شاعیری ناو پەتاتەخۆرەکان: ناساندنی فەرهاد پیرباڵ

و. لە ئینگلیزییەوە: ژیار هۆمەر

لە خۆم بێکەسێ، لە خۆم غەریبێ:

زۆر دەترسم لەم ئاواییە نامۆیەدا گۆڕغەریب ببم!

  • تەیراوە، خانووی ژمارە ٢٩٧

          پیاوێک بە هەڵەداوان جادەی جەنجاڵی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەگرێت. شۆفێری مەرزیەیەکی سپی لە بەردەمیدا دەیچەقێنێت، پاشان چنگەکڕێیەتی پێشاوبڕی بدات؛ ئەویش بەوپەڕی گوڕوتینەوە پێلەقە دەسرەوێنێت و پڕ بە گەرووی دەگوڕێنێت و باڵی ڕادەوەشێنێت. فەرهاد پیرباڵ، قەفی سمێڵە بابڕە ناسراوەکەی میراتگری فلۆبێرتە، سەرنجی دەیان هۆڕن و مۆبایلی هەڵبڕاوی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، بێگومان هەر ئەو ئێوارەیە نەهامەتیی چاوی ئەبڵەقماوی بۆ فەیسبووک و یوتیووب دەگوازنەوە، دەستبەجێ دەقڵیشێتەوە و مقۆمقۆی لێ دەکەوێتەوە. شاعیرێکی دژەباوی کوردستانە، هەر دەڵێی خەریکی شەڕەگای ئیسپانییە. هاونیشتمانەکانیشی دادەشۆرێت بە تۆمەتی ئەوەی هیچ هەڵوێستێکیان لە دژی تۆپبارانی ئێران و تورکیا لەسەر سنوورە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان نییە. پیرباڵ وێڕای بەرهەمە وێژەیییەکانی، دەیەیەکە بە هەڵسوکەوتە سەیروسەمەرەکانی ناسراوە. دکتۆرای لە زانکۆی سۆربۆن وەرگرتووە. خۆی ڕایگەیاندووە بارودۆخی باش نییە. بەڵام چارەسەری دەروونی لەو ناوچەیەدا ئێجگار سنووردارە، کارەساتی نەخۆشییە درێژخایەنەکەی پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە چڵەپۆپە، ساڕێژیش نەکراوە. ساڵی ٢٠١٣، پیرباڵ لە لێدوانێکدا سەرکۆنەی شێوازی مامەڵەی هاونیشتمانەکانی کردووە: “قەرەج شێتەکانی خۆیان فڕی نادەن، بەڵام ئەنگۆ ئەمنتان فڕێ دایە!” وێڕای ئەوەی شاعیر و نووسەرێکی لێهاتووی کوردستانە، نەخۆشییە دەروونییەکەی چەند جارێک بەرەو زیندان ڕایپێچاوە.

چرکاندن: دەیڤد شووک

        پیرباڵ، لەدایکبووی ١٩٦١ـە، نوێخوازێکی هەڵبەست و پەخشانی وێژەی کوردیی سەدەی بیستە. یەکەمین دیوانی، «Exil»، ساڵی ١٩٨٤ تا ١٩٩٠ لە هەولێری زێدی و پاریس نووسراوە، کاریگەریی سورڕیالیستەکانی فەڕەنسا و ڕێبازە ئەورووپییەکانی تر تێیدا ڕەنگی داوەتەوە؛ پیرباڵ دەڵێت ئەم پەیوەندییە لەگەڵ وێژەی جیهانیدا، کرۆکی گەشەسەندنی وێژەی کوردیی سەرەتای سەدەی بیستە. بێوچان ئەزموونی نوێی تاقی کردووەتەوە. شێوەکاری و شیعری تێکهەڵکێش کردووە؛ شێوەی بورجی ئێفێڵی ھۆنیووەتەوە، ئەمەیش لە ڕێنووسی کوردیدا هەنگاوێکی بچووک نییە. تەنانەت خۆشنووسیی تێ ترنجاندووە؛ دارێکی بە وشەی «خلوود»ـی عەرەبی نەخشاندووە، واتا «نەمری» و ناوی دڵبەرێکی بووە: 

