دوو چیرۆک
مشک
یان: خزمەتێک بە مرۆڤایەتی
من مشکی ناو زێرابهکانم و له‌و زێراب به‌و زێراب دێم و ده‌چم و له هاتووچۆدام. میراتێکە و لە باب و کاڵانمەوە بۆم بەجێماوە. زۆر جار له شالوولهکانهوه ده‌چمه ناو لووله‌ی زێرابه‌کانه‌وه و له‌و پێچ و خولانەدا، سه‌ر له کونی مسته‌ڕاح یان حه‌مامی ماڵه‌کان دێنمه ده‌رێ. زۆر قوونم دیوه که وه‌ک ماسی زاری داپچڕیوە و ویستویه‌تی پڕ به دڵی خۆی تێر بڕی، به‌ڵام که منی دیوه قووچاندوویهتی و تێی قولاندووه؛ دیاره ئه‌وه ڕه‌فزکردنه‌وه‌ی بێ ئه‌ملاولای ئه‌و قسه‌یه‌یه وا ده‌ڵێ: له ترسان، ڕیا به خۆی دا! له زۆر حه‌مام به‌ژن و به‌له‌کی زراڤ و ڕووتی ژنانم دیوه و بێ ئه‌وه‌ی پێم بزانن بنی لاقیانم لێستۆتهوه. شاعیرێک ده‌ناسم تاعوونی کامۆی خوێندۆته‌وه و له‌و ساته‌وه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێک دوو تا سێ دانه فلۆرازپام ده‌خوا، ده‌زگای عه‌سه‌بی سهمپاتیکی، وه‌ک قامکه شاده‌ی سه‌ر په‌له‌پیتکه، دایمه لە سەر هەستە و فۆبیای مشکی هه‌یه. ئه‌و وا ده‌زانێ هه‌ر کات چووه ئاوده‌ست، مشکێک سه‌ری له کونی مستهڕاحهوه دێنێته ده‌رێ و چاو له چاوی ده‌بڕێ! به‌ڵام قه‌ت نه‌مهێشتووه ئه‌و ترسه‌ی له دڵ بڕه‌وێ و هه‌ر کات پێی وا بووه ئێستانائێستا سه‌رم له کونی مستهراحهوه دهێنمه ده‌رێ، مرازیم تۆپاندووه و خۆم لێ نه‌دیو کردووه، تا داری سه‌وزی ترس بۆ هه‌تاهه‌تایه له دڵیدا بشه‌کێته‌وه.
شه‌وی وایه دێمه ده‌رێ و له ژووری ماڵه‌کاندا تلیلیانمه، له‌و ماڵانه‌ی وا پشیله‌یان هه‌یه دووره‌په‌رێزم و له‌وانه‌ی وا نیشیانه، پاشایه‌تی ده‌که‌م. سه‌رم به زۆر ژووری خه‌ودا کردووه و گوێم بۆ زۆر هه‌ناسه و ئاخوئۆف هەڵخستووه. ئه‌گه‌ر حه‌زم له ژنێک بێت، بێ ئه‌وه‌ی بیترسێنم خۆم ده‌خه‌مه ده‌ریای ڕه‌نگینی جله‌کانی ژێرییه‌وه و تێیدا ده‌تلێمه‌وه و به بۆنی شاوهتبزوێنی که‌یفخۆش ده‌بم. ئه‌گه‌ریش ڕقم له که‌سێک بێت، له ژێر پێیدا ڕا ده‌که‌م و به زیقه‌ی گوێی عاسمان تیفتیفه ده‌ده‌م و گهڵێنهی چاوی ده‌که‌مه زاره‌کی هه‌راوی ئه‌شکه‌وتێک. کار و پیشه‌یه‌کی ئه‌وتۆم نییه و له هه‌موو شتێکدا سه‌ربه‌ستم و به که‌یفی خۆم ڕای ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ر لێم بپرسن تۆ چ خزمه‌تێک ده‌توانی به مرۆڤایه‌تی بکه‌ی؟ ده‌ڵێم: ئیستاش زۆر که‌س ده‌توانێ بێ ئه‌وه‌ی چاوی به چاوی من که‌وێ، تێرتێر به که‌یفی خۆی بڕی.
