ملکەچی و ستەمکاری

(بۆچی خەڵکی خۆبەخشانە دەبنە کۆیلەی ستەمکار؟)

یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە فیکری سیاسی هەمیشە ئاوڕی لێداوەتەوە و خستوویەتیە بەر باس، بریتی بووە لەوەی بۆچی خەڵکانێک بە ڕەزامەندی خۆیان دەچنە ژێر ڕکێفی ستەمکاری و ستەمکارەکانەوە؟ گومانی تێدا نییە، ئەگەر کەمێک چاو بە مێژووی فیکری سیاسیدا بخشێنین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، هەر لە سەردەمی ئەفلاتۆن و ئەرستۆوە تاکو دەگاتە سەردەمی بیرمەندێکی وەک “ئەلێکس تۆکیوڤێڵی”ی فەرەنسی، هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دراوە، بەڵام تاکە بیرمەندێک کە توانیبێتی زۆر بەسادەیی و واقیعییانە، ڕوونترین وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بیرمەندی فەرەنسی (ئیتیان دی لا بۆسیە) بوو، کە لە سەدەی شانزەدا ژیاوە و بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا گەڕاوە.

ڕەنگە ناوی ئەم هزرڤانە فەرەنسییە، بە لای خوێنەرانەوە ناوێکی نامۆ بێت، بەڵام ئەو بابەتەی ئەم  فەیلەسوفە فەرەنسییە دەستی بۆ بردووە و قسەی لەبارەوە کردووە، هەر لە دێرزەمانەوە تاوەکوو هەنووکە جێگەی مشتومڕ و گەنگەشە و تێڕامانی زۆرێک لە توێژەرانی بواری فەلسەفە و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان بووە. لابۆسیە (١٥٣٠ لەدایک بووە) شێوازی دروستبوونی ستەمکاری بەم شێوەیە شرۆڤە دەکات و دەڵێت: (ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک، بە ویستی خۆیان مل بە پاوانخوازی و ستەمکاری نەدەن، هیچ دەسەڵاتێک لە دونیادا ناتوانێت میللەت ڕام بکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و حوکمیان بەسەردا بکات).(١) ئەم ئاکتەی “لابۆسیە” ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە خودی خەڵکی خۆی سەرچاوە و ڕەگی ئەو ستەمکاری و نادادییە پێک دەهێنن، چونکی ئەو هێزەی کە ستەمکار هەیەتی بۆ دامڕکاندنەوە و مۆنۆپۆڵکردنی خەڵکی، هەمان ئەو هێز و ئیلهامەی لە گەلەوە وەرگرتووە، ئەگەر گەل هێز بە دەستەڵات نەدات، ئەوا فەرمانڕەوا چەوا دەتوانێت هێزی خۆی بەکار بێنێت بۆ ڕامکردن و ملکەچپێکردنی ژێردەستەکانی؟! ئەگەر میللەت چاوی بە دەسەڵات نەبەخشایە، ئایا دەسەڵات ئەو هەموو چاوەی لە کوێ بوو، تاکوو چاودێری گەلەکەی پێ بکات، ئەگەر خەڵکی خۆی دەستی پێ نەدات، ئایا ئەو هەموو دەستەی لە کوێ بوو بۆ سەرکوتکردن، ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک خۆیان هاوکاریان نەبن! ئیتر چۆن دەتوانن هاواریان بەسەردا بکەن.

دوای ئەو ڕاستییەی کە سەبارەت بە “کۆیلایەتیی دڵخواز” خرایە ڕوو، دوای ئەوەی زانرا کە دەسەڵات لەسەر سکی خەڵکی دەژێت، دواتریش وەکوو منەت پێیان دەفرۆشێتەوە، هەربۆیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە قووڵەی کە کۆیلەی دڵخواز تێیکەوتووە دەتوانین چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزینەوە بڵێین: ملکەچی  و گوێڕایەڵی و ترس وەلا بنێن و پاڵپشتی لە ستەمکاری مەکەن، بۆ ساتێک بانگەوازی سەربەستی بکەن و ئازادی هەڵبژێرن، چونکی ئازادی مافێکی زگماکی و بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە، تەنها ئازادی دەتوانێت پایەکانی زۆرداری و ستەمکاری هەپرون هەپرون بکات و بەرەو هەژانی ببات.