blank

نزیکیی پیرباڵ و هونەری شێوەکاری بە شێوازی دیکەیش ڕژاوەتەوە ناو هۆنراوەکانییەوە. ناوبەناو ئامبازی دەستنووس بووە و داهێنانە خۆڕسکەکەی لە سڕینەوەی شیعری کوردیدا ڕسکاندووە؛ دژەناسیۆنالیزمە ڕادیکاڵەکەیشی لە شیعری سروودی نیشتمانیی «ئەی ڕەقیب!»ـی دڵداردا خۆی نواندووە، دوابەیتی هەڵپاچیوە و شوناسی کوردایەتیی تێدا ئاوەژوو کردووەتەوە:

blank

کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە

زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان

داهێنانەکانی پێشوویشی بەرەو شێوازە تایبەتەکەی لە پەخشاندا درێژ بووەتەوە. ساڵی ١٩٨٧، بناغەی ڕۆمانەڵەی مولازم تەحسین و شتی تریش… (٢٠٠١)ـی لە کۆپنهاگن داڕشتووە، لاپەڕەکانی بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ناوەڕاستدا شەق کردووە، دوو چیرۆکی مولازم تەحسین دەگێڕێتەوە، یەکەمیان بە ڕۆژە و دووەمیشیان بە شەوە.

بەرهەمە بەرایییەکانی پیرباڵ دەرخەری هەستی جەرگبڕی دوورەوڵاتی و جارانیەتی، یادەوەریی کوردستانەکەی سەردەمی کوڕێنییەتی، ئەوسا “سفرە تامی تریفە و گۆرانیی سۆزی ون کرد[بوو]”. دواتر هەر لەو هۆنراوەیەی ناونیشانی خانووی منداڵیی لە هەولێر وەک سەرناو بۆ داناوەتەوە، دەیلاوێنێتەوە: “مخابن! منداڵیم دوورە، تا بڵێی دوور، مردنیشم لە ئەو دوورتر.” چەشنی عەبدوڵڵا پەشێوی هاوسەردەمی، هۆنراوەکانی تۆماری دەربەدەری و ئاوارەیی و تاسە و دابڕانە. نۆ گۆرانییەکەی هۆنراوەی «گۆرانییە ڕۆمانسییەکانی دوورەوڵاتی» پێڕستی تێکڕای قۆناغەکانی ئەزموونی ژینی لە ئەورووپایە. لیستە سەرزارەکییەکەی گۆرانیی پێنجەم، لیپاولیپی پرسیار و سەرسڕمانە، کۆڵەکەکەی ناجێگریی دەربەدەرییە. کەچی گۆرانیی شەشەم زنجیرەیەکی ٢٠ پرسیاری دەخاتە ڕوو تا شاعیری سەرلێشێواو خۆی لە کوێی ئەورووپادا بدۆزێتەوە. ناسۆری پڕسوێی بیرەوەری و جوانیی نیشتمانەکەی دواپرسیاری تەنیوەتەوە، ئەو نیشتمانەی لە “پەنجەرە دەمبەخەندە”ـکەیەوە دیارە:

(٥)

دەلینگ کورتکردنەوەی پانتۆڵەکەم.

قۆپچە

هەڵبرینگانەوە واتە ئاو و هەوا خۆشبوونەوە.

تەلەفۆن بۆ هاوڕێ ناونیشانی هیوای لێ وەربگرم

دارستانە چڕ و چۆڵەکەی ڤێستەپۆرت.

نامەکان بدڕێنم، یا بیانسووتێنم، تەنیا ئەوەی دایکم بێڵمەوە.

پێڵاو. پینەدۆز. کلیلەکان.

قەرزی لارس. سەلاجەکە بفرۆشمەوە ماریا

ناسنامە و کاغەزەکانم هەمووی.

شەمەندەفەری ڕووەو نەرویج لە سەعات یازدە و نیوی شەو بەڕێ دەکەوێ

نامە بۆ ئاراس لە میوونخ

بۆ ئارام لە ئەمستردام

بۆ تەها لە کەنەدا؛

نامەیەکیش بۆ بەخە لە سابڵاغ، پێی بڵێم:

“چەند ڕۆژێکی تر بەیەکجاری ئێرە جێ دێڵم:

جارێ نازانم بەرەو کوێ؟!”

(٦)

[…]

ئایا هێشتا هەر لەناو ئەو زەلکاوە ڕەشە ساردەم لە ئەورووپا؟

یان لە ژوورە

بەرز و ئارامە

هەردوو پەنجەرە دەم‌بەخەندە

جوانەکەی خۆمم؛

لە گەڕەکی تەیراوە لە هەولێر؟!

