یادەوەریی بێگیانەکان
پێشنازێکی سینەمایی
بێگومان نووسین لە بارەی بەرهەم و داهێنانی نووسەرێکی وەک (کاروان عومەر کاکەسوور)ەوە، پێویستی بە وزە و ئاگایییەکی زۆر هەیە؛ چونکی (کاروان کاکەسوور) یەكیکە لەو نووسەرانەی بەرهەمەکانی چڕ و فرەلایەنن. کە بەرهەمێکی دەخوێنینەوە، چەندان ناونیشان و بابەتت دەخاتە بەر چاوان، تا گوتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیش بێتە ئاراوە. وەک ڕوونە، کەرستەی هەرە سەرەکیی نووسین “زمان”ە. ڕاستییەکەی زۆر جار خوێنەران بە هۆی پەیڤی بیانییەوە گلەیی لە (کاروان) دەکەن، بەڵام ئەو لێزانانە (لە ڕۆماندا) وشەکان دەخاتە ڕستەوە. کە چەمکێ یان وشەیەکی بیانییش بە کار دەهێنێ، بێگومان واتاکەی، یان کوردییەکەی و چۆنیەتیی خوێندنەوەی وشەکەیش بە ئەلفبێی ئارامیی نوێ، دەخاتە نێو کەوانەوە. ئەمە بە پێچەوانەیشەوە ڕووی داوە، واتا چەمکێکی بەکوردی نووسیوە، بەڵام لە بەرانبەردا بیانییەکەی و چۆنیەتیی خوێندنەوەی بە ئەلفبێی ئارامیی نوێ، پیشان داوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە ٤٥ی ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)دا دەنووسێت: “وەک ڕۆژانی پێشوو لە تەنیشت یەکتر دادەنیشن، بەڵام گفتوگۆی ئەم جارەتان لەبارەی یادەوەری (میمۆری: Memory)یەوە.” لێرەوە دەردەکەوێت کە نووسەر چەند شارەزایانە چەمکی یادەوەری بەکوردی نووسیوە، گوزارە بیانییەکە و چۆنیەتیی خوێندنەوەی واژەکەی خستووەتە نێو کەوانەوە. دەنا، زۆرینەی ئەو پەیڤ و ڕستانەی کاروان دەیاننووسێت، بێگومان کەسانی شارەزا دەزانن چەند پێوەیان ماندوو دەبێت. یەک وێرگوڵ (کۆما: Koma) بێ هۆکار و ئەرک نانووسێت، ئەمەیش دەچێتە چوارچێوەی شارەزایی و ئاگاییی نووسەر لە بارەی زانستی زمانەوە.بە چوونگەم، ئەگەر دەستەیەکی ئەکادیمی و شارەزا (شەش نووسەری کورد) بۆ بابەتەیلی “زمانێکی پاراو و کوردییەکی خاوێن” بژار بکەن، بێگومانم (کاروان کاکەسوور) یەکێکە لەوان.
سەرباری هەموو ئەمانەیش، بەش بە حاڵی خۆم، تا وشەی کوردی هەبێت، تا واژەی کوردێندراو هەبێت، پەیڤی بیانی بە کار ناهێنم. بمەوێ ناوێک، یان چەمکێک وەک خۆی بنووسم، بێگومان دەیخەمە ژێر هێزی فۆنۆلۆجیی زمانەکەمەوە. چۆن عەرەب بۆ ناوی (نیچە) دەنووسن (نیتشە)، یان بۆ چەمکێ (Dystopia) دیستوبیا و (Utopia) یوتوبیا دەنووسن، دەیخەنە ژێر هێزی فۆنۆلۆژیی زمانەکەیان، منیش ئەگەر بمەوێ وەک خۆی بنووسم (Televisoin) دەنووسم تێلێڤژن. وەلێ گوزارە کوردێنراوەکەم پێ جوانترە، بۆیە دەنووسم (تەلەفزیۆن). هێندێ وشە و چەمک هەن، کوردییەکەیان نییە، نووسەر ناچارە وشەکە وەک خۆی بنووسێتەوە. بۆ وێنە چی لە بەرانبەر مۆبایل و کۆمپیوتەردا بنووسن؟ یان چی لە بەرانبەر کۆمەڵێ چەمکی فەلسەفی، هزری، ئەدەبی و زانستیدا بنووسن، کە لە زمانە زیندووەکانی تری دنیادا نین؟ بێگومان ئەوانیش ناچارن وشە یۆنانی، یان ئەڵمانییەکە وەک خۆی بنووسنەوە. هاوکات نووسینی وشەی داتاشراو و شرۆڤەکراو، کرێتە و جێی خۆی ناگرێت.
