سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا
بەشی دووەم: تاک (٢-٣)
٢- تاک[1
٢/١-٢ سەرەتایەک
زاراوەی “تاک” لە زمانی ڕۆژانەدا هێندە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار دەهێنرێت، زۆر جار کاریگەری و دەرکەوتە سیاسییەکەی پشتگوێ دەخرێت. لە ڕوونترین مانادا، تاک بریتییە لە “تاقە مرۆڤێک” سەرەڕای ئەوەش هێشتا چەمکەکە دیوی زیاتر لەخۆ دەگرێت. یەکەم: ئەوە دەگەیەنێت کە تاک بوونێکی سەربەخۆ و مانادارە، هەڵگری جۆرێک لە ناسنامەیە لە خودی خۆیدا، بە واتایەکی دیکە، ڕوانین لە مرۆڤەکان وەک تاک، ئەوە دەردەخات بوونەوەریلێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمن. واتا بەپێی خواستی کەسی مامەڵە دەکەن، نەک وەک ئەندامی گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان جەستەیەکی هەمەکی. دووهەم: تاکەکان هەر سەربەخۆ نین، بەڵکوو جیاواز و دانسقەشن. ئەمەش بۆ نموونە زاراوەی “تاکێتی – Individuality” ئاماژەی پێ دەکات، کە هەر مرۆڤێک دۆخێکی تایبەت و دانسقەی هەیە. بۆیە وێناکردنی کۆمەڵگە وەک کۆمەڵێک تاک، تێگەیشتنە لە مرۆڤەکان بە زاراوەی کەسی و حوکمدانیانە بەپێی سیفەتە تایبەتەکانیان، وەک کارەکتەر و کەسییەتی و بەهرە و توانستیان… بۆیە هەر تاکێک شووناسێکی تایبەتی هەیە.
سێهەم: تێگەیشتن لە مرۆڤ وەک تاک، بریتییە لە باوەڕبوون بە گشتگیرێتی، باوەڕکردن بەوەی مرۆڤەکان لە هەر کوێیەک بن، هەندێک تایبەتمەندیی بتەڕەتی و هاوبەش بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە، لەم ڕوانگەوە تاکەکان بە پاشخانی کۆمەڵایەتی و رەگەز و ئایین، یا “قەدەری لەدایکبوون–Accident of birth” پێناسە ناکرێن، بەڵکوو بەو تەیبەتمەندییانەی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا هاوبەشی پێدەکەن وەک: بەهای ئەخلاقی و شووناسی کەسی و دانسقەیییان پێناسە دەکرێن.
چەمکی تاک یەکێکە لە بەردی بناغەکانی کولتووریی سیاسیی خۆراوا، هەرچەندە خودی زاراوەکە لە سەدەی حەڤدەوە بەکارهاتووە، بەڵام ئەوەندە ئاشنا بووە کە بێ گۆڕانکاری جێکەوت بووە، سەرباری ئەوەی چەمکەکە بووەتە جێی مشتومڕی فەلسەفی و دابەشبوونی ئایدۆلۆژی قووڵی لێ کەوتۆتەوە. بۆ نموونە باوەڕبوون بە تاک و پابەندبوون بە تاکگەرایییەوە واتای چییە؟ ئایا تاکگەرایی شێوازێکی ڕوون و جیاوازیی بیری سیاسییە، یان دەتوانرێت بۆ پشتگیریکردن لە کۆمەڵێک هەڵوێست و سیاسەتی بەرفراوان بەکار بهێنرێت؟ جگە لەوەش هیچ بیرمەندێکی سیاسی وەها تاک نابینێت کە بوونەوەرێکی تەریک و پشتبەخۆبەستوو بێت، هەموویان کۆکن کە تا ڕادەیەک هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر تاک هەیە، بەڵام هاوسەنگیی نێوان تاک و کۆمەڵگا لە کوێدایە و پێویستە لە کوێدا بێت؟ لە کۆتاییدا تاکەکان لە ژیانی سیاسیدا تا چەند گرنگن؟ ئایا سیاسەت لە کەتوارەکیدا بە بڕیار و کردەوەی تاکە جیاوازەکان لە قاڵب دەدرێت، یان تەنیا گرووپ و ڕێکخرا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان گرنگن؟ بە کورتی ئایا تاک دەتوانێت جیاوازی دروست بکات؟
٢/١-٢ تاکگەرایی[2]
تاکگەرایی هەر تەنیا واتای باوەڕبوون بە بوونی تاکەکان نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بیرێک وەک سەروەریی تاک بەسەر هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان دەستەجەمعیدا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە تاک ناوەندی هەر تیۆرێکی سیاسی یان لێکدانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە. بەڵام تاکگەرایی سیمایەکی سیاسیی ڕوونی نییە، هەرچەندە زۆر جار بەستراوەتەوە بە نەریتی لیبڕاڵی کلاسیکی و بیرۆکەکانی وەک حکوومەتی سنووردار و بازاری ئازاد. بەڵام بۆ پاساوی دەستیوەردانی دەوڵەتیش بەکارهاتووە و لە هەمان کاتدا مایەی ڕەزامەندی سۆسیالیستەکانیش بووە. بۆ نموونە هەندێک لە بیرمەندان تاکگەرایی و کۆڵێکتیڤیزم وەک دژە جەمسەری دەبینن، کە نوێنەرایەتی هێڵە شەڕە تەقلیدییەکانی نێوان سەرمایەداری و سۆسیالیزم دەکەن، بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەم دووانە تەواوکەری یەکن و تەنانەت لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، ئامانجە تاکە کەسییەکان تەنیا لە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵەوە دەتوانرێت بەدی بهێنرێن. کێشەکە ئەوەیە، کە هیچ هاوئاهەنگییەک و ڕێککەوتنێک لەسەر سروشتی تاک نییە، هەموو رێبازە تاکگەرایییەکان کار لەسەر بەهای ناوەکی تاک دەکەن، جەخت لەسەر شکۆ و بەهای کەسی و تەنانەت پیرۆزی هەر تاکێک/مرۆڤێک دەکەنەوە، لێ ئەوەی لەسەری ناکۆکن ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئەم سیفەتانە بە باشترین شێوە درک بکرێت.
لیبڕاڵە سەرەتایییەکان تاکگەراییی خۆیان لە شێوەی باوەڕی مافە سروشتییەکاندا دەردەبڕی، کە پێیان وابوو مەبەست لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی پاراستنی مافە بێبەشکراوەکانی تاکە، بۆ نموونە دەتوانرێت تیۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی وەک جۆرێک لە تاکگەراییی سیاسی وێنا بکرێت. حکوومەت لە ڕەزامەندیی تاکەکەسیی هاووڵاتییانەوە سەر هەڵدەدات و ڕۆڵی حکوومەتیش سنووردارە بە پاراستنی مافەکانیان. بەڵام ئەگەر ئەم فۆڕمەی تاکگەرایی لەوپەڕی لۆجیکییەوە سەیر بکەین، دەتوانێت کاریگەریی ئازادیخوازانە و تەنانەت ئەنارکیستیشی هەبێت، بۆ نموونە تاکگەراکانی سەدەی نۆزدەهەمی ئەمریکی وەک هێنری دەیڤد تۆرۆ (١٨١٧-١٨٦٢) و بنیامین تاکەر ( ١٨٥٤-١٩٣٩) پێان وابوو کە نابێت هیچ تاکێک ویژدانی خۆی بکاتە قوربانیی حوکمی سیاسەتمەداران. چونکە هەڵبژێردراوان نکووڵی لەوە دەکەن دەستەڵاتی درووست و شایستە بەسەر تاکدا بەکار بێنن.
