ڕامانێك لەسەر فەلسەفەی وەرزش و چێژی مرۆیی
تۆپی سەردەم، ئەو بازنە سپییەیە، كە لەسەر چیمەنی سەوز دەخولێتەوە، لە دەرەوەی هونەری وەرزشەوە، هێمایەكی قووڵترە بۆ بوونی مرۆیی، تۆپ زۆر لە كڕۆكی ئارەزووی مرۆڤەوە نزیكە، ئەو مەیلەی كە بەشداریکردن، دەمانەوێت هەست بە خۆشییەكی هاوبەش بكەین.
كاتێك تۆپ بە هەواوەیە، لەو ساتەدا هەموو چاوەكان بەدوایدا دەگەڕێن. لێرەدا زەمەن دەوەستێت، هەناسەكان ڕادەگیرێن و دڵەكان خێراتر لێ دەدەن. ئەمە ساتێكی بێگەردی چێژە كە لە ناخی هەموو فەرهەنگێكدا ڕیشەی داكوتیوە. ئەمە چركەیەكی دیاریكراوە، كە مرۆڤ لە هەموو پێگە و ڕەچەڵەكێكەوە پێكەوە گرێدەدات.
ئەلبێر كامۆ دەڵێت: “هەموو شتێك كە دەیزانم لەبارەی ئەخلاق و ئەركەكانی مرۆڤ، لە فوتبۆڵەوە فێری بووم.” فوتبۆڵ، وەك سەرەكیترین گەمەی تۆپێنی لە جیهاندا، چیرۆكی مرۆڤایەتییە لە شێوەی گەمەیەكدا، ئاڵۆزی و سادەیی، سەركەوتن و شكست، هاوكاری و بەربەرەكانێ پێكەوە لە هاوئاهەنگییدان.
تۆپ تەنیا ئامرازێك نییە بۆ خۆشی، بەڵكوو و هەڵگری مانایەكی مێتافیزیكییە. خڕییەكەی هێمای تەواوبوون و یەكگرتوویییە؛ واتە بێ سەرەتا و كۆتایی. پاسی تۆپ لەنێوان یاریزاناندا، هێمای پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤدا. تۆڕی گۆڵ هێمای ئامانجێكە، كە ئێمە هەموومان، وەك كۆمەڵگە هەوڵی بۆ دەدەین.
لە سەردەمێكدا، كە تێیدا مرۆڤ بەرەو جیهانی دیجیتاڵ و دابڕان دەڕوات، تۆپ هێشتا دەتوانێت كۆمەڵگە كۆ بكاتەوە. لە ساتی گۆڵدا، ئێمە هەموومان یەك جەستە و یەك دەنگین، چركەیەك كە تێیدا جیاوازییەكانمان لە بیر دەكەین و تەنیا چێژی پێكەوەبوون دەمێنێتەوە. ڕەنگە ئەمە ئەوە بێت كە تۆپ لە سادەیییەكەیدا فێرمان دەكات: خۆشیی ڕاستەقینە لە پەیوەندیدا، لە هاوبەشیكردن و بەشداریكردندا دەدۆزرێتەوە، ئەمە فەلسەفەی تۆپە؛ نەوایەكی سادە و قووڵ بۆ چێژی مرۆیی.
لەنێو ئەم هەموو ڕامانە گشتییانەدا، ناتوانین ڕەنگی سپی ئەو یانەیە لە بیر بكەین، كە توانیویەتی فەلسەفەی تۆپ بۆ ئاستێكی تر بەرز بكاتەوە، ڕیاڵ مەدرید ئەو یانەیەی، كە سەروەری و سەركەوتن تەنیا ئامانج نین، بەڵكوو و كولتوورێكی قووڵن، گەنتیلەزای ڕیاڵ، ئەو چەمكەی كە هەڵگری مانای شكۆمەندی و بەهایە، پێمان دەڵێت: کە تۆپێنێ دەتوانێت ببێتە هونەرێكی بەرز و فەلسەفەی ژیان.
