گفتوگۆكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجامه‌كانی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌خلاق و ئایین
كۆمه‌ڵناسی له هیچ پرسێك له پرسه‌كانی مێتافیزیكیادا تووشی كۆسپ نه‌بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی له كایه‌ی ئه‌خلاق و ئاییندا تووشی هات. “مێتافیزیكای كۆمه‌ڵناسی” هه‌وڵی دا كایه‌ی ئه‌خلاق له چنگی فه‌لسه‌فه ده‌ربهێنێت، قوتابخانه‌ی كۆمه‌ڵناسیی فه‌ڕه‌نسیش ناوی نا “زانستی دابونه‌ریته ئه‌خلاقییه‌كان”، به پشتبه‌ستن به‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌و زانسته لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تی ده‌كات له‌و به‌شه له دابونهریتهكان كه ناوی ئه‌خلاقه.
به‌ڵام ئه‌خلاق هه‌تا وه‌ك “زانستی دابونه‌ریت”یش، ناتوانێت له فه‌لسه‌فه‌ی دایك جودا ببێته‌وه، و ناشتوانێت دابڕێت له‌و بنچینه فه‌لسه‌فییانه‌ی هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌خلاق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات وه‌ك پرسه‌كانی “چاكه و خراپه” و “گه‌شبینی و ڕه‌شبینی” و “ویژدان و ئه‌ركی ئه‌خلاقی”، هه‌موو ئه‌و پرسانه كاتێك به دابڕاو له گه‌لان و نه‌ریته بهشهكییهكانیان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه ده‌كه‌ین، ده‌بنه پرسگه‌لێكی فه‌لسه‌فی به پله‌ی یه‌كه‌م.
بێگومان دژیه‌كییه‌كی دیار له وته‌ی كۆمهڵناساكاندا هه‌یه كه ده‌ڵێن دیارده‌ی ئه‌خلاق ڕاستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌و پێیه‌ی “دیارده” یان “ڕاستی” به ته‌واوه‌تی داماڵڕاوه له هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌خلاقی، چونكه بابه‌تی “واقیع” جێی بابه‌تی “ئه‌رك” ناگرێته‌وه. ناكرێت ده‌ست له “ئه‌رك” هه‌ڵبگرین له‌پێناوی “واقیع”دا، بەو پێیەی لێکۆڵینەوە لە واقیعی کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی كه دێنه ڕێگەی “بکەری ئەخلاقی”، بۆیه ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه لێ ده‌كرێت و “ئه‌وه‌ی چێ ده‌كرێت”، پاساو به بابه‌تی “ده‌بێت چی ببێت” نادات[1].
دۆركایم وه‌ك فه‌یله‌سووفێكی ئه‌خلاقی:
ئاشكرایه كه دۆركایم و شوێنكه‌وتووانی له ڕوانگه‌یه‌كی ڕێژه‌یییه‌وه له جیهانی ئه‌خلاقییان ده‌ڕوانی، واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیشیان وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌بینی له‌ناو كات و شوێندا، به‌ڵام ئه‌م ته‌ماشاكردنه ڕێژهگهرییەتییه، ڕه‌گه‌زه‌كانی خۆ وێرانكردنی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به‌و پێیه‌ی ناتوانین ڕێساگه‌لێك بۆ جیهانێكی گۆڕاو دابڕ‌ێژین و تێیدا بیچه‌سپێنین، چونكه دابونهریتگهلێك له‌ناو ده‌چن و نامێنن، دابونه‌ریتی دیكه له‌دایك ده‌بن و جێگه‌یان ده‌گرنه‌وه، ئه‌م زۆربوونه‌ش له دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕاودا له باریدایه ته‌نگوچه‌ڵه‌مه بخاته به‌رده‌م ئاواكردنی “زانستی دابونه‌ریته ئه‌خلاقییه‌كان”، به جۆرێك نه‌توانێت یاسایه‌كی ئه‌خلاقی جێگیر دابڕێژێت، لێره‌وه ئه‌و بناغه‌یه‌ی كه زانستی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر ئاوا ده‌كرێت تووشی له‌رزین ده‌بێت، ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵناسه‌كان ویستیان ڕێگای بۆ خۆش بكه‌ن تا ببێته جێگره‌وه‌ی “ئه‌خلاقی فه‌لسه‌فی”[2].
دۆركایم هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی دووپات كردووەته‌وه كه، ئه‌خلاق دروستكراوی تاكه‌كان نییه، به‌ڵكوو دروستكراوی كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆییی ویستی ئه‌خلاقییه‌وه، سهربهخۆیییەكی خودیانه، گرنگی و پێویستییهكهی نیشان ده‌دات، ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه سه‌ربه‌خۆییی ویستی خود، وا ده‌كات تاك بتوانێت سیسته‌می كۆمه‌ڵگه له خودی خۆیدا بدۆزێته‌وه، له ڕێگه‌ی پهروهدهشهوه ده‌ستڕاگه‌شتنی به‌م سیسته‌مه ئه‌خلاقییه كۆمه‌ڵایه‌تییه فه‌راهه‌م ده‌بێت، ئه‌و له په‌ڕه‌گرافێكی گرنگی كتێبی “په‌روه‌رده‌ی ئه‌خلاقی”دا ده‌ڵێت:
“ئێمه له سه‌ره‌تادا به شێوه‌یه‌كی پاسیڤانه ملكه‌چی ڕێسا ئه‌خلاقییه‌كان ده‌بین، كه منداڵ له ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه، له ڕێگه‌ی په‌روه‌ده‌وه وه‌ری ده‌گرێت و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ده‌توانین لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی سروشتی ئه‌خلاق و بارودۆخه دوور و نزیكه‌كانی و هۆكاره‌كانی هه‌بوونی بكه‌ین، به كورتی ده‌توانین بیكه‌ین به بابه‌تی زانست. ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌مان كرد كه ئه‌م زانسته به كۆتا گه‌شتووه و ته‌واو بووه، ئه‌و ده‌بینه گه‌وره و خاوه‌نی جیهانی ئه‌خلاقی، ده‌بینین كه چیتر ئه‌خلاق شتێك نییه ده‌رەكی بێت بۆمان، بەڵکوو سیسته‌مێك له بیرۆکەی ڕوون و جیاوازمان بۆ دەخاتە ڕوو و، په‌ی به هەموو پەیوەندییەکانیان بە یەکترییهوه ده‌به‌ین[3].
له‌و په‌ڕه‌گرافه گرنگه‌ی دۆركایمدا ده‌بینین كه له مه‌به‌ستێكی مێتافیزیكی شاراوە هاتووه، كه دۆركایم خۆی نایه‌وێت ددانی پێدا بنێت، ئه‌و له وته‌ی “ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌مان كرد كه ئه‌م زانسته به كۆتا گه‌شتووه و ته‌واو بووه…”، دۆركایم وه‌ك فه‌یله‌سووفێكی گه‌شبین ده‌بینرێت، كاتێك پێشبینیی دروستبوونی كۆمه‌ڵناسیی ئه‌خلاق ده‌كات، ئه‌و به‌م وته فه‌لسه‌فییه‌ی پرنسیپێكی مێژوویی له پرنسیپه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو هه‌ڵده‌گرێته‌وه، كاتێك به‌ڵێنیك ده‌دات، به‌ڵێنێكی پۆزهتیڤیستی، كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ناتوانێت بگات به “سه‌ربه‌خۆییی ویستی خودی”، تا ئه‌وكاته‌ی كه زانستی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی به كۆتا نه‌گات، پێویستیشه له‌سه‌رمان كه چاوه‌ڕێ بكه‌ین هه‌تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌م پێشبینییه‌ی دۆركایم دێته دی و ئه‌م زانسته بڵند و ناوازه داده‌مه‌زرێت.
گومانی تێدا نییه كه ئه‌م پێشبینییه‌ی دۆركایم، نامۆیه به گیانی هزری پۆزهتیڤیستی، چونكه هیچ زانستێك له زانسته‌كان ناكرێت به كۆتا بگات، یانژی ته‌واو بێت، به تایبه‌تیش كۆمه‌ڵناسیی ئه‌خلاق، كه زانستێكی تا ئاستێك نوێیه و ته‌واو دووره له گه‌شتن به پێگه‌ی كۆتایی و به كامڵ بوون، كۆمه‌ڵناسیش له خۆیدا، زانستێكه لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی بارودۆخی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه ده‌كات، زانستێكه له‌ناو كات و مێژوودا، هه‌ر بۆیه ناگات به كۆتایی پێش كۆتاییهاتنی كات و مێژوو، ناگات به كامڵبوونیش پێش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان كۆتایی نه‌یه‌ن. ئیتر چۆن دۆركایم گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه پرسی ئه‌خلاق ده‌بێته پرسێكی چارهكراو؟ و به‌ڵێنی بهكۆتاگهشتنی زانستی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی و كامڵبوونیمان پێ ده‌دات!!
