ڕەهەند وەک مۆنۆپۆلی پیاو

هەژموونی پیاوێتی لەناو بواری نووسین و وەرگێڕاندا

ماڵپەڕی ژنەفتن تەوەرێکی لەژێر ناوی “نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی” کردووەتەوە، لەگەڵ چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر و لێکۆڵەر قسە کراوە و ئامانجی تەوەرەکەیان بۆ خراوەتە ڕوو و، داوایان لێ کراوە کە لەو بارەیەوە وتار و توێژینەوەمان بۆ بنووسن. چەند کەس لەوانە بە تەنگ داواکەمانەوە هاتن و وتار و باسەکانیان بڵاو کرایەوە. هەندێک لەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەش کە بەڵێنیان دابوو بەشدار دەبن تا ئێستا بابەتەکانیان نەناردووە (هیوادارین کە پشتگوێیان نەخستبێت. ئێمە چاوەڕێ بابەتەکانیان دەکەین). خاتوو “هێرۆ خوسرەوی” پاش خوێندنەوەی تەوەرەکە و چاوپێکەتن و وتار و بابەتەکان خۆی ئەم وتارەی لەبارەی تەوەرەکە و هەندێ لە سەرنج و ئایدیاکان نووسیوە و، بۆی ناردووین. ئەم هەوڵەی ناوبراو بە دەرفەتێک دەزانین کە لێرەوە داوا لە هەر نووسەر و لێکۆڵەرێک دەکەین کە لەبارەی تەوەرەکەوە گەر وتار و ڕەخنە و لێکۆڵێنەوەی هەیە بۆمان بنێرێ و تەوەرەکە و باسەکەی پێ دەوڵەمەند بکات. ماڵپەڕی ژنەفتن.

نەبوونی ژوورێک

“دایکانی ئێمە چییان کردووە، کە هیچ سامانێکیان بۆ بەجێ نەهێشتووین؟ سپیاویان لە لووتیان داوە؟ سەیری کاڵا و وێنەی پشت پەنجەرەی دوکانەکانیان کردووە؟”1Woolf, Virginia (1978). Ein Zimmer für sich allein. Gerhardt Verlag. Berlin. S.20 ڤیرجینا وۆلف

لە ساڵی ١٩٢٩ ڤیرجینا وۆلف نووسراوەیەک بە ناوی “ژوورێک بە تەنها بۆ خۆت”2Woolf, Virginia (1978). Ein Zimmer für sich allein. Gerhardt Verlag. Berlin. بڵاو دەکاتەوە، لەوێدا باس لە ڕۆڵی ژنان لەنێو ئەدەبیات و نووسیندا دەکات، کە بۆچی ڕۆڵی ژن لەو بوارەدا کەمە و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت. بۆ ئەم پرسە وۆڵف سەربەخۆیییە ئابوورییەکان وەک سەرەکیترین فاکتۆر دەبینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسی چەند فاکتۆرێکی دیکە دەکات، وەک جورئەت بۆ نووسین و ڕاهاتن بە ئازادی. لە ئەمڕۆماندا ڕەنگە هەبوونی ژوورێک بۆ خودی خۆت و دەرامەتی سەربەخۆی خۆت چیتر زۆر پرسێکی جددی نەمابێت، چونکە هەلومەرج و بارودۆخی ژیان هەمووان ناچار بە کارکردن دەکات، بەتایبەت لە زۆرینەی کۆمەڵگا خۆرئاوایییەکاندا، بەڵام لە کوردستاندا ڕەنگە هێشتا ئەم تێزەی وۆڵف لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا هەنووکەیی بێت. ئەوەی گرنگە لە باسکردنی ‘ژوورێک بە تەنها بۆ خۆت’ دۆزینەوەی ڕێگەی هەڵهاتنێکە لەو ژووری دانیشتنەی هەمووان تێیدا کۆ دەبنەوە، و هەبوونی ژوورێک بۆ خۆت ئامرازێکە بۆ تێڕامانێکی ماوەدرێژ. تێڕامانێک کە چیتر لە وابەستەیی و پەیوەندیدا بەو کەسانەی دیکەی نێو ژوورەکەیدا نەمێنێتەوە، بەڵکوو پەیوەندییەک لەگەڵ واقیعدا دروست بکات، مرۆڤ بتوانێت خۆی لە دار و بەرد و ئاسمان ڕابمێنێت و بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێت، بوێریی ئەوەی هەبێت ڕێگەی نوێ تاقی بکاتەوە. یەکێکی دیکە لەو شتانەی وۆڵف جەختی لەسەر دەکاتەوە، لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزی ژنانەبوونە. وۆڵف بەڕوونی مەبەستی لە ژنانەییبوون تەنها جیاوازیی نێوان ڕەگەزی نێر و مێبوون نییە، بەڵکوو سیفەتێکی دەرەوەی ئەو نۆرمە باڵادەست و گشتگیرەی کۆمەڵگایە، کە پیاوانەبوونە. خەسڵەتی ژنانەبوونیش وەک خەسڵەتێک دەردەخات کە دەتوانێت خۆی لەو نۆرمە بێبەری بکات. ئەم هۆشیارییە جێندەرییەش ژن لەو پێگە بێدەسەڵاتییەی تێیکەوتووە، هۆشیار دەکاتەوە و ئەو لەدەرەوەبوونەشی لەو نۆرمەگشتگیرە چاوێکی دیکەی پێ دەبەخشێت، تا ڕابمێنێت.

ئێستا وا نزیکەی سەدەیەک بەسەر ئەو نووسینەی وۆڵفدا تێدەپەڕێت، لە کوردستان ژنێک(ماریا)3ئیمان سامی مه‌غدید ناسراو بە (ماریا)، کەسێکی چالاکی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوو و وێنە و ڤیدیۆی خۆی لە ئەکاونتە تایبەتییەکانی خۆیدا بڵاو کردووەتەوە. لە بەرواری ٧/٣/٢٠٢٢ لەلایەن برایەک و مامییەوە لەسەر یەکێک لە جادەکانی هەولێر دەکوژرێت، هۆکار و پاڵنەری سەرەکیش بۆ ئەم کوشتنە نەتوانین و قبوڵنەکردنی پیاوانە بەرامبەرخواستی ماریا بۆ ژیان کردن و خواست بۆ هەبوونی ژوورێک بۆ خۆی. دەیەوێت ئەو ژوورە بۆ خۆی بخوڵقینێت، دەیەوێت لەو ژوورەدا بۆ ساتێک بە تەنها بێت و لێبگەڕێن خۆی دەست بکات بە بیرکردنەوە و لێڕامان. لێڕامان لەوەی کە بۆچی تا ئێستاش ئەستەمە کچێک بەبێ بوونی پیاوێک (باوک، برا، مێرد،….هەموو هەژموونی پیاوانی کۆمەڵگا) لە چوارچێوەیەک و بۆشایییەکدا بۆ خۆی بێت. بەڵام دەبینین ڕۆژێک بەر لە بیرهێنانەوە و نوێکردنەوەی خەباتی ڕزگاریی ژنان وێنەی ماریا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەخش دەکرێت و هەواڵەکە دەگوازرێتەوە. لەنێو ئەو هەژموونی پیاوێتییەدا هیچ کەس حەز ناکات ژنێک ژوورێکی بۆ خۆی هەبێت. دەرەنجامی ئەم خواستەش کوشتن و تیرۆرکردنی ژنە، تا ژنەکانی دیکەش تەمبێ ببن و هەتا شتی وا ختوورەش نەکات بە مێشکیاندا. ئەم هەژموونە پیاوێتییەش بە هیچ شێوەیەک ڕەهەندێکی نا-سیاسی نییە، بەڵکوو بنچینەیەکی سیاسی و سایکۆلۆژی-کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم هەژموونە ئەوەندە ڕۆچۆتە نێو جومگەکانی کۆمەڵگاوە، کە تەنانەت هەر جووڵەیەک و هەر هەوڵێکیش بۆ خۆ بەدوورگرتن لەو هەژموونە هێشتا ناتوانێت خۆی لە داوەکەی دەرباز بکات.

ئەم بابەتە ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا وەک توندوتیژیی ڕاستەوخۆ نەبینرێت، بەڵام هەژموونی ڕیشەداکوتاوی پیاوانەیی فۆرمێکی دیکەی توندوتیژی هەیە کە زیاتر خۆی لە ئایدیۆلۆژیای وەدەرنانی ئەوی دیکەدا دەبینێتەوە، ئەوی دیکەی ژن، کە تەنها لە حاڵەتێکدا شوێنی دەکرێتەوە کە بەدووی دانپێداناندا بگەڕێت و تەنها لە ئاستی سەرەتاییی دانپێداناندا بمێنێتەوە، ئەویش مۆدێلی بەشدارییە لە مەیدانی گشتیدا، یاخود وەک کەیسی لێکۆڵینەوەکەی ئێمە، بەشداریی ژن لە بواری بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیریدا. ئەوەی دەگوترێت ژنان خۆیان بەشدارییان نییە بۆیە گوناهی پیاو نییە، ئەو ڕیشە قووڵە مێژوویی، سایکۆلۆژی، کولتووری و ئابوورییە فەرامۆش دەکات کە بە درێژاییی مێژوو هەژموون و دەسەڵات و هەیمەنەی پیاوی بەسەر ئەو بوارانەدا دروست کردووە. مۆدێلی وەدەرنانی ئایدیۆلۆژییانەی ژنان لە بازنەی مەعریفەدا، لە سی ساڵی ڕابردوودا بە باشترین شێوە لە کوردستاندا بەرجەستە بووە. باشترین و بەرجەستەترین نموونەش لێڕەدا کە دەمەوێت بچمە سەری ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەند لە سەردەمی دەستپێکردن و کارکردنیان و هەروەها بازنەی خوێندنەوەی ڕەهەند بەتایبەتیش ئەو هەوڵەی ژنەفتن بۆ کارکردنەوە لەسەر ئەو هەوڵە ڕۆشنبیرییەی کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان ناو دەبرێت.

