“شتێک بە ناوی قەیرانی دەروونشیکاری، بوونی نییە”
دیمانەیەک لەگەڵ ژاک لاکان لەبارەی دەروونشیکارییەوە - ١٩٧٤
لەم دیمانەیەدا کە لە ساڵی ١٩٧٤ ساز دراوە، ژاک لاکان پێشبینیکەرانە هۆشداری دەدا لەبارەی دژواری گەڕانەوە بۆ ئایین و ساینتیزم (زانستگەرایی). بۆ ئەو، دەروونشیکاری تاکە قەڵغانێکە کە ئەندێشە دەکرێ لەدژی دڵەڕاوکێکانی هاوچەرخدا. ئارگیۆمێنتگەلێکی سەرنجکێش و پەیوەندیدارە لەم سەردەمەدا.
وەک کارێکی جادووییانە، لاکان بە هەموو هێزی خۆیەوە لەم چاوپێکەوتنەدا ئامادەیی هەیە کە لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ ڕۆژنامەی پانۆرامای ئیتاڵی ساز دراوە. پێشکەشکارە ئیتاڵییەکە ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ ئاماژەی دا کە “زۆر دەبیستین و دەڵێین لەبارەی قەیرانی دەروونشیکاری”، خۆشبەختانە لای ژاک لاکان دەتوانین ڕاشکاوی، هەستی ڕاستەقینە، ڕوونی و وردی بدۆزینەوە، دوور لە دەروونشیکاریی “دڵدەرەوە” کە لەلایەن هەندێک لە قوتابییەکانی فرۆیدەوە دامەزرابوو کە تەکنیکەکانی دەروونشیکارییان وەک ڕیچواڵێک بۆ چارەسەر دانابوو لە هەوڵی ئەوەی نەخۆشەکە بگونجێ لەگەڵ پانتایییە کۆمەڵایەتییەکەی وەکچۆن لاکان بۆمان ڕوون دەکاتەوە “ئەوەی فرۆید بە توندی ڕەتی دەکردەوە.” ڕاڕایییەکانی لاکان لەو سەردەمەدا چی بوون، بەو بەهرەدارییەی خۆی لە پێشبینیکردن، لاکان لە ساڵی ١٩٧٤ لە گەڕانەوە بۆ ئایین لەلایەک و، لە هەیمەنە و سەرکەوتنی زانست لەلایەکی دی دەترسا. سێکس وەک بەڵگەیەک لە هەموو شوێنێکە؟ نەخێر، پێدەچێ لیبڕاڵیزەیشنێکی ساختە بێ و گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. بەڵام هاتنەنێوەوەی زانست، ئەوەیان بابەتێکی ترە.
ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: زۆر گوێمان لە قسەوباسی قەیرانی دەروونشیکاری[1] دەبێت، وەک دەڵێن زیگمۆند فرۆید تێپەڕێندراوە و، کۆمەڵگای مۆدێرن ئاشکرای کردووە کە کارەکانی بەسندە[2] نین بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ یان لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لە پەیوەندییەکانی بە جیهانەوە.
ژاک لاکان: ئەمانە تەنێ قسەوقسەڵۆکن. لە پێگەی یەکەمدا، ئەوەی ناو نراوە قەیران، بوونی نییە، ناتوانێ بوونی هەبێت. دەروونشیکاری هێشتا نزیک نەبووەتەوە لەوەی سنوورەکانی خۆی بدۆزێتەوە. زۆر شت ماوە کە بدۆزرێتەوە لە پڕاکتیزەکردن و نائاگاییدا. لە دەروونشیکاریدا، هیچ وەڵامێکی ئامادە و دیاریکراو بوونی نییە، پشودرێژی و گەڕانێکی زۆر بەدوای هۆکاردا هەیە.
دووەمین خاڵ ئەوەیە، چۆن دەتوانرێ بگوترێ فرۆید تێپەڕێندراوە، لە کاتێکدا هێشتا بەتەواوی تێی نەگەیشتووین؟ ئەوەی بەدڵنیایی دەیزانین ئەوەیە فرۆید وای کرد ئاگاییمان لەبارەی شتانێکی نوێوە هەبێ، کە بەر لەو نەماندەتوانی تەنانەت خەیاڵیشی بکەین. لە کێشەکانی نائاگایییەوە بگرە تاکوو گرنگێتی سێکسواڵیتە، لە چوونە نێو پانتاییی سیمبولییەوە تاکوو کەوتنەژێر یاساکانی زمانەوە.
دۆکترینی فرۆید تەنانەت خودی حەقیقەتیشی خستە ژێر پرسیارەوە و ئەمە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە، شەخسیی هەر تاکێک. ئەمە شتێکی جیاوازە لە قەیران، دووبارەی دەکەمەوە: هێشتا دوورین لە فرۆید. ناوەکەی بووە مایەی داپۆشینی زۆر شت و ئەمەیش چەندین لادانی لێ کەوتەوە، هەندێک لە شوێنکەوتووەکانی بەوەفاوە بەتەواوی دوای مۆدێلەکەی وی نەکەوتن و ئەمەیش بووە هۆی دروستبوونی ڕاڕایی لەبارەی ئەوەی فرۆید مەبەستی چی بوو. لە ساڵی ١٩٣٩ و پاش مردنی، هەندێک لە قوتابییەکانی بە شێوازی تر پڕاکتیزەی دەروونشیکارییان دەکرد، بچووککردنەوەی تەکنیکەکانی بۆ چەند فۆرمیوڵەیەکی ناچیز: تەکنیک وەک ڕیچواڵێک، بچووککردنەوەی چارەسەر لەسەر خەڵکی وەک میتۆدێک بۆ پڕۆسەی گونجاندنەوەی تاک لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی، ئەو کارەی فرۆید بە توندی ڕەتی دەکردەوە، دەروونشیکارییەکی دڵدەرەوەی نێو ساڵۆنەکان.