چۆنیش دۆركایم ده‌ستبه‌رداری هزری مێتافیزیكی ئه‌خلاقی ده‌بێت، بۆ وێنایه‌ك له ویژدانی به‌كۆمه‌ڵی بوونه‌وه‌رێكی غه‌یبی كه بوونه‌وه‌ری هه‌ره‌مه‌زنی كۆمه‌ڵایه‌تی؟! و ڕووپۆشێكی خوایانه‌ی پیرۆزیشی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت؟! گومانی تێدا نییه دۆركایم له چوارچێوه‌ی فه‌یله‌سووف نه‌چووەته ده‌ره‌وه، هه‌ر بۆیه گۆرڤیچ ڕێبازه‌كه‌ی دۆركایمی له‌ناو ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌كاندا داناوه، ئه‌و ڕێبازانه‌ی كه لیڤی برێل په‌لاماری دان و به ڕێبازه‌كانی “پاش ئه‌خلاقی ته‌قلیدی” ناوی هێناون، گۆرڤیچیش هیچ دوودڵ نه‌بووه له‌وه‌ی كه ڕێبازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی دۆركایم به ڕێبازێكی ئه‌خلاقیی تیۆری ناودێر بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ندگیره له‌نێوان ڕێبازی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێبازی مێتافیزیكیدا.
چونكه دۆركایم به ڕای گۆرڤیچ گریمانه‌ی ویژدانێكی وه‌همی به‌كۆمه‌ڵی كردووه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خوایانه و پیرۆزی به‌سه‌ر جڤاكدا داوه[4].
له‌نێوان دۆركایم و “كانت”دا:
دۆركایم زۆر جیاواز نه‌بووه له “كانت”ی فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی، به‌تایبه‌ت له بیرۆكه‌كه‌یدا له‌باره‌ی ئه‌ركی ئه‌خلاقییه‌وه، كانت گریمانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی خوایانه‌ی كردووه بۆ “ئه‌رك”ی ئه‌خلاقی، به‌و پێیه‌ی كه ئایین تاكه پاڵنه‌رێكه بۆ بیركردنه‌وه‌كه‌ی له‌باره‌ی ئه‌خلاق و ئه‌ركه‌وه، دۆركایم هه‌ر كانته و عه‌بای زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی له‌به‌ر كردووه.
به‌و پێیه‌ی دۆركایم له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی ئه‌ركه‌وه، ڕه‌فتارێكی ڕه‌وشتی چێ كردووه به پشتبه‌ستن به نموونه‌یه‌كی باڵا كه له كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، هه‌روه‌ك دۆركایم بۆ ئه‌ركی ئه‌خلاقی، سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌زه‌نده كردووه.
به‌و پێیه‌ی كه “كۆمه‌ڵگه” ده‌سه‌ڵاتداری ڕه‌های ڕه‌وشته، ئامانجێكی دووری هه‌ر ڕه‌فتارێكی ئايینييه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه سه‌رچاوه‌ی ڕۆحی ئایینییه، كۆمه‌ڵگه “خودی خوایه” كاتێك ته‌جه‌لا ده‌كات یاخود له‌ناو كۆمه‌ڵدا به‌دی دێت.
بەم شێوەیە دۆرکایم درێژە بەو شتانە دەدات کە کانت سەبارەت بە ئەرک و بەها ئەخلاقییەکان په‌یڕه‌وی لێ كردووه، تەنیا ئەوە نەبێت کە کانت، لە بواری فەلسەفەدا، ڕووبەڕووی ئەو سەختییانە نەبووەتەوە کە دۆركایم لە بواری کۆمەڵناسیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
“ئۆكتاف هامڵان” ئاماژه‌ی بۆ هه‌ڵه‌ی تێگه‌یشتنی سۆسیۆلۆجی بۆ ئه‌خلاق كردووه، كاتێك ڕووبه‌ڕووی پرسی “پابه‌ندبوونی ئه‌خلاقی” بووه‌وه، ئه‌خلاقی دۆركایمی وا له پابه‌ندبوون ده‌ڕوانێت وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رئه‌نجامی فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود ناچاركه‌رێكی ده‌ره‌كی بێت، به‌و پێیه‌ی كه ئه‌و وا ده‌یبینێت كه هه‌رشتێك “پابه‌ندكه‌ر” بێت، ئه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه دێت[5].
به‌ڵام هامڵان ڕای وابوو كه زۆره‌ملێی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له خۆیدا پابه‌ندكه‌ر نییه، ئه‌و ڕێسایه‌ی كه كۆمه‌ڵگه ده‌یسه‌پێنێت، ده‌شێت پووچ و ناپه‌سه‌ند بێت، یاخود تا ڕاده‌یه‌كی زۆر “ناماقوڵ” بێت و پاشانیش مرۆڤ ناكرێت پێیه‌وه پابه‌ند بێت[6].
ئه‌گه‌ر دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له جڤاكه‌وه ده‌ربچێت و پشتی به مه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ستبێت، به‌ڵام كۆتوبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی la contrainte sociale پابهندكهرێكی ڕه‌وشتی نییه، به‌ڵكوو زۆره‌ملێیه‌ك یان ناچاركه‌رێكی ناڕه‌وای بێ پاساوه. به پشتبه‌ستن به‌و ناڕه‌زایه‌تییه، هامڵان لاوازی و بێتواناییی ئەخلاقیی کۆمەڵایەتی پشتڕاست دەکاتەوە و ئاماژە بە ناتەواوی و كه‌موكورتی هه‌ڵوێستی کۆمەڵناسی لەباره‌ی شیكردنه‌وه‌ی “پابه‌ندبوونی ئەخلاقی” دەکات[7].
هێرشی فه‌یله‌سووفان بۆ سه‌ر بیرۆكه‌ی پابه‌ندبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی:
لالاند ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر به بیرۆكه‌ی پابه‌ندبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و گوتی: “شتێكی بێمانایه، ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ی كه توانایه‌كی وای هه‌یه، وا له مرۆڤ بكات سه‌ره‌ڕای ویستی خۆی شتێكی بوێت”[8].
“پارۆدی” فه‌یله‌سووفی ئه‌خلاقیش كه سه‌ر به ڕه‌وتی عەقڵانییەتی فۆڕمالیستییه، ئه‌و ڕه‌وته‌ی كه سه‌ر به ئاراسته‌ی كانته له ئه‌خلاقدا[9]، له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی “كێشه‌ی ئه‌خلاق و هزری هاوچه‌رخ” گوتی، كۆمه‌ڵناسی هه‌وڵی دا كه ئه‌خلاق له‌خۆ بگرێت و بیكات به زانستێكی مێژووییی پۆزهتیڤیستی بۆ دابونه‌ریته ڕه‌وشتییه‌كان، به‌ڵام مێژوو به‌ته‌نیا ناتوانێت ڕاستیی ئه‌خلاق دابمه‌زرێنێت[10]. هه‌ر بۆیه ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی لای پارۆدی ئه‌خلاقێكی بێ”ئه‌رك” و بێ”پابه‌ندبوون”ه.
به‌و پێیه‌ی كه ئه‌ركی ڕاسته‌قینه به ڕای ئه‌و، “ئه‌ركێكی خودی”ی بێگه‌رده، كه خۆی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌سه‌ر مرۆڤی كارڕاست و ڕاستگۆدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌و مرۆڤه‌ی كه هه‌موو مه‌رجه‌كانی ڕه‌وشت به‌دی ده‌هێنێت. هه‌ر بۆیه “ئه‌ركی ڕه‌ها” ویستێكی خودییانه‌ی مرۆڤه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌ی، پاشان ئه‌خلاق لای پارۆدی “زانست” نییه به‌ڵكوو “میتۆد”ه[11].
“هێنری بێرگسۆن”یش هێرشێكی توندی كرده سه‌ر ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌ت له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی “هه‌ردوو سه‌رچاوه‌ی ئه‌خلاق و ئایین”، وای دانا كه كۆمه‌ڵگه‌ی دۆركایمی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی چه‌قبه‌ستووه له چه‌شنی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌نگه‌كان.
هه‌روه‌ك بێرگسۆن بڕوای وابوو كه ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ نییه جگه له سیسته‌مێك له دابونه‌ریتی ڕه‌وشتی، كه ڕۆڵه‌كه‌ی كورت بووەته‌وه ته‌نیا له پاراستنی كیانی كۆمه‌ڵگه‌دا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تیمان بۆ ئه‌خلاق په‌سه‌ند كرد، چۆن ده‌توانین سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی “پێغه‌مبه‌ر” و “قه‌دیس” و “پاڵه‌وان” شرۆڤه بكه‌ین؟! له‌سه‌ر چ بنهمایهیهكی كۆمه‌ڵایه‌تی “دانا” و “سه‌ركرده” و “فه‌یله‌سووف” په‌یدا ده‌بێت؟؟![12]
لێره‌وه‌یه بێرگسۆن وا وه‌سفی ئه‌خلاق لای دۆركایم ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌خلاقێكی ستاتیك(Static)ی داخراو بێت و جیاكارییه‌كی ته‌واوه‌تی ده‌كات له‌نێوان ئه‌وه‌ی “ستاتیكی”یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی “دینامیكییه” له كایه‌ی ئه‌خلاقدا، وه‌ك چۆن له‌باره‌ی پابه‌ندبوونه‌وه جیاكاری ده‌كات له‌نێوانی “به‌ناچاری-زه‌رووره‌ت” و “ئه‌رك”دا. هه‌روه‌ها وای بۆچوو كه جه‌بریه‌تی ئه‌خلاقیی دۆركایم زۆر نزیكه له واتای به‌ناچاری-زه‌رووره‌ت به مانا بایهلۆجییهكهی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئاستێكی زۆر نزیكه له بیرۆكه‌ی “پابه‌ندبوونی ئۆتۆماتیكی”یه‌وه كه به شێوه‌یه‌كی جێگیری ڕێكخراو خۆی ده‌سه‌پێنێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی له پابه‌ندبوونی غه‌ریزه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه، ئه‌و غه‌ریزه‌ی كه هه‌نگ ناچار ده‌كات كاره‌كانی “له‌پێناوی شانه‌كه‌ی”دا بكات.
