فرۆید وەک فەیلەسووف
پێش ئەوەی فرۆید بە باوکی دەروونشیکاری بناسرێت، سەرەتا نەریتی عەقڵانیی دیکارتی زاڵ و باوی دوالیزمی زەین و جەستەی لەناو برد.
زۆربەی خەڵک بیر لە سیگمۆند فرۆید دەکەنەوە وەک دەروونناسێک یان دەروونپزیشکێک. بەڵام ئەو هیچ کام لەمانە نەبوو. ئەو لە بواری دەمارزانی(نۆرۆلۆجی) خوێندی و بوارێکی نوێی بە ناوی “دەروونشیکاری Psychoanalysis ” بونیاد نا. بەڵام دەبێ فرۆید بە فەیلەسووف – و وەک کەسێکی ژیرمەند و قووڵ و پێشەنگ لەو بوارە-شدا دابنێین. هەروەک چۆن فەیلەسووفی زانست “کلارک گیلمۆر” لە ساڵی ١٩٩١دا ڕایگەیاند: “نووسراوەکانی فرۆید فەلسەفەیەک لە زەین لەخۆ دەگرن؛ لە ڕاستیدا فەلسەفەیەک لە زەین کە مامەڵە لەگەڵ چەندین بابەتی پەیوەست بە زەینەوە دەکات، کە ئەمرۆ بیرکردنەوەی فەیلەسوفانی بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و بووەتە هۆی نیگەرانیی دەروونناسەکان. بیرکردنەوەی فرۆید لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە فەلسەفەی زەین، باشترە لە زۆرێک لەو پرسانەیە کە لە فەلسەفەی هاوچەرخ لێیان دەکۆڵرێتەوە و هەندێک جار زۆر لەوەش باشترە.”
لە ڕاستیدا، مەحاڵە لە تیۆری فرۆید تێبگەین بەبێ ئەوەی لە ڕەوتە شاراوە فەلسەفییەکانی تێبگەین. دەشێت ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی زۆرێک لەو بۆچوونە بێڕێزییانەی کە سەبارەت بە فەلسەفە کە لە بەشێکی نووسین و نامەنووسی فرۆیددا دەردەکەون، سەیر دەربکەوێت. بەڵام لێکدانەوەی ئەم بۆچوونانە ئاسانە. پلار و تانە زارەکییەکانی فرۆید ئامانجیان فەلسەفە نییە. بەڵکوو ئامانجەکانی ئاراستەی جۆرێک فەلسەفەیە کە لە تەمەنی ئەودا زاڵ و باو بوو- فەلسەفەیەکی تیۆری کە بەبێ لێکۆڵینەوە زانستییەکانی جیهانی ماددییە کە زۆرجار پێی دەوترێت “میتافیزیک”؛ بابەتێک کە بە “سەرچاوەی کیشە و خراپ بەکارهێنانی بیرکردنەوە” ناوی بردووە. هەروەها دەڵێت: “زۆر چاک دەزانم کە ئەم شێوە بیرکردنەوە چەندە لە ژیان و لە کولتووری ئەڵمانیادا دوورم دەخاتەوە”.
بۆ تێگەیشتن لە مانای فەلسەفیی بیرکردنەوەی فرۆید، پێویستە لە چوارچێوەی مێژووییی خۆیدا لێی بکۆڵینەوە. فرۆید لە ساڵی ١٨٥٦ لە گوندێکی ئەو وڵاتەی کە ئێستا پێی دەوترێت کۆماری چیک لەدایک بوو، ناوی خۆی لە زانکۆی ڤیەنا کە ڕێک لە کاتێکدا کە زانستە زەینییەکان لە گەشەکردندا بوون، تۆمار کرد. هەرچەند فرۆید لە سەرەتادا بە مەبەستی دۆزینەوەی پیشەیەک لە سیاستەدا نیازی هەبوو لە بواری یاسادا بخوێنێ و، کەڵکەڵەی بیرۆکەی دکتۆرای هاوبەش لە هەر دوو بواری ئاژەڵناسی و فەلسەفەی لە مێشکدا بوو، بەڵام لە کۆتاییدا خۆی بۆ زانستی دەمارزانی یەکلایی کردەوە. فرۆیدی لاو لە کاتی چوونی بۆ ناو ئهم بواره لەو کاتەدا، خۆی نوقمی ژینگەیەکی هزریی دینامیکی و ورووژێنەری بێسنووردا کرد. بۆ توێژەرانی زانستی دەمار، تەحەدای زانستی ترسناک و دڵەکوتەهێنەری دۆزینەوەی چۆنیەتیی میکانیزمی کارکردنی مێشک (بەبێ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان کە ئەمڕۆ بەردەستن)، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدایەکی دیکەی فەلسەفی دژوار واتە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان شەپۆلی ئەلکترۆکیمیاییانەی کە بە تۆڕی زۆر ئاڵۆزی دەمارەکان تێدەپەڕێ و پێکهاتەی ئەزموونی ژیانی زەینی ئێمە- بیرکردنەوەکان، بەهاکان، لێکدانەوەکان و هەڵبژاردنەکانی ئێمە- ئاوێتە و پتەو بوو.
