لە تەلارسازیی شارستانییانەوە بۆ “هەیكەلسازی”ی بێ كولتوور
1
ڕۆمانەكان شاری زۆریان دروست كردن و گریكەكان بە دامەزرێنەری تەلارسازی و شارسازانی مۆدێرن ئەژمار كراون، لە ئێستاشدا سەرمایەدارییەت لە هووشیارییەكی ئەقڵانییەوە دەست پێ دەكات و بۆ ئەوەی پارە پەیدا بكات، پاشان لە پارە كولتوور بەرهەم دەهێنێت. لە كۆندا شكۆ و سەرفرازی پێش پارە دەكەوت و لە جیهانی نویشدا پارە و سامان بنەمای دانایی و زانستن، هەر بۆیەشە لە جیهانی سەرمایەداریدا كەم پڕۆژەی سەرمایەی مادیی لە بواری تەلارسازیدا هەیە، لە هەمان كاتیشدا وەك بەرهەمێكی هونەری لێك نەدرێتەوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كە بۆ سەرمایەدارییەت پارە دوائامانج نییە ئەگەر نەتوانرێت بكرێتە سەرمایەی ڕەمزی (Symbolic Capital) وەك ئەوەی پیەر بۆردیۆی كۆمەڵناسی فەرەنسی فێری كردووین[1]. سەرمایەی ڕەمزی هەمیشە دەكرێتەوە پارە و لە پارەش زیاتر بەهای هەیە، چونكە ئەو ڕەمزییەتەی دەیبەخشێت بە بەرهەمەكانی، جەوهەری ئەوان ناگۆڕێت، بەڵام بەهاكەیان بەرز دەكاتەوە. لێرەوە، مۆزەخانەیەك، یان هوتێلێك، یان ڕیستۆرانتێك و یاریگەیەكی منداڵان، گوندێكی نوێ، مۆڵەكان، یانەكانی ئەسپسواری و.. هەر تەنیا دروستكردنی بینایە و تەلار نییە، بەڵكوو لەبیربردنەوەی چوارچێوەی تەلارسازیببوونە كاركردییەكەیەتی بە پیشاندانی وەك شتێكی دیكە، وەك بەرهەمێكی هونەری كە دانسقەییی خۆی هەیە و بە جۆرێكی دیكە فەزاسازی كردووە. تەنانەت ئەم فەزاسازییە لە وڵاتانی دەرەوە، لە ژێرزەمین و شوێنی ڕاوەستانی شەمەندەفەرەكان، لە سازدانی بوورجەكان، لە دروستكردنی دەریاچەی دەستكرد، شەقامەڕێكان و ڕازاندنەوەی دیواربەندەكانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. هیچ پارچەیەكی تەلارسازی لە فەزادا تەنیا بە قەبارەكەیەوە كە كۆدی ناسینەوەی بێت وەك تەلارێكی تایبەت نابینیت، ئەگەر لە هەمان كاتدا بەها هونەری و ڕەمزییەكەشی نەبینیت، بگرە زۆر جار ئەمەی دواییان یەكەمیانت بیر دەباتەوە. زۆربەی كەنیسەكان و ئەكواپاركەكان، ئێستاش هەندێك لە فڕۆكەخانەكان ئەم شوناسەیان وەرگرتووە.
2
بەم جۆرەش سەرمایەی مادی و پارە دەتوانێت وەك دەسەڵاتێك كار لەسەر دانایی بكات، دانایی ببێتە هۆی بەرهەمێهنانی زیاد لە دەستكەوتێك، كە یەكێك لەو دەستكەوتانە بەرهەمهێنانی كولتووری تەلارسازییە. هەر بۆیەشە تەلارسازی بە یەكێك لە ڕەگەزەكانی شارستانییەت دادەنرێت و بەشدارییەكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی لە دروستكردنی شوناسی (National Identity) نەتەوەییدا هەیە. واتە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسینەوە و جیاوازپیشاندانی مۆركی نەتەوەییی گەلان و جوگرافیا جیاوازەكان. هەر بۆیەشە كاتێك مرۆڤ دەچێتە وڵاتێك یەكەم ڕەگەز كە سەرنجی ڕادەكێشێت تەلارسازییەكەیەتی بە هەموو ڕەهەندەكانییەوە. كاتێك لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا بۆ ماوەی دە ڕۆژ سەفەری شاری (تۆرسهاونThorshavn)م لە وڵاتی (Færøerne/كۆمەڵەدوورگەی پەز)[2]، كرد ڕووبەڕووی قەبارەیەك لە ڕەنگ و شێوەی كولتووری بوومەوە، كە لە هیچ شوێنێكی دیكەی جیهان نەمبینینەوە. پێكهاتە و ڕەنگ و هارمۆنیی تەلارسازیی شارەكە بەسەر قەبارە بینایەكەیدا ئەوەندە باڵادەست بوو، كە وات دەزانی كەوتوویتە نێو شەپۆلێك لە ڕەنگی ئارامەوە.
3
ئێمە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەدارییەتمان نییە، بەڵكوو پارەدارمان هەن. هەر بۆیەشە لە سیی ساڵی ڕابردوودا سەرمایەدارییەت لەم وڵاتەدا لە شێوە مشەخۆرییەكەیدا هەڵتۆقیوە بەبێ ئەوەی بتوانێت كولتوورساز بێت. بینایەی بەرزی قیت كردوونەتەوە، بەڵام نیشانەكانی تەلارسازییان ئەوەندە لاوازە كە مرۆڤ هیچ متمانەیەكیان پێ ناكات. (لە یەكێك لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكاندا) شارەزایەك ئەوەی خستە ڕوو كە “لەسەدا نەوەدی پەڕەشووتی ئاسانسۆری ئاپارتمانەكانی هەرێم ئێكسپایەر بوون و لە هەر ساتێكدا بۆیان هەیە بەر ببنەوە خوارەوە”[3]. پارەدارانی ئێمە لەبەر ئەوەی وەك سەرمایەدار بیر ناكەنەوە، حوكوومەتیشیان ئەسیری ئەو هزرینە بەرتەسكەی خۆیان كردۆتەوە و لە پلانێكی ڕێككەوتن لەسەركراودا بواری تەلارسازیی ئێمەیان گۆڕی بۆ هەیكەلسازی. پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە ڕوانگەی حوكوومەتی ئێمە ئەوەندە دوورە لە ڕوانگەیەكی تەلارسازییانەوە، ئەوەندە تەلارسازی كردۆتە قوربانیی درووشمەكانی وەك (ئاوادەنكرنەوە) و (دەستكەوت)، كە پێویستی بەوە نەبێت تەلارساز و ئۆربانیستەكان بخاتە نێو بازنەی بەرهەمهێنانی خۆیەوە و هەموو پرۆژەكانی بە كۆمەڵێك ئەندازیار و بەڵێندەر سپاردوون، كە یان ئەوەتا گەندەڵییان كردووە و وڵاتەكەیان بەجێ هێشتووە، یانژی ئەوەتا كۆمەڵێك شار و هەیكەلیان لە شێوەی زبڵێكی گەورەدا بۆ بەجێ هێشتووین.
