میكانیزمی ژیانی زمان و مرۆڤ
سوكرات نووسین بە نیگاركردن دەچوێنێ. زمان لەو وشانە پێك هاتووە، كە وێنە دەخەنەوە و لەسەر پێیەكانیان وەستاون. زمان لە نووسیندا دەجووڵێتەوە وەك ئەوەی لە ژیاندا بێت. بەڵام زمان لەبەرامبەر كێ قسان دەكات؟ هەڵبەتە زمان بەرامبەر هەمووان و بۆ كەس قسان ناكات، زمان لە نووسیندا تاكە چارەیە، بەڵام نووسین تەنها نیگاركردن نییە!.
زمان لە گفتوگۆكردندا زیندووە، لە نیگاركردندا مەرج نییە، زیندوو بێت. بەڵام چونكە زمان هەموو شتێ ناڵێت، ئیتر زمان چارەیە، نیگارە، جەستەیە، جەستە قسان دەكات، شتەكان قسان دەكەن، مێژوو قسان دەكات، توانا فەردی و كۆمەڵایەتییەكان قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ پچڕان بە هەزاران جۆر قسان دەكەن… میكانیزمی ژیان مرۆڤ و زمانە، زمانە كە دەربارەی زمان دەدوێ، زمان كە دەربارەی خۆی دەدوێ، هیچ شتێ لە مرۆڤ جوانتر نادۆزیتەوە. (مرۆڤ بەرهەمی زمانە).
كتێبەكانی ئایین و ئەو كتێبانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێك هێناوە و بووەتە كتێبێكی پیرۆز، تابلۆكانی موسا، دە سپاردەكە، هێڵكارییەكانی تەوارات، ئینجیل، دەقە پیرۆزەكانی قورئان… هیچ شتێ لە زمان جوانتر نادۆزنەوە، بۆ ئەوەی دەربارەیان بدوێ. بەشێكی گەورەی جوانی زمان لەوەدایە لە زەمان و سیاقێ دەنووسرێ و لە سیاقێكی دیكە و لە شوێنێكی دیكە و لە كاتێكی دیكە دەخوێندرێتەوە. بەردەوام زمان حەقیقەتی خۆی لە (زەمەن)ە جیاوازەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییەكاندا دەبینێتەوە. مرۆڤ و زمان بۆ هەمیشە لە سەیروورەدان.
داهێنان میكانیزمی ژیانی زمانە، دەسەڵاتی حەقیقی زمان گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییە! سەیروورە دەسەڵاتی حەقیقی زمانە، زمان لە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییەوە هەست بە دەلالەتەكان دەكات، بەڵام حەقیقەتی دەسەڵات ڕووداوەكان ڕاڤە دەكاتەوە! ئایا زمان دەكەوێتە كوێی حەقیقەتەوە؟
زمان دەكەوێتە ڕاڤەكردنی بێكۆتاییی حەقیقەتەوە. بەو مانایەش حەقیقەت و ڕاڤەكردن هۆكارن بۆ مانای هەتاهەتاییی زمان و سەیروورە. كەواتە نە ئایین، نە زانست، نە فەلسەفە ناتوانن نهێنیی ژیانی مرۆڤ كەشف بكەن، ئەگەر زمان و ڕاڤەكردن و سەیروورە هاوكارییان نەكات. لەبەر ئەوەی زمان بنەمای هەمووانە، ژیان بەردەوام كراوەیە.