هێرۆ خوسرەوی

ڕۆزا لۆکسمبورگ دەڵێت «هەر کەس نەجووڵێت، هەست بە خڕەی کەلەپچەکانی ناکات»4https://jameswilding.blog/2013/02/20/those-who-do-not-move-do-not-notice-their-chains-rosa-luxemburg، ئەم هەژموونی پیاوێتییەش وەک ئەو کەلەپچەیە دەردەکەوێت، کە زۆرینە لە دەست و پێوەندیان بەستراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەبێ جووڵە لە شوێنەکانی خۆیان ئارامییان گرتووە، هەستی پێ ناکەن، نایبیستن، نایبینن. بۆیە دەبینین ژمارەی یەکەمی ڕەهەند (١٩٩٦) لەگەڵ ئەو خوێندنەوانەی ئەمڕۆ بۆ ڕەهەند دەکرێت، جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت. بە هەمان شێوەش دەبینین کاتێک ژنەفتن دەیەوێت هەڵسەنگاندنەوە بۆ بازنەی گۆڤاری ڕەهەند بکات، دیسان هەر پیاوان بە ڕەخنەگران و ستایشکارانی ڕۆشنبیرانی ئەو بازنەیەوە بەشدار دەبن. ڕەنگە، وەک لەسەرەوە باسمان کرد، بیانووەکە ئەوە بێت گوایە ژنان خۆیان نەیانویستووە یان نایانەوێت بەشدار بن، بەڵام بەشدارنەبوونی ژن تەنها هۆکارێکی سوبێکتیڤ و خودی نییە بێین بەوەندە واز بهێنین و بڵێین ژنان خۆیان نایانەوێت، لەپشت هەر نەویستنێکی ژنەوە، مێژوویەکی دوور و درێژی بابەتی و ئوبێکتیڤی سەرکوتکردن، بەپاشکۆکردن هەیە و ڕێگا نادات ژن ژوورێکی بۆ خۆی هەبێت، نەبوونی ئەم ژوورەیە بۆ ژن کە مێژوویەکی گەورەی ئایین، ئابووری، نەریت، خێڵ، سیاسەت و پاشان بەرهەمهێنانەوەی ڕۆشنبیرانی لەپشتە وای کردووە پێمان وابێت ژن خۆی نایەوێت لە ڕووداوەکاندا بەشدار بێت، بەڵکوو لە ڕاستیدا بە زەبری هەموو هۆکارە ناوبراوەکانەوە ژنان کراونەتە دەرەوە. بۆیە ئەم نەبزووتنە پێمان دەڵێت چەندە ئەم گوتارەی ڤیرجینا وۆلف دوای نزیک سەدەیەک گرنگی خۆی هەیە، چەندە پێویستە کتێبەکەی بەدەستەوە بگرین، تا بەلایەنی کەمەوە ئەو ئارەزووەمان بۆ دروست ببێت وێنای ژوورێک بکەین، بوێریمان هەبێت دەست پێ بکەین بە نووسین. وەک ژنێک نووسین لەنێو بازنەیەکی داخراو بە هەژموونی پیاوێتی مردنە، ڕەنگە ئەگەر بەڕاستەوخۆییش وەک ماریا نەمرین، لە ڕێگەیەکی دیکەوە کوشتنی هەموو خەسڵەت و ڕەهەندە جیاوازەکانمانە. بۆیە ئەم نووسینە بەر لەوەی ڕەخنە، گوتار، بەشداری یان هەر شتێکی دیکە بێت، خودی خۆی تەحەداکردنێکە، بوێرییەکە و دەرچوونێکە لەو نۆرمە گشتگیرە پیاوێتییەی لە ملی هەر دانەیەکمان ئاڵاوە.

بۆ بێبەهاکردنی بەشداریی ژنان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفەدا کۆی چالاکییە فراوانەکانی ژنان کورت دەکەنەوە بۆ پرسی ژن

ئێستا دوای ماوەیەک تاکتیکێکی دیکەی ئایدیۆلۆژی بەوەدا ژنان و ژنانی نێو چالاکیی ڕۆشنبیری سەری هەڵداوە کە بە هۆی دۆخێکی داسەپێنراوەوە تەنها لە بازنەیەکی بچووکدا دەخولێنەوە، ئەو بازنە سنوورییەی ئەم هەژموونی پیاوێتییە بۆی دیاری کردوون، ئەویش تەنها دەربارەی ژن بدوێن، بۆیە دەبینین سەرەڕای هەموو هۆکارە ماتریاڵی و بەربەستە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان ژنان بۆیان ئاسان نییە دەربارەی پڕۆسە جیاوازەکانی ئەم هەژموونە پیاوێتییە بدوێن. لە کاتێکدا مێژوو لەلایەن پیاوانەوە نووسراوەتەوە، هێشتا لە کات و دۆخی ئێستای کوردستاندا کارێکی ئەستەمە ژنان ئەو مێژووە لە ڕوانگەیەکی جیاوازترەوە بخوێننەوە و هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەو ئاڕاستەیەی مێژووە بدەن. بەبێ گومان دووان لەسەر پرسی ژن ئەرکێکی گرنگی ژنان و هەروەها پیاوانیشە، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەگەر ژنان لەسەر پرسی خۆیان دووان ئەوا کەوتوونەتە نێو تەڵەی ئایدیۆلۆژیی هەژموونی پیاوێتییەوە، کە ناچاریان دەکات تەنها باسی کێشەی ژنانەییی خۆیان بکەن، بەڵکوو زیاتر بەو مانایە دێت کە ژنان هاوشانی پیاوان یاخود وەک هەر بکەرێکی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناو کۆمەڵگا دەتوانن بەشداری لە بەرهەمهێنانی تیۆری مەعریفی و ڕۆشنبیریدا بکەن، لەو شوێنانەش کە بەنەریتی بە هەرێمی پیاو ناسرابوون، وەک بوارەکانی ئەنترۆپۆلۆژیا، فەلسەفە، تیۆری زانین، کۆمەڵناسی، سایکۆلۆژیا، دەروونشیکاری و هتد. هەروەها خاڵێکی دیکەش گرنگە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە تەنانەت بۆ بێبەهاکردنی بەشداریی ژنان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفەدا کۆی چالاکییە فراوانەکانی ژنان کورت دەکەنەوە بۆ پرسی ژن، واتا تۆ وەک ژنێک چەندە بەشداری لە پرۆسە فراوانەکاندا بکەیت، هێشتا ئەو مۆرکەت لێ دەدەن کە تۆ لەسەر کێشەی ژن دەدوێیت و کۆی بکەری چالاکی سیاسییانەی تۆ کورت دەکەنەوە بۆ لێدوانی تۆ لەسەر پرسی ژن و قسەکەرێک بۆ کاروباری ژنان و ڕەهەندەکانی دیکەی چالاکییەکانت دەشارنەوە، بەو واتایە کە ئەو هەژموونە پیاوێتییە داسەپاوە پێی وانییە تۆ وەک ژن کێبڕکێکاری ئەویت. تا ئەو شوێنەش بتوانێت بۆ فۆرمی لێدوان لەسەر پرسی ژن کورتت بکاتەوە، ئەوا بیرۆکەکانت هیچ زیانێکیان بۆ سەر ئایدیۆلۆژیای پیاوانەیی نابێت، کە زۆربەی جار فۆرمی توندوتیژیی ڕەق و جارەکانی دیکەش فۆرمی ئایدیۆلۆژیای وەدەرنان وەردەگرێت.

هەژموونی پیاوێتی

پیاوێتی و هەژموونی پیاوێتی یەکێکن لەو چەمکانەی لە توێژینەوە جێندەرییەکان و بەتایبەتیش توێژینەوەکان دەربارەی پیاوێتی بەکار دێن. ئەم چەمکانە پەنجە دەخەنە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کاتێگۆریی زاڵ [ژن و پیاو]، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی نێوان پیاوانیش. ئامانجی سەرەکیش خوێندنەوە و شیکارکردنی ئەم باڵادەستییە خوازراوەی پیاوە و لێکۆڵینەوە لەو دانپێدانان و خستنە ژێر کاتێگۆریی ئەوانی دیکەیە. بۆ ئەوەی باشتر لەو نۆرم و هەژموونە پیاوێتییە تێبگەین، دەبێت سەرەتا چوارچێوەی تیۆری و مەبەستی سەرەکی لە بەکارهێنانی ئەم چەمکە دەست نیشان بکەین.

پیاوێتی لە خۆجیاکردنەوە لە ژنانێتییەوە بەرهەم دێت. پیاو ببیت، بە مانای ئەوەیە ژن نەبیت، لەم هەژموونە پیاوێتییەشدا بە مانای ئەوەیە ‘لاواز و چەوساوە’ نەبیت. ئەم شێوە لە خۆبەهاپێدانە لەو کۆمەڵگایانەدا کە پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات لەنێوان ژن و پیاودا تەواو بەرچاو و بەرجەستەیە، زیاتر ڕوو لە بەهێزبوونن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خۆبەهاپێدانە بەم پیاوێتییەش لەلایەن پیاوانی دیکەشەوە دەبێت سەرەتا دانیپیابنرێت و وەک پیاوێتییەک قبوڵ بکرێت، ئەوسا دەکرێت ئەو پیاوانەش بەشێکبن لەو پیاوێتییەدا. بۆیە تەنها بەس نییە لەڕووی بایۆلۆژییەوە ‘پیاو/نێر’ بیت، بەڵکوو ناشبێت بەپێی پێوەرەکانی پیاوێتی ‘لاواز’ بیت. بەپێی ئەو پێوەرانە دەبێت هەر پیاوێک سەختگیر بەرامبەر خۆی و بەرامبەر ئەوانی دیکەش و هەموو شتێکی لەژێر دەستدا هەبێت. لە بەرامبەریشدا هەر شتێک لەو پێوەرە توندوتیژانەدا جێگەی نەبێتەوە دەبێت لە بەها بخرێت و بە ‘ژنانەیی’ بکرێت، بۆ نموونە هاوسۆزی، هەستپێکردن و هۆمۆسێکسوالیتی پیاوان.

«پیاوێتی پێگەیەکە لەنێو پەیوەندییە ڕەگەزییەکان(جێندەر)؛ پیادەکردنی پێگەیەکە کە هەم ژنان و هەم پیاوان ئەم پێگەیە لە خۆیاندا جێ دەکەنەوە و کاریگەرییەکانی ئەم پیادەکردنە لە ئەزموونە جەستەیی، لە کەسێتی و کولتوورییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە».

چەمکی «هەژموونی پیاوێتی» سەرەتا لە چەند وتارێکی توێژارانی ئوستراڵی  توێژینەوەی پیاوان تیم کاریگان (Tim Carrigan)، بۆب کۆنێل (Bob Connell) و جۆن لی (John Lee) لە ساڵی ١٩٨٥ بەکار هێنراوە و دواتر بووەتە بەشێکی گرنگی توێژینەوە جێندەرییەکان. دواتریش هەمان کۆمەڵناسی ئوسترالی (بۆب کۆنێل و ڕۆبێرت ویلیام کۆنێل کە دواتر ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ رەیون کۆنێل و ئێستا هەر بە ڕەیون کۆنێل ناسراوە) ڕەیون کۆنێل (Raewyn Connell) قووڵتر کار لەسەر ئەم چەمکە دەکات و ساڵی ١٩٩٥ لە کتێبەکەیدا بە ناوی«پیاوێتییەکان [پیاوی دەستکرد، بونیادنان و قەیرانی پیاوێتیی(وەرگێڕانە ئەڵمانییەکە)]»5Connell, Raewyn (2015). Der gemachte Mann. Konstruktion und Krise der Männlichkeit. 4 Auflage. Springer Fachmedien. Wiesbaden. فراوانتر ئەم چەمکەی داڕشتووە. بەم شێوەیە پێناسەی پیاوێتی دەکات: «پیاوێتی پێگەیەکە لەنێو پەیوەندییە ڕەگەزییەکان(جێندەر)؛ پیادەکردنی پێگەیەکە کە هەم ژنان و هەم پیاوان ئەم پێگەیە لە خۆیاندا جێ دەکەنەوە و کاریگەرییەکانی ئەم پیادەکردنە لە ئەزموونە جەستەیی، لە کەسێتی و کولتوورییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە»6Connell, Raewyn (2015). S.91.