ئەو پێشبینیی ئەوەی کرد؛ فرۆید گوتی کە سێ پێگەی سەخت هەن، سێ ئەرکی مەحاڵ: حوکمڕانی، پەروەردە و پڕاکتیزەکردنی دەروونشیکاری. لەم ڕۆژگارەدا، گرنگ نییە کێ بەرپرسیارێتیی حوکمڕانی لەخۆ دەگرێت، هەمووانیش خۆیان بە مامۆستا دادەنێن. بەڵام بۆ دەروونشیکاران، سپاسگوزارانەیش وەک لێزان و جادووگەران زیادیان کردووە، پێشنیازی چارەسەرێک بۆ خەڵک دەکەن بە گەرەنتییەوە و مشتەرییەکانیش لە دەرگایان دەدەن. دەروونشیکاری زۆر جیاوازە لەمە.
گرانزۆتۆ: بەدیاریکراوی چییە؟
لاکان: وەک سەمپتۆمێک پێناسەی دەکەم، شتێک کە نەخۆشیی ئەم کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین ئاشکرا دەکات. بێگومان فەلسەفە نییە، من ڕقم لە فەلسەفەیە، بۆ ماوەیەکی درێژە هیچ شتێکی سەرنجکێشی نوێی پێ نییە بۆ گوتن. دەروونشیکاری باوەڕیش[3] نییە، حەزیش ناکەم وەک زانستێک ناوی بێنم. با ناوی بنێین پڕاکتیزەیەکە و لە خەمی هەر شتێکدایە کە ڕاست نییە، کە ئەمە زۆر سەختی دەکات چونکە بانگەشەی پێشکەشکردنی مەحاڵ[4] و خەیاڵی[5] دەکات بۆ نێو ژیانی ڕۆژانە. تا ئێستا گەیشتووەتە هەندێک دەرئەنجام بەڵام هێشتا یاسای نییە و بەرئەگەرە بۆ هەموو جۆرە ناڕوونییەک.
دەبێ بیرمان نەچێ کە [دەروونشیکاری] تەواو نوێیە، هەم لە ڕەهەندی پزیشکییەوە، هەم لە ڕەهەندی دەروونزانی بە هەموو لقەکانییەوە، هێشتا زۆر گەنجیشە. فرۆید تەنها بەر لە ٣٥ ساڵ مردووە. یەکەم کتێبی “لێکدانەوەی خەونەکان” لە ١٩٠٠ بڵاو بوویەوە و سەرکەوتنێکی کەمی بەخۆیەوە بینی. پێم وابێ لە ساڵانی سەرەتایدا تەنها ٣٠٠ چاپیان لێ فرۆشت، چەند قوتابییەکی کەمی هەبوو، ئەوانەی بە شێت دادەنران، تەنانەت لەنێو خۆیشیاندا هاوڕا نەبوون کە چۆن ئەوە پڕاکتیزە و شرۆڤە بکەن کە فێری بوون.
گرانزۆتۆ: کێشەی خەڵک لەمڕۆژانەدا چییە؟
لاکان: ئەم داهێزراوییە[6] گەورەیەی نێو ژیان، لە دەرئەنجامی ئەم ئارەزووە توندە بۆ پێشڤەچوون. لەڕێی دەروونشیکاریشەوە، خەڵکی هیوادارن کە بزانن تا چەنێک دەکارن ئەم داهێزراوییە دەرکەن.
گرانزۆتۆ: پاڵنەری خەڵکی چییە لەوەی دەیانەوێ شیکارییان بۆ بکرێت؟
لاکان: ترس. کاتێک شتێ بەسەر کەسێکدا دێ و تێی ناگەن، تەنانەت گەر ویستبێتیان ڕوو بدات، ئەوان دەترسن. ئازار دەچێژن کاتێ تێناگەن، هێواش هێواش سەرلێشێواو و شڵەژاو دەبن[7]. ئەمە نیرۆسیسە (دەروونشێواوی- عوسابە- Neurosis). لەگەڵ دەروونشێواویەکی هیستیری[8]، جەستە لە ترسی نەخۆشکەوتن، نەخۆش دەکەوێت، بەبێ ئەوەی بەڕاستیش وا بێت. لەگەڵ دەروونشێواویەکی وەسواسی[9]، ترس شتی سەیر دەهێنێتە نێو مێشکەوە، بیرساگەلێک کە کۆنتڕۆڵ ناکرێن. فۆبیاگەلێکی جۆراوجۆر و ئۆبێکتەکان مانای تر وەردەگرن کە وا دەکات مرۆڤەکان بترسن.
گرانزۆتۆ: بۆ نموونە…
لاکان: کەسی (دروونشێواو-نیرۆسیس) هەست دەکا ناچارە بە پێویستییەکی ترسناک بۆ ئەوەی دەیانجار دڵنیا بێتەوە لەوەی ئاخۆ بەلووعەکەی داخستووە یان نا، یان ئایا دەبێ ئەو شتە لەو شوێنە بێ کە دەبێ لێی بێ، وێڕای ئەوەی تەواو دڵنیان کە بەلووعەکە داخراوە و شتەکە لە شوێنی خۆیەتی. حەبێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەمە. پێویستە بزانرێ بۆچی ئەمە ڕوو دەدا و مانای چییە.