پێویستە ئەوەیش بڵێم، نووسین و داڕشتن پێوەندی بە سەردەم و ئەو ژینگەیەوە هەیە کە نووسەر دەقەکەی تێدا دەنووسێت. جارێکیان لە ڕێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە بە کاروانم گوت، نووسین و داڕشتنی سەردەمی پیرەمێردی شاعیر و هیی تۆ، هاوشێوازن. سەری لە قسەکەم سڕ ما، پرسی، واتا چۆن؟ ڕوونم کردەوە، کە زمان و داڕشتن لەو سەردەمەدا کاریگەریی زمانی دەراوسێکانی لەسەر بووە، ئێستەیش بە هۆی کرانەوە و باندۆری دنیای نوێوە، زمان نوێ دەبێتەوە و وشەی نوێی تێ دەکەوێت. هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە، جەنابت (کاروان) لە ئەورووپا دەژییت، بتەوێ و نەتەوێ، زمانەکانی دانیماڕکی و ئینگلیزی، ڕەنگە یەک دوو دانەی دیکەیش… کار لە زمانی نووسین و بیرکردنەوەت بکەن. گرنگ ئەوەیە، مرۆڤی کورد لە هەر کوێ بژیەت، بەکوردی بنووسێ و بەکوردی بیر بکاتەوە.
وەک لە سەرەوەدا گوتم، خوێندنەوەی داهێنانە ئەدەبییەکانی (کاروان)، پانتایییەکی فرەوانی گوتوگۆ دەخەنە بەردەم خوێنەر؛ هاوکات داهێنانەکانی، گوتوگۆی فرەڕەهەند لەگەڵ خوێنەراندا دەڕەخسێنێن. (وەک لە ڕابردوویشدا ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە!) ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان) بە نموونە وەردەگرین، هەر لە ناونیشان (تایتڵ: Title)ی کتێبەکەوە، دەشێ لەسەری بنووسین و لە بارەیەوە بدوێین تا کۆتا وشە. بەڵام بێگومان ئەوەیش کارێکی سەختە، کات و وزەیەکی زۆر زۆری دەوێت. من دوو بابەتی گچکە هەڵدەبژێرم و لێیان دەپەیڤم.
لەم بەرهەمەی کارواندا، دەکرێ چەندان ناونیشانی کۆڵینەوەی جیا جیای ئەدەبی، پێشنیاز بکرێن. هەر لە زمان و تەکنیکەوە، هەولێری گوتەنێ “وەک کایە!” هێندە پڕ و تژییە، تا دەگاتە بابەتە هزری، دەروونی و فەلسەفییەکان؛ وەلێ بە شێوازێکی جودا. کاروان لە پێناو کات و شوێن، کارەکتەر و ڕووداودا نانووسێت، هەرگیز خەمی ئەو وردەکارییانەی نییە. بە پێچەوانەوە، بەڵکە لە پێناو ژیاندا دەنووسێت. هەموو بابەتەکانی وەک زمان، تەکنیک، خەیاڵ و هزری خستووەتە خزمەت پەیام و واتاوە. خوێنەری زرنگ لەوە دەگات کە دەقەکانی کاروان، لە پێناو مرۆڤ و ژیاندا نووسراون، ئەوانی دیکە ئامراز و کەرەستەن. هاوکات شارەزایییەکی تەواوی لە بارەی دەقی ئەدەبی و وردەکارییەکانی نووسینی دەقی ئەدەبییەوە بە تایبەت (ڕۆمان)ەوە هەس. پێشنیاز دەکەم، خوێنەران و کۆڵەرانی هێژا، لەو ڕۆمانەدا، لەم چەند چەمکە بکۆڵنەوە کە تێکەڵەیەکن لە (ئەدەب، هزر و فەلسەفە و تاد…) بۆ نموونە (خێزان، منداڵ، ژن، پیاو، هاوڕێ، ئاژەڵ، گوند، شار، نەخۆشییە دەروونییەکان، سیخوور و خۆکوشتن وتاد…) دەشێ لێیان بکۆڵدرێنەوە و قسەی ڕژدیان لە بارەوە بکرێن.