هەروەها ئەم نەریتە تاکگەرایییە دژە ستاتیزمە پەیوەندییەکی نزیکی بە بەرگریکردن لە سەرمایەداریی بازاڕەوە هەبووە، ئەم جۆرە لە تاکگەرایییە بەگشتی لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە تاکەکانی مرۆڤ پشتبەخۆبەستوو و بەرژەوەندیخوازن. سی.بی.ماکفێرسۆن (١٩٧٣) ئەمەی بە “تاکگەراییی خاوەندارییەتی” ناوزەد کردووە، وای پێناسەی چەمکی تاک کردووە، کە لە بەڕەتدا خاوەنی سەربەخۆییی توانست و خودی خۆیەتی، بۆیە هیچ شتێک قەرزداری کۆمەڵگاکەی نییە. ئەگەر تاکەکان لە بنەڕەتدا خودخواز بن و بەرژەوەندیی خۆیان بخەنە پێش ئەوانی دیکە و کۆمەڵگا، ئەوا تاکگەراییی ئابووری بەڕوونی بەستراوەتەوە بە مافی خاوەندارییەتیی تایبەت، ئازادیی بەدەستهێنان و مافی موڵکاییەتی و ئەوەی تاک هەڵیبژێرێت. بۆیە تاکگەرایییەکی لەم شێوەیە بە تایبەت لە ئەمریکا و بەریتانیا بوو بە ئامڕازێکی گرنگ بۆ ئەو کەسانەی بڕوایان بە (Laissez-faire Capitalism)[3] سەرمایەداریی ئابووریی ئازاد هەبوو.
ئەو یاسایانەی کە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕێک دەخەن، بە دیاریکردنی ئاستی مووچە، کاتژمێرەکانی کارکردن، دەستێوەردان لە بارودۆخی کارکردن یان پێشکەشکردنی یارمەتییەکان و خانەنشینی، لەم ڕوانگەیەوە مەترسین بۆ سەر تاکگەرایی. ئەگەرچی زۆر جار لە باوەڕی تاکگەراییدا کاریگەریی زۆر جیاواز وەرگیراوە، بۆ نموونە لیبڕاڵە مۆدێرنەکانی وەک تۆماس هیڵ گرین (١٨٣٩-١٨٨٢) و لیۆناردۆ هۆبهاوس (١٨٦٤-١٩٢٩) تاکگەراییان وەک بنیاتنانی ئارگیۆمێنتێک بەکار هێنا بۆ خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و دەستێوەردانی دەوڵەت. ئەوان بڕوایان بە بیری تەسکی بەرژەوەندیخوازی تاک نەبوو، بەڵکوو وەک بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و خەمێکی هاوبەش و خۆنەویستی بۆ هاوچەشنەکانی خۆیان دەبینی. ئامانجی سەرەکیی ئەوان ئەوە بوو کە جۆن ستیوارت میل ناوی نابوو (تاکایەتی –Individuality) توانستی هەر تاکێک بۆ بەدەسهێنان و جێبەجێکردنی هەر لێهاتوویەکی بیەوێت، بۆیە تاکگەرایی لە ڕێبازی ویستی تاکەوە گۆڕا بۆ فەلسەفەی گەشەپێدانی تاک، تاکگەراییی خودخوازی شوێنی خۆی بۆ تاکگەراییی گەشەسەندوو چۆڵ کرد. لە ئەنجامدا لیبڕاڵە مۆدێرنەکان جۆرێک لە ئامادەگییان پیشاندا بۆ پشتگیریکردنی کردەوەکانی حکوومەت بە مەرجی پێشخستنی یەکسانی دەرفەتەکان و پاراستنی تاک لە خراپەکارییە کۆمەڵایەتییەکان کە دەبنە هۆی شێواندنی ژیانیان، وەک بێکاری و هەژاری و نەخوێندەواری، هەمان ئامانجیش لای سۆسیالیستەکان مەرجی قبووڵکردنی چەمکی تاکگەرایی بوو. ئەگەر مرۆڤەکان وەک سۆسیالیستەکان دەڵێن، بە شێوەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵخواز بن، ئەوا تاکگەرایی نوێنەرایەتی تاکی خودخواز و بەرژەوەندیخواز ناکات، بەڵکوو ئامانجی هاریکاری و برایەتی و ژیانی کۆمەڵایەتییە. هەر لەبەر ئەمەشە سۆسیالیستی فەڕەنسی ژان ژارێ (١٨٥٩-١٩١٤) دەڵێت [سۆسیالیزم تەواکەری لۆژیکی تاکگەرایییە]. بیرمەندانی ڕێگەی سێیەمی مۆدێرنی وەک ئەنتۆنی گیدنز (١٩٩٤) هەوڵی نێوەندگیرییەکی هاوەشێوەیان دا لە خواستنی بیرۆکەی تاکگەراییی “نوێ”دا، کە جەخت لەوە دەکاتەوە تاکە سەربەخۆکان لە چێوارچێوە و وابەستەگییەکی هاوبەشدا کار دەکەن، بەڵام تاکگەرایی تەنیا وەک بنەمایەکی پێوانەییی گرنگ نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بگەڕێکی میتۆدۆلۆژی بەکار هاتووە. بە واتایەکی تر تیۆرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەسەر بنەمای مۆدێلێکی پێشوەختەی جێگیرکراوی تاک بنایت نراون، بە لەبەرچاوگرتنی هەر پێداویستییەک، پاڵنەرێک، خولیا و ئارەزوویەک کە تاک خاوەنی بێت. ئەم جۆرە “تاکگەراییە میتۆدۆلۆژییە” لە سەدەی حەڤدەهەمدا بۆ بنیاتنانی تیۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بەکار هێنرا و لە سەدەی بیستەمدا بوو بە بنەمایەک بۆ مۆدێلی هەڵبژاردنی عەقڵانییەتی زانستی سیاسی. میتۆدی تاکگەرایی بنەمای تیۆرییە ئابوورییە کلاسیک و نیو-کلاسیکییەکلان بووە، لە سەردەمی مۆدێرندا لەلایەن نووسەرانی وەک (هایک)ەوە پاڵپشتی کراوە. بۆیە دەرەنجامی گریمانەکان پەیوەست بە سروشتی مرۆڤی جێگیر و نەگۆڕ وەرگیراون، بەزۆری توانای ڕەفتاری عەقڵانی و خودخوازی مرۆڤ دەخاتە ڕوو. بەڵام کەموکوڕیی تاکگەراییی میتۆدۆلۆژی ئەوەیە، کە هەم ناکۆمەڵایەتییە و هەمیش نامێژوویییە، تاکگەراکان تیۆرییە سیاسییەکانیان لەسەر بنەمای مۆدێلێکی پێشوەختە لە سروشتی مرۆڤ دامەزراندووە، بۆیە ئەو ڕاستییە
پشتگوێ دەخەن کە ڕەفتاری مرۆڤ لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکەوە و لە قۆناغێکی مێژوویییەوە بۆ قۆناغێکی دیکە دەگۆڕێت. ئەگەر هۆکارە مێژووی و کۆمەڵایەتییەکان ناوەڕۆکی سروشتی مرۆڤ لە قاڵب بدەن، وەک لایەنگرانی تیۆرییەکانی “پەروەردە” پێشنیاری دەکەن، ئەوا دەبێت تاک وەک بەرهەمی کۆمەڵگا سەیر بکرێت نەک بە پێچەوانەوە.
لیبڕالیزم[4]
بیرۆکە لیبڕاڵییەکان لە ئەنجامی داڕمانی فیوداڵیزم لە ئەورووپادا سەریان هەڵدا، لە شوێنی ئەودا کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری بازاڕ هاتە ئاراوە. لیبڕالیزم لە سەرەتاییترین فۆڕمی خۆیدا ڕێبازێکی سیاسی بوو دژ بە ڕەهاگەرایی و شانازیی دەرەبەگایەتی، لە بری ئەوە بانگەشەی بۆ حکوومەتێکی دەستووری و نوێنەرایەتی دەکرد. تا سەدەی نۆزدەهەم بیری سیاسیی لیبڕاڵ جیاواز پەرەی سەندبوو، کە لایەنگری فەزیلەتی سەرمایەداریی “لایسێز-فەیر”ی دەکرد و هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەلایەن حکوومەتەوە شەرمەزار دەکرد. ئەمەش بوو بە ناوەندی لیبڕالیزمی کلاسیکی، یان سەدەی نۆزدەهەم. بەڵام لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە فۆڕمێک لە لیبڕالیزمی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا، کە بە شیوەیەکی لەبارتر تەماشای چاکسازی خۆشگوزەرانی و بەڕێوەبردنی ئابووری دەکرد. ئەمەش بوو بە تەوەری تایبەتمەندیی مۆدێرن، یان لیبڕالیزمی سەدەی بیستەم.
