تێگەیشتنی نادروست لە چەمکی فۆرم

جارێک ئەم داهێنانەی خۆم، ستۆری کردبوو:

“دەکرا ئێستا لە بەهەشت باین

ئادەم و دادەم نەیان‌هێشت”


کابرایەک کە یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی هەورامان ستۆرییەکەی ڕیپڵای کردبوو کە:

“ئەوەی تۆ دەیڵێیت هەر ئەو قسەیەی حافزە کە دەڵێت:

من مَلِک بودم و فردوس برین جایم

آدم آورد در این دیرِ خراب آبادم”

ئەو بەڕێزە پێی وابوو من شتێکم دانەهێناوە و قسەکەی حافزم دووبارە کردووەتەوە.

دڵنیام ئەگەر کابرای شاعیر ئەم قسەیەی لە لای بڕێک خوێنەری ئاساییی ئەدەبی کوردی بکردایە، ئەو شاعیرە ناحاڵییە لە لای ئەو خوێنەرانە وەک کەسێکی خوێندەوار و ژیر دەر دەکەوت.

بەڵام لای من ئەو نەک ژیر و خوێندەوار بەڵکوو کۆڵەوارە.

ئەوەی ئەو ناتوانێ بیبینێ و سەرنجی ڕاناکێشێت بابەتی “فۆرم”ـە.

داهێنانەکەی من و ئەوەی حافز یەک شتیان هاوبەشە؛ کانتێکس و زەمینەی نووسین. هەر دوو باسی داکەوتنی مرۆ لە بەهەشت ئەسەر زەوی دەکەن. هەردوو ئادەم ــ لای من “دادەم”یش ــ بە هۆکاری ئەو داخستنە دەزانن. بە گشتی دەتوانین بێژین “بابەت”ـەکەیان یەک شتە.

قسەیەکی ڕاست و هەتا بڵێی سواو و دووبارە هەیە:

“هونەر و داهێنان کارکردنە لەسەر فۆرم”

داهێنەرانی گەورە لەبەر داهێنانی فۆرمی هونەری بەرز، ناویان ماوەتەوە نەک لەبەر گوتنی ناوەڕۆک و مانا و پەیامێکی بەرز.

ئەگەر گوتنی قسەی تازە و پەیامی تازە، ئەرکی هونەرمەندان بوایە، ئێستا دەبوو گۆڕەپانی هونەر و ئەدەبیات، شوێنی تەڕاتێنی پێغەمبەران و شۆڕشگێڕان و فەیلەسووفان و وتاردەران بوایە نەک هونەرمەندان و ئەدیبان.

کام شاعیر و ئەدیب و هونەرمەند قسەیەکی نوێ و ڕوونی وەک ئەم گوتەیەی مارکسی کردووە:

فەیلەسووفان تا ئێستا تەنیا جیهانیان بە جۆرانێکی جیاواز لێک داوەتەوە، گرنگ ئەوەیە کە بیگۆڕن(یان بیگۆڕین)؟

هەموو کەسێکیش دەزانێ مارکس پێگەیەکی لە ئەدەبیاتدا نییە.

ئەو ئەقڵەی داهێنانەکەی من بە دووبارەکردنەوەی قسەکەی حافز بزانێت، لە خوێندنەوەی شیعر و ئەدەبیاتدا سەرنجی لەسەر فۆرم و چۆن گوتن بەند نابێت، بەڵکوو هەمیشە وڕە و ئیسفەنجی بیر و سەرنجی خەریکی هەڵمژینی ئاوی مانا و پەیام و ناوەڕۆکە.

ئەو ئەقڵە دووبارەبوونەوەی بابەت یان ناوەڕۆک یان مەتریاڵ یان پەیامێک ــ تەنانەت ئەگەر لە فۆرمێکی جیاوازی داهێنەرانەشدا بێت ــ بە خەسار دەزانێت.

کێشەیەکی گەورەی بۆرەخوێنەر و زڕەئەدیب و کۆلکەڕەخنەگری کورد ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا تێگەیشتنێکی دروستیان لە فۆرم نییە.