زێدان، ڕۆناڵدۆ، پوشكاش، دی ستیفانۆ و كاسیاس،-ئەمانە تەنیا یاریزان نەبوون، بەڵكوو هەڵگرانی پەیامێكی فەلسەفی بوون، كە ڕیاڵ مەدرید توانیویەتی بەدرێژاییی مێژوو بیپارێزێت، تۆپ تەنیا بۆ سەركەوتن نییە، بەڵكوو بۆ جوانی و شكۆمەندییە، سانتیاگۆ بێرنابێو ئەو پەرستگەیەی، كە تێیدا فەلسەفەی مەدریدیزم بووەتە ئایینێكی جیهانی، كە چێژی مرۆڤەكان لە هەر گۆشەیەكی ئەم جیهانەوە پێكەوە گرێ دەدات. لێرەوە، فەلسەفەی تۆپ دەبێتە فەلسەفەی ژیان.
1
ئیمانوێل كانت وای دەبینێت، كە ئیرادەی ئەخلاقی و ئازادی، لە چەقی بوونی مرۆڤدایە. ئەگەر بمانەوێت فەلسەفەی كانت لەسەر ڕیاڵ مەدرید پەیڕەو بكەین، دەتوانین بڵێین یانەكە خاوەنی “ئیرادەی ڕەها”یە، ئەویش ئیرادەیەك كە لەسەر بنەمای فەرمان و ئەركی ئەخلاقی بێت، نەك تەنیا ئارەزووی كاتی و خواستی نمایشی.
“دەبێت بتوانی كردارەكەت بكەیتە پرەنسیپێكی گشتگیر.”
ڕیاڵ مەدرید، ئەم فەلسەفەیە لە هەموو یارییەكانیدا پیادە دەكات، چونكە وا تێدەكۆشێت، كە كردارەكانی لەسەر یاریگە لەگەڵ بەهاكانی شكۆمەندی و ڕێز یەك بگرنەوە، ئەوان تەنیا بۆ سەركەوتن نایارین، بەڵكوو بۆ ئەوەی نمایشێكی جوان پێشكەش بكەن، كە شایستەی میراتی گەورەی یانەكە بێت.
كاتێك كانت باس لە “ئەركی ڕەها” دەكات، ئاماژە بە كردارێك دەكات، كە بۆ خودی ئەو كردارە ئەنجام دەدرێت، نەك بۆ ئەنجامەكەی، بە هەمان شێوە، ڕیاڵ مەدرید باوەڕی وایە، كە جوانی یاری و شێوازی گەمە، خۆی لە خۆیدا ئامانجە، نەك تەنیا بردنەوە، ئەمەش لەڕێگەی ئەو ئەستێرە گەورانە دەردەكەوێت، كە بەردەوام ڕایاندەكێشێت بۆ یانەكە. لەلایەكی ترەوە، مرۆڤ نابێت كەسانی تر بكاتە ئامڕاز بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی، ڕیاڵ مەدرید یارییەكە دەكاتە نمایشی هونەری، كە تێیدا ڕێز لە یاریزان، لایەنگر و تەنانەت یاریزانانی بەرانبەر دەگیردرێت.
2
ڕۆمانەكانی ئێرنێست هێمینگوای بەناوبانگن بە چیرۆكی كەسایەتییەكان، كە لە دژی دۆخی سەخت و چارەنووس دەجەنگن، “پیرەمێرد و دەریا”یەكێك لە كارە بەناوبانگەكانییەتی، چیرۆكی پیرەمێردێكی ماسیگرە، كە دوای ٨٤ ڕۆژ بێ ماسی، لە دەریادا یارییەكی سەخت و درێژخایەن دژی ماسییەكی زەبەلاح دەكات. ئەم چیرۆكە دەتوانین بە شێوەیەكی ڕەمزی بیگوازینەوە بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید، كە زۆرجار لە دەرفەتە سەختەكاندا، یاریزانانی، توانیویانە بەرەنگاریی چارەنووس ببنەوە و بە ئیرادەی بەهێز، سەركەوتن بەدەست بهێنن.