بیری لیبڕاڵ تایبەتمەندە بە پابەندبوون بە تاکگەرایییەوە، بیروباوەڕێک کە ئاماژەیە بۆ پشتگیرییەکی بەهێزی ئازادیی تاک. لە ڕوانگەی لیبڕاڵەوە تاکەکان بوونەوەری عەقڵانین و شیاوی زۆرترین و گەرەترین ئازادین، ئازادییەکی چوونیەک بۆ هەموو هاووڵاتییان. لیبڕاڵیزمی کلاسیک بەوە جیا دەکرێتەوە کە کەمترین متمانەی بە “دەوڵەت” هەیە، کە ئەرکەکەی سنووردارە بە نەزمی نێوخۆیی و ئاسایشی کەسی. لیبڕاڵە کلاسیکییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مرۆڤ لە بنەڕەتدا خودخواز و خۆبەڕێوەبەرن، بە ڕادەیەک دەتوانن بەرپرسیار بن لە ژیان و بارودۆخی خۆیان. لە ئەنجامدا لیبڕاڵەکان چاویان لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مێریتۆکراتی(شیاومەزنی-Meritocracy) بوو کە تێیدا پاداشتەکان لەسەر بنەمای بەهرەی تاک و ماندووبوون دابەش بکرێن. وەک ڕێبازێکی ئابووری، لیبڕاڵیزمی کلاسیکی پەسەندی بازاڕێکی خۆ-بەڕێوەبەری دەکات، کە دەستێوەردانی حکوومەت هەم ناپێویستە و هەم زیانبەخشە. بیرۆکەی لیبڕاڵە کلاسیکییەکان بە ڕوونی لە هەندێک تیۆری مافی سروشتی و سوودگەراییدا دەربڕدراون و بەردی بناغەی نەریتی سیاسیی ئازادیخوازانەن.
بەڵام لیبڕاڵیزمی مۆدێرن هەڵوێستێکی هاوسۆزانەتری بەرانبەر بە دەوڵەت هەیە، ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا لەدایک بوون، کە سەرمایەداریی پیشەسازی تەنیا فۆڕمێکی نوێی نادادپەروەری هێناوەتە کایەوە و بەشێکی زۆری خەلکی خستۆتە ژێر کاریگەریی چەواشەکارییەکانی بازاڕەوە، ئەمەش بووە هۆی پەیدابوونی لیبڕالیزمی کۆمەڵایەتی یان خۆشگوزەرانی، کە تایبەتمەندە بەوەی دەستێوەردانی دەوڵەت دەتوانێت ئازادی بەرفراوان بکات و تاکەکان لە خراپە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزێت کە بوونیان دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
بنەمای تیۆری گواستنەوە لە لیبڕالیزمی کلاسیکەوە بۆ لیبڕالیزمی مۆدێرن، پەرەپێدانی دیدێکی نوێ و ئەرێنی بۆ ئازادی تاک، لە کاتێکدا کلاسیکەکان ئازادی بە زاراوەیەکی نەرێنی تێگەیشتبوون، وەک نەبوونی سنووردارکردنی دەرەکی لەسەر تاک، لیبڕالە مۆدێرنەکان ئازادیان بە گەشەسەندنی کەسی و خود-ناسییەوە بەستەوە. ئەمەش تەوکارییەکی ڕوونی لە ێوان لیبڕالیزمی مۆدێرن و سۆشیاڵ-دیمۆکراسیدا دروست کرد. بێگومان لیىڕالیزم گرنگترین توخم بووە لە نەریتی سیاسیی خۆرئاوادا.
لە ڕاستیدا هەندێک کەس لیبڕالیزم بە گرنگترین تووخمی شارستانییەتی خۆرئاوا لە قەڵام دەدەن، یەکێک لە واتاکانی ئەوەیە کە لیبڕالیزم هەوڵدەدات هیچ چەمکێکی تایبەت بۆ ژیانی باش دیاری نەکات، بەڵکوو هەلومەرجێک بڕەخسێنێت کە تاک و گرووپەکان بتوانن خۆیان کەشفی ژیانی باش بکەن، وەک ئەوەی هەر یەکەیان پێناسەیەکی بۆ دەکەن. فەزڵی گەورەی لیبڕالیزم پابەندبوون و هەوڵی بێوچانییەتی بە ئازادیی تاک و هەڵکردوویی و تۆلێرانسەوە. سەرەڕای ئەوەش ڕەخنەکان لە لیبڕالیزم لە ئاڕاستەی جۆراوجۆرەوەن، مارکسیستەکان ڕەخنەیان لە پابەندبوونی لیبڕاڵ بە مافی مەدەنی و یەکسانی سیاسییەوە گرتووە، چونکە کەتواری دەستەڵاتی نایەکسانیی چینایەتی پشتگوێ دەخات. فێمینیستەکانیش دەڵێن، تاکگەرایی بێگۆڕان لەسەر بنەمای نۆرم و پێوەرەکانی پیاو لێک دەدرێتەوە، کە ڕەوا بە نایەکسانیی جێندەری دەدات. هەروەها کۆمۆنیتارییەکان(کۆمۆنیتاریزمی) لیبڕالیزم بەوە ئیدانە دەکەن کە وێنەیەکی ناکۆمەڵایەتی و ناکولتووری بۆ “خود” دەکێشن و نەیتوانیوە بنەمایەکی ئەخلاقتی بۆ پابەندی کۆمەڵایەتی و هەوڵی بەکۆمەڵ، دابین بکات.
بیرمەندە سەرەکییەکان: پەیوەست بە لیبڕالیزمەوە
*جۆن لۆک (١٦٣٢-١٧٠٤) لۆک بە بەردی بناغەی بیری لیبڕاڵی دادەنرێت، پشتگیریی لەوە دەکرد کە حکوومەت لە ڕێککەوتن و ڕەزامەندیی فەرمانڕەواکانەوە سەر هەڵدەدات، کە لە تیۆریی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”دا هێڵکاری کراوە. لەم بۆچوونەدا مەبەست لە حکوومەت پاراستنی مافە سروشتییەکانە، بۆ لۆک مافە سروشتییەکان بریتیبوون لە “مافی ژیان، ئازادی و مافی ماڵ و مووڵکداری” بەڵام کاتێک حکوومەت مەرجەکانی گرێبەستەکەی دەشکێنێت، ڕەوایەتی دەبێتە هەڵم و خەڵک مافی یاخیبوونی هەیە. لیبڕالیزمی لۆکی بنەمای سنووردارکردنی حکوومەت و نوێنەرایەتی و دەستوورخوازی دانا، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شۆڕشی ئەمریکا هەبوو.
*جۆن ستیوارت میل (١٨٠٦-١٨٧٣) گرنگیی میل بۆ لیبڕالیزم تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای بنیاتنانی تیۆرێکی لیبڕاڵە، کە بە شێوەیەکی یەکسان لەسەر لەسەر بنەمای فەزیلەتەکانی ئازادی دامەزراوە. پێچەوانەی بیرۆکەکانی پێشتری وەک مافە سروشتییەکان و سوودگەرایی، چەمکە سەرەکییەکەی میل بۆ [مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی پێشکەتووخواز] وای لێ کرد لە لە دەستێوەردانخوازی پاشەکشە بکات، بەڵام جۆرێک لە هاندان بوو بۆ پەرەپێدانی چەمکی “تاکایەتی” کە پێداگرە لەسەر ئاسۆی گەشەسەندنی مرۆیی و بناغەیەکی گرنگ بۆ بیری لیبڕاڵی مۆدێرن دابین دەکات.
* تۆماس هیڵ گرین (١٨٣٦-١٨٨٢) فەیلەسووف و تیۆریستێکی کۆمەڵایەتی بەریتانی بوو، گرین تیشکی خستەسەر سنوورەکانی بیری لیبڕاڵە سەرەتایییەکان و بە تایبەتیش لایسفێر بە سوودوەرگرتن لە (کانت و هیگڵ). جەختی خستە سەر سنوورەکانی ڕێبازی ئازادیی (نەرێنی) و پەرەپێدان و بەرگریکردن لە ئازادیی (ئەرێنی)، کە یارمەتیی لیبڕالیزمی دا بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە جێگیربوون پەیوەست بە خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. گرین کاریگەرییەکی گرنگی هەبوو لەسەر گەشەسەندنی لیبڕالیزمی نوێ لە بەریتانیا. بەرهەمە سەرەکییەکانی بریتین لە (وتارەکان لەسەر بنەمای پابەندبوونی سیاسی و پڕۆلێگۆمینا بۆ ئەخلاق).