لە سەروبەندی ئەو سەردەمە کە نۆرۆلۆجی پێگەی زانستی بەرز بوویەوە، دەروونناسی وەک دیسیپلینێکی زانستی نوێ سەری هەڵدا (پێش نزیکەی ساڵی ١٨٧٩ دەروونناسی بە لقێکی فەلسەفە دادەنرا). هەروەها دەروونناسە بەرایییەکان ڕووبەڕووی کێشەیەکی فەلسەفی قووڵ بووبوونەوە، کە بێگومان کێشەیەکی میتۆدۆلۆژی بوو. چۆن لێکۆڵینەوەی زانستی لە زەینی مرۆڤ دەکرێت؟ دیاردە زەینییەکان سروشتێکی سوبژێکتیڤیان هەیە، بەڵام زانست پێویستی بە پێگەیەکی بابەتییانە هەیە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. لەژێر ڕۆشناییی ئەم دژایەتییە ڕواڵەتییەدا، پرسیارێکی ڕاستەقینە هەیە کە ئایا زانستێکی تایبەت بە زەین بە هیچ شێوەیەک گونجاوە یان نا- کە بووە هۆی ئەوەی هەندێک کەس دەروون لە دەروونناسی جیا بکەنەوە و وەک لێکۆڵینەوەی زانستیی ڕەفتار پێناسەی بکەنەوە. ئەمڕۆ بە پێچەوانەی زۆربەی زانایان، زانایانی دەمار و دەروونناسانی ئەو سەردەمە درکیان بەوە کرد کە زانست بە ناچاری پڕە لە گریمانە فەلسەفییەکانە. ئەوان لە بنچینەدا لە چوارچێوەی پارادایمێکدا کاریان دەکرد کە لە هەموو زانای هەمووشتزانی سەدەی ١٧ “ڕێنێ دیکارت”ەوە مابوویەوە. دوو توخم لە نەریتی عەقڵانیی دیکارتی، بەتەواوی پەیوەندییەکی نزیکی بە کارەکانیانەوە هەبوو. یەکێکیان لە “کێشەی زەین-جەستە” – کێشەی تێگەیشتن لەو پەیوەندییە وردەی کە لەنێوان بارە دەروونییەکانمان و بارە فیزیکییەکانماندا هەیە- دەکۆڵییەوە. توخمێکی دیکە لێکۆڵینەوەی لەوە دەکرد کە ڕەنگە پێی بڵێین “کێشەی زەین-زەین”- کێشەی تێگەیشتن لە چۆنیەتیی پێوەندیی زینمان لەگەڵ خۆی-. توخمی یەکەمی لەو توخمانەی باس کران، بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتێکی گرینگی زانایانی دەمارزانی بوو و دووەمیان لە بنەمادا بووە جێی سەرنجی دەروونناسەکان.