گرنگ نییە پێناسەیەکی تایبەتی خۆتت بۆ فۆرم هەبێت، بەڵام گرنگە تێگەیشتنێکی دروستت لە فۆرم هەبێت. گرنگە کاتێ باسی لایەنی فۆرمیکی بەرهەمێک دەکرێ بزانی ئەو بابەتە چی دەگرێتەوە.

لە درێژەدا بڕێک پێناسە لە فۆرم دەخەمە ڕوو و لە کۆتاییدا چەند نموونەیەک لە هەڵە تێگەیشتنی ئەدیبانی کورد لە فۆرم نیشان دەدەم.

جوانترین و باوترین هاوتای کوردی بۆ وشەی فۆرم، وشەی “شێوە”یە. شێوە لە کوردیدا مانای دەموچاو و قیافە دەدات. کورد بە بەرانبەرەکەیان دەڵێن: شێوەت ئەکەم. کە بە فارسی دەڵێن:

قیافەات برایم آشناست

تەواوی فەرهەنگە ئینگلیزییەکان بگەڕێیت تێ دەگەیت وشەی شێوە بە مانای قیافە هاوتایەکی گونجاوە بۆ فۆرم. فۆرمی هەر شتێک قیافە و شێوەی ئەو شتەیە. کاتێک باسی فۆرمی شتێکی مادی دەکەین، فۆرم لە مانای وشەییی خۆیدا بەکار دەبەین، بەڵام کاتێک باسی فۆرمی شتێکی نامادی دەکەین ــ وەک شیعر ــ فۆرم بە شێوەیەکی خوازەیی بەکار دەبەین. واتە کاتێک باسی فۆرمی شیعرێک دەکەین چمان ئەو شیعرە مرۆ یان هەر شتێکی مادیی ترە کە قیافە و شێوەی هەیە.

بە بڕوای من بۆ تێگەیشتن لە فۆرم پێویستە باسی چەمکی مەتریاڵ یان ماتەریش بکەین، چون زۆر جار خەڵک ئەو دوو شتەیان لێ تێک دەچێت.

بڕێک پێناسەی فۆرم:

ڕێکی یان ڕیزبەندیییەکی گشتی لە پاژەکان، ئەو جۆرەی پاژەکان لە پەنای یەک دەوەستن تا شتێک یان کۆیەک دروست بکەن(ئەدڤەنس لێرنێر ل ۴٨٨)

تێکەڵکردنی توخمگەلێک کە کۆیەک دروست دەکەن، شێوازێک کە لە نێوان ئەم توخمانەدا هەماهەنگی دروست کردووە، بە کورتی هۆکارێک کە خەسڵەتێکی تایبەت بە کۆمەڵەیەک لە شتەکان دەبەخشێت (فرهنگ معین ل ۲۵۲۳)

۱. شێوەی تایبەتی هەر شتێک.

۲. حاڵەتێکی تایبەت لە بوون کە شتێک هەیەتی یان بە دەستی دەهێنێ بۆ نموونە ئاو بە فۆرمی هەڵم.

۳. ڕیزبەندی، بە تایبەت ڕیزبەندییەکی ڕێک. ئەو جۆرەی پاژەکانی گشتێک ڕێک خراون. ( فەرهەنگی وێبێستر ل ۵۴٨)

ئەوەی چشت(شیئ) لێی دروست بووە و لەو چشتەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە مەتریاڵە و، ئەو جۆرەی ئەو مەتریاڵانە ڕێک خراون یان پێکهاتەیەکیان دروست کردووە پێی دەڵێن فۆرم.(ئینسایکلۆپیدیای ئینترنشناڵ )

دوو پێناسەی سادەکەرەوە و ناتەواوی من بۆ فۆرم ئەمەن:

شێوەی چنرانی پێکهێنرەکان

شێوەی داڕشتنی مەتریاڵەکان.

پێناسەیەکی فۆرم کە وشەی “داڕشتن”ی تێدا بێت باشی ئەوەیە کە بابەتی “قاڵب”یش دێنێتە گۆڕێ کە وشەیەکی نزیکە لە فۆرم بەڵام جیاوازە لەگەڵ فۆرم.