* ئیشایا بەرلین (١٩٠٩-١٩٩٧) بەرلین پەرەی بە فۆڕمێکی لیبڕالیزمی فرەیی(پلووڕالیستی) دا، کە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە دژە-کامڵیەتە دامەزراوە کە ململانیی بەهاکان توخمێکی ناوەکی و لانەبراون لە ژیانی مرۆڤدا. بۆیە پێویستە ڕێکخستنە سیاسییەکان هەوڵی دەستەبەرکردنی زۆرترین بوار بدەن، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە دوای ئامانجە جیاوازەکانیاندا بگەڕێن. بەرلین پشتگیری لە ئازادیی نەرێنی دەکرد، وەک لە ئازادیی ئەرێنی، بەو پاساوەی کە ئەوەی دووهەمیان کاریگەریی یەکگەرایی و تاکڕەوانەی هەیە.
* جۆن ڕاوڵز (١٩٢١-٢٠٠٢) ڕاوڵز گرنگترین فەیلەسووفی لیبڕالی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم بوو، تیۆرییەکەی بریتی بوو لە (دادپەروەری وەک ڕەوایەتی- Justice as Fairness) نەک هەر هەڵاواردنی ڕەگەزی و سێکسی و ئایینی سەرکۆنە دەکات، بەڵکوو زۆر جۆری نایەکسانی و کۆمەڵایەتی ڕەت دەکاتەوە. فۆڕمی یەکسانیخوازانەی لیبڕالیزمی ڕاوڵز کاریگەرییەکی قووڵی بەگشتی لەسەر فەلسەفەی سیاسی هەبووە و بەژدارییەکی بەرچاوی لە هەردوو لیبڕالیزمی مۆدێرن و کۆمەڵایەتیدا هەبووە (نەریتە سیاسییە دیمۆکراتییەکان).
٢/٣-٢ تاک و کۆمەڵ
پشتگیرییەکان بۆ تاکگەرایی هێندەش گشتگیر و بەربڵاو نەبوون، هزری سیاسی لەبارەی پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگاوە، دابەشکارییەکی قووڵی پێوە دیار بوو؛ بە تایبەت ئایا دەبێت تاک هان بدرێت بۆ سەربەخۆیی و پشتبەخۆبەستن، یان ئەمە هاودەنگی کۆمەڵایەتیی نەشیاو دەکات و تاکەکان گۆشەگیر و دابڕاو دەهێڵێتەوە؟
لایەنگرانی هەڵوێستی پێشوو بە شێوەیەکی گشتی بەشدارییان لە نەریتی تاکگەراییی (ئینگلیز-ئەمریکی) کردووە، کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا “هێربێرت هووڤەر”ەوە بە (تاکگەراییی سەخت/تووند) وەسف کراوە. دەکرێت ئەم ئەم نەریتەوە وەک فۆڕمێکی تووندڕەویی تاکگەرایی بیری لێ بکرێتەوە، کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە لیبڕالیزمی کلاسیکیدا دەبینرێت. تاک بە نزیکەیی وەک پێکهاتەیەکی تەواو جیاواز لە کۆمەڵگا دەبینێت و بەم پێیەش بەهای کۆمەڵگا کەم دەکاتەوە. لەسەر جۆرێک باوەڕ دامەزراوە کە تاکەکان نەک هەر خاوەنی توانای هەوڵی بێوچان و پشتبەخۆبەستوویین، بەڵکوو تاک سەرچاوەی گەشەسەندنی ئەخلاقی و کەسییە. ئینجیلی ئەم نەریتە تاکگەراییە بریتییە لە (خوود-یارمەتی) ساموێل سمایڵز(١٨٥٦)، کە دەریخستووە [ڕۆحی خۆبەخشی، ڕەگی هەموو گەشەیەکی ڕاستەقینەیە لە تاکدا]. سمایڵز (١٨١٢-١٩٠٤) ستایشی فەزیلەتەکانی سەردەمی ڤیکتۆریا دەکات لە دامەزراوەیی و جێبەجێکردن و خۆڕاگری، کە بنەمای باوەڕێک بوو دەیگوت: “وزە زیاتر لە بلیمەتی بەدەست دەهێنرێت، لە کاتێکدا هاریکاریی یەکتر پەرە بە گەشەی دەروونی و ئەخلاقی تاک دەدات و لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی ڕۆحی کارگێڕییەوە، سوود بە هەموو نەتەوە دەگەیەنێت”. یارمەتیی “دەرەکی/ دستەڵات و حکوومەت” کە سمایڵز مەبەست لێی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بوو، تاک لاواز دەکات و هیچ جۆرە هاندانێک بوونی نامێنێت و تەنانەت بیر لە کارکردنیش ناکاتەوە. ئەم جۆرە دەربڕینانە بەرزترین ئاستی خۆیان لە داروینیزمی کۆمەڵایەتیی هێربێرت سپێنسەر و لایەنگرانیدا دۆزییەوە، بۆ ئەوان تاکگەرایی شێوەیەکی بایۆلۆژییانەی خەبات بوو بۆ مانەوە و لەنێوان هەموو تاکەکاندا هەبوو، ئەوانەی بە سروشت گونجاون بۆ مانەوە، سەرکەوتوو دەبن و لاواز و تەمبەڵەکانیش شکست دێنن. ئەم جۆرە ئایدیایانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بیری ڕاستڕەوی-نوێ هەبووە، بەتایبەتی هەڵوێست بەرانبەر بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی. ڕاستڕەوی نوێ لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ڕێگەی (ڕێگانیزم/ ڕێبازی ئابووریی ڕۆناڵد ڕێگان) لە ئەمریکا و (تاچەریزم/ مارگرێت تاچەری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا) لە بەریتانیا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەتایبەت ڕاستڕەوە نوێکان هێرشیان دەکردە سەر ئەو کولتوورە پاشکۆیاتییەی کە گوایە دەوڵەتی خۆشگوزەران دروستی کردبوو.
بۆیە هەژار و لاواز و بێکارەکان، کرابوونە قوربانیی خۆشگوزەرانی، ئارەزووی کارکردنیان لێ زەوتکرابوو و نکووڵی شكۆ و ڕیزیان دەکردن. لەم ڕوانگەیەوە چارەسەری پێویست ئەوەیە گۆڕانکاری لە بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بەرپرسیاریەتیی تاکەکەسی بکرێت، هانی خەڵک بدرێت لەسەر پێی خۆیان بووەستن. ئەمە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە داڕشتنەوەی سیستمی یارمەتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیادا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە، بۆ نموونە کەمکردنەوەی ئاستی یارمەتییەکان، جەختکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر تاقیکردنەوەی ئامڕازەکان و هەوڵدان بۆ ئەوەی وەرگرتنی یارمەتییەکان بە مەرج بێت لەسەر بنەمای ڕاهێنان یان ئەنجامدانی کار. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەم جۆرە سیاسەتە ئاماژە بەوە دەکەن تا ئەوکاتەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و بێبەشکردن بەردەوام بێت، ئەستەمە بە تەواوەتی بزانین چۆن دەتوانرێت تاکەکان بەرپرسیار بن لە بارودۆخ و ژیانی خۆیان، بۆیە ئەم هێڵە لە ئارگومێنتسازییە سەرنج لە تاک دوور دەخاتەوە و بەرەو کۆمەڵگا ئاڕاستەی دەکات. کۆمەڵێکی بەرفراوان لە بیرمەندانی سیاسیی وەک سۆسیالیست، کۆنزەرڤاتیڤ و ناسیۆنالیستەکان و لە هەمووی گرنگتر فاشیستەکان لە بارودۆخی جیاوازدا خۆیان وەک دژە-تاکگەرایی وێنا کردووە، لە زۆربەی دۆخەکاندا دژەتاکگەرایی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە گرنگی کۆمەڵگە و ئەو باوەڕە دامەزراوە کە پشتبەخۆبەستن و بەرپرسیاریەتیی تاک هەڕەشەن بۆ سەر هاودەنگی کۆمەڵایەتی. ڕەنگە بە شێوەیەکی گشتی “کۆمەڵگە” ئاماژە بێت بۆ کۆمەڵێک کەس لە شوێنێکی دیاریکراودا، یا دانیشتووانی شارۆچکەیەک یا شارێک و نەتەوەیەکی دیاریکراو وەک کۆمەڵگەیەک وەسف بکرێن. بەڵام لە بیری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەگشتی ئەم زاراوەیە کاریگەرییەکی قووڵتری هەیە، ئاماژەیە بۆ گرووپێکی کۆمەڵایەتی، گەڕەکێک، شارۆچکەیەک، ناوچەیەک، کۆمەڵێک کرێکار یا هەر شتێکی دیکە دەکات، کە پەیوەندییەکی بەهێز و ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە. بۆیە کۆمەڵگایەکی ڕاستەقینە بە پەیوەندیی هاوڕێیەتی و دڵسۆزی و ئەرک جیا دەکرێتەوە. بەو مانایە کۆمەڵگە ئاماژەیە بۆ ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی شووناسی تاک.