گرانزۆتۆ: ئەدی چارەسەرییەکە؟
لاکان: کەسی نیرۆسیس نەخۆشێکە لەڕێی قسەکردنەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، شتە تایبەتییەکەی بەر لە هەموو شتێک. پێویستە قسە بکا، بگێڕێتەوە و خۆی ڕوون بکاتەوە. فرۆید وا پێناسەی دەروونشیکاری دەکات کە سوبێکت دەخاتە بەر مێژووە تایبەتەکەی خۆی بەو ئەندازەیەی ئەو مێژووە لە وشەگەلێک پێکهاتووە کە ئاڕاستەی کەسێکی تر کراوە. دەروونشیکاری پانتاییی قسە و ئاخافتەیە، هیچ چارەسەرییەکی تر نییە. فرۆید ڕوونی کردووەتەوە کە نائاگایی ئەوەندە قووڵ نییە کە ئاگایی نەتوانێ بیپشکنێت. لەنێو ئەم نائاگایییەیشدا، قسەکەر وەک سوبێکتێک دەچێتە نێو سوبێکتێکەوە کە سوبێکتەکە ترانسێندێنتاڵ دەبێت. هێزی گەورەی دەروونشیکاری، ئاخاوتنە.
گرانزۆتۆ: ئاخاوتنی کێ؟ هی نەخۆشەکە یان دەروونشیکارەکە؟
لاکان: لە دەروونشیکاریدا، چەمکگەلێکی وەک “کەسی نەخۆش” و “پزیشک” و ” پەرایزی-چارەسەری”، هیچ نین جگە لە چەند وشەیەکی باو کە بەکار دەهێنرێت. گەر بێتو بڵێین “خۆت بخە ژێر شیکاریی دەروونییەوە” ئەوەیان هەڵەیە. ئەوەی کارە ڕاستەقینەکە دەکات لە شیکاریدا، کەسی قسەکەرە، سوبێکت خۆی شی دەکاتەوە. تەنانەت با بە پێشنیازی دەروونشیکارەکەیش بێت کە ئاگای لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەیە و بە موداخەلاتەکانی هاوکاری دەکات.
هەروەها سوبێکت شرۆڤەیەک بۆ خۆی دەستەبەر دەکات، کە بە ڕواڵەت وا دێتە پێشچاو کە خۆی مانا بۆ قسەکانی خۆی دادەتاشێ. لە ڕاستیدا شرۆڤە وردتر و دەقیقترە، چونکە ئەو واتایانە لەو بابەتە دوور دەخاتەوە کە سوبێکتەکە پێوەی دەناڵێنێت. ئامانجەکەی ئەوەیە بۆ سوبێکتی ئاشکرا بکات، لەڕێی شێوازی گێڕانەوەیدا، کە سەمپتۆمەکە -یان با ناوی بنێین نەخۆشییەکە- پەیوەندی بە هیچ شتێکەوە نییە و کێماسی (نوقسانی)[10] هیچ مانایەکی نییە. تەنانەت گەر [سەمپتۆمەکە] واقیعیش بێت، بوونی نییە.
ئەو پێودانگانەی لە ڕێیانەوە جووڵەی ئاخاوتە دەست پێ دەکات، پێویستی بە پڕاکتیزەکردن و پشودرێژییەکی ناکۆتایە. پشودرێژی و نەرمڕەوی ئامرازەکانی دەروونشیکاریین، ئەوەی تەکنیک لەخۆ دەگرێت نەرمڕەوی ڕێژەی ئەو هاوکارییەیە کە دەدرێتە سوبێکتەکە لەکاتی شیکردنەوەی خۆیدا. دەروونشیکاری ئاوهایە، بابەتێکی سانا نییە.
گرانزۆتۆ: کاتێک باسی ژاک لاکان دەکەین، ناوەکەی پێوەند دەکەینەوە بە فۆڕمیولەیەک “گەڕانەوە بۆ فرۆید”، مانای ئەم ڕستەیە چییە؟
لاکان: مانای ئەوەیە کە نووسراوە. دەروونشیکاری یانی فرۆید[11]. گەر دەتەوێ دەروونشیکاری بکەی، ئەوا دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ کارەکانی فرۆید، تێرم و پێناسەکانی ئەو، بە وردی بابەتەکان بخوێنینەوە و شرۆڤەی بۆ بکەین. بۆ ئەم ئامانجە قوتابخانەی فرۆیدم لە پاریس دامەزراند. هەرزوو دیدگای خۆمم بەر لە بیست ساڵ یان زیاتر ڕوون کردنەوە: گەڕانەوە بۆ فرۆید مانای ئەوەیە ئەو لادان و دانەپاڵانەی فینۆمینۆلۆژییە بوونگەرایانە لا بدەین. بۆ نموونە، ئەو دەزگا فۆرماڵییانەی کۆمەڵەی دەروونشیکاری و، دووبارە خوێندنەوەی فێرکارییەکانی فرۆید لەڕێی ئەو پڕەنسیپە سەرەکییانەی لەنێو کارەکانی دایناوە. دووبارە خوێندنەوەی فرۆید تەنها مانای دووبارە خوێندنەوەی فرۆیدە. ئەوەیشی وا ناکات، تێگەیشتنی خراپ دەڵێ کاتێ لەبارەی دەروونشیکارییەوە قسە دەکات.