به‌ڵام ئه‌خلاقی ئه‌رك لای بێرگسۆن به ته‌واوه‌تی دووره له‌و تێگه‌یشتنه‌وه بۆ “زه‌رووره‌تی ستاتیكی”، چونكه ئه‌ركی بێرگسۆنی بابه‌تێكی مرۆییی په‌تییه، به‌ستراوه به بیرۆكه‌ی “ئازادی”یه‌وه، مرۆڤ هه‌ست به ئه‌رك ناكات ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌بێت.
“ئه‌خلاقی دینامیكی”ی كراوه ئه‌و ئه‌خلاقی ئه‌ركه‌یه كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خوده به‌بێ زۆره‌ملێ یان ناچاری، چونكه “مه‌یلێكی ئازاده” نه‌ك ملكه‌چی بۆ پێویستی ئه‌خلاقێكی داخراو، ئه‌ركی ئه‌خلاقی له خۆیدا هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی ئازادییه و پێویستی به فشاری كۆمه‌ڵ یاخود ناچاركردن و زۆره‌ملێ نییه[13].
ئه‌خلاقی فشار و ئه‌خلاقی چاولێبڕین
هه‌ر بۆیه بێرگسۆن ڕووبه‌ڕووی دۆركایم بوویه‌وه، چونكه وا شیكردنه‌وه‌ی بۆ پابه‌ندبوون ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی فشاری كۆمه‌ڵگه بێت له‌سه‌ر تاك، لێره‌وه ئه‌خلاق لای دۆركایم به‌پێی وته‌ی بێرگسۆن ئه‌خلاقی فشاره به‌مه‌ش جیا ده‌بێته‌وه له ئه‌خلاقی به‌كێشكردن و چاولێبڕین[14].
ئەخلاقی فشار پێویستییەکە پەیوەندی بە دابونه‌ریتی ستاتیکی میکانیکییەوە هەیە، بەڵام ئەخلاقی چاولێبڕین تا زیاتر ئیلهام لە ئەخلاقی ڕۆحێکی کراوە وەربگرێت، باڵاده‌ستتر ده‌بێت[15]، ئه‌وه‌ی له ئه‌خلاقی قهدیسدا به‌دی دێت و له ئه‌خلاقی دانا و پاڵه‌وانه‌كاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت و له لای پێغه‌مبه‌ره‌كان و سوفییه گه‌وره‌كانیش ده‌گاته لوتكه.
ئه‌خلاقی چاولێبڕین، ئه‌خلاقی ده‌روونی كراوه‌یه، كه بانگه‌وازه[16]، بانگه‌وازی پاڵه‌وان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاكه بۆ بانگه‌وازی مرۆڤایه‌تی، كه نموونه‌ی باڵاییه له خۆشه‌ویستی و كه‌ماڵی ئه‌خلاقیدا. هه‌ر بۆیه ئه‌خلاقی دینامیكی جووڵاو له‌سه‌ر شانی پیاوانی پاڵه‌وان و پێغه‌مبه‌ره‌كان چێ بووه. ئه‌وه‌ی كه به ته‌واوه‌تی جیاوازه له ئه‌خلاقی ستاتیكی داخراو، ئه‌خلاقی فشار و ناچاری، كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی له‌پشته‌وه پاڵپێوه‌نان ده‌سه‌پێنێرێت.
له كاتێكدا ئه‌خلاقی چاولێبڕین ده‌رچوونێكی ئازادانه‌یه به پاڵنه‌ری چاولێبڕین و به‌كێشكردن له پێشه‌وه، بزووتنه‌وه‌یه‌كی پێشڤهچوونانهیه كه به‌ری لێ ناگیرێت و هه‌ڵگری هه‌ستكردنه به شادی و جۆش‌وخرۆش، وه‌ك چۆن شادیی چاولێبڕینی بێرگسۆنی تەنیا لەو ڕۆحە کراوەوە دێت، کە بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو “ئەوی تردۆستی” و “بێ‌سنوور” دەڕژێت.
جیاوازیی بنچینه‌یی له‌نێوان ئه‌خلاقی فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی چاولێبڕینی مرۆیی، ئه‌و جیاوازییه‌یه له‌نێوان دیاریكراو و دیارینه‌كراودا “سنووردار و بێ‌سنوور”، هه‌روه‌ها له‌نێوان “جێگیر و بزواو” و له‌نێوان “به‌رژه‌وه‌ندخوازی و ئه‌وی ترپهروهری”دا، هه‌روه‌ك جیاوازییه له‌نێوان ده‌روونی داخراو و ده‌روونی كراوه‌دا، كه جیاوازییه‌كه له‌ڕووی جۆر و سروشته‌وه، نه‌ك ته‌نیا جیاوازی بێت له ڕووی ئاست و نمره‌وه[17].
به‌م شێوه‌یه ئه‌خلاقی پابه‌ندبوونی دینامیكی كراوه، سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر ئه‌خلاقی پابه‌ندبوونی ستاتیكی داخراودا، پابه‌ندبوونی كراوه به كرداری چاولێبڕین و به‌كێشكردن و خۆشه‌ویستی هه‌ڵده‌ستێت و ئه‌خلاقی داخراویش پشت ده‌به‌ستێت به فشار و زۆره‌ملێ و ناچاركردن، له په‌ڕه‌گرافێكی گرنگدا بێرگسۆن ده‌ڵێت:
ده‌بینین كه ستاتیكی په‌تی له ئه‌خلاقدا شتێكی “خوار عه‌قڵییه”، به‌ڵام دینامیكی په‌تی شتێكی سه‌رووی عه‌قڵییه، یه‌كێكیان له ویستی سروشته‌وه ده‌رده‌چێت و ئه‌وی تریشیان په‌یوه‌سته به بلیمه‌تیی مرۆڤه‌وه”[18].
لەو بڕگەیەوە جیاوازیی چه‌سپاوی ئەخلاقی کۆمەڵگا ڕوون دەبێتەوە، کە به‌رگێكی دەرەکییە، کە توێکڵی ڕووپۆشی کۆمەڵگه پێک دەهێنێت، کە توێکڵی دابونه‌ریت و خووهكانه، هەر بۆیە بێرگسۆن بە ئەخلاقێکی ستاتیکی و ڕەق و پەیوەندیداری دەزانێت بەوەی كە خوار عه‌قڵییه.
به‌ڵام ئەخلاقی مرۆیی، بە توێکڵی دابونەریتەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو له‌وه‌وه سەرچاوە دەگرێت كه سەرووی عەقڵیيه و لە بلیمه‌تیی مرۆیییه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌و پێیه‌ی بوونەوەرێک هەیە لە قووڵاییی ڕۆحی کراوەدا خەوتووە، کە لێیەوە ڕاستی ئەخلاقی سەر هەڵدەدات و لە هەریەکەماندا لایەنێکی عیرفانی گه‌شاوه هەیە کە چاوەڕێی ئەوە دەکات یه‌كێك لەو خه‌و و بێئاگایه‌ی بەئاگای بێنێته‌وه[19].
لێره‌دا بێرگسۆن ده‌پرسێت: “كێ ده‌یه‌وێت سوكرات له‌ناو ئه‌وانه‌دا هه‌ژمار بكات كه ده‌روون داخراون؟[20]هه‌ر سوكرات بوو كه عه‌قڵی یۆنانی به‌ئاگا هێنایه‌وه و كاریگه‌ریی مه‌زنیشی هه‌بوو له ئایندهی هزری ئه‌خلاقیدا.
سوكرات ئه‌و ده‌روونه كراوه‌یه بوو، كه ئه‌خلاقی ده‌روونه داخراوه‌كان له‌ناویان برد، هه‌ر بۆیه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌خلاقی به‌كۆمه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكی توندوتیژانه‌یه و به‌رپرسێكی ڕاسته‌وخۆیه له له‌سێداره‌دانی سوكراتدا.
ئه‌خلاقی به‌كۆمه‌ڵ به پابه‌ندبوونه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت یه‌كانگیری و ستاندارده‌كانی بپارێزێت، ئه‌گه‌ر نه‌خۆش و نادروست و به‌سه‌رچووش بێت. به‌دوای ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێت وه‌كچۆن له بڕیاری به‌كۆمه‌ڵ و ڕای گشتیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌ر بۆیه ئازادیی تاك و ویسته‌كه‌ی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، چونكه به كۆیله‌یه‌كی ملكه‌چی پابه‌ندكه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵی داده‌نێت.
لێره‌وه‌یه فه‌لسه‌فه بوونگهرایییهكان سه‌ریان هه‌ڵدا وه‌ك ته‌حه‌دایه‌كی بیرۆكه‌ی پابه‌ندبوونی به‌كۆمه‌ڵ، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی تاكایه‌تی خود و ئازادییه‌كه‌ی دووپات بكاته‌وه. بۆیه ڕووبه‌ڕووی نه‌زعه‌ی ده‌سته‌جه‌معی وه‌ستایه‌وه و پابه‌ندبوون و حهتمیبوونهكهیان ڕه‌ت كرده‌وه. و یاخی بوو له به‌های كۆمه‌ڵ و جه‌نگی دژ به توێكڵی دابونهریتهكان ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بكارێت چاره‌نووسی خۆی به شێوه‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه دیاری بكات، هه‌ر بۆیه فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌رده‌وامی عه‌قڵ و خودی تاكانه‌ی مرۆیییه، دژ به نغرۆبوون له نه‌ریته چه‌قبه‌ستووه‌كاندا.