هەر بۆیەشە كاتێك تەماشای تەلارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە لەم سیی ساڵەدا دامەزراون، نەك هەر مۆركی كولتووری كوردستانمان بیر ناكەوێتەوە، نەك هەر ڕۆحێكی خۆماڵیانەیان نییە، بەڵكوو بە بەرچاومانەوە شارستانییەتێكی لە بلۆك دروستكراو دەبینین، كە هیچ بەهایەكی تەلارسازییانە و شارستانییانەی نییە. تەلارسازیی ئێمە بووە قوربانیی پارەدارانی بێ كولتوور، كە تەنیا وەك قەبارە و ڕواڵەت بیر لە تەلارسازی دەكەنەوە (چەند نهۆم بێت، شێوەی ڕواڵەتی چۆن بێت، ناوەكەی چەندە ئینگلیزی و ئەورووپی بێت و چ كەرەستەیەكی لە توركیا و كوێ و كوێوە هاتبێت و…)؛ نەك وەك هەنگاوێكی گرنگ بەرەو شارستانییەتسازی و دروستكردنی شوناس. بەم جۆرەش ئێمە لە ماوەی ئەم سێ دەیەیەدا نەك هەر دەستكەوتی تەلارسازییانەمان نەبووە، بەڵكوو بیرۆكەی تەلارسازییش لە زانكۆكاندا پاشەكشەی پێ كراوە و دەستەمۆی ژێر میكانیزمەكانی بازاڕی ئاوەدانكردنەوە و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كراوە و هۆشی ئەندازیارانە و تەلارسازییانە و بگرە شارسازییانەی ئێمە، بچووك كراوەتەوە بۆ سەر ئاستی هۆشی بەڵێندەر و ئەندازیارانی بندیوار و یەكەی ئەندازیاری نێو فەرمانگەكان، كە شارەزاییەكی باشیان لە مەزەندەكردن و خەمڵاندنی بڕی تیچوونی بوارەكانی تەلارسازییدا هەیە[4]!. (ساڵی 2006 و 2007 كاتێك داواكرا خەمڵاندنێك بۆ دروستكردنی بەشی فەلسەفە بكرێت، بەشی خەمڵاندنی وەزارەت و سەرۆكایەتی زانكۆ و لایەنەكانی دیكە، بڕێكی خەیاڵییان بۆ ئەو پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری پێنسەد مەتر دووجا دیاری كرد، كە بووە ڕێگر لە بەردەم سەرفكردنیدا لەلایەن حوكوومەتەوە. بەڵام كاتێك مكووڕ بووین كە ئەو پڕۆژەیە بدرێتە كۆمپانیایەكی دڵسۆزی بوارەكە، بڕی ئەو تێچوونە لە 580 ملیۆنەوە گەیشتە تەنیا نزیكەی 83 ملیۆن بە تایبەتمەندیی زیاتریشەوە، كە لەو كاتەوە تا ئێستا ئەو بەشە كەمترین چاككردنەوەی تێدا كراوە، هەرچەندە لە ڕووی تەلارسازییەوە ڕەنگە بەهایەكی ئەوترە نەبێت).
ئەم وێنەیە ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە بەشەكانی خەمڵاندنی ئەندازیاری و بەڵیندەرە بازاڕییەكان و تەنانەت سیاسەتی تەلارسازیی حوكوومەتیش هیچ گوێ بە بنەماكانی تەلارسازی نادەن و تەنیا بیر لە دروستكردنی قەبارە دەكەنەوە، نەك داهێنان و بەرهەمهێنانی هونەری لە ڕێگەی تەلارسازییەوە.
4
وەك گوتم، لە زانكۆكانەوە دەستخراوەتە بینی بیرۆكە داهێنەرەكانی تەلارسازی و شارسازیی ئێمەوە. ئەمەش بواری پزیشكیشی گرتۆتەوە. ئێمە چیدی تەلارساز و پزیشك و شارساز بەرهەم ناهێنین، بەڵكوو لە قوتابیانی خوێندكارمان ئەو ئەندازیارانە بەرهەم دەهێنین، كە بەشێك لەو وانانە ناخوێنن كە بۆ داهێنان لە بوارەكەیاندا پێویستن و ڕوانگەیان پێدەبەخشن بۆ ئەوەی بتوانن لە پشت دروستكردنی قەبارەی بیناوە، شارستانییەت لە ڕێگەی تەلارسازییەوە بەرهەم بهێنن. دەرچوانی بواری ئەندازیاری و تەلارسازیی ئێمە لە ژێر كاریگەریی ناچارەكی خواستی بازاڕدا، كە بە دەست پارەدارانەوەیە، بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام لە واقیعی كاردا وەك بەردەستی بەڵێندەرە چاوچنۆكەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
یەكێك لەو دوو وانانەی پێویستە لە هەموو ساڵەكانی خوێندندا بخوێندرێن و پسپۆڕی تایبەتی وانەكان بیڵێنەوە، وانەكانی ئاكار و جوانیناسییە، كە ڕەنگە لە پلانی هەفتانە و كۆرسەكاندا هەبن، بەڵام بەو ئاستە نین كە ڕوانگە و ڕوانین بە فێرخوازەكان ببەخشن[5]. ئەم دوو وانەیە هەریەكەیان دەبێتە هۆكاری زیادكردنی پابەندێتی و بەرزكردنەوەی جۆرایەتی و هەروەها فراوانكردنی جیهانبینیی مرۆڤ. لە نەبوونی ئەم ڕوانگەیەدا، بۆچوونی كردەییانەی بەڵێندەر بەسەر ئەندازیاردا باڵادەست دەبێت و ئەندازیار وەك بەردەست مامەڵەی لەگەڵ دەكرێـت، یان لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە.