شاعیر بە گۆرانیی حەوتەمی سەرقاڵی دانوستانێکی پڕسوێیە، نازونیعمەتی فەڕەنسا و خۆشییەکی ساکاری دارەکەی منداڵیی لە بێژنگ داوە. پاشان زنجیرەکەی دەگاتە لووتکە، بە بەیتێک بیرمان دەخاتەوە –بە هەمان ئەو گرژینەوە قۆشمانەیەی پیرباڵ زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەدا دەیداتەوە– گەر بەرەو زێدی خۆیشت بگەڕێیتەوە، هێشتا لە تاراوگە نەگەڕاویتەتەوە، چونکە تاراوگە گەڕانەوەی تێدا نییە:

(٧)

شەقامەکانت، ئەی ئەورووپا

باخچەکانت

سەرکردەکانت

مۆزەخانەکانت

پۆلیسەکانت، کچۆڵەکانت، ژنەکانت، پەنجەرەکانت، دەرگاکانت،

مەیدانەکانت، پشیلەکانت، دووکەڵکێشەکانت، بەلەمەکانت، شەمەندەفەرەکانت،

ئوتومبیلەکانت، نافوورەکانت، فڕۆکەخانەکانت، کابینەی تەلەفونەکانت

بانقەکانت، پۆلیسخانەکانت، چێشتخانەکانت

قەراغ دەریاکانت، بانیژەکانت

سەگەکانت

پەساپۆرتەکانت

هەموو شتێکت، ئەی ئەورووپا

هەموو شتێکت بە قوربانی دارەکەی بەر ماڵمان.

(٩)

چوومەوە هەولێر: بۆ ئەوەی منداڵیی خۆم بدۆزمەوە.

تووشی گەنجێتیی خۆم هاتم: پیر ببوو.

زۆرینەی بەرهەمە پاش-ئەورووپییەکانی پیرباڵ، هەڵبەست و گێڕانەوەکانی بەرەو مەودای کەسنەزانی مردن هەنگاویان ھەڵھێناوە. خۆیشی غەوارەیە و سەرگەردانی نیشتمانێکی غەریبە، وەک سۆفییە دەربەدەرەکانی جارانی کوردستانیش نییە. دیارە پیرباڵ پێشبینیی تەنگوچەڵەمەکانی ژیانی خۆی کردووە؛ شیعرێکی ساڵی ١٩٩١ـی بە پرسیارێک بڕاندووەتەوە، ئاڕاستەی کۆمەڵگا و خودی شیعری کردووە:

لەگەڵ شێعر بەڕێ کەوتم؛

شێعر وەک خۆم سەرگەردان بوو

سەرگەردان:

نەیدەزانی ڕوو بکەینە کوێ؟

blank
چرکاندن: دەیڤد شووک

هۆنراوەکانی سەرەتای هاوسۆزی و هاوخەمییەکی تایبەتیان لێ دەچۆڕێتەوە، کەچی ناوەڕاستی نەوەدەکان بە شیعری «١٩٩٣» داکۆکیی لە دادپەرەوەریی کۆمەڵایەتی کردووە:

[…]

مادام پارەی پێڵاوێک لە پاریس

٣٠ کەسی برسیی لە سیبیریا پێ تێر دەکرێ،

مادام ٣ کڕۆنی ساردی سوێدی

دەکاتە ژیانی ٣٣ ڕۆژی ٣٣ کەسی برسیی سۆماڵی،

مادام نرخی بیپسی کۆلایەک لە شیکاگۆ

دەکاتە مووچەی یەک مانگی تەواوی مووچەخۆرێکی

بێمووچە لە هەولێر، […]

…دەبێ ئەم جیهانە، سەرتاسەری، وێران بکرێ!