پیاوێتی بۆ کۆنێل پێکهاتەیەکی دەستکردی کۆمەڵایەتییە، کە دەکرێت لە ڕووی مێژووییەوە لە یەکتر جیا بکرێنەوە، بەو مانایەی بەپێی کۆنتێکستە مێژوویییەکان دەکرێت جۆرێک لە پیاوێتی دروست بکرێت و ببێتە باڵادەست. بەپێی کۆنێل پڕۆسە جێندەرییەکان جێگیرکراونەتە ژیانی ڕۆژانە و ڕووبەرەکانی بەرهەمهێنانەوە، کە سەرنج دەخەنە سەر پێکهاتە جەستەیی و پڕۆسەکانی بەرهەمهێنانەوە. ئەم ڕووبەرەش هەم جۆش و خرۆشە سێکسییەکان و هەم منداڵبوون و پەروەردەکردنی منداڵان دەگرێتەوە، هەمیش جیاوازی و هاوبەشییە ڕەگەزییەکان دەگرێتەوە. بۆ ئەمەش کۆنێل جەخت ناکاتە سەر بنچینە بایۆلۆژییەکان، بەڵکوو زیاتر ‘ڕووبەری بەرهەمهێنانەوە’، چونکە ئەم ڕووبەرە زیاتر ڕۆڵێکی مێژوویی لەم پڕۆسە جێندەرییانەدا هەیە. ڕەگەزگەرایی وەک پراکسیسێکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی گشتی جەخت دەکاتە سەر جەستە و کارکردی جەستە لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی پێکهاتەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.7Connell, Raewyn (2015).S.124 کۆنێل لەلایەکەوە ئەم پەیوەندیی دەسەڵاتە لەنێو ڕەگەزەکان (جێندەر) دەخوێنێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ‘پیاوێتی’ وەکو واقیعێکی نەگۆڕاو نابینێت، بەڵکوو لە ڕوویەکی مێژوویییەوە هەلومەرجەکانی دروستبوون و گەشەی ئەو جۆرە لە پیاوێتییە شی دەکاتەوە و لەو بڕوایەدایە چۆن ئەو هەژموونە پیاوێتییە دروست کراوە، ئاواش پۆتێنشەڵی گۆڕانکاری تێدا هەیە.

بە سوودوەرگرتن لە تیۆری هەژموونی ئەنتۆنیۆ گرامشی، کۆنێل ئەم هەژموونی جۆرێک لە پیاوێتییە کە وەک نۆرم و حەقیقەتێک دەربارەی پیاوان دەنوێنرێتەوە، پێناسە دەکات، کە تێیدا یەک جۆری پیاوێتی لەنێو فۆڕمەکانی دیکەی پیاوێتیدا باڵادەستە و لە هەمان کاتیشدا هەوڵی پاراستنی ڕۆڵی ژندایە وەک ژێردەست یاخود ژێرکاتێگۆریی پیاو. هەژموونی پیاوێتی بەم پێیە لە پەیوەندیدا بە ژێردەستەکردن و ژێرکاتێگۆریخستنی جۆرەکانی دیکەی پیاوێتییشەوە پێناسە دەکرێت. جۆرەکانی دیکەی پیاوێتی، کە کۆنێل بە پیاوێتییە ‘پەراوێزخراوەکان’، ‘چەوسێنراوەکان’ و ‘بەشداریکەرەکان’ناویان دەبات. پیاوێتییە ‘چەوسێنراوەکان’ پیاوە هۆمۆسێکسوێلەکان لەخۆ دەگرێت، کە لەلایەن پیاوانی هێترۆسێکسوێلەوە دەچەوسێنرێنەوە و دژایەتییان بەرامبەر دەکرێت، چونکە هۆمۆسێکسوێلبوون وەک لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر ئەم هەژموونە پیاوێتییە لەقەڵەم دەدرێت. کاتێگۆریی پیاوێتییە ‘بەشداریکەرەکان’ زۆرینەی پیاوان دەگرێتەوە، کە لە ڕاستیدا لەم هەژموونی پیاوێتییەدا ڕەنج دەکێشن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سوودمەندیشن لێی، ئەو سوودمەندییەی کە لە چەوساندنەوەی ژنان لەلایەن پیاوانەوە بەرهەم هاتووە، بۆ لەدەستنەدان و ئەو پێگەیەی کە تا ئێستا لەو قوچەکێتییەی پیاو ئینجا ژن بەدەست هاتووە، چونکە لەم دابەشکارییە پیاوسالارییەدا بەشێکیان هەیە و پشتیوانی لەم هەژموونی پیاوێتییە دەکەن، بەبێ ئەوەی خۆیان بگەن بەم هەژموونە پیاوێتییە و ببن بە یەکێک لەو شێوە پیاوێتییە باڵادەستە. میشایل مای لەم چەند خاڵەدا سوودمەندبوونی پیاوان لەم هەژموونەدا بەهۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە دیاری دەکات، کە پیاوان بەبێ خواست و نەستێکی سوبیێکتیڤییەوە لەو نەزمە سوودمەندبوون:

  • بە بەراورد بە ژنان دەرامەتێکی باشتر و دەستکەوتی زیاتر.
  • دەست گەیشتنی ئاسانتر بە سەرچاوە (گشتییە)کان.
  • نواندنەوە و لەبەرچاوگرتنی شتەکان بەپێی خواستە پیاوانەیییەکان لە شوێنە گشتییەکاندا.
  • پارێزراوبوونیان لە نیگا زەقەکان، توانج و دەستەواژە سێکسیتییەکان.
  • کاڵکردنەوەی پرسەکانی جێندەر بەهۆی بێدەنگبوون و نەدوواندنیان لەمەڕ باس و خواسە سیاسییە ڕەگەزییەکان.8May, Michael (2010). Hegemoniale Männlichkeit. S.130. In: Karin Böllert · Nina Oelkers (Hrsg.) (2010). Frauenpolitik in Familienhand? Neue Verhältnisse in Konkurrenz, Autonomie oder Kooperation. 1. Auflage. VS Verlag für Sozialwissenschaften

بە هەمان شێوەش پیاوێتییە ‘پەراوێزخراوەکان’ بەشێکن لە پیاوێتییەکانی چین و ڕەچەڵەکە (ئێتنیک) چەوساوە و پەراوێزخراوەکان، کە لە ڕێگەی پاراستنی دەستکەوتی هەژموونییەکانی بەشێک لە پیاوان چەند گروپێکی پیاوان پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە ژێرکاتێگۆرییەوە. ئەو پیاوانەی کە بەردەوام دەکەونە بەر جیاکاری و توندوتیژیی ڕاسیستییەوە دەکەونە نێو ئەو پیاوێتیییە ‘پەراوێزخراوان’ە. لێرەدا کۆنێل تەنها لە ڕوانگەی جێندەرەوە ناڕوانێتە نایەکسانی و جیاکارییەکان لەنێو هەژموونە پیاوێتییەدا، بەڵکوو ڕێگەی لەبەرچاوگرتنی کاتێگۆرییەکانی دیکەی وەک چین و ئێتنیک و نەتەوە ئەم جیاکارییانە باشتر ڕوون دەکاتەوە.

دەکرێت ‘پیاوان’ی بازنەی ڕەهەند و نەوەی دوای خۆیان (لەڕووی هەڵگری ئایدیا و پێوەرەکانەوە سەر بە هەمان نەوەن، بەڵام لەڕووی قۆناغ و سەردەمەوە سەر بە کاتێکی دوای ڕەهەندن) لەنێو کاتێگۆریی پیاوێتییە ‘بەشداریکەرەکان’ جێگیر بکەین. هەوڵ و تواناکانیان بۆ نووسین و دروستکردنی بوارێکی دیکە و نوێ، بەشێکی بەزمان گۆنەکراوی ئەو ڕەنجەیە، کە ئەم پیاوانە کێشاویانە و بە شێوەیەکی دانپێدانەنراو ئەم هەژموونی پیاوێتییە ماندووی کردوون، بۆیە دەست دەبەن بۆ نووسین و ڕەخنەی ئەو جۆرە هەژموون و سیستەمەی کە لەو کاتەدا باڵادەستە، ئیتر ڕەخنەگرتن بێت لە ناسیۆنالیزمی حیزبە کوردییەکان، شەڕی ناوخۆ و چەندین شتی دیکە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم پیاوانە ئاگاداریشن لە دۆخی سوودمەندبوونیان و هەبوونی ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستیانن. پێکهاتەکانی ئەم نەزمەی پیاوانی بازنەی ڕەهەند تێیکەوتوون ئەم هەلومەرجەی بۆ خوڵقاندوون کە ئەوان ببنە دەنگێک، لەو دۆخە خاڵییەشدا ببنە ناوێک. لەبەر ئەوەی وەک ڕەگەز پیاوبوون توانا و ئازادیی سەفەرکردن و چوون بۆ تاراوگەیان ساناتر بووە، توانای کارکردن و خۆبەڕێوەبردنیان زێدەتر بووە، وەک لە ژنێک کە سەرەتا لەچوارچێوەی ماڵ و خێزاندا بۆ چوونە دەرەوەیەکی سادە پێویستی بە ڕێگەپێدانی ئەندامێکی نێرینەی خێزانەکەیان هەیە و دواتر لەناو کۆمەڵگاشدا هەموو نیگا چاودێریکەرەکان ڕوو بە ژنەکەیە و لە نیگاکانیاندا ئەوە بەدی دەکرێت، ‘تۆ چی دەکەیت بە تەنیا، بەبێ نێرینەیەک؟’، هەروەها ژنان بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن و توانا و ئازادیی خۆبەڕێوەبەری بە دەست بخەن، دەبێت سەرەتا بەنێو جەنگێکی ڕۆحی/دەروونی و جەستەییدا بڕۆن، ئەم جەنگەش ڕەنگە هەر کەسێک بە زیندوێتی لێی ڕزگار نەبێت. ئەم ئازادی و دەرفەتەی بە پیاوان بەخشراوە، زۆرترین ڕێگەی بۆ کردوونەتەوە بتوانن پەیوەندی دروست بکەن، بتوانن چەند زمانێکی دیکە بێجگە لە زمانی دایکییان فێر ببن، بتوانن بچنە کۆمەڵگاوە و لە کۆمەڵگا بڕوانن و بزانن چ دیاردەیەک هەیە و چی ڕوو دەدات و چەندین شتی دیکە، کە ژنان بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا دەبێت پرسی مان و نەمانیان هەڵبسەنگێنن. ئەگەرچی پیاوانی بازنەی ڕەهەند بە شێوەیەکی تایبەتی و بە هۆکاری شەخسی لەم هەژموونە سوودمەند نەبوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەڵگری ڕەگەزی پیاوانە بوون، بەڵام لە نەستیاندا دڵنیاییی ئەوەیان هەیە کە بەشێکیان لەم هەژموونەدا هەیە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لێ دەکەن و ئەم هەژموونە بە پارێزراوی دەهێڵنەوە. بەتایبەتیش لەو کاتەدا کە پرسی جێندەر و پرسی ژن تا ئەندازەیەکی زۆر فەرامۆش دەکەن و لەنێو باسوخواسە کۆمەڵایەتییەکاندا کاڵی دەکەنەوە و دەیخەنە دەرەوەی پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یاخود لە هەندێک حاڵەتدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن بە بیانووی ئەوەی کە ئەمە کێشەی ژنانە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. کاتێکیش وشیاریی گشتی لە کۆمەڵگادا هەڵدەکشێت و لێرە و لەوێ ڕۆڵی ڕابردوویان لە تەحەدانەکردن و هێشتنەوەی ئەم هەژموونەدا دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، یان خۆیان لە پرسیارەکان دەدزنەوە، یاخود لایەن و بنچینەیەکی عیرفانی و ڕەمزی و ڕەوانبێژی بە دەربڕینەکانیان دەبەخشن، ئەمەش دیسان دەریدەخات کە تەحەدداکردنی هەژموونی پیاوانەیی دژ و پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیانە.

