بێچووخۆرە!

 «سەیرە گیان! سەیرە!»

 «چییە دایە گیان؟!»

 «کچم سەیرە گیان سەرێک بکێشە لای دایکت.»

 لەناو مەتبەخدا لە عەزرەتی ئێشی پشتی تاوناتاو دەستێکی ڕاده‌کێشا بۆ پشتی و ده‌یهێنایه‌وه‌، سه‌یره‌ دەچەمایەوە و دیسان ڕاست دەبووەوە، هه‌ندێ جار وێنه‌ی خواروخێچی خۆی له‌ که‌وچکێکدا ده‌بینی، که‌پووی به‌سه‌ر ده‌م و ڕوخساریدا داکه‌وتووه‌، چاوی وه‌کوو که‌نغرێکی برسی زاق ده‌رپه‌ڕیوه‌، جار نا جار باوه‌ڕی ده‌کرد که‌نغره‌ و ده‌ستی له‌ شوێنێکی سه‌ر و ژێر زگی ده‌خشاند تاکو شوێنبێچووه‌که‌ی بدۆزێته‌وه‌ یان هه‌ر ڕه‌نگه‌ بۆ دڵنیایی له‌وه‌ بووبێت که‌ بزانێت به ‌ڕاستی که‌نغره‌ یان نا! سینه‌ و شانه‌کانی له‌ پێشه‌وه‌ له‌ناو که‌وچکه‌ چه‌ماوه‌ ئیستیله‌که‌دا ون ببوون، ته‌نها تاپۆیه‌کی سپیی گۆشتنی بێواتا که‌ وه‌کوو بڵێین له‌ژێر ته‌می ده‌ربه‌ندێکی ترسناکدا ونبووبێتن، لێوه‌ دیار بوو، زۆر سه‌یر بوو له‌ که‌وچکه‌که‌دا هیچ کات نه‌یده‌توانی پشتی خۆی ببینێته‌وه‌ یان با بڵێین نه‌یده‌توانی هه‌ست به‌ گازه‌رای پشت و ئه‌و ئێسقانبه‌ندییه‌ی ده‌فه‌ی شان و پشتی بکات که‌ ئه‌وی کردووه‌ به‌م سه‌یره‌یه‌ی که‌ ئێسته‌ قاپوقاچاغ ده‌شۆرێت! ئه‌رێ ئه‌و به‌رده‌وام قاپەکانی دەشۆرد. به‌ ده‌م که‌وچکه‌وه‌ وەڵامی دایەوە: «باشە دایە گیان! با ئەم قاپانە بشۆم تێم، ئەوەنەی نەماوە.» دانە دانە قاپە دەور ئاڵتوونییەکان و که‌وچکه‌ سه‌یره‌ ئیستیلەکانی بە پارێزەوە دەشۆرد و دەیخستنەوە سەر جێگاکەی خۆیان. «ئا دایە، کارێکت بوو پێم؟ چیت دەوێت بیکەم بۆت؟»

«دایە گیان بڕۆ لە ژووری خەوتنەکەدا لەناو جلوبەرگەکانم پشتوێنێکی مۆر هەیە بیدۆزەرەوە و بێری بۆ دایکت!»

«باشە!»

«ده‌بینی ئاڵتوون گیان؟ چۆن ئاوا داکەوتم و بووم بە کۆڵ و بار بە ملی کچەکەمه‌وه‌! بە خوا بووم بە زووخاو و ئازار و مەینەت بۆ ئەم کچە بەستەزمانە. ئای داخی دڵی سووتاوم، ڕۆڵە!»

پێڵووی دوو چاوە تەنگەکانی خێرا خێرا لێک دەنا بەبێ ئەوەی ئەو بەختە بدا بە تنۆکەفرمێسکێک بزێتە ناو چاوەکانی، بەرچاوە بلەرزە زیوینەکەی سەر فێسەکەی دەلەرییەوە! مرۆڤ داده‌ما چاوی ته‌نگه‌ یان به‌رچاوی!