ئەمەش یەکێک لەو هێزە شاراوەی دەست جڤاکە، کە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە و گرنگ و پڕ سەمەڕ و مفادار بەدوای خۆیدا کەمەندکێش بکات، بێ ئەوەی خوێنڕشتن و کاولکاری و توندوتێژی لێ بکەوێتەوە واتا گەرەترین چەک و کاریگەرترین چەک  کە کۆیلایەتیی دڵخواز دەتوانێت دەستی پێوە بگرێت، تەنها ئەوەیە ئاڵای ئازادی و سەربەستی هەڵبکات، ئەم هەڵکردنی ئاڵایەش بۆ خۆی گەورەترین هێزە، لە دژی کۆیلایەتی، ئیتر ئەوا گەورەترین ئەرکی و بەرپرسیارییەتییە کە بەجێی هێناوە.

“لابۆسیە” چەند فاکتەرێک دیاری دەکات، کە دەسەڵاتی ستەمکار سوودی لێوەردەگرێت بۆ ئەوەی تەواوی کۆمەڵگە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ناچار بە ملکەچپێکردنیان بکات، ئەوانیش: (خوو و دابونەریت و باوەڕی نادروستن)2

گومانی تێدا نییە، کە ئازادی مافێکی شروشتی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام کەمترین تاک هۆشیارییان لە هەمبەر ئەم ئازادییە زگماکیەی خۆیان هەیە، بۆیە هیچ هەوڵ کۆششێکی بۆ ناکەن، پێیان وایە ئەمە دیاری دەسەڵاتە پێیان دەدات، ئەم بەدحاڵیبونە لەم مافە سروشتییە وادەکات هیچی لەبارەوە نەزانن، ئەم بێئاگایییەش وادەکات کۆمەڵگا هەست بکات کۆیلەبوون و ملکەچی حاڵەتێکی بۆماوەیییە، چونکی کاتێک دۆخێکی تایبەتی یان قەیرانێکی سیاسی یا ئەمنی یان ئیقتسادی ڕوو لە وڵات دەکات ئیدی قەیرانەکە جدی بێت یان درووستکراو، ئیدی دەوڵەت بە بیانووی هەبوونی قەیرانەوە جۆرێک لە گۆشەگیری و سیستەمی عورفی دەسەپێنێت، بەمەش ڕێگە لەوە دەگرێت کە تاکەکان داوای مافی سەرەتایی و ئازادییەکان بکەن، ئیدی ستەمکاری وردە وردە جێی خۆی قایم دەکات، تاکوو زیاتر بتوانێت مۆنۆپۆڵی تەواوی بیرە جیاوازەکانی ناو جڤات بکات، هەرچەند لە سەرەتاوە پێڕەوی لەم جۆرە لە ستەمکاری تاڕادەیەک ئەستەمە، بەڵام لە کۆتاییدا ئاسایی دەبێتەوە و  ئامانجی خۆی دەپێکێت، ئەمەش وادەکات ئەمە ببێتە خوو و نەریتێک نەوە لەدوای نەوە بگوازرێتەوە، ئیتر درک بەوە ناکەن کە سەربەستی و ئازادی مافێکی بنەڕەتی خودی تاکەکانە، چونکی ئەوان لە سەردەمی ستەم و زۆرداری گەورە دەبن و خۆیشیان دەبنە خەڵقانێکی کۆیلە و دەستەمۆ، هەربۆیە بارودۆخی ژیانی خۆیان زۆر بە سروشتی دەزانن و کەمترین بیرکردنەوە و تێڕامانیان بۆ مافە مرۆیییەکانی خۆیان نییە.

ڕوونە ئەوانەی کەمێک شارەزایی کەلەپووری سیاسی و یان سەرەدەریان لەگەڵ مێژووی گێتیدا هەبێت، درک بەوە دەکەن کە ملکەچی و ستەمکاری دوانەیەکن لە هەناو و یەک منداڵداندا دروست دەبن، هەرگیز لە یەکتری جوێ ناکرێنەوە و بێیەک نایانکرێت، بۆیە هەرگاڤ ستەمکاری گەیشتبێتە ترۆپک، ئەوا لەگەڵیدا ڕازیبوون بە ملکەچی و بێدەنگی لەگەڵیدا گەشەی کردووە و ئۆکسجینی پێیستی بۆ هەناسەدان لێوە وەرگرتووە، بەروڤاژیش هەرگاڤ تاکەکان بزاوت و بزاڤیان کردبێت و دژی ستەمکاری کارا و ئەکتیڤ بووبێتن، ئەوا لەگەڵیدا کێرڤی ستەمکاری و قۆرخکاری و ستەم ڕووی لەخوار کردووە و تا ڕادەیەکی زۆرباش ئاستی ڕووی لەدابەزین کردووە، بۆیە هەمیشە دەسەڵاتە قورخکارەکانی دونیا زۆر کەیف خۆش و ئاسودەن کاتێک دەبینن ژێردەستەکانیان مت و بێدەنگن، بە پێچەوانەیشەوە هەموو ئەوانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڕژێنە سەرشەقام و ژاوە ژاو دەنێنەوە بە دوژمنی گەورەی ستەمکاری وێنا کراون.