قاڵبێک سەهۆڵی شەشپاڵوویی بێرە بەر چاوی خۆت، فەرقی لەگەڵ ئەو کاتەدا چییە کە بیتوێنیتەوە و بیکەیتە ناو قاپێک؟ لایەنی هاوبەشیان چییە؟

لایەنی هاوبەشیان مەتریاڵەکەیانە کە ئاوە. فەرقی گەورەیان فۆرمەکەیانە. فۆرمی قاڵبە سەهۆڵەکە لە دوو شت پێک هاتووە یەکەمیان ئاوی ڕەقە، دووهەمیان شەشپاڵوویەکە کە درێژی “لا”کانی دیارە.

ئێستە دەپرسین “ناوەڕۆک”ی قاڵبە سەهۆڵەکە چییە؟

ناوەڕۆکی قاڵبە سەهۆڵەکە، سەهۆڵە. لێرەدا بڕێک بە هەڵە دەڵێن ناوەڕۆکی قاڵبە سەهۆڵەکە، ئاوە. ئەمە هەڵەیە. ئاو مەتریاڵی قاڵبە سەهۆڵەکەیە. ناوەڕۆکی قاڵبە سەهۆڵەکە ئاوی ڕەقە، ئاوی ناشل. ئێستە جێگەی ئەوەیە لە مانای ئەو ڕستە کلیشەیییە تێ بگەین کە هەمووان بە بێ تێگەیشتنێکی دروست دووبارەی دەکەنەوە:

فۆرم، ناوەڕۆکە.

لە دەستنیشان‌کردنی فۆرمی قاڵبە سەهۆڵەکەدا گوتمان “ئاوی ڕەق”(آب جامد) لەگەڵ قاڵبی شەشپاڵوو فۆرمی سەهۆڵەکەیان دروست کردووە. لێرەدا دەبینی ئاوی ڕەق هەم بەشێکە لە فۆرم هەم بەشێک له ناوەڕۆکە؛ ئەم نموونەیە ڕەنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕستەی فۆرم ناوەڕۆکە یارمەتی دەر بێت. مانای ئەو ڕستەیە ئەوەیە مادام دوو شت فۆرمیان فەرقی هەبوو، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناوەڕۆکیشیان فەرقی هەیە.

لە تێگەیشتنێکی سادەدا ڕەنگە کەسێک بڵێت “بێدەنگ بە” و “قەوچەقەوچ مەکە” یەک ناوەڕۆکیان هەیە. بەڵام من وای نابینم. ئەم دوو دەربڕینە فۆرمیان فەرقی هەیە، هەر بەم پێیە و بەو جۆرەی گوتمان فۆرم ناوەڕۆکە، ناوەڕۆکیشیان فەرقی هەیە.

دەی باشە ئەو دوو دەربڕینە ــ بێدەنگ بە و قەوچەقەوچ مەکە ــ چ شتێکیان لە یەک دەچێ؟

وەڵامی من بەم پرسیارە “مانا”یە.

لە نموونەی قاڵبە سەهۆڵەکەدا دەتوانین لە نێوان فۆرم، ناوەڕۆک، مەتریاڵ و قاڵب جیاوازی دابنێین. (قاڵب لەم نموونەیەدا شەشپاڵووەکەیە کە ئەندازەی لاکانی دیاری کراون).

ئەمانەی خوارەوە بڕێک ڕستەی “ساڵح سووزەنی”ن لە وتارێک بە ناوی “نوێژانەی بێهزاد کوردستانی و ئاوڕێک” کە لە ماڵپەڕی “هاوچەرخ”دا بڵاو کراوەتەوە:

“به‌ رای من فورم مه‌یدان‌دانه‌ به‌ زمان وه‌ك سیسته‌میكی نیشانه‌ی وانوێنراو simulacrum بۆ ده‌رخستنی ئه‌وپه‌ڕی وانوێنراوگەری و ده‌رچوون له‌ بازنه‌ی «موسولی» ئه‌فلاتوونی…”(۱)

” نوێژانە” دەقی رێزدار بێهزاد کوردستانی  ئەو هەوڵەی چ وەک تێکشکاندنی فۆرمی کۆن و چ وەک بەرهەڵستکاری دەقی کۆن و چ وەک تەبایی نێوان ئە دووانەی بە ئاشکرا پێوە دیارە.(۲)

فۆرمی گشتی نوێژانە پشتقاییمە بە شکاندنی فورمێکی دی کە هەمان فۆرمی “عیبادات”ە و پێشتر زاڵترین فۆرمی ستایشەکان بووە بەرانبەر ئەوی مەزن.(۳)

ڕستەی یەکەمی ساڵح سووزەنی ئەگەر چاکی بکەیتەوە و ڕێک و پێکی بکەیت لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت ناساندن و خستنەڕووی جۆرێک بوتیقای پۆستمۆدێڕنیستی بێت نەک پێناسەی فۆرم.