«چی ڕووی داوە تەنکە گیان؟! چی ڕووی داوە؟ بڵێ چی قەوماوە؟!»

«پاڵپشت و داری دەستم، خەریکە لە دەستم دەبێتەوە.»

«چی بووە؟ تۆ خۆ تەواو زیقت پێ کردم تەنکە!»

«قۆماوە لێم خۆیشکە! دوای خوا هیوام سەیرانە! هۆڵم لێ هاتووە، چی بکەم!» چی بکەم و دەنگی گریانێکی وشک و بێڕۆح هه‌رچی ده‌کرد فرمێسکی بۆ ساغ نه‌ده‌کرایه‌وه‌. «سەیرە نەخۆشە! منیش تەواو فەوتاندوومە. بووم بە هۆی ئێش و ئازاری زۆرتری. تەپم سەندووە بانی، ئەبا سووحا دیسان بڕوا بۆ تاران بە دوای دەوا و دەرماندا.»

«نەخۆشی چی! دەوا و دەرمان بۆچی خۆیشکە گیان؟!»

«بۆ کڵۆڵیی من!» و دەستێکی گرت بە کەلەکە نەشتەرگەریکراوەکەیه‌وه‌ و لەرەی به‌رچاوه‌ بله‌رزه‌که‌ی وه‌کوو کچه‌ شۆخێکی گه‌نج لەرینەوە.

«منداڵدانی بێچووخۆرەی هەیە ئاڵتوون گیان. »

«ئۆی نەژیم بۆی، میمی بمرێت!»

چاوە تەنگەکانی لێک دەنا و دەستی گرتبوو به‌ به‌رچاوه‌که‌ی سەر فێسەکەیه‌وه‌. وه‌کوو بڵێی به‌رچاوه‌که‌ ده‌یه‌وێت له‌و ته‌نگی و ته‌نگه‌به‌رییه‌ هه‌ڵبێت په‌یتا په‌یتا له‌سه‌ر سه‌ری وشک و مه‌ند و وه‌ستاوی په‌له‌قاژه‌ و هه‌ڵاتهه‌ڵاتی بوو! له‌م کاته‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ته‌شقی سه‌ری ئاسمان سێبەری هەورێکی ڕەش کەوتە سەر داربیی ناو حەوشەکە، ئاسمان دەستی کرد بە گرمە و لوورەیەکی ناوادە و فرمێسکه‌ دانه‌هاتووه‌کانی پێ بڕی!

«ئەمە چەند جارە دەوا و دەرمانی پێ ئەدەن. پڕی چاکێک پووڵی ئەوێت.»

«ئەی ڕۆ تەنکە چی ئێژی؟!»

«ئاڵتوونە، ڕەشوڕووتن، ملهوڕەکەی شووی چاوی بڕیوەتە ئەو چوار پەڵە زەوی و چوار دارە وشکبووەی ئەو دێهاتە کاولبووە. شووی ئەوەکانی تر دەست ڕۆیشتوون. خەم و خەفەتیان لە کۆڵم کردۆتەوە. دوور کەوتوونەتەوە  و هەرکام لە شارێکن.»

«نەژیم بۆی تەنکە… دەی دەست بگرە ژێر باڵی!»

«خۆیشکە گیان من بێجگە لە کچەکانم سێ کوڕیشم هەیە، خێزان و داهاتوویەکیان بۆ منداڵەکانیان دەوێت، قەزایان لەم دایکی خێرنەدیویانە کەوێت، خۆ ناتوانم لەوانی بسێنمەوە و بیفرۆشم بۆ دەوا و دەرمانی سەیرە. خۆم هێشتا ماوم و ئەوە بەشیانە.» به‌ ده‌نگێک که‌ هیچ تۆنێکی دیاریکراوی لێوه‌ نه‌ده‌بیسترا وه‌کوو ئه‌وه‌ی خۆی وا هه‌ست بکات ئاخێکی به‌کوڵی هه‌ڵکێشاوه‌ وتی: «ئۆی ڕۆڵە گیان!»