نهخوێندنی بنهماکانی جوانیناسیی کولتووری خۆماڵی له ههموو بوارهکان و بهتایبهتی له بواری خانووسازی خۆماڵی، یان بە گرنگ نەگرتنی؛ بەرهەمەكەی یان دەبێتە لاساییكردنەوە و كۆپیكردنەوە و دزیكردنی بیرۆكە، یانژی دەبێتە ئەو بینایانەی لە هەرێم دەیانبینین. یەكێك لە كاریگەرییەكانی خوێندنی جوانیناسیی تەلارسازی و ئۆربانیزم، ئەوەیە كە دەرفەت بۆ كولتوور و مۆركە خۆماڵییەكان دەڕەخسێنێت تا بە زمانی ئەندازیاری و تەلارسازی گوزارش لە خۆیان بكەن. قسەكە وا تێنەگەین دەمانەوێت بنەماكانی تەلارسازی و ئەندازیاری ملكەچی مۆركە كولتوورییە خۆماڵییەكان بكەین، بە پێچەوانەوە، مەبەستەكە ئەوەیە كە چۆن لە ناو زمانی ستانداردی تەلارسازی و ئەندازیاریدا ئەو كۆد و نیشانە و ئاماژە كولتوورییە خۆماڵییانە جێ بكەینەوە، كە دەتوانن جیاوازی دروستكەر بن. ئەگەر هەموو شتێك وەكیەكی لێ كرا، جیاوازی دەكەوێتە پەراوێزەوە و سەپاندن و لێكچوون و كۆپیكردنەوە دەبنە كولتوور. كولتووری ئێستەی تەلارسازیی ئێمە زیاتر مۆركی لاساییكراوەی خۆرئاوایی و توركی و كوێ و كوێی پێوە دیارە نەك كوردستانی. ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە نیشانەكانی جیاوازیی سەرمایەدارییەت و پارەداران: سەرمایەدارییەتی خۆرئاوایی ئاسانكاری دەكات بۆ ئەوەی پەیكەری شارەكەی، یان پڕۆژەی شارەوانییەكە بە بێگانەیەكی كورد بسپێرێت تا جیاوازییان بۆ دروست بكات. كەچی لێرە پڕۆژهکانی نیشتهجێبوون به ناوی بێگانهی سەیر و سهمهرەوە ناو دەنرین، بێ ئهوهی وێنهیەكی کوردستانییانە بەم وڵاتە بدەن، كە شوێنەواری 14000 ساڵ نیشتهجێبوونی پێوه دیاره. ئاکرێ، ئامێدی، ماردین، ههورامانی تهخت، پاڵهنگان، و تهوێڵه نموونهکانی بهرجهستهی ههبوونی هونهری نیشتەجێبوونن لهم وڵاته. لە ئێستادا زیاد لە چەند هونەرمەندی كورد لە دەرەوە دەناسم، كە لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و سوێد و دانمارك، ئەو كارانەیان پێ سپێردراون. نیاز بەیاتی، شوان كەمال، شۆڕش ئەمین و هووشار سەعید لەو هونەرمەندانەن.. بەڵام هەر ئەو هونەرمەندانە و چەندانی تر لە هەرێم جێگایان نابێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدا كە هونەری پەیكەر و شارسازی لە كوردستاندا بە سفری ڕۆشنبیریی پەیكەرسازانە و تەلارسازییانەی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، وێڕای چەند ڕیزپەڕێك. هەروەها دوو شارساز و ئۆربانیست دەناسم كە ئەوانیش (پ.ی. د. دیلان م ڕۆستەم و ئەندازیار فوئاد ئەحمەد)ن، كە هەریەكەیان خاوەنی چەندین پڕۆژەی ناوازەن و كەچی بەهۆی بیرۆكراسییەتی ئیداری و قەبووڵنەكردنیان لەلایەن تۆڕەداخراوەكانی ئەو بوارە لە حوكوومەت و كەرتی تایبەتیدا، بواری هیچ پڕۆژەیەكی ئەوتۆیان پێ نەدراوە.
خوێندنی ئاكارناسیش (Ethic)بە هەمان شێوە، كاریگەری لەسەر ڕوانگەی بواری تەلارسازی و ئەندازیاری هەیە، چونكە فیلتەرێكی بۆ دروست دەكات تا ئەوەی لە ڕووی ئاكارییەوە ڕێگەپێدراوە و خزمەت بە وڵات، ژینگە و مرۆڤ دەكات، جیا بكاتەوە لەوەی نائاكارییانەیە و هیچ پاساوێكی بۆ پێشخستنی تەلارسازی و ئەندازیاریی وڵاتەكە نییە. نەخوێندنی ئەم دوو بوارە، بە ڕوونی لەو پڕۆژانەدا دەبینرێن كە بەرهەم هاتوون، هەر لە شەقامەكانەوە، تا مۆڵ، باخچە، بانك، پرسگەی نێوان شاران و زۆر شوێنی دیكەش، كە دەكرا هەموویان ئەو زەمینەیە بن كە لە ڕێگەی تەلارسازی و فەزاسازیی ئەندازیارانەوە، بەشدارییان پێ بكرێت لە دروستكردنی شوناسی نەتەوەییدا بە زمانێكی ستانداردی جیهانی.