پابه‌ندبوونی بوونگه‌رایی:
پابه‌ندبوونی ڕه‌وشتی له لای فه‌یله‌سووفێكی وه‌ك “سۆرێن كیركیگارد” ئه‌ركێك نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه بسه‌پێنرێت[21]، به‌ڵكوو ویستێكی به‌هێزه له‌ناو خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. هه‌ر بۆیه ئه‌خلاقی بوونگه‌رایی گریمانه‌ی بیرۆكه‌ی ئازادی كرد، به‌و پێیه‌ی كه ئازادی تاقه گه‌واهیده‌ری به‌های مرۆڤ و بوونێتی.
پاشان لای كیركیگارد مرۆڤ له بواره ئهخلاقییهكهیدا ملكه‌چی “ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ركی” نابێت، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو به ئامرازێك به‌ده‌ستی ئه‌وانی تره‌وه، یاخود ده‌بوو به بووكه‌شووشه‌یه‌ك كه كۆمه‌ڵگه به ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵیده‌سووڕاند، هه‌ر بۆیه مرۆڤی به‌ڕاستی ئه‌خلاقی ئه‌وه‌یه كه خۆی به‌هاكان و ئازادییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت.
ئه‌گه‌ر ئازادی بریتی بێت له سه‌ربه‌خۆییی خود له‌هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌ره‌كی، ئه‌وكاته پێوسته كه خود نه‌ك كۆمه‌ڵگه، ببێت به تاكه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌خلاقی. بۆیه كیركیگارد له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی بهناڤودهنگدا ده‌ڵێت: “خۆت خودی خۆت هه‌ڵبژێره پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بۆت هه‌ڵبژێرن”[22].
مرۆڤ له كیانیدا ئازادییه، له خودیشیدا هه‌ڵبژاردنێكی ئازاده، هه‌ر بۆیه ئازادی گه‌وهه‌ری مرۆڤ و ئامانجهكهیهتی، مرۆڤ ئازادیی خۆی هه‌ڵنابژێرێت، به‌ڵكوو ئازادی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه، به‌و واتایه‌ی كه ئازادی شتێكی حه‌تمی سه‌پێنراوه به‌سه‌ر مرۆڤدا، ئه‌و به‌ناچاری “ئازاد” و “هه‌ڵبژێردراوه”.
لێره‌وه‌یه كه ئازادی لای ژان پۆڵ سارته‌ر بنه‌مای تاقانه‌ی هه‌موو به‌هاكانه[23].
به پشتبه‌ستن به‌و تێگه‌یشتنه، به‌های ئه‌خلاقی، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی دۆركایم ده‌یخواست شتێك نییه له‌ده‌ره‌وه و له جیهانی كۆمه‌ڵگه‌وه به‌سه‌رماندا دابه‌زێت، به‌ڵكوو به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان په‌یوه‌ندیدارن به بوونه تاكانه پهتییهكهمانهوه، كه‌وایه “به‌ها” ئه‌وه‌یه كه خواستراو و ویستراوه، به ددانپێدانانی عه‌قڵ و پشتگیرییه‌كه‌ی، به‌و پێیه‌ی كه به‌ها خودییه نه‌ك ده‌ره‌كی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دنه‌ده‌ری كار و پاڵنه‌ری ڕه‌فتاره.
دۆركایم به هه‌ڵەدا چوو له‌وه‌دا كه پێی وابوو به‌ها له خۆیدا بوونێكی به‌دیهاتووه، به‌ڵام به‌ها له خۆیدا بوون نییه، به‌ڵكوو “مه‌رجه بۆ بوون”، بوونی خود یاخود “من” سه‌رچاوه‌ی به‌هایه. له ڕاستیدا دۆركایم له‌ده‌ره‌وه به‌دوای به‌ها ڕهوشتییهكاندا گه‌ڕاوه، له شوێنێكدا كه بوونی نییه، چونكه به‌ها له‌ناو خودی مرۆڤدا په‌نهانه.
هه‌ر بۆیه ڕینییه لوسن كه له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه هه‌ڵگری هه‌ڵوێستێكی “بوونگه‌راییی ڕۆحی” بوو[24]، بڕوای وابوو كه گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌خلاق به هه‌ڵه‌دا چووه له‌وه‌دا كه پێی وایه كۆمه‌ڵگه “به‌شێكه له سروشت”[25] و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش وه‌ك دیارده‌ی سروشتی وان، ئه‌م “به‌ڵگه‌نه‌ویسته” گه‌لێك گرفت ده‌ورووژێنێت، لوسن ده‌ڵێت گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌خلاق بۆ مێتافیزیك زۆر چاره‌سه‌ریمان پێشكه‌ش ده‌كات، كه په‌یوه‌ندیدارن به پرسگه‌لی له چه‌شنی پابه‌ندبوون و ئه‌رك و ویژدان، كه هه‌موویان پرسگه‌لێكن كۆمه‌ڵناسی تێیدا تووشی گرفت و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ده‌بێت. هه‌روه‌ك مێتافیزیك له‌باره‌ی ئه‌خلاقه‌وه ئازادیی ویست دووپات ده‌كاته‌وه، به‌بێ ئازادی، ئه‌خلاق به‌هاكه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، به‌بێ به‌هاش ئه‌خلاق ئه‌خلاقیبوونی له‌ده‌ست ده‌دات[26]. به‌های ڕه‌وشتی له لای “لوسن” به‌های خوده كاتێك ئه‌م خوده ئازاده و به هه‌ڵبژاردنی ئازادانه هه‌ڵده‌ستێت[27].
هه‌روه‌ك به‌ها له هزر و ڕۆحه‌وه نه‌بێت ده‌رناچێت، وه‌ك چۆن تیشك له‌و سه‌رچاوه و ناوه‌نده‌وه دێت كه ڕووناكی چێ ده‌كات. به‌و شێوه‌یه “ڕینییه لوسن”[28] ده‌بێته هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕۆحی له “فه‌لسه‌فه‌كانی به‌ها” و بڕوا به‌وه ده‌هێنێت كه ئه‌خلاق هه‌ر ده‌بێت له “من” یاخود له خوده‌وه ده‌ربچێت، كه به دوای ڕوخساری ڕه‌هاوه‌یه و ئاراسته‌ی خوایه، به پێیه‌ی كه خوای مه‌زن، به‌های ڕه‌هایه.
ئه‌گه‌ر “ڕینییه لوسن” ئه‌خلاق و به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی گه‌ڕاندبێته‌وه بۆ ڕیشه فه‌لسه‌فییه‌كانیان، و بڕوای به پێویستی پرسه ئه‌خلاقییه‌كان به مێتافیزیك هێنا بێت، ئه‌وا له‌نێوان زانایانی كۆمه‌ڵناسیشدا خه‌ڵكانێك هه‌ن ئه‌و پێویستییه دووپات ده‌كه‌نه‌وه. هه‌روه‌ك “مۆریس گنزبرگ” ڕۆڵی ڕه‌خنه‌ییی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی دووپات كرده‌وه[29].
“گۆرڤێچ” ئاماژەی بە پێویستی قایل‌بوون به ڕەوتەکانی ئەخلاقی تیۆری دەکرد بەبێ ئەوەی پێویست بە ڕەخنە و ناڕەزایەتیی بەرانبەریان بکات، وەک ئه‌وه‌ی لیڤی برێل کردی. ئه‌مه‌ش به له‌به‌رچاوگرتنی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق و كاریگه‌رییه دوولایهنییهكهی له‌ناو زانستی دابونه‌ریته ئه‌خلاقییه‌كاندا.
به‌و پێیه‌ی كه ئێمه ناتوانین له مێژووی ئه‌خلاقدا لایه‌نگه‌لێكی گرنگ و گه‌ش كه له چوارچێوه‌ی میژووی ئه‌خلاقدا زاڵبوون بسڕینه‌وه، ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له‌گه‌ڵ تیۆره‌كانی حه‌دسی ئيرادهییL’intuition volitive و هه‌ستی، و حه‌دسی عیرفانی و عه‌قڵی سه‌ریان هه‌ڵدا، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌كانی دیكارت[30] و كانت و فیخته‌دا بڵاو بوونه‌وه.
هه‌روه‌ك چۆن ناتوانین فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی “پاسكاڵ” ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه، ئه‌و فه‌لسه‌فه گه‌شاوه‌ی كه جیاكاری كرد له‌نێوان حه‌دسی عیرفانی و حه‌دسی عه‌قڵیدا و پێگه‌ی ئه‌خلاقیشی بڵند كرده‌وه بۆ به‌رزترین پێگه، بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت: “ئه‌خلاقی ڕاسته‌قینه گاڵته‌ی به ئه‌خلاق دێت”[31].
پاسکال پێی وابوو کە پێدراوه ئەخلاقییەکان لە عەقڵەوە نایەن، بەڵکوو هەموویان لە حه‌دسی ئایینی دڵەوە دێن، کە سەرچاوەی هەموو حه‌دسه ئەخلاقییهكانه. به‌م شێوه‌یه پاسكاڵ جیاكاری ده‌كات له‌نێوان حه‌دسی عه‌قڵی و حه‌دسی دڵ و له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی به‌ناوبانگدا ده‌ڵێت: “دڵ هۆكارگه‌لێكی خۆی هه‌یه كه عه‌قڵ ناتوانێت په‌ی پێ ببات”[32].