نووسینی سینەمایی (فیلم و دراما) بە هەموو جۆرەکانیانەوە (ئەکشن، ڕۆمانسی، ترسناک، کۆمێدی و ئەنیمەیشن… تاد)، نێزیکن لە نووسینی شانۆنامە، یان شانۆیی. بێگومان هۆکاری هونەری وای کردووە کە دەقی ڕۆمان و تێکستی شانۆیی لێک جودا ببن. هاوکات وردەکاری جێبەجێکردن و سەختیی نواندن، ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەرجەستەکردن، یان نواندن و گۆڕینی کارەکتەرێکی کاغەزی بۆ ئەکتەرێکی زیندوو. بەڵام هیچ سەختییەک ڕێگەی لەوە نەگرتووە کە دەقی ڕۆمان بکرێتە فیلم و دراما، نموونەی ئەو فیلم و درامایانە زۆرن، ئەگەرچی ئیشەکە سەختیش بێ و بە ملیۆنان دۆلاری تێ بچێت؛ وەلێ مرۆڤ توانیویەتی دنیای ڕەشوسپی نێو ڕۆمان و کتێبان بخاتە بەر چاوان؛ بە گرتەی جووڵاوی سەردەمی، دێڕی ڕەشی مەرەکەباوی بگۆڕێت بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ. هەر لەو بارەیەیشەوە، ئەم ڕۆمانەی کاروان، دەرهێنەرێکی بەتوانا قۆڵی لێ هەڵبماڵێ و بینووسێتەوە، دڵنیام درامایەک، یان فیلمێکی نایاب و تەسەلی لێ دەردەچێت. هاوکات دەشێ چەندان کورتەفیلمی جیای لێ بەرهەم بهێنرێت. پیشاندانی مێژووی سەردەمی هەشتاکان، یان نۆهەتەکان بە نەوەی ئێستە، کارێکی تەواو جیاواز و نۆستالیژیشە لەبۆ ئەو کەسانی لەو سەردەمەدا گەنج بوون، ئێستە ئاوێنە هەمان ڕوویان پیشان ناداتەوە و ڕوویان ناداتێ.
یادەوەری (میمۆری: Memory)، ئەم چەمکە زۆر بە فرەوانی ئیشی لە بارەوە کراوە. زانایان، فەیلەسووفان، دەروونناسان و نووسەران بە دوورودرێژی لە بارەیەوە دواون. بە شێوازێکی گشتی، یادەوەری چەندان جۆری هەن، لەوانە: “کورتیلەیاد، یادەوەریی کورتخایەن، یادەوەریی درێژخایەن و یادەوەریی جێگیر و تاد…” هونەری نووسینەوەی یادەوەرییش، بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا بەش دەبێت، ئەوانیش: نووسینەوەی ئەوانی تر و خۆنووسینەوەن. نووسینەوەی ئەوانی دیکە و خۆنووسینەوە، دەشێ ڕاستگۆیانە بێت. بەڵام ئەم ڕاستگۆیییەیش پێوەندی بە کۆمەڵگەی جیا و کەس (نووسەر)ی جوداوە هەیە. ڕاستگۆیی لە نووسینەوەی یادەوەریدا ڕێژەیییە، لێ کە خرا چوارچێوەی دەقی ئەدەبییەوە، بابەتەکە بەتەواوی دەگۆڕێت. ئەم ڕۆمانەی کاروان، دەکەوێتە چوارچێوەی هەردوو بەشەوە، بە واتایەکی دیکە، خۆنووسینەوەیە بە تامی ڕۆمان، هەر وا ئەوانی تریشی نووسیوەتەوە. بێگومان لەو دۆخەیشدا، لەبۆ خوێنەر گەلەک ئالۆزە تێ بگات، کام ڕووداو هیی نووسەرە و کامیشیان تێکەڵەیەکی ئەدەبین. ڕۆماننوس دەتوانێ (ئازادە) یادەوەریی دوو کەس، بە ناوی کارەکتەرێکەوە، یان یادەوەریی سێ کەس لێک بدات و وەک ژیاننامەی یەک کەس بگێڕێتەوە. یادەوەری، بیرکەوتنەوەی ڕووداوێکە، یان بە هۆی کۆمەڵێ شتی بێگیان بیری مرۆڤ دەکەوێتەوە.
ئەو خاڵەی دەمەوێ لەسەری ڕابوەستم، ئەو ڕستەیە دەگرێتەوە: “یادەوەری، بیرکەوتنەوەی ڕووداوێکە، یان بە هۆی کۆمەڵێ شتی بێگیان بیری مرۆڤ دەکەوێتەوە.” مەرج نییە مرۆڤ هەر بە هۆی ڕووداوەوە، یان زیندووانەوە یادگاریی بیر بکەوەێتەوە؛ بەڵکە بە هۆی بێگیانەکانیشەوە شتی تاڵ و شرینی بیر دەکەوێتەوە. ناوی شارێک لە من بووەتە بەڵا، هەروا ناوی هەموو گەڕەکەکانیشی. ئاواز، یان شیعری گۆرانییەک تەواوی ڕۆژەکەم لێ تاڵ دەکەن. ژمارەیەک دڵم خۆش دەکا، بەڵام ژمارەیەکی دیکە ڕەنگە فرمێسکم پێ بڕێژێت. وێنەیەک نەخۆشم دەخات، گرتەیەک بە پێکەنینم دێنێت. ماڕکەی تڕومبێلێک ئاخم پێ هەڵدەکێشێت. ناوی کافتریا و نێرگەلە وا دەکەن لە دڵی خۆمدا جنێو بە داروبەرد بدەم. لەم ڕۆمانەدا، بێگیانەکانیش هۆکاری یادخستنەوە و یادەوەرییە “تاڵ و شیرین”ەکانن. لە بەشی (٣١)دا، بووکەڵەیەک بە ناوی (بازۆ) بەشداری شەوی پەردەی بووکێنی (ڤیان)ی کارەکتەر دەکات، تا ئەو ئاستەی دەبێتە نیگەرانیی (نەریمان)ی شاکەس کە زاوایە. بێگومان ئەوەیش ڕەنگدانەوەی ئەو بیرخستنەوەیەیە (ڤیان) لە دیتنی ئەو بووکەڵەیەدا (کە لە منداڵییەوە هاوڕێیەتی!) بە دی دەکات.
