سەبارەت بە وەرگێڕان و وێژەی سۆرانی

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەسام مستەفا

لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

بەسام مستەفا نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانێکی کوردە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری حەسەکەی ڕۆژاوای کوردستان هاتووەتە دنیاوە. باوک و باپیرانی دوای بەشداری لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەربەدەر بوون و ساڵی سییەکان لە باکوورەوە ئاودیوی ڕۆژاوا بوون. سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە قامیشلۆ خوێندووە. ساڵی ٢٠٠٣، بەشی زمان و وێژەی ئینگلیزیی لە زانکۆی حەلەب تەواو کردووە و دوو ساڵ لە گوندەکانی ڕۆژاوا مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە. ناوبراو لە ڕێبەندانی ٢٠٠٦ـەوە نیشتەجێی باشووری کوردستانە. ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی هاوارا نوو و ئەندامی کۆمەڵەی کاوە بۆ چاندی کوردی بووە، هەنووکەیش کارمەندی کەناڵی ڕووداوە. بەسام مستەفا ساڵی ٢٠١١ دەستی بە گواستنەوەی بەرهەمی کوردیی ناوەندی (سۆرانی) بۆ کوردیی باکووری (کورمانجی) کردووە. لەم سۆنگەیەوە، چەندین پەرتووکی بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، عەتا نەهایی، فەرهاد پیرباڵ و نووسەرانی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە کورمانجی داڕشتووەتەوە؛ وەشانخانەی ئاڤێستا لە ئەستەمبووڵ زۆرینەیانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. 

بەسام مستەفا

ئەحمەد کانی: سەرەتا بۆ دامەزراندنی وتووێژەکەمان، دەمەوێت پرسیارێکی گشتی بکەم. خۆت چۆن کارەکەت ناو دەنێیت؟ وەرگێڕان یان پیتگۆڕکێ یان نزیکخستنەوەی دوو زاراوەی کوردی یان هەر داڕشتنەوەی هەندێک وشە؟ ئاخر بەرهەمەکان هەردووکیان بە کوردی نووسراون، زاراوەکانیان جیایە…

بەسام مستەفا: قسەیەک هەیە دەڵێت: ”پێویستی دایکی داهێنانە”. مەبەستم ئەوەیە، ئەو کارەی من دەیکەم، واتا گواستنەوەی بەرهەمی زاراوەی سۆرانی بۆ کورمانجی، سەرچاوەکەی پێویستییە. ئەمە پڕۆژە و پڕۆسەیەکی ئەدەبییە. ناوەکەی گرنگ نییە، بەڵام بێگومان گەلێک دەرگای بە ڕووی تێڕامان و هەڵسەنگاندن و هزریندا پێ دەکرێتەوە. ئامانجی سەرەکیم بەم کارە ئەوەیە هەردوو زاراوە سەرەکییەکەی زمانی کوردی نزیکتر ببنەوە. هەلومەرجی باشووری کوردستان لە زۆرینەی بوارەکاندا لە پارچەکانی تری کوردستان باشترە، ساڵانە زۆر بەرهەمی ئەدەبیی جۆراوجۆری لێ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ئەو بەرهەمانەیش بە گشتی بە زاراوەی سۆرانی و ئەلفبێی عەرەبی-ئارامین، بۆیە کورمانجئاخێو کە زۆرینەیان لە باکووری کوردستانن لێی بێبەش دەبن. جاروبار بەشێک لەم بەرهەمانە بۆ زمانی وەک عەرەبی و فارسی وەردەگێڕدرێن بەڵام زۆرینەی کوردانی پارچەکانی دی لێیان بێبەری دەبن. گواستنەوەی ئەم بەرهەمانە بۆ پیتی لاتینی و زاراوەی کورمانجی، کە من بە لەدایکبوونەوە یاخود زایینی دووەم ناوی دەبەم، وەک منداڵێکە دوو جار لە دایک ببێت. ئامانجمە ئەو بەرهەمانە ببنە هیی هەموو کوردێکی سەرانسەری کوردستان. بۆیە ئەم کارە زیادتر دەکەوێتە بواری ڕۆنانی پردی پەیوەندی و یەکترناسینی کوردی نێوان هەموو پارچە و هەردوو زاراوە سەرەکییەکەی زمانی کوردییەوە. مەزەندە دەکەم بە هەنگاوێکی وەها، گەلێک دەلاقە و ئاسۆی نوێ بە ڕووی ئەدەبیاتی کوردیدا دەکرێتەوە. بۆ نموونە، یەکەمین جار کە پێشنیارم بۆ نووسەری ناودار بەختیار عەلی کرد تا بەرهەمەکانی بکەمە کورمانجی، زۆر دڵخۆش بوو و گوتی گواستنەوەی بەرهەمەکانی بۆ پیتی لاتینی و زاراوەی کورمانجی لە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ زمانی وەک ئینگلیزی و ئەڵمانی پێ گرنگترە. بێگومان، وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانە بۆ هەموو زمانێک گرنگە، بەڵام سەرەتا دەبێت ببنە هیی هەموو کورد، ئەوسا لە دنیادا لە دایک ببنەوە و لە ئاسمانی بەرینتردا بفڕن. ئەوەی ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵتر دەکات ئەوەیە بەرهەمە کورمانجییەکانیش بۆ زاراوەی سۆرانی وەربگێڕدرێن؛ مخابن، هێشتا گوڕوتینێکی بەرچاو لەم بوارەدا نابینرێت.