سەبارەت بە پرسی یەکەم زۆربەی زانایانی دەمار لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەو بۆچوونەیان هەبوو کە زەین و جەستە بە تەواوی جیاوازن. جەستە شتێکی ماددییە- پێکهاتەگەلێک لە گۆشت و خوێن کە دەتوانن لە ڕوانگەی کەسی سێیەمەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. بەڵام عەقڵ-زەین شتێکی ناماددییە کە تەنیا لە ڕوانگەیەکی “ناوخۆییەوە” دەتوانرێت لێی بکۆڵرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، کە دواتر لەلایەن فەیلەسووفی بەریتانی “جیلبێرت ڕایل”ەوە بە شێوەی تیۆری “ڕۆح لە ئامێردا” گاڵتەی پێ کرد. سەبارەت بە پرسی دووەم، دەروونناسەکان ئەو بۆچوونەیان هەبوو کە زەین خۆڕوونکەرەوەیە(شەفافە)- بە واتایەکی تر، زەین بە تەواوی خودئاگایانەیە. هەر یەکێک لە ئێمە تەنیا دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی بە حاڵەتە زەینییەکانی خۆمانەوە هەیە و ناکرێ لەبارەی ئەو حاڵەتانەوە بەلاڕێدا و بە هەڵەدا بچین. ئەمەش دەریخست کە پێویستە توێژینەوەی دەروونزانی بە ڕێگەی بەخۆداچوونەوە بەردەوام بێت و هەر بۆیەش یەکەم دەروونناسەکان ناودەبرێن “دروونبینەکان”. لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا چەمکی دووانەیی عەقڵ-جەستەی دیکارتی کەوتە ژێر فشارێکی توندەوە. هەر لە سەرەتاوە یاسای مانەوەی وزە -بنەمایەیەک کە دەڵێ چەندایەتیی وزە لە جیهانی فیزیکیدا بە بەردەوامی دەمێنێتەوە- لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا ناکۆک بوو کە “جووڵەی فیزیکی لەلایەن عەقڵێکی نافیزیکییەوە ڕوون دەکرێتەوە کە وزە دەهێنێتە ناو جیهانی فیزیکی”. توێژینەوەکان لەسەر “ئافازیا” – “زمان بەستران” تێکچوونی قسەکردن کە بە هۆی تێکچوونی مێشکەوە دروست دەبێت – دەریانخستووە کە توانای دەروونی زمان بە تەواوی وابەستەی هەندێک ناوچەی شانە دەمارییەکانی نێوان گوێکانمانە. و تیۆری پەرەسەندنی چارڵز داروین پشتگیری لەو بیرۆکەیەی کرد کە هەموو لایەنەکانی مرۆڤ- لەوانەش توانا دەروونییەکانی- لە وەڵامی فشارەکانی هەڵبژاردنی سروشتی پەرەیان سەندووە.
لە دەوروبەری هەمان کاتدا توێژینەوەکان لەسەر هیپنۆتیزم و ئالنگاری ئەو بیرۆکەیەی کرد کە “زەین بۆ خۆی شەفافە”. تاقیکردنەوەکان لەسەر هیپنۆتیزم دەریانخستووە کە دەتوانرێت مرۆڤ بخرێتە حاڵەتی خەون و جەزمەوە و لەگەڵ بەئاگابوونەوە ڕێنمایی بکرێت کە ئەرکێک ئەنجام بدات لە وەڵامی سیگناڵێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە ڕەنگە هیپنۆتیستەکارەکە ئەو بابەتەی پێ بڵێت کە دەیەوێت و دوای بیستنی وشەی “باڵندەی شین” بکەوێتە سەر زەوی و لەسەر دەست و ئەژنۆی بخزێت. دەکرێ دڵنیا بینەوە کە کاتێک گوێی لە پاڵنەرەکە دەبێت، ئەوا تەنها ئەوە دەکات. کاتێک پرسیار لە بابەتەکە دەکرێت بۆچی لەسەر زەوی دەخزێت، ئەفسانەیەک دروست دەکات- بۆ نموونە بڵێ کلیلەکەی ون کردووە و هەوڵی داوە بیدۆزێتەوە. پێدەچێت ئەم تاقیکردنەوانە نەک هەر دەیسەلمێنن کە دەتوانن بیرۆکە ناخودئاگاکان هەبن- بەم پێیە ئەو باوەڕە ڕەت دەکەنەوە کە زەین بە تەواوی بەئاگایە- بەڵکوو هەروەها دەریشی دەخەن کە ئەم جۆرە بیرۆکانە دەتوانن هێزی بەدیهێنانی ڕەفتاریشیان هەبێت.