گرانزۆتۆ: فرۆید قورسە، گوایە لاکانیش وای کرد بەتەواوی تێنەگەیشتراو (بەدەرلەتێگەیشتن) بێت. لاکان قسەکردنی لە ئەستۆیە و بەتایبەت شێوەیەک دەنووسێ تەنها کەمینەیەک لە زانستکاران هیوایان هەیە تێی بگەن…
لاکان: دەزانم، دەزانم، وای دەبینن کەسێکی ناڕوونم کە بیرساکانی لەپشت پەردەیەکی دووکەڵینەوە دەشارێتەوە. لە خۆم دەپرسم بۆچی؟ وەک فرۆید دووبارەی دەکەمەوە کە شیکاری “یارییەکی نێوسوبێکتییە و حەقیقەت بانگهێشتی نێو واقیع دەکات.” ئەمە بە ئەندازەی پێویست ڕوون نییە؟ دەروونشیکاری گەمەی مناڵان نییە.
دەڵێن کتێبەکانم تێنەگەیشتراون، بەڵام بۆ کێ؟ من بۆ هەمووانم نەنووسیون تا هەموو کەسێک وابزانێ دەتوانێ تێی بگات، بە پێچەوانەوە، هیچ ئەرکێکم نەکێشاوە بۆ ڕازیکردنی زەوقی خوێنەرەکانم جا هەرکێیەک بن. شتم هەبوون بۆ گوتن و گوتوومن. بۆ من بەسندەیە هەبوونی کەسانێک کە کارەکانم دەخوێننەوە، گەر تێی ناگەن، کەوایە با پشودرێژ بین. بۆ ڕێژەی خوێنەرانیش، من لە فرۆید بەبەخترم، کارەکانی من زیاتر دەخوێندرێنەوە و ئەمەیش جێی سەرسامیمە.
هەروەها بەتەواوەتی دڵنیام پاش لانی زۆر ١٠ ساڵ، ئەوانەی کارەکانم دەخوێننەوە دەبینن کە بەرتێگەیشتنە وەک پەرداخێکی خۆشی بیرە. ڕەنگە ئەوکات بڵێن “ئەم لاکانە، چەند ئاسایی و سەرپێییە.”
تەنها وشەکانن کە مانایەکی دیاریکراو دەبەخشنە چییەتیی شتەکان. بەبێ وشە، هیچ شتێک بوونی نەدەبوو. چێژ دەبوو بە چی بەبێ پەیوەندییەکی زمانەوانی؟
گرانزۆتۆ: تایبەتمەندییەکانی لاکانیزم چییە؟
لاکان: زووە تاکوو وا بڵێین، چونکە هەنووکە لاکانیزم بوونی نییە. دەتوانین تەنێ بۆنێکی بکەین، یان ئاگادارییەکی پێشوەختە.
بەهەرحاڵێک بێت، لاکان بەڕێزێکە لانی کەم ٤٠ ساڵە پڕاکتیزەی دەروونشیکاری دەکات، کە ساڵانێکی دوورودرێژیشە دەیخوێنێت. متمانەم بە بونیادگەرایی[12] و زانستی زمان هەیە. لە یەکێک لە کتێبەکانم نووسیومە “ئەوەی فرۆید پاڵمان دەنێ بۆ دۆزینەوەی ئەو بەربڵاوی و قەبەیییەیە کە دەچینە نێوی، ئەوەی کە -با بڵێین- دووبارە تێیدا لەدایک بووینەوە و لە دۆخێک دەرباز دەبین کە پێی دەڵێین قۆناغی ساوایی، ئەو دۆخەی بەبێ زمانین.”
ئەوە زمانە -وەک ساتی گوتارێکی گەردوونی دەستلێدراو- ئەو سیستەمە سیمبولییەی پێک هێنا کە فرۆید پشتی پێ بەست بۆ دۆزینەوەکانی. ئەوە جیهانی زمانە کە جیهانی شتەکان دەئافرێنێت، کە لە سەرەتادا دەچێتە نێو هەموو ئەو شتانەی خەریکە دەبن (in-becoming). تەنها وشەکانن کە مانایەکی دیاریکراو دەبەخشنە چییەتیی شتەکان. بەبێ وشە، هیچ شتێک بوونی نەدەبوو. چێژ دەبوو بە چی بەبێ پەیوەندییەکی زمانەوانی؟
بیرکردنەوەی من ئەوەیە کە فرۆید لە کارەکانی سەرەتایدا -“لێکدانەوەی خەونەکان“، “لەودیو پڕەنسیپی چێژەوە“، “تەوتەم و تابۆ“- یاساکانی نائاگایی ئاشکرا کرد، فۆڕمیولەیشنەکانی فرۆید پێشەکییەک بوو بۆ ئەو تیۆرییانەی کە فیرناندۆ دو سۆسیێر پاش چەند ساڵێک ڕێی بۆ زانستی مۆدێرنیی زمان کردەوە.
گرانزۆتۆ: ئەدی چی لەبارەی بیرسای ڕەسەنەوە؟
لاکان: وەک هەموو شتێکی ترە، سوبێکتێکە لەژێر یاساکانی زمان. ئەوە وشەکانن کە ئیمکانییەتی بەرهەمهێنانی دەداتێ و یەکگرتنی پێ دەبەخشێ. بەبێ زمان، مرۆڤایەتی ناتوانێ یەک هەنگاو لە توێژینەوە فکرییەکاندا بچێتە پێشەوە. هەمان شت بۆ دەروونشیکاری ڕاستە. هەر کارکردێک درابێتە پاڵی -شێوەیەکی چارەسەر، شێوەیەکی ڕاهێنان یان شێوەیەکی ڕوانین و دۆزینەوەیەک- تەنها یەک میدیۆم هەیە کە دەبێتە کارکرد، ئەویش ئاخاوتنەکانی نەخۆشەکەیە. هەروەها هەموو قسەکردنێک وەڵامدانەوەیەکی پێویستە.