لەسەر بنبڕکردنی نادادپەروەری و نایەکسانی مکووڕە، ئەوپەڕی دژی هەموو سنوورێکی سەپێندراوی کۆمەڵگە بەسەر تاکدا وەستاوەتەوە. هەردەم بێپەردە و ئاشکرا و ڕاشکاو قسەی دڵی هەڵڕشتووە، ئەمەیش گێرەوکێشەی لە گۆڕەپانی گرژی سیاسیی باشووری کوردستاندا ناوەتەوە. لەو شیعرە ٢١٩ دێڕەی پێشکەشی هەژدەیەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕۆدانی کوڕی کردووە، سەرکۆنەی کاربەدەستی جۆراجۆری دامودەزگاکانی کردووە؛ قەڵسی و پەستیی یەکسانی بەسەر سیاسەتمەدار و مەلا و بێژەر و مامۆستا و بازرگان و ئەندامی هێزەکانی دەوڵەتدا بەخشیوەتەوە:

پاسەوانەکانت

بە خۆیان و کڵاشنکۆفەکانیانەوە

بە خۆیان و قسە خۆشەکانیانەوە

بە خۆیان و کۆبوونەوە ئیداری و ڕەسمیەکانیانەوە

بە خۆیان و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و عەینەک و تەسبیح و زانکۆ و مزگەوت و قوتابخانە

و سەتەلایت و گۆڤار و دیوارە بڵندەکانیانەوە…

ناتپارێزن

ناتپارێزن بەڵکوو

خۆیان بۆت مەڵاس داوە و

لە کەمیندان بۆت

دەیانەوێ بتکەن بە کۆپیکراوی خۆیان

بتکەن بە کۆیلەی خۆیان.

[…]

پاسەوانەکانت فێری وەزن و قافیەت دەکەن

فێری “موطنی موطنی…”ـیت دەکەن

فێری پێنج جار نوێژی ‘جەماعەت’ـت دەکەن

فێری ئەوەت دەکەن هەرگیز لە خەتی سوور نەپەڕیتەوە

پاسەوانەکانت فێرت دەکەن لەناو جەماعەت هەرگیز تڕ نەکەنی

بەڵام قرپ: قەیناکە.

[…]

پاسەوانەکانت

ڕێگاکانت لێ دەستێننەوە و کورسییەکت دەدەنێ

کتێبخانەکانت لێ دەستێننەوە و بەرماڵێکت دەدەنێ

ڕووناکیی زێڕەوشانی کارەبات لێ دەستێننەوە و

چرایەکی حیزت دەدەنێ

دەستلەملانێ و پیاسەی بەجووتەی ناو باخچەکانت لێ دەستێننەوە و

ئاڵایەکی کوردستانت دەدەنێ

عەشقەکانت لێ دەستێننەوە و

سیدییەکی نانسی عەجرەمت دەدەنێ

سۆز، نیگا، چرپە، ژووان، میهر و چاوچاوانێکانت لێ دەستێننەوە و

فیلمێکی خیلاعییت دەدەنێ

سەفەرەکانت لێ دەستێننەوە و

مەلعەبێکی پازدەهەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەت دەدەنێ

پەساپۆرتەکەت لێ دەستێننەوە و

حەبێکی ئەنفلۆنزای طیورت دەدەنێ

قەتێ، کۆتر، طیورالحب و چۆلەکەکانت لێ دەستێننەوە و

خەڵاتێکت دەدەنێ

خۆپیشاندانەکانت لێ دەستێننەوە و

ئیجازەیەکی سیاقەی تەزویرت دەدەنێ

مانگرتنەکانت لێ دەستێننەوە و

مانگێکی ڕەمەزانت دەدەنێ

       ئەو پتر گرنگیی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی داوە، گوێی بەوە نەداوە بڵاوکار سەر بە چ لایەنێکی سیاسییە. لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی باشووری کوردستان، بە دکتۆراکەی دەستییەوە لە پاریس گەڕاوەتەوە تا لە زانکۆی سەڵاحەدین وانە بڵێتەوە، پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ نووسەر و وەشانخانەکانی هەردوو دیوی دابەشکارییە سیاسییەکەی کوردستان هەڵنەپەساردووە. ئەوسا ئاسایی نەبووە نووسەرێکی هەولێر، ئەو شارەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بچێت بەشێک لە کتێبەکانی لە سلێمانی بڵاو بکاتەوە؛ سلێمانی سێ کاتژمێرێک لە سەرسنووری ئێرانەوە دوورە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی لایەنگری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. وێڕای ئەو ئازادییە نوێیەی بۆ وێژە و زمانی کوردی دوای شەڕی ناوخۆ ڕەخسابوو، ڕۆمانە ڕچەشکێنەکەی، مولازم تەحسین و شتی تریش… (٢٠٠١)، هەڵڵای لێ کەوتەوە. یەکیەتیی ژنان و دەزگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سکاڵایان لە دژی پیرباڵ بەرز کردەوە، گوایە ڕۆمانەکەی بێڕێزیی بە ژن و هێزی پیرۆزی پێشمەرگە کردووە. لەو حەفتەیەدا سەروو ٧٠ بابەت لەسەر کتێبەکە بڵاو بووەوە، کتێبخانەکانی کوردستان چاپی ژێربەژێری ڕۆمانەکەیان بە دە قاتی نرخی خۆی دەفرۆشتەوە. پیرباڵ کەسایەتییەکی ئەوەندە ڕێزلێگیراو بووە، بە ڕادەیەک سەرۆکی کۆچکردوو، جەلال تاڵەبانی، دەستی وەرداوەتە پشێوییەکەوە و فەرمانی کشانەوەی سکاڵاکەی دەرکردووە، تەنانەت خۆی سەروتارێکی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ نووسیوە و داکۆکیی لە ئازادیی ڕادەربڕینی پیرباڵ کردووە.