ئەوەی تایبەتە بە هەمووان، ئەوەی تایبەتە بە مرۆڤ و حەقیقەت موڵكی منیشە، واتە كاتێ زمان قسان دەكات، من قسان دەكەم، كاتێ من قسان دەكەم، واتە مامەڵە بە كردەی زمانی تایبەت بە خۆم دەكەم، لە هەمان كاتدا ئەوە منم كە قسە لە حەقیقەت و سەیروورەی تایبەت بە خۆم دەكەم. ئەوە تیۆریی نیازخوازییە كە لای (جۆن سێرل) ژیانی ڕاستەقینەی دەگەشێنێتەوە. واتە نیازی قسەكەر بەر لە گوتار ئامادەیی هەیە. واتە كاتێ دەڵێی (كات) درەنگە، واتە دەتەوێ بۆ ماڵ بگەڕێیتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین قسەیەك بۆ تێزی لاكان (مرۆڤ بەرهەمی زمانە) زیاد بكەین و بڵێین مێژووی مرۆڤ، مێژووی هەڵەكانی مرۆڤە، وەك چۆن مێژووی زمان مێژووی هەڵەكانی زمانە، هەروەها مێژووی حەقیقەتیش! كەواتە نە مرۆڤی ڕەسەن بوونی هەیە، نە زمانی ڕەسەن، نە تاكە حەقیقەت، لەو بیرۆكەیەدا مرۆڤ دەرئەنجامی ڕاڤەكردن و زمان بەلبەلەی زمان و حەقیقەت ڕووەكانی خودی حەقیقەت دەنوێنێ! بە مانایەكی دیكە ژیان هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان تەنیا و بێگەرد و یەك ڕوو نەبووە، ژیان لە خوێنی حەقیقەت و زمان و مرۆڤە جۆراوجۆرەكان دێ و دەچێت. كەواتە كێشەی ژیان لە ڕاڤەكردن و گفتوگۆ و بەیەكگەیشتنی بەردەوامدایە! بەڵام كیشەی مرۆڤ و زمان كێشەی حەقیقەت نییە، كێشەی سەیروورەیە. بە دیوەكەی دیكە مرۆڤ و زمان لە ڕووەكانی حەقیقەت جیا نابنەوە.
مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ
بێگومان هیچ بیركردنەوەیەك لە دەرەوەی ڕاڤەكردن و بەیەكگەیشتن و بەردەوامیدا نییە، ئەوەی لە هەموو كولتوورێكدا جێگای بایەخپێدانە جیاوازیی بنەمای ڕاڤەكردن و بەیەكگەیشتن و بەردەوامییە، ململانێی پێكگەیشتنەوەی مرۆڤ و زمان، ڕاڤەكردنی زمان و مرۆڤە، دینامیكیەتی پێكگەیشتنی مرۆڤ و زمان، كێشەی ڕاڤەكردنی زمان و مرۆڤە، یان بە مانایەكی دیكە ڕێككەوتنی مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ، لە ڕاڤەكردن و بەیەكگەیشتن و بەردەوامیدایە. لێرەدا پرسیاری ئەو سەنتێزە ئەوەیە ئایا ڕێزگرتنی زمان و مرۆڤ لە پێكگەیشتندا گرنگترە یان گەیشتن بە تاكە حەقیقەتێك؟
بە بڕوای من پرسی مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ لەنێوان ئەوەی بێكۆتایییە و ئەوەی كە مێژوویییەدا هەروا دەمێنێتەوە. جیاوازیكردن چۆن دەبێ؟ دیار نییە، مرۆڤ بێكۆتایییە و لە سەرووی مێژووەوەیە، یان زمان مێژوویییە و بەردەوام لە ڕاڤەكردندا بێكۆتاییدا خۆی دەبینێتەوە؟ مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ چوونەتەوە ناوەخۆیانەوە، مرۆڤی بێ زمان و زمانی بێ مرۆڤ لە دەرەوەی ژیاندان. بەڵام ئایا هیچ مرۆڤێ هەیە زمانی تایبەتی خۆی لەگەڵ مرۆڤێكی دیكە دابەش بكات، ئایا مرۆڤ لەگەڵ زمانی خۆی لە ناوەوەی خۆیدا دەژی و زمان لە دەرەوەی خۆیدا دەژی؟
زمان پاشای هەمووانە، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا، مرۆڤیش.. ڕاستە لایەنی ماددی بوونی زمان و مرۆڤ شتێكی بەرچاوە، شێوەی كتێبی ڕستەسازی، كە تۆزی لەسەر نیشتووە، بەڵام بەو مانایە زمان ئەوە نییە، كە لە جەستەی خۆی دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەی مرۆڤەوە، بەڵكوو ئەو بەرگە سرووشتییەیە، كە دەچمە ناوییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگای خزینەكانی خۆمەوە ببمە تاكێك لە تاكە ئازادەكانی كۆمەڵەی زمان.