5
گەشت و گەڕان بە وڵاتاندا لە پرۆسەی گەشەكردنی سەرمایەداریدا، ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لەوەی سەرمایە بتوانێت گفتوگۆی نێوان كولتوورەكان و پەیوەندیی نێوان شارستانییەتەكان پێك بهێنێت. كاتی خۆی ئەسكەندەری مەكدۆنی بۆ داگیركردنی هەر ناوچەیەك ڕۆیشتبا، نموونەیەك لە كولتووری یۆنانی/مەكدۆنیایی لەگەڵ خۆی بۆ ئەو ناچەیە دەبرد و بینای دەكردەوە. كاتێك ئەسكەندەر مرد، لە یادوەریی خەڵكی ئەو ناوچانەدا كە داگیری كردبوون، بەشە شەڕانییەكەی سوپای ئەسكەندەر نەمانەوە، یان زۆر لاواز مانەوە، بەڵكوو ئەو كولتوور و شارستانییەتەی ئەسكەندەر لەگەڵ خۆی بۆ ئەو شوێنانەی بردبوون، مانەوە و بوونە جێی شانازیی وڵات و شوێنە داگیركراوەكان! خانووسازی به بهردهوامی نیشانهی قارەمانی شارستانییەت بووە. ڕهنگدانهوهی ههبوون و باڵادهستی شارستانییەتی گەلان بووە.
هەژاری و نەشارەزای لە كولتووری خۆجێیدا دەبێتە هۆكاری فێربوونێكی هەژارانەش لە كولتوورەكانی دیكە. تۆ كاتێك مێژوو و كولتووری پڕبەهای میللەتی خۆت نەناسی، نە لە پڕۆژەكانتدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، نە لە خەمیی سازدانەوەیشیدا دەبیت.
بەشێكی زۆری كولتوور و شارستانییەت لەم ڕێگەیەوە بۆ نێو كولتوور و شارستانییەتەكانی دیكە دەگوێزرێنەوە. لە جیهانی ئێستادا پێویست ناكات مرۆڤ وەك داگیركەر بچێت بۆ قەڵەمڕەوەكانی دیكە، بەڵكوو دەتوانێت سەفەر و گەشتیان بۆ بكات و لێیانەوە فێر بێت و ئەوەی خۆیان پێ ببەخشێت.
پارەداری ئێمە چونكە هەڵگری كولتووری سەرمایەداری نییە، كاتێك سەفەر و گەشتیش بۆ شوێنەكانی دیكەی جیهان دەكات، نە هیچی پێیە بیبەخشیت، نە هیچیش دەهێنێتەوە و فێر دەبێت. پارەدار شت ئەكڕێت بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی بەڵام هیچ شتێك بۆ وڵات و نیشتمانەكەی ناهێنێتەوە. كولتووری پارەدارانی هەرێمی كوردستان، لە كولتووری بنەماڵەپەرستی تێپەڕی نەكردووە. بۆیە ئەمانە نەیانتوانیوە، تەلارسازی، كە دڵی بازرگانییەكەیانە؛ وەك چالاكییەكی كولتوورساز و شارستانییەت دروستكەر بناسێنن. هەژاری و نەشارەزای لە كولتووری خۆجێیدا دەبێتە هۆكاری فێربوونێكی هەژارانەش لە كولتوورەكانی دیكە. تۆ كاتێك مێژوو و كولتووری پڕبەهای میللەتی خۆت نەناسی، نە لە پڕۆژەكانتدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، نە لە خەمیی سازدانەوەیشیدا دەبیت.
6
جیاوازییەكی دیكەی نێوان پارەداران و سەرمایەداران لە هەستی نیشتمانیاندایە: سەرمایەدار بە زۆر شێواز ئەم هەستەی دەردەبڕێت: پێشخستنی زمان و گرنگیدان بە زمان لە ڕیكلام، نووسین، پێناسەی بەرهەمەكانی و نووسراوە فەرمییەكانیدا بە زمانی زگماك. ئەمە جگە لە كڕینی بەرهەمی هونەرمەندانی وڵاتەكەی و ڕازاندنەوەی ئۆفیس و هوتێل و شوێنەكانی كارەكەی بە بەرهەمی هونەرمەندانی خۆماڵی. پارەدارانی ئێمە لە ڕووی بەكارهێنانی زمانی كوردییەوە زۆر لە پاشەوەن. هەندێكیان بە پاساوی ئەوەی (لە بەغدا گەورەبوون)، یان (بە عەرەبیی خوێندوویانە)! هیچ گرنگیی بە زمانی كوردی نادەن. واتە خودی خۆیان دەكەنە پێوەر لە بێتواناییاندا بەرامبەر بەكارهێنانی زمانی كوردی وەك ئەوەی ئەگەر خۆیان زمانەكەیان باش نەزانی؛ ئیتر ناتوانن لە بوارەكەشیاندا گرنگیی پێ بدەن. لیرەشەوە ڕەوایەتیی زۆر دەدەن بە زمانی بیانی و بە تایبەتیش زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، كە دوو زمانی خۆهەڵكێشانن لە بواری بازرگانی و بازاڕ و قازانجدا. لە زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانە و زانكۆ و خوێندنگە تایبەتییەكاندا، زمانی كوردی لاواز كراوە، نەك لەبەر ئەوەی زمانێكە بە كەڵكی بازرگانی و پەروەردە و تەكنەلۆژیا نایەت، لەبەر ئەوەی خاوەنكاران خۆیان زمانی زگماك نازانن و لێی شارەزا نین. ئەگەر حوكوومەت سیاسەتێكی زمانی پتە و پشتگیرانەی سەبارەت بە زمانی كوردی نییە، خۆ پارەدارەكان