لەنێو ڕەخنەگرانی هاوچەرخی تاکگەراییی لیبڕاڵدا، تیۆریستە کۆمەڵایەتییەکان هەبوون، کە جەخت لەسەر گرنگی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان یان بەکۆمەڵەکان دەکەنەوە، بەوەی شتێک نییە بە ناوی (تاکی بێ ئەرک) بۆیە هەمیشە تاک بەرهەمی کۆمەڵگایە. جێگای ڕامان نییە کە سۆسیالیستەکانیش گرنگییان بە کەیسی کۆمەڵگا داوە و وەک ئامڕازێک بۆ بەهێزکردنی بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی وزە بەکۆمەڵەکان تەماشای دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە کە سۆسیالیستەکان زۆرجار تاکگەرایی ڕەت دەکەنەوە، بەتایبەت کاتێک بە شیوەیەکی بەرتەسک بەستراوەتەوە بە سوودخوازی و پشتبەخۆبەستوویی. هەرچەندە سۆسیال دیموکراتە مۆدێرنەکان دان بە گرنگی کاری تاکەکەسی و کێبڕکێی بازاڕدا دەنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕێن لە بەرانبەر هەستی هاریکاری و مرۆدۆستی تاک، کە تەنیا کۆمەڵگە داتوانێت بەرهەمی بهێنێت و ڕێکی بخات. هەروەها تەکگەرایی لەلایەن زۆرێک لە تیۆریستە کۆنزێرڤاتیڤەکانەوە بە گومانەوە سەیر کراوە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە تاکگەراییی ڕەها، وێرانکردنی ژێرخانی کۆمەڵایەتییە. تاکەکان بوونەوەرێکی ترسنۆک و نائارامن و بەدوای جۆرێک لە سەقامگیریدا دەگەڕێن، کە تەنیا ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش دەتوانێت دابینی بکات. ئەگەر تاکگەرایی بریتی بێت لە فەلسەفەی (هەر کەسە و بۆ خۆی) ئەوا زۆر بەسادەیی دەبێتە هۆی پەرتبوون و کۆمەڵگایەکی لاواز و تاکی گۆشەگیر. بۆ نموونە ئەمە هانی نیو-کۆنزێرڤاتیڤەکانی وەک، ئێرڤینگ کریستۆڵ لە ئەمریکا و ڕۆجەر سکروتۆن لە بەریتانیا داوە، کە خۆیان لە حەماسەتی بازاڕی ئازادیی ڕاستڕەوی نوێی لیبڕاڵ دوور بخەنەوە.
چەمکە سۆسیالیستی و کۆنزێرڤاتیڤەکانی کۆمەڵگە، لەژێر کاریگەریی کۆمەڵناسیی ئەکادیمیدا بوون، کۆمەڵناسان جیاوازییان لەنێوان ئەو فۆڕمانەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا کردووە کە لەناو کۆمەڵگا نەریتی یان گوندنشینییەکاندا گەشە دەکەن و ئەو فۆڕمانەشی لە کۆمەڵگا شارنشینە مۆدێرنەکاندا دەبینرێن. کاریگەرترین تیۆرییش لەلایەن کۆمەڵناسی ئەڵمانی فێردیناند توونیز (١٨٥٥-١٩٣٩) پەرەی پێدرا، جیاوازی کرد لەنێوان ئەوەی ناوی نابوو (کۆمەڵگا) و (پێکەوەیی/یەکیەتی). توونیز ئاماژەوەی بەوە کرد کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە شیوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگا گوندنشینییەکاندا دەبینرین، لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی بەهێز و خۆشەویستی و ڕێزگرتنی یەکترە، بەڵام ئەم هەستە نەریتییە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پیشەسازی و شارنشینییەوە کەوتە مەترسییەوە، کە هەردووکیان بنەمای گەشەی ململانێ و خودخوازی بوون. بەڵام ئەو پەیوەندییە یەکیەتییەی لە کۆمەڵگا شارنشینەکاندا گەشە دەکەن، بە پێچەوانەوە دەستکرد و گرێبەستین؛ ڕەنگدانەوەی خواستی قازانجویستی کەسییە، نەک دڵسۆزییەکی کۆمەڵایەتیی ماندار. کۆمەڵناسی فەڕەنسی ئیمێل دۆرکهایم (١٨٥٨-١٩١٧) بەژدارییەکی کارای هەبوو بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا ئەویش بە پەرەپێدانی چەمکی (Anomie- بەڕەڵاییی کۆمەڵایەتی) کە ئاماژەدانە بە بارودۆخێک، چوارچێوەی کۆد و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەتەواوی تێک دەشکێن. دۆرکهایم لە کتێبی (خۆکوژی- Suicide[1897] دا، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەو پێیەی ئارەزووەکانی مرۆڤ بێسنوورن، تێکچوونی کۆمەڵگا، لاوازیی نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی، سەبارەت بەوەی کامە شێوەی ڕەفتار قبووڵکراوە و کامەشیان قبووڵکراو نییە، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی نائارامیی زیاتر و لە کۆتاییشدا خۆکووشتنی زیاتر. جارێکی دیکە کۆمەڵگا، نەک تاکگەرایی وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەختەوەریی تاک دەبینرا. لە لایەکی دیکەوە ڕەنگە فشار لەسەر کۆمەڵگە نەک تاک، مەترسیی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەتی دەکرێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک بە ناوی کۆمەڵگا یان ئۆرگانی دەستەجەمعییەوە. ئەمەش بە شیوەیەکی هێڵکاری لە ڕێگەی ئەزموونی دەستەڵاتی فاشیزمەوە دەرکەوت، لە زۆر ڕووەوە فاشیزم دژە-تێزی تاکگەرایییە؛ لە فۆڕمە ئەڵمانییەکەدا گرنگی باڵای (کۆمەڵگەی نەتەوەیی) دەردەخست، ئامانجی سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی چەمکی تاکایەتی و بوونی کەسی بوو لەناو تەواوی کۆمەڵگادا. ئامانجێک کە جیاوازە لە فاشیزم، لە درووشمی نازییەکاندا (هێز لە یەکیەتیدا بوو)، ئەم شێوازەی کە لە ئەڵمانیای نازیدا و لە ئیتاڵیای فاشیستیدا بەکار دەهات، بریتی بوو لە کوشت و بڕێکی تۆتالیتارییانە. دەوڵەتێکی پۆلیسی کە سەرکوتکردن و چەوساندنەوە و دڕندەییەکی بەربڵاوی بەکار دەهێنا، بەڵام تاکگەرا تووندڕەوەکان هەندێکجار هۆشدارییان دەدا، کە هەر فشارێک لەسەر جەماوەر کاریگەریی ستەمکارانەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی بەها و گرنگیی تاک.