blank
چرکاندن: دەیڤد شووک

       بەم دواییانە، بە گشتی تەنگ بە پەیوەندییەکانی پیرباڵ و دەسەڵاتی سیاسی هەڵچنراوە. چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی برەوی سەندووە و بووەتە سەکۆیەکی بەرچاو بۆ خستنەڕووی بۆچوونەکانی، سەروو ٢٥٠.٠٠٠ ڵایک و شۆپێنەری لە فەیسبووک هەیە. هەرا و ئاژاوەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر، ساڵی ٢٠١٣ بوو، زۆریشی نەخایاند قۆڵبەست کرا. هێشتاکە پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆی ڕووداوەکەیان لە هەژماری فەرمیی خۆیان لە یوتیووبدا نەسڕیووەتەوە. ساڵی ٢٠١٦، پیرباڵ دەستگیر کرایەوە، ئەم جارەیان بە دەرپێکورتەوە چووبووە بەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر و دەیویست پێیدا هەڵبمیزێت، تا بەم چەشنە ناڕەزایی دژی خزمخزمێنەی هەردوو حیزبی ڕکابەر و دەسەڵاتدار دەرببڕێت. زۆرینەی کورد هاوڕای بەرهەڵستییەکەی بوون: “تۆ حیز نەبیت، گەواد نەبیت، ئیشت نادەنێ. بۆیە من سەربڵندم، بۆیە میز بەو حکوومەتەیدا دەکەم!” مانگی نیسانی دواتر، دوو گەنج پەلاماری پیرباڵیان دا، ئەمەیش پتر وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی سیاسی لێک درایەوە. ساڵی ٢٠١٨، داواکاری گشتیی هەولێر داوای دەستگیرکردنی ئەم نووسەرەی کرد، گوایە بە هۆی هەڵسوکەوتەکانییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە. زۆری نەخایاند، براکەی ڕایگەیاند لەبەر پاراستنی، داوای مانەوەی ئەوی لە زینداندا کردووە؛ هەروەها داوای لە حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان و خەڵک کرد فەرهاد پیرباڵ لە سیاسەت دوور بخەنەوە، ”چونکە نەخۆشە و چارەسەری پێویستە”.