دەیاتوانی ئەم كەموكوڕییە پڕ بكەنەوە. بەڵام نەبوونی هووشیاریی نەتەوەیی نەك هەر لە بواری زماندا، بەڵكوو لە بوارە كولتوورییەكانیشدا لەكن پارەدارانی كورد زۆر لاوازە. ئەوان دەیانتوانی لە گەشەی شارەكەی خۆیاندا، لە ڕازاندنەوەی هوتێل و ئۆفیسەكانی خۆیاندا بە سوودوەرگرتن لە بەرهەمی هونەرمەندان و بە گەڕانەوەیان بۆ زمانزانان برەوێكی زۆر زیاتر بە هونەر و زمان و كولتووری كوردستان بدەن. نەبوونی هەستی نیشتمانی و هاونیشتیمانییەتی ئەوانی بەرەو ئاقارێكی دیكە بردووە، كە لاساییكردنەوەی خۆرئاوا و خۆهەڵكێشانیانە بە زانینی زمانی بیانییەوە. یان هەڵواسینی تابلۆی بازاڕی (زۆربەیان چینی و ئێرانی) و دانانی گوڵی پلاستیكی. هەروەها نەبوونی هەمان هەستی نەتەوایەتی و هاونیشتمانێتی، لە ناونانی هوتێل، شار و گوندەكانیانە بە ناوی بیانی و بەكارهێنانی ناوی وڵاتانە بۆ پرۆژەكانیان؛ ڕەنگی داوەتەوە: (گوندی ئەمەریكی، لوبنانی، ئەڵمانی، كۆری، فەرەنسی و ئیتالی) و كوێ و كوێوە بۆ چاوبەستكردنی هاووڵاتییانی كوردستان و سەندنەوەی شانازیی لە ناوە كوردییەكان. بەمج ۆرەش نەبوونی ئەو هەستە وای كردووە پابەندێتی بە شوێنەوە لەلای پارەدارانی كوردستان لاواز بێت. ئەوانە بەو جۆرە تەماشای خاك و شوێن دەكەن، كە ئامرازێكە بۆ بەرزكردنەوەی پڕۆژەكانیان، نەك ئامانجێكە بۆ دروستكردنی ژیانێكی جیاواز لەم نیشتمانەدا. هەر ئەم ڕوانگەیەشەوەیە كە ئەم پارەدارانە لە پاراستنی ژینگە و ژینواری هەرێمەكەدا ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نییە و پاشماوەكانیان فرێدەدەنەوە نێو خاكی وڵاتەكە. ئەمە وێرای ئەوەی لە بەكارهێنانی كەرەستەی خاوی خۆماڵیدا تەواو كەمتەرخەمن و كەرەستەی هاوردەی توركی و ئێرانی، وەك پیرۆز تەماشا دەكەن.
7
لە ناو ئەم باروودۆخەدا بواری تەلارسازیی ئێمە چی بەسەر هاتووە؟ یەكەم شت ئەوەیە كە چەمكی تەلارسازی، كە هاوكاتە لەگەڵ جێسازی، شوێنسازی و پێگەسازی لەو شتەی كە پێی دەگوترێت: پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و یەكەكانی نیشتەجێبوون؛ فرێدراوەتە دەرەوە چونكە هیچكامێك لەو پڕۆژانە شوناسبەخش نین[6]، هاوپەیمانییەكی خراپی نێوان پارەداران، مقاولەكان و بازرگانان لەگەڵ بەشەكانی وەبەرهێنان لە (حوكوومەت، حزب و ئیدارەی شارەكان)، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە تەلارسازی بە واتا ستانداردەكەی لە دنیای ئێمە فڕێ بدرێتە دەرەوە. لەگەڵ ئەم فرێدانەدەرەوەیەشدا جوانیناسی، ئاكار و ژینگەپارێزی و هێزی كاری خۆماڵی و چەمكی داهاتووش خراونەتە پەراوێزەوە و هەیكەلسازی جێگەی تەلارسازی گرتۆتەوە. نەبوونی چەمكی دواڕۆژ، هەموو هزرینێكیشی سەبارەت بە نەوەكانی داهاتوو بە پەراوێز خستووە: نەوەكانی داهاتوو لەلایەن ئەم پڕۆژە بەناو تەلارسازییانەوە، دەكەونە ژێر بەزەیی ئێكسپایەربوونە یەك بەدوای یەكەكانی نیشتەجێبوون! هەیكەلسازی نەیتوانیوە و ناشتوانێت داهاتووخواز بێت، چونكە تەنیا لە ڕووی قەبارە و قەبەیی و هەڵچوونەوە بەرەو ئاسمان هەڵچووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك تێشووی بۆ ڕۆچوون بەناو داهاتوودا پێ نییە و چاوەڕێی داڕمانێكی پاشەڕۆژییانەیە، جا ئەوە درەنگ بێت یان زوو، جا ئەوە بە بوومەلەزە بێت، یان بە قەدەری ئێكسپایەربوون. داهاتوو لەسەر بنەمای ئێكسپایەرەوە دروست ناكرێت، هەر وەك چۆن شوناس و شارستانییەتیش دروست ناكرێت.
دووەمین شت ئەوەیە كە چاوپۆشی لە دوو وانەی هەرە گرنگ لە بواری خوێندنی زانكۆییدا كراوە، كە ناخی ئەندازیاران و تەلاسازانی ئێمە بینا دەكات. هەتا ئەم دوو وانەیە مافی تەواوی خۆیان نەدرێتێ و لە پەیوەندی بە ژینگە و هەلومەرجی وڵاتەكەوە نەخوێندرێن، نەك بە كۆپیكردنەوەی بابەتی لە دەرەوەڕا هینراو بۆ ناو پۆلەكان؛ چارەنووسی تەلارسازی و پسپۆڕیی ئەندازیاری لە وڵاتی ئێمەدا نادیار و كارەكە هەر بەدەستی مقاولەكان و پارەدارانەوە دەبێت.