ئەحمەد کانی: بەو پەرتووکانەی بە سایەی سەری تۆ گەیشتوونەتە باکووری کوردستان، وێژەی باکوور بە شێوەیەکی بەرچاو گەشاوەتەوە. گەلۆ، چۆن دەستت دایە ئەم کارە؟ چۆناوچۆن بوو؟ 

بەسام مستەفا: خۆی ئامانجێکی ئەم کارەم گەشاندنەوەی ئەدەبیاتی کوردییە. هەنووکە، تا ڕادەیەک دوای باشبوونی دۆخی کورد بە گشتی، ئەدەبیاتی کوردییش هەندێک هەنگاوی بەرچاو و باشی ناوە. بەڵام هێشتا کەمە. لە چاو دەروجیران و دنیا بە بەگشتی، لە بواری ئەدەبیاتدا، لە دواین. هۆیەکەی دواکەوتووییی ئاوەز یان پێنووسمان نییە، نا؛ لێ ئەمە سەد و یەک هۆی هەیە. ئیدی هەر چۆنێک بووبێت، نابێت هەردەم کێمایەسی و چەوتییەکانمان لە هەموو بوارەکاندا هەر بخەینە ئەستۆی ئەوانی ترەوە، بێگومان خۆیشمان تاوانبارین. حەقە ئەدەبیاتەکەمان لەم ئاستەی ئێستای باشتر بووایە. حەقە هەموو ژانر و ڕێبازە ئەدەبییەکان بە کوردییش هەبووایە، بەداخەوە هێشتا ئەمە بەدی نەهاتووە. ئەمە بە تایبەتی لە باکووری کوردستان کە ڕێژەی هەرەزۆری کورد لەوێیە، کێمایەسییەکی مەزن لە گۆڕێیە. لەوێ ئاستی زمانی کوردییش نزمە. بەرهەمی کەم بڵاو دەبێتەوە. ئاستەکانیشیان وەک پێویست نییە. هەندێک هەوڵ و ئەزموون هەیە، لێ بەس نییە. هاندانی پێویست بۆ ئەدەبیات و بوارەکانی داهێنان بەرچاو نییە. هێشتا بڕوا بە زمانی کوردی، وەک ئامرازێک بتوانێت هەموو هەست و نەستی مرۆی کورد، خەون و هیوا و تێکشکانی پێ بگێڕێتەوە، چێ نەبووە. قەیرانی متمانە هەیە. جیهانبینی بە چاو و ڕۆحێکی کوردییەوە هێشتا بەدی نەهاتووە. هێشتا هەیبەت و سامی زمان جێی نەگرتووە. بەرهەمەکان لە بێژنگ نادرێن، ئاخر هێشتا زمان لە گەلێک لایەنەوە دەقی نەگرتووە. بۆیە هەتا بڕوامان بە زمانی خۆمان نەبێت وەک ئامرازێک کە ژیان و مردنیشی بە کوردی پێ دەردەبڕدرێت، چاومان بە ئەدەبیات و بەرهەمی مەزن و ئاستەبەرز ناکەوێت. دووبارەی دەکەمەوە، دۆخەکە ئێستا باشترە، بەڵام دەبێت کار و تێکۆشەکان زۆر گەرموگوڕتر ببن.

ئەحمەد کانی: شێوازی کارکردنت چۆنە؟ کێ ئەو پەرتووکانە هەڵدەبژێرێت و چۆن دەست بە وەرگێڕانی بەرهەمێک دەکەیت؟ 

بەسام مستەفا: هەڵبژاردنی پەرتووک بە هاوئاهەنگیی خۆم و وەشانخانەیە. بە تایبەتی وەشانخانەی ئاڤێستا و خاوەنەکەی عەبدوڵا کەسکین کە زۆر گوێ بە گواستنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی زاراوەی سۆرانی بۆ زاراوەی کورمانجی دەدات. گەر هەڵە نەبم، ئاڤێستا یەکەمین بەرهەمی چاپکراوی کوردییشی لە سۆرانییەوە کردبووە کورمانجی و بڵاوی کردبووەوە.