سەرهەڵدانی ڕەهەند لەنێو جەنگ و پاشماوەی جەنگدا

بەر لەوەی هیچ خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەند بکەین، دەبێت لەو ژینگە و سەردەمە بکۆڵینەوە کە ڕەهەندی خوڵقاندووە و تێیدا لەدایکبووە، دواتر ئەو کاریگەرییانە دەرک بکرێن کە لەسەر تاکی ئەو کۆمەڵگایە بەجێ هێڵراون. بە دڵنیاییشەوە ڕۆشنبیران و نووسەرانی ڕەهەندیش دابڕاو نین لەم کاریگەرییانە. لە کاتی هاتنەئارای گۆڤاری ڕەهەندەوە، کۆمەڵگای کوردستانی باشوور دەست و پەنجە لەگەڵ شەڕدا نەرم دەکات. ئەم شەڕە ئەگەرچی بەر لە ڕاپەڕین فۆڕمێکی دیکەی هەبووە، چونکە باشووری کوردستان لە دۆخێکی دیکەی بەرگریکردندا بووە، بەڵام دوای ڕاپەڕین و لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ عەقڵییەتی پیاوسالاری و ناسیۆنالیستی لە پێشوو بەهێزتر دەبێت. ئەگەرچی لە زۆرینەی شەڕەکاندا زۆرترین سەرباز و پێشمەرگەکان پیاوانبوون، ژنانیش بە شێوەی ڕێژەیەکی کەم بەشدارییان هەبووە، ئینجا ئیتر وەک پیشمەرگە، هاوسەری پێشمەرگە و لایەنی خزمەتکردنی پێشمەرگەکان یان هەر جۆرە بەشدارییەکی دیکە بێت. ژنانیش تاڕادەیەک توانیویانە ڕۆڵی پێشمەرگە بگێڕن، بەڵام ناچاری سازشکردن و خۆگونجاندنێکی مەرگئاسایانەش کراون، بۆ ئەوەی لەنێو ئەو چوارچێوە پیاوێتییەدا جێگەیان ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بوون بە ژنەپێشمەرگەیەک بێگومان یەکسان نەبووە وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی (پیاوێک).

وەکچۆن زۆرترین قوربانییەکانی دەستدرێژیی سێکسیی ژنانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی کەمیش لە پیاوان لە کاتی جەنگدا بەر ئەم جۆرە لە توندوتیژییە دەکەون. وەک سینتیا کۆکبورن دەڵێت: «ئەو ژنەی لە جەنگدا دەستدرێژی دەکرێتە سەر، وەک ژنێک و وەک کاتێگۆرییەک بۆ شەرمەزارکردن دەستدرێژی دەکرێتە سەر. ئەو پیاوەی کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، وەکوو پیاوێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر بۆ ئەوەی لە کەرامەتی کەم بکرێتەوە و نزم بکرێتەوە بۆ ‘ئاستی ژنێک’ و پیاوێتی و حورمەتی لەکەدار بکرێت»9Cockburn, Cynthia (2013). War and security, women and gender: an overview of the issues, Gender & Development. S.4. To link to this article: http://dx.doi.org/10.1080/13552074.2013.846632. ئەگەرچی خودی دۆخی جەنگ بارودۆخێکی پڕ توندوتیژییە، بەڵام توندوتیژییەکی فرەڕەهەندە و توندوتیژی لەسەر بنەمای سێکسیزم و باڵادەستکردنی ڕەگەزی نێر یەکێکە لەو توندوتیژییانە. هەر خۆئامادەکردن و کەوتنە نێو دۆخێکی جەنگەوە بانگەواز بۆ ناسیۆنالیزم و میلیتاریزم هاوشانی پیاوسالاری و توندوتیژیی پیاوێتی چڕتر دەکاتەوە. وەک کۆکبورن ئاماژە بەوە دەکات:

«پەیوەندییە جێندەرییەکان بەقووڵی چڕ دەکرێنەوە بۆ ئەو خەسڵەتانەی کە دەکرێت مرۆڤێکی پێ بکرێت بە سەربازێک و ئامادەیان بکات بۆ شەڕکردن. لە کاتێکدا نەزمی جێندەریی پیاوسالاری لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەپێی کات گەشەی پێ دەدرێت و ڕۆڵ و چۆنیەتیی بوونی کوڕان و پیاوان دیاری دەکرێت، بەوەی کە کێبڕکێکەر بن، ئامادەی شەڕ بن، لەڕووی جەستەییەوە بەهێز بن، بەتوانا و جورئەت بن. بەرزەفڕ بن. بەڵام ئەم چۆنایەتییانە خۆیان، تەنانەت لە ‘ساتی ئاشتی’دا هەر بە لای پیاواندا دەکشێنەوە، ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو جەنگ لار دەکاتەوە، بریتییە لە سروشتی دووانەدژ و تەواوکاری پەیوەندیی جێندەری کە تێیدا ڕەگەزەکان بە جۆرێک تایبەتمەند دەکرێن کە هەر یەکێکیان خاوەن نیوەی ئاستی مرۆییی چۆنایەتییەکان بێت. نێرەکان وەک پارێزەر، بەرگریکار ڕێک دەخرێن، مێیەکان (و لاوان) وەک بەرگریلێکراوان و پارێزگاریلێکراوان دادەنرێن. لە هەمان کاتدا، پیاوان وەک بەکارهێنەرانی ئامرازی زەبر و زەنگ و ژنان وەک قوربانییە ‘سروشتیی’یەکان سەقامگیر دەکرێن. لە نەزمێکی وەهای جێندەریدا، دەکرێت جەنگ وەک بەدیهێنانی چارەنووسە بەجێندەرکراوەکان ببینرێت»10Cockburn, Cynthia (2013). War and security, women and gender: an overview of the issues, Gender & Development. S.7-8.

ئەم توندوتیژییە پیاوانەیییەی لە جەنگدا بەدی دێت و ئەم بەردەوام دروستکردنەوەیەی پیاوێتییە ژنان دەخاتە دۆخێکەوە کە هەتا لە کاتی ئاشتیشدا هێشتا خۆیان لەنێو ناوچەی شەڕدا ببیننەوە، هێشتا شەڕێک دەست و یەخەیانی گرتبێت و هەست بە ئارامی و ئاساییش نەکەن، چونکە ئەم توندوتیژییە چیتر وەک ڕاهێنانێکی سەربازی و پەیوەست بەو دۆخی شەڕە نامێنێتەوە، بەڵکوو کاریگەریی خۆی بەڕاستەوخۆیی لەسەر کاراکتەر و عەقڵییەتی ‘پیاوان’ جێدەهێڵێت و بە ناوەکی دەبێت، دوای جەنگیش ئەم توندوتیژییە لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ نێو ژیانی ئاسایییان دەگوازرێتەوە بۆ نێو چوارچێوەی خێزان و هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا. تاکی کورد لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و بەبێ بوونی زەمینێک لەژێر پێدا خۆی دەبینێتەوە، هاودەمیش دۆخی شەڕ و گەشەی ئەو توندوتیژییانە ئەم دۆخە ئاڵۆزتر و ئەستەمتر دەکەن. هەر تاکێک خۆی لەنێو چەقی شەڕێکی دەروونی و جەستەییدا دەبینێتەوە، لە سیستەمێکدا کە جۆرێک لە ‘پیاوێتی’ زەق دەکاتەوە و بەردەوام بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر خۆراکی پێ دەدرێت و بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەم پیاوێتییە ڕەقە، توندوتیژە، بکوژە، دژەمرۆڤە، دژی هەر ڕەگەزێکە کە لە دووانەی ‘پیاو و ژن’ جێی نەبێتەوە و یان هیرارکی (قوچەکێتی) “پیاو ئینجا ژن”ی قەبووڵ نەبێت، دژی هاوڕەگەزخوازەکان و هەموو خواست و حەزێکی جینسییە کە لە هێترۆنۆرماڵیتیی باوکسالارانەدا جێگای نابێتەوە، دژی هەر جووڵەیەکە بۆ ئازادی و یەکسانی، چونکە پێی وایە، ئەگەر ئەم خەسڵەتانەی تێدا نەبێت، ئەوا ڕەنگە لە ‘پیاوێتی’ بکەوێت و ئەو ‘پیاوێتی’یەی لەدەست دەربهێنن. بێل هوکس ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کولتوورە پیاوان بۆ قبوڵکردنی جەنگ ئامادە دەکات، بۆ ئەمەش پێویست دەکات تێڕوانینە پیاوسالارییەکان تێیاندا بچێنرێت و پێیان وابێت، ئەوە سروشتی پیاوانە بکوژ بن و چێژ لە کوشتن ببینن11Hooks, bell (2022). Männer, Männlichkeit und Liebe, Der Wille zur Veränderung. 1 Auflage. Elisabeth Sandmann Verlag. München. S.27. ئەم هەژموونە پیاوێتییە ئەوەندە زاڵە کە ڕۆژانە نەک تەنها بەرامبەر بە ژنان، بەڵکوو بەرامبەر بەو پیاوانەش کە خۆیان بە پێوەرەکانی ئەوان ناپێون و خۆیان لەو چوارچێوەدا پێناسە ناکەن، بە شێوازی جیاواز توندوتیژی دەنوێنێت. کوردستان لەو دۆخەدا خۆی دەبینێتەوە، کە پیاوێتییەک دروست کراوە و بەردەوام دروست دەکرێتەوە بۆ جەنگ، هەتا لە نەبوونی جەنگیشدا ئەم پیاوێتییە بەردەوامی پێ دەدرێت و دەبێتە هەژموونێک و خۆی پەلکێش دەکات بۆ هەموو ئەندامەکانی جەستەی کۆمەڵگا و بە بواری ڕۆشنبیریشەوە.

ڕەهەند وەک گۆڤارێک و هەوڵێک، کە دەیەوێت لەو دۆخەدا زەمینەیەکی دیکە بۆ کارکردن و خوێندنەوە بدۆزێتەوە، وەکچۆن لە زۆرینەی ژمارەکانی ڕەهەنددا پرسی شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی ئەو حیزبە کوردییانە بەشێکی سەرەکیی گۆڤارەکەیان گرتووە. بەڵام لێرەدا تەنها هەبوون و هەوڵەکە جێی سەرنج نییە، بەڵکوو ڕۆڵی ئەو ڕۆشنبیرانەی لەو بازنەیەدا کارییان کردووە و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆمەڵگا و بەجێهێشتنی شوێنپێیان، شتێکە دەبێت بخوێندرێتەوە، کە چۆن و چ کاریگەرییەکیان هەبووە بۆ ئێستا و ڕەنگە داهاتووش. وەلید عومەر لە خوێندنەوەکانیدا بۆ ڕەهەند دەنووسێت: «پاش دوو دەیە زیاتر، ڕەهەند دەبێتە «ڕەهەند». هەمیشە کەمێک درەنگتر تێدەگەین چى ڕووی داوە. بە مانایەکى تر، لە کۆدا و بە چاوێکى گشتبینانەوە تێدەگەین چ ڕووی داوە»12بڕوانە:  https://jineftin.krd/2021/11/01/%da%86%db%86%d9%86-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d8%a8%d8%ae%d9%88%db%8e%d9%86%db%8c%d9%86%db%95%d9%88%db%95%d8%9f. ئەگەرچی ئەم ڕستەیە وەک ستایشێک بۆ بازنەی ڕۆشنبیرانی ڕەهەند بەکار هاتووە، بەڵام دەکرێت لە سیاقی خۆی دەربهێنرێت و بۆ مەبەستی پێچەوانەی خودی نووسەری ئەم ڕستەیە بەکار بهێنرێت، نەک تەنها بە فۆکۆس خستنە سەر ڕەهەند، بەڵکوو چاوێک بگێرین بە کۆمەڵگا و ئەو بازنەیەی کە تێیدا ڕەهەند پەرش بووە. دوای بیست و شەش ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕەهەند، کاری نووسین و وەرگێڕان و چەندین کاری دیکەی نووسەرانی بازنەی ڕەهەند لە بواری ڕۆشنبیریدا، کوردستان لە دۆخێکی سەیر و سەمەرەدا خۆی دەبینێتەوە، بازنەی ڕۆشنبیری جۆرە حاڵەتێکی ‘قۆرخکاری’ بەخۆیەوە گرتووە و پرسی ژن و ڕۆڵی ژنیش لەم نێوەندەدا بە هەمان شێوەی کۆی کۆمەڵگا لە حاڵەتێکی تاڕادەیەک ناچالاکدا خۆی دەبینێتەوە. بازنەی ڕۆشنبیریش بەدەر نییە لە توندوتیژییە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگا، هەر لە فۆڕمی سێکسیزم و بەرهەمهێنانییەوە لە ڕێگەی تیۆریزەکردن و داتاشینی خەسڵەتی پێوەهەڵواسراو بۆ ژن تاکوو توندوتیژییە ڕاستەوخۆکان و دەستدرێژی. لە شەڕی پیاوانەی ڕۆشنبیرانەوە ئەم توندوتیژییە بەڕوونی دەبینین، کە بۆ تێکشکاندن و داماڵینی کەسی بەرامبەریان چەندین شێوازی جۆراوجۆریان بەکار هێناوە، هەر لە جنێودانی ڕاستەوخۆە بگرە تا داتاشین و بونیادنانی فۆڕمی جیاوازی جنێوی پیاوانەی ڕۆشنبیران. ئەم شێوەیەی جەنگ لەدوای وەستانی گۆڤاری ڕەهەند و بەناو ‘ڕەخنەکانیان’ لە یەکتری باشتر درێژەی کێشا بۆ نێو ئەو کەس و لاوانەی دەیانویست بێنە نێو ئەو بازنەیەوە. بلیتی هاتنە نێو ئەو بازنەیەش پیادەکردنی ئەم زمانە شەڕانگێزی و پڕ جنێوە بوو. یەکێکیش لە خەسڵەتەکانی پیاوانەیی، بریتییە لەو زمانە شەڕانگێز، توندوتیژ و هێرشبەرەی خەسڵەت بە ڕوانینەکانیان دەدات.