8
پێویستە پارەدار فێری كولتوورێكی سەرمایەدارانە بكرێت، بۆ ئەوەی پارە بتوانێت داهێنان و سەرمایەی ڕەمزی دروست بكات. بە مانایەكی دیكە پارە لە دەستی پارەداردا تەنیا چاوی لەپارەیە و تەنیا پارە وەك سەرمایە دەبینێت. ئەمەش وا دەكات كە پارە ئەو ڕۆڵە لە پێشخستنی كۆمەڵگەدا نەبینێت، كە پێویستە بیبینێت بۆ دروستكردنی شارستانییەت و شوناس. پارەی دەستی پارەداران خێری پێ دەكرێت، زەكاتی پێ دەدرێت، ڕیشووەی لێ دەردەچێت، “شیرینی” بە واتای “دەمچەوركردن”ی لێ دەردەهێنرێت و زۆر شتی دیكەش؛ بەڵام ناتوانێت دانایییەك دروست بكات، كە پێویستە بۆ ئەوەی پارە ببێتە سەرمایەی ڕەمزی و دەسەڵاتێكی كولتوورساز و شوناسبەخش. تەنیا ڕێگەیەك بۆ چارەسەری و سنووردانان بۆ ئەم پارەپەرستییە بێ كولتوورە، بوێری و پڕۆژەی ئەندازیار، ئۆربانیست و تەلارسازە لاوەكانمانن، كە هووشیارییان بەرامبەر ئەركەكانی خۆیان، داناییان بە پسپۆڕییەكەیان و دڵسۆزییان بۆ نیشتمانەكەیان؛ وا دەكات لەگەڵ پارەداران مامەڵەیەكی تایبەت بكەن و یارمەتییان بدەن تاكوو ئاستی هووشیارییان بەرز بكەنەوە بۆ ئاستی بوون بە سەرمایەدار. ئەو كاتە پڕۆژە هەیكەلسازییەكانی پارەداران دەچنە ئاستی پڕۆژەی شارستانسازی و كولتوورسازی و شوناسبەخشییەوە.
حزبی كوردی ئەوەندە نەزانە پێی وایە چونكە ئەوی تری بێگانە سەرچاوەی دەرامەتە، دەبێت مافی خاوەندارێتی بدرێتێ. ئەم پاساوە هەلی ڕەخساندووە ڕەوایەتی بدرێتە فرۆشتنی ڤیلا و خانوو و كۆشكەكان بە ئاوارە و بیگانەكان لەبەر ئەوەی پارەیان هەیە و سەرچاوەی جووڵەی ئابووریی كوردستانن.
9
بۆ تێگەیشتن لە خەسارناسی هەیكەلسازی لە هەرێمدا، نابێت هەر لێرەدا بوەستین: هەیكەلساز و خاوەنپارەكانی هەرێم، لە كەنار ئەو سیاسەتی ئاسانكارییەی لە حوكوومەتی هەرێمەوە بۆیان ئەنجام دەدرێت و كەس نییە مەچەكەیان بگرێت، خەریكی تەواوكردنی پڕۆسەی بەعەرەبكردنی هەرێمن. كارێك كە بەعسییەكان پێیان ئەنجام نەدرا، ئێستا خاوەنپارەكان و هاوكارەكانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتەجیكردنی عەرەب و بە یاسا بەركارەكانی دەستەی وەبەرهێنان لە حوكوومەتی هەرێمدا ئەنجامی دەدەن. ئەمەش هەیكەلسازیی پارەداران لەوەی پرۆژەیەكی بێ دەروەستی و ناژینگەپارێز و ناتەلارسازانە بێت، دەكاتە پڕۆژەیەكی تەعریبی سپی و هێواش هێواش پڕۆژەكەی بەعس لە هەرێمدا بە ئامانجی خۆی دەگەیەنێت. هەرگیز پێمخۆش نییە لە گێڕانەوەی هونەریشدا بێگانەی لە دەرەوە هاتوو ببینم لە دنیای مندا ببێتە خاوەن هەموو شتێك. ڕەسەنێتی مانەوە و خاوەنداری بۆ خەڵكی خۆجێی دەھێڵمەوە، بەڵام هەستی بێگانەبوون لە بێگانان ناستێنمەوە. هەرگیز نابێت بێگانان لەسەر خاكی خانەخوێ ببنە خاوەن هەموو شتێك و هەستی بێگانەبوون و تاراوگەبوونیان لێ بەسەنرێتەوە. خۆشم بەو ئەزموونەدا تێپەڕبووم و لە وڵاتانی نامۆ ژیاوم و نەبوومە خاوەنی هیچ شتێكی هەمیشەیی، بۆیە هەرگیز ئەوەندە مرۆڤدۆستێكی گێل نابم پێمخۆش بێت بێگانەش لەسەر خاك و كۆمەڵگەی مندا ببێتە خاوەن هەر شتێك.. گێلێتی “مرۆڤدۆستیی ڕۆمانسیانە” و سیاسەتی پێكەوەژیانی گێلانە خۆشە بەڵام تێدا ژیانی ئازار بەخشە. پێمخۆشە لە برسان بمرم و بێگانە وەك خاوەنماڵ لە خاكی ڕەسەنی خۆمدا نەبینم. پەیوەندیی من بە خاكەوە، پەیوەندییەكی ڕیشەییترە لەوەی بە پارە كڕیبێتم. حزبی كوردی ئەوەندە نەزانە پێی وایە چونكە ئەوی تری بێگانە سەرچاوەی دەرامەتە، دەبێت مافی خاوەندارێتی بدرێتێ. ئەم پاساوە هەلی ڕەخساندووە ڕەوایەتی بدرێتە فرۆشتنی ڤیلا و خانوو و كۆشكەكان بە ئاوارە و بیگانەكان لەبەر ئەوەی پارەیان هەیە و سەرچاوەی جووڵەی ئابووریی كوردستانن. من دەسەڵاتم هەبێت لەسەر ئەرز یەك بست زەوی بە عەرەب نافرۆشم، بەڵام لەو ئاسمانە با هەموو تاوەرەكان بۆ ئەوان بێت. نووسەر و بەناو ڕۆشنیری كورد هەیە، ئەمە بە ڕەیسیزم و كۆنەپەرستی تێدەگات. بەس من یەكسەر بلۆكی دەكەم. بڕوام بە بەخشینی نیشتمان هەیە دوای ئەوەی بەدەستت هێنا، بەڵام پێش ئەوەی نیشتمانت هەبێت، هەڕاجكردنی كارێكی گێلانەیە.