پڕۆسەی وەرگێڕان بە ڕاستی زەحمەتە. پێویستە بۆ کارێکی وەها دەستبەتاڵ بیت، بەڵام بەداخەوە ناتوانییت پێی بژییت. دەکرێت وەرگێڕان وەک کاری دووەمم سەیر بکرێت. هەر بۆیە خۆم تووشی کێشەی کات دەبمەوە، کات کەمە. کاتێک بەرهەمێک وەردەگێڕم، سەرەتا دوو جار سۆرانییەکەی دەخوێنمەوە پاشان دەست بە وەرگێڕانی دەکەم. کاتێک وەرگێڕانەکە دەبڕێتەوە، سۆرانییەکەی وەلا دەنێم و دەگەڕێمەوە سەر کورمانجییەکەی و هەمووی ڕێکوپێک دەکەم، ئەوسا بۆ وەشانخانەی دەنێرم. ئەوانیش جارێک بەرهەمەکە هەڵەبڕ دەکەن و ئەو شتانەی لێی تێنەگەیشتوون یان گومانیان هەیە دەستنیشانی دەکەن و بۆم دەنێرنەوە. منیش دیسان چاو بە بەرهەمەکەدا دەخشێنمەوە و شتە دەستنیشانکراوەکان چاک دەکەم و بۆ وەشانخانەی دەگێڕمەوە. ئیدی ئامادەی چاپکردنە.

وەک هەموو ئەدەبیاتێکی دی، بەرهەمی سەرنجڕاکێش و هێژای وەرگێڕان تا ڕادەیەک دیارە. ئەو نووسەرە ناودارانەی بە باشی لەم ئەدەبیاتەدا جێیان بووەتەوە، ناسراون. ئێمە ڕۆمان و چیرۆک و هەڵبەستیش وەردەگێڕین. دەخوازین کۆبەرهەمی چەند نووسەری وەک عەتا نەهایی، بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، فەرهاد پیرباڵ و محەمەد موکری بکەینە کورمانجی. ئەوە پڕۆژەیەکی مەزنە، خۆی نابێت کاری تاکەکەسی بێت، بەڵکوو کاری دەزگایە. بە ڕای من، باشترێکە بەرهەمی ئەم نووسەرانە بە سەرە وەربگێڕین، چونکە هەر نووسەرێک دنیایەکی ئەدەبیی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نموونە، هەموو بەرهەمی بەختیار عەلی بکەینە کورمانجی پاشان بچینە سەر نووسەرێکی دیکە. بەڵام ئێمە بە هاوئاهەنگیی و بە گوێرەی پلانی وەشانخانە کار دەکەین، ئەمەیش تا ئێستا سەرکەوتوو بووە.

ئەحمەد کانی: بە ڕای خۆت، وەک کارەی ئێستا دەیکەیت چی بە وێژەی کوردی دەبەخشێت؟ بە ئەرک نەبیت، دەتوانیت بە فراوانی شرۆڤەی بکەیت؟ ڕەنگە لە بواری بنیاتنانی هۆشیارییدا نزیکمان بخاتەوە بەڵام پێت وایە لە نزیکخستنەوەی زاراوەکانیشدا هەمان کاریگەریی هەبێت؟ چونکە کاتێک خوێنەری کورمانج بەرهەمی سۆرانی بە کورمانجی دەبینن، باوەڕ ناکەم هەوڵی خوێندنەوەی سۆرانییەکەی بدەن. زەحمەتە بۆیان. هەم ئەلفبێیەکەی، هەم بە هۆی جیاوازیی زاراوەکان. 

بەسام مستەفا: بە پێچەوانەوە، وەرگێڕان هەردەم هانی خوێنەر دەدات تا فێری زمان یان زاراوەی ڕەسەنی بەرهەمی وەرگێڕدراو ببێت. لەبەر ئەوەی وەرگێڕانەکە هەرچەند سەرکەوتوو و ئاستبەرز بێت، ناگاتە ئاستی زمان یان زاراوەی ڕەسەنی بەرهەمەکە. زۆر کەس بۆ ئەوەی بتوانن پووشکین بە ڕووسی بخوێننەوە، خۆیان فێری زمانی ڕووسی دەکەن. سەرەتا بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی بۆ زمانی خۆیان دەخوێننەوە، بەڵام ئارەزوویەک تێیاندا چەکەرە دەکات تا خۆیان فێری زمانی ماک بکەن. بۆیە بڕوام وایە، ئەمە ئامانجێکیشمە، دوای وەرگێرانی ئەم بەرهەمانە ویستی فێربوونی زاراوەی سۆرانی گەشە بسەنێت.