زانایانی دەروونی وەڵامی ئەم جۆرە ئالنگاریەیان بە دوو ستراتیجی پاساودانەوە وەڵام داوەتەوە، کە هەردووکیان لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراون کە هەر شتێک کە زەینی بێت ناتوانێت ناخودئاگا بێت، هەر شتێک کە ناخودئاگا بێت ناتوانێت دەروونی بێت. هەندێکیان دانیان بەوەدا نا کە دۆخی زەینی بەڕواڵەت ناخودئاگا لە واقیعدا دەروونین بەڵام پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەوانە لە ڕاستیدا ناخودئاگا نین. بەپێی ئەم بۆچوونە دەتوانرێت خۆدئاگایی مرۆڤ پاژبەندی بکرێ کە ئەمە لە ئەنجامدا خۆدئاگایییەکی “سەرەکی” و یەک یان چەند “نیوە” خودئاگایی دروست دەبێت، میتۆدێک هەندێک جار پێی دەوترێت جیاکاری. ئەم ناوەندی خودئاگایییە گریمانەیییانە وەک کەسانی پاژپاژ و جیاواز و جیاواز لەبەرچاو دەگیران کە لە زەینیی مرۆڤێکدا نیشتەجێن و هەریەکەیان دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆیان تەنیا بە دۆخە دەروونییەکانی خۆیەوە هەبە، بەبێ دەستڕاگەیشتنیان بە حاڵەتە دەروونییەکانی ئەوانی دیکە. ستراتیژی دووەم پەیوەندی بەو چەمکەوە هەبوو کە باری زەینی بەڕواڵەت ناخودئاگا بە تەواوی ناخودئاگان بەڵام ئینکاری ئەوە دەکەن کە زەینی بن. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە سروشتییە پێیان وابوو کە زەین (نا-فیزیکی) جیایە لە مێشک (فیزیکی)ە و، تەنیا مێشک ڕەفتارەکانی پرۆسێس دەکات. ئەوان پێیان وابوو کە حاڵەتە دەروونییەکان پەیوەندییان بەم پرۆسە فیزیکییانە هەیە، بەڵام نکۆڵییان لە ڕۆڵ و کاریگەرییان لە ڕەفتارەکانی مرۆڤدا دەکرد. بۆیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەو حاڵەتە دەروونی و زەینییانەی پێیان دەوترێت نائاگایی لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک زەینی نەبوون. وەک گوستاڤ فێخنەر زانای دەمار لە سەدەی نۆزدەهەمدا دەڵێت: “هەست و بیرۆکەکان لە ڕاستیدا لە ناخودئاگادا بوونیان نییە.”
هەروەها ئەم دوو تیۆرییە بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەناسیی سەرلێشێواوی نەخۆشی دەروونی کەڵکی لێوەرگیرا. سەرنج بدەنە دابەشبوونی زەین لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو تێکچوونە دەروونییەی کە دواتر بە هیستریا ناوزەد کرا. زۆرێک لەوانەی کە تووشی هیستریا بوون، وا دیارە چەندین کەسایەتییان هەبوو، هەریەکەیان جیاواز یان “دابڕاو” لەوانی دیکە. ڕوونکردنەوە ئەم دیاردەیە بە شێوەی دابەشکردن یان پاژبەندی تاکە خودێک بۆ چەند خودێکی دیکە، سروشتی بوو. وەک فەیلەسووف و دەروونناس ویلیام جەیمس لە کتێبی پرەنسیپەکانی دەروونناسیدا(١٨٩٠) ڕایگەیاندووە: ژنێکی تووشبوو بە هیستریا، بەشێک لە خودئاگایی خۆی پشتگوێ دەخات، چونکە لە ڕووی دەمارگیرییەوە هێندە لاوازە کە ناتوانێ ڕێگری لە هەڵوەشاندنەوەی بکات. جگە لەوەش ڕەنگە بەشە پشتگوێخراوەکە لە خودێکی لاوەکی یان نیمچە خودئاگادا دەرکەوێ. هەروەها ئەم چیرۆکە “سروشتگەراییە” بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر تێکچوونە دەروونییەکان سوودبەخش بوو. ئەو ڕاستییەی کە ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونییان هەیە زۆرجار بەشداری ڕەفتارگەلێکی ناچاری دەکەن کە نە کۆنترۆڵ دەکرێن و نە دەتوانرێت تێبگەیەنرێن، ڕەنگە بتوانرێت بە چالاکییە ناخودئاگاییەکانی مێشک ڕوون بکرێتەوە کە تاڕادەیەک لە زەینی تاکەکەس جیایە. بۆ نموونە لە حاڵەتەکانی دەستشۆردنی زۆرەملێدا، بە ڕواڵەت نەخۆشەکە لەلایەن هێزە نامۆکانی ناوەوەیەوە بە بارمتە دەگیرێت کە بەشێک نین لە هۆشیارییەکەی، هەر بۆیە – بەپێی گریمانە باوەکانی ئەو سەردەمە – بە هیچ شێوەیەک دەروونی نین.