ئەگەر لە ئەبوویەقزانەوە تا سەدام حسێن سیاسەتی بەعەرەبكردن بێت، ئەوە لە سایەی یاسا بەركارەكانی هەرێم و لە بواری نیشتەجێكردندا پڕۆسەی “خۆبەعەرەبكردن” بە ڕوونی دەبینینەوە.
10
یاسا بەركارەكارەكانی هەرێم لە بواری وەبەرهێناندا دەستی بێگانە دەگرن و زەوی هەرێمی كوردستانیان ڕادەست دەكەن. وەك لە كتێی (قەفەسی ئاسنین 2003)دا[7]، باس كراوە: بەعەرەبكردن و خۆبەعەرەبكردن مێژوویەكی دێرینەی لەسەر خاكی ئێمە هەیە. ئەگەر لە ئەبوویەقزانەوە تا سەدام حسێن سیاسەتی بەعەرەبكردن بێت، ئەوە لە سایەی یاسا بەركارەكانی هەرێم و لە بواری نیشتەجێكردندا پڕۆسەی “خۆبەعەرەبكردن” بە ڕوونی دەبینینەوە. ئەوەی لێرەدا بە بەراوورد بە سەرجەم مێژووی كورد جیاوازە ئەوەیە: لەو میژووە سیاسییەی خەباتی كورددا هەمیشە “كێشەی كورد و كوردستان” وەك “شوناس و خاك”، یان “شوناسێكی خاكمەند” لە چەقدا بوون. بۆ مانەوە لەسەر خاكی كوردستان و بۆ بەرجەستەكردنی شوناسی كوردستانیانەی نیشتمانەكەمان بە هەزاران كەس خوێنی خۆیان ڕشتووە. ئەوەی گشت میللەتان چێژی لێ وەردەگرن و بۆتە مایەی بەختەوەرییان ئەم كوردە لە خۆی گرتۆتەوە بۆ ئەوەی شكۆی خۆی بپارێزێت و سنوور و كەوشەنەكانی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بمێننەوە. لە ئێستادا تەنیا بە هۆكاری ئابووری و لەبەر ویست و قازانجی ژمارەیەكی كەمی وەبەرهێنەری كوردستان و بیانی، بەڵام بە پشتگیریی یاسایی و كارگێڕی و ئاسانكاری حوكوومەتی هەرێم؛ خەریكە كۆی شكۆی ئێمە و كۆی ئەو قوربانییانەی بۆ پاراستنی شكۆی كوردستان بوونەتە قووربانی لە بیر دەكرێت. كێشە نەتەوەی و مرۆییەكەی ئێمە هاتۆتە سەر دروستكردنی ڤێللا و باڵاخانە و فرۆشتنی بە عەرەبە بێگانەكان. ئەمەش ئەو جۆری بەعەرەبكردنەیە، كە هەرگیز عەرەبە شۆڤێنییەكان خۆیان نە بیریان لێ دەكردەوە و نە دەیانتوانی ئاوا ئاسان ئەنجامی بدەن. لەم فۆڕمە نوێیەی بەعەرەبكردندا هاوكات بە تەعریبی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی (شیعەگەری و سووننیگەری)، چەندین ئاراستەی هزری تائیفیش هێنراونەتە هەرێمی كوردستان. ئەوەندەی ئێستا وردەكولتووری شوێنە جیاوازەكانی عێراقی عەرەبنیشین لە شارێكی وەك هەولێر دەبینیتەوە، لە شوێنی خۆیان بەو قورسی و تۆخییە نەماوە و لێرە لە سۆنگەی سەردەستەیی مێژوویی عەرەبییەوە بەسەر كوردا، لەلایەن ئەو خانووكڕانەوە زیندوو دەكرێنەوە. ئەوەی نایانەوێت كوردی فێر ببن، تێكەڵ بە فرەكولتووریی هەرێم ببن و شێوازی پێكەوەژیانی هەمەچەشن پەسەند بكەن، لەو ڕوانگە سەردەستەیی و پاشایەتیكردنەی عەرەبیزمەوە هاتووە. لە ڕوانگەی داهاتووناسانەوە، چەند ساڵێكی دیكە كورد و نەتەوەكانی دیكەی هەرێم دەبنە كەمایەتی و كۆتایی بە زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێم دێت. لە ئێستادا ئەمە بە ڕوونی دەبینرێت: لە شارێكی وەك گەنجان (گەنجان سیتی) لە هەولێر، ژمارەی دانیشتوانی عەرەب لە(5) هەزار كەس تێپەڕی كردووە. زۆربەی ئەم خێزانانە لە 4 بۆ حەوت و بۆ 14 منداڵیان هەیە لە سێ بۆ چوار ژن[8]. ئەمەش پێمان دەڵێت لە داهاتوودا ئەمانە نەك هەر دەبنە فاكتەری ئەمری واقیع بەسەر هەرێمەوە، بەڵكوو زمان و كولتوورەكەشیان دەبێتە واقیعێكی نكوڵی لێ نەكراو. ئەمەش لە كاتێكدا بە كۆی دانیشتوانی ئەم شارە لە كوردی هەموو پارچەكانی كوردستانی مەزن و توركمان و مەسیحی و ئاشووری و.. دانیشتووی ئەم شارە ناگاتە 3500 كەس. بەم جۆرەش لە داهاتوودا ئەگەر ژمارەی عەرەبە كڕیارەكان بە ڕێژەی لەسەدا %3ش زیاد بكات، هەولێر پاش چەند ساڵێكی كەمی دیكە دەبێتە شارێكی زۆرینە عەرەب. ئەمەش وێڕای گۆڕینی شێوازی ژیان، تام و چێژ، زەوق، سەلیقە و كۆی ئەو فاكتەرانەی دیكە كە پیەر بۆردیۆ لە كتێبی (جیاوازی)[9]دا بەسەریان دەكاتەوە.