بەڵام لێرەدا کێشەی ئەلفبێ قوت دەبێتەوە. پێم وایە، تا ڕادەیەک ئاسانیشە، هەموو بەرهەمێک بە ئەلفبێی هەردوو زاراوەکە بڵاو بکرێتەوە. خۆم گەلێک بەرهەمی سۆرانیم بۆ پیتی لاتینی گواستووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدام هەموو بەرهەمە لاتینییەکان بخرێنە سەر ئەلفبێی ئارامی و پێچەوانەکەیشی بکرێت. ئیدی ئەوسا دەتوانین یەکتر بخوێنینەوە، سەرەڕای ئەوەی تەواویش لە یەکتر تێنەگەین. ئینجا  ئێستا وەک جاران نییە. ئێستا بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا -کە خۆم حەزم لێی نییە!- و ڕاگەیاندنەوە دنیا چاک بچووک بووەتەوە و زۆربەی ئەو سنوورانەی جاران هەبوون، هەڵگیراون و نەماون. بمانەوێت و نەمانەوێت، نزیکبوونەوەیەک لە نێوان زاراوەکانی کوردیدا هاتووەتە ئاراوە، نەخوازە بە هۆی ڕاگەیاندنەوە. هەم وەرگێڕان، هەم بەلاتینیکردن یان بەعەرەبیکردن، هەموویان دەبنە هۆی ڕۆنانی پردی پێوەندی و لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە، لەگەڵیشیدا بەردێکی گەورە دەکەوێتە ناو گۆمی مەنگی فەرهەنگەکەمانەوە. تەڤگەر و بزاوتێکی باش پێش دەکەوێت و گەشانەوەیەک دەکەوێتە بوارەکەوە. هەردوو زاراوەکە یەکتر تەواو دەکەن و هەر یەکێکیان زیندوویەتی و گەشانەوە بە ئەوەی تریان دەبەخشێت. چونکە ماکەکەیان یەکە. بۆیە لەو بڕوایەدام ئەوەی بەرهەمێکی عەتا نەهایی یان شێرزاد حەسەنی بە کورمانجی خوێندبێتەوە، لە ناخی خۆیدا هیوای خواستووە سۆرانیی بزانیایە، یان خواستوویەتی خۆی فێری سۆرانی بکات، بە تایبەتی پسپۆڕان و ئەوانەی خەریکی چاند و ئەدەبیاتی کوردین. حەقی خۆیەتی ڕۆشنبیرانی کورد لایەنی کەم هەردوو زاراوە سەرەکییەکەی زمانی خۆیان بزانن. ئەوە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندیی زمان و ئاسۆکانی. چونکە فێربوونی هەر زاراوەیەک دەرگا لەسەر ناسینی ئەدەبیات و دنیا و ڕۆحیەتی ئاخێوەرانی ئەو زاراوەیە دەکاتەوە.

ئەحمەد کانی: گەلۆ، پاراستنی شێوەزار چۆنە؟ گەر نووسەر بە شێوەزاری خۆی بنووسێت، تۆ چۆن لە وەرگێڕاندا ڕێبازەکەی وەبەر دەگریت؟

بەسام مستەفا: نووسەر لە ئەدەبیاتدا تا ئاستێک دەتوانێت شێوەزاری خۆیشی بەکار بهێنێت، بەڵام دەبێت هەتا دەکرێت هەوڵ بدات زمانێکی ستاندارد -کە هێشتا لە زمانی کوردیدا دەرنەکەوتووە- بەکار بهێنێت. نابێت بچیت ڕێک وەک دایکت چۆن دەدوێت بنووسیت. هەڵبەت، ئەو شێوەزارە سەرچاوەی نووسەرە، بەڵام دەتوانێت لەو سنوورەدا نەچەقێت و شێوەزار و زاراوە و زمانی خۆی پەیتا-پەیتا دەوڵەمەندتر و بەفراوانتر بکات. ڕاستە، بۆ پێکەوەنانی زمانێکی ستاندارد، نابێت هیچ شێوەزارێک بنپێ و پشتگوێ بخرێت. دەبێت هەموو شێوەزار و زاراوەیەک لە ژیان و بەرەوپێشچوونە سرووشتی و دیرۆکییەکەی بئەزمووێت. بەپیتیی هەر شێوەزارێک بۆ خۆی دەوڵەمەندیی زمانی کوردییە. یەکخستینی ئەلفبێیەکان لەم بوارەدا هەنگاوێکی زۆر باشە.

ئەحمەد کانی: کاتی وەرگێڕان پەیوەندی بە نووسەرانەوە دەکەیت؟ پەیوەندیی نێوان وەرگێڕ و نووسەر دەبێت چۆن بێت؟