       بەرەبەیانی ١٤ـی تەممووزی ٢٠١٩، پیرباڵ هەڵیکوتایە سەر ماڵی وەفایی، گەرچی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کۆی بەرهەمەکانی سەرلەنوێ چاپ دەکەنەوە، ئەمەیش یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی بە ناوی پەتاتەخۆرەکان و توێژینەوەیەکی لەسەر وێژەی جیهانی بە ناوی ڕێبازە ئەدەبییەکان لە خۆ گرتبوو. هەر بە ڕووناکیی جگەرەکەی دەستی و فلاشی مۆبایلەکەی هەنگاوی هەڵهێناوەتەوە، جلیکانەیەک بەنزینی بە کتێب و ڕەفەکاندا کردووە. کاتێک هاتووەتە دەرەوە، فلتەری جگەرەکەی بە پەلەپیتکە تێ گرتووە. گڕەکە بڵێسەی سەندووە، کتێبخانەکەیش بووەتە قەرەبرووت و کوڵوکۆی دامرکاوەتەوە. سەرلەبەیانی بەوپەڕی ئازادییەوە تاوانەکەی پشتڕاست کردەوە، ڕایگەیاند بڕی ئەو پارەیەی لەسەری ڕێککەوتوون بۆ لەچاپدانەوەی کتێبەکانی پێیان نەداوە بۆیە تۆڵەی خۆی سەندووەتەوە. براکەی، پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و داوای لێبووردنی کرد، هۆی هەڵسوکەوتەکەی ئەوی بۆ کێشانی ماددەی بێهۆشکەر گەڕاندەوە. پیرباڵ دوو مانگ خرایە کونجی زیندانەوە، زیانەکانی وەشانخانەی ناوبراوی بژارد و بە کەفالەت ئازاد کرا. هەنووکە تاقوتەنیا نیشتەجێی هەولێرە، ماڵەکەی کەیلی کتێب و تابلۆیە –چەند دیوارێکیشی بە تابلۆکانی خۆی نەخشاوە– و پەیکەریشی تێدایە بە زبڵ و خاشاک داتاشراوە. هەرچەندە بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەرفراون لە کوردستاندا ناسراوە و ھەمووان لەسەر جادەوبان خۆیشی دەناسنەوە، کەچی ڕێژەیەکی زۆر کەم لە کۆی بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراوە. ئێستا نەوەی نوێی وەرگێڕە وێژەییەکانی کوردستان، لەوانەیش پشتیوان کەمال بابەکر و ژیار هۆمەر، سەرنجیان لەسەر ناساندنی بەرهەمەکانی بە دنیایەکی فراوانتر چڕ کردووەتەوە.

        چیرۆکی پەتاتەخۆرەکان لە دیارترین چیرۆکەکانی وێژەی هاوچەرخی کوردییە. پاڵەوانەکەی ناوی فەرەیدوونە، دوای ١٣ ساڵ دوورەوڵاتی و ماڵبەکۆڵی دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆیان و دەبینێت گوندییەکان لە برسان تەنیا پەتاتە دەخۆن، داهێنانیشیان تێدا کردووە، شەرابی پەتاتەیان بەرهەم هێناوە. سا هەموو خواردنێکی تریان لە بەرچاو کەوتووە. جلوبەرگیان بە پەلکی پەتاتە درووست کردووە، هەروەها وێنەی پەتاتەی دڵخوازیشیان بە دیواری ماڵەکانیاندا هەڵواسیوە. ئەوەندە هۆگر و تاسووقی پەتاتەن، بە ڕادەیەک ”تەنانەت کاتێ کەسێکیشیان لێ دەمرد، بە ئاوی پەتاتە دەیانشۆردەوە؛ لە کۆتاییدا، سەلکەپەتاتەیەکیان، لەگەڵ مردووەکە، دەخستە گۆڕەکەیەوە.” فەرەیدوون وەک کەڵەنووسەرێک ڕێزی لێ دەنرێت و میوانداری دەکرێت، چوار ڕۆژی ڕەبەق نان و شەرابی شاهانەی دەرخوارد دەدرێت. دنیایەک پەتاتەی بەردەمی حەپەلووش دەکات، دواتر ئەو جانتا هەڵئاوساوەی لە گەشتە دوورودرێژەکەی بۆ نیشتمان هێنابوویەوە دەترزاێنێت. فەرەیدوون بە شانازی و کامەرانییەوە، جانتای پڕ لە وردەزێڕی وەک ئاردی زەردی درەوشاوە، پاشان پارچەزێڕی گەورە و گەورەتر، ئینجا پارچەزێڕی قەبەی بەقەد کەرپووچێک هەڵدەڕێژێت. باوکی بە کۆست و خەفەتێکی قووڵەوە، لێی دەپرسێت: “تۆ هیچ پەتاتەت لە خاریج نەهێناوەتەوە؟” هەموو کەسوکار و خێزانەکەی بە ڕیز ئەم پرسیارەی بە چاودا دەدەنەوە. فەرەیدوون هەڵدەچێت و چوارچاو دەبێت، نازانێت داخۆ خۆی شێت بووە یان بنەماڵەکەی تێکچوون. سەرەنجام باوکی بە گازندەوە لێی دەپرسێت: “باشە، ئەم زێڕە چییە، کوڕم؟ بە کەڵکی چی دێ؟”