ڕێگا و تاکتیک و ستراتیژەکانی دیکەی وەدەرنان زۆرن، لە بەسروشتیکردنی نەزمی مێژوویییەوە بۆ بەئەبەدییکردنی هەڕەمییەت و قووچەکێتی، لەوانە تا ئێستاش بواری ڕۆشنبیریی کوردی پڕاوپڕە لە تیۆریزەکردنی نایەکسانییە جێندەرییەکان و بەکەمترکردن و دەرکردنی ژنان لە هەرێمەکانی کارکردنی زەینی و فیکری. بۆ نموونە لە ئەرگومێنت و بەڵگەی فەیلەسووفانەوە تا دەگاتە هێنانەوەی بەڵگەی دەروونشیکاران بۆ وەدەرنانی زیاتر و زیاتری ژنان، وەک بڵێیت سەرکوتکردنی هەزاران ساڵەی ژن و بەپاشکۆکردنی بەس نەبێت، ئێستا دەبێت فەلسەفە و دەروونشیکارییش پشتیوانیی لەم سەرکوتکردنەدا بکات. ئەگەر تێبینی بکەین دەبینین زۆربەی زۆری ڕۆشنبیران، فەلسەفەکاران و چالاکوانانی بواری دەروونشیکاری بەگشتی کاریگەرن بەو فەیلەسووف، بیرمەند و دەروونشیکارانەی لە تێزەکانیاندا دژە-ژنیی قووڵ ڕەنگی داوەتەوە. کێ هەیە حەزی لە فەلسەفە بێت و بەردەوام قسەی شۆپنهاوەر دژ بە ژن لەسەر زمانی نەبێت؟ کێ هەیە ڕۆژانە بە تیۆری سیگموند فرۆید ژن بە کەم و کەم عەقڵ نەگرێت؟ وەک چۆن بەڵگەی ئاییندارە دژە-ژنەکان ئەوەیە کە هیچ پێغەمبەرێک لەناو ژناندا هەڵنەکەوتووە، هەمان بەڵگە و ئەرگومێنتی ئاییندارەکان لە بواری ڕۆشنبیرییشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە وا پیشانی بدەن کۆی مێژووی فیکر و فەلسەفە بەس پیاو تێیدا بەشدار بووە. ڕۆڵی ژنانی بیرمەند، فەیلەسووف، چالاکوان و تەنانەت دەروونشیکاریش پشتگوێ دەخەن.

لە کوردستان دەرفەتەکان و شوێنەکان بۆ کارکردن لەم بوارەدا بە شێوەیەکی بەرچاو مۆنۆپۆلکراوە، بە دەستی کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕ، کە بەشێکی زۆریان دوور یان نزیک لەو بازنەی ڕەهەندەدا کارییان کردووە. من نامەوێت ڕەهەند لە یەکتر جیا بکەمەوە و هەر نووسەرە بەجیا بخوێنمەوە، بەو جۆرەی بەختیار عەلی لە دیمانەکەیدا لەگەڵ ژنەفتن دەڵێت: «بۆ من ئەو کات و ئێستاش، ڕەهەند گۆڤارێک بوو، مرۆڤ دەبێت وتارەکانی وەک وتاری نووسەرانی جیا تەماشا بکات. جگە لە کۆمەڵێک هەڵوێستی گشتی و سیفاتی گشتی، شتێک نییە نووسینەکان و نووسەرەکانی ڕەهەند پێکەوە گرێ بداتەوە»13بڕوانە: https://jineftin.krd/2021/10/09/%d8%af%db%95%d8%b1%d8%a8%d8%a7%d8%b1%db%95%db%8c-%d9%86%db%8e%d9%88%db%95%d9%86%d8%af%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d9%88-%da%af%db%86%da%a4%d8%a7%d8%b1%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95-4. ئەم جۆرە لە جیاکردنەوەیە خۆلادانە لەو دەرەنجام و واقیعەی ئێستا لەنێو بواری نووسین و ڕۆشنبیریی کوردی لە باشووردا بوونی هەیە. خۆلادانە لەو پێکەوە کارکردن و ئەو ئاڕاستەیەی بەیەکەوە هەژموونی دروست کردووە. دەکرێت ئەم هەژموونە بەڕاستەوخۆیی بەختیار عەلی یاخود مەریوان وریا قانیع یان هەر نووسەرێکی دیکەی نێو ئەو بازنەیە، بەشدارییان تێدا نەبووبێت و یان نەبێت، بەڵام ئەم هەژموونە، ئەم مۆنۆپۆلەیە کە ئێستا باڵادەستە بەرهەمی بەشێکی زۆری ئەو ئاڕاستەی سیاسییەیە کە ئەم نووسەرانەی تێدا کۆ بووەتەوە. ڕەنگە ئەم وەڵامەی ئاودرێ لۆرد لە ساڵی ١٩٨٢دا باشترین وەڵامێک بێت بۆ ئەم خۆلادانە: «هیچ شتێک بە ناوی خەباتێکی تاقانە بوونی نییە، چونکە ئێمە لە ژیانێکی دابڕاو و تەرکی لە یەکتریدا ناژین»14Lorde, Audre (1982).Learning from the 60s. Online: https://www.blackpast.org/african-american-history/1982-audre-lorde-learning-60s.

بەڵێ بێگومان دەبێت ئەو واقیعییەتە قبوڵ بکەین کە نووسەرانی بازنەی ڕەهەند دانیپێدادەنێن، کە نووسین و ئاڕاستە فیکرییەکانیان جیاوازی هەبووە و هەیە، کۆی گۆڤارەکەش ئامانج و فیکرێکی یەکگرتووی نەبووە، تا نووسەران بتوانن لەژێر چەتری ئەم فیکرەدا کۆ ببنەوە، ئەم پەرتەوازەیییەی بەختیار عەلی وەک خۆجیاکردنەوەیەک و خۆلادانێک باسی دەکات، هەمان ئەو پەرتەوازییە فیکرییەیە کە ئێستا لە کوردستاندا ڕێ دەکات، کە نووسەر یان وەرگێڕ بەبێ بوونی فیکرێکی دامەزراو و بونیادی هەر شتێک گۆ دەکەن، چونکە پێیان جوانترە وەک لەوەی ئامانجێک بۆ گواستنەوە و گوتنەوەی گوتارێک هەبێت. هەر ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە نووسەران و وەرگێڕانی ژێر ئەو هەژموونە بێئاگایانە یان ئاگایانە چەندین گوتاری دژە-ژنی، دژەژیان، دژەئومێد بڵێنەوە، هاودەمیش لە گوتاری دیکەدا هەر خۆیان خۆیان ڕەت بکەنەوە.

لە کوردستان و لەناو بواری ڕۆشنبیریدا ئازادیی خۆ-دەربڕین تەنها ئەو کاتە هەیە و جێی دەبێتەوە کە خزمەت بە گوتاری باڵادەستی پێشوو بکات

بێگومان بوونی گۆڤارێک، توانینی نووسین لە دۆخێکدا کە جەنگ هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر و لە سوبیێکت داماڵڕابوونی تاکەکان بەردەوامە، جۆرە ئیمتیازێکە، بەڵام تا ئێستاش دەست بەسەرداگرتن و قۆرغکردن، ڕێگەنەدان بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەشێکی دانەبڕاون لەو هەژموونە باڵادەستییە. بە دڵنیایییەوە ڕەنگە کەسانێک بڵێن، «شتێکی لەم چەشنە بوونی نییە و هەموو کەسێک ئازادە چۆن دەیەوێت بەشدار لەو پڕۆسەیەدا بێت»، بەڵام کاتێک دەبینین زۆرینەی دەزگاکان [بە هەر ئاڕاستەیەکی سیاسی و فیکری لە ڕاستەوە بۆ چەپ و لە ئیسلامییەوە تا عەلمانی]، زۆرینەی ناوەندەکانی ڕۆشنبیری بەردەوام خەریکی درێژەپێدان، دووبارەبوونەوە و بەرگریکردنی سەرسەختی ئەم بەشەی ڕۆشنبیرانەن، هاوکاتیش تەنها ڕێگە بەو کەسە نوێیانە دەدرێت، کە سەرەتا پەڕەیەکی تەئیدی و پاسپۆرتی چوونە ژوورەوەیان لەو ڕۆشنبیرانەوە دەست دەکەوێت. هەر ئەمەش وای کردووە شەپۆلێک(هەژموونێک) دروست ببێت، ئامادە بێت بە هەموو شێوەیەک بکەوێتە دژایەتیکردن [هەندێکجاریش بەپێی بنەمای سێکسیزم] و دواتر بەزۆر پشتگوێخستنی ئەو دەنگە نوێیانەی سەر بەو ئاڕاستەیە نین. بەو مانایە لە کوردستان و لەناو بواری ڕۆشنبیریدا ئازادیی خۆ-دەربڕین تەنها ئەو کاتە هەیە و جێی دەبێتەوە کە خزمەت بە گوتاری باڵادەستی پێشوو بکات. ئەوە ڕاست نییە کە دەگوترێت هەمووان ئازادن چی دەڵێن، ئازادیی دەربڕین ئەو کاتە مانای هەیە کە دەرفەتی گەیاندنی بیروڕا بۆ بواری گشتی بۆ هەمووان وەک یەک بێت. نەک ئەوەی یەکێک خاوەن کۆی دەزگاکانی بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری بێت، و یەکێکی دیکەش هیچ دەزگایەکی خۆ-گەیاندنی نەبێت، بێگومان ئەم دۆخە تەواو نائازاد و نایەکسانە. هەمیشە ئایدیا و بیرۆکەی ئەوانە دەگاتە کۆمەڵگا کە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خۆ-گەیاندنیان لەبەردەستە. ژنان و لاوانی نوێ بەتەواوی لە دەرەوەی ئەم دەزگایانەوەن.