گرانزۆتۆ: کەوایە دەروونشیکاری دیالۆگە. خەڵکانێک هەن وەک جێگرەوەیەکی دانپێدانان دەیبینن…
لاکان: بەڵام چ دانپێدانانێک؟ دان بە هیچ شتێکدا نانێی بۆ دەروونشیکارەکە، بەڵکوو زۆر بەسادەیی تۆ هەرشتێکی پێ دەڵێی کە بە مێشکتدا دێ. وشەکان، ئەمە هەموو شتێکە. دۆزینەوەکەی دەروونشیکاری ‘مرۆڤ وەک گیانەوەرێکی بوێژ.’ ئەوە بۆ دەروونشیکار دەگەڕێتەوە کە ئەو وشانە ڕێک بخات کە دەیبیستێ و واتایان بداتێ. بۆ ئەوەی شیکارییەکە بەپێی پێویست بچێتە ڕێوە، دەبێ ڕیکەوتن و تێگەیشتنێک هەبێت لەنێوان دەروونشیکار و ئەو سوبێکتەی خۆی خۆی شی دەکاتەوە.
لەڕێی قسەکانەوە، دەروونشیکار هەوڵ دەدات بیرسایەک بدۆزێتەوە لەبارەی ئەوەی گرفتەکە چییە و لەودیو سەمپتۆمەکان بنۆڕێ و بگەڕێ بۆ دۆزینەوەی ئەو حەقیقەتە شاراوەی بنجوبنەوانی بابەتەکە. کارێکی تری دەروونشیکارەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە مانای ئەو وشانە ڕوون بکاتەوە لەو پێناوەی نەخۆشەکە ئەوە هەرس بکە کە لە شیکاری پێشبینی دەکات.
گرانزۆتۆ: ئەوە پەیوەندییەکە متمانەی زۆری پێویستە…
لاکان: زیاتر ئاڵوگۆڕێکە، گرنگەکە ئەوەیە یەکێکیان قسە دەکات و ئەوی تریان گوێی ڕادێراوە، هەروەک بێدەنگیش. دەروونشیکار پرسیار ناکات و بیرۆکەی خۆی ناخاتە سەر. تەنها ئەو وەڵامانەی کە خۆی دەیخوازێ بۆ ئەو پرسیارانەی کە خۆی دەیەوێت، دەداتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەو سوبێکتەی خۆی شی دەکاتەوە هەمیشە دەڕوا بەرەو ئەو شوێنەی دەروونشیکارەکە دەیبات.
گرانزۆتۆ: باسی پەرایزی(چارەسەری)ت[13] کرد، ئایا ئیمکانێک بۆ چاکبوونەوە هەیە؟ کەسێک دەتوانێ لە دەروونشیواوی دەرباز بێت؟
لاکان: دەروونشیکاری ئەوکاتە سەرکەوتووە کە مەیدان ڕۆشن دەکات، دەچێتە ئەودیو سەمپتۆمەکان، دەچێتە ئەودیو واقیعەوە. بە دەربڕینێکی تر، کاتێ لەمسی ڕاستی دەکات.
زانست خۆی گۆڕییە ئایینێک، کە لە هەر ئایینێک زیاتر چەوسێنەرتر و گەوجتر و تاریکخوازترە. خودا-ئەتۆمێک هەیە، خودا-فەلەکێک و تد. لەو شوێنەی زانست یان ئایین سەر دەکەوێت، دەروونشیکاری کۆتایی پێ دێت
گرانزۆتۆ: دەکرێ کۆنسێپتەکە کەمتر لاکانییانە بڵێیتەوە؟
لاکان: ناوی ‘سەمپتۆم’ لە هەر شتێک دەنێم کە لە واقیعەوە دێت. واقیعیش هەموو ئەو شتەیە کە ڕاست نییە، ئیش ناکات، هەموو ئەو شتەیە کە دەبێتە بەربەستی ژیانی کەسێک و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کەسایەتیی خۆیدا. واقع هەمیشە دەگەڕێتەوە هەمان شوێن و، هەمیشە لەوێ دەیبینیتەوە، بە هەمان شکڵ و شێوە. هەندێک لە زانستوانان بانگەشەی نەبوونی مەحاڵ دەکەن لە واقیعدا. -پێویستی بە ئازایەتییەکی زۆر هەیە بۆ گوتنی شتی لەم جۆرە، یان وەکئەوەی من پێم وایە ناهۆشیاریی تەواو لەمەڕ ئەو شتەی مرۆڤ دەیکا و دەیڵێت. واقیع و مەحاڵ دوو شتی دژیەکن و پێکەوە ناسازێن. شیکاری دنەی سوبێکت دەدا بەرەو مەحاڵ، بەوەی پێشنیازی بۆ بکات کە دەبێ وا تەماشای جیهان بکات وەکچۆن هەیە.- ئەمە جیهانێکی خەیاڵی بەبێ مانایە. لە کاتێکدا واقیع وەک نەورەسێکی زۆرخۆرە و تەنها لەسەر شتە مانادارەکان دەژی، ئاکتگەلێک کە مانایان هەیە.
زۆر دەبیستین کە دەبێ مانایەک بەم شتە و بەو شتە ببەخشین، بۆ بیروڕاکانی کەسێک، بۆ ئارەزوو و مەراقەکان، بۆ سێکس، ژیان. بەڵام ئێمە هیچ لەبارەی ژیانەوە نازانین، هەناسەی دانایان دەبڕێ لە ماندوویەتیی گەڕان بۆ ڕاڤەیەک بۆ ژیان.