لەو دنیایەی هەمووی چاولەدوای پەتاتەیە، دەستودیارییەکەی فەرەیدوون مایەی زەبوونی و سەرشۆڕییە. ئەمێستا دنیای پیرباڵیش هیچی لەوە کەمتر نییە. وەک کەسایەتیی چیرۆکەکەی بە دنیادا گەڕاوە، زێڕی پاشەکەوت کردووە و لەگەڵ خۆیدا هێناویەتەوە. فەرەیدوون کەسێکی هەیە چیرۆکەی دەگێڕێتەوە، بەڵام مخابن، پیرباڵ خۆی هیچ وەگێڕێکی نییە؛ پیاوێکی ژیرە و کەوتووەتە ناو دنیایەکی شێتەوە.

سەرچاوە:

Shook, David. ‘A Poet Among Potato Eaters: An Introduction to Farhad Pirbal’. Harriet (Poetry Foundation). Chicago, USA: 2020.

دەیڤد شووک David Shook)) شاعیر و وەرگێڕ و نووسیارێکی ئەمریکییە. لەدایکبووی ١٩٨٦ـی تەکساسە. بەشی زمانناسیی زانکۆی ئۆکلاهۆمای تەواو کردووە و ماستەری شیعری لە زانکۆی ئۆکسفۆرد وەرگرتووە. تەمەنی منداڵیی لە مەکسیک بەسەر بردووە و ساڵانێکیش لە باشووری کوردستان ژیاوە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانییە. لەگەڵ چەند وەرگێڕێکی کورددا شیعری کلاسیک و هاوچەرخی کوردیی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی وەرگێڕاوە، ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە بڵاوکردنەوەی وێژەی کوردی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەمریکای لاتیندا هەبووە. لەگەڵ ژیار هۆمەر، بەرهەمی شێخ ڕەزای تاڵەبانی و بەختیار عەلی و فەرهاد پیرباڵی بۆ سەر زمانی ئیسپانی وەرگێڕاوە؛ وەشانخانەی گاتۆ نێگرۆ (Gato Negro Ediciones) دیوانەکەی پیرباڵ لە وڵاتی مەکسیک چاپ و بڵاو کردووەتەوە. دەیڤد بە نووسین و وەرگێڕان و فیلمەشیعرییەکانی، براوە و پاڵێوراوی چەندین خەڵاتی گرنگی ئەمریکا و ئەورووپا و ئەفریقا بووە. لە بواری وەرگێڕاندا، پتر لە ٢٠ کتێبی لە ئیسپانی و پورتوگالییەوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە، بەرهەمی ماریۆ بێیاتین و ڤیکتۆر تێران و کۆنسێساو لیمای تێدا بووە. ساڵی ٢٠١٣، وەشانخانەی فۆنیم میدیای لە کالیفۆرنیا دامەزراندووە -ئێستا لقێکە لە دیپ ڤێڵوم- و ساڵی ٢٠١٩ دیوانی فەرهەنگی نیوەشەو «Dictionary of Midnight»ـی عەبدوڵڵا پەشێوی بە وەرگێڕانی د. ئالانا ماری لێڤنسۆن لابرۆس لە ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە. ھەروەھا بە هەوڵی سەرەکیی دەیڤد و ماری، یونسکۆ ناسناوی »شاری وێژە«ـی بە سلێمانی بەخشیوە.

ژیار هۆمەر (Jiyar Homer) وەرگێڕ و نووسیارێکی کوردە. لەدایکبووی ١٩٩٦ـی سلێمانییە. ئەندامی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی و پێنی کورد لە ئەڵمانیایە. نووسیاری گۆڤاری ئیلیانـە. وەرگێڕی کوردی و ئیسپانی و پورتوگالی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسییە. بەرهەمی دەیان نووسەری ئەمریکای لاتین و نزیکەی ١٠٠ نووسەری کوردی وەرگێڕاوە، لەوانە بەختیار عەلی و عەتا نەهایی و شێرکۆ بێکەس و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و گۆران. کتێبی خوان کارلۆس ئۆنێتی و کارلۆس ڕویز زافۆن بۆ کوردی، شێرزاد حەسەن بۆ ئینگلیزی، فەرهاد پیرباڵی بۆ ئیسپانی وەرگێڕاوە.

blank
وەرگێڕانە ئیسپانییەکەی پەناهەندەی ژمارە ٣٣٣٣٣، چاپی کوردستان – ٢٠٢٢