لەگەڵ ئەمانەشدا پرسی ژن و ڕۆڵی ژنان دیارترین مەسەلەیەکە کە بەتەواوی فەرامۆش کراوە. ئەگەرچی من لەگەڵ یەکسانی لەڕووی چەندێتییەوە نیم بەڵکوو چۆنیەتیی بەشداری و ڕۆڵی ژن لەو بوارەدا، بەڵام دەبینین لە هەردوو لایەنەکەدا ڕۆڵی ژن لە نزمترین ئاستدایە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک هۆکارەکەی بۆ تەنیا ئارەزوو و خواستی تایبەتیی تاک یان ژن ناگەڕێتەوە، بەڵکوو ئەوە دەردەخات کە دوای چارەکە سەدەیەک ئەو بوارە بە پەرژینێکی ئاسنینی پیاوێتی/باوکسالاری تەنراوە و ڕێگە بە هاتن و دەرچوون لەو بازنەیەدا نادات. بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام چەند چەمکێکی لاستیکیی ناڕوونی وەک مرۆڤ، مرۆڤایەتی بەکار دەهێنرێت، بۆ خۆدەربازکردن لە ڕابردوو. ئەگەر خۆمان لە نەزانیی مێژوویی نەدەین، دەزانین مرۆڤایەتییش جۆری زۆرە، هۆلۆکۆست، مێژووی کۆلۆنیالیزم بەشێکی دیارن لەو مرۆڤایەتییەی کە ناوی دەهێنرێت. نەخوێندنەوەی پرسی جێندەر و باسکردنی مرۆڤ هەمان ئەو کەرەستەیەیە کە بەختیار عەلی بەکاری دەهێنێت، تا غیاب و بێواربوونی بیرکردنەوەی خۆی لەسەر ئەم پرسە بشارێتەوە، هەمان پڕۆسەی خۆشاردنەوەیە لە پشت ئەوی دیکەدا.15بڕوانە: https://jineftin.krd/2021/10/09/%d8%af%db%95%d8%b1%d8%a8%d8%a7%d8%b1%db%95%db%8c-%d9%86%db%8e%d9%88%db%95%d9%86%d8%af%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d9%88-%da%af%db%86%da%a4%d8%a7%d8%b1%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95-4 بەختیار عەلی دەڵێت «هەموو قسەکردنێک لەسەر کێشەی ئازادی، عەشق، پەتریارکییەت، فاشیزم، عەقڵی خورافی…هتد قسەکردنە لەسەر ژنیش»16هەمان سەرچاوە بە دڵنیایییەوە قسەکردن لەسەر ئەو دیاردە ناوبراوانەی نووسەر باسیان دەکات قسەکردن نییە لەسەر ژن و پرسی جێندەر. لێرەدا پرسە گرنگەکە ئەوەیە کێ ئازادی بۆ کێ دەوێت؟ کێ دەربارەی فاشیزم دەدوێت (هیتلەر و مۆسۆلینیش دەربارەی فاشیزم دوواون)؟ و بۆچی و چۆن؟ بە هەمان شێوەش ئەو سێکسیزمەی لە زمان و نووسیندا (لەنێو ئەدەبیاتی ئەو چەند ساڵەی دوای ڕاپەڕیندا) برەوی پێدراوە هەمان ئەو نزمڕوانینەیە لە ڕەگەزێک بەرامبەر ڕەگەزێکی دیکە، داتاشینی کۆمەڵێک خەسڵەتە بۆ ژن. کەواتە بەتەنها دووان لەسەر کۆمەڵێک کاتێگۆری بەبێ جەختکردنەوە لەسەر خودی پەیوەندییەکە و دەستنیشان-نەکردنێکی دەقیق، نامانگەیەنێت بە هیچ شوێنێک بێجگە لە سووانەوە و دووبارەبوونەوە.

ئەمەش لێرەدا مەبەست لە تەنها دیاریکردنی چاکە و خراپە نییە، بەڵکوو پێگەیشتنی عەقڵی نووسەر و قوڵبوونەوەی و هەڵوێست دیاریکردنییەتی. وەک ئارنۆ گرون دەڵێت: «ئێمە لەگەڵ دوژمنی واقیعییدا شەڕ ناکەین، بەڵکوو لەگەڵ دوژمنێکی وەهمیدا دەکەوینە جەنگەوە»17Greun, Arno (2003). Die Verratene Liebe falsche Götter. Klett Cotta. Stuttgart . S.79. جەنگی ڕەهەندییەکانیش جەنگێک نییە لەگەڵ دوژمنێکی واقیعیدا، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ژن جینۆساید دەکات و مرۆڤ بەرەو کۆنەپەرستی و خەیاڵات و دونیای نائومێدی دەبات، بەڵکوو جەنگێکە کە لە خەیاڵی خۆیاندا دروستیان کردووە، خەسڵەتی ئەم جۆرە دوژمنایەتییەش دەرکنەکردنی دژیەکییەکانیانە و تێنەگەیشتن و نەبینینی ڕق بەرامبەر بە ئەوی دیکە، کە بووەتە پێکهاتەیەکی بیرکردنەوەکانیان.

ڕۆڵی ڕۆشنبیر و سیاسەت

کاتێک هزری ڕاستڕەوی لە گەشەی بەردەوامدایە، کاتێک کۆمەڵگا لە دابەشبوونی بەردەوام و گەشەی بەردەوامی چینایەتییدایە، کاتێک نایەکسانی لە چەندین فۆڕمی جۆراوجۆردا زەق دەبێتەوە و چەندین فۆڕمی جیاوازی توندوتیژیی بەرهەم دێت، …هتد ئایا ڕۆڵی ڕۆشنبیران چییە؟

لە دوای ڕووخانی سۆڤێت و کۆتاییی جەنگی سارد، سیاسەتی نیولیبڕالیزم شەڕی دژە-کۆمۆنیستبوون بەردەوامی پێ دەدات و هەموو دەربارەی دوژمنێکی وەهمی (کۆمۆنیزم) دەدوێن کە ئێستا نەبوونی هەیە و نە باڵادەستە، وەک مێژوونووسی ئیتاڵی-فەڕەنسی ئێنزۆ تراڤێرزۆ دەڵێت: «وەک زۆر شیکەرەوە بە سەرسامییەکی گەورەوە تێبینییان کردووە، کەوتنی یەکێتیی سۆڤێت و کۆتاییی جەنگی سارد نەبووە هۆی ڕووکردنێکی زیاتر ‘بابەتی’ و کەمتر حەماسی و ئایدیۆلۆژی بۆ مێژووی سەدەی بیست، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەوەی هەبوو شەپۆلێکی نوێی دژە-کۆمۆنیزم بوو: شەڕێکی ‘میلیتانت’ی دژە کۆمۆنیزم، ئەگەرچی زۆر پارادۆکسیکەڵتر و دژبەرتریش ئەوەیە کە دوژمنەکە[کۆمۆنیزم]ی ئەم شەپۆلە [دژەکۆمۆنیستییە] ئێستا بوونی نەماوە»18تراڤێرسۆ، ئێنزۆ (٢٠١٩)، شەپۆلی نوێی دژەکۆمۆنیزم، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ل.٢٣.. لە کاتێکدا لەو سەروبەندەی بازنەی ڕەهەند سەری هەڵدا، لە کوردستان نە کۆمۆنیزم حوکمی دەکرد و نە ڕەوتە مارکسیستییەکانیش کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیرییان بەدەستەوە بوو، کەچی خاڵی دەستپێکی فیکریی ئەو ڕۆشنبیرانە ڕەتکردنەوەی مارکسیزم بوو، وەک بڵێیت ئەوە مارکس و لینین بوون جەنگی نێوان پارتی و یەکێتییان بەڕێوە دەبرد، شەڕیان لەسەر داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەکرد، ئەنگڵس و گرامشی بوون پەرەیان بە فیکری خێڵ و خورافە دەدا. لەبەر ئەوە ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەندیش دابڕاو نین لەم ئاڕاستە سیاسییە حەماسییەی دوای جەنگی سارد کە نیۆلیبراڵیزم فووی بە کەڕەناکەیدا دەکرد. ئەوانیش هاوشێوەی گوتاری باڵادەستی نیۆلیبرالیزم دەکەونە دژایەتیی بەردەوامی مارکسیزم و دروستکردنی دوژمنێکی وەهمی. ئەگەرچی دوژمنە واقیعییەکان و بەرجەستەیییەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا (باشوور) لە لوتکەدان، بەڵام بەهۆی پشتیوانیکردن و ڕەخساندنی سەکۆ بۆ ڕۆشنبیران ڕوویان لەو دوژمنانە وەردەگێڕن و بەدوای دوژمنە وەهمییەکەیان بەردەوامی بە گۆڤارەکەیان دەدەن. کاڕڵ مارکس لە یانزە تێزەکەیدا دەربارەی فۆیەرباخ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی گرنگە جیهان بگۆڕین نەک تەنها ڕاڤەی بکەین. لەگەڵ بە دوژمن-ناساندنی مارکسیزمدا ئەم هەڵوێست و ئەم لێکدانەوەیش وردە وردە بەرەو دواوە پاشەکشە دەکات و ڕۆشنبیران خواست بۆ گۆڕانکاری لەدەست دەدەن و دەگەڕێنەوە بۆ ڕاڤەکردن. ڕەنگە ئەمەش بەپێی ڕاڤە و تیۆرە پاش-بونیادگەرییەکانی میشێل فوکۆ بۆ ڕۆشنبیران لە کتێبی “ڕاڤەکاری دەسەڵات”دا 19Foucault, Michel (2005) Hrsg.Defert, Daniel/ Ewald, Francois. Analytik der Macht. Suhrkamp. Frankfurt a. m.جۆرێک لە هەستکردن بێت بەوەی کە چیتر کەس پێویستی پێیان نییە، چونکە ڕۆشنبیران توانای گفتوگۆکردنیان کەمتر دەبێتەوە و دەکەونە دەرەوەی دەسەڵاتی گوتارەوە. بۆ فوکۆ دەرکردنی ئەم دەسەڵاتە گرنگی خۆی هەیە، کە چۆن بەنێو سوبیێکتدا ڕۆ دەچێت و بێدەسەڵاتیی سوبیێکەتەکە دەخاتە ڕوو.

