دووشیان لێسەندرایەوە، کە پێشتر هەیانبوو) دەکرا بنێردرێنە ناو کەمپەکانی قڕکردنەوە. کاتێک مافەکانی مرۆڤ چیتر مافەکانی هاووڵاتییان نەبن، ئەوا مرۆڤ بەڕاستی موقەدەسە، بەو مانایە کە ئەو زاراوەیە لە یاسای کۆنی ڕۆمانیدا هەیبوو: چارەنووسی مردنە.
٦. زەروورە بە شێوەیەکی شێلگیرانە چەمکی پەنابەر لە «مافەکانی مرۆڤ» جیا بکەینەوە و بووەستین لەوەی مافی پەنابەربوون (کە هەرچۆنێک بێت توند بەستراوەتەوە بە یاسادانانی دەوڵەتە ئەوروپییەکانەوە) وەک کاتیگۆرییەکی چەمکسازییانە ببینین کە تێیدا دیاردەکە دەبێت نمایش بکرێت و پیشان بدرێت (بە وردبوونەوە لە کتێبە تازەکەی ئەگنێس هیلەر بە ناوی چەند تێزێک دەربارەی مافی پەنابەربوون – Tesi sui diritto d’asilo– ئەوە پیشان دەدات کە ئەمڕۆ ئەم چەمکە دەتوانێت تەنها سەرلێتێکچوونێکی هێڵنجهێنەری لێبکەوێتەوە). پەنابەر دەبێت وەک ئەو بوونە بیری لێ بکرێتەوە کە خۆیەتی، واتا، هیچ نییە جگە لە چەمکێکی سنوورنشین کە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ پرەنسیپەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەباتە ژێرپرسیارەوە و لە هەمان کاتدا یارمەتیی پاککردنەوەی مەیدانەکە دەدات بۆ نوێکردنەوەیەکی چیتر-ناقابیلی-دواخستنی کاتیگۆرییەکانی دیکە دەدات.
لەم میانەیەدا، دیاردەی ئەوەی پێی دەگووترێت کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو وڵاتانی کۆمەڵەی ئەوروپی وا دانراوە (و لە ساڵانی داهاتووشدا وا دادەنرێت ڕێژەیەکی ٢٠ ملیۆن کۆچبەر بۆ نێو وڵاتانی ئەوروپای ناوەندی بەخۆوە ببینێت) بەگشتی بە فراوانی نیشانە بێت بۆ ڕەوایەتیدان بەم شۆڕشەی بەردەممان. ئەوەی وڵاتانی پیشەسازیی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتییە لە جەماوەرێکی دانیشتووانی هەمیشەیییانە ناهاووڵاتییان، کە نە دەکرێت و نە دەویسترێت ببنە هاووڵاتی یاخود سنوورداش بکرێنەوە. بەگشتی ئەم ناهاووڵاتییانە خاوەن ناسیۆنالیتەیەکی بنچینەیی و یەکەمن، بەڵام تا ئەو شوێنەی پێیان باشە پارێزبەندیی دەوڵەتییان بەکار نەهێنن، ئەوا ئەوان هاوشێوەی پەنابەران «بەدیفاکتۆ خەڵکانی بێدەوڵەتن». تۆماس هامەر زاراوەیەکی نوێی بۆ ئەم دانیشتووانە ناهاووڵاتییانە داڕشتووە «denizens» [واتا هاووڵاتییانی ناهاووڵاتی-وەرگێڕ]، کە توانای ئەوەی هەیە دەریبخات چەمکی هاووڵاتی چیتر بەکەڵکی ئەوە نایەت گوزارشت لە واقیعییەتی کۆمەڵایەتی-سیاسیی دەوڵەتی مۆدێرن بکات. لەلاکەی دیکەوە، هاووڵاتییانی دەوڵەتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان (هەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەم ئەوروپا [هەڵبەت ئەم وتارەی ئاگامبێن لە ١٩٩٣دا نووسراوە، ئێستا لە باشوور، ئاسیای ناوەڕاست و دوور دەوڵەتی پیشەسازیی پێشکەوتوو سەریان هەڵداوە-وەرگێڕ]) بە بەجێهێشتنی ڕوولەهەڵکشاوی نموونە کۆدڕێژکراوەکانی بەشداری سیاسی، ئاراستەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانی خۆیان بۆ نێو «denizens» پیشان دەدەن، بۆ نێو خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پرەنسیپە ناسراوەی کە تێیدا توانەوەی بنچینەیی لە ئامادەییی جیاوازییە فۆرمالەکاندا دەبێتە هۆی هەڵکشانی ڕق و نالێبوردەیی، کاردانەوە دژە-بێگانەیییەکان و خۆڕێکخستن و جووڵە هێرشبەرییەکان.