گرمە و لوورەی ئاسمان کە دەیەویست بارانێکی غه‌ریب و سه‌یر دابارێنێت دەهاتە بەرگوێیان.

«ئاوەها خوا ناوسکی دایکی بڕیوە! نێسم یارمەتییەکی بدەم. خۆ داروبەردی ئەم ماڵەش نابێتە پووڵ بیدەم پێی. ڕووی ڕۆژگارەکەی ڕەش بێت.»

«ئەی دوکانەکان تەنکە؟ دەی خۆیشکە کرێی چەند مانگی ئەوانەش بدە بە سەیران!»

«کرێی دوکانەکانی ناوسکخۆرەی بابەشی لەو کاتەوە کە مردووە، تەنها بە خەرجیی میوان و مناڵی مناڵەکان و ماڵ و دوکتوردا ئەگات. دەستی خاڵی شەرمەزاری ڕۆڵەی هەتیومی کردووم. ناوسکم  بۆی سووتاوە! چی بکەم ئاڵتوون گیان؟»

وه‌کوو بڵێی ڕسته‌یه‌کی ئه‌به‌دی پرسیارئامێزی له‌به‌ر کردبێت و هیچ کات بڕیار نییه‌ وه‌ڵامێکیشی بۆ په‌یدا ببێت له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ چه‌ند جار دووپاتی کرده‌وه‌ «چی بکه‌م؟!»، له‌ پڕێکدا لای خۆی و له‌ بنه‌وه‌ی ناو دڵیه‌وه‌ خه‌یاڵێک به‌ره‌و گرمه‌ و لووره‌که‌ بردییه‌وه‌. به‌رچاوه‌که‌ی دیسان له‌رییه‌وه‌ وه‌کوو بڵێی ئه‌وانیش بڵێن: «چی بکه‌م؟!»

«قەینا خوشکە گیان، مەگرێ! تۆ تازە نەشتەرگەریت کردووە، باش نییە بۆت. دایک ئازیزە! تۆش ئااا لەو دایکە بەقیمەتانەی! بڕێک خەفەت وەک تەنەکەیە، تەنکە! خرخاڵی تەنەکە چۆن زێڕ دەخواتەوە، خەفەتیش وەها منداڵدان دەخواتەوە! ئااااخ بۆ منداڵ!»

«ئەی چی بکەم ئاڵتوون گیان! کچ دڵسۆزی دایکیە. دایک نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ ئێش و ژان ئەکێشێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی وەهادا ببێتە بەردەست و هاوڕێ و خۆیشک و خەمخواری دایکی. هەر کچێک دە کوڕ ئەژی لە ڕۆژی وەهادا. سەیرە بووە بە داردەستی پیریم…!»

که‌س به‌ ڕاستی تێنه‌ده‌گه‌یشت که‌ ئه‌م قسانه‌ چۆن ده‌توانن ببن به‌ وشه‌ و له‌ زه‌ین و ناو ده‌ماره‌کانی مێشکه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر زمان و به‌ لێدان له‌ ژێکانی گه‌روو ده‌نگێک به‌رهه‌م بهێنن که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژان و ئازاره‌ که‌ له‌ مه‌تبه‌خه‌که‌دا له‌ناو ئاوێنه‌ی که‌وچکه‌که‌دا ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌، نه‌بوو، سه‌یره‌! ڕۆژگار زۆر سه‌یره‌!