1ی گوڵانی 1401
***
سەگڵاو
لە پێچکەکانییەوە دەستم پێ کرد؛ کە بە دەستی وەستاکارێکی عاملاوی سنەیی، بە شێوەی هاوخشت و لە تاقە دارێکی تووسکای* دەم چۆمی، کە ئێستاش بڕێک تەڕی تێدا مابوو، چێ کرابوو. وەک لوولاکی دەم سەگێکی برسی، لە گەڵ سرنجم بۆ خەڕاتی و وردەکارییەکانی بەژنی، خرتیم خرتەخرت کرۆژت. بۆنی مەستانەی داری تووسکا بە لووتمدا پژا و تەنی سییەکانم لە خۆی. ڕاستی دەگوت کابرای دارتاش! کارێکی بازاڕی نەبوو، تێکەڵ بەو هەموو خشتوخاڵەی وا ئینجبەئینجی ژیانی ئێمەمانانی تەنیبۆوە، پۆخڵەوات نەبوو، تەختیخەوێک بوو عەنتیکە، لە داری تووسکا! هەرچەند لە داریتریش بایە حیچ تەوفیرێکی نەدەکرد، مادام بە دەست وەها وەستاکارێکەوە چێ کرابوو. بەرەو چوارچێوەی لێکولووسی کەڵپم لێ بردە پێشێ و زمانی زبر و تەڕم پێدا هێنا و چڵێسانە دەمویست بیکرۆژم سەروژێری. کوتی: “دە بەسسە دەی، وەرە سەرێ” و جەستەی شەمەندی لە ژێر لێفەی گەرم و گوڵگوڵی هێنا دەرێ و لاقە خۆشگۆشتەکانی وەحەوا خست. وەک مار پێچولوولئاسا، بەرەو پەنجەی نەرمونۆڵی پێیدا، کە دەتکووت مارشماڵوویە*، خوشیم. کوتی: “گێڕ بوو هێندەت کرۆژت! چ عادەتێکی خراپە هەتە تۆش، خۆ تۆ دوور بێ هین نی. “بێ ئۆقرانە کوتم: “گەماڵ؟” کوتی: “نا، هین، ئەوەی لە ئاودایە؛ چییە؟” کوتم: “سەگڵاو.” سەبرێک کوتی: “دوور لە تۆ” و بزەیەک، گەرم، شیرین، ئاڵۆشاوی، کەوتە سەر لێوی و درێژەیدا: “پشت و پەنامی.” شلکەپەنجەی لاقی پەمۆی بە دمولووتمدا هێنا، بۆنم پێوە کرد و هەوەسبازانە لێستمەوە. پێداگرانە کوتی: “ئەوەی دەبێ بیخۆی ئەوەیە” و نەرمی پەنجەکانی کە نەرمتر و نمینتر لە قەدی داری تووسکا بوو، خستە ناو زارم و وەک بێچوولەیەک مژیم و تووتکەم گرت.
چراکەران، ئەو دەمەی هەرێمی شەو بەرینتر بوو. شیبای مەخمەری، قەپۆزمی نەوازشت دەدا، ئەستێران بە ئاسمانەوە جریوەجریویان بوو. وەبیرم هاتەوە سەگڵاوم و دەبێ بەکار بم و بپارێزم مەندی ژیانم، تا لە تەسکی نەدا بەنداوی ژینم، هاکا دڵدزم بووە نێچیری هەر بۆرە ڕاوچییەک. چێرەییی ددانم بەرەو ڕەفیسکەی برد و بە کرتەیەک ئاوێکی مەیلەو گەرم و سوێرم بە گەروومدا فیچقاند! بێ‌وچان کرۆشتم چۆکی نازوکی، تا ئەندازیارانە ساز کەم بەنداوێک لە قەد و لقی داران، پەسندتر لە تەختی دارتاشی سنەیی، ماڵێک بۆ قاقوم لەشی سپی و سۆڵی ئەو، تا قووڵ بێ ماڵی ژینم لە ئاو، ئاوێکی مەند. قیژە بوو یان ترس کە لە گەروویەوە ڕژا دەرێ و لە خەوی زڕاند؟ مانگ شێتانە تریفەی دەپژاند پیلەکی چاوانم؛ جەستەی لۆکەیی و ترساوی تەقالای دەکرد و بە تەنکە عارەقەیەکی سەر پێستی بەرەو تلیسان دەچوو. ددانم چ درەوشاوە بوو لە ژێر تریفەی مانگدا، ئەوسا کە بەرەو ئەوکی لەرزۆکی، قووزینی تەڕ و درەوشاوەم خزاند و شاڵاوم برد، تا شادەماری شینی، کە چۆمێک بوو وردە پێلی دەدا، بکرتێنم. بە قرخەقرخیدا بوو زانیم، ئاوێک کە فیچقەی کرد لە شادەماری و بە دەم و لووتمدا پژا، ئاو نەبوو، خوێن بوو، کە وێرانی کرد بەنداوەکەم.
*تووسکا(alder)، جۆرە دارێکە لە کەناری چۆم و جێگەی شیدار دەڕوێ و بۆ ساز کردنی میز و کورسی و قەنەفە و ئەو جۆرە شتانە کەڵکی لێ وەردەگرن.
*مارشماڵوو(marshmallow)، جۆرێک نوقڵی نەرم و شیرینە.