گاڵتەجاڕە فۆرم بە “دەرچوون لە بازنەی مۆسۆلی ئەفلاتوون” پێناسە بکەیت لە حاڵێکدا یەکێک لە سەرەتاییترین پێناسەکانی فۆرم، تیۆری مۆسۆل(فۆرمەکان)ی ئەفلاتوونە.

ڕستەی دووهەمی ساڵح سووزەنی ڕوونتر لە ڕستەی یەکەم تێگەیشتنی نادروستی بەڕێزیان لە فۆرم دەر دەخات. لەو ڕستەیەدا دووبارە بە چاککردنەوە و ڕێکوپێک‌کردن لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بێژین فۆرم بە مانای “قاڵب” بەکار بردراوە. دەبێ خوێنەر تا ئێرەی نووسینەکە تێ گەیشتبێت باسکردن لە تێکشاندنی فۆرمی کۆن هەر لە بنەڕەتدا باسکردن لە فۆرمی کۆن چەندە بێمانایە. تەنیا لە یەک حاڵدا دەتوانین باسی فۆرمی کۆن بکەین. ئەگەر باسی چەند فۆرمی جیاوازی یەک شتی دیاریکراو بکەین دەتوانین یەکێک لە فۆرمەکان وەک فۆرمی کۆن ناو ببەین، بۆ نموونە ئەگەر بکرێت “خۆشم دەوێی” و “ئای لاڤ یو” وەک دوو فۆرمی یەک “مانا” لەبەر چاو بگرین، ئەو کات بە یەکێکیان بڵێین فۆرمی کۆنی ئەو مانا دیاریکراوە، لێرەدا لێکدراوی فۆرمی کۆن، مانادارە. بەڵام کاتێک باسی شیعرێکی کەسێک دەکەی کە ماتەر و مەتریاڵ و قاڵب و بابەت و دانەر و هەموو شتێکی جیاوازە و دێی کۆمەڵێک شیعر کە مەعلووم نییە کام شیعرن و دانەریان کێیە و ماتەر و قاڵب و ناوەڕۆک و هتدیان چییە وەک فۆرمی کۆنی ئەو شیعرە ناو دەبەی، دیاری دەدا کە  تێگەیشتنێکی هەڵەت لە فۆرم هەیە.

لە ڕستەی سێهەمی ساڵح سووزەنیدا نادروست بەکاربردنی فۆرم، ڕوونتر لە دوو ڕستەکەی تر دەر دەکەوێت. کاک ساڵح سووزەنی بە “قاڵب”ی نییەت‌هێنان لە کاتی نوێژکردندا دەڵێت: “فۆرمی عیبادات”.

کاک ساڵح ئەم ڕستەیە هێناوە:

” قەست و نیەتم ئەوەیە چوار رکات نوێژی ئەم عەسری حازرییە بەجێ بێنم. لە سەرم فەڕزە بۆ خوا… خوای مەزن”

ئەمەش ڕوونکردنەوەی کاک ساڵحە:

“ئەمە سەرەتای نوێژێکی خۆماڵییە و شکاندنی “نوێژ” بە نوێژانە هەر لە سەردێڕی دەقەکەدا خوێنەر دادەچڵەکێنێ. خوێنەر ئەو:  مەستانە/ عاشقانە/ دایکانە/ باوکانە و دەیان وشەی لەو چەشنەی بیستووە بەڵام هەرگیز نەیبیستووە یان نەیوێراوە ئەو وشە بڤەیە ببیستێ چ بگا بەوەی بیبینێ و شکاندنەکان هەر لەوێوە دەست پێ دەکا”

دواتر ئەو دەقەی خوارەوە دەهێنێ:

” نیه‌تمه‌ فه‌رزی چوارگۆشه‌ی ئه‌م ژیانه‌ حازریه‌

نه برا‌ ،حازری چی!؟

نیه‌تمه‌ فه‌رزی چوارگۆشه‌ی ئه‌م ژیانه‌ به‌جێماوه‌ به‌ قه‌زا به‌ جێ بێنم بۆ بێتاقه‌تی

هه‌تااااااااااااکوو ئه‌وسه‌ر. “

بەڵام: لایەنی هاوبەشی نێوان ئەو نییەت‌هێنانە نەریتییە و ئەو بۆرەداهێنانەی کاک بێزاد قاڵبەکەیانە نەک فۆرمەکەیان.

