جۆلانی و جیهانێکی لەبەریەکهەڵوەشاو

(سەبارەت بە بەربەریزمی نوێی جیهان، چەند سەرنجێک)

١

(ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری دانپێدانراوی سوریایە و جێی متمانەی ئەمریکییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە) ئەمە سەردێڕێکی تابڵێی ترسناک و فریودەرە و زۆرێک لە میدیا عەرەبی و بیانییەکان بە بەردەوامی هەوڵی پەخشکردنی دەدەن لە زاری”تۆم باراک”ەوە، ئەم سەردێڕە با وردتر بهێنینە پێش چاو و زیاتر زوومی بکەین: ئەو پیاوەی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بەشدارییەکی کارای لە داڕشتنی پلانە تیرۆرستییەکانی قاعیدە و داعش و جەبهەتولنوسرە و دواتریش تەحریر شامدا هەبوو لە عێراق و شام؛ ئەو عەقڵە جیهادییەی ناوی لە لیستی تیرۆردا وەک ڕابەرێکی جیهادی گەورە و پیاوکوژێکی مەترسیدار تۆمار کرابوو، ئێستا ئیدی وەک کەسی یەکەم؛ وەک پاڵەوانی گەورەی دوای جەنگ و گەیشتن بە ئازادی؛ وەک ڕابەری شۆڕشگێڕە سورییەکان و سەردەستەی ئازادیخوازان پێشوازی لە جیهان دەکات و شاندی وڵاتان لە هەموو لایەکی دونیاوە، دەستە دەستە دێنە لای و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن و پەیوەندی لەگەڵ دەبەستن!

سەردێڕەکە خۆی گوزارشتە لە ساتێکی مێژووییی یەکلاکەرەوە و شۆکهێن، شۆکهێنە چونکە وێنەکە خۆی زۆر ڕوونتر لەوە پیشانداوین کە ئێمە چاوەڕێ بووین خۆی دەربخات و بیبینین، هەندێک جار ئەم خۆخستنەبەرچاوەی هەقیقەت بەو ڕووتییە پەتییەوە؛ بەو ئێجگار ڕوونییەوە؛ زیاتر لەوەی کە شاراوە بمێنێتەوە، ئێمە فریو دەدات و لەگەڵیشیدا بەر شۆکێکی گەورە دەکەوین. سەردێڕەکە جۆرێک لە خستنەبەرچاوی ئەمەندە نوێ بەرهەم دەهێنێت کە نەتوانین بەو جۆرەی پێویستە لێی تێبگەین و شی بکەینەوە، لەگەڵیشیدا وێنایەکی ڕوونی سیاسیمان پیشان دەدات کە تێیدا هەموو شتەکان ئاسایی دەربکەون و بە بەرچاوماندا تێپەڕ ببن و نەتوانین گرفتە گەورەکە وەک گرفتێکی هەقیقی ببینین.

 ئەلێکساندەر کۆیرێ، بۆ ئەم وێنا ڕوونە سیاسییانە کە باری تێگەیشتن لە ئینسان ئاڵۆز دەکەن، چەندین ڕاڤەی تایبەت و پڕ بەهای پێشکەش کردووین، ئەو لە یەکێک لە وتارە پڕبایەخەکانی خۆیدا دەربارەی درۆ و بەتایبەتتریش درۆی سیاسی، زۆر ورد باسی ئەم جۆرە دەرکەوتنانە؛ باسی ئەم وێنا ڕوونە سیاسییانە دەکات، بەتایبەتی لە پەیوەست بە درۆی سیاسییەوە، وتارەکە کە بە ناونیشانی (تێڕامانەکان لەبارەی درۆوە) نووسراوە و بۆتە پاڵنەری تێگەیشتنە فەلسەفییەکانی چەندین بیریاری مەزنی وەک (هانا ئارێنت و ژاک دێریدا) سەبارەت بە درۆی سیاسی، بێ ئەندازە بۆ تێگەیشتن لە کەسێتیی سیاسییەکان هاریکارێکی باشە. کۆیرێ لەو وتارە گرنگەیدا، ڕاشکاوانە لەسەر ئەم گرفتە ئاڵۆزە دەوەستێت و ڕاڤەکاری زۆر وردی هزرییانەی بۆ دەکات و دەریدەخات کە چۆن سیاسییەکان جاروبار هەقیقەت وەک ئەوەی هەیە دەخەنە ڕوو، بێ هیچ درۆ و ئیزافاتێک، ئەمەش لە پێناوی سەرلێشێواندنی خەڵک و فریودانیاندا. واتا ئەم وێنا ڕوون و سادانەی نێو سیاسەت، کە لە ڕووکەشدا ئاسایی و سادە دەردەکەون، لە پشتیانەوە چەندین ئاماژەی ترسناکی سیاسی و گەمەی تۆقێنەر هەن؛ دونیایەک نیازی خۆمەڵاسدەر و بەلاڕێدابەر هەن و جەماوەر بە پلەی یەک تێیدا بە ئامانج دەگیرێت.