لە هەمان دەمیشدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنگر هەیە، کە دەسەڵاتی ستەمکار لێی بێئاگایە، هەمیشە بێدەنگی ئەو ئۆکسجینە هەمیشەیییە نیە کە ستەمکاری وەک سەرچاوەی ژیان و مانەوەی هەتا هەتایی لێی دەڕوانێت، بۆیە لە هەناوی بێدەنگیدا هێزێکی نووستووی بەزۆر بێدەنگکراو هێزێکی شاراوە لە پشت ئەو بێدەنگییەوە خۆی مەڵاس داوە، هێزێکی کپ و ئامادەباشە لەهەرحاڵەتێکی لەناکاودا، ئەگەری روودان و تەقینێکی گەورەی هەیە، وەک بۆمبێکی چێنرا و دەتەقێتەوەو کە هیچ و هێزو ئیرادەیەک و هیچ بارووت و چەکێک ناتوانێت دایمرکێنێتەوە، بۆیە پچڕانی ئەو پەتی ستەمە ئەگەرێکی حەتمییە و لەهەر ئان و ساتێکدا ئەگەری ڕوودانی هەیە.

کورد بۆچی بە ستەمکاری ڕەزامەند دەبێت؟

ڕوونە له ناو مێژوو و کولتووری کورداندا، لەناو چین و توێژەکاندا، هیچ کۆدەنگی و هاوتەبایییەک، لەنێوانیاندا بەدی ناکرێت ڕێک وەک ئەو پەنده کوردییەی کە دەڵێت: (دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە، بۆئەوەی با نەیبات) هەربۆیە ئێستا بەتەواوەتی لەناو ئەو وردە ناڕەزایەتییانەی کە لێرە و لەوێ چ لەژێر ناوی موچە بێت، یان داوای ئازادییەکان بێت یان داوای خزمەتگوزاری، بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە و بەرجەسته بووە، دوای ئەوەی چێنێک یان توێژێکی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لەبەرانبەر ئەو نادادی و قەیرانە داراییەی کە بەرۆکی هاونشتیمانیانی گرتووەتەوە، دەبینین تەنها چینێک یان فیئەیەک دێنە سەرشەقام یان دەنگ هەڵدەبڕن، بە پێچەوانەوە تەواوی فیئە و توێژەکانی تر پاڵپشتیان ناکەن و هیچ سۆزێکیان بۆیان نییە، نەک هەر پاڵپشتیان نین، بەڵکوو زۆرجار لە ڕێگەی هەندێ دەربڕینی زبر و سواو و بێزارکەرەوە ڕووبەڕیان دەبنەوە وهەوڵی ساردکردنەوەیان دەدەن و زۆرجار بەبێ سوود و بێ قازانج وێنایان دەکەن، ئەم پشتێکردنە هەڵبەت ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە لەناو کورددا، وای کردووە فەرهەنگێکی دەستکورت و هەژارانەی پێبەخشێت، ئەمەش وای کردووە، هەموو ئەو بزاوتە کۆمەڵایەتییانەی کە درووست دەبێت بەبێ ئەنجام کۆتایی بێت، بۆیە هێشتا ڕووحیەتی ئەودی ویستی لە ناو فەرهەنگ و کولتووری کوردیدا نەبووەتە دیاردە، لەبری ئەوە دوورەپەرێزی و خۆویستی جێگەی گرتووەتەوە، ئەم پەرتبوونەی نێو جڤاکی کوردی بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ستەمکاری زیاتر ژێردەستە و کۆمەڵگاکەی بچەوسێنتەوە، ئەوەش وا دەکات لەسەر ئاستی دونیاش پشتوانی بۆ درووست نەبێت، چونکە کەمینەیەک لە نێو کۆمەڵگا بزاوت دەکات باقی ئەوانی دی تەنها تەماشاکەرن، ئەم ڕیتمەش دڵنیایی زیاتر دەداتە ستەمکار کە خۆری ڕیفۆرم و گۆڕانکاری هەرگیز هەڵنەیەت.

لیستی سەرچاوەکان:

(١) ئیتیەن دۆڵا بۆسیە، سیاسەتی ملکەچی، و:علی ئەحمدی، چاپی یەکەم ٢٠١٨

(٢) ستەمکاری، فاروق ڕەفیق، چاپی دووەم ٢٠١٢