ترسەکەم ئەوەیە کە لەڕێی شکستەکانیانەوە، واقیع -ئەم دێوەزمەیەی بوونی نییە- سەرکەوتن بەدەست بێنێت. زانست خۆی گۆڕییە ئایینێک، کە لە هەر ئایینێک زیاتر چەوسێنەرتر و گەوجتر و تاریکخوازترە. خودا-ئەتۆمێک هەیە، خودا-فەلەکێک و تد. لەو شوێنەی زانست یان ئایین سەر دەکەوێت، دەروونشیکاری کۆتایی پێ دێت.
تاکە زانستی ڕاستەقینە و جددی کە شایەنی ئەوەیە دوای بکەوین خەیاڵیی زانستییە. بەڵام ئەوی تر، زانستە فەرمییەکە بە هەموو کوشتارگەکانی لە تاقیگەکان، بەرەو پێش دەجووڵێ بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ میدیۆمێکی بەختەوەر. تەنانەت ئێستا لە سێبەری خۆیشی دەترسێ.
گرانزۆتۆ: پەیوەندیی نێوان زانست و دەروونشیکاری چییە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا؟
لاکان: بە تێگەیشتنی من، تاکە زانستی ڕاستەقینە و جددی کە شایەنی ئەوەیە دوای بکەوین خەیاڵیی زانستییە.[14] بەڵام ئەوی تر، زانستە فەرمییەکە بە هەموو کوشتارگەکانی لە تاقیگەکان، بەرەو پێش دەجووڵێ بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ میدیۆمێکی بەختەوەر. تەنانەت ئێستا لە سێبەری خۆیشی دەترسێ.
پێدەچێ بەمزووانە زانایان ڕووبەڕووی ساتی ڕاڕایی ببنەوە، جلکە فەرمییەکانیان لەبەرە لەنێو تاقیگە پاکژکراو(تەعقیمکراو)ەکانیان، ئەو پەککەوتە ئەقڵبچووکانە یاری بە شتانێک دەکەن کە هیچی لەبارەوە نازانن، ئامێری ئاڵۆز دروست دەکەن، فۆڕمیولەی ناڕوونتر بەرهەم دەهێنن، دەست دەکەن بە پرسیارکردن لەبارەی ئاخۆ سبەی چی ڕوو دەدات، ئاخۆ پڕۆژەی ئەم توێژینەوە نوێیانە چییان لەخۆ هەڵگرتووە. من دەڵێم بەسە! چی گەر درەنگی کردبێ؟ ئەمێستا هەریەک لە بایۆلۆژیست و کیمیاگەر و فیزیازانەکان لە خۆیان دەپرسن، من پێم وایە شێت بوونە. ئەوان پێشوەختە وا خەریکن ڕووخساری گەردوون دەگۆڕن و ئێستا خەریکن بیر لەوە بکەنەوە کە ڕەنگە ئەمە مەترسیدار بێت و چی ئەگەر ئەمە بەرەوڕووی خۆیان تەقییەوە؟ چی گەر بەکتریاکان بە خۆشەویستییەوە لەنێو تاقیگە بریقەدارەکانیان گۆڕدرا بۆ دوژمنێکی هەمیشەیی؟ چی گەر ئەو لەشکری بەکتریایە جیهانی داگیر کرد وەکچۆن ئەو پیسایییەی لەوێ دەژی، بە زانایانی نێو تاقیگەکانیشەوە دەست پێ بکات؟
لەبارەی ئەو سێ پێگە سەختەی فرۆید باسی کرد -حوکمڕانی، پەروەردە و دەروونشیکاری-، من چوارەم زیاد دەکەم، ئەویش زانستە. بەڵام زانایان بایی ئەوەندە زانا نین تا بزانن پێگەکەیان سەختە.
گرانزۆتۆ: کەوایە تۆ تێگەیشتنێکی ڕەشبینانەت هەیە لەمەڕ ئەوەی ئەوان ناوێ دەنێن بەرەوپێشچوون…
لاکان: نەخێر، بەتەواوی شتێکی ترە. من ڕەشبین نیم، هیچیش ڕوو نادات ئەویش بە هۆکارێکی زۆر سادە ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ ناکارێ هیچ بکات و ناتوانێ جۆری خۆی وێران بکات. وەک شتێکی شەخسی بە شتێکی سەرنجکێشی دەبینم دروستکردنی تاعوونێکی گشتی لەڕێی مرۆڤەوە، ئەوە دەبێتە بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی مرۆڤ ئامادەیە کە لەڕێی دەستەکان و سەرییەوە شتانێک بکات بەبێ دەستتێوەردانی هێزێکی ئیلاهی یان سروشتی یان هتد.
هەموو ئەم بەکتریایانە زێدەڕۆیانە خواردنی دەدرێتێ بەمەبەستی گەمە و، بەنێو جیهاندا وەک کوللەی نێو کتێبی پیرۆز (ئینجیل)، دەبێتە نوێنەری سەرکەوتنی مرۆڤ. بەڵام ئەوە ڕوو نادات، زانست دڵخۆشانە هاموشۆیەتی بەنێو قەیرانی بەرپرسیارێتیی خۆی: وەک دەڵێن، هەموو شتێک دەچێتەوە شوێنی سروشتی خۆی، وەک منیش گوتم، واقیع وەک هەمیشە سەر دەکەوێ، هەروەها نابینە هیچ شتێکیش جگە لە شوێنکەوتە، وەکچۆن هەمیشە وابووین.