٢

جیهان کاتێک دەیەوێت شەرع وەک ڕابەری سورییەکان بناسێنێت، هەوڵ دەدات بیانوویەکی لۆژیکی بۆ بهێنێتەوە:

(ئەم پیاوە پاڵەوانی دوای جەنگە و دەبێت لەگەڵی دابنیشین) ڕاستە ئەم بیانووە لۆژیکییە، بەڵام بۆ ئەحمەد شەرع نا، بەڵکوو بۆ گیڤارا، بۆ ماندێلا، بۆ غاندی و دەیان ناوی گەورەی شۆڕشگێڕی دی. بە پاڵەوان پیشاندانی ئەحمەد شەرع لە لایەن بەشێک لە وڵاتانی جیهانەوە، هەر بە تەنها پیشاندانی ڕووی قێزەونی سیاسەت نییە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەڵکوو پیشاندانی داڕمانی بەها باڵاکانی نێو مێژووی فیکری سیاسیی مرۆڤایەتیشە، پیشاندانی ئەو وێنا جێگرەوەیەی ئەمڕۆیە بۆ سیاسەت کە زۆر دوورتر لە (ماکیاڤیللی) ڕۆیشتووە و گەیشتۆتە جێیەک شیاوی هیچ جۆرە بەرگری لێکردنێک نەبێت، ئەمە گەر بە دیوێکدا بەو باوەڕە ئەمریکییە تەقلیدییە پۆلیش بکرێت کە پێی وایە لە سیاسەتدا نە دۆستی هەمیشەیی هەیە و نە دوژمنی هەمیشەیی، کە ئەم دێڕەش بۆ خۆی دێڕێکی پڕ کێشەیە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا دەرخەری دابڕینی یەکجارەکیی ئەخلاقە لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهاندا، کە ناتوانێت جێگرەوەی ئەخلاقییانەی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە دژە ئینسانییەکاندا و ناشتوانێت پشتیوانێکی ڕاستەقینەی هێزە ئینسانییەکانی ناوچەکە بێت.

هەرچۆنێک بێت ئێستا ئەحمەد شەرع وەک پاڵەوانی دوای جەنگ خراوەتە ڕوو، لەم خستنەڕووەدا کۆمەڵێک وڵاتی زلهێز و ناوچەیی و کۆمەڵێک میدیای زەبەلاح دەستی باڵایان هەبووە و بۆ جێبەجێکردنی چەند مەرامێکی سیاسیی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا، ئومێدی لەسەر هەڵدەچنن و کار بۆ بە پاڵەوان پیشاندانی دەکەن. ئەوەی ئازاربەخشە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم خستنەڕووەی ئەحمەد شەرعدا وەک پاڵەوانی دوای جەنگ، هەوڵ دەدرێت وەک ئازادیخوازێکی گەورەش پیشانی جیهان بدرێت، میدیای عەرەبی و تورکی و بەشێک لە میدیا بیانییەکانیش، زۆر بە چڕی بۆ تۆخکردنەوەی ئەم وێنا پاڵەوانسازییە لە زیهنی وەرگردا خراونەتە کار. بۆ ئەوەی ئەمەش بکەن، هەستاون بە دابڕکارییەکی سەیر لە نێوان ئەبومحەمەد جۆلانی و ئەحمەد شەرعدا، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەحمەد شەرع لە مێژووەکەی خۆی دابڕێنراوە، واتا چیدی بنەچە دێرینترەکەی ئەم پیاوە و ڕابردووەکەی بە کەڵکی ئەو وێنا پاڵەوانسازییە نایەت کە ئەمڕۆ بۆ ئەحمەد شەرع داڕێژراوە! ئاخر ئەوە دەبێتە کارێکی شێوێنەر تۆ بێیت و لە میدیایەکەوە کە ڕاسپێردراوە بۆ داتاشینی وێنای پاڵەوانێک، نەزانانە بڵێیت: (هۆ خەڵکینە، هەرچەندە ئەحمەد شەرع لە ڕابردوودا، سەرکردەیەکی قاعیدە و داعشی بووە و سەربڕ و خوێنڕێژ بووە، بەڵام ئێستا بۆتە پاڵەوان و ڕزگارکەر و ئازادیخواز و دەبێت خۆشتان بوێت!)