کۆمۆنیتاریزم[5]
نەریتی کۆمۆنیتاری لە بیرمەندانی یۆتۆپی سۆسیالیستی وەک (ڕۆبەرت ئۆین و پیتەر کڕۆپۆتکین)ەوە سەرچاوەی گرتووە، لە راستیدا دەتوانرێت خەمی کۆمەڵگا وەک یەکێک لە تەوەرە بەردەوامەکانی ناو بیری سیاسیی مۆدێرن سەیر بکرێت، کە بە شیوەیەکی جۆراوجۆر لە جەختکردنەوەی سۆسیالیستەکان لەسەر برایەتی و هەماهەنگی پێک هاتووە. باوەڕی مارکسیست بە کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی بێ جیاوازیی چینایەتی، تێڕوانینێکی کۆنزەرڤی بۆ کۆمەڵگا وەک کۆیەکی ئۆرگانیک و ڕێکخراو، کە بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی یەکترەوە و تەنانەت لە فاشیسترین پابەندبوونی خۆیدا، پەیوەستە بە کۆمەڵگەیەکی نەتەوەییی ناپەرتەوازە. بەڵام کۆمۆنیتاریزم وەک ڕێبازێکی بیرکردنەوە کە فەلسەفەیەکی سیاسیی تایبەت دەخاتە ڕوو، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا سەری هەڵدا، بەتایبەتی وەک ڕەخنەیەک لە لیبڕالیزم پەرەی سەند. تیشکی دەخستە سەر ئەو زیانانەی کە بەر ماف و ئازادییەکانی تاک کەوتوون، بەرمەبنای زیادبوونی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا. ئەمەش بووە هۆی پەیدابوونی ئەوەی پێی دەگوترێت “مشتومڕی لیبڕاڵ-کۆمۆنیتاری”. زۆر جار ئاماژە بە فۆڕمی (بەرز و نزم)ی کۆمۆنیتاریزم دەکرێت، کە یەکەمیان خەریکی مشتومڕی فەلسەفییە و دووهەمیان کە ناسراوترین کاسایەتیی ئەمیتای ئیتزیۆ نییە، زیاتر خەمی پرسەکانی سیاسەتی گشتییە.
لە ڕوانگەی کۆمۆنیتارییەوە، کێماسیی سەرەکیی لیبڕالیزم، تێڕوانینە لە تاک، وەک یەکەیەکی ناکۆمەڵایەتی و سەربەخۆ، لە گریمانە سوودگەرایییەکەدا دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی خۆپەرستن، لە کاتێکدا کۆمۆنیتارییەکان بە پێچەوانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خود لە کۆمەڵگادا چەسپاوە، بەو مانایەی هەر تاکێک جۆرێکە لە بەرجەستەکردنی بەها و ئارەزووەکانی کۆمەڵگا و مەبەستەکانیشی لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتدا لە قاڵب دراون. ئەمەش سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە نەک هەر پڕۆسەی کۆمەڵایەتیکردن، بەڵکوو ئەستەمبوونی چەمکی جیاکردنەوەی ئەزموون و بیروباوەڕی تاک، لەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەی کە مانایان پێدەبەخشێت. هەڵوێستی کۆمۆنیتارییەکان کاریگەریی تایبەتی لەسەر تێگەیشتمان لە مەڕ دادپەروەری هەیە، تیۆرییە لیبڕاڵییەکانی دادپەروەریی زیاتر مەیلیان بەلای گریمانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی کەسی و ڕەفتاری تاکەکەسیدایە، لە کاتێکدا بۆ کۆمۆنیتارییەکان-کۆمەڵخوازەکان، هیچ مانایەکیان نییە، چونکە ورووژاندنی بابەتێکی بێگیانە. بۆیە دەبێت تیۆرییە گشتگیرەکانی دادپەروەری جێگەی خۆیان بەو تیۆرییانە پڕ بکەنەوە کە بە تەواوی ناوخۆیی و تایبەتن، هاوشێوەی پێگەی ئەو هەڵوێستەی کە پۆستمۆدێرنەکان پێشی دەخەن.
کۆمۆنیتارییەکان دەڵێن ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ئەو ناهاوسەنگییە لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و بیری سیاسیدا، کە تاکەکان ناخودویستانە بە ئەرکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتی ئەخلاقییەوە، هان دەدرێن تەنیا ڕەچاوی بەرژەوەندیی خۆیان و مافەکانی خۆیان بکەن. لەم بۆشایییە ئەخلاقییەدا، کۆمەڵگا بە مانای وشە لێک هەڵدەوەشێت. بۆیە پڕۆژەی کۆمۆنیتاریزم، هەوڵ دەدات بەهای ئەخلاقی بۆ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە و لە شێوەی نەریتێکدا، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەرستۆ و (سیاسەتی چاکەی هاوبەش) بنیات دەنێت. بەڵام ڕەخنەگرانی کۆمۆنیتاریزم بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەم هەوڵە هەم کاریگەری کۆنەپەرستانە و هەمیش کاریگەری پاوانخوازانەی هەیە، کە کۆمۆنیتاریزنم زیاتر مەیلی کۆنەپەرستانەی هەیە، وەک لەوەی بەرگریکردن لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کۆدە ئەخلاقییەکانی ئێستا بێت. بۆ نموونە فێمینیستەکان ڕەخنەی ئەوەیان لەم ڕەوتە هەیە، کە هانی بەهیزکردنی ڕۆڵی سێکسییەتی نەریتی دەدات لەژێر پەردەی بەرگریکردن لە خێزان.
تایبەتمەندییە پاوانخوازەکانی کۆمۆنیتاریزم، جەخت لەسەر ئەرک و بەرپرسیاریەتیی تاک بەسەر ماف و شایستەکانیدا دەکاتەوە.
بیرمەندە سەرەکییەکان:
ئالاسدەیر ماکینتایەر (١٩٢٩-): فەیلەسووفێکی سکۆتلەندی فەلسەفەی ئەخلاق و ئاکارە، ماکینتایەر پەرەپێدەری فەلسەفەی نیو-کلاسیکی و دژە لیبڕاڵیی کۆمۆنیتارییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە لیبڕالیزم بانگەشەی ڕێژەییی ئەخلاقی دەکات و بەم پێیەش ناتوانێت بنەمایەکی ئەخلاقی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دابنێت. ئەو پێی وایە کە چەمکەکانی “دادپەروەری و فەزیلەت” پەیوەستن بە نەریتە فکرییە تایبەتەکان، بۆیە پەرەی بە مۆدێلێک دا، ئەوەی پێی دەگوترێت “ژیانی چاک” کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە (ئەرستۆ و نەریتی مەسیحی ئۆگستین و سانت تۆماس ئەکویناس)دایە. بەرهەمە سەرەکییەکانی ماکینتایەر بریتین لە ( دوای چاکە/فەزیلەت – ١٩٨١) و (دادپەروەری بۆ کێ و کامە عەقڵانییەت- ١٩٨٨) و (سێ بڵاوکراوەی شیکاری ئەخلاقی- ١٩٩٠).
مایکڵ واڵزەر (١٩٣٥-): تیۆریستێکی سیاسیی ئەمریکییە، واڵزەر پەرەی بە جۆرێک لە لیبڕالیزمی کۆمۆنیستی و فرەیی داوە. ئەو گەڕان بەدوای تیۆرییەکی گشتگیر لە دادپەروەریدا وەک بێهوودەیی دەبینێت و ڕەتی دەکاتەوە، لە بری ئەوە بانگەشە بۆ بنەمای (یەکسانیی ئاوێتە) دەکات، بەپێی ئەو بنەمایە دەبێت یاسای جیاواز بۆ دابەشکردنی کاڵا کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەکار بهێنرێت، بەمەش کایەی جیاجیای دادپەروەری دێتە کایەوە. سەرەڕای ئەوە تا ڕادەیەک هاوسۆزیشە لەگەڵ سۆسیالیزمی دیمۆکراسیدا. گرنگترین بەرهەمکانی واڵز ئەمانەن: (کایەکانی دادپەروەری – ١٩٨٣) و (لێکدانەوە و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی – ١٩٨٧).
مایکڵ ساندێل (١٩٥٣-): تیۆریستێکی سیاسیی ئەمریکییە، ساندێل بە تووندی ڕەخنەی لە تاکگەرایی گرتووە، بەتایبەت چەمکی “تاکی بێ ئەرک و بارگران”، ساندێل بانگەشە بۆ چەمکەکانی ژیانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەکات، کە بە تووندی لە کۆمەڵگاکاندا چەسپاون و جێکەوتوون، وە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردن و ناسنامەی تاکەکەسی لەلایەن “پەیوەندییە ئەخلاقییەکانی”کۆمەڵگاوە پێکهاتە کراوە. هەروەها ساندێل هۆشداریی ئەوەی داوە کە نەبوونی ئەو پێکهاتە و چەسپاوە کۆمەڵایەتییانە بەو مانایەییە، کە دەشێت دیموکراسی بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگە نەگرێت، بۆ ئەمەش پشتگیری لە (کۆماریخوازی مەدەنی) دەکات کە بە نەریتی سیاسیی ئەمریکای دەبەستێتەوە. گرنگترین بەرهەمەکانی ساندێل بریتیین لە (لیبڕالیزم و سنوورەکانی دادپەروەری-١٩٨٢) و (نیگەرانییەکانی دیمووکراسی- ١٩٩٦).