بەسام مستەفا: بەڵێ، کاتی وەرگێڕان بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ نووسەراندا هەیە. ئاگادارن بەرهەمەکانیان وەردەگێڕم و دڵیان پێی خۆشە. پەیوەندییەکە لە ڕێی دیداری ڕووبەڕوو یان لە ڕێی ئیمەیڵ و فەیسبووکەوە دەبێت، ئیتر بە گوێرەی دۆخی نووسەرەکە. گەر نووسەر زیندوو بێت –ئاخر جاروبار دەشێت بەرهەمی نووسەری کۆچکردوو وەربگێڕیت– باشتر پەیوەندی لە نێوان وەرگێڕ و نووسەردا چێ دەبێت. بۆ نموونە، جاروبار هەندێک وشەی تایبەت لە فەرهەنگەکاندا نادۆزمەوە و دەچم واتاکەی لە نووسەر دەپرسم. جاروبار دەقە کورمانجییەکە بۆ هەندێکیشیان دەنێرم. عەتا نەهایی لە بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنیشێت، بۆ هەردوو بەرهەمەکەی کە من وەرمگێڕاوە (گوڵی شۆڕان و باڵندەکانی دەم با)، چەند جارێک لە ڕێی ئینتەرنێتەوە پێکەوە قسەمان کرد و گومانەکانمی ڕەواندەوە. فەرهاد پیرباڵ نیشتەجێی هەولێرە، بۆ هەردوو بەرهەمەکەی (هۆتێل ئەورووپا و سانتیاگۆ دێ کۆمپۆستێلا) دوای وەرگێڕان پێکەوە دانیشتین و هەموو وشە ناڕوونەکانمان چاک کرد. شێرزاد حەسەنیش، کاتی وەرگێڕان هەر گومانێکم هەبووبێت لێم پرسیوە. بەڕۆژ ئاکرەیی کورمانجی باش دەزانێت و خۆی بە بەرهەمەکەی (ئێمە لێرەین)ـدا چووەوە.

ئەحمەد کانی: گەلۆ، نموونەی وەک ئەم کارە لە وێژەی دنیادا هەیە؟ بیستووتە لە دنیادا وەرگێڕێک زاراوەیەک بۆ زاراوەیەکی تر وەربگێڕێت؟

بەسام مستەفا: لەم بوارەدا، دەتوانم وەک نموونە باسی ئەدەبی عەرەبی بکەم. زمانی عەرەبی شێوەزار و زاراوەی زۆرە. دەتوانین بڵێین لە هەر وڵاتێکدا زاراوەیەکیان هەیە. بۆ نموونە، زاراوەی میسڕی لە لوبنانی جیاوازە، بەڵام بە هۆی کاریگەریی ڕاگەیاندن و دراما و سینەماوە، هەموو عەرەب بە گشتی لە زاراوەی میسڕی تێدەگەن. کەچی سووری و لوبنانی باش لە زاراوەی توونسی و مەغریبی تێناگەن، جاروبار لە ڕاگەیاندن و سینەمادا کە کەسێک بە زاراوەی توونسی دەدوێت، ژێرنووسی زمانی ستانداردی عەرەبیی بۆ دادەنرێت. بەڵام لێرەدا شتێک هەیە: عەرەب هەم زمانی ستانداردیان هەیە، هەم قورئانیان هەیە کە وەک ماک و بناغەی زمان و ڕێزمانی عەرەبییە. بۆیە ئەو زاراوانەی باسیان دەکەم زۆرینەیان زارەکین، نووسەکی نین. واتا لە بواری نووسیندا هەموو عەرەب بە یەک زمان دەنووسن کە زمانی قورئانە و زمانی هۆزی پێغەمبەری ئیسلام (قوڕەیش)ـە. بەڵام بارودۆخی زمانی کوردی جیایە. ئێمە نە زمانێکی ستانداردمان هەیە نە قورئانێک. دەتوانم بڵێم هەر زمانێک لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی خۆیدا دەژی. دەکرێت لە جێی تری دنیایش نموونەی وەها هەبێت، ڕەنگە من ئاگادار نەبم. هەبوونی دوو ئەلفبێیش، کە لە زمانی کوردیدا هەیە، زۆر سەرنجڕاکێشە. بەم شێوازە دەتوانین بڵێین دۆخێکی نائاسایی هاتووەتە ئاراوە.

ئەحمەد کانی: زۆر وشە و دەربڕین نەخراونەتەوە قامووسەوە. کەرەستەی زمانیشن. چۆن ئەم کێشەیەی وەرگێڕان چارەسەر دەکەیت؟

بەسام مستەفا: بەڵێ. هەر نووسەرێک دنیایەکی ئەدەبیی خۆی هەیە و زمان بە شێوازێکی تایبەت بەکار دەهێنێت. جاروبار هەندێک پەیڤ دەسازێنێت. کاتێک پەند لە دەقە ڕەسەنەکەدا قوت دەبێتەوە، منیش هەوڵ دەدەم پەند یان قسەی نەستەقی کورمانجیی بە هەمان واتا بۆ بدۆزمەوە. وەک پێشتریش گوتم، گەر شتێکم لێ عاسی ببێت داوای هاوکاری لە نووسەر دەکەم و بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەر دەکەم. بێگومان هەموو شتێک لە فەرهەنگدا نادۆزرێتەوە. من قەت بەبێ فەرهەنگ وەرناگێڕم، لێ هەتا لە دەستم بێت نامەوێت زمانی وەرگێڕانەکەم زمانێکی ڕەقوتەقی قامووسی و ساردوسڕ بێت. هەوڵ دەدەم بە زمانی ژیان بێت. زمانێکی گەرموگوڕ و زیندوو و بزێو بێت، چونکە ئەدەبیات گۆڕەپانی نیشاندانی هەست و نەستە، وەک زمانی زانستی ساردوسڕ و وشک نییە.