هەروەك سانتیاگۆ، كەسی سەرەكیی ڕۆمانەكە، ڕیاڵ مەدرید فێربووە كە “مرۆڤ لەناونابردرێت، بەڵام لە هەندێك هەڵمەتدا شكست دەهێنێت” ئەم فەلسەفەیە لە چەندین یاری مێژووییی یانەكەدا دەردەكەوێت، بەتایبەت لە “ڕیمۆنتاداكان”، كە تێیدا یانەكە لە دۆخی شكستدا، توانیویەتی بگەڕێتەوە و سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
لە “زەنگەكان بۆ كێ لێ دەدرێن” هێمینگوای، چیرۆكی ڕۆبەرت جۆردەن دەگێڕێتەوە، كە بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئامادەیە گیانی خۆی بەخت بكات، بەهەمان شێوە، كولتووری ڕیاڵ مەدرید لەسەر پرەنسیپی خۆبەختكردنی تاك بۆ بەرژەوەندیی گشتی بنیاتنراوە، یاریزانانی ڕیاڵ فێرن كە لەپێناو میراتی یانەكەدا خۆیان بخەنە مەترسییەوە، هەر بۆیە زۆربەی ئەو سەركەوتنانەی بەدەستیان هێناوە، بەرهەمی كۆششی بەكۆمەڵ و یەكگرتوویییە، نەك تاكەكەسی.
3
سانتیاگۆ بێرنابێو، تەنیا شوێنێك نییە بۆ بینینی تۆپی پێ، بەڵكوو پەرستگەیەكە، كە هەزاران لایەنگر لە هەموو جیهانەوە ڕووی تێدەكەن، ئەو گیانەی لەناو ئەم یاریگەیە هەیە، هێزی سەرەكیی یانەكەیە، كە وای كردووە لە دژوارترین دۆخەكاندا، ڕیاڵ مەدرید بۆ گەڕانەوەی بۆ یاری و سەركەوتن، هێزێكی تایبەت بدۆزێتەوە.
كانت لە تیۆریی جوانیناسییدا باوەڕی وایە، كە جوانیی ڕەسەن ئەوەیە نەك تەنیا هەستەكان بجووڵێنێت، بەڵكوو ئەقڵیش بورووژێنێت، لە یاریگەی بێرنابێو، جوانیی یاریی یانەكە، تەنیا لە تەكنیك و لێهاتووییی یاریزانان دەرناكەوێت، بەڵكوو لە فەلسەفە و ستراتیژیی یاریكردنیشدا دەردەكەوێت، كە وا لە بینەر دەكات نەك تەنیا چێژ لە تەماشاكردن وەربگرێت، بەڵكوو بیریش لە چۆنیەتیی یاری، مانای ئازایەتی و شكۆمەندی بكاتەوە.
هەروەها، هێمینگوای بە ستایلی “ئایسبێرگ”ی بەناوبانگە، كە تێیدا نووسەر زۆربەی ڕووداوەكان لە ژێر ڕووی دەق دەشارێتەوە، بە هەمان شێوە، ڕیاڵ مەدرید یانەیەكە، كە زۆر شت لە پشت پەردەوە ئەنجام دەدات، كە بینەر نایبینێت، بەڵام كاریگەریی لەسەر سەركەوتنی یانەكە دەبێت، جا لە ڕاهێنانی بەردەوام و پلاندانانی ستراتیژی بگرە، تا دەگاتە ئەو هەوڵە بێوچانانەی لەپێناو پێشكەوتنی یانەكە دەدرێت.
4
ڕیاڵ مەدرید و مانای بەردەوامی
میراتی یانەكە بە خەڵاتەكان ناپێوردرێت، بەڵكوو بەو بەها جوانانەی؛ لێبڕاویی، ئیرادەی بەهێز و ڕۆحی تێكۆشان، كە نوێنەرایەتیییان دەكات، دەپێوردرێت. ڕیاڵ مەدرید فێرمان دەكات كە شتێك نییە بە ناوی “نەكردن”، بەڵکوو دەكرێت بە باوەڕ و بەردەوامی، هەموو بەربەستەكان ببەزێندرێن.