گرانزۆتۆ: پارادۆکسێکی تری ژاک لاکان، لەپاڵ سەختی زمانەکەت و ناڕوونی کۆنسێپتەکانت، گلەییت لێ دەکرێ لەمەڕ نوکتەکانت و یاریکردنت بە وشە و لێڵکردنەکانت، یان بەدیاریکراوی پارادۆکسەکانت. ئەوەی کە دەتخوێنێتەوە یان گوێی لێت دەبێ، مافی خۆیەتی دۆش دامێنێ…
لاکان: من گاڵتە ناکەم، بەڵکوو بابەتی جددی باس دەکەم. زۆر بەسادەیی تەنها وشەکان بەکار دەبەم، وەکچۆن باسم کرد زانایان ئامرازەکانی پاڵاوتن و بازنەبەندییە ئەلیکترۆنییەکانیان بەکار دەبەن، بابەتەکە ئەوەیە من لە ئەزموونەکانی دەروونشیکارییەوە وەک سەرچاوەیەک قسە دەکەم.
گرانزۆتۆ: تۆ دەڵێی: واقیع بوونی نییە. لە کاتێکدا مرۆڤێکی سادە درک دەکات کە واقیع جیهانە، ئەوەیە کە دەوری داوە و بە چاوی خۆی دەیبینێ و، دەستی لێ دەدا.
لاکان: سەرەتا با واز لەم مرۆڤە سادەیە بێنین، ئەوەی کە بوونی نییە. ئەو پێدراوێکی ئاماریی خەیاڵییە. تاکەکان بوونیان هەیە و ئەمە هەموو شتێکە. کاتێ دەبیستم خەڵکی باس لە مرۆڤێکی سەرشەقام دەکەن، تێڕوانینی ڕای گشتی، دیاردەی حەشامات[15] و هتد. بیر لە هەموو ئەو نەخۆشانەم دەکەمەوە کە لەماوەی ٤٠ ساڵ گوێگرتن چاوم پێیان کەوت، هیچکامیان بە هەرپێوەرێک بێ، لەوی تر نەدەچوو، کەسیان هەمان فۆبیا و دڵەڕاوکێیان نەبوو، هەمان شێوەقسەکردنیان نەبوو، هەمان ترسیان لە تێنەگەیشتن نەبوو. مرۆڤی سادە کێیە، منم، تۆی، پاسەوانی باڵاخانەکەمە یان سەرۆککۆمارە؟
گرانزۆتۆ: قسەمان لەبارەی واقیعەوە دەکرد، ئەو جیهانەی هەمووان دەیبینین…
لاکان: باشە، جیاوازی نێوان واقیع -ئەوەی ڕێک نییە- و سیمبولی، خەیاڵی -کە ڕاستییەکەیە- ئەوەیە کە واقیع جیهان پێک دێنێت [واقیع جیهانە]. بۆ درککردن بەوەی جیهان بوونی نییە، ئەوەی کە جیهانێک نییە، هەر ئەوەندە بەسە بیر لەو تڕوهاتە زەبەلاحانە بکەینەوە کە گەمژەگەلێکی لەژماردننەهاتوو پێیان وایە جیهان بەو شێوەیە دەبێت. پێشنیاز بۆ هاوڕێکانم لە پانۆڕاما [ڕۆژنامەکە] دەکەم کە بەر لەوەی تۆمەتی دژیەکیم بدەنە پاڵ، باش بیر لەوە بکەنەوە کە هەنووکە خوێندییانەوە.
گرانزۆتۆ: خەڵکی پێیان وایە کە پتر ڕەشبینتر دەبیت…
لاکان: ئەمە ڕاست نییە، من ناچمە نێو کاتیگۆری نە ترسنەرەوەکان، نە خاوەن دڵەڕاوکێکان. واوەیلا بۆ ئەو دەروونشیکارەی قۆناغی دڵەڕاوکێی تێنەپەڕاندووە. ڕاستە لە هەموو شوێنێکی چواردەورمان کێشە و ڕاڕایی هەیە، وەک تەلەڤزیۆن کە لەسەر بەشێکی گەورەی ئێمە مشەخۆری دەکات. بەڵام ئەمە بۆ قابیلییەتی خەڵکی بۆ ڕادەستبوون بۆ تەلەڤزیۆن گەڕاوەتەوە، ئەوان تەنانەت بەهایەک بۆ ئەوە دروست دەکەن کە دەیبینن.
لەلایەکی ترەوە ئەو بابەتە زەبەلاح و چەوسێنەرانە بوونیان هەیە: ناردنی ڕۆکێتەکان بۆ مانگ، توێژینەوە لەنێو قووڵاییی دەریادا و هتد. هەموو ئەو شتانەی خەڵک بەکار دەهێنێت بەڵام هیچ سوودێک لە کردنی زۆرینەیان نییە. من دڵنیام گەر بڕێکی باش ڕۆکێت و کەناڵی تەلەڤزیۆنی و ئەم ئەرکە بێچارەیەمان لە فەراغدا هەبوو، ئێمە بەدوای شتێکی تر دەگەڕێین بۆ ئەوەی خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین. سووڕی گۆڕانی ئایینە، ئەی وانییە؟ چ دێوەزمەیەکیش داگیرکەر و تێرنەخۆرترە وەک ئایین؟ ئەوە گۆڤەندێکی بەردەوامە تاکوو بۆ چەندین سەدە چێژی لێ ببینرێت، وەکچۆن هەمیشە لە ڕابردوودا بینیومانە.