جگە لە (ڤیان)، کارەکتەری دیکەیش هەن کە یادەوەرییان بە شتی بێگانەوە بەستراوەتەوە. بۆ نموونە، کەسایەتییەکی دیکەی ناو ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان) (یەشار)ە. ئەو کارەکتەرە لە نێو (عارەبانە)کەی نەبێت، خەوی لێ ناکەوێت! دوای لەدەستدانی دایک و باوکی، هەموو ژیانی لەگەڵ و لەناو ئەو (عارەبانە)یەدا، بەسەر دەبات؛ بووەتە ماڵی ڕاستینەی یەشار. بۆیە شتە بێگیانەکانیش هەم بەشێکن لە یادەوەریی مرۆڤ، هەمیش هۆیەکی گرنگن لەبۆ بیرخستنەوەی یادەوەریی تاڵ و سوێر، یادگاریی شیرین و جوان. هاوکات لە بەشی چوارەمدا، خوێنەر بەر دوو کارەکتەر دەکەوێت، یەکێکیان ژنێکە “هەر خۆی بە پەڕۆ و پووش شتێکی لەم بابەتەی دروست کردووە. جووتێ پێڵاوی گونجاویشی بۆ چنیوە. لەو زیاتر لەگەڵ کەسی تردا نەدواوە، تەنانەت کاتێ لە دووکاندارەکان شتومەکی پێویستی کڕیوە، بە ئاماژەی دەست و دەموچاوی تێی گەیاندوون. بەکورتی دەعباکەی بۆ هەموو شوێنێ بردووە و بەردەوام قسەی لەگەڵ کردووە.”* ئەمەیش دەرخەری یادەوەریی ژنێکە، لە دروستکردنی دەعبایەکدا، دەیبینێتەوە. دەعباکە، ئەو ژنەی لە تەنیایی ڕزگار کردووە و پێکەوە لەگەڵ کۆمەڵێ یادەوەریی خۆشدا، دەژین. کارەکتەری دووەمیش، باوکی (چیمەن تۆفیق لاوە)یە، کە بە (چیمەنتۆ فیقلاوە) ناسراوە؛ بەڵام ئەو کارەکتەرە جودایە. ئەو چونکە نوکتەی لەسەر کاربەدەستان دروست کردووە، دەستەڵاتداران بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ قەڵاتی هەولێر، دەدەن. بەڵام ئەو نایەوێ بچێتە قەڵاتی هەولێر، لای خۆشترە ئەشکەنجە و ئازاری دنیای بدەن، بەڵام نەچێتە قەڵات! ئەم ڕەتکردنەوەیەی بێگومان بێ هۆکار نییە و یادەوەریی ناخۆشی لە پشتدایە. وەلێ دەستەڵات قاییل دەکات، کۆمەڵێ بووکەڵە دروست بکات و بەو کۆمەڵە بووکەڵەوە دەتوانێ پێ لەناو قەڵاتدا بنێت. هەردووک کارەکتەر، یادەوەرییەکانیان بە سێ شتی بێگیان گرێ داوە؛ دواجار یادەوەریی بووکەڵەکان لای کاروان، یان یادەروەریی بێگیانەکان، واتایەکی جیاواز وەردەگرن. لە ڕۆماندا، دنیای هەمەچەشن دەخوێنرێنەوە، لای کاروانیش بووکەڵەکان لە یەک واتادا قەتیس نابن، خوێنەر بەوە ڕاناگات لە یەک چوارچێوەدا بەندیان بکات.
*کاکەسوور، کاروان عومەر، (٢٠٢١). یادەوەریی بووکەڵەکان، ناوەندی فێربوون، هەولێر، شوێنی چاپی لەسەر نەنووسراوە.
١٨ی ٨ی ٢٠٢٢
وان، باکووری کوردستان