له‌باره‌ی چێكردنی زانستی دابونه‌ریته ڕه‌وشتییه‌كانه‌وه، گۆرڤێچ ناڕه‌زایه‌تیی به‌رانبه‌ر لیڤی برێل ده‌ربڕی و پێی وابوو ئه‌و هاوته‌ریبییه‌ی كه ئه‌و له‌نێوان ڕاستییه ئه‌خلاقییه‌كان و ڕاستییه فیزیكییه‌كاندا دایناوه وه‌ك مه‌رجێكی پێویست بۆ سه‌رهه‌ڵدانی زانستی دابونه‌ریته ڕه‌وشتییه‌كان، به‌م واتایه بووه به شتێكی په‌سه‌ندنه‌كراو[33].
لەسەر ئەم بنەمایە “دڵنیاییی زانستی” کە پەیوەندیداره بە سروشتی دیاردە ئەخلاقییەکانەوە لە ڕوانگەی میتۆدۆلۆژییەوە بووه‌ته شتێكی گومان لێكراو، بەو پێیەی تەواو جیاوازە لەو دڵنیایییەی بینه‌ر کە لە زانستە سروشتی و کیمیایییەکاندا ده‌بینرێت.
پێویسته ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین كه ئه‌و ئه‌خلاقه زانستییه‌ی كه “لیڤی برێل” و “ئه‌لبێر باییه” ده‌یانه‌وێت، مرۆڤ داده‌به‌زێنێته پێگه و ئاستی “شت”ه‌وه، به ته‌واوه‌تی لایه‌نه مرۆیییه‌كه‌ی له‌ناو ده‌بات. ئه‌و “بابه‌تیبوونه په‌تییه”ش كه ئه‌لبێر باییه ده‌یویست دۆخێكی مه‌حاڵه كه ناتوانرێت پێی بگه‌ین، ڕاستی ته‌نیا له‌ناو بابه‌تدا نییه و هه‌روه‌ك چۆن له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا له پرسه سه‌خته‌كان ناتوانین “خود” بسڕینه‌وه یاخود واز له فاكته‌ری ده‌روونی بێنین، له‌كاتی لێكۆڵنهوهماندا له‌باره‌ی پرسه سه‌خت و گرانه‌كاندا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به ئه‌خلاقه‌وه.. له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌خلاقی پۆزه‌تیڤیزم له‌ناوده‌چێت و پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وە[34].
٭٭
ئه‌گه‌ر بچین به‌ڕه‌و گفتوگۆكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی “ئایین”ه‌وه، ده‌بینین كۆمه‌ڵناسیی دۆركایمی له شیكردنه‌وه‌یدا بۆ بیرۆكه‌ی خوایه‌تی تووشی كۆسپ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ده‌بێت، له تیگهشتنیدا له‌باره‌ی سروشتی ئایین و بیركردنه‌وه‌ی ئایینییه‌كانه‌وه تووشی سه‌رلێشێوان و شپرزه‌یی ده‌بێت. ئایین دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه كه له لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و ڕێوڕه‌سمه ئایینییه‌كانه‌وه بتوانین دهريبێنین، به‌ڵكوو ئایین په‌یوه‌ندی هه‌یه به سه‌رچاوه‌كانییه‌وه له “دڵ” و “ویژدان”دا، كه له ئاماده‌بوون و حزوور له‌گه‌ڵ خوادا به‌رجه‌سته ده‌بێت، له ڕێگه‌ی “ڕاستگۆییی نیه‌ت” له ئاراسته‌دا، به په‌رستن و “كه‌بار-مناجات”، به‌دوور له هه‌موو سروت یان ڕێوڕه‌سمه‌كان.
نوێژ كۆی كرداره‌كانی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته نییه، كه له بزاوت و وه‌ستانه ڕواڵه‌تییه‌كاندا ده‌یبینین، به‌ڵكوو “هه‌ڵوێست”ه له‌نێوان به‌نده و خواكه‌یدا، هه‌ڵوێستێكه كه تژییه له هه‌ستی ئایینی قوڵپهكردوو، ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستێكی عیرفانییانه‌ی په‌تییه، كه سه‌رڕێژه له شكۆمه‌ندی و خۆشه‌ویستی و نغرۆبوونه له ترس و سامدا، ئه‌وانه هه‌مووشی ههستگهلێكن كه له قوڵاییی خوده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
به ده‌ربڕینی ڕینییه لوسن، هه‌ستی ئایینی ئه‌و هێزه ڕۆحییه ناوه‌كییه‌یه كه مرۆڤ بڵند ده‌كاته‌وه و له جیهانی ماددییه‌وه به‌رزی ده‌كاته‌وه به‌ره‌و جیهانی ڕۆح[35]، به ئامانجی په‌تیبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی و خۆشه‌ویستیی گشتگیر.
هه‌ر له‌و كاته‌دا “شكۆمه‌ند” بۆ دڵی مرۆڤ خۆی ئاشكرا ده‌كات و له ئه‌زموونێكی ڕۆحی په‌تیدا خوویا ده‌بێت، لێره‌وه خوایه‌تی ده‌بێته بیرۆكه‌یه‌كی خودییانه‌ی په‌تی، به ته‌ماشاكردنی خوا وه‌ك بابه‌تی په‌رستن و خۆشه‌ویستی، به‌بێ فه‌رامۆشی یاخود په‌رده، لێ ده‌پاڕێینه‌وه، له‌و نزیك ده‌بینه‌وه و به‌ره‌و ئه‌و ده‌چێن و هه‌ر پشت به‌و ده‌به‌ستین.
له ڕاستیدا ئايين دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵكوو هه‌ڵوێستێكی عیرفانی په‌تییه لەنێو ده‌سته‌كانی خوادا، به‌بێ سڵكردنه‌وه له ڕێوڕه‌سمه‌كانی كۆمه‌ڵ یاخود سروته باوه‌كان. ئایین سەرچاوەی هه‌سته‌كانه كه لە ویژداندا گرد ده‌بێته‌وه و تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ماناكان، ده‌كه‌وێته دڵه‌وه، ئه‌ویش ئه‌زموونێكی سۆفییانه‌یه كاتێك ده‌كه‌وێته حاڵه‌وه، “حاڵ”یش به زمانی “ئه‌لقوشه‌یری” ئه‌وه‌یه كه دڵ داده‌گرێت، به‌بێ مه‌به‌ست و به‌بێ هاوردن و به‌ده‌ستهێنان[36]، واته ئێمه له كه‌سانی تره‌وه وه‌ری ناگرین.
چونكه هه‌ستی ئایینی هه‌ستێكی خودییانه‌ی په‌تییه، واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی تێده‌په‌ڕێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ییی خوایی به‌ده‌ست بهێنێت. خوا به مرۆڤی تاكه‌وه نه‌بێت په‌یوه‌ست نابێت، ئاشكرا نابێت مه‌گه‌ر له “گۆشه‌گیرییه‌كی مێتافیزیكی” یانژی له “خه‌ڵوه‌تێكی ڕۆحی” دوور له كۆمه‌ڵگه نه‌بێت، له‌وێدا كه مرۆڤی تاك هه‌ست به ئاماده‌بوونی خوایی ده‌كات.
هه‌ست و بڕوای ئایینی:
كه‌واته هه‌ستی ئایینی پێویستی به هه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵ نییه و پشتیشی پێ نه‌به‌ستووه، وه‌ك دۆركایم به هه‌ڵه پێی وابوو. ئایین بڕوایه‌كی تاكه‌كه‌سییانه‌ی په‌تییه به ئاماده‌ییی خوا و پهیوهندییەكهی و ههمیشهیبوونهكهی، مرۆڤ به زمانێك دوواندن و ئاخاوتنی له ته‌كدا ده‌كات كه كۆمه‌ڵ ڕه‌نگه لێی تێ نه‌گات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ئاماژه و هێمایه، كه ئه‌ویش زمانی هه‌سته‌كانه، كه پێویستی به “بێده‌نگییه‌كی پاراو” هه‌یه، كه له ڕه‌وانبێژیی زمان بڵندتره كه “زمانی كۆمه‌ڵگه”یه.
كیركیگارد ده‌ڵێت: “خه‌ڵكی قسه‌مان فێر ده‌كه‌ن، به‌ڵام خوا بێده‌نگی”
له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی به‌ناوبانگدا كیركیگارد ده‌ڵێت: خه‌ڵكی قسه‌مان فێر ده‌كه‌ن، به‌ڵام خوا بێده‌نگی”[37]. هه‌ستی ئایینیش هه‌ستێكی زگماكییه، كۆنه به بارته‌قای كۆنی مرۆڤ، ڕاستییه‌كه كه مرۆڤی سه‌ره‌تایی و شارستانیش په‌ی پێ ده‌به‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایین گه‌وهه‌رێكی خودیی په‌نهانه له‌ناو پرۆتۆپلازمای مرۆڤدا، ئيدی ئاستی سهرهتاییبوونهكهی یاخود شارستانیبوونهكهی هه‌رچه‌ندێك بێت. ئێمه كۆمه‌ڵگه‌گه‌لێك ده‌بینین كه بێبه‌شن له زانست یان هونه‌ر یان فه‌لسه‌فه، به‌ڵام هه‌رگیز كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ناناسین به‌بێ ئایین.