ئەحمەد کانی: تا ئێستا لە بواری وەرگێڕاندا تووشی چ زەحمەتییەک بوویتەوە؟

بەسام مستەفا: سەرلەبەری وەرگێڕان پڕۆسەیەکی زەحمەتە. دەبێت بەرهەمەکە وشە بە وشە بخوێنیتەوە و هەوڵ بدەیت ڕیتمەکەی لەسەر ئاستێک یان هێڵێک تا کۆتایی بهێڵیتەوە. لە بواری کورمانجیدا، کەمیی فەرهەنگ و قامووس کێشەیە. بۆ نموونە، لەم سەردەمەدا زۆر جار وەرگێڕان لەسەر لاپتۆپ و کۆمپیتەرە. بە گشتی هەموو زمانەکان، فەرهەنگیان هەیە، لێ کوردی و بە تایبەتی کورمانجی، لەم بوارەدا هەژارە، نەخوازە وەرگێڕانی گووگڵ و ئەوانی دیکە. وەکوو تر، مەسەلەی کاتیش هەیە. دیسان دەڵێم ئەو کارەی من دەیکەم، پێویستە خۆتی بۆ تەرخان بکەیت و هەموو کاتی خۆتی پێ ببەخشیت.

ئەحمەد کانی: دەتەوێت چ جۆرە کتێبێک وەربگێڕیت؟ حەز دەکەیت بە تایبەتی چ کتێبێک وەربگێڕیت و هێشتا دەرفەتت بۆ نەڕەخساوە؟ 

بەسام مستەفا: لە پاڵ کتێبی ئەدەبییەوە، حەزم دەکرد کتێبی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبییش وەربگێڕم. نەک هەر لە سۆرانییەوە، بەڵکوو لە ئینگلیزی و عەرەبییشەوە. ئێستا هەندێک لە هەوڵەکانم لەم بوارەدایە. ئێستا کتێبێکی ئەوتۆم لە بیردا نییە، بەڵام هەوڵ دەدەم ڕێژەیەکی هەرەزۆری کتێب لە زاراوە و زمانەکانی تر بکەمە کورمانجی، هەڵبەت بە کواڵتی و ئاستێکی باشەوە. ڕەنگە هەندێک بە قووڵی لەم مەسەلە نەڕوانن، ئەم قسانەم بە هەڵە لێک بدەنەوە و بڵێن چاوی لە زۆری و بۆرییەوەیە. بەڵام مەبەستم ئەوەیە ڕێژەیەکی زۆر بکەمە کورمانجی، چونکە تەمەنێک بەشی مرۆ ناکات بۆ کارێکی لەم جۆرە.

ئەحمەد کانی: وەرگێڕ لە سەرانسەری دنیادا حەقدەستی ماندووبوونی خۆی پێ نادرێت. کارەکەی بە جدی وەرناگیرێت و ئەو ڕێزەی شایانیەتی لێی ناگیرێت. پێم وایە لە ناو کورددایە بەربڵاوترە. سەرنجت چییە؟ 

بەسام مستەفا: ئەوەندەی من بزانم لە دنیادا ئەوەندە خراپ نییە، بەڵکوو لە ناو ئێمەی کورددا دۆخەکە زۆر خراپە. لە دنیادا، هەم ڕێزی ئەخلاقی و هەم مادیی وەرگێڕ هەیە. زۆر جار، کاری وەرگێڕ لە کاری نووسەریش گرنگترە. دەشێت نووسەر تەنیا زمانێک بزانێت و پێی بنووسێت و نەتوانێت لە زمانی ترەوە وەربگێڕێت، بەڵام وەرگێڕ ناچارە زمانێک زیادتر بە باشی بزانێت. بەڵام دیسان هەردووکیان تەواوکەری یەکترن. کارەکەیان لە یەکترەوە دوور نییە. سەرنج بدە: زۆرینەی نووسەرە ناودارەکان، خۆیان لە هەمان کاتیشدا وەرگێڕ بوون. هەم لە ناو کورددا و هەم لە سەرانسەری دنیادا. عەتا نەهایی و شێرزاد حەسەن و بەڕۆژ ئاکرەیی، هەموویان لە پاڵ نووسەرییەوە وەردەگێڕن. ماوەیەک لەمەوبەر بەڕۆژ ئاکرەیی بەرهەمێکی مەزنی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی ئەحمەد شاملووی بۆ کوردیی ناوەندی (سۆرانی) وەرگێڕا. بۆیە ئەو تێڕوانینەوەی نووسەر لە سەروو وەرگێڕەوە دەبینێت یان بە پێچەوانەوە وەرگێڕ لە سەروو نووسەرەوە دەبینێت، ئەوپەڕی هەڵەیە. چونکە هەردووکیان داهێنەرن و لە گۆڕەپانی ئافراندن و داهێناندا کار دەکەن. دۆخی وەرگێڕان و وەرگێڕ لە سەرانسەری دنیادا لە وەرگێڕە کوردەکان زۆر باشترە. هەروەها دوور لە ئەو درووشمە قەبەقەبانەی سکی برسییان پێ تێر ناکرێت، هەر زمانێک بێت، هەتا پارە نەکات نرخی بۆ دانانرێت. پێویستە پرۆفیشناڵی و کارامەیی بکەوێتە ناو بواری نووسین و وەرگێڕانی کوردییەوە. پێویستە وەرگێڕ بتوانێت بە وەرگێڕانەکانی و نووسەریش بە نووسینەکانی بژی. ئەوسا پێشکەوتنێکی بەرچاو لە گۆڕەپانی ئەدەبیات و پاچڤەی کوردیدا دێتە ئاراوە.