لە کاتێکدا هەر نووسین و هەر بەرهەمێکی فیکری بەشێکە لە ئەنجامدانی سیاسەت، هێنانەوەی بەهانە بۆ ئەوەی کە «ڕۆشنبیر دەبێت داهێنەر و بەرهەمهێنەری فیکر بێت، وەک لەوەی هەڵوێستی ڕوون و سیاسی هەبێت»20بڕوانە: https://jineftin.krd/2021/10/09/%d8%af%db%95%d8%b1%d8%a8%d8%a7%d8%b1%db%95%db%8c-%d9%86%db%8e%d9%88%db%95%d9%86%d8%af%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d9%88-%da%af%db%86%da%a4%d8%a7%d8%b1%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95-4/، ڕەتکردنەوەیەکی سەرتاپای خودی نووسەر خۆیەتی وەک سوبیێکتێکی گفتوگۆکەر و سیاسی، لە هەمان کاتیشدا دانپێدانان بەو بێدەسەڵاتییەیە کە نووسەر وەک سوبیێکتێک تێیکەوتووە و ناتوانێت هەڵوێستە بکات. ڕۆشنبیران ناکرێت چاوییان لەگەڵ شەپۆلی کوێرییدا ببەستن، بەڵکوو دەبێت ئاماژە بە ڕێگەی نوێ بکەن، دەرفەت و ڕاستی بخەنە بەردەست. بۆ ئەمەش پێویست دەکات بێنە نێو مەیدانی سیاسەت و کۆمەڵگاوە. ڕۆشنبیران بەرپرسیارێتییان هەیە و دەبێت ئەمەش بسەلمێنن و نابێت ئەم بەرپرسیارێتییەش بۆ ‘سیاسەتمەداران’ جێبهێڵن، بەڵکوو خۆشیان بەشداری سیاسییان هەبێت، بەبێ بوون بە ‘چالاکوانێکی سیاسی‘. بەشداری سیاسییش لێرەدا بەو مانایە نایەت، ببن بە ئاڵاهەڵگر و گوتارخوێنیی سیاسەتمەداران و بچنە نێو بانگەوازی هەڵبژاردنەکانەوە (وەکچۆن بەشێک لە نووسەرانی بازنەی ڕەهەند ئەم کارەیان کردووە)، بەڵکوو بەشداریی سیاسیی بە مانای خۆ تەرخانکردن دێت، بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە خەریکە وەرچەرخانێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، ڕۆشنبیران چیتر تەنها نەڕوانن، بەڵکوو شێواوی و ئاڵۆزییەکان ڕوون بکەنەوە و دەروویەک بکەنەوە، نەک بە تایبەتی لەو دۆخانەدا پرسەکان ئاڵۆزتر بکەن، بانگەواز بۆ بێهیوابوون و نا-سیاسییبوون بکەن. خۆیان دوور بگرن لە سیاسەت، سیاسەت بە شتێک کە بەهای قسەلەسەرکردنی نییە بخەمڵێنن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە ناو دام و دەزگا و دەست و پێوەندەکانی دەسەڵاتی باڵادەستدا بەبێ کێشە کار بکەن. ئەم جۆرە خۆدوورگرتنە لە سیاسەت لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە بێجگە لە پاراستنی دەسەڵاتی باڵادەست و خزمەتکردنەوەی نوخبەیەک. ڕۆشنبیر دەبێت بتوانێت لە دۆخە پڕ کێشمەکێشمەکاندا هەنگاوێک بڕواتە دواوە و ناکۆکییەکە هەڵبسەنگێنێت و ئەوە ڕوون بکاتەوە کە چۆن دروست بووە، نەک تەنها لایەنگر یان دژبوون، ئەگەرچی لایەنگری یاخود دژایەتیش لێرەدا پرسە سەرەکییەکە نییە، بەڵکوو هەنگاوێک چوونە دواوە و پرسین لەوەی کە لە پێناو چی ئەم ناکۆکییانە؟

blank

ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت ڕۆشنبیر خاوەن بەرپرسیارێتی نییە، ڕیشەیەکی قووڵی ئایدیۆلۆژی لە بازاڕدا هەیە. ڕۆشنبیر لەگەڵ سەرهەڵدانی بازاڕی مۆدێرندا، لە نووسەربوون دەکەوێت و دەبێتە میرزا. وەک واڵتەر بنیامین بەوردی لە کتێبی «پڕۆژەی پاساژەکان»دا ئاماژەی پێ کردووە، نووسەر دەبێتە کرێگرتەی ناو پاساژ و مۆڵە تازەکان و هاوشێوەی ڕیکلامچییانی کاڵا تازەکانی ناو مۆڵە شووشەیییەکان، نووسەرانیش دەبنە کرێگرتەی ئەم دۆخ و نەزمە نوێیە و لە بەرانبەردا بانگەواز بۆ نەزمێکی ناسیاسی و سەرگەرمیی ڕووت دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش مووچە وەردەگرن و لەم ڕووەوە ڕۆڵی میرزا دەگێڕن21Benjamin, Walter (1981).Das Passagen-Werk. Suhrkamp Verlag. Frankfurt a. m. یاخود بەو شێوەیەی زیگفرید کراکاوەر لە وتارێکی کورتیدا بە ناوی «دەربارەی نووسەر» (١٩٣١) ئاماژەی پێ کردووە، لە سەردەمە قەیرانییەکاندا، یاخود ئەو سەردەمانەی هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی فشاری زۆر دروست دەکات، شوێن و ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران گۆڕانی بەسەردا دێت. نووسەران زیاتر لە جاران لەناو نەزمی دەسەڵاتی سەرمایە و داراییدا زیاتر دەبنە پاشکۆی ئاڵوگۆڕی سەرمایە: «شانسەكانی ڕادەربڕینی ئازادانەى بیروباوەڕی ڕۆژنامەوانی لە چاپەمەنیی ئەمڕۆی بۆرژوازیدا بەگشتی زۆر سنووردارترن لەوەى لەژێر حاكمییەتی سەربازیی ئیمپراتۆریەتدا بوون. بەبێ هۆ نییە كە ئەو چاپەمەنییەى وابەستەی سەرمایەیە ئاراستەیەكی ڕوولەگەشە بەرەو بێلایەنی پیشان دەدات، فەزایەكی گەورەتر و زیاتر بۆ زانیاری دەكاتەوە تا لێكدانەوە، جارێ با باسی ڕەخنەی بنچینەیی هەر نەكەین. لە كاتێكدا كە قەیرانی ئابووری بە قەیرانی سەرجەمی سیستەمەكە، ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی دەگمەن بە جۆرێكی دیكە و بە پێچەوانە مامەڵە دەكات»22Kracauer, Siegfried (1931). Über den Schriftsteller, in Die neue Rundschau. Band 1. Abgedruckt in: Text und Kritik. Heft 68. Siegfried Kracauer. München. S.1. کراکاوەر پێی وایە دەرکەوتنی ئەم تایپە تازەیەی نووسەر کە وا دەردەکەوێت ئازاد بێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەراورد بە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، زۆر پاشکۆتر و نائازادتر و زیاتر وابەستەی خولانەوەی سەرمایە و پارەیە، خۆی لە فۆرمی بانگەشەکردن بۆ «بێلایەنی»دا دەبینێتەوە. ئازادبوون، یان ئازادیی نووسەر، تەنها لە فۆرمی «بێلایەنبوون»دا ڕێگەی پێ دەدرێت. بێلایەنی لە پرسە قەیرانییەکان، کێشەی ژنان، سێکسیزم، کێشەی پاتریارکی، باوکسالاری، دژە-ژنی و سەرکوتکردنی زیاتری گروپە ژێردەستەکان، خۆدزینەوەیە لە هەبوونی بەرپرسیارێتی. واتا بۆ ئەوەی نووسەران نەکەونە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی سامان و دارایی، واتا ئەو دەسەڵاتەی پشتیوانی داراییی دەزگاکانی بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری دەکات کە هەر ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە خۆیان مۆنۆپۆلی دەکەن، باشترین هەرێم و بێوەیترین ناوچەی کۆچکردن، کۆچە بۆ نێو «پاشایەتیی بێلایەنی» و لەوێوە ڕۆڵی ڕیتۆریک و ڕەوانبێژی شوێنی ئایدیا و بیرۆکە دەگرێتەوە، سەرگەرمی شوێنی سیاسەت و پیاهەڵدان و ستایشکردن شوێنی ڕەخنە و دژە-شۆڕشگێڕبوون شوێنی شۆڕشگێڕبوون دەگرێتەوە، بەڵام شۆڕشگێڕبوون ڕەوانبێژی و ڕیتۆریکی خۆی لەناو کۆمەڵێک دەستەواژەی ئێستاتیکیدا دەردەخات تا «ویژدانی ئازارچەشتوو»ی نووسەرانی «بێلایەن» ساڕێژ بکات. ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئەم تایپە نوێیە، نەک لە بەرانبەر مۆدێلە باڵادەستەکانی دەسەڵاتدا، بەڵکوو زیاتر دژ بە گروپە ژێردەستەکان دەدوێن و دەبنە شۆڕشگێڕ، لە بەرانبەر بە شۆڕشگێڕانی ڕاستەقینەدا، بەرانبەر بە لاوان و بە ژنان کە دەیانەوێت دەستکاری ڕادیکاڵی کۆمەڵگا و نەزمی باڵادەست بکەن، ئەو ڕۆشنبیرانە دەبنەوە کۆنزەرڤاتیڤ و پارێزەری نەزمەکە. کاڕڵ مارکس لە وتارێکی ١٥ی دیسێمبەری ١٨٤٨دا کە بۆ «نۆیە ڕاینیشە تسایتونگ» نووسیویەتی و باس لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی چینی ناوەڕاستی ئەڵمانی دەکات کە پێشتر لەو سەردەمەی شۆڕش بەرۆکی ئەڵمانیای نەگرتبوو، خۆیان بە نووسەرانی ڕادیکاڵ دەردەخست بەڵام کاتێک شۆڕش لە دەرگای ئەڵمانیای دا، بەتەواوی بوونە دژە-شۆڕشگێڕ، بەم جۆرە دەدوێت و دەڵێت ئەم توێژە:

«بەبێ باوەڕبوون بە خۆی، بەبێ باوەڕبوون بە خەڵک، بۆڵەبۆڵ بەسەر ئەوانەی سەرەوەدا دەکات، لەوانەی خوارەوە تۆقیوە، ئیگۆییستە بەرانبەر بە ئیگۆییزم و وشیاریشە بەرانبەری؛ شۆڕشگێڕە بەرانبەر کۆنزەرڤاتیڤەکان و دەبێتە کۆنزەرڤاتیڤ دژی شۆڕشگێڕان. متمانەی بە دروشمەکانی نییە، کۆمەڵە دەستەواژەیەک لەجیاتی ئایدیا و بیرۆکەکان بەکار دەهێنێت، لە شەپۆلی ناڕەزایەتیی جیهانی تۆقیوە بەڵام بۆ ئامانجەکانی خۆی خراپ دەیقۆزێتەوە؛ وزە و گڕوتین لە هیچ شوێنێک پیشان نادات، بەڵام لە هەموو شۆێنێک بە جۆش و خرۆشە بۆ دزیی ئەدەبی (plagiarism)، بەهۆی نابنچینەییبوونەوە عەوامانەیە، و بنچینەیییە لە عەوامانەبوونی خۆیدا؛ چەلەحانێ لەسەر خواستەکانی دەکات، بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەکی نییە، هیچ باوەڕێکی بە خۆی، بە خەڵک و بە ئەرکی مێژوویی نییە، لاوازێکی خەڵەفاوی بەدە پێی وایە مەحکومە بەوەی ڕابەرایەتی بکات و [بەڵام] وادەکات یەکەم پاڵنەر و شەپۆلە ناڕەزایەتییە لاوەکان بکاتە بوونەوەرێکی پیاوانەی خراپ تا وایان لێ بکات خزمەت بە بەرژەوەندییە خراپەکانی ئەو بکەن – بێ چاو، بێ گوێ، بێ ددان، بێ هەموو شتێک – ئا ئەمە بوو بۆرژوازیی پرووسی کە خۆی لەنێو کڵاوخودەی دەوڵەتی پرووسیی دوای شۆڕشی ئازار[ی ١٨٤٨]دا بینییەوە»23Marx, Karl (1848).Die Bourgeoisie und die Konterrevolution. https://marxwirklichstudieren.files.wordpress.com/2013/11/bourgeoisie-konterrev-kommentiert.pdf

ئەمڕۆ ئایدیۆلۆژیایەک باڵادەست بووە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە باسکردن لە حەقیقەت ئەرکی ڕۆشنبیران و نووسەران نییە، چونکە هەموو بانگەشەیەک بۆ حەقیقەت دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوایی دەهێنێت و «حەقیقەتەکانی دیکە» بزر دەکات و خۆی دەکاتە تاکە نوێنەر و دەنگی حەقیقەت. ئەمە بووەتە بیانوویەک ڕۆشنبیران و نووسەران ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکدا دژی پرۆسەی ئاشکراکردنی حەقیقەت بووەستنەوە و لەژێر ناوی «بانگەشەکردن بۆ حەقیقەتەکانی دیکە»دا فۆرمەکانی لایەنداربوونی خۆیان بۆ نەزمی سەرمایە و میدیای باڵادەست بشارنەوە. ئەمڕۆ ئەم ئایدیۆلۆژیایە لە سەدەی بیست و یەک و لە کوردستاندا تەواو باڵادەست بووە، نووسەران بەردەوام باسی «بێلایەنبوون»، «نائایدیۆلۆژیست»بوون و ناسیاسییبوون دەکەن و لە جیاتی ئەوەی ڕۆڵی ئاشکراکردنی دەزگا زەبەلاحەکانی درۆی سیستەمەکە بگێڕن، ڕۆڵی جۆرێک لە مەشقپێکەران و ڕاهێنەرانی «گەشەپێدانی مرۆیی» دەگێڕن و بەردەوام ئامۆژگاریی گروپە ژێردەستەکان، واتا ژنان و لاوان، دەکەن چی بکەن و چی نەکەن.