به‌ڵام “ئافات”ی دۆركایم ئه‌وه بوو كه جیاوازی نه‌كرد له‌نێوان ئه‌وه‌ی ئایینییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه، هێڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌شی دانه‌نا له‌نێوان ڕه‌گه‌زی تاكی و ڕه‌گه‌زی كۆمه‌ڵی له ئاییندا، ئێمه ده‌بینین كه هه‌ستی ئایینی به ناچاری هه‌ستێكی خودیی جهوههرییهـ پێش ئه‌وه‌ی هه‌ستێكی به‌كۆمه‌ڵ بێت.[38]
زۆر به‌داخه‌وه وه‌ك ڕۆجییه باستید ده‌ڵێت دۆركایم و لایه‌نگرانی له زانایانی بڵاوكراوه‌ی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵناسی، ئه‌و لایه‌نه خودیيه ناوازانه‌ی ئایینیان فه‌رامۆش كردبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌یانویست دیارده‌ی تاكێتی (تاكه‌كه‌سی) ڕه‌ت بكه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئایین لای دۆركایم به‌هۆی جهبرییەت و گشتگیریبوونهكهی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه به‌مانای وشه ئایینێك نییه داهێنراوی تاكانه بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ باستیددا ئه‌وه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه دۆركایم به ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ی ئایینییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه تێكه‌ڵی كردووه[39].
ڕه‌گه‌زی ئایینی له سه‌ره‌تادا به ته‌واوه‌تی بێگه‌رد بووه، هه‌روه‌ك “ئه‌ندرۆ لانگ” ده‌یڵێت، پاشان ڕه‌گه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌فسانه‌یی هات، بۆ ئه‌وه‌ی سروت و ڕێوڕه‌سمه‌كان له ڕووكاری ده‌ره‌وه‌یه‌وه بیپێچێت، ڕووپۆشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی زاڵ بوو به‌سه‌ر لایه‌نه بێگه‌رده‌كه‌یدا، توێكڵه ده‌ره‌كییه‌كه‌ی ئایین، توێكڵی سروت و ڕێوڕه‌سمه‌كان، زاڵ بوو به‌سه‌ر ئه‌و سۆزه ئایینییه یهكهمینهدا[40].
هه‌ر بۆیه “مارتن لۆسه‌ر” شۆڕشی كرد به‌سه‌ر ئه‌و توێكڵه‌ی كه بێگه‌ردییه‌كه‌ی ئایینی شاردبووه‌وه و به‌ره‌نگاری سروت و ڕێوڕه‌سمه كاسۆلیكییه‌كان بوویه‌وه[41]، مه‌زهه‌بی پرۆتستانتی دامه‌زراند كه زۆر له به‌ها و نرخی سروته‌كانی كه‌م ده‌كرده‌وه و زاڵێتی و ده‌سه‌ڵاتی ڕووكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ئایینی كاڵ كرده‌وه.
به‌و پێیه‌ی كه ئه‌و ڕووكاره ده‌ره‌كییه‌ی ڕووپۆشی ده‌ره‌وه‌ی ئایینی كردووه، ئایین دیاری ده‌كات و ده‌یشارێته‌وه، هه‌ربۆیه ئایین وه‌ك سروت و ڕێوڕه‌سمه‌كان، هیچ نییه جگه له “ئایینێكی ستاتیكی” به‌پێی ده‌ربڕینی “بێرگسۆن”، ئه‌وه‌ش “ئایینێكی بازنه‌ییی داخراوه”، چونكه په‌یوه‌سته به لایه‌نه شكڵییهكانی و به ڕووكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه دووبارهبووهوهكانییهوه.
به پێچه‌وانه‌ی دۆخی ئایینی دینامیكی كراوه‌وه، كه له‌و لایه‌نه گه‌وهه‌رییه ڕه‌سه‌نه‌ی مرۆڤه‌وه ده‌رده‌چێت، مرۆڤ هه‌ر به زگماكی بڕواداره، له ههریهكهماندا “كه‌سایه‌تییه‌كی عیرفانییانه‌ی خه‌وتوو” هه‌یه[42].
به‌و پێیه‌ی ئایین په‌یوه‌سته به سه‌رچاوه‌كانییه‌وه له دڵدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌یلێكی زگماكی په‌تییه، به ئازارچه‌شتنی خۆگۆشهگیركردن به‌رده‌وامی ده‌بێت و ده‌شێت به تێكۆشانی خه‌ڵوه‌تیی ڕۆحی به‌رهه‌مدار بێت، “دیسۆ-Dussaud” جه‌ختی له‌سه‌ر به‌های ڕامان “تأمل”ی ئایینی وبه‌ده‌ستهێنانی كرده‌وه له گۆشه‌گیریدا، كاتێك مرۆڤ ده‌گاته حاڵی به‌كێشكردن و جه‌زب “الانجذاب-L’Extase”[43]، خواش خۆی بۆ تاک دەردەخات نەک بۆ کۆمەڵگا.
ئایینی ته‌وته‌می له ته‌رازووی ڕه‌خنه‌دا:
ئێمه‌ش به نۆره‌ی خۆمان له دۆركایم ده‌پرسین بۆچی ددان نانێت به‌وه‌دا كه سۆزی ئایینی به ته‌واوه‌تی تاكانه‌یه، له كاتێكدا به‌ركه‌وته‌یه‌كی هاوبه‌شه له‌نێوان هه‌موو مرۆڤه‌كاندا.
دۆركایم باسی له -وێنه به‌رایییه‌كانی شێوه‌ی ئایینی- كردووه، كه ئه‌ویش ئایینی ته‌وته‌مییه، له كاتێكدا ده‌بینین كه “شمێت-Schmidt“ له كتێبه بهناڤودهنگهكهیدا به ناوی “ڕیشه‌ی ئایین و سه‌رهه‌ڵدانه‌كه‌ی” به‌شێكی ته‌واوی له‌باره‌ی ته‌وته‌میزمه‌وه نووسیووه. شمێت پێی وابوو كه ته‌وته‌میزم دیارده‌یه‌كی ئاڵۆزه، ئه‌گه‌ر وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئایینی لێی بڕوانین. بۆ یه‌كه‌مجار “J.F. M’Lennan” كه زاراوه‌ی “exogamy” داهێنا، له وتاره به‌ناوبانگه‌كه‌یدا به ناوی “له‌باره‌ی په‌رستنی ئاژه‌ڵ و ڕووه‌ك”ه‌وه باسی له ته‌وته‌میزم كرد وه‌ك بڕوایه‌كی ئایینی و په‌یوه‌ستی كرد به بیرۆكه‌ی ئایینه‌وه[44].
پاشان وشه‌ی ته‌وته‌میزم له لێكۆڵینه‌وه‌كانی هه‌ریه‌ك له “Lubbock“، “تایلۆر “Tylor” و سپێنسهردا بڵاو بوویه‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه –به ڕای شمێت- نه‌یانتوانی بگه‌ن به تێگه‌یشتنێكی ورد له‌باره‌ی دیارده‌ی ئاڵۆزه‌ی ته‌وته‌مییه‌ته‌وه. ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه تا ئه‌مڕۆ گیرۆده‌ین به‌ده‌ست تێگه‌یشتنی ڕوون له‌باره‌یه‌وه و ناتوانین قوڵایییهكانی ئاشكرا بكه‌ین، به‌تایبه‌ت له پرسی په‌یوه‌ندیی نێوان ته‌وته‌میزم به ئایینه‌وه.
فره‌یزه‌ر له ساڵی ١٨٨٧دا كتێبێكی بچووكی له‌باری “ته‌وته‌میزم”ه‌وه نووسی، پاشان كتێبێكی تری له‌باره‌ی بنه‌چه‌ی ته‌وته‌میزمه‌وه نووسی، له‌و كتێبانه‌دا فره‌یزه‌ر قه‌باره‌یه‌كی بێشووماری له زانیاری و ورده‌كاریی به‌شه‌كی له‌باره‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌وه كۆ كرده‌وه، ئه‌و به‌و هه‌موو زانیارییانه‌وه ویستی بگات به ده‌رئه‌نجامێك له باره‌یه‌وه، تا ده‌ستی ڕابگات به مه‌عریفه‌یه‌ك له‌باره‌ی “ڕیشه‌ی ته‌وته‌میزم”ه‌وه.
فره‌یزه‌ر بۆ شیكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دیارده‌ی ته‌وته‌میزم سێ گریمانه‌ی دانا، فره‌یزه‌ر به درێژاییی ئه‌و ژیانه زانستییه‌ی كه پێیدا تێپه‌ڕیوه وشه‌گه‌لێكی گریمانه كردووه كه زیاده‌یه‌كی باشی خستۆته سه‌ر بابه‌تی ته‌وته‌میزم، به ئامانجی شیكردنه‌وه و ئاشكراكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئایین و ته‌وته‌میزم.
فره‌یزه‌ر له لێكۆڵینه‌وه سهرهتایییهكانیدا دووپاتی ئه‌وه‌ی كرده‌وه كه دیارده‌ی ته‌وته‌میزم دیارده‌یه‌یه‌كی “نیوه ئایینییه” هه‌روه‌ك چۆن دیارده‌یه‌كی “نیوه كۆمه‌ڵایه‌تییه”، بۆیه ده‌ستی كرد به شیكردنه‌وه‌ی شێوه ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی. به‌ڵام دووباره گه‌ڕایه‌وه و باسی له په‌یوه‌ندیی نێوان ته‌وته‌میزم و ڕیشه جادوودگهرییهكانی كرده‌وه، له كۆتاییی ژیانی زانستیشیدا، جادووگه‌ری وه‌ك “قۆناغێكی به‌رایی” دانا كه پێش ئایین كه‌وتووه[45].