كەواتە كەسی قسەكەر بەو مانایەی كە تاكێكە ئەوە دەڵێ، كە دەیەوێت. (چۆمسكی) دەڵێت: من قسە بە ڕستیەك دەكەم، كە بەر لە من كەس قسەی پێ نەكردووە، چونكە من ڕێزمان بە ڕێگای تایبەتی خۆم بەكار دەهێنم. هەڵبەتە یاسا پارێزگاری لە خاوەندارێتیی تاك دەكات و سزای قسەدزەكان دەدات. (نیچە) لە زەرادەشت وای گوت، دەڵێت: من زارێكم نییە بۆ گوێیەكانتان.
ئەوەی مرۆڤ لە زمان بە خاوەندارێتی هەڵدەستێ، پرۆسیسەكردنی ئازادییە؟ زمان موڵكی گشتییە، فۆرمێكی كۆمەڵایەتی هەیە. ئەو مانایەی، كە مرۆڤ بە كاری دەهێنێ، سەرەڕای شێوازی تایبەتی (من) و بەر لەوەی مۆركی (من) و ئازادیی (من)ی پێوە بێت، موڵكی كۆیە. من ناتوانم شتێ بڵێم تەنها ئەوە نەبێ، كە یاسا و ڕێسای زمان ڕێگام پێ دەدات. من بیرۆكەكانم دەخەمە بۆتەی زمانێكی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوەی كە ئازادیم كۆت دەكات، موڵكی كۆیە. قسەكەر ناتوانێ هیچ بڵێت، تەنها ئەوە نەبێ، كە هەڵوێستی مێژوو، یان كە ئازادی بە مانا بەرفرەوانەكەی ئەو سەردەمە، كە تێیدا دەژیت، ڕێگای پێ دەدات. مرۆڤ لە میانی خۆی و ئازادی و نەسەقێكی كۆمەڵایەتییەوە قسان دەكات.
كەواتە لەنێوان زمان ڕووت و تاكئامێزە، مرۆڤ بەر لەوەی بیر بكاتەوە لەسەریەتی بڕیار بدات كەوا بە شێوەیەكی شاعیرانە لە ماڵی زماندا نیشتەجێیە. مرۆڤ زمانی پۆشیووە، مرۆڤ بەرهەمی زمانە، زمان ئازادیی مرۆڤ دەكێشێ و مرۆڤ لە ڕێگای زمانەوە قسان دەكات، بیركردنەوەی مرۆڤ دەكەوێتە نێو خەیاڵی زمانەوە. بەڵام ئایا كەسی قسەكەر چۆن ئەوە دەڵێ، كە دەیەوێت، واتە چۆن بە شێوازی ئازادانەی خۆی دەدوێت؟!
ئەگەر زمان سروشتی بێت، كەواتە مرۆڤ بەرگی ئازادی و سروشتی پۆشیووە، چونكە زمان فەزایەكە لە ئازادی، ئازادیش خودی بوونە، مرۆڤ لەو بوونەوە دەڕسكێ! ئەگەر ئازادی بوونی نەبێ، كەواتە مرۆڤ و جیهان دەكەونە بەندەوە. داهێنان بوونی دەكەوێتە تەگەرەوە، بێ ئازادی تاك ناتوانێ بە داهێنان هەڵسێت، هەر لە ڕێگای ئازادییەوە دەتوانین بەو تەعبیرەی (هۆڵدرین) بگەین، كە زمان گوڵی دەمە.
حەقیقەتی بوونی مرۆڤ جگە لە حیكمەتی داهێنان و جەوهەری ئازادی شتێكی دیكە نییە. كۆی ئەو بیرۆكەیەش قەرزاری چەمكی خەیاڵی زمانەوانییە. خەیاڵی زمانیش بە مانا جەوهەرییەكەی شیعرە، لێرەوە زمان قسان دەكات، پارێزگاریكردنە لە سروشتی ئەسڵی شیعر، مرۆڤیش شیعرێكی خودایییە.