٢/٤-٢ تاک لە سیاسەتدا
پرسیارەکان دەربارەی ڕۆڵی تاک لە مێژوودا، بەردەوام مایەیی سەرقاڵی بیرمەندان و فەیلەسووفان بووە، بەڕوونی ئەم جۆرە پرسانە گرنگییەکی زۆریان لە لێکۆڵینەوەی سیاسیدا هەیە. ئایا دەبێ شیکاری سیاسی سەرنج بخاتە سەر خواست و کردەوەی تاکەکان، یان باشترە بەدوای ئەو هێزە ناوەکییانەدا بگەڕێت کە ڕەفتاری تاکەکان پێک دەهێنن؟ بۆ ئەم مەبەستە لە سەرەتادا دەکرێت دوو ڕێبازی دژیەکی بنەڕەتی ئاماژە پێ بکەین.
یەکەمیان، سیاسەت بە تەواوی لە ڕووی کەسییەوە دەبینێت و پیی وایە، کە مێژوو لەلایەن تاکەکانەوە دروست دەکرێت، کە لە ڕاستیدا ویستی خۆیان لەسەر پڕۆسەی سیاسیی دەچەسپێنن. ڕێبازێکی لەم چەشنە جەختکردنەوەی لەسەر (پیاوە مەزنەکان) و کردەوەکانیان بە ڕوونی دیارە، لەم ڕوانگەوە سیاسەتی ئەمەریکا کورت دەکاتەوە لە خودی سەرۆکەکانی وەک (ڕۆزڤێڵت و کێنەدی، ڕێگان و بۆش)، لە کاتێکدا سیاسەتی بەریتانیاش لە ڕێگەی کەسایەتیی سەرۆکوەزیرەکانی وەک ( چەرچڵ، وێڵسن، تاچەر و بلێر…) دەبینێت. ئەم ڕێبازە لە توندترین فۆڕمی خۆیدا بۆ سیاسەت بووە هۆی بنەمای دروستبوونی سەرکردە فاشیستەکان، لەژێر کاریگەریی بیرۆکەی فرێدریش نیچە بۆ “سووپەرمان”، سەرکردەکانی وەک هیتلەر و مۆسۆلۆنییان بە کەسێکی بەهرەمەندی باڵا، هێزی تەواو، هەمووشتزان، نیشان دەدا. بەڵام تێڕوانینی سیاسەت تەنیا لە ڕووی کەسایەتی و سەرکردایەتییەوە و وێڵکردنی فاکتەرە کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکان، کە بێگومان کاریگەرییان هەیە لەسەر داڕشتنی پێشهاتە سیاسییەکان. جگە لەوەش وای دەردەخات کە تاک بە ئامادەگییەوە دێتە جیهان و هیچ شتێک قەرزداری کۆمەڵگا نییە، بەهۆی ئەو خاسییەت و بەهرە و لێهاتوویەی هەیەتی.
ڕێبازی دووهەمیان بە تەواوەتی تاک دادەبڕێت و پێی وایە مێژوو لەلایەن فاکتەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و … لە قاڵب دەدرێت، واتا تاک وەک ئەکتەرێک هیچ پێگە و بایەخێکیان نییە و تەنیا وەک بووکەڵەیەک مامەڵە دەکەن، نموونەی ئەم ڕێبازە لە تیۆرییە خام و میکانیکییەکانی مارکسیزمدا دەرکەوت، کە لە یەکێتیی سۆڤییەت و دەوڵەتە کۆمۆنیستەکانی تردا پەرەیان سەندبوو. ئەمەش بنەمای باوەڕێک بوو بە دیتێرمینیزمی ئابووری ناسێنرا؛ بەو واتایەی ژیانی سیاسی، یاسایی، هزری و کولتووری، وا دادەنرا کە بە “شێوازی ئابووریی بەرهەمهێنان” دیاری دەکرێت. بۆیە کۆی مێژوو و هەموو لایەنەکانی ڕەفتاری تاک لە ڕوانگەی گەشەی خەباتی چینایەتییەوە دەبینرا. بەڵام ئەم جۆرە تیۆرییانە لەسەر ڕووانگەیەکی یەکاڵایی تا ڕادەیەک “پاڤلۆڤی” بۆ سروشتی مرۆڤ دامەزرابوو، کە ڕێگە بە بوونی ناسنامەیەکی کەسی، یان هیچ جۆرە ویستێکی ئازاد نادات. سەرەڕای ئەوەش دەرخەری باوەڕە بە حەتمییەتی مێژوویی کە تەنانەت هەر جۆرە مەعریفەیەکی ڕاگوزەر لە سیاسەتدا دەیخاتە ژێر گومانەوە. بەڵام ئەمە بە کوێمان دەگەیەنێت؟ ئەگەر تاکەکەن نە سەروەری مێژوو بن و نە بووكەڵەی کۆنترۆڵی ئەو مێژووە، چ مەودایەک بۆ کرداری تاک دەمێنێتەوە؟ لە هەموو بارودۆخێکدا دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان فاکتەری کەسی و ناکەسیدا هەبێت.
یەکەم، ئەگەر تاکەکان بەشداری کایەی سیاسەت بکەن، ئەوا لەژێر هەندێک بارودۆخی زۆر تایبەتی هزری، دامەزراوەیی، کۆمەڵایەتی و مێژووییی ئەو کارە دەکەن، لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیی نێوان تاکەکان و میراتی کولتوورییان هەیە. سەرکردە سیاسییەکان بە دەگمەن بیرمەندی ڕەسەن و مەزنن، بۆ نموونە لینین وەک نموونەیەکی جیاواز. بۆیە سیاسەتمەدارانی پڕاکتیکی لە ڕەفتار و بڕیاردانیاندا زۆر جار بەبێ ئەوەی بزانن، ڕێنمایی دەکرێن، بەو شتەی کە ئابووریناس کینز بە “زانستی خوازراو” ناوی دەبات، واتا مەرگرێت تاچەر، تاچەریزمی دانەهێناوە، هەروەک چۆن ڕۆناڵد ڕیگانیش، ڕیگانیزمی دانەهێناوە و لە هەردوو باردا، بیرۆکەکانیان پشتیان بە ئابووریی کلاسیکی ئادەم سمیس و دەیڤد ڕیکاردۆ (١٧٧٢-١٨٢٣) بەستبوو، وە لەلایەن ئابووریناسانی سەدەی بیستەمی وەک هایک و فرێدمانەوە، نوێ کرابووەوە. بیر و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاکان، ڕوونە لە ژیانی سیاسیدا گرنگییان لە دەستەڵات و سەرکردایەتی و کەسایەتی، کەمتر نییە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە سیاسەت تەنیا لەلایەن ئەو تاکانەی لە بنەڕەتدا خاوەنداریەتیی بیرەکان دەکەن لە قاڵب دەدرێت و شێوە وەردەگرێت، بێگومان بیری بیرمەندانی وەک ڕۆسۆ و مارکس و کینز و هایک، مێژوویان گۆڕیوە، هەم وەک ئیلهامبەخش و هەمیش بە ڕێنمایی کردەی سیاسی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم تاک بیرمەندانە خۆیان لەژێر کاریگەریی نەریتە فکرییەکانی سەردەمەکەیاندا بوون، هەروەها لەژێر کاریگەریی بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتی فەرمانڕەواکاندا بوون. بۆ نموونە میراتی هزری سیاسیی کارڵ مارکس بەسەر بەشێکی زۆری سیاسەتی سەدەی بیستەمدا زاڵ بووە، تیۆرییەکانی لەسەر بنەمای بیرۆکە هەبووەکانی ئەوکاتە بنیات دەنێت، بەتایبەتی فەلسەفەی هیگڵ و ئابووریی سیاسیی سمیس و ڕیکاردۆ و بیرۆکەی سۆسیالیستە سەرەتایییەکانی فەڕەنسی وەک (سانت سیمۆن و فۆریە).