هێمینگوای لە ڕۆمانی “ماڵاوا چەك” دەنووسێت: “جیهان شوێنێكی جوانە و شایانی ئەوەیە بۆی تێبكۆشیت.” ئەم ڕستەیە بە باشی گوزارشت لە فەلسەفەی ڕیاڵ مەدرید دەكات، كە هەمیشە بۆ جوانتركردنی تۆپیپێ و بەرزڕاگرتنی ئاستی یارییەكە، تێدەكۆشێت.
5
مرۆڤایەتی بەرەو پێشكەوتنێكی بەردەوام مل دەنێت، هەرچەندە لەوانەیە ئەم پڕۆسەیە هێواش و پڕ لە گرفت بێت، ڕیاڵ مەدرید نموونەیەكی زیندووی ئەم ڕامانەیییەیە (ڕامانەیی-تیۆری)، چونكە سەرەڕای هەڵكشان و داكشانی مێژوویی، بەردەوام لە پێشكەوتن و گەشەكردندایە و هەمیشەش لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم، خۆی دەگونجێنێت.
لە كۆتاییدا، ڕیاڵ مەدرید زیاتر لە یانەیەكی وەرزشییە. ئەو، بەشێكە لە میراتی جیهانی، كە هێشتا بەردەوامە لە نووسینی مێژووی خۆی بە ئەفسانەی نوێ و سەركەوتنی گەورەترەوە. سپیپۆشان، وەك ناونیشانەكەیان دەڵێت: “مەلیكی” ناو یارییەكە بوون و بەم شێوەیە بەردەوام دەبن.
ڕیاڵ مەدرید دەتوانێت ببێتە نموونەی ئەو خۆسەریییەی (خودموختارییە) یانەیەك، كە خۆی یاساكانی خۆی دادەڕێژێت و ڕێزیان لێ دەگرێت، نەك لەبەر ترس لە سزا، بەڵكوو لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە بەشێكن لە ناسنامەی یانەكە. هەروەها، ڕیاڵ مەدرید هاوشێوەی قارەمانی ڕۆمانەكان وایە؛ شەكەت بووە، بەڵام نەشكاوە، بریندار بووە؛ بەڵام نەمردووە.
بەم شێوەیە، ڕیاڵ مەدرید لەنێوان فەلسەفەی ئەقڵی كانت و ڕۆمانسییەتی هێمینگوایدا دەژیت، وەك ئەفسانەیەك كە بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین و سەرسووڕماندنی جیهان. لە سپیێتی جلکەكانییەوە تاكوو سپیێتی ڕۆحی یارییەكە، ڕیاڵ مەدرید وانەیەكە لە هونەری ژیان؛ چۆن بەردەوام بین لە هەوڵدان، چۆن بەرەنگاریی چارەنووس ببینەوە و چۆن بە جوانترین شێوە یاری لەو یارییەدا بکەین، كە پێی دەڵێن ژیان.
پەراوێز:
(1)ئەم قسەیەیی كامۆ لەسەر فوتبۆڵ لە كتێبێكی كۆكراوەی وتارەكانی كامۆ بە ناوی “ژیانی درێژخایەن” (The First Man) کە دوای مردنی بڵاوكراوەتەوە، باس كراوە كە تێیدا كامۆ پەیوەندیی خۆی بە وەرزشەوە وەسف دەكات.
(2)ڕەخنە لە عەقڵی پراكتیكی”Critique of Practical Reason) ) و “بنەماكانی میتافیزیكی ئەخلاق” Groundwork of the Metaphysics of Morals))
(3) ئەركی ڕەها” (Categorical Imperative) یەكێكە لە گرنگترین چەمكەكانی فەلسەفەی ئەخلاقی كانت كە بە تایبەت لە كتێبی “بنەماكانی میتافیزیكی ئەخلاق” (Groundwork of the Metaphysics of Morals، ١٧٨٥) باسی كردووە.