سێسار بایێخۆ لە گرنگترین شاعیرانی ئەمریکای لاتین و دنیایە. ساڵی ١٨٩٢ لە پێروو هاتووەتە دنیاوە. خاوەنی پێنج کۆمەڵەشیعرە. ساڵی ١٩٢٣ ڕووی لە تاراوگە کردووە و تا دواساتەکانی تەمەنی لە پاریس ژیاوە.
ڕێسان
ئەو ڕۆژەی من لەدایک بووم
خودا نەخۆش بوو.
هەمووان دەزانن زیندووم،
خراپم،
بەڵام سەبارەت بە سەرماوەزی ئەو بەفرانبارە،
هیچ نازانن.
سا ئەو ڕۆژەی من لەدایک بووم
خودا نەخۆش بوو.
بۆشایییەک
لە هەوای مێتافیزیکیمدایە
کەس دەستی نایگاتێ،
دەیرێکی کپە
لەسەر ئاگر دوا.
سا ئەو ڕۆژەی من لەدایک بووم
خودا نەخۆش بوو.
برالە، گوێ بگرە، گوێ بگرە…
باشە. بەبێ بردنی سەرماوەزەکان،
بەبێ جێهێشتنی بەفرانبارەکان،
هەر ناڕۆم.
سا ئەو ڕۆژەی من لەدایک بووم
خودا نەخۆش بوو.
هەمووان دەزانن زیندووم،
دەیجوومەوە… کەچی نایشزانن
چما لە شیعرمدا دەجیڕێنن،
چما تابووتئاسا بێتام تاریکن،
چما با شینگێڕەکانی ناویان بەر دراون
لە دەست ئەبوولهەولی پرسای بیابان.
هەمووان دەزانن… کەچی نایشزانن
ڕووناکی سیلاوییە،
نسرمی دابەستەیە…
نایشزانن نهێنی ئاوێتە دەبێت،
کۆپارە پڕئاواز و خەمبارەکەی
وەرچەرخانی کەوشەنی کەوشەنەکان
لە دوورەوە ڕادەگەیەنێت.
ئەو ڕۆژەی من لەدایک بووم
خودا نەخۆش بوو،
پیسیش.
شاعیر بۆ دڵدارەکەی
دڵدارەکەم، لەسەر دوو داری چەماوەی ماچم
بەم شەوە خۆتت لە خاچ داوە،
پەژارەکەیشت پێی گوتووم مەسیح گریاوە
و هەینییەکی پیرۆزی زۆر لەو ماچە شیرینتر بەڕێوەیە.
بەم شەوە نامۆیە هێندە چاوت لێم بڕیوە،
مردن خۆشحاڵە و بە ئێسکی سترانی چڕیوە.
بەم شەوی ئەیلوولە
دووەمین هەرەسم و مرۆیانەترین ماچ وەگەڕ خراوە.
دڵدارەکەم، دەمرین پێکەوە، زۆر پێکەوە؛
تاڵییە لەڕادەبەدەرەکەمان کاوەخۆ کزر دەبێتەوە
و لێوی مردوومان بەر نووتەکی دەکەوێتەوە.
چیدی لۆمە لە چاوی پیرۆزتدا ناخوێنمەوە؛
منیش زویرت ناکەمەوە.
هەردووکمان جمکانە
لە گۆڕێکدا خەو دەمانباتەوە.
سەرچاوە:
César Vallejo, Obra poética completa, “Espergesia” (pp. 115–116) y “El poeta a su amada” (p. 58). Traducidos al kurdo por Jiyar Homer.