شمێت بڕوای وابوو كه فره‌یزه‌ر خۆی وه‌ك لایه‌نگری تیۆری جادووگه‌ری داناوه، كاتێك ئه‌وه‌ی دووپات كردووەته‌وه كه ته‌وته‌میزمی په‌تی هیچ شتێك نایبه‌ستێت به ئایینه‌وه، ته‌وته‌م بابه‌تی په‌رستن یان نوێژ نه‌بووه[46]، لێره‌دایه كه شمێت له‌گه‌ڵ فرهیزهردا هاوڕایه له‌وه‌دا كه ته‌وته‌میزم دیارده‌یه‌كی نائایینییه، به‌ڵام له پرسی به‌راییبوونی جادووگه‌ری له ئایین، ڕایه‌كی جیاوازتری هه‌یه[47].
له‌م خاڵه‌دا باستید هاوڕایه له‌گه‌ڵ شمێت و ڕه‌خنه‌ی دۆركایم ده‌كات، له‌وه‌دا كه ته‌وته‌می وه‌ك خوا ده‌بینی، تهوتهمیزمیشی وه‌ك ئایینێك ده‌بینی كه كۆمه‌ڵگه ده‌كات به خوا.
به‌ڵام ته‌وته‌م هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی باستید ده‌یڵێت، هیچ نییه جگه له بابه‌تێكی ڕێزگرتنی خێزانی له شێوه‌ی ڕێزگرتنی كوڕ له باوكی[48]، بۆیه پایه‌ی ئایینیی ته‌وته‌میزم ده‌ڕووخێت، و دیارده‌ی ته‌وته‌میزم ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به سیسته‌می خێزانی یان خێڵه‌كییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به سیسته‌می ئایینییه‌وه نییه.
ته‌وته‌میزم په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی هه‌بووه به سیسته‌می خێڵ و یه‌كێتی و هۆزه‌وه، كه ئه‌وانه‌ش سیسته‌مگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی په‌تیین هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ئایینه‌وه نییه، به‌م شێوه‌یه ده‌توانین ڕه‌گه‌زی ئایینی له ته‌وته‌میزمدا بسڕینه‌وه، چونكه به‌ڵگه‌كان ده‌یسه‌ڵمێنن كه ته‌وته‌میزم “نائایینییه” و هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوانیاندا نییه، به‌و پێیه‌ی كه ته‌وته‌میزم په‌یوه‌ندیداره به بونیادی خێزانی و سیسته‌می هۆزایه‌تییه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ستییه‌كی دڵنیا هه‌بێت له‌نێوان ئه‌و و سیسته‌می ئایینی‌دا[49].
له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه شمێت گومانه‌كانی له‌باره‌ی ڕیشه‌ی ئایینی دیارده‌ی ته‌وته‌میزمه‌وه ورووژاند و به‌ره‌نگاریی دۆركایم بووه‌وه له‌وه‌دا كه له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا له‌باره‌ی ته‌وته‌میزم ته‌نیا یه‌ك شێوازی ته‌وته‌می وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌راوردكاری گشتگیری له‌باره‌ی هه‌موو شێوازه‌كانی ته‌وته‌میزم له جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا پێشكه‌ش نه‌كردووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه “میتۆدی به‌راوردكاری” به‌ردی بناغه‌ی زانستی كۆمه‌ڵناسی و ئه‌نسرۆپۆلۆجیای كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌ی بۆچی دۆركایم ته‌نیا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌ی ته‌وته‌میزمی ئوسترالیایی كردووه؟؟!
ئه‌گه‌ر دۆركایم وای داناوه كه هۆز ئوسترالیایییه‌كانی ناوه‌ڕاست دێرینترین ڕه‌گه‌زه مرۆیییهكانن، به‌ڵام مێژووی ڕه‌گه‌زه‌كان ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه شێوه‌ی تری ڕه‌گه‌زی مرۆیی هه‌ن كه هی پێش هۆزه ئوسترالیایییه‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت “ئه‌رۆ‌نتا”ن[50]، ئه‌وه‌ی دۆركایم لێكۆڵینه‌وه چڕوپڕه‌كه‌ی له‌باره‌وه كردوون كۆنترین كۆمه‌ڵه‌ی مرۆیی نین، به‌ڵكوو به‌رجه‌سته‌ی قۆناغی شه‌شه‌می هزری ئوسترالیایی ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی كه هۆزه ئوسترالیایییه‌كانی باشووری ڕۆژهه‌ڵات، له كۆنترین هۆزه‌كانی ئوسترالیان، به‌ڵام هۆزه‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت ئه‌رۆ‌نتا، تازه‌ترین و پێشكهوتووترینیانن.
تهوتهمیزمیش به هیچ جۆرێك له لای هۆزه‌كانی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئوسترالیادا ده‌رناكه‌وێت، ئهنسرۆپۆلۆجیاش سه‌لماندوویه‌تی كه ئه‌وه له سه‌رده‌مانی دواتردا به‌ده‌ست هاتووه. شێوازی باوه‌ڕ لای ئه‌و هۆزه یه‌كه‌مینانه له شێوه‌ی بوونه‌وه‌رێك یانژی خوایه‌كی باڵادا به‌رجه‌سته ده‌بێت[51]، له لای ئه‌وان وێنه و شێوه‌یه‌كی ڕوونی دیاریكراو و ته‌واو سه‌ربه‌خۆی هه‌یه له‌وه‌ی له ته‌وته‌میزمدا هه‌یه، لێره‌شه‌وه گۆشه‌نیگای دۆركایمی له‌باره‌ی “شێوه به‌رایییه‌كانی ژیانی ئایینی” هه‌ره‌س ده‌هێنێت.
*ئەمە بەشی چوارەمی کتێبی “ئه‌خلاق و ئایین له‌نێوان كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه‌دا”
[1] پرسی “وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه” یان “ئه‌وه‌ی ئێسته له ئارادایه–is”، له‌گه‌ڵ دژه‌كه‌یدا “ئه‌وه‌ی پێویسته ببێت-ought-” كورته‌ی تێڕوانینی زانستی پۆزهتیڤیستییه له به‌رانبه‌ر تێڕوانینی فه‌لسه‌فیدا، به ڕای پۆزه‌تیڤیسته‌كان ده‌بێت زانست ته‌نیا سه‌رنج بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ی واقیعییه و ده‌توانین له ڕێگه‌ی میتۆدی زانستییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین، ده‌بێت به‌هیچ جۆرێك زانا و لێكۆڵه‌ر سه‌رقاڵ نه‌بن به پرسی ئه‌وه‌ی “پێویسته چی ببێت” و چی بهێنرێته بوونه و چی دروست بكرێت و ڕێگا و بنه‌ما دابڕێژرێت بۆیان، واته به هیچ جۆرێك نابێت كاری زانست و زانایان داڕشتنی بنه‌مای ڕه‌فتار بن بۆ كردن و هێنانه بوونی واقیعی دیكه، به‌ڵام ئه‌م بڕوا و پرنسیپه پۆزهتیڤیستییه ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بوویه‌وه له گه‌ڵێك لایه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت له لای بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌ییی فرانكفۆرت، به‌تایبه‌ت له‌و ڕووه‌وه كه ناكرێت جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوتا بكرێت به جیهانی سروشتی و ئه‌و تێڕوانینه پۆزهتیڤیستییه بۆ جیهانی سروشتی و بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانسته سروشتییه‌كان ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام بۆ لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناگونجێت و زانا و لێكۆڵه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی به‌شێكه له ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناكرێت لێی دابڕێت، هه‌روه‌ها بوونی وه‌ك بكه‌رێكی چالاك و كارا له‌ناو ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا خۆیدا، نه‌ك “ته‌نیا لێكۆڵه‌ر” ، ناچاری ده‌كات هه‌ڵوێستی هه‌بێت له به‌رانبه‌ر “ئه‌وه‌ی كه هه‌یه” یان “ئه‌وه‌ی له ئارادایه”،-وەرگێڕ-.
[2]عادل العوا، القيمة الأخلاقية، مطبعة جامعة دمشق، 1960، ص 24.
[3]Durkheim, Emile., l’Education Morale, Paris, 1925. p.133.
[4]Gurvitch, Georges., La Vocation Actuelle de la Sociologie, Press. Univers. Paris 1950. p. 527.
[5]Hamelin, O., Essai sur les Eléments Principaux de la Représentation, Press. Univers. Paris 1952. p. 336.
[6]Ibid. p. 338.
[7]Ibid: p. 337.
[8]بارودي، المشكلة الأخلاقية والفكر المعاصر، ت: محمد غلاب، الطبعة الثانية، القاهرة، 1958، ص 77.
[9]Gurvitch. Georges Morale Théorique et Sciences des Meurs. Press. Univers. Paris 1948. p. 20.
[10]بارودي المشكلة الأخلاقية والفكر المعاصر، ترجمة محمد غلاب، القاهرة، 1958، ص 69.
[11]المرجع السابق، ص 78.