٧. پێش ئەوەی کەمپەکانی قڕکردن لە ئەوروپا بکرێنەوە (کە پێشتر دەستی بە ڕوودانی کردبوو)، دەوڵەت-نەتەوەکان دەبوو ئازایەتیی ئەوەیان هەبێت خودی پرەنسیپی ڕێکخستنی دانیشتووان و سیانەییی دەوڵەت/نەتەوە/قەڵەمڕەو بخەنە ژێرپرسیارەوە. لێرەدا ئەوەندە بەسە ئاراستەیەکی گونجاو پیشان بدەین. وەک باش زانراوە، یەکێک لەو بژاردانەی بۆ ئۆرشەلیم بیری لێ دەکرایەوە، ئەوەیە شارەکە ببێتە پایتەختی دوو دەوڵەتی جیاواز، بە شێوەیەکی هاوکات و بەبێ دابەشبوونە قەڵەمڕەوییەکان. دۆخی پڕپارادۆکسی سەروو-قەڵەمڕەوێتیی دوولایەن (یاخود باشترە بڵێین نا-قەڵەمڕەوێتی) بەسانایی دەکرێت وەک مۆدێلێک بۆ پەیوەندییە نێونەتەوەیییە تازەکان بگشتێنرێت. لەجیاتی دوو دەوڵەتی نەتەوەیی کە سنوورە نادڵنیابەخش و هەڕەشەکارەکان لە یەکیان جیاکردوونەتەوە، دەکرێت بیر لە دوو کۆمەڵەی سیاسی بکرێتەوە کە لەنێو هەمان ناوچەدا نیشتەجێن و یەکێکیان بۆ نێو ئەوی دیکەیان کۆچ بکات، و بە زنجیرەیەک سەروو-قەڵەمڕەوێتیی دوولایەن لە یەکتر جیا کرابێتنەوە، کە تێیدا چەمکی ڕێنیشاندەر چیتر مافی هاووڵاتییان (ius) نا، بەڵکوو پەناگا و شوێنی پەنابۆبردن (refugium)ی تاک دەبێت. بە مانایەکی نزیک لەمە، دەتوانین ئەوروپا نەک وەک مەحاڵ بۆ «ئەوروپایەکی نەتەوەکان» ببینین، کە دەکرێت کارەساتەکەی لە سەرەتاوە لە مەودایەکی کەمدا ببینرێت، بەڵکوو وەک فەزایەکی نا-قەڵەمڕەو یان سەروو-قەڵەمڕەو ببینین کە تێیدا هەموو نیشتەجێیانی دەوڵەتە ئەوروپییەکان (هاووڵاتییان و ناهاووڵاتییان) لە پێگەیەکی دەرچوون یان پەنابۆبردندا بن، و پێگەی ئەوروپی بە مانای دەرچوون-و لەجووڵەدابوون-ی هاووڵاتی بێت (بە دڵنیایییەوە شتێکی مەحاڵ). فەزای ئەوروپی بۆیە درزێکی بێ پرد و دابڕاوی نێوان لەدایکبوون و نەتەوە پیشان دەدات، کە تێیدا چەمکی کۆنی خەڵک (وەک باش ناسراوە هەمیشە کەمینەیەک) دەتوانێت دووبارە مانایەکی سیاسی بە دژایەتیکردنی چەمکی نەتەوە، بەدەست بهێنێتەوە.
فەزای ئەوروپی بۆیە درزێکی بێ پرد و دابڕاوی نێوان لەدایکبوون و نەتەوە پیشان دەدات، کە تێیدا چەمکی کۆنی خەڵک دەتوانێت دووبارە مانایەکی سیاسی بە دژایەتیکردنی چەمکی نەتەوە، بەدەست بهێنێتەوە.