لە وێنا ڕوونە سیاسییە نمایشکراوەکەدا، ئەحمەد شەرع وەک پاڵەوانی جەنگ و ئازادیخوازێک دێتە نێو دیمەشق و کۆتایی بە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری ئەسەد دەهێنێت و بۆ ماوەیەکی کاتی خەڵکی سوریا هەست بە ئازادی دەکەن و تامی ئازادبوون دەچێژن، بەڵام ئەم هەستکردنە ئەوەندەی هەستی دەربازبوونە لە دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر، ئەوەندە هەستکردن نییە بەوەی ئەوەی هاتووە ئازادیخوازە و ئازادی لەگەڵ خۆی بۆ سورییەکان هێناوە، هەروەها دەربڕی هێز و توانای میدیای نوێیە لە دروستکردنی پاڵەوان و شێواندنی هەقیقەتی ڕووداوەکان و لەبیربردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت نەمانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد. خاڵێک کە بۆ سورییەکان گرنگە بیزانن، لِە نێو ئەم کەوانەیە دایدەنێم: (ڕەنگە لە سایەی هێزێکی پەڕگیردا و ناچارانە جاروبار ڕێگە بە بڕێکی دیاریکراو لە ئازادی بدرێت، بەڵام بێ هیچ گومانێک هێزی پەڕگیر و ناتەبا و نامۆ بە ئازادییە فەردییەکانی ئینسان: هێزی دژ بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ژیانکردنی خۆویستانە، هەرگیز ناتوانێت تا کۆتا ڕێگە بە دۆخی جێگیربووی ئازادی بدات)، ئەمە بۆ ئەحمەد شەرع و هێزە جیهادییەکەشی ڕاستە، تەنها لە یەک باردا نەبێت، ئەویش دەستبەرداربوونی ئەحمەد شەرعە لە پرەنسیپە جیهادی و داعشییەکانی خۆی و ڕێگەدانێتی بە دەستەمۆکردنی سوریا وەک وڵاتێکی هاریکار لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها دەربڕینی پاپەندبوونێتی بە مۆدێلی ئیسلامی سعودی/ ئیماراتی لە تایپە بن سەلمانیەکەیدا. پرسیارێک کە لەم دێڕانەوە دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە ئاخۆ جۆلانیی تیرۆرستی دوێنێ و ئەحمەد شەرعی پاڵەوانی ئەمڕۆ دەتوانێت بەم ئاڕاستەیە هەنگاوی بوێرانە بنێت و پشت لەو مێژووە شیرییەی خۆی بکات کە لێیەوە دروست بووە و کاژە کۆنەکەی فڕێ بدات و ببێتە بن سەلمانێکی تر؟ یاخود نەخێر ئەم پیاوە و نەرمی نواندنە کاتییەکانی و هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەری تێکڕا ئاماژەن بۆ هاتنە ئارای جۆرێک لە هاوسەنگی نوێ، کە تێیدا هەم شەریعەت جێگەی بێتەوە بە شێوازە سەلەفیە/ئیخوانییەکەی و هەمیش بەرژەوەندی و ئەجێندای وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕەهەندە ئابووری و سیاسییەکەیەوە تیا پارێزراو بمێنێتەوە و توندڕۆیی و داعشبیری بۆ ناوخۆ و لێکبوردەیی و ئاشتی و دیموکراسی بۆ دەرەوە دەبێتە ناسنامەی سوریاکەی دوای ئەسەد؟! پەلامارە بەردەوامەکانی شەرع بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و هەڵمەتی ڕیشەکێشکردنی دروزەکان و دۆستایەتی و ملکەچیی بەردەوامی ئەم پیاوە بۆ تورکەکان، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵکوژیییە دڕندانەیەی لە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسود) ئەنجامی دا، لەوە ناچێت ڕێگە بۆ هیچ ئومێدهەڵچنینێکی دی بهێڵێتەوە، بەتایبەتی ئەو ئومێدەی کە چاوەڕێیە ئەحمەد شەرع کاژە کۆنەکەی جۆلانی فڕێ بدا و پشت لە ڕەگوڕیشە مێژوویییەکەی خۆی بکات، وەکوو ئەوەی کە ئەمریکییەکان کاری بۆ دەکەن!