سه‌یره‌ لە ژوورەوە گوێی لە ورتەورتی دایەی و پوورە ئاڵتوونە. دیسان په‌ڵه‌هه‌وره‌کان پاڵه‌په‌ستۆیانه‌، له‌ نێوان لووره‌ و گرمه‌دا گیریان خواردووه‌، دڵی گوشرا له‌و ژوورە ته‌نگه‌به‌ره‌دا و به‌ نزایه‌کی کچانه‌ی غه‌مگینه‌وه‌ له‌سه‌ر لێو وتی: «ئاسمان بۆ وا بێبه‌زه‌یی بووه‌؟» داربییه‌که‌ به‌ ئاسته‌مێ له‌ دووره‌وه‌ڕا هه‌ست پێ ده‌کرا که‌ ده‌شنێته‌وه‌ و له‌نجه‌یه‌کی تێدا ماوه‌، به‌ڵام ئاسمان ئه‌وه‌ی شنه‌باش بووبێت هه‌ڵی لووشیوه‌، به‌ ب ئه‌وه‌ی چۆڕێک دابکات شنه‌کان بووبوون به‌ ڕه‌شه‌با! دەست دەخاتە سەر دەسکی دۆڵابەکە، خوڕەی فرمێسک و کزەی هەناسەی ساردی بەم هاوینە دەست و قاچی ڕچاندووە. ورتەی دایەی سوێی سۆرەی بۆ دێنێتەوە سۆ و زامی یاده‌کانی ده‌م ده‌که‌نه‌وه‌. زامی بە سۆ دەبێتەوە. ورتە دەبێتە ژار و توانج.

«ژنێک سک نەکات وەک داری بێبەرە، ئەبێت زوو بیبڕیتەوە.»

ده‌نگی ته‌نکه‌ دایچڵه‌کانده‌وه‌، ده‌ستی له‌ ده‌سکی دۆڵابه‌که‌ به‌ربوویه‌وه‌، وه‌کوو داکه‌وتنی گه‌ڵایه‌کی زیندوو به‌ قه‌دی دارێکی مردوو!

«سەیران! سەیرە گیان! چیت لێ هات کچم؟»

«ئەرێ ئاڵتوونە گیان سەیرە زۆری پێ چوو! پشتوێنەکەی نەهێنا.»

«تەنکە گیان ئێستە دەڕۆم بۆ ژوورەکە بە دوایدا. کچم سەیران گیان ئەوە چی بووە؟ دەستت ناوە ژێر چەناکەت! ئه‌ڵێی خه‌می دونیایان له‌ ڕوخسارت هه‌سیوه‌! ڕۆڵە ڕەنگت بە ڕووە نەماوە. دوور لە گیانت ئەڵێی مردووی و لە کفن کراوی. ئەم جلوبەرگانە بۆ لەم ژوورەدا بڵاوپژ بوونەتەوە؟»

«هیچ نییە میم ئاڵتوون گیان، هیچ نییە! تۆ ئەم پشتوێنە ببە بۆ دایکم تا من دێم. چۆن هیچ نییە، ئێژی داربیت و تەرزە لێی داوی!»

ئاسمان هه‌ر گرمه‌ی دێ و لووره‌، نه‌ ته‌رزه‌ و نه‌ باران، ته‌نها داربییه‌که‌ چاوه‌ڕوانی بووه‌ به‌ به‌شی و ناتوانێت گه‌رمای شنه‌ی ژیانبه‌خشی لهڤ‌بیر بکات، دیسان سوێی سۆره‌…

«دەی چۆن بیبڕمەوە؟ سەیران داربییەکەی ناو حەوشە نییە خۆ! کابانی ماڵمە، کۆڵه‌کەی ئەم ژیانمەیە. ڕۆحم لە لایدا دەحەسێتەوە.»

«سەیرە دارێکی کرمۆڵە ڕۆڵە! کۆڵەکەیەک فانۆسێکی پێدا هەڵنەواسرێ، ئەوەتا چۆن ماڵت ڕووناک دەکاتەوە؟»

ئاسمان تاریکتر دەبێت. هەورەکان بەیەکدا دەچن، دەگرمێنن، دەگرمێنن و دەشریخێنن. ئەڵێی ژنێکی ئاوسە و بارانی لە بار چووە. سەیران دەگرێ. قەرەهێڵ هەڵدەکات. شتێک دەلوورێنێت. 