فرۆید وەک نۆرۆلۆجێستێکی گەنج، سەرەتا ئەو گریمانە فەلسەفییانەی قبوڵ کرد کە لە بوارەکەیدا باو بوون. ئەو زەینی بە جیا لە مێشک دەبینی، وای دەبینی کە ئێمە ئاگاداری هەموو بارە دەروونییەکانمانین و نە رێبازی شیبوونەوە و نە رێبازی سروشتیخوازی بە جددی وەرنەدەگرت. بەڵام لە چالاکی کلینیکیکەی خۆیدا ڕۆژانە ئەو نەخۆشانەی دەبینی، کە ئەو نیشانانەیان هەبوو کە سەخت بوو بەراوردکردنیان لەگەڵ وێنەی دیکارتگەرایی و گومانی زۆری لەو بارەیەوە هەبوو. فرۆید چەند هۆکارێکی هەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی تیۆری “ئاگایی دابەشکراو”. بیرۆکەی “ئاگایییەک کە خاوەنەکەی هیچی لێ نازانێت” بە ڕواڵەت بۆ ئەو نەزانراو و نامۆ بوو و نیگەرانیش بوو لەوەی ئەم شێوازە بیرکردنەوە ببێتە هۆی ئەوەی مرۆڤێک “نەک تەنها بوونی خودئاگایییەکی دووەم، بەڵکوو بوونی ئاگایییەکی سێیەم، چوارەم، و لەوانەیە ژمارەیەکی بێکۆتا لە حاڵەتەکانی خودئاگایی قبوڵ بکا کە هەموویان بۆ ئێمە و ئەوانی دیکە نەناسراون.” ڕەخنەی فرۆید لە سروشتیگەرایی بەو ڕوانگەیە دەستی پێ کرد کە ژیانی زەینیی ئێمە ڕەوەندێکی خودئاگایی ئارام و ڕەوان نییە. بەڵکوو ڕەوتێکی پچڕاوە کە لە تونێلەکاندا و لە ژێر پردەکاندا دەڕژێت و لە لایەکەوە نامێنێت و لە لایەکی ترەوە دووبارە دەردەکەوێتەوە. فرۆید لە کتێبی (نەست ١٩١٥)دا نووسیویەتی: “داتاکانی ئاگایی کەلێنی زۆر گەورەیان تێدایە… تایبەتترین ئەزموونی ڕۆژانەمان وامان لێ دەکات ئاشنابین بەو بیرۆکەیەی کە دێنە مێشکمان و نازانین لە کوێوە دێن و بەو ئەنجامگیرییە عەقڵانییانەی کە نازانین چۆن بەدەست دێن.”
سەرسوڕهێنەرترین نموونەی بەردەوامی دەروونی لەنێو کەلێنەکانی ئاگاییدا، دیاردەی چارەسەرکردنی کێشەی ناخودئاگایە. با بە بەکارهێنانی نموونەیەکی ڕوون لەم دیاردەیە کە لە نامەیەکی بیرکاریزانی ئەڵمانی سەدەی نۆزدەهەمدا “یۆهان گاوس” باسی کردووە، بکۆڵینەوە. گاوس دوو ساڵی تەواو لە هەوڵی سەلماندنی هاوکێشەیەکی دیاریکراوی بیرکاریدا بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبووبوو. پاشان لەپڕ ڕێگەچارەکەی هاتبووە مێشک، وادیارە نەیدەزانی لە کوێیەوەیە: دواجار دوو ڕۆژ پێش ئێستا سەرکەوتوو بووم، نەک لەبەر هەوڵە بێوچان و زۆرەکانم بەڵکوو بە نیعمەتی خودا. وەک برووسکەیەکی لەناکاوی ڕووناکی، مەتەڵەکە بەڕێکەوت چارەسەر بوو. خۆم ناتوانم بڵێم دوا هەنگاو چی بوو لە ئەوەی پێشتر دەمزانی بەستەوە بەو شتەی کە سەرکەوتنی منی پێوە پەیوەست بوو. چارەسەرکردنی کێشەیەکی قورسی بیرکاری پرۆسەیەکی تەواو زەینییە. شتێک نییە بەبێ بیرکردنەوە بتوانیت بیکەیت. کەواتە ئەو ڕاستییەی کە گاوس گەیشتە ڕێگەچارەیەک، ئەوە نیشان دەدات کە ئەو خەریک بووە لەبارەی ئەو کێشەیەوە بیری دەکردووە بەڵام نەک بە شێوەی خودئاگایی، کە لەوانەیە بە شێوەی ناخودئاگا بیری لێ کردوەتەوە. مەحاڵە لە تیۆری فرۆید لەبارەی خەونەکان، و پاشەکشە و سایکۆپاتۆلۆژیای فرۆید تێبگەین بەبێ ئەوەی سەرەتا لە تێڕوانینی ئەو بۆ عەقڵ تێبگەین.
