بەرەی ڵا(۱)

بە کەلێن پڕ کراونەتەوە.

بە چاڵ سواغ دراون. 

بە ئاسمانەوە ئەستێرەیان نەبووە.

لە باخچەی پاشا دڕکیان دزیوە.

کراسەکەی عوسمان پینە دەکەن.

خوێنی حوسەین خۆش دەکەن.

تووتڕک پەرژین دەکەن.

پەند بە پیرەمێرد دەدەن.

ئارد دەئەنجنن

بە هانای غەوسەوە دەچن.

هەڵەی موسیلم و بوخاری ڕاست دەکەنەوە.

تانجی ڕاو دەکەن.

گەماڵ گڵاو دەکەن.

لە میزەڵان فێری مەندی و ویقار بوون.

لە دارمێو فێری لەسەر پێی خۆ وەستان!

لە شۆڕەبی فێری سەرنەتەواندن.

کاڵێ، بار دەکەن.

سەر لە ئارەزووی ئازیز دەدەن.

سەریان لە کڵاو دەخورێ

سەرێکیان هەیە و هەزار کڵاو

….

گەڕ لە لاولاو دەئاڵێنن

لە گەردەلوول دەپێچنەوە.

….

باسی بێگەردیی تۆز دەکەن.

لە گوڵ ناسکتر بە دڕک ناڵێن.

مەزرا به دەرزی دەدوورنەوە،

کراس بە داس.

چرای نیئۆن بۆ سوارە دەگرن!

بە گۆران دەڵێن: ئەڕۆی ئۆغر؟!

“پەڕۆی بێنوێژ” دەیانشواتەوە

دەمشڕی پینە دەکەن.

لە “خاکی داکراو” دەکۆڵنەوە.

شەو دەشارنەوە

دەستی قەرەج دەگرنەوە.

خۆیان لە ژیری گێل دەکەن

لە ڕاستی هەڵە.

چرا بۆ خۆر دەگرن.

گای مارۆ دیاری دەکەن.

پیاز لە کلانە دەبژنن.

لە جەنگەی ئاشتیدا، لە گەرمەی سەهۆڵبەنداندا

باریان کەرە و بەرەو ئێرە دەچن!

وەک بێدین بادینی و باوا ساوا

لە “ئامەد” تووشی نەهاتی هاتن.

کرێچیی شامین لە کرماشان!

فێری نەزانمکارین.

لە ئاشتی ئاخرشەڕترن.

تۆڵەکە پاشەکەوت دەکەن.

خەڵکی گۆمەبوار، خەڵکی دەشتەلێژن

شەویشۆڕ نین، کورتاندرێژن.

دەستەچیلەی بەنزینن.

کای کۆنە شەنوکەو دەکەن.

کۆسە ڕیشسپییانە،

سەرکوێر چاوساغیان.

ڕێکخەری بشێوین.

هەمیشە خەریکن قسەی کەرێک، دەبەنە بانی گا

قۆڵ هەڵدەماڵنەوە بۆ باوێشک ڕاکێشان

برا گەورەی هیچکاکن.

قوتابیی مامۆستا گوو”دەرز”.

بەردەباز بۆ ماسی دادەنێن،

سەر بۆ گولەی وێڵ دەنێنەوە.

بە “سیروان دەخیلە” پیش دەخۆنەوە

بە “ٲخی ٱنت حرن”، شەیتان دەبەستنەوە

دەستیان کورتە و گوێیان درێژ

خەڵکی تاڵەقەنن، خەڵکی دەشتەلێژ.

سەری بەرد دەشکێنن.

نهێنی بە خەڵک دەناسێنن

داوا دەکەن، با لەسەریان بوەستێ.

بە بەردەکان ئێژن ؛ تو خوا هەڵمەسن! تو خوا هەڵمەسن.

ئاو ئەخویسێنن.

خۆشی بە خەم دەکەن.

پاڵ بە هەڕۆڵیەوە دەدەن.

ناتۆ دەپارێزن.

با لە دەواری دۆم دەترسێنن

پواز دەقڵیشێنن.

خۆیان لە خەنجەر هەڵدەکێشن.

بەرد فێری مەله دەکەن.

پۆڵا دەپەستێون.

هەڵم دەپسێنن.

دووکەڵ دادەهێڵن.

ئاو ئە ناو جەواڵ دەکەن، کا ئە ناو جەوەن.

چوارپەلیان لە یاریی ئاسندا قایم دەکەن.

جاڵجاڵۆکە فێری جۆڵایی دەکەن.

مەلەکان فێری مەلایی.

دەهۆڵ دەژەنن

کەمانچە دەکوتن.

کۆڵەکە ڕادەدەن

کاریتە هەڵدەدەن.

لە نۆمینەی هوسرڵەوە دەپەڕنە باسی نۆمینەی حاجییان

باسی ئەفلاتوون دەکەن لە غاری حەرا

سوننی داونزە ئیمامین

شیعەی شافعی

هەم جەلالین

هەم مەلایی،

مەلالین. 

دەستی دز دەبڕن.

قەرز دەدەنە حەمە قەدۆ.

لە دەشتەلێژ بن یان لە ڕەقاو

هەر تووک دەبێت بە ڕیشیانەوە.

شڕەگری پینەچین،

گەورەترین گوێرەکەییان، ناوچەکەرێتییە.

هام سوحبەتی شامار و نەدیمی حەمەن

دۆستی مچە ڕێژاوی و ئەحمەد جەمەن

photo_2024-09-28_11-39-38