        ٣

حەلەب، دووهەمین شاری گەورەی سوریایە، دوو گەڕەکی کوردی لێیە و ساڵانێکە ئاسایشی ناوخۆی کورد خۆی لە هێرشی دڕندانەی سوپای ئەسەد و داعش و هێزه تاریکپەرستەکان پاراستوونی و نەیهێشتووە تامی ژیان لە خەڵکەکەی بسەنرێتەوە، ساڵانێک هەردوو گەڕەک بە دیدگایەکی مرۆییانە دەبران بەڕێوە و خەڵکەکەی لەوپەڕی ئازادی و دەستەبەرکردنی مافە ئینسانییەکانیاندا دەژیان.

 ئەحمەد شەرعی سەرۆک، جۆلانییەکەی پێشووی داعش، دوای بەهێزبوونی، دوای ئەوەی کە زامنی بێدەنگی و پاڵپشتی بەربەریزمیی نوێی جیهانی کرد، بەو دڵپڕییەی خۆیەوە کە بەرامبەر بە دیدگا مرۆیییەکان هەیبوو؛ بە پشتبەستن بە دیدگای توندڕەوانە و مەرگدۆستانەی خۆی و هاوبیرانی؛ پەلاماری ئەو دوو گەڕەکە و خەڵکە ژیاندۆستەکەی دەدات و دەیکات بە دوو کەلاوەی داڕماو، خەڵکەکەی ئاوارە و سەرگەردان دەکات و جەنگاوەرە ئازا و جوامێرەکانی لە شەڕێکی نابەرانبەری دڕندانەدا دەکوژێت.

لەگەڵ ئەم کوشتنەدا، لەگەڵ ئەم وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و بەربەریزمە نوێیەدا، ئێمەش لە تەماشاکارەوە دەکرێین بە شاهید و گەواهیدەر، گەواهیدەری دەرکەوتنی بەربەریزمی نوێی جیهان، گەواهیدەری جیهانێکی لەبەریەکهەڵوەشاو و داڕماو، جیهانێکی بێ بەها و سەرلێشێواو، کە تێیدا بەهاکان و تیۆرییاکانی ئەخلاق و تێڕوانینە ئینسانییەکانیش، یەک یەک بەدووی یەکدیدا  بە ئاسانی ڕووت دەبنەوە و جیهان بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا دەمامکەکەی بەتەواوی فڕێ دەدات و هەقیقەتی خۆی پیشانی هەموومان دەدات.

شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەبوو هەر بکەون و  وەک دوو گەڕەکی گرنگ بچنە نێو مێژووەوە، نەک تەنها لەبەر بەرخۆدان و گیانفیداییان، نەک بەتەنها لەبەر جوانبینی و ژیندۆستییان، نەک لەبەر نابەرانبەری هێز بەتەنها و یەکەمین بەگژاچوونەوەی بەربەریزمی نوێی جیهان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەم کەوتنە پێویستیەکی حەتمی بوو بۆ دەرخستنی ئاماژەی کەوتنی دەمامکی پێشووی جیهان؛ لەگەڵ کەوتنی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، دەمامکەکان، چەمک و گوزارشتە سواوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و زلهێزانی جیهان، بەیەکجاری کەوتن و جیهانێکی نوێ هاتە ئاراوە، جیهانێکی لەبەریەکهەڵوەشاو و بێ بەها، جیهانێک کە کەوتووەتە نێو بێ سەروبەرییەکی کوشندە و مەترسیدارەوە و نغرۆ کراوە لە بەربەریزم!

بوونی ترەمپ لە ئەمریکا و شەرع لە دیمەشق بە سەرۆکی وڵات، لە ڕوویەکەوە دەرخەری وێنای ئەم جیهانە نوێیەیە و لەڕوویەکی ترەوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ شکستی هەموو بانگەشەکانی جیهانی پێشوو، بانگەشەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی و بەها هاوبەش و باڵاکان لە سەردەمی نوێدا، بەتەواوی و بە ئاشکرا گۆڕدرانەتەوە بە پاتاڵییەکی سەیری دونیابینیی سیاسی، کە تەنها پێوەری حوکمدان و داوەریکردن تێیدا، بەستراوەتە هەژموونداری هێز و پارەوە، بەهاکان لەبەردەم ئەم دووەدا چیدی هیچ نرخێکیان نییە و ئەوەی جیهان بەڕێوە دەبات، ئەوەی پێمان دەڵێت هەق لە کوێیە و ناهەق لە کوێ، هاوکێشە قورسەکانی پارە و هێزن، ئەمە جیهانە نوێیەکەیە، ئەمە بەربەریزمی نوێی جیهانە لە خۆرهەڵات، بەخێربێن بۆ ئەو جیهانەی کە ترەمپ دادوەرەکەیەتی و ئەحمەد شەرعی تیا بووە بە سەرۆک، بەخێربێن بۆ جیهانێکی لەبەریەکهەڵوەشاو!