ئەم جۆرە تیبینی و سەرنجانە بوون فرۆیدیان بەرەو ڕوانگەیەکی نوێ بۆ زەینی مرۆڤ برد – ڕوانگەیەک کە بە تەواوی لە دژی زانستی باوی سەردەمی ئەو بوو. ئەم بۆچوونەی بە وردی لە دیکۆمێنتێکدا بە ناوونیشانی دەروازەیەک بۆ دەروونشیکاری زانستی (١٨٩٥) بە هەموو وردەکارییەکەوە نووسی. فرۆید ئەو کتێبەی هەرگیز بڵاو نەکردەوە؛ بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەبەر ئەوەی زانستی دەمارزانی ئەو سەردەمە نەیدەتوانی ئەو جۆرە زانیارییە تەواو و وردەی کە ئەو دەیویست پێشکەش بکات. بەڵام ئەو بیرۆکانەی کە فرۆید تێیدا خستبوویە ڕوو، نزیکەی هەموو تیۆریزەکردنەکانی دواتری پشتڕاستیان کردەوە. لە ڕاستیدا، مەحاڵە بە دروستی لە وێنەی زەینی فرۆیدیی تێبگەین- لەوانەش تیۆری خەونەکان، ویژدانی ناخودئاگا هەستکردن بە تاوان، نەخۆشی دەروونی و تەنانەت بۆچوونەکانی لەسەر ئایین و کۆمەڵگا- بەبێ ئەوەی سەرەتا پوختەی بۆچوونەکانی لەبارەی عەقڵەوە بزانین کە لە پڕۆژەکەدا خراوەتە ڕوو و کاریگەرییەکی بەهێزی هەبوو – هەرچەندە کاریگەرییەک کە بەگشتی دەرک نەکرا – لە دەرەوەی بڵقی ناسکی زانینی فرۆید. ئەو ئەلگۆریتمە بیرکارییەی کە توانای دا بە تۆڕە دەمارییە دەستکردەکانی (کۆمپیوتەرەکان کە لە پێکهاتەی مێشکی مرۆڤ دەچن) تا لە هەڵەکانیان دەرس وەربگرن، بە ڕوونی سەرمەشق لەسەر تیۆری فرۆید لەبارەی چۆنیەتیی فێربوونی مێشک وەربگرن.
فرۆید لە ساڵی ١٨٩٥ بەدواوە شێلگیرانە بیروباوەڕی باوە فەلسەفییەکەی سەردەمی خۆی-گریمانە دووانەیەکانی دووانەی زەین-جەستە و یەکسانی سوبژەکتیڤ لەگەڵ خودئاگایی- ڕەتکردەوە. ئەو لەبری گریمانەی یەکەم، سەلماندی کە پرۆسە زەینییەکانی ئێمە پرۆسەیەکن لەناو ئەندامێکی فیزیکی-مێشکی مرۆڤ-ن نەک زەینێکی نافیزیکی. ههرچهنده ئەم ههڵوێستە فیزیکگەرایە لەو سەردەمەدا بە هیچ شێوەیەک گوێی پێ نەدەدرا، بهڵام به دڵنیایییهوه ههڵوێستی نایاب و نائاسایی بوو. فرۆید ئەو بۆچوونەشی ڕەت کردەوە کە دەتوانین لە ڕێگەی بەخۆداچوونەوە لە زەین بکۆڵینەوە. چونکە “پاش ئەم بنەمایە، دەبێتە هۆی کە خودئاگایی نە زانینێکی تەواو و نە زانینێکی متمانەپێکراو لەبارەی پرۆسەی دەمارییەکانەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمانە دەبێت… وەک ناخودئاگا سەیر بکرێن و دەبێت وەک شتە سروشتییەکانی تر وەربگیرێن.” ئەگەر خودئاگایی دەرگایەکمان بۆ نەکاتەوە بۆ چالاکی ناوەوەی زەین، کەوایە چییە؟ فرۆید بۆ داڕشتنی پێکاتەی زەینی مرۆڤ شێوازێکی بەکار هێنا کە زانایانی مەعریفی ئەمڕۆ پێی دەڵێن “لێکهەڵوەشاندنی پەیوری”. ئەم شێوازە پێک دێت لە پشکنینی ئەدای سیستەمێک و دابەشکردنی چالاکییەکانی بۆ جۆرە جیاوازەکانی ئەرک کە لەلایەن پێکهاتە و بەشە جیاوازەکانی مێشک ئەنجام دەدرێن. لێکهەڵوەشاندنەوەی زەینی مرۆڤی فرۆیدیی دەریخست کە مەعریفە و خودئاگایی لە ڕووی کارکردەوە جیاوازن. بە واتایەکی تر بەشی زەین-مێشک کە بەرپرسە لە بیرکردنەوە، هاوشێوەی هەمان ئەو بەشەیە کە بەرپرسە لە دروستکردنی خودئاگایی.