كەواتە ئەگەر لە بارەی زمان گوڵی دەمە، وەك ئەوەی كە مرۆڤ شێواز بەپێی تێگەیشتنی زمان، یان لە فەشەلی تێگەیشتن دروست دەكات، هانا بۆ (ژێل دولۆز) بەرین، ئەوە هەر شێوازێك بۆ خۆی زمانێكە، فرە زمانی مرۆڤ كۆ دەكاتەوە. بۆ نموونە: تۆ وەك باوك شێوازێك دەدوێیت، وەك كاسبكار شێوازێكی دیكە… بەو مانایەش مرۆڤ لە فرەزمانی و هاوئاهەنگییە مەرجی بنەڕەتی ئازادی دەسازێنێ. تۆ ڕۆژانە بەردەوام بە چەندین شێواز (یان وەك دولۆز دەڵێت بە چەندین زمان) قسە دەكەیت، خودا لە شێوەی مرۆڤەوە قسان دەكات.
مرۆڤ بە زمانەوە مرۆڤە
زمان ماددییە، چونكە دەنگە. مرۆڤیش ماددییە، چونكە دەنگدانەوەی سەیروورەیە، دەنگ قابیلی ئەوەیە بێتە هەڕەشە، هەروەها دەنگدانەوەی سەیروورەش. زمان و مرۆڤ لە چوارچێوەی ئایكۆنەكانەوە خۆیان دەردەخەن. جیهان پابەندە بە مرۆڤ، زمان، كە لە ڕێگای سەیروورە، دایكەوە یان بە مانا (ئۆگستین)ییەكەی لە ڕێگای خوداوە بەرجەستە دەبێ (زمان تاقە ئامرازێكە خودا بە مرۆڤەوە دەلكێنێت) ئەو تێزە لە ناونانی شتەكانەوە ڕێگا بە زمان، مرۆڤ دەدات، بێتە دەرەوەی بوون! زمان لە ڕێگای مەدلوولەكانییەوە دەكەوێتە دەرەوەی بوونی خۆیەوە، مرۆڤ لە ڕێگای ناونانەوە دەكەوێتە دەرەوەی بوونی خۆیەوە. كەواتە كە خودا ناوەكان فێری مرۆڤ دەكات، ئەو كاتە زمان لە مرۆڤدا دەڕسكێ و ئەو كاتە زمان ملكەچی چوارچێوە وێنەیییەكان دەبێ!
لێرەدا ئەگەر حەقیقەتی زمان لە ناوەكانەوە، یان بە مانایەكی دیكە لە زمانی (دایك)ەوە ملكەچی چوارچێوە نیگارەكان بێ و دواجار چوارچێوەی نیگارەكان یاسا و ڕێسایەك بەڕێوەی بەرێت، ئەوە داهێنان لە سەر نێودژی نێوان پاكێتی دایك و پیسبوونی دایك وەستاوە.
بە كورتی زمان و مرۆڤ بەردەوام لە ڕێگای (پارێزگاریكردن) و (پیسكردن) بە كرداری گفتوگۆكردن و ڕاڤەكردن و بەیەكگەیشتن، گۆڕانكاری و بەردەوامی دەنوێنێ، هەر لە ڕێگای ئەو كردەیەشەوە مرۆڤ لە زمانەوە گەشە دەكات و بەردەوام پێش دەكەوێت. ئەگەر پارێزگاریكردن لە ڕووتی زمان دیدێكی گشتی و بەڵگەنەویستی خەیاڵی وشە و وڕێنەی هەرائامێز بنوێنێ! ئەو دیدە هاوگونجانێكی ناجێگیر لەنێوان تاك و كۆ دروست بكات و دواجار بەكارهێنانەكان ئەوە بێ، كە بە شێوەیەكی گشتی دەكەونە بەر چاو. ئەوە پیسكردن دەكەوێتە دووتوێی سەیروورە و هەمیشە لەسەر خوازەی دایك خۆی نوێ دەكاتەوە.
لێرەدا لەنێوان پارێزگاریكردن و پیسكردن، دەشێ بڵێین زمانی مرۆڤ بە مانا جەوهەرییەكەی شیعرە! واتە لە مرۆڤ و زماندا شتێك نییە پێی بگوترێت واقیعی جێگیر، بەو مانایەش جیاوازییەكانی گفتوگۆكردن و ڕاڤەكردن و ململانێی بەردەوامی پێكگەیشتنەوەی مرۆڤ و زمان، ناوێكی دیكەیە بۆ جێگیرنەبوون و سەیروورە.
هەولێر 6/7/2024