سەدان نموونە لە بەدتێگەیشتن و هەڵەتێگەیشنی ئەدیب و شاعیر و ڕەخنەگری کورد، لە تاقە بابەتی گرنگی ڕەخنەی ئەدەبی و داهێنان ــ واتە فۆرم ــ دەست دەکەوێت.

لێرەدا من یەک نموونە لە بەڕێز سەعدی حاجی دەهێنمەوە کە لە وتاری “ئەم کۆڵانە تەنگەبەرانە لە یەک دەچن”دا هاتووە:

دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر نووسینی ڕۆمان بە شێوازی ڕیالیستی یان مۆدێڕن کەوتبێتە پەراوێزەوە و نووسەرە گەورەکان هەموو ڕەدووی فۆرمە تازەکان کەوتبن (ل ٨)

پێویست بە لەسەرچوون ناکات، چون هەڵەبوونی بەکارهێنانی لێکدراوی وەک “فۆرمە تازەکان”م لە “فۆرمی کۆن”ـەکەی کاک ساڵحدا ڕوون کردووەتەوە. تەنیا دەڵێم: لە “فۆرمە تازەکان”دا، “کان” تێکەڵێکە لە نیشانەی ناسراوی و نیشانەی کۆ بوون. واتە باس لە فۆرمگەلێکی ناسراو دەکات کە لە پێشدا هەبوون. ئەرکی داهێنەر، داهێنانی فۆرمی تازە و تایبەتە نەک ڕەدووی فۆرمی تازە کەوتن.

خودی مێتافۆری “ڕەدووی فۆرمی تازە کەوتن” دووبارە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە فۆرمەکان ناسراون و لە پێشدا هەبوون، چوون لە کوردیدا ئەوینداران ــ کە حەتمەن لە پێشدا یەک دەناسن ــ  ڕەدووی یەک دەکەون. مرۆڤی کورد ڕەدووی نەناسراو ناکەون، بەڵکوو شوێنی دەکەون.

پێم وایە کاک سەعدی فۆرمی نزیک لە وشەیەکی وەک “تەکنیک” بەکار هێناوە.


ئەم نووسینە تەنیا باسی هەڵەتێگەیشتن و هەڵە بەکاربردنی وشەیەکی گرنگی ناو ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ــ فۆرم ــ دەکات. کە ئەمە خۆی دەرخەری ئاستی جیدددیبوونی ڕەخنە و داهێنانە لە دنیای کورددا.

پێویستی نەدەکرد من باسی مێژووی وشەی فۆرم لە فیکر و فەلسەفەی ڕۆژئاوادا بکەم. ئامانجی من خستنەڕووی پێناسەیەکی نوێ و تایبەت‌بەخۆم بۆ وشەی فۆرم نییە، بەڵکوو ئامانجم دەرخستنی هەڵەتێگەیشتن و هەڵەبەکاربردنی ئەو چەمکەیە.

من ئەگەر چەند مانگیش کاتم بۆ نووسینی مێژووی ئەو چەمکە دانابا لە کۆتاییدا وتارێک دەردەهات کە لە چاو ئەو وتارانەی لە زمانانی تردا نووسراون وتارێکی پلە چەندەم دەردەهات.