ئەم تیبینیانە، فرۆیدیان بەرەو لایەنێک لە تیۆرەکەی لەبارەی زەینەوە برد کە وێدەچێ زیاتر لە هەموو لایەنەکانی دیکە لەو بارەیەوە هەڵەتێگەیشتن هەیە. زۆربەی وەسفەکانی تیۆری دەروونشیکاری بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فرۆید باوەڕی بە دوو جۆر بیرکردنەوە هەبووە: بیرکردنەوەی خودئاگا و بیرکردنەوەی ناخودئاگا. جگە لەوەش زۆرجار دەروونناسەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەمکێکی مەعریفی لە زەینی ناخودئاگا قبوڵ دەکەن، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی فرۆید کە دەڵێت زەینی ناخودئاگا پڕە لە هەست و سۆز و پاڵنەری رەمەکی(غەریزی). بەڵام ئەم دوو بانگەشەیە ڕاست نین. فرۆید پێی وابوو کە هەموو پرۆسەکانی مەعریفی ناخودئاگان. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین “بیرکردنەوەی ئاگایی”، تەنها شێوازی مێشکە بۆ پیشاندانی دەرئەنجامی پرۆسێسی مەعریفی نائاگا. ئەگەر بمانەوێت لێکچوونێکی ئاشنا بەکار بهێنین، پێویستە بڵێین پرۆسەی مەعریفی وەک شاشەیەک وایە کە دەرچوونی پرۆسێسەری تێدا پیشان دەدرێت. وەک دەروونناسەکان بانگەشەی دەکەن سەبارەت بە “ناخودئاگاییی مەعریفی”، فرۆید بە ڕوونی ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە کە هەست و سۆز و پاڵنەرە ڕەمەکییەکان دەتوانن ناخودئاگا بن. لە ڕوانگەی ئەوەوە هەموو پرۆسەی مەعریفی نائاگایین و هەموو پرۆسەی دەروونی نائاگا مەعریفییە.
هێڵکاریکردنی چەمکی فرۆید بۆ پێکهاتەی زەین و بەکارهێنانی بۆ زانستی دەروونناسی تەنیا دوو بەشی بنیاتنەر، هەڵبەتە دوو بەشی زۆر گرنگ، لە ڕێڕەوی فەلسەفی دەوڵەمەندی بیرکردنەوەکەی ئەون. هەر چۆن مرۆڤ بیر لەو بانگەشە ئەزموونییە تایبەتییانەی بکاتەوە کە فرۆید خستوونیەتە ڕوو – چەمکەکانی وەک گرێی ئۆدیپ، میکانیزمەکانی بەرگری و تیۆرەکانی لێکدانەوەی خەون، خەون بینین- لایەنێکی دیکەی تاڕادەیەک هەڵەتێگەیشتنی لە بیرکردنەوەی فرۆیدی هەیە: ڕەهەندێکی قووڵی فەلسەفی کە سەرنج دەخاتە سەر پاداشتی عەقڵانی دەوڵەمەند بۆ هەر کەسێک کە پەیڕەوی لێ بکات، جەختی لەسەر بکاتەوە.