[12] له ڕاستیدا دۆركایم له زیاد له شوێنێكدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسه یان ڕه‌خنه‌یه‌ی داوه‌ته‌وه، ئه‌و پێی وایه كۆمه‌ڵگه سه‌رچاوه‌ی ئه‌خلاقه و تاك به په‌سه‌ندكردن و وه‌رگرتنی به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان له كۆمه‌ڵگه كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر و مه‌زنتره له ئه‌و، ده‌چێته پێگه‌یه‌كی به‌رزتره‌وه و ده‌بێته خاوه‌نی به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی و مه‌زنی و باڵایه‌ی كه كۆمه‌ڵگه له‌خۆی گرتووه، كۆمه‌ڵگه پێش تاك هه‌بووه و دوایی تاك ده‌مێنێته‌وه و نه‌مره، كۆمه‌ڵگه ئه‌فرێنه‌ری هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كه تاك پێویستی پێیه‌تی، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بڕوای وایه له ساته یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی مێژوودا ئه‌وكاتانه‌ی كۆمه‌ڵگه به دۆخی ڕاگوزه‌ردا ده‌ڕوات و به‌شێك له به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراو تووشی له‌رزین و له‌بیركردن و فه‌رامۆشی ده‌بن، یان به‌سه‌ر ده‌چن و چیتر به‌كه‌ڵك نامێنن، كۆمه‌ڵگه بانگی كه‌سه مه‌زن و ناوازه‌كانی ده‌كات كه به ئه‌ركی گۆڕینی به‌ها به‌سه‌رچووه‌كان و جێگرتنه‌وه‌یان به به‌های تازه‌تر هه‌ستن، ئه‌و پێی وایه مه‌سیح و سوكرات له نموونه‌ی ئه‌و پیاوه ناوازانه‌ن كه پێش خه‌ڵكی سه‌رده‌می خۆیان به پێویستی ئه‌و كارانه‌یان زانیوه و به‌ته‌نگ بانگه‌وازی كۆمه‌ڵگه‌وه چوون بۆ گۆڕانكاری. هه‌رچه‌نده ئه‌م چاره‌سه‌رییه‌ی دۆركایم بۆ پرسی تاكه گۆڕانكار و ناوازه‌كانی مێژوو دۆزیویه‌تییه‌وه ئه‌گه‌ر تا ئاستێك وه‌ڵام بێت به‌و ڕه‌خنانه‌ی كه پێی وایه دۆركایم به ته‌واوه‌تی ڕۆڵی تاكی له تیۆره‌كه‌یدا نادیده گرتووه و ئه‌خلاقی ته‌نیا كردووه به داهێنراوێكی كۆمه‌ڵگه‌یی، ئه‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دۆركایم ده‌كرێت وه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه ته‌ماشا بكرێت، به‌ڵام به سه‌رنجدان له ته‌واوی پرسه‌كه پێمان وایه دۆركایم هێشتاكه وه‌ك پێویست و بنه‌بڕ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ی نه‌كردووه. -وەرگێڕ-.
[13]Bergson, Henri., Les deux Sources la Morale et de la Religion, Soixante- Seizième Edition, Press Univers. Paris 1955. p. 24.
[14]Ibid: p. 49.
[15]Ibid: p. 34.
[16]Ibid: p. 30.
[17]Ibid: p. 27.
[18]Ibid: p. 62-63.
[19]Ibid: p. 102.
[20]Ibid: p. 61.
[21]الدكتورة فوزية ميخائيل، سورين كيركجورد أبو الوجودية، القاهرة، 1962، ص 92.
[22]المرجع السابق، ص 97.
[23]Wahl, Jean., Les Philosophies de l’Existence. Collec, A. Colin. Paris 1954. p. 89.
[24]عادل العوا، القيمة الأخلاقية، مطبعة جامعة دمشق، 1960، ص 240.
[25]Le Senne, René., Traité de Morale Générale. Press Univers. Paris 1949. p. 512.
[26]Ibid: p. 687.
[27]Ibid: p. 700.
[28]عادل العوا، القيمة الأخلاقية، مطبعة جامعة دمشق، 1960، ص 252.
[29]Ginsberg, Morris., Sociology, Oxford Universe. London 1949.p.33.
[30]Gurvitch, Georges., Morale Théorique et Science des Maurs, Press. Univers. Paris 1948 p. 54.
[31]Ibid: p. 44.
[32]Ibid: p. 45.
[33]Ibid; p. 29.
[34] گه‌رچی به‌شێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵناسیی پۆزه‌تیڤیزم و بیروباوه‌ڕی زانایانی بوویه‌وه په‌سه‌ندكراو بن، به‌تایبه‌ت له ڕووی میتۆدۆلۆژی و پاشانیش ئایدۆلۆژییه‌وه، به‌ڵام ناتوانین به هیچ جۆرێك ته‌واوی بۆچوونه زانستییه‌كانیان و میتۆده به‌ركاره‌كانیان ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه، ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندن و دادوه‌رییه‌ی كه “قه‌باری”ی نووسه‌ر لێره‌دا ده‌یكات بڕیارێكی گشتگیره و به هیچ جۆرێك ناتوانرێت په‌سه‌ند بكرێت، زانایانی قوتابخانه‌ی كۆمه‌ڵناسیی فه‌ڕه‌نسی له وێنه‌ی دۆركایم و لیڤی برێل و ئه‌لبێر باییه، له زیاد له بوارێكدا كاریان كردووه و هه‌وڵیان داوه میتۆدێكی دڵنیا و تاقیكراوه و چه‌سپاو به‌كار بهێنن تا هه‌مان ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی زانسته سروشتییه‌كان له لێكۆڵینه‌وه‌ی دیارده سروشتییه‌كاندا به‌ده‌ستیان هێناوه، كۆمه‌ڵناسیش بتوانێت پێی بگات، هه‌روه‌ها له زیاد له بوارێكدا له بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسی و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌خلاق و ئایین و ئه‌نسرۆپۆلۆجیادا كاریان كردووه و له‌مڕووه‌وه به‌شدارییه‌كی گه‌وره و سوودێكی مه‌زنیان به‌و بوارانه گه‌یاندووه، به‌تایبه‌ت هه‌وڵه دیاره‌كانی دۆركایم، بۆیه ئه‌و بڕیار و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی نووسه‌ر بڕیارێكی دروست نییه، هه‌روه‌ك له په‌ڕه‌كانی دواتردا هه‌ندێك بۆچوونی نووسه‌رمان چاو پێ ده‌كه‌وێت له‌باره‌ی گۆشه‌نیگای كۆمه‌ڵناسیی پۆزه‌تیڤیزم له‌باره‌ی ئایینه‌وه، كه پێمان وایه له هه‌ست و باوه‌ڕی ئایینی نووسه‌ره‌كه خۆیه‌وه هاتووه نه‌ك ڕای زانستی بێت، چونكه ئه‌وه‌ی نووسه‌ر دووباره وه‌ك به‌ڵگه بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆچوونه زانستییه‌كانی دۆركایم ده‌یهێنێته‌وه، هه‌ر هه‌مان ئه‌و شتانه‌ن دۆركایم ڕه‌خنه‌ی كردوون. -وەرگێڕ-.
[35]Le Senne René, Traité de Morale Générale, Press. Universitaires de France de France, Paris 1949. p. 312.
[36]الرسالة القشيرية، لأبي القاسم القشيري، القاهرة، 1948، ص 32.
[37]الدكتورة فوزية ميخائيل، سورين كيركجورد أبو الوجودية، القاهرة، 1962، ص 118.
[38] وه‌ك له‌م ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی قه‌باریدا ده‌یبین، (قه‌باری)ی خۆشی كه‌وتووەته هه‌ڵه‌وه له‌وه‌دا كه جیاوازی نه‌كردووه له‌نێوان شێوه جیاوازه‌كانی ئایین، ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ك شێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئایین ده‌یناسێنێت و ده‌یكاته به‌ڵگه بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ڕا زانستییه‌كانی دۆركایم له‌باره‌ی ئایینه‌وه ته‌نیا یه‌ك شێوه‌ی ئایینه ئه‌ویش ڕه‌وتی عیرفانییه، ڕه‌وتی عیرفانی به‌گشتی نا، به‌ڵكوو ته‌نیا له‌شێوه و دۆخه زۆر تایبه‌ته‌كانیدا كه ته‌نیا له لای فه‌یله‌سووفانی عیرفان و گه‌وره عیرفانییه ده‌گمه‌نه‌كان هاتووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌نده نزیكه له فه‌لسه‌فه‌وه ئه‌وه‌نده له ئایینه‌وه نزیك نییه له شێوه زۆر بڵاو و كۆمهڵایهتییهكانیدا، كه هه‌رهه‌مووی ڕێوڕه‌سم و سروش و نوێژ و یاسا و ڕێسا و دامه‌زراوه‌ی جیاجیان كه ته‌نیا ده‌كرێت وه‌ك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، -و-.
[39]Bastide, Roger., Eléments de Sociologie Religieuse, Collect A. Colin. Paris 1947. p. 5.
[40]Ibid. p. 170.
[41]Durkheim, Emile., L’Education Morale Paris 1925. p. 8.
[42]Bergson, Henri., Les Deux Sources de la Morale et de le Religion, Press. Univers. 1955 p. 10.
[43]Bastide, Roger., Eléments de Sociologie Religieuse, Collect. A. Colin. Paris 1949. p. 169.
[44]Schmidt W., The Origin and Growth of Religion., Facts and Theories, Trans. By H. J. Rose, London 1931. p. 103.
[45]Ibid: p. 104.
[46]Ibid: p. 105
[47]Ibid. p. 117.
[48]Bastide, Roger., Eléments de Sociologie Religieuse, Collect. A. Colin, Paris 1949. P 186.
[49]Schmidt, W, The Origin and Growth of Religion, Facts and Theories, Trans. By H. J. Rose. London 1931. p. 115.
[50]Ibid: p. 116.
[51]Ibid: p. 117.