ئەحمەد کانی: لەم سەردەمەی بەجیهانیبووندا کە دنیا وەک گوندێک دەبینین و خوێندنەوەی کتێبیش تا دێت کەمتر دەبێتەوە، پێت وایە وەرگێڕان چ سوودێکی بۆ کورد هەبێت؟  

بەسام مستەفا: وەرگێڕان تاکە ڕێی گەیشتنی کورد بە لێواری ئەم بەجیهانیبوونەیە. پێم وایە خوێندنەوەی کتێب کەم نەبووە، بەڵکوو ئێستا دەشێت کتێبی ئەلکترۆنی و دیجیتاڵی زیادتر لە کتێبی کاغەز بخوێندرێتەوە. هێشتا کتێبی کاغەز لەسەر پێیە و جێی خۆی تەواو لە دەست نەداوە، واتا هێشتا لە شەڕی لەگەڵ تەکنەلۆژیادا نەدۆڕاوە. بەڵام لە داهاتوودا تووشی دۆخێکی دژوار دەبێتەوە، چونکە تەکنەلۆژیا مەترسیدارترین شتە لەسەر داهاتووی مرۆڤ و کەس نازانێت دەمانگەیەنێتە کوێ. بەڵام بڕوام وایە گەر کتێبی کاغەز بە شێوازی کاتییش بفەوتێت، هەرچەندێک بشێوێت و تێک بچێت، دواتر وەک قەقنەس دەژیەتەوە. چونکە سەرەتا پەیڤ هەبوو، لە کۆتایییشدا هەر پەیڤ هەیە. هەموو شتێک دەفەوتێت، جگە لە وشە. کورد پێویستی بە شۆڕشی جۆراوجۆرە. یەکێکیان شۆڕشی زمان و وەرگێڕانە. بە تایبەتی وەرگێڕان. دەبێت سەرەتا هەموو کلاسیکەکانی دنیا و زۆرینەی بەرهەمە ئەدەبییە هاوچەرخەکان بۆ کوردی وەربگێڕدرێن و دواتر دەتوانین بگەینە بەجیهانیبوون و ئەو پرسیاری ئێستا ئێوە دەیکەن بکەین. ئێمە دەڵێین دنیا بووەتە گوندێکی بچکۆلە، کەچی کاتێک دوو کورد بە زاراوەی جیاوازەوە تووشی یەکتر دەبن، لاڵ دەبن و لە یەکتر تێناگەن. گەر دنیا گەیشتبێتە ئەم قۆناغەیش، ئێمە هێشتا زۆر لە دواین. هەر وەرگێڕان دەتوانێت پەروباڵمان بداتێ تا بەرەو ئاسمانی تازەگەری و بەجیهانیبوون هەڵبفڕین.

ئەحمەد کانی: دوو تیۆری لە بارەی وەرگێڕانەوە هەیە. یەکێکیان دەڵێت دەبێت وەرگێڕان نزیکی زمانی ماک و نووسەر بێت. ئەوەی تریشیان دەڵێت دەبێت وەرگێران نزیکی خوێنەر بێت. کامیانت پێ گرنگترە؟