11
بەم جۆرەش هەیكەلسازەكان هەر تەنیا پڕۆژەی نیشتەجێكردن و وەبەرهێنان جێبەجێ ناكەن، بەڵكوو زۆر بە ئاشكرا درێژەیش بە پرۆسەی بە عەرەبكردن دەدەن. ئێمەی كورد نەك لە عێراقدا، بەڵكوو لە ئێران و توركیا و سووریای جارانیشدا مێژوویەكی تاڵمان لەگەڵ بەعەرەبكردن، بە تورككردن و بە فارسكردن، یان بۆ نەرمكردنەوەی ئەم دەستەواژەیە: بە(ئێرانیكردن) هەیە. ئەو مێژووە هەر تەنیا دەستكاریكردنی دیمۆگرافییانەی كوردستان، یان سیاسانە و شوناسی كورد نەبووە، بەڵكوو هاوشانیش بەوە بەتاڵانبردنی كولتووری ڕۆحی و توندووتیژی و داگیركاری ئایینی و ئایدیۆلۆژیشی لەگەڵ بووە، ئەمە وێڕای لە پێشچاوخستنی نیشتیمان و زمانەكەمان و پێشینەی كولتووریمان بە ئاستێك كە چەندین نەوەی كوردستان خۆیان بە زمانی ئەوانی تری نەیار لەبارەی كوردبوون و كوردستانیبوونی خۆیانەوە دەدوێن.
بە عەرەبكردن ئەگەر لەسەرەتاوە شیرینییەك، یان “دەمچەوركردنێك” بووبێت عەرەب لە هێرشی غەزوودا دابێتیان بە میللەتانی داگیركراو، ئەوە هەمشە هاوشان و هاوكاتیش بووە بە پرۆسەی “خۆبەعەرەبكردن” و “بەدووژمنكردن”ی ئەوانی تری غەیرە عەرەب كە نەهاتوونەتە ژێر ڕكێفی مسووڵمانبوونەوە. “خۆبەعەرەبكردن” ئەو میكانیزمە بوو كە كورد بۆ وەرگرتنی دڵنیایی و پاداشت خۆی تێدا بەشدار بووە. ئەمەش لەسەر بنەمای دۆزینەوە و خۆدانەپاڵی ڕەچەڵەكێكی عەرەبییانە بۆ خۆی بەند بووە. زۆربەی كاتیش ئەمە ئەو میكانیزمە بووە كە بنەماڵە و دەسەڵاتدارە كوردەكان لە مێژوودا، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان پەنایان بۆ بردووە و سەجەلەیەكی عەرەبیانەیان بۆخۆیان داتاشیوە تا بیانباتەوە سەر كەسایەتییەكی ناوداری ئیسلام، بۆ نموونە (عەلی كوڕی ئەبوو تاڵیب)، یان هۆزێكی عەرەب. بەڵام “بەدووژمنكردن” زیاتر لەسەر یاخیبوونی كورد بۆ نەچوونە نێو ئەم داوەوە زانیاریمان دەداتێ و ئەوی تر (عەرەب) خۆی بەناچار دەبینێت كە لە (ئەوی تر) كە كوردە، “دووژمنێك” دابتاشێت. وەكچۆن “خۆبەعەرەبكردن” بەرئەنجامی تێفكرینی كوردە بۆ تەسلیمبوونی بە شوناسێك، كە خۆی نییە؛ لە كاتێكدا “بەدووژمنكردن” هەڵگری گوتاری ئەویترە لەسەر كورد كە نایەوێت تەسلیمی گوتاری “خۆگونجاندنی كورد” بێت لە چوارچێوەی پانعەرەبیزمی بەعسییەكاندا. بۆیە “غەزوو” لە شێوەی “ئەنفال”دا خۆی دووبارە دەكاتەوە. بەردەوامیی ئێستای ئەنفال ڕێك لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بواری هەیكەلسازییەوە بە ئەنجام دەگات.
بەعس كاتێك ئەنفالی كوردی كرد لەبەر ئەوە بوو ئەم پڕۆژەی بەعەرەبكردنە لە ئاست كوردا بەتەواوی سەری نەگرت. بۆیە دەبوو كورد بە دووژمن بكرێت و ئەوەش ڕەوایەتی بە ئەنفالكردنی بدات. لە پرۆسەی ئەنفال و بە دووژمنكردن و بە عەرەبكردندا، زمان و شوناس و كولتوور و زەوق و سەلیەقیەی ئێمەی كورد لە مەترسییدا نەبوو، بەڵام لە پرۆسەی تەعریبی سپی و نیشتەجیكردنی وەبەرهێناندا هەموو ئەمانە لە مەترسیدان.
2023
هەولێر
[1] ڕێبوار سیوەیلی: پییەر بۆردیۆ و كۆمەڵناسیی فەلسەفی. هەولێر: ڕێكخراوی زەریاب بۆ خزمەتگوزاری كولتووری، چاپی دووەم: 2013، ل: 76-86.
[3] لەبەرنامەی كەناڵی ڕووداو: لەگەڵ ڕەنج كە لە پەیجی كەناڵەكەدا هەیە.
[4] Dilan M. Rostam: Evolved Sustainable Building Engineering in Vernacular Architecture of Kurdistan. ARO Journal: A Scientific Periodical Open Access Journal and has no APC & ASC. Vol. 5 No. 1 (2017): Issue Eight
[5] https://parametric-architecture.com/an-overview-of-antoni-gaudi-philosophy-and-work/.
[6] لە پەیوەندی شوێن و شوناس بڕوانە:
- ڕیبوار سیوەیلی: دیاردەناسی شوێن و شوناس، سلێمانی: ناوەندی غەزەلنووس، 2015.
[7] ڕێبوار سیوەیلی: قەفەسی ئاسنین یان بۆ ببمەوە بەعێراقی؟، چاپی یەكەم، سلێمانی: 2003 ڕەنج، چاپی دووەم ڕێكخراوی زەریاب، هەولێر: 2020.
[8] ئەو ئامارانەم لە شوێنی فەرمی وەرگرتووە و سەرچاوەكەیان پارێزراوە.
[9] پی یر بوردیو: تمایز: نقد اجتماعی قضاوتهای ذوقی. ترجمەء: حسن چاوشیان، تهران: ثالث، 2011.