وەڵامی من بۆ ئەم هەموو شتە دەرخستنی ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە دەتوانێ خۆی لەگەڵ خراپەدا بگونجێنێ. تاکە واقیع کە دەتوانین ئەندێشەی بکەین و هیوادار بین بیگەینێ، پێویستبوون بە هۆکارە: تاکوو مانایەک بە شتەکان ببەخشین، وەکچۆن پێشتر باسمان کرد. جگە لەوە، مرۆڤ دڵەڕاوکێی نابێ، فرۆید بەناوبانگ نابێ، منیش دەبمە مامۆستایەک لە قوتابخانەیەکی ناوەندی.
گرانزۆتۆ: ئایا دڵەڕاوکێ[16] هەمیشە لەم جۆرەیە، یان دڵەڕاوکێیەکی دی هەیە پێوەند دەبێتەوە بە کۆمەڵێک هەلومەرجێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتییەوە، یان بە سەردەمێکی مێژوویییەوە، یان لە ناوچەگەلێکی جوگرافیی دیاریکراودا؟
لاکان: پێدەچێ دڵەڕاوکێی زانایەک لە دۆزینەوەکانی، دیاردەیەکی نوێ بێت. بەڵام ئێمە چی لەبارەی سەردەمەکانی تر دەزانین؟ درامای توێژەرانی تر؟ دڵەڕاوکێی کرێکارێکی بەکۆیلەکراو لە ڕیزی ڕێکخستنی بەرهەمەکانی کارگەیەک وەک ڕیزی سەوڵلێدەرانی کەشتییەک؛ ئەمە دڵەڕاوکێی ئەم ڕۆژگارەیە. یان سادەتر، ئەم دڵەڕاوکێیە پێوەندە بە وشە و پێناسەکانی ئەم ڕۆژگارەوە.
گرانزۆتۆ: بەڵام دڵەڕاوکێ لە دەروونشیکاریدا چییە؟
لاکان: شتێکە دەکەوێتە دەرەوەی جەستەوە، ترسێکە، بەڵام ترس لە هیچشتێک کە دەکرێ پاڵنەرێکی جەستەیی یان تەنانەت پاڵنەرێکی ئەقڵیش [زەینی] بێت. بە دەربڕینێکی تر، ترسە لە ترس. کۆی گشتیی ئەم ترس و دڵەڕاوکێیانە لەو ئاستەی دەتوانین درکیان بکەین، پێوەندە بە سێکسەوە. فرۆید باسی ئەوەی کرد کە سێکسواڵیتە بۆ گیانەوەری بێژەر -ئەوەی پێی دەڵێین مرۆڤ-، نە چارەسەرێکی هەیە، نە ئومێدێک. یەکێک لە ئەرکەکانی دەروونشیکاریش ئەوەیە لە ناوەڕۆکی قسەکانی نەخۆشدا پەیوەندیی نێوان سێکس و دڵەڕاوکێ بدۆزێتەوە، ئەم نەزانراوە مەزنە.
گرانزۆتۆ: ئێستا کە لە هەموو شوێنێک سێکس دەبینین -سێکس لە سینەما، سێکس لە شانۆ، لە تەلەڤزیۆن، لە ڕۆژنامە، لەنێو گۆرانیدا، لە کەناردەریا-، دەبیستین گوایە خەڵکی کەمتر دڵەڕاوکێیان هەیە لەمەڕ ئەو کێشانەی پێوەندن بە سێکسەوە. وەک دەڵێن تابووەکان دەڕووخێن و، خەڵکی ترسێکیان لە سێکس نەماوە.
لاکان: ئەو هەوەسە سێکسییەی[17] بەربڵاوە، تەنها دیاردەیەکی ڕیکلامکردنە. دەروونشیکاری بابەتێکی جددییە، دووبارەی دەکەمەوە، پەیوەندییەکی شەخسی ڕاستەوخۆی نێوان دوو تاکە، سوبێکت و دەروونشیکارەکە. دەروونشیکاریی جەماوەر بوونی نییە، وەکچۆن دەروونشێواوی و دەڵەڕاوکێیەکی جەماوەری بوونی نییە.
ڕاستینەی ئەوەی لەبارەی سێکسەوە قسە دەکرێ و، نیشاندانی لەلاکۆڵانەکاندا و، مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک هەر ماددەیەکی پاککەرەوە کە لە تەلەڤزیۆن وەک ڕێکلامێکی دووبارە دەردەکەوێ، بەڵێنی هیچ دڵخۆشییەکی پێ نییە. من ناڵێم ئەوە شتێکی خراپە، بە دڵنیایییەوە بەسندە نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و کێشە تایبەتییەکان. بەشێکە لە مۆدە، وەک ئەو مۆدە ساختانەی لیبڕالیزەیشنی ئەو کۆمەڵگایەی ناوی دەنێین کۆمەڵگای شلگر و ڕێپێدراوی، کە وەک دیارییەکی ئاسمانی دەمانداتێ. بەڵام لەسەر ئاستی دەروونشیکاری، هیچ کەڵکێکی نییە.
[1]crisis of psychoanalysis
[2]Insufficient – بەشنەکردوو – ناکافی
[3]Faith
[4]Impossible
[5]Imaginary
[6]Listlessness
[7]Fall into a panic
[8]Hysterical neurosis
[9]Obsessive neurosis
[10]Lack
[11]“Psychoanalysis is Freud”
[12]Structuralism
[13]Therapy
[14]Science fiction (Sci-Fi)
[15]Mass phenomena
[16]Anxiety
[17]Sex-mania