دواوتە

لەمڕۆدا کاتێک سیاسەتی فێمینیزم، پرسی ژن و جێندەر تا ڕادەیەک دەیەوێت جێگەی خۆی لە بواری ڕۆشنبیرییدا فراوان بکات، هێشتا ئاڕاستەی گفتوگۆ و باسەکان بەرەو ئەوە نەڕۆیشتووە کە ژنان بتوانن لەبارەی ‘پیاوان’ەوە بە ئاشکرا بدوێن، لەم کولتوورە پیاوسالارییەدا ژنان و بەتایبەتیش فێمینیستان بێدەنگی هەڵدەبژێرن بەرامبەر پیاوان و پیاوێتییەکان، چونکە تەنها ژن بەو لایەنە دەبیینن کە دەکرێت قوربانی بێت و پیاویش هەمیشە بکەری توندوتیژییەکان. هەر ئەمەش دەمانبات بەرەو ئەو کردەیەی ڕقمان لە پیاوان ببێتەوە و بەگشتی هەموو شتێکییان پشتگوێ بخەین، بەڵام ئەم پشتگوێخستنەش وەک بێل هوکس ئاماژەی پێ دەکات بۆ بەجددی وەرنەگرتنی پیاوان و پیاوێتییە24Hooks, bell (2022). S.13. ئەم نووسینە وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێ کردووە تەحەداکردنێکە، بەڵام هاودەمیش هەوڵێکە بۆ هەڵگەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان، کە پیاوان دەربارەی ژنان بنووسن یاخود پەیوەندیی بکەر-بەرکەوتە، کە لە پرسی ژناندا هەمیشە ژنان وەک قوربانی و بێدەسەڵات دەنوێنرێنەوە و پیاویش وەک دێوەزمەیەک. لە کۆتاییدا ڕەنگە پێویست بکات چەند تێگەیشتنێکی هەڵە ڕاست بکرێتەوە، لە لایەکەوە زۆرێک پێیان وایە تەنها پیاوانن ئەم هەژموونە پیاوێتییە بەرهەم دەهێننەوە، پێویستە لەبەرچاو بگرین کە هێشتنەوەی ئەم نەزم و هەژموونە پیاوێتییەش ژنانیش ڕۆڵی بەرچاوی تێدا دەگڕێن، هەر لە کاتی هەبوونی پیاوان و لە غیابیشیاندا، بۆ نموونە کاتێک پیاو زۆرینەی کات لە دەرەوەیە و کەمترین کات لەگەڵ منداڵەکەیدا بەسەر دەبات، بە پێچەوانەشەوە ژنەکە یاخود دایکەکە زۆرترین، دەبینین بەڵام تاکێکی دژەژن و پیاوسالار و دەسەڵاتخواز پەروەردە دەکرێت. ئەمەش ئەو ڕەخنەیەیە لە زۆرێک لە فێمینیستان و ژنان، کە پێیان وایە تەنها پیاوان سەروەری بیروبۆچوونە پیاوسالارییەکانن، چونکە ئەوە تەنها پیاوان نین سەرکۆنەی ژنان دەکەن، کاتێک ژنێک دەیەوێت لەبارەی ئەزموونەکان و تێڕوانینەکانی بدوێت، بەڵکوو ژنانیش بەشێکی دانەبڕاون لە بەرهەمهێنانەوەی پیاوسالاری و ئەم هەژموونە پیاوێتییە و زۆرکات هەموو سازش کردنێک لە پێناو هێشتنەوەی ئەو هەژموونەدا.

لە لایەکی دیکەشەوە تێڕوانینێکی دیکەی هەڵە هەیە، کە زۆرکات بۆ چەشنە سووکایەتی پێکردنێک بە خەڵکی ئاسایی و دەرەوەی ڕۆشنبیریی ئەم تێروانینە بەرگری لێ دەکرێت، ئەویش گوایە پیاوانی نێو بواری ڕۆشنبیری ئاشنا نین بە توندوتیژی و هەوڵ و کۆششیان بۆ گۆڕینی ئەو بەها پیاوسالارییانەیە و تەنها پیاوانی خوارەوەی کۆمەڵگا توندوتیژن. لێرەشدا ئەم نووسینە دەیەوێت ئەو ڕوانگەیە ڕەت بکاتەوە. چونکە ئەم هەژموونە پیاوێتییە ڕەنگە بە شێوەیەکی نایەکسان لە کۆمەڵگادا لە گەشەدا بێت، بەڵام بێگومان بواری ڕۆشنبیرییش ئاوارتەیەک نییە و بەشێکە لەو کۆمەڵگایە، چونکە وەک باسمان کرد، فۆرمەکانی توندوتیژی جۆراوجۆرن و بێگومانیش لە مێژوودا ئەوەی پرسی نایەکسانیی جێندەریی نێوان پیاوان و ژنانی تیۆریزە و بەسروشتییکردووە، ڕۆشنبیران و وەک دەگوترێت «عەقڵە گەورەکان»ی کۆمەڵگا بوون. کەم نین ئەو نموونە دیارەی فەیلەسوفان قووڵ کاریان لە سایکۆلۆژیا و بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی دوای خۆیان کردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم نووسینە دەیەوێت ئەو دۆخ و ترسەی پیاوان لە گۆڕین و خۆداماڵین لەو هەژموونە پیاوێتییە دەست نیشان بکات، کە ڕەنگە خۆیان بەهۆی شاردنەوە و نەوتنی ترسەکانیان لە لەدەستدانی دەرفەت و سوودمەندبوونەکانیان هەستی پێ نەکەن. وەک هوکس دەڵێت: «حەقیقەتئ ەوە نییە، پیاوان ناگۆڕێن، بەڵکوو پیاوان ترسیان لە گۆڕین هەیە»25Hooks, bell (2022). S.16.

ڕەهەند وەک گۆڤارێک و هەوڵێک لە دۆخێکی نێو بۆشاییەکی ڕووتدا جێی بایەخە، بەڵام ئەم هەوڵەش خاڵێکە کە لە مێژووی خۆیدا جێهێڵراوە و پێویست دەکات لە سیاقی مێژووی خۆیدا بخوێنرێتەوە و هەروەها کاریگەری و بەردەوامییەکانی لەناو بازنەی ڕۆشنبیرانیشدا ببینرێتەوە، پێویستە دان بەو هەوڵەدا بنرێت و لە هەمان کاتیشدا تێپەڕین لەویش و گۆڕین قبوڵ بکرێت. تێپەڕین لە ڕەهەندیش دۆخێکە دەمێکە هاتۆتە ئاراوە، نووسەرانی نێو ئەو بازنەیە خۆیان لەمێژە بەو واقیع و دەرکە گەیشتوون. هەر لە کاتی دووبارە دەستپێکردنەوە بە وەرزێکی نوێی ڕەهەند، تەنها دوو ژمارە بڵاوکردنەوە و دواتر وەستان، ئەو واقیعە دانپێدانراوەیە و چیتر ناکرێت بەزۆر بگەڕێنرێتەوە. ئەم تێپەڕاندنەش بە شێوەیەکی خۆڕسک ڕووی داوە، لە ڕێگەی گەشەی هۆشیاری و بەردەستکەوتنی ئامرازەکان بۆ ئەو گەشەیە. ئەگەرچی خوێنەران و بەشێکی زۆر لە ستایشکارانی ئەم هەژموونە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ جەبری زیندووڕاگرتنی، بەڵام نەوەیەکی نوێ دەتوانێت دەست بخاتە سەر کێشە بنچینەیییەکان و ڕیشەکان بدۆزێتەوە، دەتوانێت ئومێد بگەشێنێتەوە لە نێو ئەو دۆخی ڕەشبینییەدا، دەیەوێت زەمینەیەک بسازێنێت، زەمینەیەک وەک ژوورەکەی ڤیرجینا وۆلف بۆ بە ئازادبیرکردنەوە و تێڕامان، زەمینەیەک بۆ پەیوەندیی دروستکردنەوەی خود لەگەڵ واقیعدا و دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ لە دەرەوەی ئەو نۆڕمە گشتگیر و هەژموونییەدا.

سەرچاوەکان

Benjamin, Walter (1981). Das Passagen-Werk. Suhrkamp Verlag. Frankfurt a. m.

Cockburn, Cynthia (2013). War and security, women and gender: an overview of the issues, Gender & Development. S.4. To link to this article: http://dx.doi.org/10.1080/13552074.2013.846632

Connell, Raewyn (2015). Der gemachte Mann. Konstruktion und Krise der Männlichkeit. 4 Auflage. Springer Fachmedien. Wiesbaden.

Foucault, Michel (2005) Hrsg. Defert, Daniel/ Ewald, Francois. Analytik der Macht. Suhrkamp. Frankfurt a. m.

Greun, Arno (2003). Die Verratene Liebe falsche Götter. Klett Cotta. Stuttgart.

Hooks, bell (2022). Männer, Männlichkeit und Liebe, Der Wille zur Veränderung. 1 Auflage. Elisabeth Sandmann Verlag. München.

Kracauer, Siegfried (1931). Über den Schriftsteller, in Die neue Rundschau. Band 1. Abgedruckt in: Text und Kritik. Heft 68. Siegfried Kracauer. München.

Lorde, Audre (1982). Learning from the 60s. Online: https://www.blackpast.org/african-american-history/1982-audre-lorde-learning-60s/

Marx, Karl (1848). Die Bourgeoisie und die Konterrevolution. Online:  https://marxwirklichstudieren.files.wordpress.com/2013/11/bourgeoisie-konterrev-kommentiert.pdf

May, Michael (2010). Hegemoniale Männlichkeit. In: Karin Böllert · Nina Oelkers (Hrsg.) (2010). Frauenpolitik in Familienhand? Neue Verhältnisse in Konkurrenz, Autonomie oder Kooperation. 1. Auflage. VS Verlag für Sozialwissenschaften

Woolf, Virginia (1978). Ein Zimmer für sich allein. Gerhardt Verlag. Berlin.

  تراڤێرسۆ، ئێنزۆ (٢٠١٩). شەپۆلی نوێی دژەکۆمۆنیزم. وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد. ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند. سلێمانی.

عمر، وەلید (٢٠٢١). چۆن «ڕەهەند» بخوێنینەوە؟https://jineftin.krd/2021/11/01/%da%86%db%86%d9%86-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d8%a8%d8%ae%d9%88%db%8e%d9%86%db%8c%d9%86%db%95%d9%88%db%95%d8%9f/

عەلی، بەختیار (٢٠٢١). دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند. “بەختیار عەلی” لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن. https://jineftin.krd/2021/10/09/%d8%af%db%95%d8%b1%d8%a8%d8%a7%d8%b1%db%95%db%8c-%d9%86%db%8e%d9%88%db%95%d9%86%d8%af%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95%d9%86%d8%af-%d9%88-%da%af%db%86%da%a4%d8%a7%d8%b1%db%8c-%da%95%db%95%d9%87%db%95-4/

پەراوێزەکان