«ئەرێ خۆیشکە گیان! تۆ بێژە بەم قوڵی هاوینە ئەم قەرەهێل و هەورەگرمە چییە؟! وا قوڵی نیوەڕۆی کردۆتە دوو کوتی شەوگار! سەیرە!»

«دوادواییی دونیایە خۆیشکە گیان! ئەی بە خوا چوزانم خۆیشکە گیان! خوا ئەزانێ ئاسمانیش بۆ کام زام ئەگرمێنێ. خوا بە خێری بنووسێت.»

زەنگی دەرگاکە دەدەن. «ڕۆڵە سەیران بێ دەرگاکە بکەرەوە. نەکا خزموکەس بن با ماتەڵ نەمێنن لە ناو کۆڵاندا.»

سەیران بە بێدڵییه‌که‌وه‌ وەڵامی دایەوە: «ئەوەها هاتم.»

کە لە ژوورەکەی هاتە دەرەوە قاچەکانی بە شوێن خۆیدا دەخشاند. ویستی ده‌ستێک ببات بۆ پشتی په‌ژیوان بوویه‌وه‌! وه‌کوو داربییه‌کی لە-پەلوپۆ-کەوتوو ده‌ڕۆشت به‌ ڕێوه‌! پاش ئەوەی دەرگاکەی کردەوە بۆ میوانەکان و خێراتنیانی کرد گەڕایەوە بۆ ناو مەتبەخه‌کە. پوورە ئاڵتوون بە دوایدا ڕۆشت بۆ ناو مەتبەخەکە و وتی: «سەیران گیان ئێستە دایکت وتی نەخۆشی و هاتوچۆی دوکتور دەکەی، خەفەت نەخۆی کچە گەورەکەم! ئەم ڕۆژانەش تێدەپەڕن. بەهاری تۆش دێت و سەرلەنوێ چرۆ دەکەیت و سەوز دەبیتەوە. خەفەتی نەداری نەخۆی! هەموومان بوون و نەبوونمان بە خۆمانەوە دیوە، کچم من دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، میوانەکانت چوون بڕێک زێڕم هەیە،  بێ بیوە و خۆتی پێ دەرمان کە دایکە گیان.»

 لە دەلاقەی مەتبەخەکەوە بینی ئاسمان تۆزیک هێور بووەته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی داربییه‌که‌ی لێوه‌ دیار نه‌بوو به‌ڵام دەستی پوورە ئاڵتوونی گرت، گەرمییەکی کتوپڕ و تێپه‌ڕ بە گیانیدا هات.

دوای ڕۆشتنی پوورە ئاڵتوون میوان بە دوای میواندا دەهاتن و دەڕۆشتن. ماڵ جمەی دەهات، بەو هەموو ئێش و ئازارەی پێیەکی لە مەتبەخەکە بوو، یەکێکی لە هۆڵە گەورەکە لای میوانەکان و بە دوای هەر کەسێکیش کە دەڕۆشت بۆ ژووری خەوتنەکە، بە پەلە دەچوو بۆ ئەوێش. ڕۆژ داکه‌وت. کاتێک میوانەکان ورده‌ ورده‌ ڕۆشتن و ویستی بڕوات بۆ لای پوورە ئاڵتوون بۆ زێڕەکەی ڕووی کرده‌ دایکی و بە دەنگێکی پڕ له‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ که‌ گریانێکی به‌خوڕی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتبوو وتی: «ئەوە من سووحا دەڕۆم بۆ تاران، ڕه‌نگه‌ میوانی زۆرت بێت. دادەم دێت بۆ لات تا من دەگەڕێمەوە. پێی بڵێ کە ئاگای لە پارە و لیرەکانی ناو جلوبەرگەکانت بێ!»