بەسام مستەفا: نە ئەمیان، نە ئەویان، بەڵکوو لە ناوەڕاستی هەردووکیان، واتا تێکەڵەی هەردووکیان. نابێت بەرهەم وشە بە وشە وەربگێڕدرێت، بەڵکوو دەبێت بە زمانی ژین وەربگێردرێت، بەبێ ئەوەی زمانی نووسەرەکەی پشتگوێ بخرێت. وەرگێڕ بە زمانی خۆی وەردەگێڕێت. ئەویش دەبێتە خاوەنی نوێی بەرهەمەکە و نەختێک ڕۆحی خۆی بەسەر بەرهەمەکەدا دەپرژێنێت. مەبەستی ئەو ڕازیکردنی نووسەر یان خوێنەر نییە، بەڵکوو ڕازیکردنی خۆیەتی. کاتێک خۆی ڕازی دەکات، هەم نووسەر و هەم خوێنەریش ڕازی دەبن. وەرگێڕ دەبێت بەرامبەر بە زمانی دەقی ماک دەستپاک بێت، بەڵام هەندێک لە ڕۆحی خۆیشی لەسەر جێ بهێڵێت. ناڵێم شتی نوێی بۆ زیاد بکات، نا، بەڵکوو بەرهەمەکە بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی وەربگێڕێت. زۆر جار تووشی دوو وەرگێڕانی هەمان بەرهەم دەبین، کەچی وەک یەک نین. چونکە هەر وەرگێڕێک ڕۆحێکە، دنیایەکە، شێوازێکە. خۆم وشە بە وشە وەرناگێڕم، ئامانجمە ڕۆحی نووسەر بگەیەنمە خوێنەر، واتا نووسەر ویستبێتی چی بڵێت، مەبەست یان پەیامەکەی لە ڕێی ڕۆح و زمانی خۆمەوە بگەیەنمە خوێنەر. بەرهەمی ڕەسەن سەرەتا لە منداڵدانی نووسەرەوە دێتە دنیاوە، ئەم جارەیان دەبێت لە منداڵدانی منی وەرگێڕەوە بەخێو بکرێت و ڕووناکی ببینێت. دەشێت لە هەندێک جێدا ڕیتم بفەوتێت، یان هەندێک کێشە ڕوو بدات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ڕۆح و مەبەست و پەیامی نووسەر بگاتە خوێنەر گەر هەبێت.

ئەحمەد کانی: وەرگێڕانی باش بە گوێرەی تۆ چۆنە؟ گەلۆ، دەبێت دەنگی وەرگێڕ لە وەرگێڕاندا ببیسترێت یان دەبێت هەست بە نووسەر بکرێت؟

بەسام مستەفا: وەرگێڕانی باش ئەوەیە وەرگێڕ بتوانێت پەیام و ئامانجی نووسەر بگەیەنێتە خوێنەر. بەرهەمی وەرگێڕدراو تا ڕادەیەک دەبێتە بەرهەمی وەرگێڕیش. دەبێت وەرگێڕانی باش ڕیتم و ڕۆحیەتی بەرهەمە ڕەسەنەکە تێک نەدات، بگرە وەک دەقی ماک جێی متمانە بێت.

ئەحمەد کانی: هەندێک پرسیارم سەبارەت بە زاراوەی سۆرانییش هەیە. چی دەقەومێت؟ چی چاپ دەکرێت و وەردەگێڕدرێت؟ باسی چ مژارێک دەکرێت؟ دەزانم ئەم پرسیارانە بەرفراوانن، لێ بە ئەرک نەبێت، داخۆ بە تایبەتی لە لایەنی وەرگێڕانەوە چی دەبێژیت؟ کام بەرهەمانە لەسەر ڕەخنە وەردەگێڕدرێن؟ خەڵک چۆن لەو بەرهەمانە دەڕوانن؟

بەسام مستەفا: لەبەر ئەوەی ڕەوشی گشتیی کورد لە باشوور لە پارچەکانی تری کوردستان باشترە، ڕەوشی ئەدەبیات و ڕەخنەیش لە ئاسمان و ئازادییەکی فراوانتردایە، هەروەها ڕەوشی ئابوورییش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. دەمەوێت بە تایبەتی بڵێم نها باشوور لە قۆناغێکی کاتی و ناجێگیردا تێدەپەڕێت، واتا ئەم قۆناغە لە ئازادییەکی ناڕێکوپێک دوای بندەستییەکی دوورودریژدایە. هەموو گەل و وڵاتان بە سەردەمی وەهادا تێدەپەڕن، هەم دیوی باش و هەم دیوی نەرێنیی خۆی هەیە. لەم قۆناغانەدا پتر گرنگی بە لایەنی تری ژیان وەک ئابووری و ئاوەدانی و بازرگانی و کاروبار دەدرێت. چاند و ڕۆشنبیری بە گشتی دەکەوێتە پلەی دووەمەوە. ڕاستە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری پێک هاتووە، بەڵام هۆگربوون پێیەوە بە گوێرەی پێویست نییە. 

ئەحمەد کانی: ئێستا چ بەرهەمێکت بە دەستەوەیە؟ داخۆ لە داهاتوودا چ بەرهەمێکت ببینین و بخوێنینەوە؟

بەسام مستەفا: ئێستا ڕۆمانی کۆشکی باڵندە غەمگینەکانی بەختیار عەلیم بە دەستەوەیە. دواتریش بەرهەمی محەمەد موکری، عەتا نەهایی و دیسان بەختیار عەلی لە ڕێیە. هەروەها بەدەر لە وەرگێڕان، خەریکی دیوانێکی خۆمم و ئامادەی چاپی دەکەم.

سەرچاوە:

Li ser karê wergeriyê û wêjeya Soranî bi Besam Mistefa re hevpeyvîn, Ahmed Kanî, Kovara Wêje û Rexne, Hejmar: 2, Sal: 2014 (Ji Kurmancî bo Soranî: Jiyar Homer).