دووهەم، جۆرێک لە پەیوەندی لەنێوان تاک و دامەزراوەکاندا هەیە، زۆر جار جیاوازیکردن لەنێوان کاریگەرییە کەسییەکانی سەرکردەیەکی سیاسی و ئەو دەستەڵاتە یان کاریگەییەی لە ئۆفیسەکەیەوە وەریدەگرێت، ئەستەمە. بۆ نموونە دەستەڵاتی سەرۆکەکانی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرەکانی بەریتانیا لە بنەڕەتدا لە ئۆفیسەکەیانەوە وەرگیراوە، نەک لە کەسایەتییانەوە. بە هەمان شێوە ڕەنگە کەسایەتیی سەرکردەکانی سۆڤییەت گرنگییەکی کەمتری هەبووبێت لەسەر سیاسەتی سۆڤییەت، وەک لە مۆنۆپۆڵی دەستەڵاتی حیزبی شیوعی، ئاخر حیزب سەرچاوەی دەستەڵاتی بەرفراوانی سەرکردە بوو. ئەمە بوو مەبەستی کۆمەڵناسی ئەڵمانی ماکس ڤیبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) کاتێک ئەوەی خستە ڕوو، لە کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکاندا دەستەڵاتی یاسایی-عەقڵانی تا ڕادەیەکی زۆر فۆڕمەکانی دەستەڵاتی کاریزماتیک و نەریتی پەراوێز خستووە. بەرمەبنای ئەمە ڕەنگە تاک سەرکردە سیاسییەکان، گرنگییەکی کەمتریان هەبێت لەچاو ئەو پارتانەی سەرکردایەتی دەکەن و ئەو دامەزراوە حکوومییانەی کۆنتڕۆڵیان دەکەن و ئەو دەستوورەی بەکاری دێنن. لەگەڵ ئەوەشدا تاک سەرکردەکان دەتوانن جیاوازی دروست بکەن. بۆ نموونە گومانی تێدا نییە کە دەستەڵاتە دامەزراوەییەکان تا ڕادەیەک لاستیکین و سەرکردەیەک کە خاوەنی پاڵنەر و وزە و بیرێکی تەیبەتە، دەتوانێت مەوداکەی فراوان بکات و کەمێک لە لاستیکەکە بکشێنێت. ئەمە بوو مەبەستی ئێچ.ئێچ ئاسکوێس (١٨٥٢-١٨٢٨) ئاشکرای کرد، کە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئەوەیە کە خاوەنەکەی هەڵیدەبژێرێت و دروستی دەکات. بێگومان سەرۆکوەزیرانی کاریزما و بەئیرادە دەتوانن دەستەڵاتی نووسینگەکەیان تا ئاستێک درێژ بکەنەوە، وەک تاچەر لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٩٠. وە سەرۆکەکانی ئەمریکا، وەک ڕۆزڤێڵت و لیندۆن جۆنسن، توانیان بە بەکارهێنانی لێهاتوویی و سیفەتی کەسی دەستەڵاتی ئۆفیسەکەیان درێژ بکەنەوە. بێگومان لە بارودۆخی دیکەدا سەرکردەکان یارمەتیدەر بوون لە دامەزراندن و داڕشتنەوەی ئەو دامەزراوانەی سەرکردایەتی دەکەن، بۆ نموونە لینین لە ساڵانی ١٩٠٣ حیزبی بەلشەفی دامەزراند و لەنێوان شۆڕشی ١٩١٧ و مردنی لە ساڵی ١٩٢٤دا، بەرپرسیار بوو لە دروستکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتی سۆڤییەت و لە قاڵبدانی پێکهاتە دەستوورییەکەی. لە دۆخی دیکتاتۆریدا سەرکردەکانی وەک هیتلەر لە ئەڵمانیا و پێرۆن لە ئەرجەنتین و سەدام حوسێن لە عێراقدا، هەوڵیان داوە دەستەڵاتی ڕەها بەکار بهێنن بە ڕزگارکردنی خۆیان لە هەر چوارچێوەیەک کە دەستوور ڕێگەی پێداون و بۆی دیاری کردوون، واتا هەوڵیان داوە تەنیا لەسەر بنەمای دەستەڵاتی کاریزماتیک حوکم بکەن.
سێهەم، جۆرێک لە پەیوەندی لەنێوان تاک و کۆمەڵگادا هەیە، بۆچوونێک هەیە دەڵێت، ناتوانین لە هیچ تاکێک تێبگەین ئەگەر دایببڕین لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی. هیىچ مرۆڤێک بە فۆڕمێکی ئامادەگیی پێشوەختەوە نایەتە بوون، وەک بەشێک لە سۆسیالیستەکان جەخت لەسەر گرنگیی “جەوهەری کۆمەڵایەتی” دەکەنەوە، بەتایبەتی بە لای ئەوەدان کە ڕەفتاری تاک وەک نوێنەری هێزە کۆمەڵایەتییەکان یان بەرژەوەندییەکان دەبینێت. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لە تووندترین شێوەی خۆیدا، ڕووانگەیەکی لەم شێوەیە تاک تەنیا وەک بووکەڵەیەکی دەستی هێزە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکان دەبینێت و هیچی دیکە نا. هەرچەندە مارکس خۆی بەژداری لە هیچ دیتێرمینیزمێکی تەسک(چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو)دا نەدەکرد، بەڵام بە دڵنیایییەوە پێی وابوو مەودای کارکردنی تاک سنووردارە و هۆشداری دا لەوەی کە «نەریتی هەموو مردووە پێشینەکان، وەک کابووسێک قوورسایی لەسەر مێشکی زیندووەکان هەیە». بەڵام سیاسەت توانایەکی ناکۆتای هەیە بۆ سەرسامکردن و تێکەڵکردنی هەموو پێشبینییەکان، ڕێک لەبەرئەوەی چالاکییەکی کەسییە. لە کۆتاییدا سیاسەت لەلایەن تاکەکانەوە دروست دەکرێت، تاکەکان بە ڕوونی بەشێکن لە پڕۆسەی مێژوویی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خاوەنی جۆڕێک لە توانان بۆ داڕشتنی ڕووداوەکان بەپێی خەون و ئایدیای خۆیان. بۆ نموونە ئەستەمە باوەڕمان بەوە هەبێت کە ڕەوتی مێژووی ڕووسیا کاریگەری لەسەر نەدەبوو ئەگەر بێت و لینین هەرگیز لەدایک نەبووبا، بە هەمان شێوە ئەگەر ڕۆزڤێڵت لە ساڵی ١٩٢٠ بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان کۆچی دوایی کردبا، ئایا هەرگیز ئەمریکا ئەو کاردانەوانەی دەبوو، بەهۆی ئەو نەهامەتییانەی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەسەری هات؟ ئایا سیاسەتی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی بەریتانیا بە هەمان شێوە دەبوو، ئەگەر مارگرێت تاچەر بڕیاری بدایە لە بەری ئەوەی بچێتە ناو سیاسەت، ببێتە پارێزە؟ ئایا ئەگەر جۆن سمیس لە ساڵی ١٩٩٤ نەمردبایە و تونی بڵێر شوێنی نەگرتبایەوە، نوێخوازی “پارتی کرێکاران” هەروا بەردەوام دەبوو؟
سەرچاوە: ئەمە پاژی دووەمە لە بەشی یەکەمی کتێبی
Political Theory An introduction, “Andrew Heywood”
Third Edition
[1] The Individual
[2] Individualism
[3]تیۆری لایسێز، فەلسەفەیەکی ئابووریی سەرمایەداریی بازاڕی ئازادە، دژی دەستێوەردانی حکوومەتە لە کاروباری بازاڕدا، ئەم تیۆرییە لەلایەن فیزۆکڕاتەکانی فەڕەنساوە لە ماوەی سەدەی هەژدەدا پەرەی پێدرا، لایسێز بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکەوتنی ئابووری کاتێک دەگاتە بنبەست کە حکوومەتەکان بەژدار دەبن لە بازرگانی و بازاڕەکاندا. (وەرگێڕ)
[4] Liberalism
[5] Communitarianism