لە کۆتاییدا بۆ تێگەیشتنی چاکتری خوێنەر باسی شیعرێک دەکەم. سەرنجی ئەم دوو دێڕە شیعرەی شێخ ڕەزا بدەن:

گەرچی فەقیر و موفلیسە شێخ مامە ساڵحم

نەمدی کەسێ وەکوو ئەو ساحیبی کەرەم

میوانی بووم، نان و کەرەیی نایە بەردەمم

ئێستاش بەبێ موداهەنە مەمنوونی ئەو کەرەم

وەک ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەو خوێنەرانەی کە ڕەنگە ئەدەبیەتی دەقەکە سەرنجی ڕانەکێشابن دەڵێم: ئەدەبیەتی ئەو دەقە لەسەر بڕگەی “ئەو کەرەم”ی خشتەی چوارەمی شیعرەکە وەستاوە. لەوێدا ڕوون نییە مەبەستی شاعیر لە “ئەو کەرەم” ئەوەیە کە مامی کەرە یان ئەوەی کە مەمنوونی “کەرە”کەیە کە خواردوویەتی.

له بڕێک ناوچەی کوردستاندا بە “کەرە” دەڵێن، “کەرێ”. با ئێستا ئێمە شیعرەکە دووبارە بنووسینەوە و ئەمجارە “کەرە” بکەین بە “کەرێ” بزانین چی لێ دێ:

گەرچی فەقیر و موفلیسە شێخ مامە ساڵحم

نەمدی کەسێ وەکوو ئەو ساحیبی کەرەم

میوانی بووم، نان و “کەرێ”ی نایە بەردەمم

ئێستاش بەبێ موداهەنە مەمنوونی ئەو “کەرێ”م

بە گۆڕینی “کەرە” بە “کەرێ” ئێمە لە ناو ئەو هەمگە دەنگەدا تەنیا یەک دەنگمان گۆڕیوە. دوو وشەی “کەرە” و “کەرێ”یش هاومانان. کێش و سەروا و قاڵبیش لە جێی خۆیەتی و نەگۆڕاوە، بەڵام بابەتێکی گرنگ قڵپ بووەتەوە. بە گۆڕینی “کەرە” بە “کەرێ” ئەو دەقە ئیتر خاوەنی ئەدەبایەتی و شیعرایەتی و فۆرمی هونەری نییە. ئەوەی بە گۆڕینی ئەو دەنگە لە ناو دەچێ فۆرمی هونەرییە.

پاش گۆڕینی کەرە بۆ کەرێ، شیعرەکە هێشتا خاوەنی فۆرمە(تووشی هەڵەتێگەشتن نەبیت) بەڵام ئیتر ناتوانین ئەم فۆرمە نوێیە وەک فۆرمێکی هونەری و ئەدەبی دەرخواردی خەڵک بدەین.

ئەو دوو نووسینە کە ناتوانین ڤێرژنی دووهەمیان وەک شیعر ناو ببەین لە ڕووی  قاڵبەوە وەک یەکن بەڵام لە ڕووی فۆرم و کارکردی ئەدەبی و چێژ و کاریگەری و ماناوە ئاسمان تا زەوی فەرقیان هەیە.

گۆڕینی یەک دەنگ کە گۆڕینی بەشێکی بچووکی مەتریاڵی ئەو شیعرەیە گۆڕانێکی گەورە لە فۆرم و شیعرایەتی ئەو دەقەدا بەدی دەهێنێ.

هەر لەو شیعرەدا دەکرێ بەشێکی زۆری وشەکان بگۆڕیت، بەڵام شیعرایەتی دەقەکە هێشتا بمێنێتەوە. بۆ نموونە بە گۆڕینی “موفلیس” بە “هەژار” یان “میوانی بووم” بە “لە ماڵی بووم”، هێشتا شیعرایەتی ئەو دەقە دەمێنێتەوە. لەمەوە دەتوانین لە گرنگیی پاژە جیاوازەکانی بەرهەمێک لە دروستکردنی فۆرمی هونەری بەرهەمەکە تێ بگەین. ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری دەبێ باسی ئەو پاژانە و ڕۆڵیان لە پێکهێنانی فۆرمی هونەریدا بکات.

ئێستا ڕەنگ باشتر تێ بگەیت کە کابرای کۆلکەشاعیر چەند پەرت بوو کە پێی وابوو، ئەم دوو دەقەی خوارەوە یەک شتن و …:

دەکرا ئێستا لە بەهەشت باین

ئادەم و دادەم نەیان‌هێشت

من مَلِک بودم و فردوس برین جایم

آدم آورد در این دیرِ خراب آبادم”.