ئەم شوێن/فەزایە لەگەڵ هیچ قەڵەمڕەوێکی نەتەوەییی چوونییەکدا هەڵناکات، نە لەگەڵ لوتکە تۆپۆگرافییەکانیشیاندا، بەڵکوو دەبێتە جووڵەیەکی نێو ئەم قەڵەمڕەوانە، کۆمەڵێک چاڵیان تێدا دروست دەکات و بە شێوەیەکی تۆپۆگرافییانە وەک پاترییەکی لایدن لەنێو شریتێکی مۆبیوسدا دابەشیان دەکات، لەو شوێنەی تێیدا شتی ناوەکی و دەرەکی بە نەناسراوی دەمێننەوە. لەم فەزا تازەیەدا، شارە ئەوروپییەکان دەچنە نێو پەیوەندییەکی سەروو-هەرێمیی دوولایەنەوە، دووبارە توانا و ڕاژە و خزمەتی خۆیان وەک شەڕەکانی جیهان دەدۆزنەوە.
ئەمڕۆ، لەنێو جۆرێک خاکی نا-مرۆڤی نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا، چوار سەد و بیست و پێنج [هەزار] فەڵەستینی هەن کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلییەوە دەکراون. وەک هانا ئارنت دەڵێت، ئەو مرۆڤانە «پێشڕەوایەتیی خەڵکی خۆیان» دەکەن. بەڵام ئەمە بە زەرووری یان تەنها بەو مانایە نایەت کە ئەوان ناوکێکی بنچینەییی دەوڵەتێکی نەتەوەییی داهاتوو دروست دەکەن، کە بە ئەگەرێکەوە وەک چۆن ئیسرائیل نەیتوانیوە کێشەی جوو چارەسەر بکات، ئەم دەوڵەتەش بە هەمان شێوە ناتوانێت کێشەی فەڵەستینی چارەسەر بکات. بەڵکوو خاکی نا-مرۆڤ لەو شوێنەی پەناگایان دۆزیوەتەوە، کە کاردانەوە بووە لەلایەن قەڵەمڕەوی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، کۆمەڵێک چاڵ دروست دەکات و گۆڕانکارییەک بە شێوەیەک دروست دەکات کە وێنەی ئەو گردە بە بەفر داپۆشراوە زیاتر و زیاتر دەبێتە بەشێکی ناوەکیی ئەو قەڵەمڕەوە نەک هەرێمێکی دیکەی ئیسرائیل. تەنها لەنێو خاکێکدایە کە فەزاکانی دەوڵەتان کون کون دەبن و بە شێوەیەکی تۆپۆگرافی دادەڕنێت و هاووڵاتییان فێر دەبن بزانن پەنابەر کە خۆیان ئێستا ئەو پەنابەرەن، بریتییە لەو مرۆڤە بەجێماوە سیاسییەی ئەمڕۆ و ئەمەش شایانی بیرلێکردنەوە و پێشبینیکردنە.
سەرچاوەی وەرگێڕان:
Giorgio Agamben, We Refugees, Symposium: A Quarterly Journal in Modern Literatures, 1995, No.49:2, pp.114-119.
*ئەم وتارە لە زمانی ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی، بەڵام لەبەرئەوەی خۆی بە زمانی ئیتاڵیی نووسراوە، هەوڵمان داوە لەگەڵ دەقە ئەڵمانییەکەش بەراوردی بکەین، ئەگەرچی وەرگێڕی ئەڵمانی دوو بڕگەی دەقەکەی وەرنەگێڕاوە، ئەمەش دیارە پەیوەندی بە هەستیاریی پرسی جوو و ئیسرائیلەوە هەیە لەم وڵاتەدا
Giorgio Agamben: Wir Flüchtlinge, Jenseits der Menschenrechte, https://jungle.world/artikel/2001/27/jenseits-der-menschenrechte
*بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی هانا ئارنت، ئێمەی پەنابەر، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، بگەڕێنەوە بۆ:http://minervapubl.com/index.php/2022/06/26/post80-2/3160/admin/
بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەبارەت بە کەمپ لە ئایدیۆلۆژیای ئەوروپیی-ئەڵمانییدا، بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، ڕەچەڵەکناسیی کەمپ: لە کەمپی کۆڵۆنیالیزم-ئاوشڤیتزەوە بۆ کەمپی پەنابەران، پلاتفۆرمی مینێرڤا، سلێمانیی، ٢٠٢٢.